دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ نووسەر خەبات عەبدوڵڵا، سەبارەت بە دۆخی سیاسی ئێستای کوردستان و پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت” خەبات عەبدوڵڵا: قسەکردن له گۆڕانکاریی گونجاو و ڕیشەیی لە هەرێمی کوردستان هه‌روه‌کو چۆن قسه‌کردنه له گۆڕینی ئەم مۆدێلەی سیاسەت و حوکمڕانی، به‌هه‌مان شێوه قسه‌کردنه له دانانی سنوورێک بۆ دەسەڵاتی مەترسیداری ئه‌م نه‌وه سیاسییه بێ سەوادەی کوردەواری…
بۆ پێشەوە: سەرەتا دەمانەوێت بپرسین، چۆن دەڕواننە ئەزموونی ڕۆژئاوا و مەسەلەی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەو تێکەڵبوونەوەیان لەگەڵ رژێمی نوێی سوریا؟ ئایا ئەمە چارەسەرێکی ناچاری بوو، یان بژاردەیەکی عەقڵانی؟
خەبات عەبدوڵڵا: بۆ وەڵامی پرسیارێکی لەم جۆرە لە میانەی چەند خاڵێکەوە و زۆر بە خێرایی لەو گرێ و بنبەستە سیاسییە دەکۆڵینەوە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و پێشتریش پارتیا یەکێتیا دیموکرات (پەیەدە) هەر لە سەرەتاوە هەڵگری بوون .
یەکەم: “بەهاری عەرەبی” هەروەکو چۆن دەرفەتێک بوو بۆ گەلانی عەرەبی دوای ساڵانێکی زۆر دژ بە دەسەڵاتە ستەمکارەکانی خۆیان ڕابپەڕن، بۆ گەلانی دیکەی ناعەرەب و ئایین و ئایینزا نائیسلامییەکانیش دەرفەتێک بوو بۆ خۆڕاپسکاندن. کورد لە سووریا یەکێک بوو لەو نەتەوە ستەمدیدانەی کە دوو جار تووشی چەوسانەوە ببوو؛ جارێک وەکو باقی دانیشتوانی سووریا و جارێکی تریش وەکو نەتەوەیەکی بێ شوناس.
دووەم: ئەگەرچی دامەزراندنی پارتیا یەکێتیا دیموکرات (پەیەدە) دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٣، بەڵام گەشەکردن و ناسینی دەرئەنجامی ئەو دیاردەیە بوو کە لە فەرهەنگی میدیایی و ڕۆژنامەوانیدا بە بەهاری عەرەبی ناسراوە. پەیەدە بە هەمان شێوەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە ڕۆژهەڵات و تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان (تەڤگەر) لە باشوور بەشێکە لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و ڕیشەی ئایدۆلۆژیی پەیەدە وەکو پژاک و تەڤگەر ئاپۆچێتییە. پەکەکە (بە هەمان شێوەی پارتی دیموکراتی کوردستان) ئەو مافەی داوە بە خۆی کە سەرەڕای باکوور لە پارچەکانی تری کوردستانیش، حیزب و ڕێکخراوی جیا جیا بۆ خۆی دابمەزرێنێت. نەک هەر ئەوە، بەڵکو لای ئەندام و لایەنگرانیان ئەوەی چەسپاندووە کە سەرۆکەکەیان ڕابەر و پێشەوای هەموو کوردە. بۆیە سیاسەتی پەیەدە و پاشانیش هەسەدە لەژێر سەرکردایەتیی پەکەکەدا بەڕێوە دەچوون.
سێیەم: سەرەڕای ئەو قارەمانێتی و گیانفیداییەی ژنان و پیاوانی کورد لە ڕۆژئاوا دژ بە تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) نواندیان و سەرەڕای ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییەی لە هەسەدە دەکرا، بەڵام زۆرینەی حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکانی سووریا و هەروەها باڵە جیاجیاکانی ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی سووریا بە چاوی نەیار لە هەسەدەیان دەڕوانی.
چوارەم: هەژموونی ڕوونی پەکەکە بەسەر پەیەدە و هەسەدەوە وایکرد هەر لە سەرەتاوە تورکیا وەکو هێزێکی ناوچەیی کاریگەر لە خۆیان هان بدەن و لەڕێی هێرشی سەربازی و نانەوەی پشێوی و خافڵکوژییەوە، هەوڵی لەناوبردنیان بدات.
