“لە ماڵەوە وەرنە دەرەوە” بە پاراستنی تەندروستی تەواوەوە!

0

“لە ماڵەوە وەرنە دەرەوە”

بە پاراستنی تەندروستی تەواوەوە!

سامان کەریم

Saman.karim5@gmail.com

هەموو حکومەت و دەسەڵاتەکانی بورجوازی جیهان پێمان دەڵین ” لە مالەوە بمێننەوە”، ” stay at home”، ” البقاء في المنزل”، ” در خانە بماند” هەموو دونیا ئەم دروشمەی کردوە بە یەخەیدا، تەنانەت کۆمۆنیست و چەپ و کەسانی ئازادیخواز لە ئەوروپاوە بگرە تا ئەمریکا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. مەسەلە چیە ئەم دروشمە بەم شێوەیە جیهانگیر بووە و گاپ و جیاوازی چینایەتی نەهێشتوە؟! ئایا لە ڕاستیدا ” مانەوە لە ماڵەوە” ڕێگا چارەیە یان حەبی ئازارە؟! یان مەبەست چییە لەم دروشمە و خاوەنەکەی کێیە؟! ئایا لە ڕاستیدا، ئەم دروشمە ڕووی لەوەیە کە “کۆمەڵگەی بەشەری” بپارێزیت؟! مەسەلە چیە کە تاوانبارانی وەک جونسون و ماکرۆن و شی گین بینگ و كونتي و ترامب و سانشيز وبۆتین و خامنەئی… پێمان دەڵێن ” لەماڵەوە بن؟!. ئەم ڤایرۆسە هەرچۆنێک سەریهەڵدا بێت، بورجوازی گەورەی دونیا بەرپرسە لێی. دروستکراو بێت یان دەستکاری جینەکانی کرابێت وموتوربە کرابێت، یان وەک دەلێن ‘لە شەمشەمە کوێرەوە بۆمان هاتبێت” هیچ لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە دەسەڵاتی سەرمایە وسەرمایەداری ئەمرۆی دونیا بەرپرسە لێی. سەرنج بدەینە بەرزبونەوەی ئاستی نەخۆشی ژێر پەنجە لەمرۆی جیهاندا، کە بەهۆی دەستکاری جینەکانی خۆراکەوە هاتۆتە دی، ئەو کات دەزانین کە بڵاوبونەوی ڤایرۆس و نەخۆشییەکان بەم شێوە ترسناکە سەرمایە و سەرمایەدای خۆیەتی.

سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە پێش کۆرۆنا و قەیرانی ئەم ڤایرۆسە لەعنەتییە، سەرمایەداری جیهانی لە قەیرانی ئابوریدا بوو. قەیرانێک کە بورجوازی ئەمرۆی دونیا و بیرمەندان توێژەرەوانی ئابوری سیاسی و بە ڕاست و چەپی بورجوازییەوە دەیانەوێت بیخەنە ملی ڤایرۆسەکەوە، لەمبارەوە ڤایرۆسەکە گوناهێکی نییە. بەڵام لە ڕاستیدا گەلێک پیش ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ ” کاتی دەرکەوتنی ڤایرۆسەکە لەچین” ، ئێمە لە سایەی قەیرانی ئەم سیستەمە ئاڵۆزەدا دەژین. لەمبارەوە هەموویان درۆ ئەفەرموون. بە بڕوای من سیستەمی سەرمایەداری تائێستا نەیتوانیوە قەیرانی ساڵی ٢٠٠٨ تیپەڕێنێت سەرەڕای گەشەی ئابوری لە چەند سێکتەرێکدا. ساڵی ٢٠١٨ ساڵی هاتنە خوارەوەی گەشەی بازرگانی و  پیشەسازییە تەحویلییەکان Transformative Industries و دابەزینی ئاستی وەبەرهێنان و هەروەها ساڵی هاتنەخوارەوەی خێرای مارکێتە مالیەکان بوو،  بەڕێژەیی  لە نێوان 5- 7%  لە شوباتەوە تاکو تشرینی دووەم سالێ ٢٠١٨ وە هەر لەم ساڵەدا قەرزی گشتی جیهانی گەیشتە ١٨٤ تریلیۆن دۆلار. دواتر لە ساڵی ٢٠١٩ دا، گەشەی ئابووری وڵاتی چینی ڕووی لە هاتنە خوارەوە کرد…..لەمبارەوە داتایەکی زۆر لە بەردەستدایە. بەم پێیە، قەیرانی کۆرۆنا لەم قۆناغەدا هەم قەیرانی ئابوری قوڵتردەکاتەوە، هەم بورجوازی دەیەوێت وانیشانی بدات کە ئەوە کۆرۆنایە، قەیرانەکەی بۆ هێناوین.

دروشمی “لەماڵەوە بمێنەوە”چیمان پێ دەڵێت؟!

