کوشتنی ٨ ژن لە مانگێکدا، نیشانەی بوونی دەسەڵاتێکی پیاو سالارو  دژە ژنە و دەبێت بڕوات!

0

لە نێوان ٥ ی مانگی یەکەوە بۆ ٥ ی مانگی دوو، ٨ ژن لە ژێر سایەی دەسەڵاتی پیاوسالار و دژە ژنی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، بەهۆی ژن بوونیانەوە… کوژراون. ئەوە بەجیا لەو ژنانەی ناچار بە خۆ کوژی و خۆسوتاندن کراون یان لە دەزگا رەسمیەکان تۆمار نەکراون… وە بەجیا لەو توندوتیژیانەی بەچەندین شیواز لە ناو خێزان و قوتابخانە، شوێنی کار و کۆمەڵگە… لەدژی ژنان ئەنجام دراون. ناوی ئەم هەشت ژنەی لە ماوەی مانگێکدا کوژراون ئەمانەی خوارەوەن:

ژوان، تەمەن ٢٨ ساڵ، لەنیا، تەمەن ٣٤ ساڵ، تریفە، تەمەن ٤٢ ساڵ، روبار تەمەن ٣٥ ساڵ، خەندە تەمەن ١٦ ساڵ، مریەم تەمەن ٣١ ساڵ، ساکار تەمەن ٢٤ ساڵ، نور، تەمەن ١٨ ساڵ…

 ئەم کوشتارەی ژنان لە ژێر سایەی دەسەڵاتی پیاوسالار و دژە ژنی بزوتنەوەی کوردیەتیدا، درێژکراوەی ئەو ژن کوشتنەیە کە حزبەکانی کوردایەتی لەیەکەم رۆژی گەڕانەوەیان بۆ ناو شارەکان لە ساڵی ١٩٩١دا، لە ژێر ناوی شەرەف یان بەناوی هاوکارانی بەعس، خەڵتانی خوێن کران. درێژکراوەی دەستخستە ناو دەستی هیزە ئیسلامیەکانە بۆ دژایەتی ژنان و مافەکانیان لەهەموو ئاست و زەمینەیەکدا… دەسەڵاتێک بە ژن کوشتن دەستی پێکردبێت، و فەرشی سوری بۆ ئیسلامیەکان راخستبێت، دەبێ چ چاوەروانیەکی لێ بکرێت، جگە لەوەی شانازی بە کوشتنی ژنانەوە بکات… لە ساڵی ١٩٩١ وە تا ئێستا، قێزەونترین کارنامەی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی، لە پاڵ دەیان تاوانی تیرۆری سیاسی و تیرۆری نەیاران و دزی و تاڵانی و نۆکەرایەتییدا، تیرۆری ژنانە… تیرۆرێک کە هەموو رۆژەیە و کەم رۆژ هەیە ژنێک یان چەند ژنێک بە پاساو و بیانووی پوچ و بەتایبەتیش لە ژێر ناوی شەرەف پارێزیدا!!، چەقۆی پیاو سالاری گیانیان نەکێشێت. ئەوەی کە هۆکاری ئەم ژنکوژی و ئەو توندوتیژییە هەوسار پچراوەی پیاوسالاریەیە، بەپلەی یەکەم دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردە، دەسەڵاتێک کە لەلایەکەوە دینی لەگەڵ یاساو خوێندن و پەروەردە تیکەڵ کردووە، دەمەزەردی یاسا دژە ژنەکانی کردۆتەوە، فرە ژنی بەفەرمی ناسیوە. لەلایەکی تریشەوە تا ئێستا کوشتنی ژنانی وەکو کوشتنی دەست ئەنقەست تەماشا ناکات. زوربەی هەرە زۆری بکوژانی ژنان، دەستگیر ناکرێن. یانیش ئەگەر دەستگیر بکرێن لە مامەڵەی عەشایەری و حزبیدا، زوو ئازاد دەکرێن.

ئەم دۆخە و ئەو دۆزەخەی بۆ ژنان خوڵقێنراوە، بە جۆرێکە کە بە جیا لە تیرۆری جەستەیی کە زۆر بەر بڵاوە.. هاوکات کچەڵی سیکسی بە ژنان لە شوێنی کار و لە خێزاندا، تا دەگاتە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان و ناو کۆمەڵگە… لەوەش زیاتر تا دەگاتە خودی یاساکان خوڵقاندویانە… یاسای باری کەسێتی و سزادانی عێراقی کە لەکوردستان کاریان پیدەکرێت.. دەستی پیاو سالارانی ئاوەڵاکردووە کە بە گومانی خراپ!! یان بە پاساوی شەرەف و ژن کوژی بکەن… مادەی ٤١٣ یەکێک لەو مادانەی ڕیگەی بە کوشتنی ژنان دەدات لە ژێر ناوی پاککردنەوە شەرەفدا… ئەوە بەجیا لەوەی بەم دوایانە، حزبەکان و فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانی عێراقدا و لە سات و سەودایەکی شەرم ئاوەردا، دەنگیان دا بە هەمواری یاسای باری کەسێتی کە هەم رەوایەتی یاسایی دەدات بە توندوتیژی لە دژی ژنان و مناڵان و هەم رێگەدەدات بە بەشودانی کچانی ٩ ساڵە، کە دەکاتە “ئازادی یاسایی” بۆ دەستدرێژی سیکسی بۆسەر مناڵان. هەموو ئەوانە دروستکەری ئەو ژینگەیەن بۆ کوشتار و تیرۆری ژنان و توندوتیژی… هەر ئەوەشە وای کردووە لە ژێر دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، گۆرستانی ژنانی بی ناو نیشان هەبێت… کە ئەوە بەڵگەی درندەیی دەسەڵات و پسولەی رەوایەتی بەخشینە بەهەر ئازادیخوازێک کە تا زووە کار بۆ راماڵینی ئەم دەسەڵاتە بکات.

Leave A Reply

Your email address will not be published.