پێنجەم: یه‌کێک له لایه‌نه تاریک و ترسناکه‌کانی شۆڕشه‌کانی “به‌هاری عه‌ره‌بی”، چاونووقاندن و خۆدزینه‌وه بووە له باسی مافی نه‌ته‌وه و گروپه ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌کانی ئه‌و وڵاتانه. ئه‌م دیده پان عه‌ره‌بی/ئیسلامییه هه‌روه‌کو چۆن جیهانبینیی رژێمه ستەمکارەکانی عه‌ره‌به، خوویه‌کی ناشرین و ده‌ردێکی پیس و توولانیی ئۆپۆزسیۆنه قه‌ومی و ئیسلامییه‌کانیشە. ئەوە قسە هەڵناگرێت ڕژێمی نوێی سوریا لە بەعس مەترسیدارترە، ڕاستییەکەی کورد و گەلانی سووریا لە ئێستادا ڕووبەڕوو لەگەڵ ڕژێمێکی فاشیی ئیسلامی‌دا دەرگیرن و لە هەمووشی مەترسیدار ئەوەیە کە ڕژێمەکە پشتیوانییەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی بێ وێنەی هەیە.
شەشەم: ئەگەر لایەنە گەش و ڕۆشنەکانی ئەزموونی هەسەدە لە دامەزراندنی ئیدارەی خۆسەر پاراستن و بەڕێوەبردنی ناوچەیەکی فرە ئیتنی و ئایینی لە ناوچەیەکی گڕگرتووی سووتاوی دەستی جەنگ و هەروەها دەستەبەرکردنی هاوبەشێتی لە دەسەڵات و سامان بۆ دانیشتوانی ڕۆژئاوا و ناوچە گرێدراوەکانی دیکەی سووریا بە خۆسەر و بەشداریپێکردنی دیاری ژنان بێت لە بەڕێوەبردن و دەستەبەرکردنی مافەکانیان، ئەوا بێگومان پێویستە ئاماژە بۆ ئەوەش بکرێت کە هەسەدە لە دەرەوەی ستراتیژێکی ڕوون و بەپشتبەستنی بێ قەیدوشەرت بە هێزی هاوپەیمانان و خۆبەستنەوەی بە ڕستێک دروشمی پفدراوی بانواقعی و فراوانکردنی قەڵەمڕۆی دەسەڵاتەکەی بۆ ناوچە عەرەبییەکان لە ڕەقە و دێرئەلزوور و زۆر هۆکاری تر، ئەو لایەنە نەرێنیانەن کە ڕاستەوخۆ پاش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، هەسەدە و ئەزموونی ئیدارەی خۆسەری ڕووبەڕووی بنەستێکی سیاسیی قووڵ کردەوە. بنبەستێک کە ناچار بە قبوڵکردنی چەند مافێکی کولتووری بکات کە دەکرا پێشتر لە سەردەمی ئەسەد یان لە دەمی پاش ڕووخانی ئەسەددا، زۆرتری بەدەست هێنابا. بۆیە بژاردەی خۆهەڵوەشاندنەوە و قایل‌بوون بە کەم، بژاردەیەکی ناچاری بوو نەک عەقڵانی.
بۆ پێشەوە: “ڕێکەوتنی ئاشتی”ی نێوان پەکەکەو دەوڵەتی تورکیا لە چ سیاقێکدایە؟ چ کاریگەرییەکی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەو تیکەڵبوونەوەی لەگەڵ حکومەتی سوریا هەبوو؟ ئایا تیکەڵبوونەوەی هەسەدە لەگەڵ حکومەتی سوریا، بە مانای چارەسەری کیشەی کورد دێت لە سوریا؟
خەبات عەبدوڵڵا: ئه‌و سیستمه سیاسییەی كه سەدو سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌تاتورك له‌سه‌ر داروپه‌ردووی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی بینای كرد، تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ سیستمێكی ناڕۆشن و هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی توولانی و چاره نه‌كراوه كه پێوه‌ندییان به ئیده‌نتیتێت و شوناس و جیهانبینیی سیاسیی توركییه‌وه هه‌یه. هه‌ر بۆ نموونه له كاتێكدا سیستمی سیاسیی تورکیا زۆرتر لە سەد ساڵه له هه‌وڵی خۆداماڵین له خۆرهه‌ڵات و ڕاكردنیه‌تی به‌ره‌و خۆرئاوا، كه‌چی گه‌لانی توركیا یادگە و خه‌یاڵدانێكی ئیسلامی و خۆرهه‌ڵاتیان هه‌یه. توركیا ئه‌ندامی ناتۆ و دۆستی ئیسرائیله، كه‌چی ئه‌ندامی كۆنگره‌ی وڵاتانی ئیسلامی و لە ئێستادا سەرکردایەتی ئیخوان موسلمین دەکات.
