ئەنوەر حسێن: كشانەوەی ئەمەریكا گەر تاران نە ڕووخا عێراق دەكاتە جەهەنەم و گەر ڕووخا عێراق ڕەنگە بكەوێتە دەست هێزێكی سوننی و كوردیش دەهاڕێ. چاوپێكەوتى بۆ پێشەوە لەگەڵ ئەنوەر حسێن (بازگر) نووسەر و ڕۆنامەنووس سەبارەت بە پرسی کورد لەناوچەکە و مەسەلەی پیکهێنانی حکومەت و پەرلەمان و ئایندەی سیاسی کوردستان…

0

بۆپێشەوە: سەرەتا دەمانەوێت بپرسین، چۆن دەڕوانە مەسەلەی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەو تێکەڵ بوونەوەیان لەگەڵ رژێمی نوێی سوریا؟ ئایا ئەمە ڕێگاچارەیەکی ناچاری بوو، یان بژاردەیەکی عەقڵانی؟

ئەنوەر حسێن: هەردووكیان بوو؛ بەو مانایەی پاش پانزە ساڵ لە ئاڵوگۆڕەكانی سوریا لە ڕووداوەكانی بەهاری عەرەبی و دروستكردنی كانتۆن و خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا و پشتیوانی ئەمەریكا و خۆرئاوا و دەست و پەنجە نەرمكردن لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد، بەڵام ڕووداوەكانی (7)ی ئۆكتۆبەرى (2023) و (8)ی دیسمبەری (2024) ڕووخانی ئەسەد جێگە و پێگە و موقیعیەتی (هەسەدە) كەوتە بەردەم مەترسی و پاشەكشەی گەورە.

یەكەمیان؛ بەدەلیلی هاتنی ڕژێمێكی نوێ بە پاڵپشتی ئەمەریكا، توركیا و وڵاتانی كەندا و چاوپۆشی لە ڕابردووی وەكو جەریانێكی ئیسلامی- سوننی، فەندەمێنتاڵ، نمایشكردنی وەكو فریادڕەس و سیستمێكی نوێ بۆ خەڵكی سوریا.

لەژێر هەژموونی پانزە ساڵی ڕابردووی (پەكەكە) بەسەر (هەسەدە) و ڕۆژئاوا، توركیا شار و ناوچە گرنگەكانی (عەفرین، سەرێكانی، گرێ سپی و عەزاز و جرابلوس…)ى داگیر كرد، بوە كارەكتەری سەرەكی بۆ ڕووخانی ئەسەد و هێنانی شەرع، بە ئامانجی شكستی پرۆسەی سیاسی كوردی هەرواش دەرچوو.

دووەم؛ هاوپەیمانێتی نێوان (پەكەكە و ئێران) وەكو بەشێك لە درێژكراوەی خەتی هیلالی شیعی، كە (هەسەدە) لە ناو ئەو یاریەدا بوو، پاش گۆڕانكاری سوریا، ئەو شوێنەی ئێران درا بە توركیا و ئیسرائیل.

لێرەدا بە ئاشكرا ئەمەریكا ڕایگەیاند، ئەوان ئیتر لەگەڵ هێز و گروپی چەكدار نین و پشتیوانی لە دەوڵەتی مەركەزی دەكەن.

تا گەیشت بە ڕێككەوتنی ژانویەی (2026)ی پاریس لە نێوان دیمەشق و تەل ئەبیب بە ناوبژیوانی ئەمەریكا و بەشداربوونى توركیا و فەڕەنسا، سوریا، ڕازیبوونی ناوچەكانی باشور (سویدا، درعا، قونتەر…) لەژێر چاودێری ئیسرائیل دابن و بێ چەكی قورس بن، توركیا شەرعی ڕازیكرد بەو سازەش لە بەرامبەردا كۆتایی بە حوكمی (هەسەدە) لە ناوچە كوردی و عەرەبییەكان بهێنن، تا ئەوكاتەش (پەكەكە) یان (هەسەدە) ملیان بۆ ئەم داوایانە نەدا، بەڵام (تۆم باراك) ڕایگەیاندبوو؛ كە لە ڕێككەوتنی پاریس هەموو شت كۆتایی هاتوە.

تا دواجار لە سێ كۆبوونەوەی سەری ڕەش لە هەولێر، بارزانی، باراك، عەبدی بە ناچاری قبوڵكرا.

