پەیمان عێزەدین: خراپی ئیدارەی یەکێتی و پارتی هێندە زۆر و گەورەیە کە مەترسی ڕاستەقینەی دروستکردووە لەسەر بوونی کورد لە عێراق و ئایندەی هەرێمی کوردستان، دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەرێز پەیمان عێزەدین سەبارەت بەپرسی پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمان و ئایندەی سیاسی کوردستان…

0

بۆپێشەوە: نزیکەی دوو ساڵە هەڵبژاردن! کراوە، بەڵام نەتوانراوە حکومەت پێک بێت و پەرلەمان کارا بکرێتەوە، هیشتاش هێزە براوەکانی هەڵبژاردن!! نەک نزیک نین لە پیکهینانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان،  بەڵکو کۆبونەوەی نێوانیشیان سەخت بووە، هۆکاری ئەمە چییە؟

پەیمان عێزەدین: ئەم دۆخە چەند هۆکارێکی لە پشتەوەیە، سەرەکیترینیان مێژوییە و پەیوەندی بەو ململانێ خراپ و کەسییەی نێوان بارزانی و تاڵەبانیەوە هەیە کە سەدان ساڵە کورد لەم بەشەدا باجی دەدات، هاوکات پێکهاتەی ئەو دوو پارتە و بڕوانەبونی ڕاستەقینەیان بە دیموکراسی، هۆکارێکی تری گەورەی ئەم دۆخە سیاسیە چەق بەستووەیە، ڕێزگرتن لە دەنگی دەنگدەران و ئەنجامی هەڵبژاردن، سەروەربونی یاسا و پاراستنی دامەزراوەکان لەسەروی هەمویانەوە پەرلەمان لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی دیموکراسیەتن.

هەروەها زاڵکردنی بەرژەوەندییە بنەماڵەیی و کەسییەکان بەسەر بەرژەوەندی گشتیدا لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە  هۆکارێکی تری پێک نەهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمانە.

بۆپێشەوە: لەگەڵ ئەوەدا نزیکەی دووساڵە پەرلەمان نییە، حکومەت!! کار بەڕێکەرە، کەچی دۆخی سیاسی کوردستان هیچ ئاڵوگۆرێکی بەرجەستەی بەسەردا نەهاتووە، ئەوە بۆچی دەگەڕێتەوە، ئایا حکومەت و پەرلەمان هەبن یان نەبن، هیچ لە دۆخی سیاسی کوردستان ناگۆرێت؟ بە راستی وەکو دەوتریت حکومەت و پەرلەمان بەمانای وشە، کارتۆنین؟

پەیمان عێزەدین: بێگومان ئەمە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە چەند ساڵە باسی دەکەین، پارتی و یەکێتی لە بڕوابونیان بە حکومڕانی دامەزراوەیی پەرلەمان و حکومەتیان دروست نەکردووە، ئەوان پێویستیان بە قاوغی دامەزراوەییە، دیموکراسیەتی ڕوکەش و دامەزراوەی ساختە خزمەتی بەرژەوەندیەکانیان دەکات.

بۆ ئەمە ئەبێ بگەڕێینەوە بۆ یەکەم هەڵبژاردن لە ساڵی ١٩٩٢ دا کە هیچ بەهایان بۆ دەنگی دەنگدەران دانەنا و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانیان دواخست تا ڕێککەوتن لەسەر ٥١ بە ٤٩ ی کورسیەکانی پەرلەمان.

لەو کاتەوە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی بەتەنیا لەسەر دابەشکردنی کورسیەکانی پەرلەمان نەبوو لە نێوانیاندا، بەڵکو ڕێککەوتنی بنەڕتی لەسەر پێشێلکردنی یاسا و بێبەهاکردنی دەنگدان و نابودکردنی پەرلەمان بوو، لەوێوە پەرلەمانیان کرد بە کارگەی دەرکردنی ئەو یاسایەنەی لە ڕێیەوە و بە شێوەیەکی یاسایی هەرێمی کوردستان تاڵان ئەکەن.

لەسەر ئەم ڕێککەوتنە هیچ ڕۆژێک ناکۆک نەبون، کەی ویستویانە پەرلەمانیان پەکخستووە، داخستووە، کردویانەتەوە.

