ستاری چیمەنتۆ: تەنیا شتێک کە ئەم دوو دەسەڵاتە“ پارتی و یەکێتی“ لەسەری کۆکن و لەوێدا هیچ گرژییەک بوونی نییە، سەرکوتی ئازادییەکان و زیندانیکردنی خەڵکی ناڕازی و بێ مووچەکردن وبرسیکردنە..!  دیمانە لەگەل هەڵسوڕاوی کۆمۆنیست ستار حەمە عەلی ناسراو بە “ ستاری چیمەنتۆ“  سەبارەت بە ئاڵوگۆرکانی ئێستای دنیاو ناوچەکەو کاریگەری گوشارەکانی دەسەڵاتی بەغدا بۆ سەر هەرێم و لێکەوتەکانی لەسەر دۆخی کوردستان و ئاییندە سیاسیەکەی…بەشی دووەم و کۆتایی

0

بۆپێشەوە: ئایا هەنگاوەکانی بەغدا لەدژی هەرێم و سیاسەتی خۆگرێدانەوەی پارتی و یەکێتی بە بەغدا، بەمانای تیکەڵ بوونەوەی بەکردەوەی کوردستانە بەعێراقەوە؟

 ستاری چیمەنتۆ: ئەوەی کە هەفتەی ڕابردوو پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، هۆشداری دا بەوەی، کە دەبێت عێراق مووچەی فەرمانبەران بنێرێت، بەدیوەکەی تریدا هەڕەشەیە لە یەکێتی وپارتی، کە لەوە زیاتر سەرەڕۆیی نەکەن وپابەند بن بەو پلان و گرێبەست و بەڵێنانەی کە لەنێوان حکومەتی مەرکەزی و ئامریکادا  دەگوزەرێ. بۆیە ئەو هەنگاوانەی بەغدا بۆ لە چوارچێوەخستنی دەسەڵاتەکەی هەرێم و حەتمەن لەدوا ئامانجیشیدا بۆ گێڕانەوە و کەوتنەوە ژێر دەسەڵاتەکەی بەغدایە…

بەڵام من ئەوەشم لەبەرچاوە، کە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە ودەرکەوتەکانی ئاییندەی، بەتایبەت لەدوای شەڕی غەززە وە، هێندە ئاڵۆز و خێرا و کاریگەرە، کە دەشێت نەک هەر دەسەڵاتەکەی بەغداش بگۆڕێت، بەڵکو سنوورەکان و کۆی دەسەڵاتەکانی ناوچەکەش ئاڵوگۆڕی جیددی بەسەردا بێت!! ئیتر ئەوکاتیش دەسەڵاتێک لەبەغدا و لەهەرێمیش بەم شێوازەی ئێستایان نامێننەوە!، بەڵام جارێ زووە بۆ قسەکردن لەسەر سنوور وداڕشتنەوەی دەسەڵاتەکانی ناوچەکە. 

 

بۆپێشەوە: لێکەوتە سیاسیەکانی دەسەڵاتی ناوەندی لەسەر خەڵکی کوردستان و پرسی چارەسەرنەبووی نەتەوایەتی چۆن دەبینن؟ لاتان وایە جارێکی تر ستەمی نەتەوایەتی لەسەر خەڵکی کوردستان دوبارە دەبێتەوە؟

 

ستاری چیمەنتۆ: من دەپرسم، ئایا بەڕاست پرسی نەتەوە  وە بەتایبەت نەتەوەی کورد لە عێراقدا، لەسایەی دەسەڵاتێکی شۆڤێنی فاشیستی قەومی و مەزهەبی وەک عێراقدا چارەسەر دەبێت؟؟  

ئێوە دەپرسن، جارێکیتر ستەمی نەتەوایەتی لەسەر خەڵکی کوردستان دووبارە دەبێتەوە؟!! 

منیش دەڵێم، دەبوایە پرسیارەکەتان بەشێوەیەکی تر و ڕوو بە خەڵکی هەرێم بکردایە، چونکە بەپێی هەر پێناسەیەکی نەتەوەیی و سنوورەکانی ئەدەبیات و جیۆسیاسی ئەم سەردەمە (کە من لەوانەیە جیاوازی بۆچوونم  لەسەری هەبێت) کوردستان لەعێراقدا  کەرکوک وخانەقین و چەندین جێگای تر دەگرێتەوە، نەک هەر بەتەنها ئەو سێ شارەی هەرێم کە بەشێوەیە لەشێوەکان وهەمیشە لەژێر هەڕەشەدا، ستەمی نەتەوەیی لەسەر لاچووە. 

