خەباتی چینایەتی و ئازادی ژنان… نووسینی: تۆنی کلیف
تێبینی: ئەوەی دەیخوێننەوە وەرگێڕدراوی پێشەکی کتێبی “خەباتی چینایەتی و ئازادی ژنان” نووسراوەی “تۆنی کلیف”ە. تۆنی کلیف لەم کتێبەدا باس لە خەباتی ژنان لە وڵاتانی روسیا، ئەلمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمریکا دەکات لە پەنجا ساڵی رابردوودا.
لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا دوو بزووتنەوەی جۆراو جۆر لە تێکۆشاندا بوون هەتا لە بزووتنەوەی ژنان بکۆڵنەوە: مارکسیزم و فیمینیزم. داخوازیی هەردووکیان خاشەبڕ کردنی نایەکسانی و بارودۆخی ژێر دەستەیی ژنان لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆیی و سەقامگیرکردنی هەلومەرجێکی یەکسانی ژنان و پیاوان بووە. بەڵام ئەم دوو بزووتنەوەیە، ستەمی سەر ژنان بە دوو شێوەی تەواو جیاواز لە یەکتر دەبینن و ستراتیژی جیاوازیان بۆ ئەم رزگاربوونە گرتۆتەبەر، کە بە تەواوی دژ بە یەکن.
فیمینیزم دوو فاقەبوونی سەرەکی لە بۆچوونیدا، بە لەتبوونی نێوان ژن و پیاو دەبینێ و هۆکاری ستەم لەسەر ژنان، پێداگری پیاوان لەسەر درێژەی دەسەڵات و کۆنترۆڵی ژنان دەزانێ، مێژوو، بەسەرهاتی پێکهاتەی پیاومەزنانەی نەگۆڕە کە پیاوان لە رێگای ئەوانەوە ژنان دەکێشنە ژێر رکێفی خۆیانەوە. تەنیا ریگای ژێرەوژوور کردنی ئەم پێکهاتانە لە لایەن ژنانەوە لە هەر چینێکی کۆمەڵایەتی بن، یەکگرتوویی لە دژی پیاوان لە هەر چینێکی کۆمەڵایەتی بێ دایە.
بەڵام مارکسیزم، چارەسەری بنەڕەتی لە کۆمەڵگە، ئانتاگۆنیزمی چینایەتیە و نەک دژایەتی نێوان رەگەزەکان. هەزاران ساڵە کە کەمایەتیەک لە ژنان و پیاوانی کرێکار پێکەوە هاوکاریان کردووە. خەباتی چینایەتی نێوان چەوسێنەران و چەوساوەکان بەدەر لە رەگەزەکەیان، هێزی پاڵنەری ئاڵوگۆرە مێژووییەکان بووە. ستەمی سەر ژنان تەنیا لە نێو جەرگەو پێکهاتەی بەرینتری چەوساندنەوەی چینایەتیدا، بۆ لێتێگەیشتن دەبێ. بەم جۆرە روون دەبێتەوە کە هیچ سات و سەودایەک لە نێوان ئەم دوو بۆچوونەدا لە ئارادا بێ، هەر چەندە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەک لە “فیمینیستە سۆسیالیستەکان” هەوڵیان داوە کە بە جۆرێک پردێک لە نێوان ئەم دوو رەهەندە دا دروست بکەن. لە سەردەمی بیرمەندانی گەورەی سۆسیالیزمی خەیاڵی سەرەتای سەدەی (١٩) واتە سان سیمۆن، فۆریە و رۆبۆرت ئۆوین، سۆشیالیستەکان رزگاری یەکجارەکی رەگەزی مرۆڤایەتیان بە ئامانجی خۆیان داناوە. واتە لە نێوبردنی ستەمی چینایەتی و ستەمی رەگەزی و هەر شێوازێکی تر لە ستەم.
مارکس و ئەنگلس بە بەرینکردنەوەی چەمکی مادی مێژوو، توانیان روونی بکەنەوە کە تەنیا خەباتی چینایەتیە کە دەتوانێ سۆسیالیزم و رزگاری ژنانی لێبکەوێتەوە. چەوساندنەوەیەک کە کرێکارانی پیاو و ژن بە یەکەوە لە شوێنی کاردا ئەزموونی دەکەن، ئەوان بەرەو رێکخستنی هەمەلایەنە لە دژی سەرمایەداری رێنوێنی بکات. خەباتی چینایەتی کرێکاران یەکگرتووە کە ستەم و چەوساندنەوە ژیرەوژوور دەکات.