ئەم دروشمە کە سەدان ملیۆن کەس لە یەخەی خۆی داوە، دروشمیکی هەڵخەڵەتێنەرە. دروشمێکە سەر لێتێکدەر و بەلاڕێدابەرە. بەڵام با بزانین بۆ دەسەڵاتدارانی بورجوازی لەسەراسەری جیهان، هەر یەکە و لە ماوەیەکی دیاریکراودا بوون بە خاوەنی ئەم دروشمە؟! ئەم دروشمە پێمان دەلێت.

یەکەم: دەسەڵات دەسەڵاتی بورجوازییە و چی دەلێت نابێت ڕەت بکرێتەوە، ئەمجارە لە ژیر ناوی خۆپاراستن و پاراستنی کۆمەڵدا. دەبێت ئەوە ڕۆشن بێت لە هەموو وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا و ئەمریکا زۆر هوشیارانە، حکومەتەکان ڕیگەیاندا کە ڤایرۆسەکە بڵاوبێتەوە. جۆنسنی بەریتانیا و هەندێک لە وڵاتانی ئەسکەندناڤیا، ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەمان ڕێگای گرتووە. خەڵک بە شێوەیەک ترساوە، خراوەتە گونجی ماڵەوە، لەنیو ماڵیش ئۆقرەی لێبڕاوە. هاوڕێیەکی خۆشەویستمان شوان جوتیار لە فەیسبوک لە واڵای خۆی، ئەم هەلومەرجەی  بە دروست وەسفکردوە و نوسیویەتی”  “لە زرمەی بۆمبی دوشمن ناترسم لە کۆکە و پژمەی یارم دەترسم”. کەواتە لێرەدا مەسەلەکە ترسناندن تۆقاندنی کۆمەڵگەیە بەگشتی وبەتایبەت چینی کرێکار. پێمان دەڵێن هەرکاتێک بمانەوێت، نەک بەهۆی جەنگەوە بەڵکو بەهۆی ڤایرۆسێکەوە هەموو هەسارەی زەوی دەکەینە زیندانێکی گەورە. پرۆڤە و ئۆپەراسیۆنی دەسەڵاتی بورجوازییە، بۆ دەستەمۆکردنی تەواوی کۆمەڵگە، بە چینی کرێکاریشەوە.

دووەم: چینی بورجوازی و دەسەڵاتەکەی، باری ئالۆزی و نارەحەتی و دودڵی و باری سایکۆلۆجی و مالی” مەسرەف” ئەم هەلومەرجە و پێداویستیەکانی بە خەڵک جێبەجێبکەن. واتە پێش قوڵتر بوونەوەی قەیرانی ئابوری، دەیانەوێت هەنگاوەکانی ناکامکردنەوەی هەڵگرن، هەم لەڕێگای فرۆشتنی کارگە و سێکتەرە خزمەتگوازییەکانەوە کە تا ئێستا دەوڵەت، سەرپەرشتی دەکات، و هەم لە ڕێگای ئەوەی کە تەواوی مەسەرف و  خزمەتگوزارییەکانی پێویست دژ بەم ڤایرۆسە بخەنە سەر شانی کرێکاران و خەڵک خۆی و لە هەمانکاتدا بە گوێنەدان بە چارەسەرکردنی بەساڵاچوان و خانەنشینان. لەکاتێکدا پێویستە تەواوی خزمەتگوزارییەکان بە خۆرایی و بە موچەی تەواوە پێشکەش بە تەواوی دانیشتوانی وڵات بکرێت. خەڵکی کوردستان، وە کرێکارانی کوردستان وەک ئەمرێکی فەوری پێویستیان بە موچە نەدراوەکانە، لەمبارەوە پیویستە هەنگاوی ڕێکخراو و گونجاو پیادە بکرێت، بۆ سەندنەوەی ئەم موچانە و پێدانی موچەی تەواو. ڤایرۆسی کۆرۆنا و ” لە ماڵ مەچنە دەرەوە” نابێت ڕیگری بۆ ئەم خواستە ڕەوایە پێک بهێنێت، بەڵام پێویستە میکانیزم و شێوازی گونجاو بگیرێتە بەر، نەک شێواز و میکانیزمەکانی خەباتی بەهاری عەرەبی. لەمبارەوە پێویستە تەواوی خۆپارێزییە تەندروستیەکانی تر پیادە بکرێت، لە پۆشینی ماسک و دەست کێش و بەکارهێنانی پاکەرەوەکان. بەشێک لەوەی کە ماسک و مەوادەکانی پاکژکەرەوە و ئامێرەکانی پشکنین دابین ناکرێت یان دەسەڵاتداران نایکەن، زیاتر بۆ بەردەوام بوونی ترس و تۆقاندنە، نەک تێچوە ئابورییەکەی، کە ئەوەش هۆکارێکە.

