دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕی نوری بەشیر، سەبارەت بە ڕیکەوتنی نێوان یەکێتی نیشتیمانی و نەوەی نوێ

0

بۆپێشەوە: ٢ی ئەم مانگە یەکێتی و نەوەی نوێ ڕێکەوتننامەی نێوانیان بڵاوکردەوە کە ئیمزای هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی و شاسوای عەبدولواحیدی لەسەرە… چۆن دەڕوانە ئەم ڕێکەوتنامەیە؟

نوری بەشیر: با سەرەتا ئیشارە بەوە بکەین ئەمە یەکەمجاری ئەم جۆرە رێکەوتنە نییە، چ لە زۆنی سەوزی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی و چ رێکەوتنی پارتی لە ناوچەی زۆنی زەردا، بەڵام با بزانین ئەم رێکەوتنەی یەکێتی و نەوەی نوێ لە چ لەهەلومەرجێکی کوردستان و ناوچەکەدا دەکرێت، وە هەریەکە لە یەکێتی و نەوەی نوێ بەشوێن چیەوەن؟

هەلومەرجی کوردستان و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لە چوارچێوەی هەلومەرجی عێراقدا بەرزونزمی بەخۆیەوە دەبێنێت و لەژێر کاریگەری ئەو گۆڕانکاریانەدایە، بەتایبەت بەدوای جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆسەر ئێران و گۆڕانی کێشەکە بەدوای فراوانکردنەوەی دامەنەی شەڕ بۆ ناوچەکەو بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەئاستی جیهاندا، بەزەرەری ئەمریکاو لەبەرژوەندی ئێران و مانەوەی گەڕایەوە، ئەمانە کاریگەری لە جێگاورێگای پارتی و یەکێتی دانا بەتایبەتی لەبەرژەوەندی یەکێتی شکایەوە.

خاڵیکی کە ئەوەیە کە ٢١ مانگ تێدەپەڕێت بەسەر هەڵبژاردنداو بەهۆی کێشەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستە باڵاکان رێ نەکەوتون کە حکومەت پێکبهێنن، لەم دەورەیەدا هەریەک لەو دوولایەنەی دەسەڵات لە زۆرنی زەردو سەوز زۆر هەنگاوی دژی یەکتریان ناوە، کە کەمێک باڵانسی هێزی لەبەرژوەندی یەکێتی گۆڕی، بەتایبەت مەسەلەی پارێزگاری کەرکوک کە یەکێتی بە لاخستنی پارتی بردیەوەو دوایش لەگەڵ لایەنە شیعی و سونەکان و تورکمانەکان رێکەوت و جێگای بۆ پارتی نەهێشتەوەو هەروەها کەیسی سەرۆک کۆمار کە لەسەر لیستی یەکێتی دیاریکرا.

بۆیە رێکەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ خاڵی بنچینەیی بۆ یەکێتی لەبەرامبەر پارتیدایە بۆ بردنە سەرەوەی باڵانسی هێزی خۆی لەگەڵ پارتیدا و بۆ فشارهێنان بۆ دانیشتن وەک هێزێکی وەک خۆی حسابی بۆ بکات، بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و بەدەستهێنانی کورسی باڵا لەوانە سەرۆکوەزیران یان سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە پارتی تا ئێستاش دانی پێدا نەناوە وەک شەریکی یەکسان بەشداریان پێبکات لە دەسەڵاتدا. هەروەها لە ناوچەی زۆنی سەوزدا یەکێتی دەیەوێت بەتەواوی دەستەمۆی نەوەی نوێ لەچوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی خۆیدا بکات، بۆ نەوەی نوێش زیندانیکردن و ئازادکردن و دۆسیەی سیاسی لەسەر شاسوار عبدولواحید هەڵگیرێت و یەکێتی لەگەڵ خۆیدا پۆستیان بخاتە ئیختیارەوە، لەبەرئەوەی نەوەی نوێ و سەرۆکەکەی باش دەزانن تەنانەت ئەگەر لەسەدا ٥٠ی کورسی هەڵبژاردن بەدەست بهێنن، نە دەتوانن شەریکی هاوبەشی یەکێتی بن نە هی پارتی نە دەتوانن دەسەڵات بگرنە دەست.