یەکەم تێگەیشتنی ئەم بزووتنەوەیە لە نوێنگەری ژنانەوە لە مێژوودا بزووتنەوەی ژنان بە دروستی گلەیی دەکات کە “ژنان” لە روانگەی مێژووییەوە پشت گوێ خراون، بەڵام ئەم پشت گوێخستنەیان لە پەیوەند لەگەڵ ناوەرۆکی چینایەتی بە شێوەی نووسین و پەروەردەی مێژوویی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا نابینن. چونکە روانین بۆ مێژوو تەنیا بۆ کردەوەی، دەسەڵاتدارانی وەک پاشاکان، جەنەراڵەکان، وەزیرە پایەبەرزەکان، پاپەکان، خاوەن بانکەکان، کارخانەکان، هونەرمەندانی گەورە، بیرمەندان و فەیلەسووفەکان دەڕوانن. سەرجەمی ئەوانەش بێجگە لە چەند پاشا، ئیمپراتۆر و ژاندارک هەر هەموویان پیاون. بەم جۆرە مێژووش هەروەک بە سەرهاتی پیاوان نووسراوەتەوە. بەڵام تەنیا چەند کەسایەتیەک شانازی ئاوڕدانەوە لە مێژوویان پێ بڕاوە. کەوابوو ئەم رەخنەیە کە ژنان لە مێژوو جیاکراوەتەوە، بەبێ سەرنجدان بەوەی کە سەرجەم پیاوانیش بە کردەوە تووشی ئەم چارەنووسە بوون، لە بنەڕەتدا بە مانای قەبووڵکردنی ئوسولی نوخبەگەرایانەی مێژووی فەرمی یە. تەنیا مارکسیستەکان نەیاری لێبڕاوی دژ بەم بیرە جێگەوتووەن کە بە ئاشکرا رایانگەیاندووە کە “مێژووی کۆمەڵگە بریتییە لە خەباتی چینایەتی” و بەم جۆرەیە کە چینی چەوساوە و هەروەها چینی ژێردەستە – ژنان و پیاوان – جێگەی باسی مێژوون. هەڵبەت مێژوونووسانی بۆرژوازی، جەماوەری خەڵک وەک بوونەوەرێکی پاسیڤی مێژوو کە تەنیا لەژێر کاریگەری کردەوەی چینە دەسەڵاتدارەکانن، دەناسێنن. بەپێی ئەم بۆچوون و تێگەیشتنەیە کە بزووتنەوەی ژنان، ژنان وەک کارتێکراوانی مێژوو واتە “قوربانیانی” ستەمی پیاوان دەبینێ. فیمینیستەکان باس لەوە دەکەن کە ئەوەی کۆمەڵگە و یان تاک بەسەر ژنانی داسەپاندووە. لەم بۆچوونەدا ژنان پاسیڤ و یان لایەنی کەم زۆر دژ کردەوە لە ئاست گوشارەکانی پیاواندا خۆیان دەردەخەن. گەورەترین پارێزەری چەمکی “قوربانی بوونی” پێگەی ژن لە مێژووی چەند ساڵی رابردوودا ” سیمین دۆبوار” بووە. لە روانگەی ئەوەوە ژنان هەمیشە بێ ئیرادە و نموونە گەلێکی تایبەتی وەک ژنانی گەورەی مێژوو لە چەشنی ژاندارک و ئەلیزابێتی یەکەمن، کە مەزنایەتی خۆیان بە وەدەستهێنانی رەوشێکی پیاوانەوە بە دەست هێناوە.