بۆپێشەوە: هەندێک دەڵین دۆخی سیاسی کوردستان توشی چەقبەستووی سیاسی بووە و هۆکارەکەی بۆ نەبوونی حکومەت و پەرلەمان و ڕیک نەکەوتنی پارتی و یەکێتی دەگێرنەوە، بەراستی هۆکاری چەق بەستوویی سیاسی هەرێم نەبوونی حکومەت و پەرلەمان و ڕیکنەکەوتنی پارتی و یەکێتییە، یان هۆکاری بناغەیی تر؟

پەیمان عێزەدین: یەکێک لە هۆکارەکانی چەقبوستویی دۆخی سیاسی کوردستان نەبونی پەرلەمانێکی کارا و حکومەتێکی شەرعیە، بەڵام بێگومان هۆکاری تریش هەن کە دیارترینیان شکستی حکومڕانی ئەو دوو حیزبەیە، کورتبینیانە لە هاوکێشە و ململانێ سیاسیە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان.

هەر خودی پارتی و یەکێتی بە بەردەوامی شەڕ و وێرانەیان بەرهەمهێناوە بۆیە بە دڵنیاییەوە لە بواری سیاسیشدا ناتوانن ئاوەدانی و ئارامی پێشکەش بکەن.

بۆپێشەوە: دوای هەڵبژاردنی عەلی زەیدی و پیکهینانی کابینەی تازەی حکومەت لەبەغد، ئاییندەی ناسیونالیزمی کورد و حکومەت و پەرلەمانی هەرێم چۆن دەبینن؟

پەیمان عێزەدین: لە ڕاستیدا خراپی ئیدارەی یەکێتی و پارتی هێندە زۆر و گەورەیە کە مەترسی ڕاستەقینەی دروستکردووە لەسەر بوونی کورد لە عێراق و ئایندەی هەرێمی کوردستان، ئەمە بە تایبەتی پەیوەندیدار نیە بە هەڵبژاردنی عەلی زەیدی یان هەر کەسێکی تر، بەڵکو پەیوەندی هەیە  بە تێڕوانینی وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر کورد و توانای حکومڕانیکردنی لەم بەشەدا، بۆیە ئەگەر لە حکومڕانی ئەم دوو پارتەوە سەیری ئایندەی کورد بکەین بەداخەوە هیوایەکی زۆر بەدیناکەم.

بۆپیشەوە: دەکرێت دەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەیی و چەکداری، بە راستی خوازیاری پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمانێکی شێوە باوی بورژوای بن، یان ئەم فۆرم و ئەلگۆیەی دەسەڵات خۆیان کۆسپی بەردەم پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمانن؟

پەیمان عێزەدین: بە ڕای من پێکنەهێنانی حکومەت و کارانەبونی پەرلەمان پەیوەندی بە فۆرمێکی تایبەت یان جیاوازی شێوازی حکومڕانیەوە نیە لە نێوان ئەو دوو حیزبەدا.

ئەوەی کۆسپە لەبەردەم ئەو هەنگاوەدا ڕێکنەکەوتنیانە لەسەر دەسەڵاتەکانیان. هەریەکەیان دەستی ئەوی تر بادەدا بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەستکەوت، شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێرانیش ڕۆڵی هەبوو لەسەر دواخستنی پێکهێنانی حکومەت، چونکە مەعلومە بەهێزی یا بێهێزی ئێران چۆن کاریگەری هەیە لەسەر ئایندەی عێراق، ئاواش کاریگەری هەیە لەسەر ڕێککەوتنەکانی نێوان پارتی و یەکێتی.

بۆپێشەوە: زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حکومی باسی مەترسی لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێم دەکەن، ئایا بە کردەوە مەترسییەک لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێم هەیە، یان ئەوەی دەوترێت مەترسیە لەسەر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی؟

پەیمان عێزەدین: بەڵێ مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم هەیە، ئەوەی ئێستا قەوارەی هەرێم و دەسەڵاتەکانی جێگیر کردووە دەستوری عێراقە کە بارودۆخێکی سیاسی دیاریکراو دروستیکرد، بۆیە لەگەڵ گۆڕینی هاوکێشە سیاسیەکان و لاوازبونی پارتی و یەکێتی لە ناوچەکەدا و پشتیوانی نەکردنیان لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی ترەوە و لەگەڵ بون و بەهێز مانەوەی تورکیا و سوریا و عێراق، دەستکاریکردنی دەستور لە هەنگاوە چاوەڕوانکراوەکان دەبێت، بەتایبەتیش کە پارتی و یەکێتی لەبەر بەرژەوەندیە ماددیەکانی خۆیان سەریان ناپەرژێتە سەر ئەو مەترسیانە و جێگای بایەخیان نییە، ئەگەر نا دەبوو لە مێژەوە لەخەمی دەستوری هەرێمدا بونایە و پێگە یاساییەکانی کوردیان بەهێز بکردایە.