دیموكراسی توركی – ئه‌مڕۆشی له‌سه‌ر بێت- ئاماده نییه دان به‌وه‌دا بنێت له ده‌ره‌وه‌ی تورك، گه‌لانی تر نیشته‌جێی توركیان، كه‌چی له‌سه‌ر كه‌مایه‌تیه به‌ڕه‌گه‌ز توركه‌كانی بولگاریا و قوبرس و عێراق، ئاماده‌ی له‌شكركێشیه. له هه‌مووشی ترسناکتر ئەو فۆبیایە کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە تورکەکان به‌رامبه‌ر به كورد، نەک هەر لە تورکیا، بەڵکو بەرامبەر بە کورد وەکو نەتەوەیەکی جیا لە تورک پێوەی دەناڵێنن. ئه‌م فۆبیایە وای له نووسه‌ری كورد محه‌مه‌د ئۆزۆن كرد بڵێت: “بناغه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی تورك له‌سه‌ر دژایه‌تیكردنی كورد دامه‌زراوه”.
ڕاستیه‌كه‌ی بێ تێگه‌یشتن له دەوڵەتی قووڵ ناتوانین نه سیستمی سیاسی توركی بخوێنینه‌وه، نه ناوه‌نده‌كانی بڕیاردان و سه‌رچاوه‌كانی هه‌ڕه‌شه بناسین. ئه‌وه قسه‌ی پێناوێت، له‌پشتی دیموكراسیی توركییەوە هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتێكی فاشی خۆی مات داوه كه خۆی لە دەوڵەتی قووڵ و واوەتریش لە ڕۆڵی سوپادا ده‌بینێته‌وه. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته زۆربه‌ی جار دیموكراسی كردۆته ئه‌و كۆمیدیایه‌ی كه هێنده‌ی ڕووکەشێک بێت هێنده کو‌لتوور نه‌بێت. لێره‌شه‌وه، بۆ هه‌ر لایه‌نێك كه هه‌وڵی ناسین و كه‌شفكردنی ناوه‌نده‌كانی بڕیاردان و سه‌رچاوه‌كانی هه‌ڕه‌شه‌كردنی توركیا بدات گرنگه ڕۆڵی دەوڵەتی قووڵ و سوپا له ئێستا و هەروەها بۆ ئایینده نادیدە نەکات.