سێهەم: پرۆسێسی پاکتاوکردنی” پیشەیی” کرێکاران بە هەنگاوی گەورە ببەنە پێشەوە. ئەمە مانای چیە؟! چینی کرێکار، مەبەست ئەوانەی لەسەر کارن نزیک بە ٣ ملیار کرێکارە لە ئاستی جیهانیدا. بەلام لە ڕوانگەی بەشی پێشکەوتوو و پێشڕەوی بورجوازی جیهانییەوە لایەنی کەم سێ یەکی زیادەیە. واتە نزیک بە یەک ملیار کرێکار زیادەیە و مانەوەیان دژ بە ئاڕاستەی کەڵەکەی سەرمایەیە لە ئاستی جیهانیدا، لەکاتێکدا کە قازانج لە هێزی‌ کاردایە (دژایەتی نێو خۆی سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری). ئەم سیاسەتی بێکارکردنە ڤایرۆس هەبێت یان نا، هەر دەبێت بکرێت بەتایبەت ئێمە ئیستا لەسەردەمی تۆری ئەنتەرنێتی  G5داین کە پێویستی بە شارە زیرەکەکان هەیە وەک ژێرخانێک لە ئاستی جیهانیدا. واتە کۆی سیستەمی شار بە کەلوپەلی نێو ماڵیشەوە دەخرێتە ژیر کۆنترۆل و بە مۆبایل دەتوانیت کار لەسەر هەموو ئامێرەکانی ماڵەوە بکەیت، چ لە ماڵ بیت یان لە دەرەوەی ماڵ. ئەم گەشەیە( گەشەی هێزەکانی بەرهەمهێنان) خۆی لافاوێکی گەورە دروست دەکات بۆ دەرکردنی کرێکاران لەسەرکار … ئەم ڤایرۆسە و قەیرانەکەی دەبێتە زەمینەیەکی درۆزنانە و ڕیکلام و پڕوپاگەندەیەکی گەورە بۆیان کە هۆکارەکە سەرمایەداری وگەشەی سیستەمەکە نەبووە، بەلکو ئەم ڤایرۆسە نەعلەتییەیە. لەمبارەوە میدیا وماس میدیا لە ئێستاوە دەهۆڵی ئەوە دەکووتن. میدیای ئەمرۆ لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری خراپترە. بەلام پاکتاوکردن مانای چیە؟! مانای ئەوەی کە کرێکار بە گشتی دەرناکرێن، بەڵکو دیاری دەکرێن و کرێکارانی زیرەک ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو کریکارانە دەگرێتەوە کە سێکتەری کارەکانیان بە خێرایی نابەسترێن بە تۆری G5 وە، بەشەکانی گواستنەوە، خزمەتگوزاری گشتی، پیشەسازی ئاسن و خەلوز، ئوتۆمۆبیلسازی کلاسیک، کە بەشی کارەبایی و هیوبرید ناگرێتەوە، سێکتەری وزە بەتایبەت و نەوت و دواتر گاز، سێکتەری پەروەردەو خوێندن لە هەموو ئاستەکاندا…. لێرە دورخستنەوەی کرێکار وە خەڵک بەگشتی لە هوشیاری و تێگەیشتن لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم بێکارییە گەورەیە. ئەم پرۆسەیە هەر ئێستا دەستیپێکردوە و درێژە دەکێشی تا کۆتاییەکانی ٢٠٢١بەشێوەی جیاواز بەردەوام دەبێت. ئەم پرۆسەیە پەیوەندی نییە بە کۆتایی قەیرانی کۆرۆناوە. بەڵام قەیرانی کۆرۆنا، کراوە وە دەکرێتە بیانوویەکی گونجاو بۆیان. بەشێکی گەورەی ئەم ترس و تۆقاندنە، کە میدیا بۆتە دەهۆڵ لێدەری، بۆ پیادەکردن و شاردنەوەی ئەم بێکارکردنە گەورەو فراوانەیە لە ئاستی جیهانیدا.

چوارەم: دەستەوەستانی و زەلیلی خەڵک نیشان دەدات. خەڵک خۆی دەڵێت من بێ دەسەڵاتم. بەڵام خەڵک لە سایەی سیستەمی سەرمایەداری هاوچەرخدا، بەبێ چینی کرێکار و بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی ئەو، کارێکی شۆرشگێرانەی لە دەست نایەت. کەواتە کۆمەڵگەی گلۆباڵی ئێمە پێویستی بە ڕێکخراوبوونی چینی کرێکار هەیە وەک ئەمرێکی فەوری. بە پێچەوانەوە، ئێمە ئەگەر شانسی مانەوەمان هەبێت، ئەوا دەرگیردەبین لە شێوەی جیاوازی ڤایرۆس باران و سارین و سیانید باراندا، یان جەنگی ئەتۆمی. سەرمایەداری گەیشتۆتە بینەقاقای تەقینەوەی نێو خۆی. دەتەقێ. بەڵام تەقین، بێ هێزی ڕیکخراوی چینی کرێکار، ئاسۆیەکی ڕۆشن نادات بەدەستەوە.

