عەلی محمەمەد ئەمین: ئەم بارودۆخە سەختە بۆ شکستخواردوویی سیاسەتی ئەم حیزب و لایەنانە دەگەڕێتەوە، کە نەک هەر کوردستانیان نەگەیاندە کەنارێکی هێمن و ئازادو خۆشگوزەران، بەڵکو دەشێ دووچاری داهاتوویەکی ڕەش وتاریکتربێ،.. دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕی عەلی محمەد ئەمین سەبارەت “دۆخی سیاسی ئێستای کوردستان و پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت”

0

بۆپێشەوە: لەگەڵ ئەوەدا نزیکەی دووساڵە پەرلەمان نییە!! حکومەت کاربەڕێکەرە، کەچی دۆخی سیاسی کوردستان هیچ ئاڵوگۆڕێکی بەرجەستەی بەسەردا نەهاتووە، ئەوە بۆچی دەگەڕێتەوە، ئایا حکومەت و پەرلەمان، هەبن یان نەبن، هیچ لە دۆخی سیاسی کوردستان دەگۆڕێت، بەڕاستی وەکو دەگوترێت حکومەت و پەرلەمان بە مانای وشە کارتۆنین؟

عەلی محەمەد ئەمین: ئەگەرچی هەندێک لە پێش هەڵبژاردنی کوردستان و لە دوای هەڵبژاردنیش بەهیوابوون کە دۆخی سیاسی کوردستان ئاڵوگۆڕێکی بەرجەستەی بەسەردابێت، بەڵام ڕاستی ڕووداوەکان و بە ئەنجامگەیشتنی پرۆسەی هاڵبژاردنەکە ئەم هیوایەی پوچەڵکردەوە، لەبەر چەند هۆیەک، کە لەدێر زەمانەوە ئەم هۆیانە ڕێگرن لە بەدیهاتنی وەها ئاڵوگۆڕێک، کەنەک هەر کۆتایی بەو چەقبەستووییەی بارودۆخی سیاسی بهێنێت، بەڵکو لانی کەم گۆڕانکارییەک لە هاوکێشەی سیاسی لە دەسەڵات دا بهێنێت، لای زۆربەمان ئاشکرایە پەرلەمان ئەگەر تا ڕادەیەکیش بەدرووستی بەدیبێت و پرۆسەی هەڵبژاردن بەسەرکەوتوویی بەڕێوە بچێت، پەرلەمان لە زۆرێک لە وڵاتان دا، ئەو گۆچانە سیحرییە نییە کە توانای ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لە بارودۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی وڵات دا هەبێت، بەتایبەت لە هەرێمێکی وەک کوردستان دا کە وەک پێویست توانای چاودێریکردن و لێپێچینەوە لە حکومەت و وەزیرەکان و سزادانیانی نییە، ئەگەر دەیان یاساو ڕێساو ڕێنماییش دەربکات و توانای بەدواداچوونی چۆنێتی جێبەجێکردنیانی نییە، ئەوە حیزب و لایەن یان کەسی دەسەڵاتدارە لە پەرلەمان و حکومەت و دامودەزگاکان خۆیان سەرپشکن لە چۆنێیتی بەڕێوەچوونی کاروچالاکییەکانی حکومەت، لەگەڵ ئەمەش دا دەبێ بزانین، هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی بۆخۆیان بەهۆی توانای مادی و چەکداری و ناوچەی نفوزو دەسەڵاتیانەوە ئامادەنین دەستبەرداری پلەو پایەی دەسەڵاتبن بەهەر شێوەیەک بێت، ئەوەش لای هەمووان ڕوونە کە هیچ پرۆسەی هەڵبژاردنێک بێ ساختەکاری نییەو بەشداربووان، بەتایبەت لایەنە زلهێزەکان چی لەدەستییان بێت دەیکەن تەنها بۆ کۆکردنەوەی دەنگی زیاتر، بەهەر ڕێگاو شێوازێک بێت، با نادرووستی و نایاساییش بێت، دەستێوەردانی دەوڵەتانی دراوسێ ودەوروبەر و لایەنگیری ئەم لایەن و ئەو لایەن هۆکارێکی ترە بۆ چوونە پێشەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن بە نا ئاسایی و نەبوونی لایەنی بەهێزو بەبەرنامەی ئۆپۆزسیۆن، لایەن گەلێک کە بە جدی گۆڕانکاری بەرجەستەی لە بارودۆخی باودا بوێت، هۆکارێکی کاریگەری ترە، بەڵام دەبێ ئەوەش لامان ڕوون بێت کە جێگای نیگەرانییە ئاستی هوشیاری خەڵکی ستەمدیدە و دابەشبوونی بێ ئاگایانەیان بەسەر ئەم لایەنە دەسەڵاتدارو بەناو ئۆپۆزسیۆنانەدا و خۆشخەیاڵیان هۆکارێکی ترە بۆ بەرجەستە نەبوونی ئاڵوگۆڕێکی دڵخواز، بەڕای من ئەگەر لە دیدگای بەرژەوەندی خەڵکی زەحمەتکێشەوە باس لە کارتۆنی بوون و بێ هێزی پەرلەمان بکەین لە پەسەندکردنی یاساو ڕێسا بە قازانجی خەڵکی و توانای چاودێریکردنی حکومەت، ڕاستە بێ هێزەو لاوازەو توانای فشاردانانی لەسەر حکومەت نییە، بەڵکو پاساودەری شکستەکان و جێبەجێنەکردنی یاساکانە لە بەرژەوەندی زۆرینەی خەڵکی، بەڵام لەلایەکی ترەوە، لە ڕوانگەی ئەوانەی دەسەڵاتدار و لایەنگری دەسەڵاتن وخاوەن پلەو پایەو پۆستن، نەخێر کارتۆنی نین، چونکە حکومەت کارایە لە پاراستنی بەرژەوەندی لایەنە دەسەڵاتدارەکان و لە دەستگرتن بەسەر سەروەت و سامانی خەڵکی و لەوەرگرتن و باج و گومرک و کۆکردنەوەیان بۆ گەنجینەکانی حیزب و حکومەت، ئەمان کاران بۆ فریودان و چەواشەکردنی خەڵک و بەگەرخستنی دەیان دام و دەزگای ڕاگەیاندن و لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، کاران بۆ سەرکوتکردنی هەموو ئەو ناڕەزایەتییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و مەترسی دەخەنە سەر بەرژەوەندییە هەنوکەیی و چارەنووسسازەکانیان …