كە پڕۆسەكە نەبەدڵى (ئێران و پەكەكە) بوو، بۆ تائیدی قسەكەشم، ڕۆژی (18/9/2026) جەمیل بایك هاوسەرۆكی (كۆما جڤاكێن كوردستان) ڕایگەیاند كە “ئەو كارو بڕیارانەی مەزڵوم عەبدی، تەعبیر لە خواستی كورد ناكەن و ئەو پۆستەی وەریگرتوە هی كورد نییە و نەدەبوو قبوڵی بكات”.

بەڵام بایك، ناڵێ ئەى دەبوو (هەسەدە و عەبدی) چی بكەن؟

شەڕیان بكردایە؟ بچوونایە قەندیل؟

بۆیە لە سەرەتاوە وتم؛ هەردووكیان، (هەسەدە) هیچ دەرچەیەك و ئەڵتەرناتیڤێكی نەمابوو، لەنێوان گەلەكۆمەكێى (ئەمەریكا، ئیسرائیل، توركیا، سوریا، وڵاتانی كەنداو) نغرۆ ببوو.

ئەمەریكییەكان لەنێوان ئیسرائیل و تورك، یەكەمیان هەڵبژارد، بەڵام لەنێوان (توركیا، سوریا، كورد و هەسەدە) دیسان ئەنكەرە و دیمەشقیان هەڵبژارد و كۆتاییان بە ئەزموونی ڕۆژئاوا و پانزە ساڵی هێنا.

دەبێ ئەوەش زیاد بكەم، خودی پڕۆسەی ئاشتی توركیا لەگەڵ ئۆجەلان و پەكەكە، ئامانجی سەرەكی تێكشاندنی ڕۆژئاوا و كوردستان و مەترسییەكانی بوو، كە سەد لە سەد ئامانجی پێكاوە.

بۆپێشەوە: ڕێكکەوتنی ئاشتی!! نێوان پەکەکەو دەوڵەتی تورکیا، چ کاریگەرییەکی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەو تیکەڵ بوونەوەی لەگەڵ حکومەتی سوریا هەبوو؟ وە ئایا تیکەڵ بوونەوەی هەسەدە لەگەڵ حکومەتی سوریا، بە مانای چارەسەری کیشەی کورد دێت لە سوریا؟

ئەنوەر حسێن: جارێ بابڵێم، لەلایەن ئەنكەرەوە پڕۆسەكە ناوی پڕۆسەی ئاشتی نییە، بەڵكو (پڕۆسەی توركیای بێ تیرۆرە)، ئەم پڕۆسەیە لەلایەن توركیاوە بەچەند ئامانج و فاكتی مەترسیدار سەریهەڵدا و توركیا كاری لەسەركرد:

یەكەم: ڕووداوەكانی (7)ی ئۆكتۆبەر، تیكشكاندنی حەماس و هەژموونی ئیسرائیل، وایكرد ئەنكەرە زوتر خۆی لەگەڵ ئەو ڕووداوانە سازمان بدات، چونكە پێی وابوو ڕێككەوتنی ئیبراهیمی و هەژموونی زۆرتر دەبێ لە خۆرهەلاتی ناوەڕاست و ڕەنگە كورد بەكاربێنێت دژی توركیا.

دووەم؛ توركیا باش دەیزانی، ئیسرائیل كەین و بەینی لەگەڵ (هەسەدە) هەیە و ڕەنگە ببێتە مایەی مەترسی، بۆیە بڕیاریدا، ئەوەی بە شەڕ و داگیركاری لەگەڵ هەسەدە بۆی ناكرێت، لە ڕێگای ڕابەری (پەكەكە) ئۆجەلان، فشار لەسەر هەسەدە دروستبكات و لە ئەنجامدا، هەر واشیكرد.

سێیەم؛ ئەنكەرە بە وردی دراسەى هەڵوێست و گۆڕینی فكری ئۆجەلانی كردبوو لە زیندان و بەتایبەتی لە ڕێگای ئەو بەرگری نامەیەی (مانیفستۆی شارستانی دیموكراتی) كە لە ساڵی (2010) لە زیندانی ئیمراڵی نووسیوە.