هەلومەرجی دوای قەیرانی کۆرۆنا جیاوازە

  بەهۆی ئەوەی کە چینی کرێکار وەک هێزێکی ڕێکخراو ئامادە نییە، دەسەڵاتی بورجوازی جیهانی و لۆکەڵیەکان قەیرانی کۆرۆنایان کردۆتە سەکۆیەکی گونجاو بۆئەوەی وا نیشانی بدەن، ئەوە ڤایرۆسی کۆرۆنایە، بۆتە هۆی قەیرانی ئابوری و دەرکرنی کرێکاران و داخستنی سەدان هەزار کارگە و پرۆژەی بچوک. یان پاش ماوەیەکی دیکە بڵێن بۆتە هۆی ئەم ئاڵوگۆرە سیاسیانە. پێم وایە بە کۆتاییهاتنی قەیرانی کۆرۆنا، قەیرانە ئابورییەکە قوڵتر دەبێتەوە و تا کۆتاییەکانی ٢٠٢١، لە پرۆسەی دەرکەوتە جیاوازەکانیدا دەبین. وە هەرگیز پێم وانییە سەرمایەداری بتوانێت ڕزگاری بێت لە قەیرانی قوڵی ئابوری  و بونیادی ئێستای. لێرەدا دەرکەوتە گەورەکان دەست نیشان دەکەم:

 یەکەم: هەلومەرجی دوای قەیرانی کۆرۆنا جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لە هەلومەرجی پێش قەیرانەکە. هەر ئێستا ئەوروپای یەکگرتوو مانای نەماوە، زۆر نایەکگرتوو بوو، تەنانەت وەڵامی کۆمەککردنی وڵاتێکی دامەزرێنەی خۆیانیان نەدایەوە، کە ئیتاڵیا بوو.  هەر ئێستا پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا بێ مانا بووە. ئەمریکا بە سیاسەتی ” ئەمریکا یەکەمە”ی ترامب، ئەمریکای بردە دواو. بەڵام بەشێکی دیکەی لە ڕاستیدا بێ توانایی ئەمریکایە بۆ کۆمەک و یارمەتیدان. ژێرخانی سیستەمی تەندروستی ئەمریکا لە فەرەنسا زۆر باشتر نییە. نیوۆرک کە شارێکی هێجگار گەورەیە لە کارەسات نزیک بۆتەوە.

دووەم: داڕوخانی ئایدۆلۆژی و ئەخلاقی سیستەمی سەرمایەداری. ئەم سیستەمە غەرق بووە لە بێ ئەخلاقی و بەڕاستی بێ ئەخلاقە. تەنانەت ڕێز لەوانە ناگرێت کە ٣٠و ٤٠ تەنانەت ٤٥ ساڵ، کاریان بۆ ئەم سیستەمە بۆگەنە کردەوەو خزمەتیان کردوە، تەنانەت ئەوانەی پۆلیس و سەرباز بوون. و لە ڕاستیدا بە باری سەختی ژیانی نەوەی پێش و پیشتری ئێمە کە ئێستا خانەنشینن، ملیاردێرەکان بوونە ملیاردیر و سەرمایە کەڵەکەی کردوە، بەرهەمهێنانی ئەمرۆ ئاوەها پێشکەوتووە. ئەم سیستەمە و دەسەڵاتەکەی بە ئاشکرا” قەبر” بۆ خانەنشینان ئامادە دەکات، جۆنسۆن ئەم وەحشەی سەرمایە بە ئاشکرا ئەوەمان پێدەڵێت. خانەنشینان، نەک وەک ئینسان سەیر ناکەن، بەڵکو وەک بارێکی قورس بەسەر کۆمەڵگەوە ڕایدەگەیەنێن. لەهەمانکاتدا دەیانەوێت کۆمەڵگە بەمە ڕازی بکەن کە ئەم ئینسانانە پێویستە بمرن. ماوەی ١٢ ساڵ زیاترە ئەوروپا مەیدانی ململانێی سەختی نێوان بزوتنەوەی کرێکاریی و دەسەڵاتی بورجوازی لە پەیوەند بەتەمەنی خانەنشینیەوە، لە فەرەنسا تا ئێستا بەردەوامە. بورجوازی دەیەوێت ئەم تەمەنە بەرزبکاتەوە تا ئاستی ٦٨-٧٠ ساڵێ هەڵیکشێنێت، دواتریش لە سایەی ڤایروسێکی وەک کۆرۆنادا کۆمەڵ کوژو ئەنفالیان بکات. تەنانەت قەرزەکانیان نەداتەوە کە چەندین ساڵە مانگانە لەژێر ناوی پارەی خانەنشینیدا داویانە بە دەوڵەت. ئەمە داڕوخانی تەواوی سیستەمی سەرمایەدارییە لە ئەخلاق و لوتکەی بێ ئەخلاقییە. بەڵام بەمکارە دەسەڵاتی سەرمایە پارە و پولێکی زۆر دەگرێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت بۆ ئەوەی دوایی بیکات بە گیرفانی سەرمایەدارانی گەورەدا.

سێهەم: دەرکەوتنی وڵاتی چین وەک وڵاتیکی فریاگوزار و بەخشندە لە ئاستی جیهانیدا. نمونەی چین بۆ چارەسەر لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆتە جێگای ڕەزامەندی وڵاتان و تەنانەت خەڵک بەگشتی. لەمبارەوە وڵاتی چین، بەهۆی کۆرۆناوە دڵی ئەوروپای دڕی و کردیە دۆستی خۆی. لەهەمانکاتدا لە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی جیهاندا، پێگەی خۆی زیاتر توند کردوە. ئیتاڵیا و ئیسپانیاو فەرەنساو سربیا و دانیمارک و جگە لە کۆمەکی دیاریکراو بە یەکێتی ئەوروپا و  ئێران و کەمبودیا و بەرازیل و میسر و مەراکیش و کازاخستان و تەنانەت کوردستان …. چەندین وڵاتی دیکە، جێگایەک بوون کە بەر کۆمەک و یارمەتی وڵاتی چین کەوتون.