 

بۆپێشەوە: هەندێک دەڵێن دۆخی سیاسی کوردستان تووشی چەقبەستوویی سیاسی بووەو هۆکارەکەی بۆ نەبوونی حکومەت و پەرلەمان و ڕێک نەکەوتنی یەکێتی و پارتی  دەگێڕنەوە، بەڕاستی هۆکاری چەقبەستوویی سیاسی هەرێم نەبوونی حکومەت و پەرلەمان و ڕێک نەکەوتنی پارتی و یەکێتییە یان هۆکاری بناغەیی تر؟!

عەلی محەمەد ئەمین: لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا ئاماژەم بە گەلێ هۆکار کرد، لە نێویان دا ئاماژەم بەسیاسەتی پاوانخوازی هەردوو لایەن ( پارتی و یەکێتی) کرد، ڕاستە هەریەک لەم لایەنانە هۆکاری چەقبەستوویی بارودۆخەکە لە بەرژەوەندی خۆیەوە دەبینێ، هەردووکیان دەخوازن نەک هەر بەشداری ڕاستەقینەیان لە حکومەت دا هەبێ، بەڵکو دەخوازن یەک براگەورەو ئەو برابچووک بێت، دیارە دەوڵەتانی نزیک و دووریش لەم نێوەدا ڕۆڵی کاریگەریان هەیە، بەڕای من ئەگەرچی بەڕواڵەت ئێستا حکومەت پێکنەهاتووەو، بەڵام لە مێژە ئەم حکومەتە کاربەڕێکەرە پارتی و یەکێتی بەڕێوەی دەبەن، با ناکۆکیشبن، لانی کەم هەریەک لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دا، خۆیان بەدەسەڵاتی حکومی دەناسێنن… ئەگەر شتێک پێمان باشبێت حکومەتی یەکگرتوو پێکبێت، بۆ ئەوە باشە چیتر خۆڵ نەکرێتە چاوی خەڵکی و بە تەواوەتی ڕوونبێتەوە کە هەموو ئەم لایەنانە دووڕووی دراوێکن، تەنانەت بە بەناو ئۆپۆزسیۆن و دەست وپێ گرێدراوەکانیش …