بۆپێشەوە: با بێینە سەر دۆخی هەرێمی کوردستان، نزیکەی دووساڵە پەرلەمان نییە، حکومەت!! کار بەڕێکەرە، کەچی هیچ ئاڵوگۆرێکی بەرجەستە بەسەر هەرێمی کوردستاندا نەهاتووە، ئەوە بۆچی دەگەڕێتەوە، ئایا حکومەت و پەرلەمان هەبن یان نەبن، هیچ ناگۆڕێت؟ بە راستی وەکو دەوتریت حکومەت و پەرلەمان بەمانای وشە، کارتۆنین؟

ئەنوەر حسێن: نەبوونی پەرلەمان پەیوەندی بە كێشە و ململانێی نێوان پارتی و یەكێتی هەیە! كاتێ لەسەر بەش و پۆست و بەرژەوەندی خۆیان ڕێك ناكەون، پەرلەمانیش پەك دەخەن كە لە ڕووی یاساییەوە بێ ئەو دوو هێزەی پەرلەمان ناتوانێ كۆبێتەوە.

پەككەوتنی پەرلەمان وابەستەیە بە گرفتی پۆستەكانی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم! چونكە ئەو پۆستانەی یەكێتی داوای دەكات پارتی قبوڵی نییە، یەكێتی دەڵێ؛ جگە لەوەی بارودۆخی سیاسی و نفوز گۆڕاون، هاوپەیمانی لەگەڵ نەوەی نوێ دروستكردوە، كە ئێستا وەكو یەك وان، لە ڕاستیدا پەرلەمانی كوردستان جیا لەوەی بۆتە شوێنی بەخێوكردنی كۆمەڵێك خەڵك بە پارەیەكی باش كە نە توانایان هەیە نە دەتوانن ڕۆڵێكیان هەبێت دوو ساڵە مانگانە موچەیەكی شەش ملیۆنی وەردەگرن بەبێ ئەوەی یەك وشەیان وتبێ، كەچی هیچ پێیان عەیب نییە، هەندێكیان جاروبار دێن چوار وشەی بێ مانا بە قازانجی حيزبەكەيان و دژی حیزبەكەی تر.

بەڕاستی خەڵكی كوردستان بەشێكی زۆر لەو دەم و چاوانەی ئەو پەرلەمانتارانە دەبینن كەناڵەكانى ڕاگەیاندن یەكسەر دەیگۆڕن، هێندە ناشرینن.

واتا ئەو كەسانەی بە حساب نوێنەری خەڵكن، كەچی بێ دەبەرستانە پارەوەردەگرن و هیچ ناكەن، تەنانەت لە سۆماڵ شتی وانییە.

بە كورتی پەرلەمانی كوردستان، زیادەیە؟ بەڵێ زیادەیە، ئەگەر بڵێی چۆن، دەستەیەكی (10) كەسی دەتوانێ هەموو ئەو یاسا و ڕێسایانە دەربكات ئیتر ئەو (100) كەسەمان بۆ چییە.

وەكو هاوڕێكمان دەیوت؛ وایلێهاتوە شەرمە ئیتر پەرلەمانتار بیت.

با ئەوەش بڵێم؛ دەورەی پێشووی پەرلەمان خراپترین دەورە بوە، ئەم دەورەیەش فاتیحای لەسەر دەخوێنن و جار بۆ جاریش خراپتر و خراپتر دەبێت.

بۆپێشەوە: هەندێک دەڵێن دۆخی سیاسی کوردستان توشی چەقبەستووی سیاسی بووە و هۆکارەکەی بۆ نەبوونی حکومەت و پەرلەمان و ڕێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی دەگێرنەوە، بەراستی هۆکاری چەق بەستوویی سیاسی هەرێم نەبوونی حکومەت و پەرلەمان و ڕیکنەکەوتنی پارتی و یەکێتییە، یان هۆکاری بناغەیی تر؟

ئەنوەر حسێن: نەبوونی پلان و ستراتیژ و سەردەرنەكردنە لە هەلومەرجی سیاسی و قەیرانی ناوچەیی و ناخۆییەكان، چونكە باوەڕم وایە، بە پێكهاتنی حكومەت و پەرلەمان، خواست و كێشە و گرفتەكانی خەڵك چارەسەر نابێت، تەنها ڕووكەشێك ڕوو بە دەرەوە نیشاندەدات كە حكومەت و پەرلەمان هەیە و ئەم دوو هێزە تەبان، دەكرێت چەند پرسيارێك بكەم:

یەكەم؛ لەكاتی ئاسایی و پێكەوەبوونی هەردوو لاش، هیچ كات حكومەتی یەكگرتوو نەبوە و تەنها لایەن لە سنووری زۆنی خۆی دەسەڵاتی هەبوە، كەمترین سيقە و متمانە لە نێوانیاندا هەیە، هەمیشە یەكێتی گلەیی لە پارتی كردوە، كە حكومەت شەراكەتى ڕاستەقینە نییە و پارتیش هەمیشە وتوویەتی؛ یەكێتی ڕۆژ لەگەڵ حكومەتە و شەویش ئۆپۆزسیۆنە.