بۆپێشەوە: لەماوەکانی رابردوودا، یەکێتی و نەوەی نوێ ڕیکەوتنێکیان واژۆ کرد، خۆیان دەلێن ڕیکەوتنەکە بۆ راستکردنەوەی باڵانس و رێرەوی حکومرانییە، پرسیارەکە ئەوەیە دەکرێت ڕیکەوتنی نێوان ‌هێزەکان لە زۆنێک، باڵانس و ڕیرەوی حکومرانی راست بکاتەوە؟ یەکێتی و نەوەی نوێ دەتوانن بەبێ پارتی حکومەت پێکبهێنن و پەرلەمانی مردوو کارا بکەنەوە؟

پەیمان عێزەدین: نەخێر ناتوانن ئەوەبکەن، پارتی و یەکێتی هەر لە بازنەی دەستبادانی یەکتردا سەیری هێزی ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت پێکهاتەکانیش ئەکەن، بۆیە ئاساییە ئۆپۆزسیۆن و نوێنەری پێکهاتەی ساختە دروست بکەن یان پشتیوانی بکەن یان هەڕەشیان لێبکەن بە مەبەستی بەهێزکردنی خۆیان و هەوڵی بردنەوە لە دانوستانەکانیاندا.

وەک ئەوەی خۆیان دەیانوت بە یەک کورسیشەوە هەر هەمان هێزیان هەیە. ئەمەش ئەمانباتەوە سەر ڕێککەوتنە کۆنکریتیەکەیان کە ئەوان شەریک و هاوبەشن لە خێر و بێری کوردستاندا و ئەو هاوپەیمانێتیانەی ئەیکەن تەنیا بۆ زیادکردنی دەستکەوتەکانیانە ئەگەر نا ئەوان کۆکن لەسەر نابودکردنی پەرلەمان .

بۆپێشەوە: ئەو ماوانەی دوایی هەڵمەتێک لەدژی دزی و گەندەڵی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە دەستی پێکردووە، ئایا ئەو هەڵمەتە بۆ رەوایەتی بەخشینە بەکابینەی نوێی حکومەت و گێرانەوەی ئابڕو بۆ دەسەڵاتی تاڵانچی زیاتر لەدوو دەهەی رابردوو، یان بەکردەوە شەڕی گەندەڵی و تاڵانییە؟ ئایا ئەو هەڵمەتە چەندە گرنگە هەرێم و بەرپرسانی حزبی و حکومی هەرێم بگرێتەوە؟

پەیمان عێزەدین: ئەو هەڵمەتە بەشێکە لەو قۆناغە نوێیەی ئەبێت عێراق پیایدا تێبپەڕێت، نەخشەی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست عێراقێکی جیاوازتری ئەوێ لەوەی لە ٢٠٠٣ وە هەیە بۆیە دەستبردن بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی و دەستگیرکردنی بەرپرسان سەرەتا و دەستپێکێکی گرنگ بوو بۆ دروستکردنەوەی هیوا لە عێراقێکی وێراندا.

بێگومان بەوپێیەی هەرێمی کوردستانیش پڕە لە گەندەڵی و دزی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، هەم بەرەوڕوبونەوەی گرنگە و هەم کات و ساتی ئەوەش دێت.

بۆپێشەوە: کاریگەری جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل لەدژی ئێران، ئاڵوگۆرەکانی ناوچەکە، چ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی سیاسی کوردستان دەبێت؟

پەیمان عێزەدین: کوردستان و جوگرافیاکەی لەناو چەقی گۆڕانکاریەکاندایە، بەتایبەت لەگەڵ گۆڕینی ڕێڕەوە ئابوریەکاندا، بۆیە بەئاگابونی کورد یان بێباکی کاریگەری زۆری ئەبێت لەسەر ئایندەی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ڕەنگە تەنیا یەکگرتویی کورد بتوانێت سود بە کورد و داهاتوی بگەیەنێت.

بۆپێشەوە: لە دۆخی ئیستادا ڕیگا چارەی کارسازو گونجاو بۆ دۆخی سیاسی کوردستان چییە؟

پەیمان عێزەدین: ڕێگە چارەی گونجاو:

-یەکڕیزی کوردە.

-ڕێککەوتنە لەسەر پڕۆژەیەکی سیاسی –نەتەوەیی لەنێوان هەر چوار پارچەی کوردستاندا.

-دروستکردنی متمانەیە بۆ وڵاتانی جیهان کە کورد ئەتوانێت خزمەت بە ئاشتی و ئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکات و بەشێک بێت لە ئارامیی نەک شەڕ.

بۆ ئەمانەش کورد پێویستی بە کۆنگرەیەکی نەتەوەییە کە دنیابینی و داواکاری یەکگرتوی کورد بدەن بە گوێی دنیادا.

   

Leave A Reply

Your email address will not be published.