 

بۆپێشەوە: لە ڕێکەوتنامەکەدا هاتووە، کە ئامانجیان راستکرنەوەی ڕێڕەوی حکومڕانی و گێڕانەوەی باڵانسە، ئەم رێکەوتنامەیە دەتوانێت ڕێڕەوی حکومرانی و باڵانسی هێز لە هەرێمدا بگۆڕێت؟

نوری بەشیر: بە راستی ئایا ئەم ئامانجانەی ئەمان رایانگەیاندووە، هەتا دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لە ریزەکانی یەکێتی و نەوەی نوێدا مشتەری بۆ پەیدا ببێت و باوەڕی پێبکەن؟، بۆیە جەماوەری خەڵکی کوردستان زۆر بە ئاگان لە هەڵسوکەوت و سیاسەتی ئەم حزبانەی کوردایەتی و ئیسلامیەکان لەم رێکەوتن و ساتوسەدایانەدا کە هەر شتێک لەبەرژەوەندی خۆیان و حزب و بنەماڵەیاندا نەبێت رێگەپێدراو نییە.

هەر بەڕاستی ئەم هێزانە لەچەندین ساڵی رابردوودا چ لە بەشداریان لە حکومەت و پەرلەماندا تا دەگاتە ناوچەی زۆرنی سەوز نەدەکرا رێڕەوی حوکمڕانی راستکەنەوە، نەدەکرا دەستبەرن بۆ خزمەتگوزاریەکانی کە پێداویستی خەڵكە، کامیان لەم زۆنەو هەتا پارتیش لە زۆنی زەرد دەستیان بۆ ئەمانە بردووە، ئایا یەکێتی بە رێکەوتن لەگەڵ نەوەی نوێدا دەتوانیت بیکات؟.

تا بە گێڕانەوەی باڵانس دەگەڕێتەوە، یەکێتی و نەوەی نوێ بەهیچ جۆرێک مەبەستیان گێڕانەوەی باڵانسی حکومەتی هەرێم نیە لەبەرامبەر بەغدادا، لەبەرئەوەی ئەوان هیچ کات نەیانتوانیوەو نەیانویستە باڵانسی حکومەتی هەریم لەبەرامبەر بە مەرکەزدا بەرنە سەرەوە، بەڵکو لەدژایەتی یەکتریدا هەمیشە چونەتە باوەشی دەسەڵاتی میلیشیایی شیعەی مەرکەزو دەستیان گرتوون و هێناویاننەتەوە ناو کوردستان، و لەباوەشی حکومەتانی ناوچەکدا بوون، نموونەی ئەمە کەم نیە؛ لە ١٦ی ئۆکتۆبەر، ٣١ی ئاب، پێشلەشکری بۆ تورکیا و ئێران.

یەکێتی و نەوەی نوێ مەبەستیان گێڕانەوەی باڵانسی زۆنی سەوز و بەتایبەت باڵانسی یەکێتیە لەبەرامبەر پارتیدا، کە ئەمیش بەجیا لەوەی ئەم دەورەیە یەکێتی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر هەوڵێکیداو لە پارێزگاری کەرکوک و سەرۆک کۆمار زلەیەکی لەپارتی دا، وە پارتی پێی سەغڵەت بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەی پارتی بەبێ یەکێتی ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام هێشتا شانسی لە کوردستان و عێراق و لەسەر ئاستی دنیادا جیگای لە یەکێتی لە سەروترە، بۆیە یەکێتی دەیەوێت ئەم باڵانسە رابگرێت.