بۆیە من دەڵێم بەڵێ، ئەو دەسەڵاتە مەزهەبی و ڕەگەزپەرستەی ناوەند دەیەوێ ئەو ستەمە نەتەوەیی سیاسەتە دژی ئینسانیەی لە کەرکوک و ناچەکانی تریش بەرفراوان بکاتەوە و جارێکی تر لەڕێگای میلیشیا پڕچەککراوەکانی بەڕەگەزپەرستی و شۆڤێنیزم پاکتاوچی زمان وڕەگەز، ئازارو  نەهامەتیەکی تر و سەرکوتگەریەکی تر ئیزافە بکاتە سەر هەموو ئەو چەوساندنەوە سەرکوتانەی، کە ئەحزابەکانی دەسەڵاتداری بزووتنەوەی کوردایەتی بەخەڵکی کوردستانیان کردووە..! 

 دوا شت، کە لەسەر پرسی نەتەوە، دین، ڕەگەز و ڕەنگی پێست و چی وچیتر بیڵێم ئەوەیە، کە هەموو ئەوانە کۆمەڵە پرسێکی دروستکراوی دەستی چینە باڵا دەسەڵاتدارەکانن و لە ئێستادا، چینی بۆرجوازیە، بۆ هەرچی زیاتر قووڵکردنەوەی پێکدادانەکانی نێوان خەڵکی چینە نەدار وسادەکە وهێشتنەوە ودرێژەدان بەتەمەنی پڕ لە دڕندەیی خۆیان وەک چینە باڵا و سەرمایەدارەکە.. 

 

بۆپێشەوە: خەڵکی کوردستان بەشیوەی گشتی دژی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمن و بەکردەوەش ئۆپۆزیسیۆنی بۆژوازی کورد، ئەڵتەرناتیفێکی باشتری دەسەڵات نییە و لەو ئاستەدا نییە، بتوانێت جڵەوی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان بکات، خەڵکی کوردستان دەبێ چی بکات، تا لەدەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و هاوشیوەکانی و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی ڕزگاری بێت؟ بەکورتی چ ڕیگاو ئەڵتەرناتیفێک بۆ باش بوونی ژیان و گوزەران و ئاینندەی سیاسی کوردستان پیویستە؟

ستاری چیمەنتۆ: مێژووی سی و سێ ساڵی دەسەڵاتی ئەحزابە قەومی ودینیەکان لە کوردستان، جگە لەوەش هەڵوێستی هەلپەرستانە و دژی ئینسانیانەی ئەحزابی بەناو ئۆپوزیسیۆن، بەسە بۆ ئەوەی، کە هەرگیز ئەو حیزبانە نەک هەرناتوانن  ژیانێکی ئاسوودە بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکەن، تاکە ئەڵتەرناتیڤێک، کە خەڵکی کوردستان دەستی بۆ ببات، خۆدوورخستنەوەیە لەو حیزبانە و تەواوی ئەو ڕێکخراوانەی کە سەر بەوانن. جگە لەوەش هەوڵدان بۆ خۆ ڕێکخستن و یەکگرتن لەپێناو خواستی ڕۆژانە و خواستە دوورماوەکانی لابردنی ئەو دەسەڵاتە.. لەهەر شوێنێک وە لەهەر کاتێکدا خەڵکی بۆیان لوا پێویستی بە بردنەپێشەوەی شێوازی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری و شورایی وە یاخود شێوازی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆیە، بۆ بەڕێوەبردنی ژیانێکی باشتر وشایستە.. 

بێگومان سۆشیالیزم تاکە ئەڵتەرناتیڤە، بەڵام شۆڕشی سۆشیالیستی، پێویستی بە شۆڕشی بەردەوامە، واتا هوشیاریی هەمەلایەنە و پراکتیزەکردنی ڕۆژانەی  دەسەڵاتی سەربەخۆ ودوور لە ئەحزاب و چینی دەسەڵاتدار  و دروستکردنی ئەنجومەن و شورای گەڕەک و کارگەو فەرمانگەکان، کارکردن لەسەر ناڕەزایەتی وفشاری بەردەوام لەسەر دەسەڵات، هاوکاری پتەوی خەڵکی کەمدەرامەت لەگەڵ یەکتری بەشێوەی تۆڕی بەرفراوان لە شوێنەکانی ژیان، تا خەڵکی لەجیاتی بەردەرگای ئەحزاب و ڕێکخراوە زەردەکانی ئەوان بۆ ژەمەخوارن و کەمێک سووتەمەنی بگرن، بەڵکو خۆیان پشتیوان ولەپەنای یەکتریدا بن.. 

ئەمانە هێڵی گشتیی ئەو هەوڵانەن، کە ڕێچکەیە بۆ باشتربوونی ژیانی خەڵک و ڕزگاربوون لەم نەهامەتیەی ئێستای خەڵکی کوردستان و بەدیهێنانی ئاییندەیەکی سیاسی خوازراوی باشتر. 