لە هەمان سۆنگەوە ئەوەی کورد ناوی ناوە پڕۆسەی ئاشتی و ئەوەش کە تورکیا پێی دەڵێت تورکیای بێ تێرۆر، پڕۆژە و خوێندنەوە و ترسی دەوڵەتی قووڵە بەرامبەر بە داهاتووی تورکیا پاش ئەو جەنگەی لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ەوە ناوچەکەی گرتۆتەوە، بەتایبەتیش ترسی ئەوەی کە کورد لە ڕۆژئاوا ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ و پاشان کورد لە تورکیا وەکو گەورەترین دەستەبەشی کورد و دووەم نەتەوەی گەورە لە تورکیا هەمان ڕێباز بگرنە بەر. بێگومان ئەوە ڕوونە کە تورکیا چی دەوێت، بەڵام ئەوەی ڕوون نییە هەنگاو و ئەو دروشمانەیە کە ئۆجەلان ناوبەناو بانگەشەی بۆ دەکات. تورکیا نایشارێتەوە وەکو دۆسیەیەکی ئەمنی و تێرۆر نەک وەکو مافی گەلێکی کۆڵۆنیکراو، لەڕێی داودەزگەی ئەمنی و سەربازییەوە نەک لەمیانەی گفتوگۆ و دانوستانەوە کار لەسەر پاکتاوکردنی دۆزی کورد نەک هەر لە باکوور و ڕۆژئاوا، بەڵکو لە باشوور و ڕۆژهەڵاتیش دەکات. ڕاستیەکەی پاش نزیکەی سی ساڵ زیندانیکردنی سەرۆکەکەیان، نەدەبوو سەرکردایەتیی پەکەکە لەڕێی ئۆجەلانەوە داخڵی هیچ پڕۆسەیەک ببن. بەتایبەتیش کە پەکەکە لە چەند ساڵی پێشوودا و لەژێر کاریگەریی بۆچوونەکانی ناوبراودا چەندین جار دروشم و ئامانجەکانی خۆی گۆڕی و بەمەش پێش هەر لایەنێکی تر، ئەندامان و کادرانی خۆیان تووشی تێڕامان و سەرلێشێوان کردەوە. دەمێک وەکو جوڵانەوەیەکی کوردستانی بە باوەڕی سۆشیالیستی، دەمێکی دی وەکو جوڵانەوەیەک کە کاری بۆ کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیی نێوان گەلان دەکرد و ئنجا وەکو جوڵانەوەیەکی نیۆئەنارشیستی و ئێستاش لە میانەی ئەوەی پێی دەڵێن “ئینتیگراسیۆنی دیموکراتی”.
ئینتیگراسیۆن کە بە مانای (اندماج/تکامل)ی عەرەبی و بە کوردی مانای خۆگونجاندن، تێکەڵبوون، ئاوێتەبوون و زۆر جاریش و لە هەندێک بەستێندا بە مانای توانەوە دێت، چەمکێکی تەمومژاوییە و ناکرێت دۆزی ڕەوای نەتەوەیەکی گەورە و کۆڵۆنیکراوی وەکو کورد هەروا لە خۆڕا و لەڕێی دروشمێکی لاستیکیی وەکو “ئینتیگراسیۆن”ەوە ڕادەستی نادیار بکرێت.
ڕاستییەکەی ئەوەی لە ڕۆژئاوا و لەسەر دەستی هەسەدە ڕووی دا و ئێستاش لە شەنگال دووبارە بووەوە، کارکردنە بە هەمان میتۆد و دەستبەرداربوونە لە مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوەیەک بەمەبەستی تێکەڵبوون و توانەوە لە ناو سیستمە فاشییەکانی ناوچەکەدا بێ بوونی هیچ گەرەنتی و پێشمەرجێک.
بۆ پێشەوە: با بێینە سەر دۆخی هەرێمی کوردستان، نزیکەی دووساڵە پەرلەمان نییە، حکومەت کار بەڕێکەرە، کەچی هیچ ئاڵوگۆرێکی بەرجەستە بەسەر هەرێمی کوردستاندا نەهاتووە، ئەوە بۆچی دەگەڕێتەوە، ئایا حکومەت و پەرلەمان هەبن یان نەبن، هیچ ناگۆڕێت؟ بە راستی وەکو دەوتریت حکومەت و پەرلەمان بەمانای وشە، کارتۆنین؟
خەبات عەبدوڵڵا: سیوپێنج ساڵە هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن دوو هێزه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت. ئه‌و سیستمه سیاسی و مۆدێلی ده‌وڵه‌تدارییه‌ی له ئه‌نجامی ئه‌م به‌ڕێوه‌بردنه‌وه فراژی بووه، له هیچ کام له‌و مۆدێل و سیستمه سیاسییانه ناچێت که ئه‌مڕۆ له دنیادا باون.
له‌پاش ڕووخانی فاشیزمی به‌عسی و به‌تایبه‌تیش پاش دابارینی پاره‌ی نه‌وت به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا، سیستمی ده‌سه‌ڵات لە هەرێم زۆرتر لە تێكه‌ڵه‌یه‌ك دەچێت لە سیستمی كۆماری مۆز Banana Republic و سیستمی ده‌وڵه‌تی کرێخۆری یان موڵكانه‌ستێن Rentier State .
