شوان سدیق: ئایندەی کوردستان ئەوکات تاریک بوو، پارتی و یەکێتی، دەستیان لەکاری نایاسایی، میلیشیاو عەشیرەتەکان هەڵنەگرت…  پارتی و یەکێتی؛ نیولیبراڵیزم لە پێناو کۆمپانیاکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن، کەرتی گشتیان نەهێشت.  خەڵکی کوردستان، بێدەنگ و پەرتەوازەن، لەبەرامبەر ئەو بێدادی و ستەمانەی لێیان دەکرێت… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ رۆژنامەوان شوان سدیق، سەبارەت بە ئەزمەی بۆرژاوی کورد و گرفت و کێشەکانی کۆمەڵگەی کوردستان…

0

 دیداری ئەم جارەی رۆژنامەی (بۆ پێشەوە) لەگەڵ رۆژنامەوان «شوان سدیق»، سەبارەت بە دۆخی سیاسی وئابوری ئێستای کوردستان و پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان. شوان، لەدایکبووی شاری هەڵەبجەو دانیشتوی ئیتاڵیایە، ئاستی خوێندن: مێدیا، بەبازاڕکردن، زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.

 بۆ پێشەوە: نزیک بەدوو ساڵە هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمان بەڕێوەچووە، کەچی بەهۆی ناکۆکی نیوان پارتی و یەکێتیەوە، نەتوانراوە «حکومەت و پەرلەمان» کارا بکرێتەوە، هۆکاری سەرەکی ململانێی پارتی و یەکێتی لەسەر چییە؟

شوان سدیق: هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی کابینەی نوێی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان، راستەوخۆ پەیوەندی بەوەیە یەکێتی و پارتی، لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان رێک ناکەون. هەرێمی کوردستان، تائێستا دوو ئیدارەیی و دوو زۆنە، ئەم هەڵبژاردنانەی دەکرێ زیاتر عورفێکی سیاسی و بۆ لۆمەنەکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە ئەگینا جێبەجێکردنی یاساو دەستور نییە. چونکە پێش تەواوبونی پرۆسەی هەڵبژاردن هەردوو حزبی خۆسەپێن، هەڕەشەی ئەوە دەکەن، دەبێ بەشداربن لە حکومەت، هێشتا هەڵبژاردن نەکراوە دەزانن چەند کورسی پەرلەمانیان هەیە. ئەوان مانەوەی خۆیان بەپێوست دەزانن، هیچ لایەکیان ئامادەنین، ببنە ئۆپۆزسیۆن و لە دەرەوەی حکومەت بن. سەرەڕای بەشداری هەردوولا ساڵانێکە لەنیو حکومەت، بەڵام متمانەیان بە یەک نییە، هەردوو حزب، وڵاتانی هەرێمی دەیانجوڵێنن، ئەمەش کاریگەری لەسەر بڕیارەکانیان دەبێت لەناوخۆ.

بۆ پێشەوە: هیزە سیاسیەکانی عێراق، سەرباری گرفت و کیشە ناوخۆییەکانیان، دەتوانن حکومەت پێک بهینن، پەرلەمان لەکاتی خۆیدا ساز بدەن، لەسەر پۆستی زۆر هەستیاری وەکو سەرۆک وەزیران ڕیک بکەون و دەستاودەستکردنی دەسەڵات بەمانای باوی دیموکراسی و پیادە بکەن، بۆچی پارتی و یەکێتی ناتوانن بەتایبەت پارتی کە زۆر جار باسی گواستنەوەی ئەزموونی هەرێم بۆ عێراق دەکات، ناتوانن لەکاتی خۆیدا نە هەڵبژاردن و نە حکومەت و پەرلەمان پێک بهێنن؟