 

بۆپێشەوە: دوای هەڵبژاردنی عەلی زەیدی و پێکهێنانی تازەی حکومەت لە بەغدا، ئایندەی ناسیونالیزمی کوردو حکومەت و پەرلەمانی هەرێم چۆن دەبینن ؟

عەلی محەمەد ئەمین: سەبارەت بە مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم، جارێ ئەوە ڕوونە کە بوونی ئەم هەرێمە بەو جۆرە هەر لەسەرەتاوە هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمریکا بڕیاریان لێداو تائێستاش ئەوان لەبەر هەندێ هۆ دەخوازن بمێنێتەوەو بیپارێزن، بەتایبەت کە حکومەتی عێراق هێشتا ئەو حکومەتە دڵخوازە نییە کە تەواوی بەرژەوەندییە ئابوری و ئەمنییەکانی ئەمریکا دابین بکاو بیپارێزێ، ئەوەی هەندێ لایەن و بەرپرس دەڵێن کە مەترسی لەسەرە، پێموایە ئەمانە لە دەسەڵاتی خۆیان و بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەکانیان دەترسن، دەترسن لاوازبن و وەک پێشتر تەخشان و پەخشان بەسەروەت و سامانی خەڵکە وە نەکەن، نەک لە پاراستنی دەسەڵاتی خەڵک و خۆبەڕێوەبەری و ئازادی و خۆشگوزەرنیان، بەڵام لەلایەکی ترەوە بەڵێ مەترسی هەیەو هەر ئەم لایەنە دەسەڵاتدارانەی هەرێم خۆیان هۆکارێکی کاریگەرن لەسەرهەڵدانی زەمینەیەکی لەم جۆرە، بەتایبەت کەلەدەیان ساڵی ڕابووردودا لە هیچ بوارو مەیدانێکی دەوڵەتداری و دامەزراوەییدا بەردێکیان نەخستووەتە سەر بەردێ، لە بواری سیاسی دا زۆربە دەست و پێ بەستراوە بەم و بەو دەوڵەتی دراوسێ و لەبواری ئابوری دا هێشتا سادەترین پێداویستی ڕۆژانە دەبێ بازرگانان لە دەرەوە هاوردەی بکەن، لەبواری ئەوەی پێی دەڵێن سوپای میللی و نیشتمانی دا، هێشتا هەر حیزب و لایەنە بۆخۆی پێشمەرگەو زێڕەڤانی و هێزی ئاسایش و هەواڵگری و کۆماندۆو دژە تێرۆریان هەیە… هێشتا هێزەکانی هاوپەیمانان، بەتایبەت ئەمریکا خەرجی و موچەی بەشێک لەم هێزانە دابین دەکەن، کە دەشێ لەداهاتوویەکی نزیکیش دا ئەمەش ببڕێت، لە بواری ئەوەی پێی دەڵێن یەکڕیزی نیشتمانی، کارێکیان کردووە، هیچ کاتێک بەقەد ئێستا، خەڵکی بەشمەینەت نایەکگرتوو کەرت و پەرت نەبووە، بەڵێ لە کات و ساتێکی وادا، کە هێشتا هاڵاوی بەردەوامی سیاسەتی شۆڤێنستی بەعس لە لایەنە تایەفی و دەسەڵاتدارەکانی حکومەتی عێراق و تەنانەت بێ دەسەڵاتەکانیش هەڵدەستێ، چاویان بەرایی نایەت هەرێمی کوردستان  وەک هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەر وتاڕادەیەک سەربەخۆ بناسێنن، چاوەڕێی هەلێکن، سود لە چەقبەستووی ئەم بارودۆخەو ئەم ناکاراییەی حکومەتی هەرێم وەربگرن، ئەگەر شتێک تروسکایی لە کوردستان دا مابێت، ئەویش خامۆش بکەن و یاساو ڕێسای تایەفی و مەزهەبی و ڕەگەزپەرستی خۆیان داسەپێنن.