له غیابی داوده‌زگەی دیموكراسیدا ئەم جۆرە سیستمە بەتایبەتیش ئەوانەیان کە بە سیستمە موڵکانەستێنەکان ناسراون، كه‌مینه‌یه‌كی ئۆلیگارشی‌ی ده‌وڵه‌تمەدار دروست ده‌كات کە پاشان ده‌بنه خێڵێكی سیاسی و وردە وردە ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگه داگیر ده‌كه‌ن. ئه‌م سیستمه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان سیستمێكی هیراركی و خێڵه‌كی داده‌مه‌زرێنێته‌وه كه له بریتی نه‌ته‌وه، ئینتیمای هاووڵاتی بۆ نوخبه و تاکەکەس ده‌بێت و له بریتی نیشتیمانیش، بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تیه‌كانی. پێوه‌ندیی هاووڵاتی به نیشتیمانه‌وه له‌م جۆره سیستمانه‌دا، پێوه‌ندییه‌كی ماڵیی ڕووتی نێوان هاووڵاتی و نوخبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه. لە هەمان سۆنگەوە هاووڵاتیان هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌موو ببنه به‌شێك له حكومه‌ت/حیزب، چونكه حكومه‌ت/حیزب له‌م سیستمانه‌دا بۆ خۆیان ده‌بنه كۆمپانیایەکی گەورە. بۆیه هه‌ر چوونه ده‌ره‌وه‌یه‌ك به ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه، هاووڵاتی ڕووبه‌ڕووی سزا و هه‌ڕه‌شه‌ی نانبڕین و له‌ده‌ستدانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌كاته‌وه. ئه‌ڵبه‌ته هه‌ر ئه‌مه‌شه نهێنیی نه‌بوونی ئۆپۆزسیۆنی كارا و دواجار نەبوونی یاخیبوون و بەرپاکردنی شۆڕش دژ به‌م سیستمانه.
پاش زیاتر لە سی ساڵ، دیموکراسیی کوردی تا دێت لە هەندێک ڕووەوە دەچێتەوە سەر مۆدێلی دیموكراسیی ڕووسی، ئه‌و مۆدێلەی ڤلادیمێر پووتین له‌م ساڵانه‌ی دواییدا بووە سەرمەشقی و حاڵی حازر وه‌كو قه‌یسه‌رێكی سته‌مكار تا دێت ته‌نگ به كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیی ڕووسی هه‌ڵده‌چنێت. دیموکراسیی ڕووسی کە تیۆرێسێنەکانی لایەنگری پووتین بە “دیموکراسیی دەسەڵاتی باڵا” ناوی دەبەن، ساڵانێکە و بەتایبەتیش پاش زەلیلکردنی ئۆپۆزسیۆن و پاوان‌کردنی دەسەڵاتی سیاسی تەنها لەلایەن یەک حیزب (ئەدینیا ڕووسیا) و یەک کەسەوە (ڤلادیمێر پووتین)، بووە گەمەیەک کە سەرەڕای هەڵبژاردنی بەردەوام، ڕێگە بە هیچ دەستاودەستکردنێکی دەسەڵات نادات.
ئامانجەکانی “دیموکراسیی دەسەڵاتی باڵا” هەروەکو میخائیل کاسیانۆڤ دەڵێت: “چڕبوونەوە و کۆنترۆڵکردن و خۆبەخاوەنزانینی دەسەڵاتی سیاسییە بە هەر نرخێک بێت”. لێکەوتەکانی ئەم دۆکترینە مەترسیدارەش هەروەکو ناوبراو دەڵێت: “پایەدارکردنی پۆپۆلیزم و بێ بەهاکردنی یەکبینەی دامەزراوە گشتی و تایبەتەکان و دوورکەوتنەوەیە لە بنەماکانی یاسا و دیموکراسی”.