 بۆپێشەوە: لەکاتێکدا دەسەڵات متمانەی لای خەڵکی کوردستان نەماوەو ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کورد لە ئاستی ئەوەدا نییە وەکو بزوتنەوەی گۆڕانی پێشوو سواری شەپۆلی نارەزایەتی جەماوەری خەلکی کوردستان بێت، چەپ و کۆمۆنیستەکان، لە کوێی بزوتنەوەی نارەزایەتی ئیستای خەڵکی کوردستاندا وەستاون؟

ستاری چیمەنتۆ: من ڕاشکاوانە دەڵێم بەداخەوە لەئێستادا بزووتنەوەی کۆمونیستی وکۆمونیستەکان تووشی هەمان ئەو قەیران و ناڕۆشنیانە بوون، کە بزووتنەوەی چەپی تەقلیدی دەیان ساڵە پێوەبوون و هەمیشە ڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆ قاچێک و دەستێکیان لەگەڵ بزووتنەوە و هێزەکانی بۆرجوازیدا تێکەڵ بەیەک بوون، بۆیە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش هەمیشە ترس و دڵەڕاکێی هەبووە لە نزیکبوونەوە و خۆڕێکخستن لەگەڵ هەر شێوازێکی حیزبی ڕێکخراوەیی ئەو “چەپ”و  کۆمونیستانەدا کە لەکوردستاندا بوونیان هەبووە. 

بۆ ئەوەی جارێکی تر سۆشیالیزم کۆمونیزم ببێتە ئاسۆ وئامانج، ببێتە تاکە ئەڵتەرناتیڤی ڕزگاری خەڵک، ئەوا کۆمونیستەکان و هەموو ئەوانەش کە لەژێر ناوی” چەپ بوون” دا کار بۆ ئەو ئامانجە دەکەن، خۆیان لە سووننەتی سیکتاریستانەی حیزبی تەقلیدی ڕزگار بکەن و دەست ببەن بۆ ئەو شۆڕشە بەردەوامە ڕۆژانەییەی کە دەمێکە خودی خەڵکە کرێکار و زەحمەتکێشەکەی کوردستان خوازیاریەتی و بەڵام دەستی بۆ چەکەرەی ڕێکخڕاوبوونەکەی نەبردووە،  

خەڵکی کوردستان ئەزموونی شوراکانیان نەک هەر بینیوە، بەڵک خۆیان بەکردەوە جێبەجێیان کردووە وژیانی خۆیانیان لە ئازاری 1991 دا پێ ڕێکخستووە، بۆیە وازهێنان لە بانگەواز بۆ دەسەڵاتی حیزب ودەستبردن بۆ ئەڵتەرناتیڤی شورایی وەیا هەر ناوێکی تر کە بەکردەوەر دەرهێنانی دەسەڵاتی خودی خەڵکی زەحمەتکێش مانا بکات، یەکێکە لەو ئەرکە فەوریانەی کە دەکەوێتە سەر شانی کۆمونیستەکان.. 

 

بۆپێشەوە: گرژی و ناکۆکی نیوان پارتی و یەکێتی لەسەر دەسەڵات و داهات بەردەوامە، ئایا گوشارەکانی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی و بەغدا، هۆکاری بەرینبوونەوەی قڵشتی نێوانیانە، یان نەتوانین و  ناتەبایی و ملنەدانی پارتی و یەکێتی بەداوای بەغداو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هۆکاری بەردەوامی ئەو گرژیانەیە؟

ستاری چیمەنتۆ: لەڕاستیدا ئەم دوو دەسەڵاتە بەو دەلیلەی، کە بریتین لە دوو بنەماڵەی پاوانخواز و هیچ پابەندبوونێکیان نەک هەر بە پاراستنی ئەوەی پێی دەڵێن (هەرێم) نییە، بەڵکو ئەوان پابەند نین تەنانەت بە پەیڕەوی ناخۆیی حیزبەکانی خۆشیانەوە..!! 

وە هەمیشە لەسەر ئەو بنەمایە، قڵشتی گەورە لەنێوانیان هەبووە، شەڕی چوارساڵەی نێوانیان و بەکوشتدانی هەزاران گەنجی دڵ پڕ لەهیوای ئازادی، هەروەها درێژەدان بە دەسەڵاتی دوو ئیدارەیی،  دوو هێزی میلیشیایی سی وسێ 33 ساڵەیی باشترین بەڵگەی ئەو قڵشت و جیاوازیەن. 

