تاهیر حاجی حەسەن: عێراق و ناوچەکەیش، تەنها ڕێگاچارەیەکی واقعی بتوانێت بۆی گونجاو بێت، شۆڕشی کۆمەڵایەتییە… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ نووسەری کۆمۆنیست و یەکسانیخواز تاهیر حاجی حەسەن سەبارەت بەپرسی کورد لەناوچەکە و مەسەلەی پیکهێنانی حکومەت و پەرلەمان و ئایندەی سیاسی کوردستان
بۆپێشەوە: سەرەتا دەمانەوێت بپرسین، چۆن دەڕوانە مەسەلەی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەو تێکەڵ بوونەوەیان لەگەڵ رژێمی نوێی سوریا؟ ئایا ئەمە رێگاچارەیەکی ناچاری بوو، یان بژاردەیەکی عەقڵانی؟
تاهیر حاجی حەسەن: ڕەنگە کارێکی وا ئاسان نەبێت، تا مرۆڤ بەدێڕێک وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە. چونکە ناسینی ئەو بزوتنەوەیە لە واقعدا نابێت هاوشێوەی بزوتنەوە سیاسییە باوەکان خوێندنەوەی بۆ بکرێت لەناوچەکەدا. هەڵوەشاندنەوە یانی کۆتایهێنان بەکۆی بزوتنەوەیەکی سیاسی یان ڕێکخراوێک، بەڵام هەسەدە، وەک ئەوەی مەزڵوم عەبدی بەفەرمی هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزەی ڕاگەیاند، بۆخۆی، زۆرتر لەژێر فشاری ناوچەیی و ڕۆڵی ئەمریکادا بووە، بەڵام بۆ خودی بزوتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، پەیەدەو یەپەژە، کە ئەوان بناغەدانەری خودی بزوتنەوەی سیاسی کۆمەڵایەتین لەڕۆژئاوای کوردستان، زۆرتر پێدەچێت وەک کارێکی تاکتیکی ببێت. ئەو حەرەکەتە لەناو کۆی جیهانی باودا، یانی دنیای سەرمایەداری، جێگای نابێتەوە. چونکە بەئاسانی یان خۆی ئامادەیی و بڕوای بە سیستەمی سەرمایەداری نییەو، خاوەن ئەڵتەرناتیڤێکی تایبەت بۆ خۆبەڕێوەبەری کۆمەڵگەی هەیە، لەبری شێوازی بەرهەمهێنانی باوی ناو دنیای باوی کار دابەشکاری کۆمەڵایەتی چینایەتی، جا دەبێت، هەروا بەسانای لەو بزوتنەوەیە نەڕوانین، جا چ لەڕوی سیاسیەوە بێت یان لەڕوی سەربازیەوە. ئەوان لەواقعیشدا، داوای جیابونەوەیان لەسوریا نەکردوەو بڕوایشیان بەدنیای باوی دەوڵەت نەتەوە نییە. چونە ناو دەوڵەتە دروستکراوەکەی سوریا لەژێر هەژمونی ئەحمەد شەرعی ئیسلامی سیاسی داعشدا، لەوپەڕی ناچاری و لەلایەکیتریشەوە، بۆخۆی سیاسەتێکی زیرەکانەو واقعبینانەی پێویست بوو، تا لەو ڕێگەیەوە، وەک دەڵێن: بەتیرێک چەند نیشانەیەک بپێکن. یەکێکیان دوورخستنەوەی هێرش بۆ سەر ڕۆژاوا، جا لەلایەن دەوڵەتی شەرعی تورکی و ئەمریکی و ئیسرائیلی و سعودی بێت یان لەلایەن خودی دەوڵەتی تورکیاوە بێت بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆیانە. دووەم، ناچارکردنی دەوڵەتی سوریاو ناوچەکەو زلهێزانیش بۆ داننان بەمافی ڕەوای مرۆڤی کورد یان کۆمەڵگەی کوردی لەسوریا، کە ئاشکرایە، مێژوویەکی دوورو درێژە تەنانەت مافی هاوڵاتی بوونیشیان نەبووە، لێرەوە، دەبێت و پێویستیشە بەزانستیانە و تێگەیشتنی هەقانیانە سەیری ئەو بزوتنەوە سیاسیە کۆمەڵایەتیە بکەین،کە وەک دەڵێن، ئەوان جەنگیان لەگەڵ کۆی جیهانی باودایە، جا چۆن ملکەچ دەبن کاتێک بچنە ناو پێگەو دەوڵەتی باویشەوە، بەپێچەوانەوە، لەوەها دەرفەتێکدا، ڕەنگە گەر سوریا دوور بێت لەجەنگی ناوخۆیی هێزو لایەنەجۆراوجۆرە بۆرژواو کۆنەپەرستەکانەوە، ئەوا دەرفەتێکی زیاتر بڕەخسێت بۆ ئەو هێزە سیاسیەی کە خاوەن ئەڵتەرناتیڤی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیانەیە لەناو کۆمەڵگەی سوریاشدا باشتر بتوانن ئەو پرۆژەیان ببەنە پێشەوە، گەرچی ڕێگریەکانی بەردەمیان، هاوشێوەی سەردەمی ڕوسیای شۆڕشی ئۆکتۆبەرە.