یەکێکی تر لە روانگەکانی پەیوەندیدار بە “قوربانی بوونی” ژنان ئەوەیە کە ئەوان بە درێژایی مێژوو ئاڵوگۆریان بەسەردا نەهاتووە و لەوە دەچێ بۆ هەمیشە رەنگدانەوەی تایبەتمەندی ژنانە بوون، هەتا شتێکی تر ئەو بایەخانەی کە لە لایەن بزووتنەوەی ژنانەوە پارێزگاری لێدەکرێ، بێگومان لە بەرانبەرکێی بایەخی ستەمکاران واتە ئەوەی کە “پیاوان بەڕێوەی دەبەن” قەرار دەگرێ. پیاوان نوێنگەری “هیرارشی”، پیاو مەزنی و دەسەڵاتن و ژنانیش نوێنگەری خوشکایەتی، هاوپشتی و یەکێتی کۆمەڵایەتین. لە روانگەی ئەوانەوە، حیزبە سیاسیەکان و یەکێتییە کرێکارییەکان هەروەک “پێکهاتەیەکی پیاوانە” و رێکخراو گەلێک بە مۆدێلی پیاوانە دەناسرێن. سەرپێچیکارانی بنەمای فیمینیستی لە نێو خۆیاندا بە سیفەتی “وەک پیاوانەوە” پاداشت دەکەن.
بە پێناسەیەکی ئەو تۆیە کە دەبینین بزوونتەوەی ژنان هەر ئەو بایەخ و ستاندارانە وێنا دەکات کە زۆربەی پیاوانی کۆنەپەرست لە مێژوودا لە سەقامگیر کردنیدا هەوڵیان بۆ داوە. دوژمنکارانەترین کردەوە بەرانبەر بە ژنان ئەو کەسانە ئەنجامی دەدەن کە بەردەوام پشت بە ناوەرۆکی هەمیشەیی و نەگۆڕی ئەوان دەبەستن: ژیانی هەمیشەیی وەک بیانوویەک بۆ پاکانەی شێوازی جۆراوجۆری ئاستەنگ و بەربەستی کۆمەڵایەتی ویاسایی بەرانبەر بە ژنان کەڵکی لێوەردەگیرا. ئەم بۆچوونە کە لە بنەرەتدا سەرجەم ژنان وەک یەک پێناسە دەکات، زۆر لایەن لە بزووتنەوەی ژنان بەرەو ئەو شوێنە پەلکێش دەکات کە بە کردەوە پیاوانیش وەک یەک ببینێ. بۆ وێنە یەکێک لە گرنگترین کتیبەکانی بزوونتەوەی رزگاری ژنان واتە “سیاسەتی رەگەزی” نووسراوەی “کیت ملیت” لەبەر چاوە بگرن کە لەو کتێبەدا سەرجەم پیاوان وەک پیاو مەزنانێکی دڵرەق بە هەستێکی سووکایەتی پێکردنەوە و بە لە خۆبایی بوونەوە باس لە ستەمی سەر ژنان دەکات. کاتێک کە سەیری کۆیلەتی پیاوان لە رابردوو و یان ئەو کرێکارانەی کە لەسەر کار دەرکراون و وەتەنگ هاتووی ئێستا دەکەی، هەڵە بوونی ئەم پروپاگەندەیە باشتر هەست پێدەکەی.
تیڕوانینی سوننەتی بۆ مەسەلەی ژنان بە تێگەیشتنی نەگۆڕ و دەروونی بۆ ژنان، هێمای کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکان، سەرچاوە گرتوو. لەو هێزانە نازانێ، کە لە نێو ئەوە کۆمەڵگەیەی کە تێیدا دەژین، هەڵس و کەوت دەکەن. بەڵکو سەرچاوە گرتووە لە سروشتی خودی ژنانەوە پێناسە دەکات و ئەم بۆچوونە رەنگە بە شێوەیەکی هەڵە بەڵام بە شێوەیەکی بەربڵاو لە نێو بزووتنەوەی ژناندا قەبووڵ کرابێ. توندڕەوترین باڵی بزووتنەوەی رزگاری ژنان واتە “Radical Lesbians” بە ئاشکرا کردنی پەیوەندی ژن لە گەڵ ژن وەک بەیانیەیەکی سیاسی تەنها کارێک کە دەیکات چەواشە کردنی پێناسەی سوننەتی لە ژنان بە زیانی پەیوەندیان لەگەڵ پیاوانە.
