زیادکردنی کرێ و بەهەمیشەیی کردنی گرێبەستە کاتیەکان و ئازادی و مافی رێکخراوبوون سەرەکیترین خواستی ئایارن! … عەبدوڵا مەحمود

0

ئایاری ئەمساڵ بۆ کرێکاران و کارمەندانی کوردستان لە هەلومەرجێکی ئیکجار سەختدا بەرێوەدەچێت. کەمی کرێی کرێکاران و کارمەندان و دواخستنی موچەو هەقدەستەکانیان، دانەمەزراندن و هیشتنەوەی دەیان هەزاران هاوڵاتی بە گربەستی کاتی، نەبوونی ئازادی ریکخراوبوون و  لەپاڵ گرانی بازار و دەیان دەردو موسیبەتی تریدا بۆتە هۆکارێک تا چینی کریکار و کارمەندان و تەواوی ئۆردی بێبەشی کوردستان بەرەو ژیانێکی سەخت و مەمرەو مەژی راپێچ بکرێن.

لەپاڵ کەمی کرێی و لێبرینی موچەدا، هاوکات خزمەتگوزارییەکان بەرەو لەبەین بردن براون یان هەرزان فرۆشی کەرتی تایبەتی کراون و دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسیاریەتیەکی لەسەر شانی خۆی نەهێشتۆتەوە. قورسایی خوێندن و پەروەردە، گرانی داو دەرمان و خەستەخانەو سلکی تەندروستی، باج خستنە سەر وردو درشتی خزمەتگوازرییە گشتیەکانی وەکو دوکانەکان، خۆڵ ڕشتن، گرانی کارەبا و کرینی ئەمپێری موەلیدە، گرانی ئاو ئەگەر هەبێت، تادەگاتە گرانی گۆشت و مریشک و پێداویستییە رۆژانەیەکان…تاد هەموو ئەمانە وای کردووە کە کرێی کریکاران و کارمەندان موچەی موچەخۆران بەشی دابینکردنی کەمترین لە پێداویستیەکانی بەڕیوەچوونی ژیان و گوزەرانیان نەکات. هەر ئەمەش وایکردووە کە ئۆردوی هەژاری بە رێژەی بەرچاو زیاد دەکات و بلۆکی برسێتی بە رادەیەکی سەرسوڕهێنەر بەرین بێتەوە. ئەگەر ئەمە دۆخی کرێکاران و کارمەندان و موچەخۆران بێت، ئەوا ژیان و گوزەرانی بێکاران، چەند بەرابەر سەخترەو رۆژ بەرۆژیش بەهۆی دانەمەزراندنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان و نەبوونی هەلی کار بۆ کەسانی ئامادەبەکار، ریژەی بیکاری هەڵدەکشێت، بێ ئەوەی باسێک لە بیمەی بێکاری هەبێت.

هاوکات لەگەڵ ئەم واقعیە تاڵە لە ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و بێبەشاندا، ئازادی ڕیکخراوبوون، مانگرتن و خۆپیشاندان بەفەرمی نەناسراوە، واتە لەبەرامبەر بەو هەلومەرجە سەختەدا رێگای بەردەم کاری ریکخراو لەبەردەم چینی کریکار و جەماوەری بێبەشدا، بۆ بەرگری ریکخراوانە لە خۆیان و مافەکانیان، یان بۆ داسەپاندنی ویستەکانیان ڕێگەی لێگیراوە. لەوەش زیاتر کاتێک کرێکاران و جەماوەری بێبەش لەژێر گوشاری زۆرو کەمەر شکێندا ناچار بە کۆبونەوە، مانگرتن، خۆپێشاندان دەبن، بەوپەڕی دڵ رەقیەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. لەسەر کار دەردەکرێن، وەکو سزا دەگوازرێنەوە بۆ شوێنی تر، یان رووبەڕووی هێزی سەرکوت و داپڵۆسین دەبنەوە بۆ شکاندنی مانگرتن و کۆتاییهێنان بە نارەزایەتیەکانیان.