دووەم؛ من دەپرسم گەر حكومەت و پەرلەمان كارا بكرێتەوە ئایا چی لە ژیانی خەڵك دەگۆڕێ ئایا موچە لە كاتی خۆیدا دێت؟

ئایا نرخی بەنزین و نەخۆشخانە و ئاو كارەبا هەرزان دەبێت؟

ئایا ئازادیيە سیاسی و پیشەييەكان زۆرتر دەبێت؟

ئایا دەتوانن سیاسەتی هاوبەش و باشیان ڕوو بە ئێران و توركیا هەبێت؟

ئایا ژیانی خەڵكی هەژار و بەش مەینەت باشتر دەبێت؟

ئایا زەوی تاڵانكردن بۆ چاوچنۆكانی سەرمایە بە ناهەق چاك دەكرێ؟

ئایا خەڵك كارو ژیانی باشتر دەبێت، ئەگەر وەڵامەكەی بەڵێ یە؟ فەرموو با حكومەت سبەی پێكبێت.

ئەگەر نا دواخستنی حكومەت شتێكی سەیر و عەجیب نییە.

لە حاڵەتی دروستبوون و دروست نەبوونی حكومەت، پەرلەمان هەرێمی كوردستان هەر دوو حكومەت و دوو زۆنە.  

بۆپێشەوە: دوای هەڵبژاردنی عەلی زەیدی و پیکهینانی کابینەی تازەی حکومەت لەبەغدا، ئاییندەی ناسیونالیزمی کورد و حکومەت و پەرلەمانی هەرێم چۆن دەبینن؟

ئەنوەر حسێن: ئایندەی كورد لە باشور، هێندە پەیوەندی بە ڕۆڵ و كاریگەری زەیدی نییە، بەڵكو ئەوەی لە عێراق بڕیار دەدات یان ئێرانە یان ئەمەریكا.

بەڵام ئەوەی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە داهاتووی كورد لە باشور، كورد لە پارچەكانی تر هەیە، ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسی و جەنگ و ڕووداوە گەورانەیە كە لە ناوچەكە ڕوودەدەن.

یەكەم؛ ڕووخان یان مانەوەی ئێران، پەیوەندی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی بە كوردستانەوە هەیە، چونكە چەند هەژموونی ئێران لەسەر عێراق كەمتر بێتەوە، باشترە و پێچەوانەكەشی ڕاستە.

دووەم؛ بەدوای ڕووداوەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و پاشەكشەی هەسەدە دەركەوت، كە ئەمەریكا و ئەورووپا وەك هەميشە بەرژەوەندی خۆیان گرنگترە لە هێزێكی شەڕكەر واتا لەدوای ڕێككەوتنی پاریس لە ژانویەی (2026) كوردەكان خرانە قوربانی ڕێككەوتنی سوریا و ئیسرائیل، بە واتایەكی تر ئەمەریكا بە توركەكانی وت؛ سوریا ڕازی بكەن، بە سازش بۆ ئيسرائيل بكەن، كريان، لەنێوان كورد و تورك، ئەمەریكا توركەكانی هەڵبژارد و كوردی گەڕانەوە چوارچێوەی يەكەم، ئەوە لە كاتێكدایە دەخالەتی نێگەتیڤی (پەكەكە)ی زۆر تێدابوو.

سێیەم؛ ئەمەریكا و ئەورووپا، دەستیان داوەتە پرۆسەیەك كە نابێ هێزی چەكدار، میلیشیا، گروپی چەكدارى بمێنێت، لە باڵی شين فينى ئێرلەندا، بزوتنەوەى فەتح، بزوتنەوەى تۆپاك ئامارۆ، پڵنگەكانی تامیل لە سریلانكا، فارك، لە كۆڵۆمبیا، حەماس، حيزبوڵڵا، حەشدی شەعبی و هەسەدە، پەكەكە، لە نەزەری ئەوانەوە (هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش) واهایە نابێ بمێنێ و بەتایبەتی كە لە مانگی ئەیلولی (2026) هەموو هاوكاری و بوجەی ئەم هێزەی بڕیوە.