چوارەم: بەم پێیە وڵاتی چین لەباری فریاکەوتن و چارەسەر و ئاگر بڕی کۆرۆناوە وەک وڵاتی یەکەمی جیهان پێگەی خۆی پتەوکرد. لەهەمانکاتدا، ئابوری چین هەر ئێستا لە هەستانەوە دایە بە بەراورد بە سەرەتای قەیرانەکە و تەواوی وڵاتانی دیکەی زلهێزی دونیا. دەرکەوتەی گەورەی ئەم قەیرانە لە دوا ئەنجامدا، کە خۆی ڕەنگدانەوەی قەیرانی قوڵتری ئابوری و ئایدۆلۆژی و ڕۆشنبیری و کالچەری و سیاسیە، زەمینەکانی داڕمانی ڕۆژئاوا بەرەو کۆتایی دەبات و ئەمریکا وەک هێزی یەکەم بە ناچار جێگای خۆی چۆڵ دەکات بۆ چین، بە شەڕ و جەنگ بێت، یان بێ ئەوە. لە وتاری ” داڕوخانی ڕۆژئاوا و پێگەی چینی کرێکار” کە لە ئازاری ٢٠١٧ دا بڵاوکراوەتەوە زەمینەکانی داڕوخانی رۆژئاوا بە درێژی باسکراوە. ئەمرۆ دوای قۆناغی کۆرۆنا، ڕۆژئاوا وەک چەمکێکی سیاسی و کۆمەلایەتی و بەهرەمەند لە کۆمەڵێک بەهای ئینسان دۆستی، هیچ زەمینەیەکی نامێنیت.

پێنجەم: نەریت و فەرهەنگی ڕۆژئاوایی کە بەگشتی دەتوانین بلێین لە “تاک گەرایی” و “خۆپەرستی” و داماڵینی ئیدێنتتی ئینساندا خۆی دەبینێتەوە، بەرەو ئاوابوون مل دەنێت. ئەم نەریتە نامۆیە لەگەڵ ئەسڵی سروشتی ئینساندا. نامۆیە بە کۆمەڵگای چینایەتی و سەپێندراوە بە سەریدا لە ڕێگای بازاڕی ئازاد و لیبرالیزمەوە. لەمەودوا خەڵکی ئیتاڵیا و ئیسپانیا و وڵاتانی دیکە ناتوانن، بەشێوەی پێشوو پەیوەندی کۆمەڵایەتی خۆیان بنیات بنێنەوە. بەڵکو هاوپشتی و فریاگوزاری و گیانی کۆمەڵایەتی وەک دیاردەیەکی تازە ڕوو لە گەشە دەکات. لە هەمانکاتدا بیری گڵۆبال وجیهانگیری فراوانتر و بەرجەستەتر دەکات، کۆمەڵگەی هەسارەی ئێمە، وەک کۆمەڵگەیەکی هاوچارەنوس دەخاتە بەردەم پرسیاری دەست بەجێوە. بەڵام سەرکەوتنی پرۆسەیەکی لەم چەشنە بەبێ هوشیاری چینایەتی وەک هوشیارییەکی کۆمەلایەتی، بەئەنجام ناگات.

شەشەم: درۆیەکی گەورەی مێژوو، بە ڕۆشنی دەردەکەوێت. درۆی ئەوەی کە “بازاڕ خۆی، خۆی ڕێکدەخات” . ئەمرۆ هەموو بازاڕی دونیا، چاویان لە کۆمەکی دەوڵەت و سەنتەر بانکەکانی وڵاتانە. ئەمریکا دەڵێت دوو تریلیۆن دۆلار، ئەلمانیا دەلیت ٨٧٠ ملیار … هەر وڵاتە و بودجەیەکی داناوە. کە بەشی هەرە زۆری دەچێتەوە گیرفانی سەرمایەدارانی گەورەوە. کەواتە تیۆر و بیری لیبراڵ بە تایبەت ئاڕاستەی لیبراڵیزمی نوێ، بە فعلی گەشەی سەرمایە، چۆکی دادا و ڕوخا. ئایا ئەم پرۆسەیە بەرەو ئەوە دەڕوات، کە سەرمایەداری،  ئاراستەی کینزی وەربگرێتەوە؟!. پیم وانییە. سەردەمی کینز، واتە سەردەمی دەوڵەتی خۆشگوزەران کە لە ئەوروپا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانەوە، پیادە کرا، تەنها پەیوەندی بە هاتنە مەیدانی کۆمۆنیزم و چینی کرێکارەوە هەبوو، لە ترسی کۆمۆنیزمی ڕەسمی بوو. بەبێ ئەوە کۆمەڵگەی ئیمە زیاتر لە نمونەی چینەوە نزیک دەبینەوە. وڵاتی چین وەک وڵاتێکی سەرمایەداری گەورەو و زلهێز و کۆنەپەرست، دەبێتە نمونەی دەسەڵاتدارێتی لە زۆربەی زۆری وڵاتانی جیهاندا. بەتایبەت چین تا ئێستا هەموو ئەو توانایانەی تێدایە کە گەشەی ئابوری تا ئاستێکی بەرز لە زۆر سێکتەری ئابوریدا، سەربخا بە بەراورد لەگەڵ ڕۆژئاوادا. ئەمە هەمیشە  زەمینەی ڕوتێکردنی سەرمایەی گەورە دابین دەکات لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە وڵاتی چین لە ئاستی بازاردا لیبڕالە، کە بۆسەرمایە و وەبەرهێنانی سەرمایە ئەوە گرینگە، بەتایبەت کە توانای دابینکردنی ‌هێزی کاری هەرزان و پرۆفیشنەل و زیرەکی هێجگار فراوانە.