هەوڵ دەدەین هەتا لەم کتێبەدا روونی بکەینەوە کە هیچ ریزبەستنێکی رێکوپێک وەکو گروپی ژنان لەگەڵ گروپی پیاوان بێجگە لە لایەنی بیولۆژیکیەوە نەبێ، لە ئارادا نییە. رەهەندی نێوان کۆیلە و کۆیلەدار، خان و رەعیەت، چەمکی “پیاوان”ی بە هەمان رادە بێ ماناکردووە کە رەهەندەکانی نێوان ژنی کۆیلەدار و کۆیلەی ژنان، چەمکی “ژنانی” بێ مانا کردووە. بزووتنەوەی ژنان بە هۆی بۆچوونێک کە بەسەریدا زاڵە بە کەڵک وەرگرتن لە دەستەواژەی “ژنان” و “ستەمی سەر ژنان” ئاوێتەی رێڕەوێکی گوماناوی، بێ متمانەیی و دژی مێژوویی دەبن. بۆ ژنانی کۆیلە، ستەم بە مانای توندوتیژیی جەستەیی، چەوسانەوەی رەگەزی وجیاکردنەوەی زۆرەملێ لە مناڵ و بۆ ئەڤینداری لەش پەروەر و خۆش نشینی کۆچبەری ئەوروپایی بە مانای بەرتەسک کردنەوەی کۆمەڵایەتی و یاسایی و سەرکوتی ئارەزووە رەگەزییەکان بووە. بۆ ژنانی چینی کرێکار، شۆڕشی پیشەیی چەوساندنەوەی بێبەزەییانەی سەرمایەداری و هەروەها ترس لە مناڵداری لە هەل و مەرجی دژواری کار لەم کۆمەڵگەیەدا پێناسە دەکات. (مردنی بەشێکی بەرینی مناڵان هەر لە سەردەمی کۆرپەییدا). بۆ ژنی سەرمایەدار، بەڵام ژیانی زاڵمانە و لەش پەروەرانە. وێناکردنی سەرجەم ژنان لە ریزبەتنێکدا بە مانای هەڵاواردن و دەرهاوێشتنی هەلومەرجی مێژوویی تایبەتی و لەبەرچاو نەگرتنی رۆڵی ژنانی خاوەن سەروەت لە بە کۆیلە کردن و چەوساندنەوەی پیاوان و ژنانی کرێکارە.
لە نێو بزووتنەوەی ژناندا زۆر جێکەوتووە کە بارودۆخی ژنان وەک بارودۆخی کۆیلەکان، کەمایەتی رەگەزی ژێرستەم و لە بواری ئابووریەوە گروپی سەرکوتکراوی خەڵک بە یەک روانگە ببینن. بەڵام خاڵی هاوبەشی نێوان ئەم بەشانە زۆر کەمە. ژنان تاقمێکی جیاکراوە نین. ئەوان بەشێکی بەرینی کۆمەڵگەن، ئەگەر ژنان چەوساوەن. پەیوەندی ژنان لە گەڵ پیاوان لە بنەماڵەدا لە بنەڕەتدا لە گەل پەیوەندی کرێکار و سەرمایەدار، یان نێوان رەش و سپی پێست جیاوازە. پەیوەندی قوڵ و دژواری ئابووری، رەگەزی و دەروونناسی، ژنانی ناچار بە هاوکاری کردن لە بنەماڵەدا کردووە. رەش پێستەکان و بە جیاواز لە ناوچەی سپی پێستەکان رادەگیرێن. سۆزی نێوان ژنان و هاوسەرەکانیان خۆشەویستی نێوان دایک و کوڕ پەیوەندی زاڵ و فەرمانبەرانە تێکدەشکێنێ. رەش پێستەکان لە رەگەزپەرستانی سپی پێست توڕەن، بەڵام ژنان تەنانەت لە هەلومەرجی نایەکسانیشدا دەکەونە بەر خۆشەویستی پیاوانەوە. ژنان بە بەشێک لە کۆمەڵگەیەک کە تێیدا دەژین دەژمێردرێن و بەم جۆرە ناکرێ بارودۆخی ئەوان بە جیا هەڵبسەنگێندرێ. ناوەرۆکی سەرەکی ئەم کتێبە لێکدانەوەی چۆنیەتی پەیوەندی چەمکی ستەمی سەر ژنان بە چەوساندنەوەی چینایەتیەوەیە. زۆربەی لایەنگرانی بزووتنەوەی ژنان کاتێک کە باس لە ستەمی هەنووکەیی سەر ژنان دەکەن، وەک بەرهەمی “پیاو مەزنی” باس لە ئاکامی ئەو ستەمە دەکەن. و بەم جۆرە ژێردەستەیی و زاڵبوون وەک هۆکارێک لە دەرەوەی مێژوو وێنا دەکەن کە بە جیا لە کۆمەڵگەی چینایەتی، یان سەرمایەداری بوونی خۆی دەردەخات. لە ئاست ئەم بۆچوونەدا ئاماژە بە” سەرچاوەی بنەماڵە، خاوەندارێتی تایبەتی و دەوڵەت”ی فریدریک ئەنگلس وەک بنەمایەکی تیۆریک دەکەین. ئەنگلس بەم جۆرە بەڵگە دێنێتەوە کە سەرهەڵدانی خاوەندارێتی تایبەتی و دابەش بوونی کۆمەڵگە بە چینەکان بوو، کە کۆت و بەندی ژنانی لێکەوتەوە.
لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، بەرهەمی پێویستیە سەرەتاییەکانی ژیان، بەرهەمێکی کۆمەڵایەتییە، دەبینین کە ئێستاش نۆژەنکردنەوەی ئەو – واتە پەروەردەکردنی مناڵ – کردەوەیەکی تایبەتیە کە بەردەوام لە چوار چێوەی ماڵدا دێتە ئاراوە. ستەمی سەر ژنان لە بەرانبەرکێ و ناکۆکی نێوان ئەم دوو رەهەندەوە سەرچاوە دەگرێ. بەم جۆرە خەبات بۆ رزگاری ژنان ناتوانێ لە خەبات دژی سەرمایەداری جیابێ. بوونی ستەم خۆی لە خۆیدا خەبات بۆ رزگاری لێناکەوێتەوە. ستەمی سەر ژنان بە هەڵاواردنیان و دەستبەسەرکردنیان لە چوارچێوەی بنەماڵەدا بە گشتی، لاوازی وکۆیلەتی ئەوانی لێدەکەوێتەوە. تەنیا لەم شوێنە کە ژنانی کرێکار هێزی یەکگرتوویان هەبێ دەتوانێ متمانە بە خۆیان پێبدا بۆ خەبات لە دژی چەوساندنەوە و توانا و هێزی خەبات لە دژی ستەمێک کە بە سەریان دا سەپاوە وەک ژن پەیدای دەکەن. لایەکی تری مەسەلەکە ئەوەیە کە کرێکارانی ژن وەک لایەنەکانی دیکەی ستەملێکراو، لە سەردەمی قەیرانی کۆمەڵایەتی لە زۆر بواردا شۆڕشگێرانی خۆڕسکی ئەم بوارە لە پیاوان بە تواناترن. خەباتی کرێکاران لە دژی چەوسانەوە، کلیلی خەباتی سەرکەوتوانەی ئەوانە لە دژی هەر جۆرە ستەمێک. بەم جۆرە یەکەم یەکەم هەنگاوی ژنانی چینی کرێکار بۆ هاتنە نێو گۆرەپانی خەبات لە پێناو بوونیان، هاتنەدەر لە گۆشەی ماڵ و پێنانە نێو گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی بەرهەمهێنانە. بەڵام ئەم کارە بە مانای “رزگار بوون لە رێگای کارو پیشەوە نییە”. ئەنگلس لە کتێبی “بارودۆخی چینی کرێکاران لە بەریتانیا” بە وردەکاریەکی زۆرەوە شیدەکاتەوە کە چۆن ژیانی چینی کرێکاران بە پەلکێش کردنی ژنان بۆ سەر کار لە کارخانەکان ئاستێکی دڕندانە و نامرۆڤانە بە خۆیەوە دەگرێ. لە روانگەی کۆمەڵناسان، ئابووری زانان ومێژوونووسانی سەرمایەداریەوە، چەوساندنەوە تەنیا چەوسانەوەیە، بەڵام لە روانگەی مارکسیستەکانەوە چەوسانەوە تەوەری خەباتی چینایەتی و سەکۆی دەربازبوونی رزگاری مرۆڤەکانە. ئەو توندوتیژی و بەربەرییەی کە ئەنگلس باسی دەکا، خەباتی هاوبەشی ژنان و پیاوانی لە پێناو ئاڵوگۆری کۆمەڵایەتی لە بەرژەوەندی چینی کرێکارانی لێ دەکەوێتەوە، کە ئێمە هەوڵ دەدەین لەم کتێبەدا ئەوە شیبکەینەوە. لەم کتێبەدا پێداگری ئێمە لە سەر ژنانی چینی کرێکار وەک کاتێکراوانی مێژوو و دروستکردنی ئەم مێژووە دێتەوە ئاراوە. مێژووی خەباتی ژنانی کرێکار بە جۆرێک دەوڵەمەند و بەرینە کە بۆ من زۆر دژوار بوو بتوانم چەند بەشێک لەم گۆڤارەدا بگونجێنم. لە ئاکامدا ناچار بووم تەنیا پوختەی ئەم خەباتە هەڵبژێرم. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە مێژووی ژنانیش لە خۆ دەگرێ، شۆڕشەکان ئەم پوختەیەن و هەر بۆیە ئاماژەم بە رۆڵی ژنان لە چوار شۆڕشدا کردووە.
