ژن، وەکو قوربانی جەنگ… نووسینی: هاوژین ڕەشید

0

لەوەتەی کۆمەڵگەی مرڤایەتی هەیە، بەتایبەتیش کە کار دابەشکردنی چینایەتی و خاوەندارێتی تایبەتی بووە نۆرمی کۆمەڵگە، جەنگ وەکو رێگایەک بۆ دەستکەوتنی سامان و دەسەڵات، بۆتە واقعیەتیكی تاڵ و واقعی کۆمەڵگە، لەو نێوەشدا ژنان بەشێکی سەرەکی قوربانی ئەم جەنگانە بوون. کۆمەڵگەی چینایەتی چۆن لەلایەکەوە کەمایەتیەک لەڕیگای دەسبەسەراگرتنی هۆیەکانی بەرهەمهێنانەوە دەکاتە خاوەن پارەو سامان و سەرمایە، لەلایەکی تریشەوە زوربەی هەرەزۆی کۆمەڵگە بەرەو هەژاری و نەداری و بێکاری پەلکیش دەکات، هاوکات پیاوسالاریش وەکو دەرهاویشتەی ئەو سیستەمە نابەرابەرە، دەکاتە روویەکی دزیوی کۆمەڵگەی چینایەتی. لەو نێوەدا ئەو کۆمەڵگەیانەی دین تیکەڵی یاساو سیستەمی پەروەردەو خوێندن کراوە، دۆخی ژنان لەو پەڕی خراپی دایە.

هەر جەنگ و پەلامارێکی هێزە دینییەکان یان سەرمایەدارەکان بۆسەر دەسەڵات و پارەو سەرمایەی بەرامبەرەکانیان، ژنیش کراوەتە کاڵایەک کە دەبێ دەستی بەسەردا بگیرێت. بینیمان لە پەلاماری دڕندانەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش چی بەسەر کچانی ئێزیدی و شەنگالدا هات. کە تا ئێستاش بەشێکی زۆری ئەو کچە ئێزیدیانەی داعش ڕفاندوونی بێ سەرو شوێنن و ئەوانەش کە لە ژیاندان و هاتوونەوە ناو کەس و کاریان بەهۆی لەدەستدانی کەس و ئازیزانیان و ئەو رەفتارە درندانەی بەرامبەریان کراوە لە دۆخێکی دەروونی ناخۆشدا دەژین. ژنان وەکو کەرەستەیەک بۆ تێربوونی حەزی سێکسی تیرۆریستەکان بەکارهاتن و لە هەمان کاتیشدا وەکو سونبولی شەرەف شکاندی دوژمنەکانیان سودیان لێ وەرگیرا. لای ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیانە، ژن تەنیا کۆیلەو کەنیزەیەکەو دەبێ هەرچی پیاوەکەی لێی دەوێ هەر ئەوە بکات و لەوە زیاتر خۆی هیچ کەسایەتی و هەست و قسەیەکی نەبێت. لە تازەترین ڕوداوی دڵتەزێنی جەنگی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستیندا کە کە ڕێکخراوی تیرۆرییستی حەماس لە ٧ ی ئەم مانگەدا ئەنجامیدا، ڕۆژانە جەستەی ژنان دەبینین کە سوکایەتییان پێ دەکرێت و ڕووت دەکرێنەوە وەکو ئاماژەیەک بۆ شکاندنی شکۆو شەرەفیان و بەو هۆیەشەوە گورز وەشاندن لە دوژمنەکانیان. بیهێنە پێش چاوتان وەکو لەو وێنانەدا دیارە چۆن چۆنی زۆر بێ ڕێزانە و دوو لە هەموو  پێوەر و پرانسیب و بنەماکانی مافی مرۆڤ، ژنان بەدیل گیراون و جلیان لەبەردا نەهێشتون و تفیان لێ دەکەن و سوکایەتییان پێ دەکەن! دیمەنێکە بەڕاستی دەبێ لە ئاستیدا هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان دەنگ هەڵبڕێ و ڕێگای لێ بگیرێت. دەبێ دۆخی دەروونی و ژیاری ئەو ژنانەو خێزان و خزم و کەس و کاریان چۆن بێت کاتێ دەبینن وا بە دڕندانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. بۆچی؟ تەنیا لەبەرئەوەی ژنن. ژنیش واتا بوکەڵەی سێکسی و تێرکەری پیاو لە هەموو ڕوویەکەوە و هێشتنەوەی ڕەگەزی نێر بەهۆی سک و زاوە. لێرەوە داوا دەکەین کە هەرچی زووە جەنگی خوێناوی ڕاگیرێت و پەنا بۆ شێوازی یاسایی و مەدەنی و مافی مرۆڤ ببرێت بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نێوان گروپ و دەستەو تاقم و سیاسی و سەرمایەدار و وڵاتەکان و بۆ چارەسەری کیشەی فەلەستینیش، تەنها ڕێگا لە ئیستادا راگرتنی دەستبەجێی جەنگ و کۆتاییهێنان بە بۆردومان و رۆکێت بارانکردن لەلایەن هەردوو لا بۆسەر یەکتری و کۆتاییهێنان بەداسەپاندنی ئابڵۆقە و ئازادکردنی بارمتە مەدەنیەکان و گەرانەوەیە بۆ پرۆسەی رێکەوتنی ئاشتی بە ئامانجی کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەسەر زەمینی فەلەستین و دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ فەلەستنیەکان، لە کۆتاییدا دەبێ ئەوەش بڵێین، رێکخراوی تیرۆریستی حەماسی دژە ئینسان و دژە ژن بە هیچ جۆرێک نوینەرایەتی خەڵکی زوڵملیکراوی فەلەستین ناکات و بۆ ئامانجە تایبەتیەکانی، خۆی بە پرسی خەڵکی فەلەستیندا هەڵواسیوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.