تا راستکرنەوەی ڕێڕەوی حکومڕانی دەگەڕێتەوە ئەمە لەهەمووی پێکەنیناویترە بۆ ئەمان و بەتایبەت یەکێتی رێڕەوی حکومڕانی لەناوچەی سەوزدا بەدەستی خۆیەوە بووە، بۆ چەندین دەیەیە راستی نەکردۆتەوەو نەیگۆڕیوە، ئایا بە دەسەڵاتێکی حزبی و بنەماڵەیی یەکێتی و نەوەی نوێ دەتوانێت ڕێڕەوی حکومڕانی راست بکاتەوە.

هەربۆیە بۆ ئەم دوولایەنەو هەتا بۆ پارتی هەرکاتێک قسە لەسەر راستکرنەوەی ڕێڕەوی حکومڕانی و گێڕانەوەی باڵانس دەکەن، بێگومان ئەوە لەبەرامبەر دەستبردن بۆ فریو و رێگای زیاتر بۆ برسی کردن و رێگای فریودان و سەرکوتکردنی خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەت و ژنان و لاوانی کوردستانە بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان.

 

بۆپێشەوە: بافڵ تاڵەبانی دوای ڕێکەوتنامەکە رای گەیاند کە ئێستا ئەوان گەورەترین هێزن لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق و چوار پارچەی کوردستان، ئەم بانگەشەیە تا چەندە راستە؟

نوری بەشیر: ئەم جۆرە قسانە؛ بەخۆدا هەڵدان و خۆ بەهێزی گەورە لەئاستی کوردستان و هەر چوارپارچەکە نیشاندان، قسەی تازە نیەو هەر بافڵ تاڵەبانی نیە کە ئەم ئیدعایەی هەیە، بەڵکو پارتی قسانەی کردوەو دەیکات. ئەم قسەیەی سەرۆکی یەکێتی و ئەوانی کەش لە بازاڕدا کڕیاری بۆ پەیدا نابێت و ئەمە هاتوهاواری دژی پارتیە زیاتر، ئەگەر وایە بۆ حکومەت پێکناهێنێت، پارتیش خۆی وەک براوەی هەڵبژاردن و هێزی یەکەم نەک لە ئاستی کوردستان، بەڵكو دەنگهێنانی زۆری لەسەر ئاستی عێراقدا دەناسێنێت، خۆی بە هێزی یەکەم ناوزەد دەکرد، بەڵام ئایا نزیکەی دوو ساڵە هەڵبژاردن کراوەو حکومەتی کار بەرێکەر هەر بەدەستیەوەیەتی بۆ حکومەتی پێکنەهێنا.

هەموو ئەم فووکردنە خۆیەی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەوەیە کە فشاری سەر پارتی زیاد بکات لە دانیشن و حسابی شەریکی بۆ بکات و یەکیک لە پۆستە باڵاکانی بەربکەوێت کە تا ئێستاشی لەسەر بێت ئەگەرچی پارتی بەدوای هەلومەرجی هەڵبژاردنی عێراق و حکومەتی علی زەیدی کە ئەمریکا پشتگیری دەکات، کە مەوقعیەتی پارتی و یەکێتی و حکومەتی هەرێم لە ئەگەری رۆشتنە پێشەوەی حکومەتی مەرکەزی و شێوەیەک یەک دەستبوونی، دەچێتە دواوەو پارتی درکی ئەمەو فشاری یەکێتی دەکات و بۆیە ئامادەیە لەگەڵ یەکێتی دانیشێت و لەسەر پۆستەکان رێکبکەون، هەروەک لە نزیکەی چوار دەیەی ڕابردودا بە تەوافقی یەکێتی و پارتی کراوەو هێزە ناسیونالیست و ئیسلامیەکانیان بێبەش نەکردوە لە پۆستی دەوری خۆیان.

هەر بەڕاستی ئەمانە هێزیان هەیە، یان وەک هێزێک لەلایەن حکومەتانی ناوچەکەوە راگیراون و یارمەتی دەدرێن بۆ بەرژوەندی خۆیان. ئەم هێزانە یەکێتی و پارتی لەبەرامبەر خەڵكی کوردستان و نانبڕین و برسیکردندا هێزی گەورەن.