بە شۆڕشی سەدەی ١٧ی بەریتانیاوە دەستم پێکردووە کە بۆ یەکەم جار بیرۆکەی رزگاری ژنان و جۆرێک لە ئەخلاقیاتی رەگەزی نوێ پشکوتن. شۆڕشی فەرەنسا لە سەدەی ١٨ و کۆمۆنەی پاریس لە سەدەی ١٩، خەباتی لێبڕاوانەی ژنانی کرێکار ئاشکرا دەکات.
لە کۆتاییدا ئاماژە بە مێژووی شۆڕشی ١٩١٧ دەکەین کە لە راستیدا دەکرێ بڵێین لەوە بە دواوە بوو کە یەکەم ساتەکانی رزگاری ژنان دەست پێدەکا. یەکەم هەلێک کە یەکسانی تەواوی ئابووری، سیاسی، رەگەزی ژنان دەخرێتە دەستووری کاری مێژووە. سەرەتای نوێی سیاسی، ئابووری و بنەماڵەیی دەست پێدەکا کە ئامانجیان ژیرەوژوو کردنی یەکجارەکی نایەکسانی چەند سەد ساڵە بووە. دەوڵەتی نوێ مافی دەنگدانی بۆ ژنان بە رەسمی ناسی، یاسای تەڵاق و مافە مەدەنیەکانی پەسەند کرد کە بە گوێرەی ئەوان ئیزدواج پەیوەندیەکی داخوازانە بوو و جیاوازی لە نێوان مناڵی “مەشروع و نامەشروعی” هەڵوەشاندەوە. بەڵام سەرنجدان بە ناکامی شۆڕش بۆ پەرەگرتن لە ولاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری و گرنگ تر لەوەش لە ئەلمانیا، شۆڕشی تەریک کەوتووی روسیا لە رەوتی سەرەکی خۆی لایدا و لە سەردەمی ستالین، دژە شۆڕش سەقامگیر بوو. هەموو شتێک کەوتە ژێر کاریگەریی بنەمایی پیشەسازی. هەر بۆیە رژێم رێک سەرنجی نەدا بەو بەشانەی کە دەیانتوانی لە ئازاری ژنانی کرێکار کەم بکاتەوە. رژێم، لە سەردەمی ستالیندا بە مانای توێژبەندی توندی کۆمەڵایەتی بوو. کاربەدەستانی رژێم پێکهاتەی بنەماڵەیان هەر وەک پاوانخوازان بۆ کۆمەڵگە بە قازانج دەزانی.
مێژووی تێکۆشانی رێکخستنی ژنانی کرێکار لە ڕێکخراوە سۆسیالیستیەکانی وەک مێژووی گشتی بزووتنەوەی چینی کرێکاران، بەسەرهاتی دوور و درێژی هەوراز و نشێوەکانە. سەربردەی دژوارو شکستە دڵتەزێنەکان. سەرەڕای ئەوەش خەبات درێژەی هەیە، تەنانەت ئەگەر قەرار بێ هەموو شتێک لە سەرەتاوە دەست پێ بکات. لە خەباتی رزگاریدەرانەدا – رزگاری ژنان و پیاوان – ئەرکی ئەم حیزبە ئەوەیە کە ریبەرایەتی خەباتی چینایەتی بە دەستەوە بگرێ و بە خەبات لە دژی بیرباوەری زاڵی بۆرژوازیی هەوڵ بدات بەسەر کەندو کۆسپەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار- هەورەها نێوان ژنان و پیاوان – زاڵ بێت و سەرەنجام لە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانەی کۆمەڵایەتیدا ئەم چینە رێبەرایەتی بکات. مێژوو بە شێوەیەکی بی بەزەییانە دەری دەخات کە هەتا چەندە دامەزراندنی حیزبی جەماوەری سۆسیالیستی ئەرکێکی تاقەت پڕوکێن و دژوار بووە و ئەو گیروگرفتانەیە کە لە سەر هەوڵەکانی پەیوەندیداربە سەرکەوتنی ژنانی کرێکارەوە کاریگەری دادەنێ.