 شوان سدیق: عێراق تاڕادەیەک وڵاتێکی دامەزراوەییە، عێراق فشاری وڵاتانی تری زۆر لەسەرە، عێراق لەگەڵ ئەوەی بەگوێرەی دەستور هەموو شتێک دیاری کراوە، بەڵام چەندین ساڵه وەکو عوڕفێکی لێهاتووە پۆستەکان لە نێوان شیعە، کوردو سونە دابەشکراوە. شیعەکان کەزۆرینەن ئەوان بڕیار دەدەن، لەنێو ماڵی شیعە ناکۆکی زۆر هەیە، بەڵام لەبەرامبەر دەرەوەی خۆیان تاڕادەیەک یەکگرتوون، شیعەکان یاساکانی پەرلەمان لەپێناو مەزهەبی شیعەو پێگەی سیاسی خۆیان بەکار دەهێنن. پاشان شیعە ترسی دەرەکیان زۆرە، لەلایەک ترس لە ئەمریکاو میحوەری سونە لە ناوچەکە، لەلایەکیش فشاری هەردوو باڵی ریفۆڕم و پارێزگارخوازی لە ئێرانیان لەسەرە. بەڵام سوونەو کورد دوو ماڵی پەرتەوازەو بێ کاریگەرن، زوو دەبنە داوی ئامانجەکانی لایەنە شیعیەکان، خۆ ئەگەر سیاسەتی عێراق بەمیزاجی کوردو سونە بەڕێوەبچێت، عێراق دۆخی لە ئێستە خراپتر دەبوو، چونکە حزبی کوردی و عەرەبی سوننی زۆرترین بیر لە دەستکەوتی ئابوری و گیرفان پڕکردن دەکەنەوە.

بۆ پێشەوە: دەگوترێ ئەگەر پارتی و یەکێتی ڕیک نەکەون و پەرلەمان کارا و حکوومەت پێک نەهێنن، ئایندەی “قەوارەی هەرێم” دەکەوێتە بەردەم مەترسی لەناوچوون، ئیوە لەوبارەیەوە دەڵێن چی؟

شوان سدیق: ئایندەی هەرێمی کوردستان، ئەوکاتە کەوتە مەترسیەوە «پارتی و یەکێتی» لەپێناو پۆست و پارە شەڕی ناوخۆیان هەڵگیرساند، ئایندەی هەرێمی کوردستان ئەوکات تاریک و بێهیواکەربوو پارتی و یەکێتی ئامادەنەبوون دەست لە میلیشیاو چەکدار و هۆز و عەشیرەتەکان بەربدەن و بێن راستگۆ و راشکاوانە سیاسەت بکەن. من زۆر بێئومێدم لە ئایندەی هەرێمی کوردستان، بەبەڵگەی ئەوەی لە کوردستان، دوای سی ساڵ. یەکەم: دەستوری نییە. دووەم: پەرلەمان و حکومەت بێکاریگەرن. سێیەم: حزب کاریگەری بەسەر دامەزراوەی یاسای و داواکاری گشتی هەیە. چوارەم: پارتی و یەکێتی سەدان سەندیکاو ڕێکخراو و مێدیان بۆ دژایەتی کۆمەڵگەی مەدەنی دروستکردوە. پێنجەم: هێزی چەکدارو ئاسایش لەژێردەستی حزب و ناتوانن بێلایەن بن. شەشەم: پارتی و یەکێتی ئامادە نین، بەشێوەیەکی یەکجاری ئاسەوارەکانی دوو زۆنی و دوو ئیدارەی نەهێڵن. حەوتەم: سیاسەتێکی خراپی ئابوری لە هەرێمی کوردستان پیادە دەکرێ، بەتایبەت سیستەمی نیولیبراڵیزم. لەلایەک کۆمپانیاو دامەزراوەکان هی پارتی و یەکێتین، ئەو سامانە گشتیە دەدزرێ دەیخەنە سەر کۆمپانیاکانیان، لەلایەکی تریش هەوڵی کەمکردنەوەی ڕۆڵی دەوڵەت دەدەن، لە کاروباری ئابووری و بازرگانی بکێشێتەوە کاریگەری نەبێت، سەرنجێکی خێرا لە کەرتی پەروەردە، تەندروستی و ئاو کارەباو گواستنەوەو گەیاندن بدەن، هەمویان کردوە بەکەرتی بەناو تایبەت و کەرتی گشی تەواو لاواز کراوە.