کۆمەڵگای بەشەری

 کۆمەڵگای بەشەری مانایەکی ڕۆشن نادات بەدەستەوە. تەن و قەبارەیەکی یەکگرتوو نییە، لەنێویدا، كرێکاران کە زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانی سەر زەویین، لەگەڵ خەڵکی مەحروم وهەژاری کۆمەڵگە لە لایەک و لەلایەکی دیکە چینی بورجوازی و ملیاردێر و ملیونێرەکان، پلە بەرزەکان هەن لە دامەزراوە و کۆمپانیا و حکومەت و پەرلەمانەکان و میدیاکاندا. دوو بەرژەوەندی جیاواز هەیە. ساڵی ٢٠٠٣ ئیمە لە سایەی دوا پاشماوەکانی چەپ و کۆمۆنیزمی بورجوازی و  گیانی بەرگری و دژی ئیمپریالیستیدا، شایەدی ئەو بزوتنەوە جیهانیە بووین دژ بە جەنگی ئەمریکا، کە ناومان نا” کۆمەلگای بەشەری”. لەگەڵ پاشەکشە و هەرچی زیاتر دورکەوتنەوەی نەوەی نوێ لە ئاستی جیهانیدا، لە کۆمۆنیزم و لە ئالای مارکس، ئەو وزەو توانا جیهانی و ئینسانییەی زۆر لاواز کردووە. هەستانەوەی کۆمەڵگای بەشەری گرێدراوە بە هاتنە مەیدانی بزوتنەوە کرێکاری وەک هیزێکی سیاسی و ڕێکخراو. بەبێ ئەوە بە دووری دەزانم ئەو “کۆمەڵگا بەشەرییە” ی ئەو کاتە سەر هەڵبداتەوە. بەمانایەکی دیکە لەگەڵ پاشەکشەی چینی کرێکار و کۆمۆنیزمی مارکس و ئاڵاکەی لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا، بورجوازی باڵادەست دەبێتە، خاوەنی کۆمەڵگەی بەشەری. ئەمرۆ “کۆمەڵگای بەشەری” لە مامەڵەی وڵاتی چین و کۆمەکەکانیدا خۆی نیشان دەدات. ئەویش دەیەوێت کۆمەڵگای بەشەری ئەسیری سیاسەتەکانی خۆی بکات. کۆمەڵگای بەشەری ئەم قۆناغە، یەکسانە بە کۆمەڵگەی مەدەنی ئەم قۆناغە لە ئاستی جیهانیدا.

 لە ماڵ بێینە دەرەوە

پێویستە بەوردی پراتیکی ئەم ئاراستەیە بکەین. ڕیكخراوانە و بە دیسپلینی تەواوی پاراستنی تەندروستییەوە. چۆن بێینە دەرەوە لە کاتێکدا دەسەڵاتداران، پزیشکان، ڕیکخراوی تەندروستی جیهان و پسپۆران و ملێۆنەها دەزگای ڕاگەیاندن پێمان دەڵێن” لەماڵەوە بن” ؟!.