من وای دەبینم، ئەو بزوتنەوەیە، هیچکات ملکەچ بەجیهانی باو نابێت، وە ناشبێت هیچکات وەک کۆی بزوتنەوە سیاسیە چەتەکانی ناو بەرەی ناسیۆنالیستی و ئاینی بەراوردیان پێ بکرێت، لەبەرئەوەی ئەمان هیچکات ناچنە ژێر باری شێوازی دنیای باو بۆ برەودان بەپێگەی جیاوازییە چینایەتی و ڕەگەزیەکان، بەڵکو هەوڵی لەناوبردنی دەدەن، جا چەندێکیش هێزو ڕێکخراوە سۆسیالیستی و ئازادیخوازەکان لەسوریاو ناوچەکەو جیهاندا، هاوکاریان بن، بەو ئەندازەیەش ئەرێنی دەبێت بۆ برەودان بەو ئەڵتەرناتیڤی خۆبەڕێوەبەریە دیموکراتی و هەرەوەزی خوازیانە. ڕۆژگاریش نیشانی دەدات کە ئەو بزوتنەوەیە، بزوتنەوەی خیانەت کردن نییە لە جەماوەر، هێندەی ئامانجی لەسەرپێخستنی جاماوەری زۆرینەیە تا ببێتە خاوەنی خۆی و هیچکات پێویستی بەپادشاو شوان نەبێت.
بۆپێشەوە: ڕیکەوتنی ئاشتی!! نێوان پەکەکەو دەوڵەتی تورکیا، چ کاریگەرییەکی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەو تیکەڵ بوونەوەی لەگەڵ حکومەتی سوریا هەبوو؟ وە ئایا تیکەڵ بوونەوەی هەسەدە لەگەڵ حکومەتی سوریا، بە مانای چارەسەری کێشەی کورد دێت لە سوریا؟
تاهیر حاجی حەسەن: پرۆسەی ئاشتی لەتورکیاو کاریگەری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە، بێگومان ڕۆڵی ئۆجەلان لەناو باکورو ڕۆژاوادا زۆرەو ناکرێت نکوڵی لێ بکرێت. بۆ مەسەلەی چارەسەری پرسی کورد، لە سوریاو تورکیاشدا، پێدەچێت ئەو بزوتنەوە سیاسیە یانی پەکەکەو پەیەدەو ئەوانەی سەر بەو ڕێبازەن، وەک ئەو چارەسەریەی لە باشور هەیە، زۆر پێی ڕازی نەبن، گەر ناچاریانە نەبێت، ئەوان بەئاشکرا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانە دەکەن کە نکوڵی لە بوونی کۆمەڵگەی کوردی کردوە لە تورکیاو سوریاو بەشەکانیتریش، یانی لەوێدا، کاتێک دەوڵەت بچێتە ژێرباری داننان بەمافی ڕەوای پرسی کوردو چارەسەری واقعیانەو جێگیرکردنی بەفەرمی لەناو دەستورو یاساکاندا، ئەوکات، ئاستی پێگەی پێکەوەیی دیموکراتیانە لەناو گەلی تورکیاو سوریادا، جێکەوتە دەکرێت، بەو کارەیش دەرفەتی زیاتر بۆ ژیانێکی باشترو دوور لەڕقوقێنەی ڕەگەز پەرستی و ڕاسستی دێتە پێشەوەو کاریگەری لەسەر ئاگایی کۆمەڵگە دروست دەکات. بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە :ئاخۆ دەوڵەتی تورکیا ئامادەیە بچێتە ژێر باری خۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆی مێژووە فاشستیەکەی؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە ئاینندە دەیداتەوە. ڕاستی کۆی ناوچەکە لەناو قەیرانێکی قوڵدایەو بەکۆی جیهانی دڕندەی سەرمایەداریشەوە، کە مرۆڤایەتی لەبەردەم هەژمونداریەکی ترسناکی بازاڕی ئازادو کەرتی تایبەتدایە، مەخابن، لەنەبونی ئامادەیی بزوتنەوەی کرێکاریشدا بەخاوەن ئەڵتەرناتیڤی واقعیانەی سۆسیالیستیەوە، جیهان تەنها لەناو ڕکابەرییە دڕندانەکانی نێو زلهێزاندایەو نە ئێستای مرۆڤایەتی و نەسبەینێی هیچ دیار نییە بەرەو کام تاریکستان دەبرێت. پێگەی ئەو پرۆسەیەیش لەتورکیادا، بەدەر نییە لەو کۆ ڕێوڕەسمەی زلهێزان دەیکێشن بۆ نێو جیهانی فرە قوتبی سەرمایەداری!