 بۆ پێشەوە: لاتانوایە پیگەی هەرێم و هیزەکانی بۆرژوای کورد لە حکومەتی تازەی عێراق و عەلی زەیدیدا چۆن دەبێت؟ ئایا پرسی مووچەو نەوت و غاز چی بەسەر دێت؟ شوان سدیق: کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا یاسایی و سیاسی و جوگرافیە، هەروەها رەهەندێکی هەرێمایەتیشیان هەیە، بەئاسانی چارەسەر نابێ، هەردوولایەن قەیران بەدوای قەیران دروست دەکەن و کێشە گەورەکان وەکو خۆی دەهێڵنەوە. لەدوای رژێمی سەدام پارتی و یەکێتی هاوبەشەکانیان لەبەغدا بەشداری پەرلەمان و دەسەڵاتی جێبەجێکردنن، بۆیە حکومەتی نوێی عێراقیش هاوشێوەی کابینەکانی پێشووە. پرسی مووچە یەکێکە لەو قەیرانانەی دەسەڵاتی کوردی دروستیکردوە، لەناوخۆدا داهاتی گشتی دەبەن و دابەشی خۆیانی دەکەن، لەئاستی عێراقیش لەدانوستان و گفتوگۆکان راشکاو و راستگۆنین، ناڵێم عێراق ئەو وڵاتەیە ئاواتی پێ بخوازین، عێراق وێرانە بەڵام خەڵکی کوردستان، سەرەتا کێشەیان لەگەڵ سەرانی کودایەتی هەیە. کێشەی موچەش کراوە بەبابەتێکی سیاسی و لەناوخۆی کوردستان و لە عێراقیش بەکاری دێنن. حزبی کوردی خۆیان لە بەغدان لەدوای روخانی بەعسەوە بەنۆرە سەریان کردۆتە پارەو سامانی دزراوی خەڵکی عێراق، کەچی خەریکی لێدانی دەهۆڵی کوردایەتی و نیشتمان پەروەرین.

بۆ پێشەوە: لەو ماوانەی دواییدا باسی هەڵوەشاندنەوەی هێزە چەکدارەکان و ڕیکخستن و تیکەڵکردنیان لە چوارچێوەی سوپایەکی سەراسەرییدا هاتووتەوە ئارا، ئایا، عەلی زەیدی چەندە دەتوانێ سەرکەوتووبێت؟ هەروەها ئایا چارەنووسی هیزی پێشمەرگە چی بەسەر دێت؟

شوان سدیق: زەیدی سەرکەوتوو نابێ، مەگەر خواستی شیعەکان بگۆڕێت بۆ شتێکی دیکە، میلیشیای عێراق، زۆرینە هی شیعەکانەو پشتیوانی دارییان لەلایەن حکومەتی عێراقە رەنگە لەم قۆناغە بۆ رەواندنەوەی مەترسی خۆیان، دژایەتی حکومەتی عێراق و ئەمریکا نەکەن، چونکە حکومەتی ئێستەی زەیدی ئەمریکا پشتیوانی لێ دەکات. پێشمەرگە زیاترلە ١٠ ساڵە وڵاتانی ئەورپاو ئەمریکا فشار لە پارتی و یەکێتی دەکەن یەک بخرێن، بەڵام هێشتا هێزێك لە دەرەوەی حزبەکان دروستنەکراوە، پێموانیە هێزی سەربازیەک دروست بێ لەدەرەوەی هەردوو حزب، چونکە مانەوەی پارتی و یەکێتی لە دەستەڵات و بڕیاڕ پەیوەندی بەهێزی میلیشیاو دەستگای ئەمنیەوەیە. عێراق لەم قۆناغە فشار لەهەرێم ناکات دژی هێزی میلیشیا، چونکە عێراق دەزانێت ئەمریکاو ئەوروپا پشتیوانی لە پارتی و یەکێتی دەکەن. هەروەها ئەمریکاش ئەوەند بۆی گرنگە بەرژەوەندی هەبێ پاشان گرنگ نیە، کوردستان یان عێراق چی سیستەمێکی سیاسی ئیداری دەدات، سەیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیسرائیلەوە بیگرە تاکو وڵاتانی کەنداو، هەمویان ستەمکارن و پشتیوانی لەتیرۆر دەکەن، کەچی هاوڕێی ئەمریکان. بۆپێشەوە: لە ئێستا، هەوڵێکی ناوخۆیی و دەرەکی وەکو گوشار لەسەر پارتی و یەکێتی هەیە بۆ ڕیکەوتن و کاراکردنەوەی پەرلەمان و پیکهێنانی حکومەت، تا چەندە ئەو هەوڵ و گوشارانە دەتوانن بەسەمەر بگەن؟

