چارەنووسی ئێران لە دەستی چینی کرێکاردایە! … نووسینی… توانا حەمە نوری

0

کرێکارانی پڕۆژەی گرێبەستی نەوت و گاز و پترۆکیمیایی لە ڕۆژی هەینی ٢١ی نیسانەوە لە شوێنە جیاوازەکان مانیان گرتووە، ڕۆژی شەممە هەڵمەتی مانگرتن بەردەوام بوو و زیاتر بڵاوبووەوە.

لە ڕۆژی یەکەمدا سەدان کرێکاری بەڵێندەر کە لە پاڵاوگەی نەوتی ئابادان و چەندین کۆمپلێکسی پترۆکیمیایی کاریان دەکرد، ناڕەزایەتییان دەربڕی لەسەر بارودۆخی ژیانیان و مانیان گرت و داوای زیادکردنی حەقدەستەکانیان کرد. هاوکات کرێکارانی کاتی و گرێبەست لە پیشەسازییەکانی دیکەی وەک یەزد مانیان گرت.

لە ڕۆژی دووەمدا، مەودای هەڵمەتەکە زیاتر فراوانتر بوو لەگەڵ هەندێک کۆمەڵگەی دیکەی وەک باشووری پارس — کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی دەهلۆران، پترۆکیمیایی گەچساران، لۆردێگان و کانگان پترۆکیمیایی پەیوەست بوون بە مانگرتنەکەوە و داوای زیادکردنی کرێیان کرد. داواکاری سەرەکی زیادکردنی حەقدەست و ئاسایشی کارە.

مەودای ناڕەزایەتی چینی کرێکاران لەدژی کەمترین حەقدەستی فەرمی کە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای کارەوە بۆ ئەمساڵ پەسەند کراوە، تەنیا لە کرێکارانی نەوتدا سنووردار نییە. کرێکاران لە سەرانسەری وڵاتدا دژایەتی ڕێژەی کەمی مووچە و سەرکوتکردنی کرێ و مافی سەندیکاکان دەکەن. ئەوان بە تایبەتی داوا دەکەن کە زیادکردنی مووچە لەسەر بنەمای ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاستەقینە و خەرجییەکانی ژیانیان بێت.

پێویستە پشتیوانی لە چینی کرێکاری ئێران بکەین، بە کرێکارانی گرێبەستی نەوتیشەوە چونکە کرێکارانی گرێبەست لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش کراون. لە قۆناغی ئێستادا، بانگەوازی داواکارییەکان کە لەسەر بنەمای تێچووی ژیانی کرێکاران کە هاوکات دەتوانێت دەسەڵاتی بزووتنەوەی کرێکاران بەهێز بکات و هەڵمەتی مانگرتن فراوانتر بکات، شتێکی ژیانی و گرنگە.

زۆر گرنگە پشتگیری لە خەباتی کرێکاران بکەین بۆ داواکارییە دەستبەجێکانیان؛ دەبێ داواکاری زیادکردنی مووچە لەگەڵ خەباتی قارەمانانەی ژنان لە دژی یاسای ئیجباری حیجاب تێکەڵ بکەین. خەباتی کرێکاران و خۆڕاگری ئازایانەی ژنانی لە دژی حیجابی ئیجباری و سەرکوتکردنی ڕژێم، هەموویان ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ بەردەوامیی بزووتنەوەی جەماوەری دژ بە کۆماری ئیسلامی دیکتاتۆر.

کەمپەینی فراوانکردنی ناڕەزایەتی کرێکاران و پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی کرێکاری سەرتاسەری لەم کاتەدا لەوپەڕی گرنگیدایە. خەباتی کرێکاران لە ئێستادا کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر داواکارییە ئابوورییەکان سەنتەرە، بەڵام لە چوارچێوەی بزووتنەوەی جەماوەری ژن، ژیان، ئازادی و بارودۆخی گشتیی وڵاتدا ڕوودەدات و بەم پێیەش دەکرێ ببێتە بزووتنەوەیەکی سیاسیی هۆشیارانە دژ بە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر.

ئەگەرچی گەرەنتیکردنی ئاسایشی کار، زیادکردنی مووچە، ڕاگرتنی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کاتی لە داواکارییە دەستبەجێ و دادپەروەرەکانی کرێکارانە، بەڵام کرێکارانی سۆشیالیست دەبێ لە ڕێگەی خۆڕێکخستن و یەکدەنگییەوە سەرکردایەتی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانی ئێران بکەن بەرەو نەک تەنها بەدەستهێنانی داواکارییەکانیان، بەڵکو بەدەستهێنانی پشتیوانی توێژ و بەشەکانی تری کۆمەڵ بەرەو بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات و دامەزراندنی سۆشیالیزم. بانگەوازی زیادکردنی حەقدەست و داواکارییە دەستبەجێیەکانی دیکە جیا نییە لە دژایەتیی هۆشیارانەی بزووتنەوەی کرێکاران بۆ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.