بەم شێوەیە چینی کریکار و کارمەند و موچەخۆران، لەگەڵ ئەوەدا کە ژینگەی کاریان خراپ و نائەمنە،  کرێکانیان زۆر کەمە بە پێوانە لەگەڵ بەڕیوەچوونی ژیان و گرانی بازاڕدا، هاوکاتیش مافی ڕیکخراوبوونیان لێ سەندراوەتەوە. لەوانەش زۆرتر دەسەڵاتی سیاسی هەرێم وەکو پارێزەری نیزامی دیلهینەری سەرمایەداری و کۆمپانیا حزبیەکانیان وەکو بەشێک لەم سیستەمە تاڵانچییە، لەژیر ناو و پاساوی جۆرجۆردا وەکو نەناردنی موچە لە بەغدا، و دەیان پاساوی تر موچە و کریی کریکاران و کارمەندان لەکاتی خۆیدا نادرێت. هەروەها تا ئیستا باسێک بۆ گێرانەوەی موچەی پاشەکەوتکراو!! لە بنەرەتدا “تاڵانکراوی” سەدان هەزار کرێکارو موچەخۆر، نییە.  وەباسێک لەسەر قەرەبووکردنەوەی دابەزینی بەهای دینار و لەبەرامبەر دۆلاردا نییە، کە قورسایەکی زۆری خستۆتە سەر ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و جەماوەری نەداری کوردستان.

لەم دوایانەدا و بەدوای بریاری دادگای فەرەنسادا کە هەرێم ناچار بوو دۆسیەی فرۆشتنی نەوت رادەستی بەغدا بکات، دەسەڵاتی سیاسی شایی و لۆغانی سەرکەوتنی دیبلۆماسی لەگەڵ بەغدا و بەیاسایی و بەنیودەوڵەتی کردنی فرۆشتنی نەوتی جەژن گێرا، کە پیچەوانە شای لۆغان و پیداگری سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ بوو، دیسان ئاسۆیەک بۆ باشتر بوونی ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و زیاد کردنی موچە و دابین کردنی خزمەتگوازارییەکان بۆ جەماوەری چینی کریکار و بێبەشان لە ئارادا نییە.

زیادکردنی کرێ بەپێی هەڵاوسان و بەپێی چونە سەری گرانی بازاڕ، بۆ سەرجەم کرێکاران و کارمەند و موچەخۆران، دابینکردنی هەلی کار یان بیمەی بێکاری بۆ کەسانی ئامادەبەکار سەرو تەمەن ١٦ ساڵ، کۆتاییهینان گێرانەوەی موچەی پاشەکەوتکراوی!! موچەخۆران، بە هەمیشەیی کردنی گرێبەستەکاتییەکان و ئازادی بی قەیدو شەرتی ریکخراوبوون، مانگرتن، و خۆپیشاندان… سەرەکی ترین ئەو خواستانە کە کرێکاران پێویستە لەم ئایارەدا وەکو داخوازی سەرەکی بەدەستیانەوە بگرن و نەخشەی خەباتی ریکخراو یەکگرتووانە بۆ وەدی هێنانیان دابڕێژن. هەر لەو چوارچێوەیەشدا پرسی خەبات بۆ یاسا کارێکی پێشرەو بکەنە قیبلەنومای خەباتی نەپساوە، کە زامنی خۆشگوزەرانی کۆمەلایەتی و هەموو مافەکانی کریکاران دابین بکات، بەبێ هیچ جۆرە هەلاواردنێک لەسەر بنەمای کرێکارانی خۆ وڵاتی و خاریجی… چینی کریکار لەهەرێمدا خاریجی بن یان خەڵکی هەرێمی کوردستان بن، دەبێ مافی چونیەک و یەکسانیان بۆ بەرەسمی بناسرێت.

 یەکی ئایاری ٢٠٢٣

Leave A Reply

Your email address will not be published.