هەر رۆژە هەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی بۆ بۆپێشەوە دەدوێن… خديجه رشيد: پسپۆڕی نە خۆشیەکانی ژنان و منداڵ بوون لە بریتانیا..

0
هەموارکردنی یاسای باری کەسیەتی عیراق ژمارە، ١٨٨ و تایبەت بە بەندی کەمکردنەوەی تەمەنی کچان بۆ ٩ ساڵ، وبەیاساییکردنی بە ناوی بەشوودان و زواج لەلایەن خێزانەکەی کە لەراستیدا ئەتککردنی مناڵانە (غتصاب الاطفال ). لێرە نە شووکردنە و نەزەواج؛ چونکە ئەمەی دوایی ڕازی بوونی دوو تاکە كاتێک لەتەمەنێکدان توانای بریاریدانیان هەبێت، کۆنەپەرسترین و بەربەریترین یاسایە دژ بەمناڵان و دواییش بە ژنان.
من لێرەدا وەک پزیشکێکی پسپۆر لە نەخۆشیەکانی ژنان، وشارەزا لەجەستە و پێکهاتەی کۆئەندامی مێینە، ئەتوانم بڵێم ئەم جۆرە دەستدرێژیە سێکسیە زیانێکی راستەوخۆی جەستەیی زۆرە لەسەر منداڵان، بێجگە لە زیانە دەروونی و کۆمەڵایەتیەکان.
کۆئەندامی سێکس و زاوزێی مێینە پێش هەژدە ساڵ هێشتا لە قۆناغی گەشەدایە، و کامڵ نەبووە، و کرداری سێکسی دەبێتە هۆی بریندارکردن و خوێن بەربوون لێی، کە لەوانەیە منداڵەکە پێی بمرێت! هەروەک ئەو مناڵە یەمەنی یە دەساڵەی چەند ساڵێک پێش ئێستا گیانی لەدەستدا، لەپاش چەند ساتێک لە ئەتککردنی لەلایەن ئەو پیاوەی مارەیان لێکردبوو، ئەمە و بێجگە لەتووشبوون بە هەوکردن و ئیلتهابات.
ئەگەر ئەم منداڵە بەخت تۆزێک یاوەری بێت، و نەمرێت وسکی پڕبوو (دووگیان) ئەوا مەترسی منداڵ لەبارچوون، مناڵی ناکام و منداڵبوون لەڕێگەی نەشتەرگەری ( Caesarean section ) زۆرە، چونک نە ئێسقانی حەوزی، نە ناولەشی بەرگەی تێپەڕبوون و دابەزینی منداڵەکە نادات، و ئەگەر بەهەر هۆکارێک بێت بە سرووشتی منداڵەکەی ببێت هەروەک لە هەندێ ناوچە دوور لە نەخۆشخانە و کەسانی شارەزای بواری منداڵبوون ئەکرێ ڕووبدات؟ ئەوا ناو لەشی ئەو کچە وا ئەدڕێت کە پێش و دواوەی دەبێتە یەک (Recto-vaginal fistula)! و ئەمەش کاريگەریەکی دەروونی گەورەی هەیە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئارەزووی سێکسی خۆی و بەرامبەرەکەی و چارەکردنی ئاسان نییە.
لێکەوتەیەکی تری ئەم جۆرە لە سێکسکردنە زۆرە ملێیە دەبێتە هەوێنی نەخۆشیەکی درێژخایەن پێی دەووترێت (Chronic pelvic pain) بەواتای ئازاری بەردەوامی حەوز، لەبەریتانیا ساڵانە ملیۆنەها پاوەندی بۆ تەرخانکراوە، و زۆری تووشی ئەو ژنانە دەبێت کە بە منداڵی دەستدێژیان کراوەتە سەر. بێگومان دەکرێ زۆر لەسەر ئەم باسە بووترێت، من لێرە بەکورتی ئەڵێم سێکسکردن لەگەڵ منداڵان و سکپڕبوونیان کارەساتە و شەرمەزاریە بۆ کۆی کۆمەلگە!
Leave A Reply

Your email address will not be published.