ئەوەندەی بگەڕێتەوە بۆ پزیشکان و پسپۆران و میدیا دەبیت بڵێین کە بەشێکن لە بازاڕ و کار و مامەڵەیان بەگشتی “نەک ١٪  یان ” لەو چوارچێوەیە دەرناچێت. واتە بەشێکن لە ڕیکلامی چینی دەسەڵاتدار و بازاڕی سەرمایە. ئەم باسە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەگرێتەوە. کۆمەڵگای مەدەنی، کۆمەڵگای بورجوازی خۆیانە و لەمبارەوە نابێت گومانێک هەبێت. واتە کۆی سیستەمی تەندروستی جیهانی و ناوخۆیی بەشێکی لێک جیانەکراوەی سیستەمی بورجوازییە و سەرمایەگوزارییەکی گەورە لەخۆ دەگرێت و بەم پێیە بەرژەوەندی ئابوری و قازانج پەرستی و ململانێیەکی گەورەی لە پشتە. بەتایبەت لەم هەلومەرجەدا، هۆکاری سیاسیشی دەچێتە سەر. سێکتەری تەندروستی لە هەر وڵاتیکدا پابەندە بە سیستەمی دەسەڵاتدارییەوەو ناتوانێت، ڕێنماییەکانی پێشێل بکات. وەزیری تەندروستی، وەزیرە لە کابینەی سەرۆک وەزیرانی هەر وڵات و ناوچەیەکدا. بەم پێیە ناتوانێت لەڕێنمایەکانی دەربازبێت. پزیشکێک لە خەستەخانەیەک ناتوانێت، لە ڕینمایەکانی سەرۆکی خەستەخانە دەرچێت، ئەگەر نا لەسەر کارەکەی دەردەکرێت. لەهەمانکاتدا ڕۆڵی بەرچاو و گرینگی پزیشک و پەرستاران وبرین پێچان و هەموو فەرمانبەرانی مەیدانی تەندروستی، جێگەی بەرز نرخاندنە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا. کۆمەڵگە پێویستی بەخزمەتی ئەوانە و بەم پێیە شایەنی تەقدیری گەورەی کۆمەڵگەن.  بەڵام چۆن بێینە دەرەوە؟!.

یەکەم: گردبونەوەی نێو مەیدان و سەر شەقامەکان لە ئێستادا زیان بەخشە. چونکە دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکە. ڕۆشنە کە نەخۆشیەکە بە پلەی یەکەم لە ڕێگای نزیکی کەسەکان لە یەکترەوە دەگوازرێتەوە. کەواتە قەرەباڵغی گەورە، زەرەرمەندە بۆ خەڵک بە گشتی، وە بۆ چینی کرێکار و بەشی پیشڕەوی ئەو وەک هیزێکی بەرپرس لە کۆمەڵگە. پێویستە شێوازی دیکە پیادە بکرێت، نەک شێوازی خەباتی بەهاری عەرەبی.

دووەم: لە بەشە سەرەکیەکانی کۆمەڵگەدا، کرێکاران تا ئێستا کاری خۆیان دەکەن و دەچنە سەرکار. لە سێکتەرەکانی تەندروستی و کارەباو وزە، ئاو و فریاگوزاری شارستانی، میدیا، ئەمە جگە لە کارگە گەورەکان و هەندی بەشی لۆجیستی وگواستنەوە وبەندەرەکان و فرۆکەخانەکان. لە عێراق و کوردستان ، نەوت و گازیش  دەگرێتەوە. لە هەر وڵاتێکدا بەپێی کار دابەشکردنی جیهانی هەندێ سێکتەری گرینگ دەگرێتەوە. ئەم شوێنانە شوێنی کار و سەنتەری ڕوبەڕووبونەوەیە لەگەڵ بورجوازیدا. بەشی پێشڕەوی بزوتنەوەی کرێکاری پێویستە لێرەدا، گورزی خۆی بوەشێنێت، لێرەدا خەریکی ڕێکخراوکردنی چینەکەی خۆی و کۆمەڵگە بێت. لێرەوە پەیوەندی ئاسان دەبەسترێت لەگەڵ سێکتەرەکانی دیکەی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا. واتە لەو شوێنانەدا گردبینەوە، کە بە ناچار کۆبوینەتەوە، بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە. زەمنیەی پێکهێنانی کۆمیتەی کارگە و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان دابین بکەین. ئەم مەیدانانە بکەینە مەیدانی خەبات و ناڕەزایەتی ڕێكخراو ئامانجدار. لێرەو دەکرێت خواستەکانی ئێستا دابین بکەین و زەمینە بۆ دابینکردنی داواکانی ئایندە بڕەخسێنین. بێگومان پیویستە تەواوی مەرجەکانی تەندروستی و خۆپاراستن بە وردی پیادە بکرێت. لە هەر کارگە و دامەزراوەیەکدا، کرێکاران دەتوانن کۆمیتەکانی دیسپلینی تەندروستی پێک بهێنن، چ لەکاتی کارکردن یان لە کاتی گردبوونەوە و ناڕەزایەتیاندا، لە نێو کارگە و دامەزراوەکاندا. ئەم پۆینتە بۆ هەموو وڵاتانی دونیا دەگونجێت.