دیموكراسیی کوردی بە هەمان شێوەی هاوتا ڕووسییەکەی، هیچ نییه جگه له هێشتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و گه‌مه‌ی سیاسی ته‌نها له ده‌ستی یه‌ك نوخبەی سیاسی‌دا. بێگومان ئەمەش لە بەشێکی گەورەیدا پێوەندی بەو گۆڕانە دراماتیکییەوە هەیە کە لەم ساڵانەی دواییدا و لە سایەی نەوتی ڕژاو و پاشان گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن نەوەی دووەم و سێیەمی سیاسییەکانەوە، بەسەر حیزبی چەکداری کوردی‌دا هات. لە جیاتی حیزب، ئێستا ئێمە ڕووبەڕوو لەگەڵ دەرەبەگایەتییەکی چەکداردا دەرگیرین. دەرەبەگایەتییەک کە تا دێت ڕووبەرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تەسکتر و برەو بە بووژانەوەی ناوچەگەرێتی و سەلەفییەتی ئایینی دەدات. له هه‌مووشی ترسناكتر و بەپێچەوانەی سیستمە دیموکراسییەکانەوە، ئه‌م مۆدێله‌ی حوكمڕانی پێویستی به شه‌رعیه‌تپێدان نەماوە، لەبەرئەوەی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ هێزی چەکدار و داودەزگەی ئەمنیی جیاجیا و پۆلیس و میلیشیای هه‌واداری خۆی له ده‌وره. له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌كیش و لە میانەی جێبەجێکردنی ئەجێندای داگیرکەرانی کوردستان و گەندەڵیی سیستماتیکەوە، ژمارەیەکی زۆر كۆمپانیا و هێزه ده‌ره‌كییه‌كان پشتیوانی لێ دەكه‌ن.
بۆ پیشەوە: دەسەڵات لە هەرێمدا دەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەیی پشتبەستوو بە چەکە، دەکرێت دەسەڵاتێکی ئاوا حکومەت و پەرلەمانێکی ئاسایی و یاسایی پێک بهێنن؟ یان ئەم فۆرم و ئەلگۆیەی دەسەڵات خۆی کۆسپی بەردەم پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمانن؟
خەبات عەبدوڵڵا: سیستمی سیاسی ئێمه تاكو ئێستا به عه‌قڵیه‌تی (حیزبی قائید) كار ده‌كات، حیزبی قائید كه به‌گوێره‌ی تیۆری سیستمه حیزبییه‌كان چه‌مكێكی جیاوازتره له سیستمی تاكحیزبیی (بۆ نموونه سیستمی حیزبیی جارانی سۆڤیه‌ت و وڵاتانی بلۆكی سۆشیالیستیی جاران). حیزبی قائید ڕێگه له بوونی حیزبی تر ناگرێت به‌و مه‌رجه‌ی دان به ڕۆڵی مێژوویی ئه‌مدا (زۆرترین شه‌هید، زۆرترین هێزی چه‌كدار،…)دا بنێن و هه‌وڵی كێبڕكێكردنی له‌گه‌ڵدا نه‌ده‌ن و بیریان بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌چێت. حیزبی قائید کە داهێنانی بەعسییەکانە لە شەستەکانی سەدەی پێشوو، خۆی بڕیار ده‌دات پێویسته كام حیزب هه‌بێت و كامه‌شیان یاساغ بێت. له خۆڕا نییه له‌پاش ڕاپه‌ڕینه‌وه پڕۆسه‌یه‌كی بەردەوامی ئینتیحاری حیزبه جیاجیاكان و له‌هه‌مان كاتیش‌دا دیارده‌ی هه‌ڵتۆقینی حیزبی جیاجیا لە کوردستان دەبینرێت.
به‌كورتی حیزبی قائید خۆی “پێشڕه‌وی گه‌ل” و داڕێژه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ته و كایه‌كانی كۆمه‌ڵگه له ڕوانگه‌ی جیهانبینی ئه‌مه‌وه ڕه‌نگرێژ ده‌كرێن. ئەم مۆدێلەی حیزب هەر بە تەنها مافی سەرکردایەتیکردنی کۆمەڵگە بە خۆی نادات، بەڵکو دواجار کۆمەڵگە داگیر دەکات.
