هەر رۆژە هەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی بۆ بۆپێشەوە دەدوێن…سروە فەریق: چالاکوانی مافی ژنان

0

لە دوای جەنگ و داگیرکاری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و بە دەسەڵات گەیشتنی ڕەوتە ئیسلامییەکان لە عێراق، هاوسەرگیری منداڵان زیادی کردووە. هاوکات کۆمەڵێک دیاردە و کێشە جددی ڕووی کردۆتە کۆمەڵگە و هیشتا چارەسەرنەکراون، لێرەدا باس لە هەندێکیان دەکەین.

بە پێی دوایین ئاماری یونیسێف، کە لە مارسی ئەمساڵدا بڵاوکراوەتەوە، لە عێراق ٢٨٪ی کچانی خوار ١٨ ساڵ دەخرێنە پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە. هەروەها لە ڕاپۆرتی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی) هاتووە، کە ٢٢٪ی ئەو هاوسەرگیریانەی تۆمار نەکراون، بۆ کچانی خوار تەمەن ١٤ ساڵان ئەنجامدراوە. هەر بۆیە ئەم ڕێکخراوانە هۆشداریان داوەتە عێراق لەبارەی زیانەکانی هاوسەرگیری منداڵان و داوای کردووە، کە حکومەت بە جددی کار لەسەر ئەم بابەتە بکات، تا هاوسەرگیری منداڵان بەم شێوەیە بەردەوام نەبێت.

ئەم ئامارانە خۆی لە خۆیدا مەترسی و کارەساتە. بۆ کۆمەڵێک لایەنی سیاسی ئەم ڕێژانە نەک مایەی ڕاچڵەکین نییە بۆیان،

بەڵكو دەیانەوێت هاوسەرگیری منداڵانی نۆ ساڵان بکەنە یاسایی. لە مانگی مارسدا هۆشداریان پێدراوە، کار بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە هاوسەرگیری منداڵان، بەڵام پێنج مانگ دواتر دروست بە پێچەوانەوە کار دەکەن بۆ بەیاساییکردنی هاوسەرگیری منداڵان!

یەکێکی تر لە گرفتە دڵتەزێنەکانی کۆمەڵگەی عێراق ئەو هاوسەرگیریانەن، کە لە ژێر چاودێری پیاوانی ئاینی و دەرەوەی یاسا ئەنجام دەدرێن. لەبەرئەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری فەرمیان نییە، زۆرێکیان لە خزمەتگوزارییەکان بێبەش دەبن. کەیسی یەکجار زۆر بووە، کە لە نەخۆشخانە نەتوانراوە ژنانی دووگیان و ئامادە بۆ منداڵبوون وەرگرن، لەبەر ئەوەی گرێبەستی هاوسەرگیریان نییە. هەروەها پاش جیابوونەوەش، کۆمەڵێکیان بێ بەڵگەنامەی پێویست بێماف دەمێننەوە.

لە ئێستادا زۆرێک لەوانەی لە دەرەوەی یاسا و لە سایەی مەلاکاندا هاوسەرگیریان ئەنجامداوە و بێ بەڵگەنامەی فەرمین، دەیانەوێت هاوسەرگیرییەکەیان فەرمی بکەن. گەر دادگا فەرمی نەکاتەوە، ئەوا ژنەکە و کۆرپەلەکەش بێماف و تەنانەت بێ ناسنامەش دەمێننەوە، گەر هاوسەرگیرییەکەشێان فەرمی بکرێتەوە، ئەوا دەسەڵاتی ڕەها دەدرێتە پیاوانی ئاینی، کە بە ئارەزووی خۆیان بڕیار بدەن و گرێبەست ئەنجام بدەن، دواتر دادگا بۆیان دەکاتە یاسایی. بۆیە هاوسەرگیری منداڵان و لە دەرەوەی دادگا و کەناڵی فەرمی، دەبێت کۆتایی بێت.

دووبارە ئەم لایەنە سیاسیانەی لە بری بیرکردنەوەیەک لە چارەسەری ئەم دیاردە دڵتەزێنانە، لە خەمی بە فەرمیکردن و شەرعیەتدانن پێی. ئامانجی تێرکردنی ئارەزوەکانی پیاوانیان کردۆتە ئامانج و کێشەیەکیان لەگەڵ ئەوەدا نییە، کە ژنان و منداڵانی زیاتر و زیاتر ببنە قوربانی.

بیستنی ئەم دیاردانە خۆی لە خۆیدا دەبێتە مایەی دڵتەنگی زۆر بۆ هەر ویژدان زیندوویەک، بەڵام کاتێک من خۆم بە کردەوە لە ڕێگای کارمەوە بەرکەوتەم لەگەڵ قوربانیانی ئەم دیاردانە دەبێت، خەم و دڵتەنگی زیاتر دەبێت. یەکجار سەختە مرۆڤ بتوانێت باوەڕ بەوە بکات، کە کەسێک بۆ نمونە لە دووهەزارەکاندا لە دایکبووبێت، بەڵام خاوەنی چەند منداڵ بێت، لە نێویاندا منداڵی هەرزەکار. بەرکەوتە لەگەڵ قوربانیانی ئەم دیاردانە، پێویستی زیاتری بەرپەرچدانەوەی پڕؤژەیاسای پێشنیارکراو دێنێتە پێشەوە.

شایەنی ئاماژەیە، کە یاسای ١٨٨ی  ساڵی ١٩٥٩ لە سەردەمی خۆیدا مۆدێرنترین یاسا بوو لە جیهانی عەرەبی، و بە بەراورد بە وڵاتانی تری عەرەبی. بەڵام ٦٥ ساڵ دواتر هەوڵ هەیە بۆ داسەپاندنی کۆنەپەرسترین یاسا لە هەموو جیهان. ئەمە یاسای داعشە. ئەگەرچی کۆمەڵگە بەرانبەر داعش جەنگی و دەسەڵاتی فەرمی نییە، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق خەریکن یاساکانی داعش دەکەنە یاسای فەرمی وڵات.

هەڵبەت یاسا کۆنەکەش بێگرفت نییە. بۆنمونە کاتێک هاوسەرگیری خوار ١٨ ساڵانی قەدەغەکردووە، بەڵام مەحاڵی نەکردووە. دەسەڵاتی داوەتە باوک، کە بڕیار لەسەر هاوسەرگیری کچی ١٥ ساڵان بدات. هەروەها دەسەڵاتی تەنفیزی ئێستا تەنها مەلایەکی دادگایی نەکردووە لەسەر ئەوەی، کە منداڵی خوار ١٨ ساڵ و تەنانەت خوار ١٤ ساڵانیشی خستۆتە پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە. نەک هەر ئەمە، تەنانەت بە ئاشكرا نووسینگەی تایبەتیان هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەیان.

واتە هەر لە ئێستادا ژنان لە عێراق ڕووبەڕوون لەگەڵ دنیایەک کێشە و گرفت و بێمافی، بەڵام دەسەڵاتداران و هەندێک لایەنی سیاسی دەیانەوێت ئەم کێشە و گرفتانە قووڵتر و فراوانتر بکەنەوە و بە یاساییشی بکەن. پێویستە بە توندی بەرانبەر ئەم هەوڵانە بوەستینەوە و ڕێگە لە جێبەجێکردنی بگیرین.

Leave A Reply

Your email address will not be published.