سێهەم: گەرەکەکان بکەینە سەنتەری کاری هاوپشتی و چینایەتی وبەڕێوەبردنی شارەکان. نەک” کۆمەڵگای مەدەنی” لە ژێر ناوی ” کۆمەکی ئینسانی’ دا. باسی من لێرەدا باسی ئینسان دۆستی هەر ئینسانێک نییە، کە ئازادە چ کارێک دەکات. باسی من کارێکی ڕێکخراو و ئامانجدارە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لە ڕێگای گەرەکەکانەوە. ڕۆشنە کە سۆزی ئینسان دۆستی هەمیشە بەرزەو وزە دەدات بە ئینسان. نمونەکانی ئیتاڵیا و چین و لوبنان و هەندێ وڵاتی ئەسکەندناڤیا و بەریتانیا … لەمبارەوە سەرنج ڕاکێشن. گەرەک لە ڕێگای کۆمیتەی گەرەک یان کۆمیتەی کۆنترۆڵی گەرەکەکانەوە بەڕێوەبەرین. ئەمڕۆ بورجوازی و دەسەڵاتەکەی بەتایبەت لە شوێنێکی وەک ئیران، عیراق، کوردوستان، وڵاتەکەی پێ بەڕیوە نابرێت، لەکوردستان و ئێران بو نمونە موچە نادرێت یان دوا دەکەوێت. کۆمیتەیەکی وا دەکرێت بە دەست پێشکەری چەند کەسی ناسراو دەست پێبکات و دواتر شێواز و میکانیزمی گونجاو بگرنە بەر بە زامنکردنی باری تەندروستیەوە هەنگاو بنێن. کۆمیتەیەکی لەم چەشنە دەتوانێت چەندین کۆمیتەی فریاگوزاری و خزمەتگوزاری کۆبکاتەوە، بۆ یارمەتیدانی پیرساڵان و ئەوانەی کە ناتوانن بازاڕ بکەن یان هەر کۆمەکێکی دیکەی فریاکەوتن. بەڵام ئەوە تەنها یەک کاری کۆمیتەی گەرەکە. لێرەوە کۆمیتەی گەرەکەکان، هەم دەتوانن گرنتینەی گەرەکەکانی خۆیان بکەن، هەم دەتوانن بەڕێوەبەری بن، دوای ئەوەی کە لەلایەن خەڵکی گەرەکەوە ئەو متمانەیان پێ دەدرێت. لە گەرەکەکاندا، دەکرێت دوای یەک هەفتە گرنتینە ئەگەر نەخۆشی تیدا دەرنەکەوت، باری ئاسایی لە نێو ئەو گەرەکەدا ڕابگەیەنرێت. بەمەرجێک سنوری گەرەک پارێزراو ڕابگرێت، لە ڕێگای تیمەکانی گەرەک خۆیانەوە، کە بە تایبەتی کاریان پاراستنی سنوری گەرەکەکانە. ئەم پۆینتە دەکرێت لە هەر ولاتێکدا پیادە بکرێت.

چوارەم: کۆمیتەی هەرەوەزی بۆ کۆمەک: لەهەر گەرەکێکدا، لە ژێر سەرپەرشتی کۆمیتەی گەرەکدا دەکرێت کۆمیتە یان کۆمەڵە هەرەوەزییەکان پێک بهێنرێت، بۆ ئەوەی بتوانن گرنتینە کردن پیادە بکەن. هەم بۆ کۆکردنەوەی کۆمەکی خۆراک و دابینکردنی کۆگایەک بۆ هەڵگرتنی پێداویستیەکان و کۆمەککردنی ئەو ماڵ و هاووڵاتیانەی کە کەم دەرامەتن وەهەم کۆکردنەوەی کۆمەکی مالی. کۆمەڵە هەرەوەزییەکان، بە هاوکاری لە گەڵ کۆمیتەی گەرەکدا، دەکرێت کۆمەک لە دەرەوەی گەرەکی خۆیان و لە ئاستی شارێکدا کۆبکەنەوە. ئەم پۆینتە بۆ هەموو وڵاتێک گونجاوە.

پێنجەم: لێکهەلپێکانی هەر دوو کۆمیتەکانی گەرەک و شوێنی کار، کارێکە کە بەشێوەیەکی کۆمەلایەتی و بابەتی جێدەکەوێت. ئەم پراتیکە، پراتیکی توخمی چالاک و بەشی پیشڕەوی بزوتنەوەی کرێکاریی و مارکسستەکانە، لە سایەی کەشێکدا، کە خۆی بەرهەمی کاری ڕێکخراوەیی و هوشیارانەی چینایەتی بووە. واتە پراتیکی کەڵەکەبووە ومەرج نییە لە کات قەیرانی کۆرۆنادا فریای بکەوین. بەڵام زەمینەکانی کاری دواتر لە ڕیکخراو بوون و هوشیار بوونەوە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا دەخوڵقێنیت.

شەشەم: لە ئەوروپا و ئەو وڵاتانەی کە نەریتی کاری سەندیکایی و یەکێتییە کرێکارییەکانی تێدایە بەجیا لەو خاڵانەی سەرەوە، دەکرێت هاوئاهەنگی ڕێک بخرێت لە گەڵ ئەو ڕێکخراو و یەکێتیانەدا. بەتایبەت پێویستە هەوڵ بدرێت بەشێک لە ئەندامانی ئەم ڕێکخراوانە ئەندام بن لە کۆمیتەی گەرەک و کارگە و دامەزراوەکاندا. ئەم پۆینتە، هاوپشتی خەباتی گەرەک و کارگە و دامەزراوەکان بە‌‌هێزتر دەکات، و لە هەمانکاتدا تواناییەکی زیاتر دەبەخشێت بە کۆمیتەکان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم هەلومەرجە دژوارەی کۆرۆنا هێناویەتییە پێش.

 ٢٥ئازار٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.