ڕاستییەکەی هیچ ده‌مێك هێنده‌ی ئێستا مه‌ترسی لەسەر کۆمەڵگەی مەدەنی و ناشرینکردنی کایەی سیاسەت لە کوردستاندا مه‌ترسییه‌كی جدی نه‌بووه. ئاخر تا دێت پیادەکردنی سیاسەت وەکو چالاکییەکی ڕۆژانەی هاووڵاتیان، لە چەند ئەکتێکی ئەم یان ئەو کاراکتەری سەر بە چەند خێزانێکی سیاسی‌دا کورت کراوەتەوە. ئەوەی یارمەتی ئەم قۆرخکردن و ناشرینکردنەی کایەکەشی داوە ئەو سیستمە حیزبییەیە کە لەڕێی شەرعییەتی شۆڕشگێڕانەوە و بە چاولێکەری لە ڕژێمە ستەمکارەکانی ناوچەکە، دەستی بەسەر زۆربه‌ی توانا مرۆییه‌كان و داهات و ئامڕازه‌كانی ڕاگه‌یاندن و چەک و سامانی هەرێمی کوردستاندا گرتووە. یه‌كێتی و پارتی هەروەکو پێشانیش ئاماژەمان پێ دا، هه‌ر یه‌كه‌یان به‌جیا و هه‌ردووكیشیان پێكه‌وه بوونەتە دوو دەرەبەگایەتیی چەکدار.
بۆ پێشەوە: کشانەوەی هیزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان، چ کاریگەرییەک لەسەر دۆخی عێراق و بەتایبەتی کوردستان دەبێت؟ زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حکومی باسی مەترسی لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێم دەکەن، ئایا بە کردەوە مەترسییەک لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێم هەیە، یان ئەوەی دەوترێت مەترسیە لەسەر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی؟
حاڵی حازر کوردستان (مەبەست لە هەموو پارچەکانی کوردستانە) بە هەمان شێوەی پێش دروستکردنی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا، کەوتۆتە نێوان بەرداشی دوو دەسەڵاتی ئایینیی شیعە (ئێران و عێراق) و سوننە (تورکیا و سووریا) و کۆمەڵێک هێزی نەتەوەیی فاشیستی ناوچەکەوە. بە هەمان شێوەی ململانێ خوێناوییەکانی سەدەکانی پێشووی نێوان هەردوو ئیمپراتۆرێتی عوسمانی و سەفەوی، کوردستان نەک هەر بووەتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێکانی نێوان داگیرکەرانی کوردستان، بەڵکو بووەتە مەیدانی ململانێی نێوان هێزە نێودەوڵەتییەکانیش. لە هەمان سۆنگەوە هەمیشە مەترسی لەسەر هەرێم و خەڵکەکەی هەیە، بەتایبەتیش کە زۆرینەی گەلانی ئێستای ناوچەکە لەژێر کاریگەریی هەژموونی نەتەوەیی و ئایینی‌دا وەکو غەیرەدین و نۆکەری بێگانە تەماشای کورد دەکەن و وەکو ئەسپی تەڕوادە لێی دەڕوانن کە هەر دەرفەتێک هەڵ بکەوێت دەوڵەتانی ناوچەکە پارچە پارچە دەکات. ڕاستییەکەی هیچ دەمێک هێندەی ئێستا خوێنی کورد حەڵال نەکراوە، بۆیە کورد لە ئێستادا گەلێکە لەبەردەم پڕۆژەی جینۆسایدی ئەوانی تردا.
ئەگەر ئەمە وێنە ترسناکەکەی دەوروبەر بێت بۆ ئێمە، ئەوا بێگومان نائامادەیی ناوخۆ و بێ ئاسۆیی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و گرێدانەوەی بەرژەوەندییە خێزانییەکانیان بەم یان ئەو دەوڵەتی ناوچەکەوە، هۆکارێکی بەهێزی ئەم مەترسییە و مانەوەی کورد و هەرێمی کوردستانە لەم مەترسییە بەردەوامەدا. ئەوەی ناوبەناو لە دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە جەختی لێ دەکرێتەوە کە گوایە هەرێمی کوردستان بێلایەنە و بەشێک نییە لە ململانێی هێزەکانی ناوچەکە، ڕاستییەکەی لە نەزانییەکی قووڵەوەیە، چونکە هەروەکو لیۆ ترۆتسکی دەڵێت: “ئەگەر تۆ گرنگی بە جەنگ نەدەیت، ئەوا جەنگ گرنگیت پێ دەدات”. بۆیە ناکرێت بوونی ئەم مەترسییە بەردەوامە تەنها لەوانی ترەوە بێت، نائامادەیی و ناحاڵیبوونی دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆی بەشێکی گەورەی ئەم مەترسییەیە.
