هەر رۆژە هەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی بۆ بۆپێشەوە دەدوێن…تاژان فەرەج: کۆمەڵناس تاژان ساڵح
هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لەعێراق
لەدوای رووخانی رژێمی بەعس وهاتنە سەرکاری دەسەڵاتی قەومی تایەفی ودینی لەعێراق، چەند جارێک هەوڵدراوە یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ وبەتایبەت برگەکانی تایبەت بە تەمەنی هاوسەرگیری کچان وتەڵاق ومیرات ونەفەقە هەمووار بکرێتەوە. جارێک بەناوی جێگرتنەوەی شەریعە بۆئەو یاسایە وجارێکی تر بەناوی یاسای جەعفەری لە ٢٠٠٣ەوە حزبە ئیسلامیەکان وبەتایبەت باڵی شیعە دەستپێشخەریانکرددوە. ئەوا جارێکی دیکە لەهەوڵێکی دیکەدا بۆبنیاتنانی دەوڵەتی شیعی لەرێگەی گۆڕین وهەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لەعێراق هەنگاوی یەکەمیان ئەوەبوو لە ٥ی ئابی ئەم ساڵدا هەموارکردنەوەکە لەلایەن پەرلەمانتار رائد المالکی(چوارچێوەی هاوئاهەنگی)یەوە پێشنیارکرا وخوێندنەوەی یەکەمی بۆکرا.
بەپێی پسپۆریەکەتان لە کارو ژیانی خۆتان، ئەم هەموارکردنەوەیە چ کاریگەریەکی ئەبێت بەسەر کۆمەڵگە بەگشتی و بەسەر تاکی کۆمەڵگە بەتایبەت و بۆ نەوەی داهاتوو
تاژان فەرەج: کۆمەڵناس….
پڕۆژەیاسای پێشنیارکراو لە چەند ڕووەوە کاریگەری زۆر نەرێنی دەبێت لەسەر ئەندامانی کۆمەڵگە و ژنان و کچان بە تایبەتی، گەر ببێتە یاسای فەرمی. گەر ئەم یاسایە بچەسپێت، ئەوا زۆر بابەت، کە لە جیهانی شارستانیدا بە تاوان هەژمار دەکرێن، لە عێراق بە یاسایی دەکرێن. لێرەدا ئاماژە بە هەندێک لایەن و بەشە جیاوازەکانی دەکەم :
یاسا هەل دەڕەخسێنیت، کە منداڵانێک لە جیهانی منداڵی دوورخرێنەوە و ئەرکی گەورەساڵان و ماڵداریان بەسەردا بسەپێت. هاوسەرگیری منداڵان، بەجیا لە مەترسی تەندروستی، هاوکات منداڵ لە خوێندن، ئازادی گەشەکردن و سەربەخۆبوون دادەبڕێت. لە بری فێربوون و پەروەردەیەکی دروست، منداڵ لەگەڵ ژیانێکی نامۆ و سەخت و دژوار ڕووبەڕوو دەبێتەوە و ناتوانیت لێی دەرباز بێت.
لە ڕوانگەی ژنانیشەوە ئەم یاسایە هەڵگەڕانەوەیەکی پاشەوپاشی فراوانە لە پێگەی کۆمەڵایەتیان. لە بری ئەوەی مافەکانی ژنان بەردەوام بەرەو فەراهەمکردنی زیاتر بچن، پڕۆژەیاسای پێشنیارکراوی ماددەی ١٨٨ جێگەوڕێگەی ژنان لە کۆمەڵگەی عێراق زۆر لاوازتر دەکات. دەرفەتی زیاتر دەڕەخسێنێت، کە ژنان ڕووبەڕووبن لەگەڵ توندوتیژی و ستەم و بێمافی و یاساش ژنان ناچار دەکات قبوڵی بکەن. دەوڵەتیش ئەو دەزگایە نابێت، کە ژنان پەنای بۆ بەرن. پیاوسالاری زیاتر بەسەر کۆمەڵگە باڵ دەکێشێت و مەدەنیەتی کۆمەڵگە لە درێژماوەدا دەباتە پەراوێزەوە.
لەسەر ئاستی تاکەکانی کۆمەڵگە کاریگەرییەکانی ئەم پڕۆژە یاسایە بە هەمان شێوە زۆرن. ناچارکردنی منداڵان بە هاوسەرگیری هاوتایە لەگەڵ لێسەندنەوەی بڕیاردان لە ژیانی تایبەتی خۆ. ئەمە پەیام دەداتە تاکەکانی کۆمەڵگە، کە هەمووان لە بەرانبەر یاسادا یەکسان نین. پێیان دەڵێت، کە دەستدرێژی و بێمافی ئاساییە و دەکرێت بە یاساش پەسەند بکرێت. یاسا تاکەکانی کۆمەڵگە ڕادێنیت لەسەر ئەوەی، کە دەکرێت ژنان و منداڵان ئازار بدرێن و لەسەرو خواستی خۆیانەوە بڕیار لەسەر ژیان و چارەنووسیان بدرێت.
مەترسییەکانی تەندروستی دەروونی لەسەر ئەو منداڵانە بۆ درێژماوە برینی قووڵ دادەنێت، و کاریگەری لەسەر کەسانی تریش دەبێت. بەر لە هەمووان منداڵانی ئەو کچانەی لە منداڵیدا هاوسەرگیریان پێکراوە. تەنانەت کاریگەری دەبێت لەسەر دروستکردنی چینی جیاواز لەسەر بنەمای ڕەگەز. گەر کچان لە منداڵییەوە هاوسەرگیریان پێبکرێت و بە گەورەییش بێماف بکرێن و تەواوی دەسەڵات لە دەستی پیاواندا بێت. ڕاستەوخۆ ژنان بێبەش دەکات لە بڕیاری ئابووری، و دەبنە بەشی هەژارەکانی کۆمەڵگە. بە یاساکردنی ئەم دیاردانە، مەترسی هەیە، کە لە درێژماوەدا تەنانەت ژنان خۆشیان بکاتە بەرگریکار لە ستەم و بێمافی و وەک بابەتێکی ئاسایی تەماشای بکەن.
ڕۆشنە هەموو ئەمانە دەکرێت جیلێکی نوێ بەرهەم بهێنێت، کە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بەلایەوە نامۆ بێت و تەنانەت وەک هەڕەشە تەماشای بکات. مەترسی زۆرە هەڵاواردن و توندوتیژی لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگەدا ببنە بابەتێکی ئاسایی و تەنانەت بە دروست تەماشا بکرێن.
بۆیە ئەم پڕۆژەیاسایە پێویستی بە بەرپەرچدانەوە هەیە، و نابێت پەسەند بکرێت. یاسای باری کەسێتی دەبێت بگۆردرێت، بەڵام بە پێشکەوتووتر و فەراهەمکردنی زیاتری ئازادی و مافی یەکسانی!