بۆپێشەوە: با بێینە سەر دۆخی هەرێمی کوردستان، نزیکەی دووساڵە پەرلەمان نییە، حکومەت!! کار بەڕێکەرە، کەچی هیچ ئاڵوگۆرێکی بەرجەستە بەسەر هەرێمی کوردستاندا نەهاتووە، ئەوە بۆچی دەگەڕێتەوە، ئایا حکومەت و پەرلەمان هەبن یان نەبن، هیچ ناگۆڕێت؟ بە راستی وەکو دەوتریت حکومەت و پەرلەمان بەمانای وشە، کارتۆنین؟
تاهیر حاجی حەسەن: بێگومان پەرلەمان و حکومەت لە باشوری کوردستاندا تەنها کارتۆنین. چونکە ئەوەی بڕیاردەرە ئەو دوو حزبە سەرەکیە یانی پارتی و یەکێتی، وە حزبەکانیتری ناو بازنەی بەرەی کوردایەتی ئیسلامی، ئەوانیش هیچ نین لەوەی فەرمانگێڕێکی ناو ئەو دوو حزبەن، یانی بەکۆ، بەرەیەکی چەتەن و مێژووەکانیشیان هەر بەو جۆرە بووە. ئەوان حزبی ناو جیهانی کاردابەشکارین و برەودەرن بەمانەوەی جیاوازی چینایەتی و لەگەڵیشیدا، تەنها ئەرکێک پێیان سپێردراوە، هاوشێوەی کۆمپانیایەکی تاڵانچین. ئەوان بەکۆ، بڕیاردەریان دەوڵەتانی ناوچەکەو جیهانی نێو دامودەزگا هەواڵگریەکانن و لەگەڵیشیدا بەڵایەکی پڕ مەترسیدارن بەسەر ژیانی زۆرینەکەوە. ئەو حزبانە، هیچکات نایانەوێت کۆمەڵگە لەسەر پێی خۆی بوەستێت و ببێتە خاوەنی خۆی، هێندەی ئەوەی سیاسەتیان، تەنها سیاسەتی شوان و مەڕییە. جا بۆیە، هیچکات چاوەڕێی کاری بەپێزو کارێک لەبەرژەوەندی چینەکۆمەڵایەتیە زۆرینەکە بێت لێیان ناکرێت، مێژووە دوورو درێژەکەیان ئەم ڕاستیەی سەلماندوە. گەر وانەبوایە، زۆر بەئاسانی دەیان توانی کۆمەڵگە بەشێوەیەک ڕێک بخەن کە هیچ هێزێکی دەرەکی نەتوانێت چۆکیان پێ دابدات، بەڵام کارێکی وا چۆن دەکەن، لەکاتێکدا، ئەوان بەکۆ ئاغابن! ئاغا چۆن ڕێگە دەدات کۆیلەکانی خۆیان بناسن و ببنە خاوەنی خۆیان. بۆیە گەر پەرلەمان و حکومەتیش هەبێت ئەوا هیچ لەجیهانی چەتەگەرێتیەکەیان ناگۆڕێت. بۆ مەگەر زیاد لە سی ساڵ نیە، خاوەنی پەرلەمان و حکومەت بوون! ئەی چیان کرد، بەغەیری برەودان بەچەوساندنەوەو بێزار کردنی زیاتری زۆرینەکەو غەرق کردنیان لەناو بێ بڕوا بوونی بەخۆیان یانی زۆرینەکە، نەبێت؟ ئەو حزبانە، حزبی بنەماڵەیی و بەڕێوەبەرانیشیان دەوڵەتانی ناوچەکەو کۆمپانیا زلهێزەکانن، لێرەوەیە دەبێت بۆ چرکەیەکیش بڕواو متمانە نەدرێت بەهیچ حزبێکی ناو ئەو بەرەیە. ئەوان گەر دەوڵەتیشیان بۆ جێبەجێ بکرێت، یانی بوون بەخاوەنی دنیای باوی سەرمایەداری خاوەن دامودەزگایی، پێدەچێت نەیانەوێت مەلەکردنیان تەنها لەناو ئاوی لێڵدا دەوێت. باش دەزانن ساتێک کۆمەڵگە بەئاگا بێتەوەو کۆمەڵگە ببێتە خاوەن خۆی لە ڕێکخراوبونێکی فراوانی خۆبەڕێوەبەری هەرەوەزیانە، ئەوا کۆی ئەو حزبانە لەناو دەبات. لێرەوەیە دەبێت ئەو حزبانەو مێژووەکانیان بناسین، ئەوان شوانی مەڕەکانن، یانی قازانج و بەرژەوەندیان لەوێدایە کۆمەڵگە تەنها مەڕ بێت، تا شوانەکەی بەئاسانی لەبەرژەوەندی خۆی بەکاریان بهێنێت. پەرلەمانتار کێیە؟ ئاخۆ هەر بەکرێگیراوێکی ئەو حزبانە نییە؟ کەوایە، چیان لێ چاوەڕوان دەکرێت تا لەبەرژەوەندی زۆرینە بەجێی بگەیەنن؟ پەرلەمان و پەرلەمانتار، نوێنەری چینی بۆرژوازو دەرەبەگ و ئاغاو جیهانی چینە چەوسێنەرەکانن، ئەرکیان تەنها هێشتنەوەی سیستەمی سەرمایەداری دڕندەو چەوسێنەرەو لەگەڵیشیدا، وەک مەلاو مزگەوتەکان وان، دەیانەوێت، زۆرینەکە هیچکات نەتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و دەست بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی خۆی ببات، ئەمەیە ئەرکی پەرلەمان و پەرلەمانتار. حکومەتیش، ئەوە ڕاستەوخۆ، بەشی جێبەجێکاری نێو بەرژەوەندی چینە بۆرژواکان و دەسەڵاتداران و بازرگان و کومپانیاکانن، نەک زیاتر، بەتایبەتیش لەوڵاتانی ڕۆژهەڵات و ئەفریقاو بەشێکی زۆری ئاسیادا، کە هێشتا کۆمەڵگەکان، وەک کۆمەڵگە هەرزان و زو وبەچۆکدا هاتوەکان دەبینرێت.
بۆپێشەوە: دوای هەڵبژاردنی عەلی زەیدی و پیکهینانی کابینەی تازەی حکومەت لەبەغدا، ئاییندەی ناسیونالیزمی کورد و حکومەت و پەرلەمانی هەرێم چۆن دەبینن؟
تاهیر حاجی حەسەن: ڕاستی کابینەی عەلی زەیدی، وا دەبینرێت کە جیاواز بێت لەکۆی کابینەکانی تری دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 وە، بەڵام ئەوەی زەیدیش پێدەچێت، گەر بڕێک جیاوازی هەبێت، وەک ئەوەی تا ئێستا بڕێک لە دزە بچوکەکانی گرتوە، بەڵام زەیدیش گەر لەلایەن پێویستیەکانی ترەمپ و بازاڕی ئەمریکاوە پشتگیری نەکرێت، ناتوانێت بۆ ماوەیەک خۆی لەسەر پێ ڕابگرێت. نسبەت بەوەی چ کاریگەریەکی لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم دەبێت، وای نابینم ئاڵوگۆڕێکی جیاواز لەدوێنێ ڕوبدات. هاوکێشەکان و ململانێکانی ناو عێراق و هەرێم و ناوچەکەیش، پەیوەستە بەو جەنگ و نەخشە ڕێگایانەی زلهێزانی ڕکابەر بەشوێنیەوەن لەناوچەکەو جیهانیشدا. عێراقیش لەواقعدا، یەکێکە لەهەرزانترین وڵات کە هەمیشە دەسەڵاتێکی