 

بۆپێشەوە: دوای راگەیاندنی ڕێکەوتنەکە پارتی دەستی دایە کاردانەوەیەکی توندی راگەیاندن دژی ڕێکەوتنامەکە، پارتی بۆچی هێندە نیگەرانی ڕێکەوتنەکەیە؟

نوری بەشیر: لەچەند روویەکەوە پارتی نیگەرانە، نیگەرانە لەیەکێتی بەدوای ئەوەی لەدەرەوەی پارتی لەگەڵ شیعەو سونەو تورکمانەکان دووجار رێکەوتنی کردوە، وە پۆستی سەرۆککۆماری لەکێشە لەگەڵ پارتیدا یەکلایی کردەوەو ئەمجارەش بۆ کێشەکانی لەگەڵ پارتیدا لەگەڵ نەوەی نوێ و هەواڵدانی لەگەڵ حزبەکانی تری ناوچەی زۆنی سەوز لەدەوری خۆی کۆبکاتەوەو رێکەوتن بکەن بەدژی پارتی و کورسیەکانی زیاد بکات وەک کردی، تا پارتی لەگەڵیدا بە تەوازنی هێزەوە دابنیشێت، بەجیا لەوەش هەر لەکاتی ئەم رێكەوتنەدا نەوەی نوێ و سەرۆکەکەی شاسوار هێرشی جۆراوجۆری وەک ئیستیفزار بۆسەر پارتی دەست پێکردوە.

لەبەرئەوەی پارتیش خۆی بە حزبی گەورەو بەهێزی کوردستان دەزانێت، هەر رێکەوتن و ساتوسەدایەک لەدەرەوەی ئەو ئەنجامبدرێت ئەو هەم دانی پیادا نانێت و هەم حسابی بۆ ناکات نیگەرانە لێی، بۆیە کاردانەوەکانی لێرەوە سەرچاوەی گرتووە، واتە هەر هێزو لایەنێک کە حسابی براگەورە بۆ پارتی نەکات ئەوە پارتی نەک حسابی بۆ ناکات، بەڵکو هەتا رێگای مانەوەو چالاکی لەناوچەی زۆنی زەردا پێنادات.

رێڕەوی حزبی و بنەماڵەیی پارتی و بارزانیە وەک سونەت و سیاسەتی ناسیونالیزمی کورد گواستراوەتەوە بۆ یەکێتی و نەوەی نوێ، بۆیە پارتی خۆی بە حزبی رابەرو یەکەمی ناسیونالیزمی کورد دەزانێت و حساب بۆ نەکردنی، کە هێزی هەبێت تۆڵەی کوشندە دەکاتەوە. 

 

بۆپێشەوە: خەڵکی کوردستان دەبێ چۆن بڕوانە ئەو ڕیکەوتنامەیە؟

نوری بەشیر: دەکرێت لەسەر ئەم خاڵە زیاتر تاکید بکەینەوە، هاوکێشەکە دوو لایەنەیە، لایەک یەکێتی و پارتی و هەموو حزبە ئیسلامی و ناسیونالیستەکان و لەلایەکی ترەوە خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەتی کوردستانە.

سەرەتا ئەوە بڵێم خەڵکی کوردستان باش دەزانن ئەم رێکەوتنە بەهەموو هاتوهاواری یەکێتی و نەوەی نوێ و ئەو چەند خاڵەی کە دایانناوە، هیچ خۆشخەیاڵ نین، وە دەزانن رێکەوتنەکە هیچ پەیوەندیەکی بە بەرژەوەندی و ئاینندەی باشتری خەڵكی کوردستانەوە نیە، نەک ئەم رێکەوتنە ئەو رێکەتنانەی کە پێشتریش لەنێوان پارتی و یەکێتی، پارتی و حزبەکانی تری وەک ئیسلامیەکان، یەکێتی و گۆڕان و تا دەگاتە ئەوەی ئێستا، بۆ بەرژەوەندی خۆیانە بەناوی خەڵکەوە دەیکەن.