 

بۆ پێشەوە: ئەو ماوانەی دوایی هەڵمەتێک لەدژی دزی و گەندەڵی لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە دەستیپێکردووە، ئایا ئەو هەڵمەتە بۆ ڕەوایەتی بەخشینە بە کابینەی نوێی حکومەت و گێڕانەوەی ئابڕوو بۆ دەسەڵاتی تاڵانجی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابووردو، یان بەکردەوە شەڕی گەندەڵی و تاڵانییە؟ ئایا ئەو هەڵمەتە چەندە گرنگە هەرێم و بەرپرسانی حیزبی و حکومی هەرێم  بگرێتەوە؟

عەلی محەمەد ئەمین: بەڕای من هەڵمەتی بەناو دژە گەندەڵی هەر لە سەرەتاوە مایەی هیواو دڵخۆشی نەبوو، مەگەر لای خەڵکانێکی خۆشخەیاڵ، یاخود خەڵکانێک کە بەرژەوەندییان لە بەڕێوەچوونی وەها هەڵمەتێک هەیە. ئەگەرچی هەندێک وای دەبینی پرۆسەی دژە گەندەڵی بۆ خۆی عێراقییەو پێش هەر لایە عێراقییەکان بۆ خۆیان دایان ناوە، بەڵام لە ڕاستی دا، وەک چۆن سەرۆک وەزیران (عەلی زەیدی) بۆخۆی لەلایەن ئەمریکا پێش هەمووان ڕاەوایی پێدراوە، و ئاواش هەڵمەتەکە پێش ئەوەی لایەنێکی عێراقی ناوی بباو داوای جێبەجێکردنی بکا، ئەوە ئەمریکا بۆخۆی یەکەم لایەنە کە داوای بەڕێوەچوونی هەڵمەتێکی لەو شێوەی کرد، تا ئەو ڕادەیەی هەندێک پێیان وایە هەر ئەمریکاش بۆ خۆی لیستی ناوی تۆمەتبارەکان بەگەندەڵی داوە بە زەیدی، ئەوەی ئەو خۆشخەیاڵییە زیاتر دەڕەوێنێتەوە، ئەوەیە هێشتا ژمارەی دەسگیرکراوەکان زۆر کەمەو زۆرێک لەسەرکردە عێراقی و کوردستانییەکانی نەگرتووەتەوە و ئەوانەی دەستگیر کراون سەرەڕای ئەوەی سەروەت و سامانێکی زۆریان پێوەگیراوە، بەڵام هەر لەسەروو ئەمانەوە زۆرێک هەن گەندەڵکارترو دزترن، لە زۆرێک زیاتر سەروەت و سامانی خەڵکیان دزیوەو بەهەدەرداوە، هاوکات لەگەڵ بەردەوەمی ئەم هەڵمەتەدا زەیدی سەرۆک وەزیران بانگهێشتی ئەمریکا کراو نزیک بە (٥٠ ) ڕێکەوتننامەی پێ ئیمزاکراو بەم پێیەش سەدان کۆمپانیا ئەمریکا و وڵاتانوی تر ڕوودەکەنەعێراق بۆ  وەبەرهێنان و کارو چالاکی لە بەرژەوەندی ئەمریکا بەڕێوە دەبەن.. هەرلەم بارودۆخەش دا و بەداواکاری ئەمریکا و ڕێنماییان زەیدی سەرقاڵی چەکداماڵینی  میلیشیای حیزب و لایەنە ئیسلامییەکانی  سەربە ئێرانەو دەکرێ زۆر داواکاری و ڕێنمایی و ڕێکەوتننامەی تریش بە نهێنی لەم نێوەدا لە ئارادادابێ و ئەم هەڵمەتەش بەشێکی تەواوکار بێت بۆپاراستن و بەرژەوەندی ئەمریکاو لایەنە گرێدراوەکانی و هەندێ لایەنیش کە دەخوازن هەرچۆنێک بێت قەوارە سیاسیەکەی عێراقیان لەدەست دەرنەچێ…دەشێ لە درێژەی بەڕێوەچوونی ئەم هەڵمەتانەدا، لە هەرێمی کوردستانیش هەندێ تۆمەتباری بچووک بگرێتەوەو سەرانی گەورە پارێزراوبن، بائەوەش بڵێیین لە ئەگەر دەسبردنی زەیدی بۆ هەندێ سەرانی گەندەڵکار، بەتایبەت ئەوانەی خاوەن دەسەڵات ومیلیشیای چەکدارو لایەنگری زۆرو سەر بەکۆماری ئیسلامی و نەیارن، زۆر ڕێی تێدەچێ ئەم سەرۆکی حکومەتە ڕووبەڕووی مەترسی سەخت بێتە وە، تا ئەو ڕادەیەی ژیانیشی لەدەستبدات…