بەوەکالەتی هەبوەو، مێژوویەکی دوورو درێژیشە لەنێو دابەشکاری تائیفی و مەزهەبی و عەشیرەتگەرایدا هێشتویانەتەوە، و بەردەوامیش سامانەکەی بەتاڵان براوە. عێراق و ناوچەکەیش، تەنها ڕێگا چارەیەکی واقعی بتوانێت بۆی گونجاو بێت، شۆڕشی کۆمەڵایەتییە، گەر نا هیچ ڕێگا چارەیەکیتر بوونی نییە. ئەوە ئێستا عێراق بەڕێوە دەبات لەڕێی وەکیلەکانیاوە، ئەمریکایە، ئەمریکا هیچکات لە عێراقدا ناکشێتەوە، کۆمپانیاکانی خاوەندارێتی لەعێراق دەکەن، دامودەزگا هەواڵگریەکانیان و کونسڵخانەکانیان جێبەجێکاری نەخشە ڕێگاکانیانن لەعێراق و ناوچەکەیشدا، هەرێمی کوردستانیش بەشێکی باشی نێو ئەو کۆمپانیانەیە، جا بۆیە وای نابینم، کە کابینەکەی زەیدی بتوانێت، ئاڵوگۆڕێکی بەرچاو دروست بکات لەهەرێمدا، چونکە عەلی زەیدیش خۆی، خاوەن سەرمایەی گەورەو پاڵپشتیوانیشی هەر دزە گەورەکانی ناو حزبە شیعیەکانە. وەک ئاماژەم پێدا، عێراق لەسایەی ئەم دەسەڵاتدارانەیەوە نابێتە شوێنێک بۆ ئومێدی زۆرینە بێت، عێراق و هەرێم نوقمی ناو قەرزاری و گەندەڵی و وێرانکاریە لەسایەی کۆی دەسەڵاتە چەتەکانیەوە، بۆیە، هیچ ڕێگاچارەیەکی گونجاو لەناو دەسەڵاتی چینە بۆرژواکاندا نابینرێت کە لەبەرژەوەندی زۆرینەکە بێت.
بۆپیشەوە: دەکرێت دەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەیی و چەکداری، بە راستی خوازیاری پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمانێکی شێوە باوی بۆرژوای بن، یان ئەم فۆرم و ئەلگۆیەی دەسەڵات خۆیان کۆسپی بەردەم پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمانن؟
تاهیر حاجی حەسەن: ڕاستی لەپرسیاری پێشەوەدا، وەڵامی ئەم پرسیارەم داوەتەوە. ئەوەی بڕیاردەرە لەهەرێمدا بەسەر ئەو حزبانەدا، دەوڵەتی تورکیاو دەوڵەتی ئاخوندەکانە، لێرەوەیە دەبێت پێگەکەی ئەو حزبانەیش ببینین. ئەو حزبانە، ئەرکیان تەنها برەودانە بە تاڵانچیەتی سامانی کۆمەڵگەو تێکشکاندنی ئیرادەی کۆمەڵگە. مەخابن، تا ئێستایش کۆی بارودۆخەکان لەبەرژەوەندی جیهانی هەژمونی تاڵانچیەکانەو دژی کۆی بەرژەوەندی چینە چەوساوەو وێرانکارەوەکانە. ئیتر کابینەی نوێ دروست بکرێت بۆیان یان هەروا بیان هێڵنەوە، هیچ لەژیانی زۆرینەکە ناگۆڕێت، زۆرینەکەیان مێژوویەکە لەگەڵ نامۆبونی و بڕوا بەخۆنەبون ڕاهێناوەو وایشیان لێ کردوە، گەر شوانەکانیان نەمێنێت، ئەوا ئەوانی بەمەڕ کراویش وێران دەکرێن!