مەبەستمە بڵێم؛ چارەنووسی كورد باش نابێت.

چوارەم؛ ئەمەریكا و نوێنەرەكەی تۆم باراك زوو وتی؛ دەبێ ناوەند بەهێز بێت و لامەركەزی و ناسەنتڕاڵ شكستی هێناوە، هەربۆیە لە سوریا وایانكرد و لە داهاتووشدا ڕەنگە هەرێمی كوردستان تەسلیمی عێراقی شیعی دوای ڕووخانی ئێران یان سوننی دوای كۆتایهاتنی دەسەڵاتی شیعی بكەن.

پێنجەم؛ پێم خۆش نییە وابێت، بەڵام چارەنووسی هەرێمی كوردستان لەناو جەرگەی ئەو شەڕ و قەیران و ململانێی زلهێز و هێزە ناوچەييەكان باش نابینم بەتایبەتی، كە هێزەكانی كوردستان نەیانتوانیوە دڵی خەڵكی ڕابگرن.

بۆپێشەوە: دەکرێت دەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەیی و چەکداری، بە راستی خوازیاری پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمانێکی شێوە باوی بورژوای بن، یان ئەم فۆرم و ئەلگۆیەی دەسەڵات خۆیان کۆسپی بەردەم پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمانن؟

ئەنوەر حسێن: لە وەڵامی پێشوومدا باسمكرد.

بۆپێشەوە: زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حکومی باسی مەترسی لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێم دەکەن، ئایا بە کردەوە مەترسییەک لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێم هەیە، یان ئەوەی دەوترێت مەترسیە لەسەر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی؟

ئەنوەر حسێن: لە وەڵام بە پرسیاری (5) دا باسمكرد، بەڵام با ئیزافەیەك بكەم لە واقیعدا بەپێى كورسی و دەنگدان و هێز حكومەت و پەرلەمان هەر ئەو دوو هێزەن.

ئەڵتەرناتیڤەكانی پێشوو هەموویان شكستیهێنا، بەهێزترینیان نەوشیروان مستەفا بوو، كە دەیتوانی كاری گەورە بكات بە مردنى خۆی پڕۆژەكە شكستیهێنا و تەنانەت خەڵكی لە بەردەوامبوون بۆ ڕێگای دوورودرێژ و ئیعترازی ناڕەزایی ساركردەوە، بەرهەم ساڵح، ئۆپۆزسیۆنی كردە قوربانی پۆستی سەرۆككۆماری خۆیی و ئێستاش ڕەنگە جارێكی تر بگەڕێتەوە و مێژوو خۆی دووبارە بكاتەوە.

ئیسلامییەكان، ناتوانن ببنە ئەڵتەرناتیڤ، لاهور شێخ جەنگی كە ئیدعای ئۆپۆزسیۆن بوونی دەكرد، جگە لە پۆپۆلیستێك هیچ نەبوو ئەسڵەن ئاوەكە ئەو ڕشتى، ئەو بەشێك بوو لە گەندەڵی و پشێویی و ناقانوونی، بەشێك بوو لە سیستمی حاكم لە كوردستان لە زۆنی سەوز كەچی دەیویست خەڵك فریوبدات، كە مارتن لۆسەرە، بەڵام خەڵك وەڵامی پێ نەدایەوە.

نەوەی نوێ و هێزەكانی تر ڕامی دەستی یەكێتی و پارتی-ین.

بۆیە گەر هێزێكی جددی و چالاك بێتە مەیدان وەكو ئەڵتەرناتیڤ خۆی تەرح بكات ڕەنگە بتوانێ، بەڵام ئەو هێزانەی باسمكرد كاریگەری خراپ و نێگەتیڤیان دانا.

بەهەر حاڵ قەوارەی سیاسی هەرێم لەبەردەم مەترسیدایە بە یەكێتی و پارتی و و بێ ئەوانیش.

