مانگرتنی سەراسەری کرێکارانی ئێران و ئومێدێکی نوێ … عەبدوڵا مەحمود

0

زیاتر لە هەفتەیەکە کرێکارانی دەیان کارگەو ناوەندی کرێکاریی لە بەشەکانی نەوت و غاز و پترۆکیمیاوی دەستیان داوەتە مانگرتن لە پێناو زیادکردنی موچەکانیان. ئەم مانگرتنە کرێکارییە لەهەلومەرجێکدا و بەتین و تەوژمێکی بەهێزەوە دەستیپیکردووە، کە نزیکەی حەوت مانگە بزوتنەوەی شۆرشگێرانە لە ئیراندا، هەلومەرجێکی تەواو تازەو جیاوازی لە رابردووی هێناوەتە ئاراوە. هەلومەرجێک کە کەشێکی خەباتکارانەی لەبارتری بۆ بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی دژ بەدەسەڵاتی بۆرژوازی لەئێراندا پیکهێناوە. بۆرژوازی لە ئێراندا توانای کۆنترۆڵی لەدەستداوە، کۆبونەوەو ئازادی بیروڕا، ئازادی جل و بەرگ پۆشین، وەستانەوە بەرووی حجاب و رەمزەکانی ئیسلامدا، بڕوا بەخۆ بوون، پێداویستی ئاڵوگۆڕی ریشەیی، گرنگی کاری ریکخراو… لەو مەسەلە بەرجەستانەن کە بوونەتە بەشێک لە واقعیەتی زاڵی کۆمەڵگەی ئیران و هاوسەنگی هێز لە نێوان چینی کریکار و جەماوەری بێبەشی ئیران لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی سەرمایە، بە سودی چینی کریکار و جەماوەری نارازی و خەباتەکەی گۆڕاوە.

شەپۆلی مانگرتنی ئەمجارەی زیاتر لە هەشتا کارگەو ناوەندی هەستیاری ئابوری لە رشتەی نەوت و غازو پترۆ کیمیاییدا، لەیەک کات و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکتر، لە پێناو بەرزکردنەوەی موچە بە رێژەی ٧٩% دا، و لەپاڵ بزوتنەوەیەکی شۆرشگێرانە کە زیاتر لە ٦ مانگ بەردەوامی بەخۆیدا، سەرەتای دەورەیەکی نوێی هاتنە مەیدانی چینی کرێکارە. دەورەیەک کە رێگای گەڕانەوەی بۆ دواوە لێ بەستراوە، دەورەیەک کە بەجیا لە چینی کرێکار، سەرجەم بەش و توێژەکانی تری کۆمەڵگە لە مامۆستایانەوە بۆ خانەنشینان و لاوان و ژنان و فەرهەنگیان…تاد، بریاری کۆتاییان داوە کە رژێمی جمهوری ئیسلامی دەبێ بڕوات.

 

خواستی زیاد کردنی کرێ، لەم هەلومەرجەو لە جەرگەی گرانی کەمەرشکێن و چوونە سەری نرخی کاڵاو شمەکی ژیارییدا، بۆتە خواستێکی ناچاری بۆ چینی کریکار و جەماوەری بەش مەینەت بۆ درێژەدان بە ژیان و گوزەرانیان… دیارە بەهەر ئەندازە چینی کرێکار لە ژیان و گوزەرانێکی شیاودا بیت، بەهەمان ئەندازەش چاوەروانیەکانی و ئاستی خەباتی بەرەو سەر دەچێت. چینی کریکار لە ئیران چ لە پێناو باشترکردنی  ژیان و چ لە پێناو درێژەدان بەخەباتی نەپساوەیدا، ناچارە بەرووی نیزامی زاڵمانەو کۆمپانیا چاوچنۆکەکان و سەرمایەداراندا، بیتە مەیدان سەرەکیترین خواستەکانی بەپێی هاوسەنگی هیزی خۆی بخاتە ڕوو. خواستی زیادکردنی کرێ، تەنها خواستێکی روتی ئابوری نییە، بەڵکو خواستە بۆ مانەوە و ژیانکردن و دریژەدان بەخەباتە لەهەلومەرجێکی باشتردا، لە راستای ئامانجە درێژمەدواکانی تری چینی کریکاردا.

بزوتنەوەی کرێکاریی لە ئێران لەناو دڵی بزوتنەوەی روخاندنی جمهوری ئیسلامیدا، بەهەر خواست و بە هەر ئامادەیەکەوە بێتە مەیدان، بەشی پیشرەوی بزوتنەوەی جەماوەری ملیۆنی ئیرانە و داینەمۆی ئاڵوگۆری ریشەییە… مانگرتنی سەرتاسەری و هاوئاهەنگ و یەکگرتوانەی کرێکاران لە دەیان کارگەو ناوەندی شادەماری ئابوری ئیران، لە شوێنی کاری خۆیاندا، ئەو هەنگاوە کاریگەرییە کە دەتوانێت جارێکی ئەو راستیە نیشان بداتەوە کە هاتنە مەیدانی یەکگرتوانەی کرێکاران، لە ناوەندە هەستارەکانی ئابوریدا، دەتوانێت گەروی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەوە خاوەن کارەکان بگرێت و ناچار بەملدان بەخواستەکانیان بکات. دیارە هاتنە مەیدان و مانگرتنی سەراسەری زیاتر لە ٨٠ کارگەو کارخانە و ناوەندی بەرهەم هێنان، تەنها گۆشەیەکە لە هیزی چینی کرێکاریی ئیران، لەناو سەدان و هەزاران رشتەی هەستیاری تری ئابوریدا… بۆیە پشتیوانی رشتەو بەشەکانی تری چینی کریکار لەخواستی کریکارانی مانگرتوو، هیز دەبەخشیتە کرێکارانی مانگرتوو و دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازیش لەگەڵ هیزێکی گەورەتر و سەراسەری تر رووبەڕوو دەکاتەوە… لەوەش زیاتر پشتیوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی توێژو بەشە بێبەشەکانی تری کۆمەڵگە، دەخوازێت.

 

لەوەش زیاتر سەرکەوتنی مانگرتنی کرێکاران و داسەپاندنی زیادکردنی خواستی هەق دەستەکان، کاریگەری لەسەر سەرجەم بەشەکانی تری چینی کریکار و بزوتنەوە رادیکاڵ و شۆرشگێرەکان دەبێت، بۆیەشە پشتیوانی لەم شەپۆلی مانگرتنە، لایەنێکی تری هێز بەخشینە بە ئاسۆی سەرکەوتنی ئەم مانگرتنە سەراسەرییە…

 

چینی کریکار لە عێراق و کوردستان، کە هاوچارەنووسی چینی کریکار لە ئیرانن و لە جغرافیایەکی پاڵ یەکدان، پیویستە پشتیوانی خۆیان لە مانگرتنی کریکارانی ئیران رابگەیەنن و لەوەش زیاتر ئەزموونی یەکگرتوویی و ریکخراوبوون هاوئاهەنگیان، بەدەستەوە بگرن.

 

*****

Leave A Reply

Your email address will not be published.