 

بۆپێشەوە: کاریگەری جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەدژی ئێران، ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە، چ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی ناوچەکە و لەسەر دۆخی سیاسی کوردستان دەبێت؟

عەلی محەمەد ئەمین: بە دڵنیایی کاریگەری هەیە، چونکە هەرێمی کوردستان لە زۆر ڕووەوە بەمەیدانی لایەنە شەڕکەرەکانەوە گرێدراوە، هەریەک لە دەوڵەتە شەڕکەرەکان، بەم شێوە یان بەو شێوە، دەستێوەردان و داواکاری و کارو چالاکی و بەرژەوەندی هەمەلایەنەیان هەیە، حیزب و لایەنە سەرەکی و تەنانەت هەندێ لایەنی بچوکیش لای خۆیانە وە پەیوەندییان بەم و بەو لایەنی شەڕکەرەوە هەیە، لەم نێوەدا دەبێ بڵێین سیاسەتی سەربەخۆو ئیرادەی سەربەخۆ لە شەڕدانییەوهەرلایەنەش دەخوازێ بەرژەوەندییە کانیان پارێزراوبێت، ئیتر لەم نێوەدا خەڵکی بەشمەینەت، چەند دەکوژرێ و چەند بریندار دەبێ و چەند خێزان بێ خانەولانە دەبێ  کارو کاسبیان چەند تێک دەچێ و گرانی بێکاری تاچەند هەڕەشە لە ژیان و گوزەران و تەنانەت مانەوەیان لە ژیان دا دەکا، ئەوە کێشەی شەڕخوازان بەکرێگیراوان و دارودەستەکانیان نییە، خۆ ئەگەر دانووستانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکاش بگاتە ئەنجام و ڕێکبکەون، ئەمریکاش بە ئاسانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە، بەرژەوەندییەکانی بپارێزرێ، ئەوا زۆر ئاساییە ئەمریکا وەک پیشەی خۆی دەسبەرداری هەرێم بێت وهاوکارییەکانی لێ ببڕێت و تانانەت مانەوەی قەوارە سیاسییەکەی هەرێم بەم شێوەیەش بخاتە ژێر پرسیارەوە…

 

بۆپێشەوە: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکان، چ کاریگەرییەک بەسەر دۆخی عێراق و بەتایبەت کوردستان دەبێت؟