پێنج بەش لەم کتێبە تەرخان کراوە بۆ سەرکەوتن و شکستەکانی ریکخستنی ژنانی کرێکار لە نێو بزووتنەوەی سۆسیالیستی ساڵەکانی ١٨٦٠ بۆ ١٩٢٠ لە وڵاتانی ئەمریکا، ئەلمانیا، روسیا، فەرەنسا و بەریتانیا. گەشەی ئەم بزوونتەوە جۆراوجۆرانە، جیاوازی زۆریان پێکەوە هەبووە. یەکەم جیاوازی بۆ جیاوازی گەشەی ئابووری لەم وڵاتانە هەڵدەگەرێتەوە. پەیوەندی بارودۆخی ژنان لە ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی کە لە وڵاتە جۆراوجۆرەکان لە ئارادا بووە و هەروەها ئەم بیروباوەرانەی کە لە لایەن ژنانی سۆسیالیستەوە لەم وڵاتانە پەرەی پێدەدرا و لەم بیرۆکانەدا نوێنگەری سیاسی و رێکخراوەیی بزوونتەوەی ژنانی سۆسیالیست گەشەی دەکرد، زۆر هەستیار و ناسک بوو. هەر بۆیە بزووتنەوەی ژنانی کرێکار لە وڵاتانی جۆراوجۆر جیاوازی زۆریان بەیەکەوە هەبووە و ئەم جیاوازیانەش لە جیاوازی نێوان چینی کرێکار لە وڵاتە جۆراوجۆرەکان و هەروەها لە جیاوازی گەشەی ئابووری لە وڵاتەکاندا زۆر زیاترە. بەڵام پاش ساڵەکانی ١٩٢٠، مەسەلەی رزگاری ژنان بە هەڵکردنی گێژاوی ترسناکی قەیرانی گەورەی ئابووری، نازیزم، ستالینیزم و سەرهەڵدانی دووبارەی سۆسیال دیموکراتی راستڕەویی کەوتە پەڕاوێزەو لە بیر کرا. تەنیا نیو سەدە دواتر بوو کە بزووتنەوەی نوێی ژنان لە ساڵەکانی قەیرانی قوڵی سەرمایەداری جیهانی لە کۆتایی دەیەی ٦٠ و سەرەتای دەیەی ٧٠ سەرلەنوێ سەری هەڵدایەوە. لە بەشەکانی کۆتایی کتێبەکەدا چاوێک دەگێرین بەسەر بزووتنەوەی رزگاری ژنان لە ئەمریکا و بەریتانی. پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و شێوەی کارکردی ئەوان هەڵدەسەنگێنین. نیشان دەدەین کە چۆن ئەم بزووتنەوانە سەرنجیان داوەتە قەڵەمڕەوێک کە ژنان و پیاوان لە یەکتر نامۆن، دەست درێژی رەگەزی، لێدانی ژنان، و حەقدەست بۆ کاری نێوماڵ- و سەرنجیان نەداوە بە خەباتێکی گرنگ کە ژنان بۆ وە دەستهێنانی پشتیوانی پیاوان، سەرکەوتنی گەورەتر بە دەست دێنن بۆ وێنە مانگرتن، دژایەتی لەگەڵ کەمکردنەوەی هەزینەکانی ئاسایش، حەقدەستی یەکسان و یەکێتی کرێکاری. بزووتنەوەکانی ئەو سەردەمەش، ژنان بە قوربانیانی زاڵ بوونی پیاومەزنی وێنا دەکات و نەک وەک ئەندامی خەباتگێری چینی کرێکاران بە جێگای وردبوونەوە لەو شوێنانەی کە ژنان بەهێزترن – لە چەشنی یەکێتیەکان و شوێنەکانی کار- زۆرتر سەرنجیان داوەتە ئەو لایەنەی کە تێیدا لاوازترن. هەر بۆیە بزووتنەوەکانی ژنان کەوتۆتە بەراوێزەوە و لە بەرابەری لێکترازان و هەڵوەشان دابووە، هەر چەند کە بیروباوەرەکەیان هەنووکەش لە ئاستێکی بەریندا کاریگەری هەیە.
