هەر رۆژە هەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی بۆ بۆپێشەوە دەدوێن…نەغەدە عوسمان: ئەندامی گروپی تەحالوفی ١٨٨

0

 هەوڵدان بۆ هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی لەلایەن هێزە شیعەکانی دەسەڵاتدار لە عێراق، و پێشنیارکردنی بۆ بڕیاردان لەسەری لە پەرلەمانی عێراقدا، مانای هەوڵدانە بۆ گەڕانەوەی کۆمەڵگەی عێراق بۆ چەندین سەدە کە ژنان کۆیلەی یاسا پیاو سالاری و کۆنەپەرستی و دژی ژنان بوون لەسایەی  دەسەڵاتداری ئیسلامیدا. هەرچەندە ئەم هەموارکردنە تائێستا جێگای خۆی لەناو یاساکانی عێراقدا نەکردۆتەوەو کاری پێناکرێت، بەڵام ئەوە چەندین جارە لایەنە شیعەکان لە هەوڵی ئەوەدان لە پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت و بەسەر ژنان و کچانی تەمەن نۆ ساڵدا وەک بەندێکی یاسایی بەزۆر بیسەپێنن.

 هێنانی ئەم یاسایە لەئێستادا بەجیا لەوەی نیشاندانی واقعیەتی ئەوپەڕی کۆنەپەرستی و دڕندەیی لایەنە شیعەکانە بەرامبەر ژنان و منداڵان بەتایبەت وکۆمەڵگە بەگشتی، لە هەمانکاتدا مانای داسەپاندنی دەسەڵاتێکە کە بوار بەهیچ هەواو هەناسەیەکی ئازادی و ئینساندۆستی نادات، تا لەم ڕێگەیەشەوە بتوانن تەواو کۆنترۆڵی سەرمایە و سامانی عێراق بکەن و هەژاری و زەلیلی و داماوی بکەنە واقعیەتی ژیانی خەڵکی عێراق. لە هەمانکاتدا ژنان و کچانی نۆساڵ بکەنە قوربانی ئارەزوە سێکسیەکانی خۆیان.

ئەم هەوڵەی لایەنە شیعەکان لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و زەلیلکردنی ژنان، لەو شوێنەوە دەیانەوێت پیادەی بکەن کە زۆرینەن لە پەرلەماندا، واتە لەم ڕێگەیەوە سروشتێکی یاسایی بدەن بەم هەموارکردنەی یاسای باری کەسیەتی، ئەمەش لەلایەک وەک هەلێکی زێڕینیە بۆ شیعە بۆهینانەدی خەوی دێرینی کۆنەپەرستانەو دڕندانەیان، لەلایەکی ترەوە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ئێرانە، هەرچەند بڕیارەکە بەهۆی ئاستی هاوسەنگی هێزەکەیانەوەیە بە بڕیاری کۆتایی نەگەیشتووە، چونکە لە بەرامبەر خەڵک و لایەنە سیاسیەکانی تردا لەو ئاستەدا نین کە بە ئاسانی ئەم هەموارکردنە تێپەرێنن، بۆیە لە چەندین کۆبونەوەی پەرلەماندا تێپەڕاندنی دوادەخرێت. هەر بەو هۆکارەی لەئێستادا شیعە دەسەڵاتی زۆرینەی لە عێراقدا هەیە، لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆ بەشیعەکردنی حوکومرانی لە عێراقدا، هەڵبەتە پڕیشکی ئەمەش کاردانەوەی دەبێت لەسەر کوردستان بەو هۆکارەی بەشێکە لەعێراق، دەزانین دەسەڵاتی کوردیش لەئێستادا ملکەچی فەرمان و یاساکانی حکومەتی ناوەندە بەتایبەتی لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر ی ٢٠١٧ەوە، کە دەسەڵاتی هەرێم لاوازترە لەبەردەم حکومەتی عێراقدا.

 هەروەها ئەوەش کە جێگای ئاماژە پێکردنە؛ ئەم بڕیارە تەواوی باڵەکانی شیعە پەسەندیان نەکردوەو تائیستا جێگیر نەبوە، و نەبوە  بەیاسایەک کاری پێبکرێت. لەلایەکی ترەوە خەڵکی ئازادیخوازو یەکسانیخوازی بەغداد، و بگرە ناوجەرگەی شیعە کەنەجەفە، ژنانی ناڕازی هاتنە سەرجادە بە دەیان دروشمیان بەدژی بڕیارەکە بەرزکردەوە، و بەڕویدا وەستانەوە. هەرچەند دەسەڵات دەستیکرد بەگرتن و ڕاوەدونانی خەڵکە ناڕازیەکە، بەڵام تائێستا ئەم بڕیارە بەری پێگیراوە و ماوەتەوە.

  جێی باسە هەرچەند گفتوگۆ لەسەر ئەم بڕیارە بکرێت ناڕەزایەتی لەبەرامبەریدا نیشان بدرێت کەمە، چونکە بەچەسپاندنی کاریگەری گەورەی لەسەر تەواوی دۆخی ژیانی کۆمەڵگەی عێراق دەبێت، کە دەیگەڕینێتەوە بۆ سەدان ساڵ دواوە. بڕیارێکی وا قێزەون گەشەی هزری ژنان و پەروەردەو کۆمەڵاتی دەباتە دواوە، کاتێک  کچێکی تەمەن خوار دوانزە ساڵ بدرێ بەشو چ کارەساتێکە! و زۆرێک لەمافەکانی زەوت دەکرێت و خێزانێکی تەواو دواکەوتو بێبنەما دروستدەبێت و کۆمەڵگەی عێراق سەرلەبەر هەڵدەوەشێتەوە .

  ئێمە لەبەر ترسناکی ئەم بڕیارە؛ لەسلێمانی چەندین گروپ و ڕێکخراوی ژنان بە بەشداری چەندین پیاوانی یەکسانیخواز بۆپشتگیریکردنی ژنانی عێراق و پشتیوانیکردنیان، هەروەها ڕێگریکردن لە چەسپاندنی ئەم بڕیارەو نزیکبونەوەی دەسەڵاتی کوردی لێی خۆمان ڕێکخستوە، چەندین چالاکی و کۆبونەوەمان جێبەجێکردوە، بۆ زیاتر وەستانەوە لەدژی ئەم هەموارکردنەوەیە. لە بەغداو شارەکانی خواروی عێراق، پێویستە گەنجانی تشرین جارێکی تر لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنانی ناڕازی و تەواوی پیاوان و ڕێکخراوە ئازادیخوازو یەکسانیخوازەکان بە دژی ئەم یاسایە بێنە سەرجادەو ڕێگربن لەوەی کەپەرلەمان جارێکی تر خوێندنەوە بۆئەم یاسایە بکات و بتوانێت بیخاتە ناو دەستوری کۆبونەوەکانیەوە.

پێویستە ئاکامی پەسەنکردنی ئەم یاسایە مانای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و ڕوخانی حکومەتی مەزهەبی و شیعەی عێراقی لێکەوێتەوە….

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.