بۆپێشەوە: زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حکومی باسی مەترسی لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێم دەکەن، ئایا بە کردەوە مەترسییەک لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێم هەیە، یان ئەوەی دەوترێت مەترسیە لەسەر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی؟
تاهیر حاجی حەسەن: ڕاستی مەترسی لەسەر هەرێم و دەسەڵاتەکەیشی نییە. ئەو قۆناغانە کۆتایی هاتوە، کە جارێکیتر لەهەرێمدا هێزی چەکداری بچێتەوە شاخ و دیسانەوە وەک پێشو بن. ئەو مێژوانە کۆتای هاتووە. دواتر بۆچی و لەپێناو چ بەرژەوەندیەکدا حزبەکانی هەرێم لەناو بدرێت؟ ئاخۆ بۆ جیهانی سەرمایەداری و هەژمونی بازاڕی کەرتی تایبەت و بەستنەوەی زۆرینە بەزنجیری دواکەوتویەتی، دنیای زلهێزان باشتر لەو حزب و دەسەڵاتەی لەهەرێمدا هەیە دەست دەکەوێت؟ کۆی حزبەکانی ناو بازنەی بەرەی کوردایەتی و ئیسلامی باشترین، هەڵخەڵەتێنەری زۆرینەکەن و باشترین پارێزەری کۆمپانیاکانن، خۆ خاوەن کۆمپانیا تاڵانچیەکان شێت نەبوون تا پارتی و یەکێتی و حزبەکانی تریان لەناو ببەن؟
بۆپێشەوە: ئەو ماوانەی دوایی هەڵمەتێک لەدژی دزی و گەندەڵی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە دەستی پێکردووە، ئایا ئەو هەڵمەتە چەندە گرنگە هەرێم و بەرپرسانی حزبی و حکومی هەرێم بگرێتەوە؟
تاهیر حاجی حەسەن: ڕاستی ئەو هەڵمەتە پێناچێت بتوانێت دزە گەورەکان بگرێت، چونکە عەلی زەیدی خۆیشی لەلایەن دزە گەورەکانەوە دەپارێزرێت، لە پرسیارەکانی سەرەوەدا وەڵامی ئەم پرسیارەیشم داوەتەوە. ئەم دۆخەی زەیدی، پێویستیەکانی بازاڕو سەرمایەگوزاری کۆمپانیاکان دەیخوازن، ئەوەی چەند بۆیان دەچێتەسەر، ئەوە سبەینێ دیاری دەکات. گەر ناوچەکە بەجەنگ و وێرانکاریەکانی گەیشتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە، ئەوکات جێگەو پێگەی عێراق و هەرێمیش دیاری دەکرێت کە چی دەبن لەنێو نەخشەکاندا، ڕاستی چارەسەری ڕاستەقینە بۆ ژیانێکی شکۆدارو کۆتایهێنان بەکۆی مێژووی ئاواژە لەعێراق و ناوچەکەو جیهانیشدا، تەنها شۆڕشی کۆمەڵایەتی هەرەوەزەکاریانەیە، یانی کۆتایهێنان بەکۆی شێوازی بەرهەمهێنانی باو، لەوێیشەوە کۆی سەرخانی ئاوەژوو کراو کۆتای پێ دەهێنرێت. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئاخۆ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی وا لەناوچەکەو جیهاندا چۆن و لەچ ساتێکدا دەبێتە ئەمری واقع؟ جیهان لەناو ئاڵوگۆڕێکی ترسانکی قەیراناوی بێ ئاسۆدایە لەسایەی ڕکابەریە دڕندەکانی ناو دنیای سەرمایەو زلهێزاندا، وێران کردن، یان شۆڕشی کۆمەڵایەتی، ئەم دوو بژاردەیە دەبینم بۆ مرۆڤایەتی.
