هەر رۆژە هەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی بۆ بۆپێشەوە دەدوێن… وەڵامی بەڕێز نیاز عەبدوڵا (مامۆستا،پەیکەرساز وچالاکوان لەبواری مافەکانی ژنان ومنداڵان).

0

نیاز عەبدوڵا: ئەم بابەتە زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێت کە لێرەدا باسی لێوە بکرێت. بە ڕای من گەورەترین توندوتیژیە بەرامبەر بە جەستەی ژن دەکرێت، لاقە کردنی کچانی منداڵ وهەرزەکار واتە، بۆ کوڕی منداڵیش هەمان تاوانە. بۆ ئەوەی کۆمەلگەیەکی تەندروست هەبێ، دەبێ تاکی تەندروست پەروەردە بکرێت. تاکی تەندروست یانی خێزانی تەندروست، خێزانی تەندروست یانی کۆمەڵگەی تەندروست، کۆمەلگەی تەندروست یانی دەسەڵاتێکی تەندروست لەسەر بنمای  یاساو سستمێکی دیموکراتی کە مافی تاکەکانی تیا  پارێزراو بێت بە تایبەت منداڵان کە چارەنوسی داهاتوی کۆمەڵگەن.
 منداڵانی خوار تەمەن هەژدە ساڵ لە هەردوو ڕەگەزەکە نە لەشیان نە هزریان تەواو گەشەی نەکردووە بۆ ئامادە بوون لە پرۆسەی سێکس و منداڵ بوون و بەرپرسیاری منداڵ و خێزان،  چونکە ئەوان لە ڕووی زهنیەتەوە خۆیان منداڵن !
هەر بۆیە دەستپێشخەری ناساندنی هەموو ئایدیایەکان بە منداڵ و هەرزەکاران  بەرپا دەکەن، چونکە ئەمانە ئاسان کاریگەریان لەسەر دەکرێت بەهۆی ئەوەی هێشتا هزریان و زهنیەتیان گەشەی نەکردووە. لەم بریاری باری کەسیەتیەشدا دیسان دەیانەوێ ئەم تەمەنانە بکەنە قوربانی نیەتە گڵاوەکانیان کە تەواوەن کۆمەڵگەیەکی تێکشکاو دروستدەکەن، کە هیچ پێناسەیەکی کۆمەڵگەی بۆ ناکرێت لە بناغەوە تاک هەڵدەوەشێنرێت و دروستبوونەوەی زۆر زەحمەتە. بابڵێین بڕیارەکە وەک ڤایرۆسێکی شێر پەنجەیە و جگە لە مەرگ هیچ  چاوەڕوانیەکی تری لێ ناکرێت! شەڕێکی تایبەتە بە پلانی هێزەکانی  دژبە میللەت دانراوە، واتە یەکێکە لە شەڕە تایبەتیەکان  بەپلانی ڕوخاندن لە بناغەوە.
دایک وباوک دروستکەری خێزانن پەرپرسیارن لە پەروەردەی منداڵەکانیان، کەواتە دەبێ دوو مرۆڤی پێگەیشتوی خاوەن ئەزموونبن لە ژیاندا  تا بتوانن  و بزانن چۆن ڕووبەڕووی کێشە کۆمەڵایەتی و دەرونیەکان ببنەوە!
لە وڵاتێکی وەک سوید گەورەترین تاوان ئەو تاوانەیە کەسێکس لەگەڵ خوار هەژدەساڵدا بکرێت، سزاکەی لە کوشتنی مرۆڤێک زۆر زیاترە، چونکە ئەو لاقەکردنە کوشتنێکی بەکاوەخۆیە بۆ ئەو کەسانەی لاقە کراون، لە ڕووی دەرونیەوە تێکدەشکێن  تا دەگاتە ڕادەی خۆ کوشتن،
تاکی کوژەر، دز، درۆزن، درۆگ، گەندەڵ  لەو دایک و باوکانەوە دێتە ئاراوە کە خۆیان  پەروەردە نەکراون. منداڵەکان بپارێزن با بۆمبی نەفامی کۆمەڵگەکەمان لەوە زیاتر هەڵنەوەشێنێ !!!!
تەڵاق و میرات و هاوسەرگیری بەپێی ئەو شەریعەتەی ئیسلام، هیچ مافێکی ژنی تیا نەپارێزراوە، بۆیە دەبێ یاسای باری کەسێتی هەمواربکرێتەوە لە عێراقدا و ئاین تەواو دوور بخرێتەوە لە سیاسەت و دەسەڵات، هەر وەک هەموو وڵاتانی تری جیهان، ئاین تایبەتە بە بڕوای خودی تاک نەک کۆمەڵگەو یاسا و دەسەڵاتی سیاسی لەسەر بونیاد بنرێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.