دەربارەی ئێمە

مەوازینی بۆ پێشەوە…

بەسوپاسەوە، ئەگەر بابەتت نارد بۆ بۆپێشەوە، رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارە بکە:

  • بابەتەکانی بۆ پێشەوە جگە لە “گۆشە و تەوەرەی تایبەت” بەگشتی تەعبیر لە خەتی سیاسی و فکری و دنیابینی کۆمۆنیزمی مارکس و کۆمۆنیزمی کرێکاریی دەکات.
  • بۆ پێشەوە، هیچ بابەتێک بڵاوناکاتەوە کە پێشتر لە شوێن و کەناڵی تری میدیای نوسراو و بینراو و بیستراودا… بڵاوبووبێتەوە.
  • سەرنوسەر ئازادە لە قبوڵکردن یان رەتکردنەوەی هەر بابەتێک کە بۆی دێت…لە حاڵەتی بڵاونەکردنەوەی هەر بابەتێکدا، سەرنووسەر هۆکاری بڵاونەبوونەوەکەی بە خاوەنەکەی رادەگەیەنێت.
  • بابەتی بڵاوبوەوە لە بۆپێشەوەدا، ئەوکاتە لەلایەن خاوەنەکەیەوە مافی بلاوبوونەوەی هەیە، کە بۆپیشەوە بڵاوبۆتەوە. راسپاردەی بۆپێشەوەیە، کە خاوەنی بابەتەکە ئاماژە بە ناو و ئەو ژمارەیەی بۆپێشەوە بدات کە بابەتەکەی تیادا بڵاوبۆتەوە.
  • هەڵەبری وتارو بابەتەکان، ئەرکی خاوەنی بابەت و وتارەکانە و سەرنووسەر بەرپرس نییە لە هەڵەی ئیملایی بابەتەکان… بۆیە هەرکەسێک کە بابەت یان وتار بۆبۆپێشەوە دەنێریت، ئەرکیەتی هەم هەڵەبری ئیملایی و هەم رەچاوی رێنوسی زمانی ستانداردی کوردی بکات بۆ ئەوەی دەرفەتی بڵاوبونەوە بۆ وتارەکەی بکاتەوە.
  • ئەولەویەت بۆ بابەتی کورتە…
  • بابەتەکانتان دەبێ بە فۆنتی یونکورد بنووسرێن.  ناو و وێنەی خۆتان و لەگەڵ مێژووی نووسینەکانتان، بنووسن.
  • ئەولەویەت بۆ بابەتی کورتە..
  • سەرنووسەر ئازاد و بەرپرسە لەوەی ستافی جێگیر بۆ گۆڤارەکە، سازبدات.

 

 

بۆ پێشەوە، مینبەرێکی راستگۆ و سازشهەڵنەگر لەپێناو دنیایەکی باشتردا

بۆ پێشەوە، وەکو بڵاوکراوەیەکی سیاسی سۆسیالیستی، هەر ١٥ رۆژ جارێک بڵاو دەبێتەوە. ئەم بڵاوکراوەیە لەراستای ئامادەکردنی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشدا بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆرهێنان بەسەر ئەم دنیا سەروخوارەو بنیات نانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەرابەر و تەسەلدا،   دێتە مەیدان…

بۆپێشەوە بە وێنەی مینبەری رابەرانی کرێکارانی سۆسیالیست، چەپ و کۆمۆنیستەکان، رابەرانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری، ژنانی تورە لە ستەم و بێمافی و پیاوسالاری و هەڵسوراوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، لاوانی هیوا خنکێنراو پڕ ئومێد، زەحمەتکێشان… و هەموو ئەو ئینسانانەی دڵیان، بۆ ئازادی و یەکسانی و دەسەڵاتی پشتبەستوی جەماوەری لێدەدات… دێتە ناو گۆرەپانی میدیایی کۆمەڵگای کوردستانەوە. بۆپێشەوە نەک تەنها وەکو سەکۆیەکی لێبراو سازشهەڵنەگر، لەدژی بیروباوەری زاڵی کۆمەڵگا بە تایبەتی ناسیۆنالیزم و ئیسلامی دەجەنگێت، بەڵکو هاوکات دەچێتە بەرامبەرکێی هەمەلایەنە لەگەڵ ئەفکار و سیاسەت و نەخشەی حزب و بزووتنەوە بۆرژوازیەکانی کوردستان و نووسەران و میدیای گوێ لەمستیان. وە هەوڵی بێدرێغ دەدات کە بیروباوەری زاڵ، کە بیروباوەری چینی دەسەڵاتداری کوردستانە، بەر رەخنە بدات لە جێگایدا روانگەی ئینساندۆستی و ژیان دۆستی و نەخشە و رێگاو مەیدانەکانی تێکۆشان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی شایستەی ئینسانی، بخاتە روو.

بۆ پیشەوە لەگەڵ ئەوەدا لە کەنار رابەرانی کرێکاری و سوسیالیستیدا، لە پێناو باشترکردنی هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی کریکاراندا رادەوەستێت، هاوکاتیش لە راستای بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی خاڵی لەستەم و چەوساندنەوە و هەڵاوارن و بێمافییدا، پەیگیرانە تێدەکۆشیت…