بۆ پێشەوە: لە دۆخی ئیستادا ڕیگا چارەی کارسازو گونجاو بۆ دۆخی سیاسی کوردستان چییە؟
ساڵانێکە دەسەڵاتی کوردی له ڕێی بڕین یاخود بڕینەوەی مووچه به ناوی جیاجیاوه، دەستکارییەکی وردی هەندەسەی هه‌موو هێز و گروپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دەکات. لە سایەی ئەم شێوازەی حوکمڕانیدا، ئه‌م هێز و گروپانه تا دێن له‌به‌ر یه‌ك و له‌ناو یه‌كدا هه‌ڵده‌وه‌شێن و گۆڕانی گه‌وره به‌سه‌ر ئینتیمایاندا دێت. ئێمه ساڵانێکە شاهیدی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یه‌كی وردی چین و توێژە كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانین له‌لایه‌ن سیستمه‌كه‌وه، شاهیدی گۆڕانێكی سیستماتیكیی ئینتیمای ئه‌و گروپه كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ین کە لە ڕێگەی بڕینەوەی مووچە یان بڕینی مووچەوە پێگه چینایه‌تییه‌كانیان ده‌ستكاری ده‌كرێت و ئاڵ‌وگۆڕیان پێ ده‌كرێت. ئێمە ئێستا شاهیدی سەرهەڵدانی ئەو چینە مەترسیدار و نوێیەی کوردەوارین کە ساڵانێکە لە کایەی سۆسیۆلۆژیای سیاسی‌دا بە پریکاریا ناسراوە.
پریکاریا (Precaria) کە لە تێکەڵکردنی هەردوو وشەی (Precarious ناجێگیر/مەترسیدار) و (Proletariat چینی کرێکار) دروستبووە، زاراوەیەکی سۆسیۆلۆژی و ئابوورییە و ئاماژەیە بۆ چینێکی کۆمەڵایەتی نوێ کە بەهۆی نەبوونی کاری زامنکراو و پشێویی بازاڕ و قۆرخکردنی ئابووری لەلایەن کۆمپانیاکان و نەبوونی چاودێری و دەستگیرۆیی دەوڵەت بۆ هاوڵاتیانەوە سەرهەڵدەدات. لە هەمان سۆنگەوە ئەم چینە تێکەڵەیەکە لە کۆی چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگە هەر لە بێکار و کرێکارەوە، تا بە کارگوزار و ئەندازیار دەگات.
سەرهەڵدانی چینی پریکاریا کاریگەریی قووڵ لەسەر سەقامگیریی سیاسیی کۆمەڵگە جێ دەهێڵێت و دەبێتە هۆی تەشەنەسەندنی بێ هیوایی و دابەزینی متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوەکان و حیزب و ڕێکخراوە باوەکانی کۆمەڵگە. ئەم بێهیواییەش دواجار سەر دەکێشێت بۆ سەرهەڵدانی کاراکتەر و جوڵانەوە پۆپۆلیستییەکان هەروەکو ساڵانێکە لە کوردستان باوە. لە هەمووشی مەترسیدارتر کاتێک ئەم چینە پانوپۆڕەی کۆمەڵگە لە گۆڕانکاری بێهیوا دەبێت، وردە وردە لە پڕۆسەی سیاسی دوور دەکەوێتەوە کە بێگومان ئەمەش تا ماوەیەکی درێژ بە خزمەتی دەسەڵاتداران کۆتایی دێت.
قسەکردن له گۆڕانکاریی گونجاو و ڕیشەیی لە هەرێمی کوردستان هه‌روه‌کو چۆن قسه‌کردنه له گۆڕینی ئەم مۆدێلەی سیاسەت و حوکمڕانی، به‌هه‌مان شێوه قسه‌کردنه له دانانی سنوورێک بۆ دەسەڵاتی مەترسیداری ئه‌م نه‌وه سیاسییه بێ سەوادەی کوردەواری، ئەو نەوەیەی کە پاش مردن و پیربوونی سەرکردەکانی نەوەی یەکەم، لەڕێی مۆنۆپۆلکردنی سامان و داودەزگە ئەمنییەکانی حیزبەوە جڵەوی دەسەڵاتیان کەوتە دەست و خاوەنی هیچ خەونێکی نەتەوەیی و نیشتمانی نین. بێگومان دوور نییە ئەمە بە شۆڕش بێتە دی.