پارتی لە سنووری تورکیاوە، هەر لەسەرەتای دەسەڵاتیەوە، تاکە شتێک، کە پابەند بووە پێوەی، حکومەت پەرلەمان هەبووبێ یان نا، قۆرخکردنی هەموو سەرچاوە ئابووریەکانی سەرزەوی و ژێر زەوی بۆ خۆی وبنەماڵە وبازرگانیکردن و هێنان وبردنی کەلوپەل بووە لەودیو بۆ ئەمدیو و بەپێچەوانەشەوە، گرنگترین شت کۆکردنەوەی سەرمایەی ملیۆنەها دۆلار بووە لەلای بنەماڵەی بارزانی..! 

 تەواوی چەمک وشیعارو  هات و هاواری سواوی کوردایەتی و کارتی ڕیفراندۆمەکەشی هەر لەو پێناوەدا بووە.. 

یەکتیش لەسنووری ئێران و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، هەر هەمان ئەو کارانەی کردووە و تاکە ئامانج کۆکردنەوەی سەرمایە بووە لەدەستی سەرانی حیزب و بنەماڵە!

تەنیا شتێک کە ئەم دوو دەسەڵاتە لەسەری کۆکن و لەوێدا هیچ گرژییەک بوونی نیە، سەرکوتی ئازادیەکان و زیندانیکردنی خەڵکی ناڕازی و بێ مووچەکردن وبرسیکردنە..! 

بەو پێیە گەر باس لە فشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بکەین ئەوا بێگومان، دروستبوونی دنیای چەند جەمسەری و هەوڵدانی وڵاتانی ناوچەکە، کە هەریەکەیان سەر بەجەمسەرێکن وە یاخود یاری لەسەر چەندین جەمسەر دەکەن( وەک تورکیا) ئەوا فشار دەخەنە سەر ئەم دوو بنەماڵەیە و بەوهۆیەوە تادێت قڵشتە مێژووییەکەی نێوانیان گەورەتر دەبێت..! 

 

 بۆپێشەوە: چۆن دەڕوانە ئەو هیرشە موشەکی و درۆنیانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی زۆنی زەرد ئایا ئەم هیرشانە دەچنە پاڵ هەوڵەکانی بەغدا، بۆ گوشاری زیاتر خستنە سەر هەرێم یان لاتان وایە هەوڵێکە بۆ گوشار خستنە سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ کشانەوەی هێزەکانیان؟

 

ستاری چیمەنتۆ: گەر قسە تەنیا لەسەر هێرشەکانی ئەم دواییانەی درۆنەکانی ئێران بێت بۆسەر هەولێر، ئەوا دڵنیام پەیوەندیەکی ڕیشەیی بە بارودۆخی تازە و پڕ لە گرژیی نێوان جەمسەرەکانی ئێستاوە هەیە و پەیوەستە هەم بە شەڕ لە ناوچەکە وهەم بە ڕاکێشانی تەرازووی هێز بەرەو لایەکی ئەو جەمسەرانە. 

جمهوری ئیسلامیی ئێران وەک هێزێکی گەورەی ناوچەکە و سەر بەجەمسەری ڕووسیا، بێگومان ئەو هێرشانە بۆسەر هەولێر، بۆ هەردوو ئامانجەکە تاقی دەکاتەوە. لەلایەکەوە بۆ نواندنی هێز لەبەرانبەر ئامریکا و هاوپەیمانان وهەوڵدان بۆ لاوازکردنی زیاتری نفووز وهێزی ئامریکا، لەلایەکی تریشەوە دەچێتە چوارچێوەی فشاری  بەغدا لەسەر پارتی، وەک هاوپەیمانێکی بەهێزی دەسەڵاتەکەی تورکیا، کە ئەندامێکی گرنگی ناتۆیە.. 

 

بۆپێشەوە: لایەنە سیاسییەکان بەگشتی و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی هەڵبژاردن وەکو ڕیگایەک بۆ دەرچوون لە دۆخی نەخوازراوی ئیستای کوردستان دەزانن، ئێوە لەوبارەیەوە دەڵێن چی؟

 

ستاری چیمەنتۆ: من دەڵێم هەڵبژاردن بکرێت یان نەکرێ هیچ لەدۆخی ئێستای “نەخوازراو”ی  سیاسی کوردستان ناگۆڕێت و بگرە زۆر لەوانەیە ئەزمەگرتووتری بکات. 

من دڵنیام خودی ئەحزابە بەشدابووەکانیش ئەو ڕاستیە دەزانن، بەڵام لەپێناو بەرژەوەندی مانەوە و سەرمایە گوزایەکەیان، ئەو ڕاستیە نادرکێنن.!  

ئەوە بەدەر لەوەی، کە هەڵبژاردنەکە جارێکی تریش دواخراوە.  

وەرەقەی هەڵبژاردن تاکە ئامانجێکە بۆ لەچاوەڕوانیدا هێشتنەوەی خەڵکی کوردستان و بەرگرتن بە ناڕەزایەتیەکانیان.. 

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.