بەشیک لە کرێكارانی ژینگە پارێز ماندەگرن، پێویستە پشتیوانی بکرێن!

0

 ماوەی چەند ڕۆژێکە بەشێک لە کرێکارانی ژینگەپارێز لە ئاکرێ و شێخان و هاوکات لە سلێمانی و چەمچەمال کە ئەرکی کۆکردنەوەو پاککردنەوەی گەرەک و شەقامەکانیان لە ئەستۆیە، بەهۆی دواکەوتنی موچەی مانگانەکەیان دەستیان داوەتە کۆبونەوە و مانگرتنی ناڕەزایەتی. بەو هۆیەوە بەشێکی زۆری شەقام و گەڕەکەکان خۆڵ و خاشاکێکی زۆری لێ کۆبۆتەوە و سیمایەکی ناشیرینی بەخشیوە بەو گەرەک و شەقامانە.

مانگرتنی کرێکاران بۆ موچە دواخراوەکانیان و دانی موچەی تەواوی کرێکاران مافێکی بێ ئەولاولای کرێکارانەو نابێ بەهیچ شێوەو پاساوێک دوابخریت یان رابگیرێت.

ئەگەر کۆمپانیاکان و خاوەن کارەکان خاوەنی هۆیەکانی بەرهەمهێنانن و مانگانە لەسەر شان و ئارەقەو ماندووبوونی کرێکاران بە ملیۆنان دینار و دۆلار قازانج و کەڵەکە دەکەن و کێشەی ژیان و گوزەرانیان نییە، ئەوا کرێکاران جگە لە فرۆشتنی هێزی کاریان، هیچی تریان نییە. ئەگەر موچەی مانگانەیان لەکاتی خۆیدا پێ نەدرێت خۆیان و خێزانەکانیان ڕووبەڕووی دۆخێکی یەکجار سەخت دەبنەوە. سەرچاوەی بژێوی کرێکاران کاری رۆژانە و موچەکەیانە و مافێکی رەواو حاشالێنەکراوی کرێکارانە کە دەبێ دەستبەجێ و بێ پاساو هێنانەوە بدرێت.

مانگرتنی کرێکارانی ژینگەپارێز، نیشانی دایەوە کە جێگاو ڕێگای چینی کرێکار لە کۆمەڵگەدا چەندە بناغەیی و میحوەرییە. ئەگەر شەقام و گەڕەک و شارەکان سیمایەکی جوانیان هەیە، ئەوە بەرهەمی ماندووبوونی و کاری کرێکارانە… ئەگەر کرێکارانی ژینگە پارێزو شارەوانی کار رابگرن، کۆمەڵگە نوقمی دزیوی دەبێت و بۆگەناو ژیان لە هاوڵاتیان دەشێوێنی و تەندروستی کۆمەڵگە بەسەریەکدا دادەڕمێت… خۆ ئەگەر بەشەکانی تری چینی کریکار لە کارگەو کارخانەکان، لە بیناسازی و هاتووچۆ، تا دەگاتە کێڵگەکانی بەرهەم هێنانی نەوت و گواستنەوە،…تاد، دەست بدەنە مانگرتن، کۆمەڵگە لە جوڵە دەخەن و ئاسەوارێک لە ژیان و گوزەران نامێنێ. موچەی مانگرتنی کرێکارانی ژینگە پارێز، و زامنبوونی موچەکانیان لە کاتی خۆیدا مافێکی رەوایەو دەبێ پێیان بدرێت، لەو راستاییەدا ئەرکی بەشەکانی تری کریکارانی ژینگەپارێزو و بەشەکانی تری چینی کریکار و تەواوی کۆمەڵگەیە کە پشتیوانی لە داخوازی رەوای کرێکارانی مانگرتوو، بکەن و ببنە پشت و پەنایان. ئیمە لە بۆپێشەوە پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ داخوازییەکانی کرێکارانی ژینگە پارێز رادەگەیەنین…

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.