بۆپێشەوە: کاریگەری جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل لەدژی ئێران، ئاڵوگۆرەکانی ناوچەکە، چ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی سیاسی کوردستان دەبێت؟
تاهیر حاجی حەسەن: ڕاستی ئێران بەگشتی لەناو دۆخێکی ترسناکدایە، ئەو جەنگە دڕندانەی دەوڵەتی ئیسرائیل و ئیمپریالیزمی ئەمریکی بۆ سەر غەزەو لوبنان و دەوڵەتی ئاخوندەکان و بەرەی موقاومەی ئاخوندەکان، جەنگێکە پڕاو پڕ لە مەترسیە بۆ کۆی ناوچەکەیش. دەوڵەتی ئەمریکا، بەهەرچ نرخێک بێت، نایەوێت دەست لە داگیرکردنی ئێران هەڵ بگرێت، جا بەڕوخانی ڕژێمی ئاخوندەکان بێت یان بەمل کەچ کردنیان بێت، ئەو جەنگە دڕندانەی لەدوای 7 ی ئۆکتۆبەرەوە هاتۆتە مەیدان، جەنگێکی ئاسایی نییە، هێندەی پەیوەستە بەجەنگ لەپێناو داگیرکاری کۆی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا، جا لێکدانەوەی ئەو جەنگە، بەبێ گرێدانەوەی بەجەنگی نێوان ڕوساو ئۆکراین، لەگەڵ پێگەی دەوڵەتی چین لەسەر تایوان، ڕەوە دەریاییەکان، ناکرێت لێکدانەوەی ئاسایی بۆ بکرێت، ئەمە جەنگێکی ترسناکە لەناوچەکەو جیهاندا دەگوزەرێت، ئایندەکەی ڕون نییە بەکوێ دەگات. ڕێگای ئیبراهیمی و ڕێگای هاوریشمی و دەیان پرۆژەی زەبەلاحی ناو خواستی سەرمایەو بازاڕ، پێویستی بەو جەنگانە هەیە. جیهان بۆ دابەش بوون لەنێو هەژمونی فرە جەمسەریدا، ئیتر چار هەڵنەگرەو لەگەڵیشیدا ئەو کۆ جەمسەرانە بەکۆ پارێزەری دنیای سەرمایەدارین، لەغیابی بزوتنەوەی کرێکاری جیهانیشدا، دەبینین ڕێگریەکانی بەردەم خواستی بازاڕ کەمترە، چونکە لەوێوەیە، بەئاسانی جەنگە وێرانکاری و برسیکردنی کۆمەڵگەکان و بێکاری و دەیان هەڕەشەی تریش دەبینین لەسەر کۆمەڵگەکان، بەڵام هیچکات نابێت، بێ ئومێد بین بۆ سەرهەڵدانەوەی بزوتنەوە کرێکاری و بزوتنەوە دژی جەنگیەکان لەجیهاندا. مارکس واتەنی، ئەم سیستەمە خۆی گۆڕ هەڵکەنی خۆی بەرهەم هێناوە، لەوێیشەوەیە، دەتوانم بڵێم: جیهانی چینەچەوسێنەرە دڕندەکەی ناو دنیای سەرمایە، بێجگە لەجەنگ و قەیران و وێرانکاری و کەڵەکەی سەرمایە هیچیتر ناناسێت، گەر دنیای سەرمایەداری جیهانێکی وابوایە، یەکسانی کۆمەڵایەتی بەرهەم بهێنایە، ئەوکات، چ پێویستی بەجەنگ و قەیران و هەبونی جیاوازی چینایەتی دەبو!؟
بۆپێشەوە: کشانەوەی هیزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان!، چ کاریگەرییەک لەسەر دۆخی عێراق و بەتایبەتی کوردستان دەبێت؟
تاهیر حاجی حەسەن: ڕاستی کاریگەریەکی وا نابینم، چونکە ئەمریکا هێشتا کونسڵخانەو کۆمپانیاکانی و دامودەزگا هەواڵگریەکانی لە عێراق و هەرێمدایە، ڕەنگە خاڵێکی ئەرێنی ئەوە بێت، کە ڕژێمی ئاخوندەکان هێرشی ساروخی و درۆنی نەکەنە سەر هەرێم، گەرچی ئەوەیش شتێکی واقعیانە نییە، چونکە هەرێم شوێنێکی هەرزانەو بیانویش هەمیشە لەسەر پێیە بۆ لایەنی ئەو دیو. ئەمریکا دەست لەعێراق هەڵناگرێت، گەر لەدەرگایشەوە بڕواتە دەرەوە، ئەوا لە پەنجەرەوە جارێکیتر خۆی بەژوردا دەکات.
بۆپێشەوە: لە دۆخی ئیستادا ڕیگا چارەی کارسازو گونجاو بۆ دۆخی سیاسی کوردستان چییە؟
تاهیر حاجی حەسەن: لە واقعدا، لەکاتێکدا بزوتنەوەی کرێکاری لاوازەو کۆمەڵگەیش بۆخۆی نوقمی ناو نامۆی و خۆ ون کردن کراوە، ڕێگا چارەیەک بوونی هەبێت، ئەوا تەنها برەو دان دەبێت، بەهەژمونی باوی چەتەگەرێتی ناو بەرەی کوردایەتی ئیسلامی، من وای دەبینم، گەرچی زۆریش نەرێنیانەیە! بارودۆخ و هەلومەرجەکان هێشتا لەبارە بۆ برەودان بەجیهانی چینەچەوسێنەرەکان لەهەرێم و عێراق و ناوچەکەیشدا.
09/10/2026