عەلی محەمەد ئەمین: سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان، جارێ دیار نییە کە ئەمریکا بەتەواوەتی دەچێتە ژێر باری کشانەوەی تەواوەتی هەموو هێزەکانی، بەتایبەتی هێشتا زۆرێک لە لایەنە چەکدارییەکانی سەر بەکۆماری ئیسلامی ئێران، لە وێنەی حیزبوڵڵاو نوجەباو سەرایای سەلام وحەشدی شەعبی… هتد لە گۆڕەپانی عێراق دا، نەک هەر ماون، بەڵکو پابەندی خۆیان بە بەرهەڵستی ئەمریکاو بەرژەوەندییەکانی ڕادەگەیەنن و بە ئاشکرا خۆیان وەک هێزی پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەناسێنن، ئەمە لە لایەک، لەلایەکی دی، ئەگەر لە عێراقیش بکشێنەوە، مەرج نییە لە کوردستان دا جارێ بەو خێراییە بنکەو پەناگاو کونسوڵخانەکانیان چۆڵبکەن، بەهەرحاڵ ئەوەش پرسیارە، ئایا زەیدی دەتوانێ ئەوەی ئەمریکا داوایکردووەو ئێستا دەخوازێ، لە کات و زەمینەیەکی لەو شێوەی ئاماژەمان پێدا، جێبەجێ بکات، من خۆم پێموانییە وا زوو عێراقێکی سەقامگیرو سیستماتیک و دامەزراوەیی، بێ فشارو دەستوەردانی ئەو دەوڵەت و لایەن پێکبێت، تا ناکۆکی و شەڕی هەمەلایەنەی ئەم دەوڵەتانەش لە ئارادابێت، بە دڵنییایی پریشکی زۆریش بەر کوردستان دەکەوێت…

 

بۆپێشەوە: لە دۆخی ئێستادا ڕێگاچارەی کارسازو گونجاو بۆ دۆخی ئێستای کوردستان چییە ؟

عەلی محەمەد ئەمین: بەڕای من ڕێگاچارە هەر تیشکخستنەسەر ڕاستەقینەی بارودۆخەکەیە بۆ خەڵکی زۆرلێکراو، هەر ڕەواندنەوەی خۆشخەیاڵی و چەواشەکارییەکانە، هەر وەک چۆن کارلەسەر هەرچی زیاتر ناساندنی ستەمکاری دەسەڵات و سیستمە نادادوەرەکەی دەکەین، ئاواش بەدەنەی تەواوی بەناو ئۆپۆزسیۆن بەر نەشتەری ڕەخنە بدەین و زۆرێکیان بە شەریکەبەشی دەسەڵات بناسێنین، پێویستە بۆ خەڵکی ستەملێکراو ڕوونبکەینەوە کەبەشێکی زۆری بەرقەراری ئەم بارودۆخە سەختە بۆ شکستخواردوویی سیاسەتی ئەم حیزب و لایەنانە دەگەڕێتەوە، کە نەک هەر کوردستانیان نەگەیاندە کەنارێکی هێمن و ئازادو خۆشگوزەران، بەڵکو دەشێ دووچاری داهاتوویەکی ڕەش وتاریکتربێ، پێویستە زۆر بە ڕاشکاوی ئەوە بسەلمێنین کە چیتر خۆشخەیاڵی نەبێتە زەمینەی بەڕێوەچوونی حکومەتی کاربەڕێکەرو ئۆپۆزسیۆنی مشەخۆرو ناکاریگەر، لەجێی خۆیدایەتی خەڵکی زۆرلێکراو بێدەنگی و ڕاهاتن لەگەڵ بارودۆدۆخی سەخت و دژواردا ڕەت بکەنەوەو بەهەر شێوەیەک دەکرێ ئاستێکی باڵای ڕێکخستنی هاوچەرخ و یەکگرتوویی ڕیزەکانیان بەدیبهێنن، دوور لە دەستێوەردانی هەموو ئەوانەی کە دەستییان لە هاتنەکایەی ئەم ڕۆژە ڕەشانەی ئێستاداهەیە و ڕێگا نەدرێت لەژێر ناوی زل و دروشمی بریقەداردا درێژە بەم بارودۆخە ناهەموارە بدرێ ودەسبڕو شکستخواردووەکانی پێشتر لەبەرگی ئاڵ و واڵادا خۆیان ئارایشت بکەنەوە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.