خەڵکی کوردستان بە خوێن و گۆشتی خۆیان تەجروبەیان لەگەڵ ئەم حزبانەی بزوتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامیەکاندا هەیە، نە لە ئاشتیاندا بەرژەوەندیان هەبووە، نە لە شەڕیاندا، هەربۆیە ١٧ی شوباتی ٢٠١١ خاڵێکی وەرچەرخانی خەڵك بوو بەدژی یەکێتی و پارتی، بەڵام لاوازیەکە لێرەدایە کە دەبێت سەرنجی خەڵكی کوردستانی بۆ ڕابکێشین کە چۆن بڕواننە تاقیکردنەوەکانی پێشووتر و تا ئەم  رێکەوتنەش.

خەڵكی کوردستان هەمان تەجروبەیان دووبارەکردەوە، لە هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان، دەنگیان بە گۆڕان دا لەدژی یەکێتی و پارتی، نەک ئەوەی گۆڕان و سەرۆکەکەی بتوانن ئاڵوگۆڕ لەژیانیاندا بکەن،  بەهەمانشێوەش کە گۆڕان ئەو وەزعەی بەسەرهات، جارێکی تر لەدژی پارتی و یەکێتی خەڵک دەنگی بە نەوەی نوێ دا، لەکاتێکدا نەوەی نوێ دووبارەکردنەوەیەکی گاڵتەجاڕی گۆڕانەو شاسواریش کەسایەتیەکی پێکەنیناوی لاساییەکەرەوەی نەوشیروان مستەفایە، وە ناتوانێت نە دەسەڵات بگرێت و نە ئاڵوگۆڕی باشتر لەژیانی خەڵکدا بکات.

خەڵکی کوردستان ئەم رێکەوتنەی ئەم جارەی نەوەی نوێ و یەکێتی و هەر رێکەوتنێکی تری پارتی و هەر حزبێکی تر، یان رێکەوتنی نێوان حزبەکان لە ئیسلامی تا ناسیونالیست، دەبێت لەبەرامبەر خۆیاندا ببینن، بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتە، بۆ هێشتنەوەی کۆمەڵگای کوردستانە لەدۆخی چەقبەستوویی ئێستادا بۆ مانەوەی خۆیان، هەتا لە ئایندەیەکی نزیکدا دانیشتنی پارتی و یەکێتی و رێکەوتنیان لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و دابەشکردنی پۆستەکان دەکرێت، هەر ئایا وەک ئێستا هەریەکەیان بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵەیی و میلیشیایی خۆیان نا پارێزن، ئایا هەموو هێزیان یەک ناخەن لەبەرامبەر خواست و داواکاری و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکدا؟ بە دڵینیاییەوە دەبێت لەمە دوودڵ نەبین.

کەواتە رێگاچارەی خەڵکی کوردستان دەبێت لەبەرژەوەندی چینایەتی خۆیانەوە بڕواننە کۆمەڵگای کوردستان و هەلومەرجی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئەم رێکەوتنانە و ئایندەی خۆیان ببینن، دەبێت خەڵک ئەوەی لاڕوون بێت کە کەمایەتیەکی حزبی و بنەماڵەو دەوروبەریان، چ تەنیا بن یان رێکبکەون هەموو سەروەت و سامانی کوردستانیان دەستبەسەردا گرتووە و زۆربەی خەڵكی کوردستان لەنەبوونی نەداری و برسێتی و هەژاری و ترسدا ژیان بەسەر دەبەن.

کەواتە زەرورە خەڵكی کوردستان ریزی خۆیان لەهەموو ئەم حزبانەی کوردایەتی و ئیسلامیەکان بەتایبەت دوو حزبی گەورەی زۆنی زەردو سەوز وەک دوو حزبی بنەماڵەیی و میلیشیایی، جیا بکاتەوەو بەو چاوەوە خۆی رێکخراو بکات و لە ئایندەی خۆی بڕوانێت، بە جیا لەوە لەمجۆرە سیناریۆی رێکەوتن و پەکخستنی پەرلەمان و کاراکردنەوەی پەرلەمان دووبارەو چەند بارە دەبێتەوە. 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.