لەم بزووتنەوانەدا وردە بۆرژوازی نوێ، مۆری چۆنیەتی و تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی خۆی لە چەمکی ستەم و رزگاری ژنان داوە. هەم ژنان و هەم پیاوانی ئەم چینە بە دەست جۆرێک لە خۆنامۆ بوونەوە ئازار دەکێشن – و ژنان زیاتر بە دەست ئەم لە خۆ نامۆ بووەنەوە دەناڵێنن، چونکە بەردەوام لە بەرزو نزم بوونەوەی پیشەکاندا زوڵمیان لێدەکرێ و تووشی هەڵاواردن دەبن – شۆڕشی ئەم چینە ناوەنجیە ئەوەندە گرنگ بوو کە مارکس وەک “سۆسیالیزمی وردە بۆرژوازیی” پێناسەی دەکات. ئەوان نایەکسانی و شەروشۆییەکانی نیزامی سەرمایەداری لە قاو دەدەن، بەڵام هەروا تاک پەرستن و توانای ئاوێتە بوون لەگەڵ چینی کرێکاریان نییە، کە چینی کرێکاران تاکە چینێکە دەتوانێ کۆتایی بە سەرچاوەی ئەم نایەکسانی یانە بێنێ. لە کۆتاییدا ئاوڕێک لە ستەمی سەر ژنان لە کۆمەڵگەی ئێستادا و هەروەها بنەماڵە و پێشینەی مێژووی کە بنەماڵەی چینی کرێکاری شکل پێدا دەدەینەوە.
بۆچی بنەماڵەی چینی کرێکار کە لە سەردەمی سەرەتای گەشەی سەرمایەداری ئەوەندە “هاوچەشن” نەبوو، توانی بمێنێتەوە؟ چۆن و بۆچی ژنان و پیاوانی کرێکار لە پێناو بەرگری لە بنەماڵە خەباتیان کرد و ژنان دەبێ چ نرخێک بۆ سەرکەوتنە دیاریکراوەکانی خۆیان لە توندوتیژی سەرمایەداری بدەن؟ ئەمڕۆ کانە بنەماڵە رۆڵی پشتیوانی هەیە یان ستەمکارانە و یان هەردووکیان؟ رۆڵی ئەو وەک ناوەندی لە خۆنامۆ بوونی ژنان چییە؟ ئایا بنەماڵە دەتوانێ خەڵوتگایەکی هێمن بۆ ئەڤین و جوانیەکانی دەروون لە کۆمەڵگەیەکدا بێ کە سەرجەم پەیوەندی تاکەکان چەواشە کراوە؟ چین، چۆن لە سەر بنەماڵە کاریگەری دەبێ؟ بە کام شێوە بنەماڵەکانی چینی کرێکاران لەگەل بنەماڵەکانی چینی ناوەراست، جیاواز دەبن؟.
بەشی کۆتایی باس لە پەیوەندی نێوان چەوساندنەوەی ژنانی کرێکار و ستەمی سەر ئەوان وەک ژن دەکات. بە شێوەیەکی گشتی ستەم لە کۆمەڵگەدا و بە تایبەت لە بنەماڵە، چ کاریگەریەکی لەسەر ژنان دەبێ؟ پەیوەندی نێوان خەباتی چینایەتی لە دژی چەوسانەوە و سەرمایەداری لە لایەک و خەبات لە دژی ستەمی سەر ژنان چییە؟ ئەو رێکخراوانەی کە بۆ رێبەرایەتی کردنی ئەم دوو خەباتە کە پێگەی چەمکی مارکسیستی پەیوەندی چەوسانەوە، ستەم و رزگاری لە نێو جەرگەی مێژوودا روون بکەینەوە. ئێمە لەسەر ئەو بڕوایەین کە رزگاری ژنان ناتوانێ بەبێ سەرکەوتنی سۆسیالیزم بەدیبێت و سۆسیالیزمیش بەبێ رزگاری ژنان مسۆگەر نییە…
وەرگێرانی لە فارسییەوە: بێستون