وتارێکی لینین لە نیسانی ١٩٠٤ بە بۆنەی نزیک بوونەوەی یەکی ئایار

0

هەڤاڵانی کرێکار!

یەکی ئایار بەڕێوەیە، ئەو ڕۆژەی کە کرێکارانی هەموو وڵاتەکان چاویان بەرەو ژیانێکی هۆشیارانە دەکەنەوە، هاودەنگی خۆیان لە خەبات دژی هەموو جۆرەکانی چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە، واتە خەباتی ئازادکردنی ملیۆنەها کرێکارو زەحمەتکێش. ئەوانەی ئاهەنگی برسێتی و هەژاری و زەلیلی دەگێڕن. لەم ململانێ مەزنەدا دوو دونیا ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە: دونیای سەرمایە و دونیای کار؛ جیهانی ئیستغلال و کۆیلایەتی، جیهانی برایەتی و یەکسانی.

لە لایەک کەمێک دەوڵەمەندی خوێنمژ، ئەوانەی دەستیان بەسەر کارگە و ناوەندی بەرهەمهێنان و کەرەستە و ئامێرەکاندا گرتووە و ملیۆنان دۆنم زەوی و شاخی پارەیان لە ژێر خاوەندارێتی تایبەتی خۆیان بردووە. حکومەت و سوپایان کردووە بە خزمەتکار و چاودێرێکی دڵسۆزی سەروەت و سامانە کەڵەکەبووەکانیان.

لە لایەکی ترەوە ملیۆنەها کەسی بێبەش هەن؛ ئەوانەی سواڵ لە کەمینەیەکی خزمەتکاری دەوڵەمەند دەکەن بۆ ئەوەی ڕێگەیان پێبدەن کار بکەن. کاری ئەمانەیە کە دەوڵەمەندەکان دروست دەکەن؛ بەڵام ئەوان خۆیان بە درێژایی ژیانیان ناچارن بۆ یەک پارچە نان بجەنگن؛ سواڵ بکەن بۆ کار، وەک ئەوەی داوای خێرخوازی بکەن؛ هێز و تەندروستی خۆیان بە کاری پشت شکێن تێکدەدەن و لە خانوی گوندنشینی زەلیل یان ژێرزەمین و کۆگاکانی ژێرزەمین لە شارە گەورەکاندا لە برسێتیدا دەمرن.

بەڵام ئێستا ئەم کرێکارە بێبەشانە شەڕیان دژی چەوساندنەوە و ئیستغلالکارە دەوڵەمەندەکان ڕاگەیاندووە. کرێکارانی هەموو وڵاتان خەبات دەکەن بۆ ڕزگارکردنی کار لە کۆیلایەتی کرێ، لە هەژاری و پێویستی. ئەوان خەبات بۆ سیستەمێک دەکەن کە سامانی کاری دەستەجەمعی، نەک چەند دەوڵەمەندێک، سوود بۆ هەموو کەسێک بگەیەنێت کە کار دەکات. دەیانەوێت زەوی و کارگە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و ئامێرەکان بخەنە ژێر خاوەندارێتی هاوبەشی هەموو کرێکارەکانەوە. دەیانەوێت کۆتایی بە کەلێنی نێوان دەوڵەمەند و هەژار بهێنن، بەرهەمی زەحمەت بۆ خۆیان بگەیەننە کرێکاران؛ پێویستە هەموو دەستکەوتە فیکرییەکانی مرۆڤ و هەموو باشترکردنی شێوازەکانی کارکردن بۆ باشترکردنی چارەنووسی ئەو کەسەی کە کاردەکات بەکاربهێنرێت، نەک بۆ ئەوەی بیکاتە کەرەستەی ستەمکاری بۆی.

هیچ هێزێک لەسەر زەوی نییە بتوانێت ئەو ملیۆنەها کرێکارە لەت بکات کە خەریکە زیاتر هۆشیاری چینایەتی بەدەست دێنی و یەکگرتوویی و ڕێکخستن فێردەبێ. هەر شکستێک کە کرێکاران تووشی دەبن، تێکۆشەرانی نوێ دەهێنێتە ڕیزەکانی خەبات، چاوی جەماوەری فراوانتر بەڕووی ژیانێکی نوێدا دەکاتەوە و بۆ خەباتی نوێ ئامادەیان دەکات.

ڕەوتی ڕووداوەکان کە ڕووسیا پێیدا تێدەپەڕێت بە جۆرێکە کە بە دڵنیاییەوە ئەم بەئاگاهاتنەوەی جەماوەری کرێکار خێراتر و بەربڵاوتر دەبێت و پێویستە ڕیزەکانی پرۆلیتاریا یەکبخەین و هەموو هەوڵێک بدەین بۆ خەباتێکی زۆر ئیرادەدارتر ئامادەی بکەین، شەڕ تەنانەت دواکەوتووترین توێژەکانی پرۆلیتاریای ناچار کردووە کە گرنگی بە کاروباری سیاسی بدەن. شەڕەکە زیاتر و زیاتر گەندەڵی ڕژێمی تۆتالیتاری و کۆی تاوانکاریی پۆلیس و باندی سیستەمی دادوەری حوکمڕانی ڕووسیا بە ڕوونی نیشان دەدات.

ڕووسیای کۆن لە مردندایە و ڕووسیایەکی ئازاد جێگەی دەگرێتەوە. ئەو هێزە ڕەشانەی کە پاسەوانی دەسەڵاتی ڕەهای تزاریان دەکرد، خەریکە دەخنکێن. بەڵام تەنیا پرۆلیتاریای ڕێکخراو و چینناس توانای ئەوەی هەیە گورزێکی کوشندەیان لێبدات. تەنیا پرۆلیتاریای ڕێکخراو و چینناس دەتوانێ ئازادییەکی ڕاستەقینە، نەک ساختە، بۆ خەڵک بەدیبهێنێت. تەنیا پرۆلیتاریای ڕێکخراو و خاوەن هۆشیاری چینایەتی دەتوانێت هەموو هەوڵێک بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک، سنووردارکردنی مافەکانیان و بۆ ئەوەی بیانکات بە ئامراز لە دەستی بۆرژوازیدا پوچەڵکاتەوە.

هەڤاڵانی کرێکار!

کەواتە با بە وزەی زیاترەوە خۆمان بۆ ئەو شەڕە چارەنووسسازە ئامادە بکەین کە خەریکە ڕوودەدات! با ڕیزەکانی پرۆلیتاریا سۆسیال دیموکراتەکان لە نزیکەوە کۆببنەوە! با پەیامەکەیان بە فراوانی بڵاوبێتەوە! با چالاکی بۆ داخوازی کرێکاران تا بتوانرێت بوێرانە ئەنجام بدرێت! با ئاهەنگی یەکەمی مانگی ئایار هەزاران تێکۆشەری نوێ بۆ دۆزی ئێمە ڕابکێشێت و هێزەکانمان زیاد بکات لە شەڕی مەزنی ئازادیی هەموو مرۆڤەکاندا، بۆ ڕزگارکردنی هەموو خەڵکی زەحمەتکێش لە ژێر کەڵبەی سەرمایە!

بژی ٨ کاتژمێر کارکردن لە ڕۆژێکدا!

بژی شۆڕشی نێودەوڵەتی سۆشیال دیموکراسی!

بڕوخێ ڕژێمی تزاری تاوانکاری تاکڕەو!

 

وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە: توانا حەمە نوری

Leave A Reply

Your email address will not be published.