چینی کرێکار و بەرەی یەکسانیخوازی و بەرابەریخوازی و ئینساندۆستی و ئازادیخوازی کوردستان،  بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان…  پێویستی بە بەرامبەرکیی هەمەلایەنەی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە، بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی سیستیماتیک و هەمەلایەنەی بۆرژوازی و بزووتنەوە  هەمەرەنگەکانی بۆ سەرچینی کرێکار و خەڵکی نەدارو رەوایەتی بەخشین بەسیستەمی چەوسێنەرانەی سەمایەداری… بۆپیشەوە چ بە وێنەی بڵاوکراوەیەکی کۆمۆنیستی بەمەبەسستی وەڵامدانەوە بەراگەیاندنی فریوکارانەو پیشەسازی فکر و چ بە مەبەستی ئاسۆدارکردنی خەبات و نارەزایەتی چینی کرێکار و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشەکەوتوانەکان، بە ئاسۆی رزگاری بەخشی کۆمۆنیستیەوە، دێتە مەیدان.  بۆپێشەوە هەوڵدەدات لە هەمان کاتدا ئامرازێکی سازدەری چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش بێت، کۆمەک بکات بە پەرەپێدانی رەوتی رێکخراوبوونی جەماوەری ئەم چینە و بردنەسەری ئاستی تەحەزوبی کۆمۆنیستی کرێکاران و هەڵسوراوانی کۆمۆنیست

بۆ پیشەوە، بەجیا لەوەی دەبێتە سەکۆیەکی راستگۆ و دەنگێکی بوێری بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە رزگاری بەخش و ئینسانیەکان، هاوکات سەکۆیەکی راستەقینەی بەیانی نارەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستانە، بەدژی دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی بۆرژوازی کوردی و حزب و ‌هێزو رەوتەکانیدا. دەنگێک دەبێت بۆ بەرگری لەخواست و مافەکانی سەرجەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی، وەک و  کرێکاران و ژنان و لاوان و سەرجەم توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگەی کوردستان.

بۆپێشەوە، سەکۆو دەنگێکی سازش هەڵنەگرە، بەرامبەر بە کۆنەپەرستی ئیسلامی و کەلتوری کۆنەپەرستانەی پیاوسالاری و ناموس پەرستی…

بۆپێشەوە، پەرەدان بە بیروباوەری مارکسیستی و کۆمۆنیستی، وەکو رەخنەی لێبراو سازشهەلنەگر لە نیزامی سەرمایەداری و گشت و ستەم و نابەرابەریەکانی، بە ئەرکی سەرەکی خۆی دەزانێت…

بێگومان دەرچوونی بڵاوکراوەیەکی وەکو بۆپیشەوە، لە هەلومەرجی ئێستای کوردستاندا، لە کاتێکدا بۆرژوازی و حزب و هێزەکانی بە ناوی جیاجایی حزبی و ناحزبی، سەربەخۆ و سێبەر و ئەهلی، پاوانی سەرجەم میدیای نوسراو بینراو بیستراو، سەرجەم ناوەندەکان و کایەکانی میدیاییان بەهۆی سەرەوت و سامان و دەسەڵاتەکەیانەوە، کردووە،  تا ئیدەو بیروباوەری دواکەوتوانەو دژی ئینسانی بڵاوبکەنەوە. تا سەرەوخواربوونی کۆمەڵگا، بشارنەوە. تا لەچوارچیوەی پاراستنی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردا، بانگەشەی دەسەڵاتی خەڵک و ئازادی و چاکسازی و دیموکراسی و وەهمی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و دابینکردنی ئازادییە سیاسی و مافەفەردی و مەدەنیەکان و ئایندەی سیاسی کورستان لە ژیڕ سایەیاندا، بانگەواز بکەن، وەکو ئاو بۆ تینوەکان و نان بۆ برسیەکان، ماف بۆ بێمافەکانن، ئازادی بۆ سەرکوتکراوەکان، سەربەخۆیی بۆ لکێنراو و داگیرکراوەکان… گرنکی چینایەتی، هەیە.

بۆپیشەوە، بەدژی سات و سەوداو خۆشخزمەتی و خۆگرێدانەوەی حزب و ‌هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و رەوتگەلی کۆنەپەرستی ئیسلامی، بە وڵاتانی زڵهیزو قوتبە ناوچەییەکانی و ‌هیزە محەلیەکان… رادەوەستێت و ماهیەتی ئەو پاشکۆیەتی و خۆشخزمەتیە بە خەڵکی کوردستان و رای گشتی دەگەیەنێت.

بۆ پێشەوە، وەکو دەنگ و سەکۆی حەقیقەت و ئینسانیەت، بۆ بەرگری لە ماف و حورمەتی ئینسانی، بۆ ئازادی و خۆشبەختی ئینسانەکان بێگوێدانە ناسنامەی دینی و مەزهەبی، قەومی و ئیتنیکی، رەگەزو جنس و رەنگی پیشت… دەنگێکی رەسا دەبێت.

لە چەند دێردا… بۆپیشەوە، بەوێنەی زمانی تیژ و پاراو و سازشهەڵنەگری کۆمۆنیستی، بە وێنەی سەکۆی نارەزایەتی سۆسیالیستی و پێشكەوتنخوازی، وەکو مینبەری رۆشنکەرەوەی رەوتی خەباتی رەوای چینی کرێکارو بزوتنەوە رادیکاڵ و ئینسانیەکان، رۆڵی خۆ دەگێریت. بۆ ئەوەی بۆپێشەوە لە راستای جێبەجێکردنی ئەو ئەرک وپەیامە، گەورەو ئینسانیەدا، سەرکەوتوبێت… پێویستی بە هاوکاری بەردەوامی کۆمۆنیستەکان و تەواوی بەرەی چەپ و پێشکەوتنخوازو ئازادیخوازی کۆمەڵگا هەیە. چاوەروانی سەخاوەتمەندانە لە کۆمۆنیستەکان و رابەرانی کریکاریی و لە هەڵسوراوانی بزوتنەوە نارەزایەتیە کۆمەڵایەتیەکان، لە هەموو ئازادیخوازێکە لە بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەم پرۆژەیدا، هاوکار و لەگەڵمان بن…

بۆپێشەوە