شوان سدیق: هەوڵ و ناوبژیوانیەکان زۆر کاریگەرنین، ئەگەر لایەنێک بتوانێ باڵانسی هێز بگۆڕێ له ناوخۆ یان وڵاتێکی دیکە ببێتە ناوبژیوان سەرەتا دەبێ هۆشداری بداتە هەردوولایەنی دەسەڵات ئەگەر رێکنەکەون زەرەردەکەن. بەڵام شتێکی وا لەگۆڕێ نیە پارتی و یەکێتی لەدوو کات رێکدەکەون، بەرژەوەندیان بکەوێتە مەترسی یان بەرژەوەندیان لەو کارە هەبێ ئەوکاتە رێک دەکەون. ئەگینا لە کوردستان هیچ دامەزراوەیەکی دیکە رۆڵی نیە، ناوچەیەکی فەوزاو بێسەروبەرە، دوو حزب شەش ملیۆن کەسیان بەبارمەتە گرتوە بەویستی خۆیان هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکەن. بۆپێشەوە: ڕیکەوتنی ئەمریکا و ئیران، چ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی سیاسی عێراق و کوردستان و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم دەبێت؟

شوان سدیق: بەرووخانی ئێران، بارودۆخی هەرێمی کوردستانیش دەکەوت بەلایەکدا، چونکە تاوەکو عێراق لەناوەندی بەهێزبێ هەرێمی کوردستان لاواز دەبێ، لەبەر ئەوەی لە کوردستان سیستەمی ئیداری و سیاسیەکەی دامەزراوەیی نییە، فەوزایە، ئەگەری کەوتن و پوکانەوەی ئاسانترە. رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا کاریگەری زیاتری لەسەر عێراقە، ئەگەر سیناریۆی عێراقی ساڵانی نەوەدەکان لە ئێران دووبارە بێتەوە، بەتایبەتی ئابڵوقەی ئابوری و فشاری سەر ئێران زیاتر بێت، ئەوکاتە فشاریش دەکەوێتە سەر عێراقیش، لەلایەکی دیکە ئەمریکا کار لەسەر دەوڵەتی ناسەقامگیر و فەوزا دەکات واتە دەوڵەتی لاواز. لەرووی ئابوری و سیاسی. ئەمریکا دەیەوێت ژمارەی وڵاتانی هاوشێوەی «لوبنان، سوریا، ئەفغانستانەکان» زۆربن لەپێناو مانەوەی خۆیان لە ناوچەکەو بەهێزبون و باڵادەستبونی ئیسرائیل. بێگومان عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی نایانەوێ سەقامگیری تەواوی تێدابێت.

بۆ پێشەوە: لەدۆخی ئیستادا چ ئەرکێک دەکەوێتە سەر خەڵکی کوردستان، بۆ دەرچوون لەو ئەزمە سیاسی و حکومیەی هەرێم تێی کەوتووە؟

شوان سدیق: ئەرکی خەڵکە لێنەگەڕێت گروپێک یان چەندکەسێک ژیان و دوارۆژیان بخاتە مەترسی بەداخەوە خەڵکی کوردستان هیچکاتێک وەک ئێستا بێدەنگ و پەرتەوازەنین لەبەرامبەر ئەو بێدادی و ستەمانەی لێیان دەکرێ، ئەرکی سەرشانی خەڵکە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت، ئەم نەبونی هاوئاهەنگی و رێکخراوییە لە نێوان خەڵکی کاریگەری خراپتری دەبێت، پارتی و یەکێتی ئارەزوویانە ئەم بارودۆخە ئەوها بەردەوام بێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.