بۆپێشەوە: ئەو ماوانەی دوایی هەڵمەتێک لەدژی دزی و گەندەڵی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە دەستی پێکردووە، ئایا ئەو هەڵمەتە بۆ رەوایەتی بەخشینە بەکابینەی نوێی حکومەت و گێرانەوەی ئابڕو بۆ دەسەڵاتی تاڵانچی زیاتر لەدوو دەهەی رابردوو، یان بەکردەوە شەڕی گەندەڵی و تاڵانییە؟ ئایا ئەو هەڵمەتە چەندە گرنگە هەرێم و بەرپرسانی حزبی و حکومی هەرێم بگرێتەوە؟

ئەنوەر حسێن: هەڵمەتێكی باش بوو، دەم وچاوى زەیدی جوانتر كرد، ترسی خستە دڵی هەموو بەرپرسی حكومەتی عێراق و هەرێمەوە، بەڵام فكرەكە و زانیارییەكان هی ئەمەریكا بوو بۆ بەهێزبوونی زەیدی، بەڵام لەژێر فشاری هێزە شیعەكانی چەكدار و وەلائی ئێرانی و خودى ئێران ساردبوە و مەترسی لەسەر خودی زەیدی هەیە.

بەڵام ئەم پڕۆسەیە ئەوكاتە دەگاتە ئامانج كە ئێران ڕووخا، ئەوكاتە دزە گەورەكان، حوتەكانی نەوت و غاز، زەوی زێڕ لە عێراق و كوردستانیش پێوە دەبن.

لە هەموو عێراق و كوردستان ڕەنگە (500) دزی زەبەلاح هەبن، بەهيواين هەموويان لەبەردەم دادگایەكی عادل دا ببينين.

بۆپێشەوە: کاریگەری جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل لەدژی ئێران، ئاڵوگۆرەکانی ناوچەکە، چ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی سیاسی کوردستان دەبێت؟

– پێشتر وەڵامی ئەم پرسیارەم داوەتەوە.

بۆپێشەوە: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان!، چ کاریگەرییەک بەسەر دۆخی عێراق و بەتایبەتی کوردستان دەبێت؟

ئەنوەر حسێن: كاریگەری گەورەی هەیە، هێشتا عێراق لەژێر مەترسی و هەڕەشەی تاران، حەشدی شەعبی و داعش و توركیا دایە.

بۆیە كشانەوەیان كە هەر ئێستا دەستی پێكردوە دەست ئاوەڵایی دەدات بە هێزە بە هێزەكان و ئەوانی تر بهاڕن،

ئەمەریكا سیاسەت دەكاتە نەك سۆز و عاتیفە، لە مانەوەی یەك هەفتە دا پشتی كرد، حكومەتەكەی غەنی ئەشرەف لە ئەفغانستان و تاڵیبانی گەیاندە كابوڵ.

لەماوەی سێ مانگدا ئەحمەد شەرعی ناو لیستی تیرۆری كرد بە فریشتە و ترامپ وتی؛ هاوڕێمە دیار نییە عێراق دەدەنە دەست كام هێزی سوننی و كوردیش چۆن دەهاڕن.

جیا لەوەی یارمەتی هێزی پێشمەرگەیان بڕی، لە دوو حەوتووی ڕابردووشا كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان یەكی گرتەوە هیچ كام لە نوێنەری ئەمەریكا و ئەورووپا بەشدار نەبوون، وتیان؛ ئێمە بیست ساڵە داوا دەكەین نەتانكرد، تازە درەنگە.

بە كورتی كشانەوەی ئەمەریكا گەر تاران نە ڕووخا عێراق دەكاتە جەهەنەم و گەر ڕووخا عێراق ڕەنگە بكەوێتە دەست هێزێكی سوننی و كوردیش دەهاڕێ.  

بۆپێشەوە: لە دۆخی ئیستادا ڕیگا چارەی کارسازو گونجاو بۆ دۆخی سیاسی کوردستان چییە؟

ئەنوەر حسێن: ڕێگا حەل، بوونی ئەڵتەرناتیڤە، دەنگ هەڵبڕینی خەڵك بۆ ماف و داواكاری، بەڵام ئەمانە لە ئاسۆدا باش نابینم، واتا ئاڵوگۆڕێك بەڕێگاوەیە كە مەعلووم نییە داهاتوو چۆن ڕەنگڕێژ دەكات.

بەڵام بەش بە حاڵی خۆم گەش بین نیم.

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.