عەلی محەمەد ئەمین: خراپی سیستەمی حوکمڕانی هەرێم وای کرد کە زۆرێک لە خەڵکی خۆزگە بەگەڕانەوەی ڕژێمە خوێنڕێژو ملهوڕەکان بخوازن؟! دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ  هاوڕێ عەلی محەمەد ئەمین نووسەرو ڕۆژنامەنووس، سەبارەت بە ئاڵوگۆرکانی ئێستای دنیاو ناوچەکەو کاریگەری گوشارەکانی دەسەڵاتی بەغدا بۆ سەر هەرێم و لێکەوتەکانی لەسەر دۆخی کوردستان و ئاییندە سیاسیەکەی… 

0

بۆپێشەوە: شکستی ئەمریکا لە پێکهێنانی دنیای یەک قوتبی و پێکهاتنی دنیای چەند قوتبی، چ کاریگەریەکی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە هەیە؟

عەلی محەمەد ئەمین: ڕاستە ئەمریکا لەم ئامانجەی دا شکستی هێناوەو نەیتوانیوە تان و پۆی جیهان بەوەی خۆی دەیەوێ بسازێنێ و نەک هەر بەرژەوەندیەکانی بپارێزێت، بەڵکو گەشەشی پێ بدات و ڕکابەرێکی کاریگەر لە بەرامبەر خۆیدا نەهێڵێ، بەڵام دەستی لەم ئامانجانە بەرنەداوە و بەردەوام، ئەگەر بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندیەکانیشی بێت هەوڵی خۆی ئەدات، ڕوونیشە کە نەیتوانیوە لەم هەل و مەرجەدا وەک جاران خۆی ڕەنگڕێژی زۆرێک لە پلانە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەکانی جیهان بێت، بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ناوچەکەدا، ئێستا نەک هەر ڕکابەر و ڕێگرێک لە بەردەمیدایە، بەڵکو چەندین رکابەرو ڕێگر، جیهانی و ناوچەیی لە بەرامبەریدا قوتبوونەتەوە، دەوڵەتانی وەک چین و ڕوسیا… لە ئاستی جیهانداو لە ئاستی ناوچەکەش دا، دەوڵەتانی وەک ئێران و تورکیاو عێراق و هەندێک لە ڕێکخراوە میلیشیایی و تێرۆرستەکان … بەپێی توانای خۆیان ڕکابەری دەکەن و ڕێگری لە ویست و مەبەستە فراوانخوازیەکانی ئەمریکا دەکەن، ئەم هەلومەرجە، واتا ئەم شکستەی ئەمریکا لەبەدیهێنانی یاخود گێڕانەوەی دنیای یەک قوتبی، کە ئەمریکا تیایدا یەکەم دەسەڵاتی بێ ڕکابەر بێت، کاریگەری سەختی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە پێکهێناوە، ساڵانێکی زۆرە دەوڵەتی ڕوسیا جێگەو پێگەی سیاسی و ئابوری و سەربازی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێزترکردووەو وێرای بوونی سەربازی لە وڵاتێکی وەک سوریادا، پەیوەندی هەمەلایەنەشی لەگەڵ دەوڵەتانی وەک تورکیاو ئێرانیش خۆشکردووەولە زۆر مەیدان دا هاریکاری یەکتر دەکەن، ئەم بەرامبەرکێیە کە لە ناوچەکەدا پێکهاتووە، هەلومەرجێکی شپرزەو پڕ ئاژاوەو پڕ کوشت و کوشتارو ناسەقامگیری هێناوەتە ئاراو وایکردووە کە دەوڵەتگەلێکی وەک ئێران و تورکیاش بارودۆخەکە بەهەل وەربگرن و بە ئارەزووی خۆیان تەراتێن بکەن و دەستێوەردانی هەمەلایەنە لە دەوروبەر بکەن و تەنانەت حکومەتێکی لاوازی وەک سوریای دوای خرۆشانە جەماوەریەکە بێتەوە مەیدانی سیاسی و پێگەکانی خۆی لە ناو وڵات و ناوچەکەدا بگێڕێتەوەو قایمتری بکات، دەوڵەتی ئێرانیش درێژە بەتەمەنی دەسەڵاتدارێتی خۆی بدات ودام و دەزگا سەربازی و هەواڵگری و تێرۆریستەکانی تۆکمەترو چالاکتر بکات، فەرمانڕەوایەتی هەندێ وڵاتی وەک عێراق و سوریا و هەندێ هێزی وەک حەشدی شەعبی و میلیشیایی و توندڕەوی ئیسلامی… بەپێی بەرژەوەندیەکانی خۆی ئاراستە بکات ، تورکیاش وەک دەزانین، سەرەڕای پڕوپاگەندە فریوکاریەکانی، نەک هەر درێژەی بە تەمەنی دەسەڵاتداراری ملهوڕانەی خۆی داوە، بەڵکو لە ناوچەکەش دا وەک سەرچاوەی تێرۆرو هەڕەشە ڕۆڵی کاریگەر دەبینێ و بۆ بەدیهێنانی خەونە فراوانخوازیەکانی دەست لە هیچ کارێکی تێرۆرستی و دوژمنکارانە لە ناوچەکەدا ناپارێزێت، لە هەلومەرجێکی پڕ لە کێشمەکێشی وادا خەڵکی ستەمدیدەی ئەم وڵاتانە باجەکەی ئەدات، هەلومەرجی ژیان و گوزەران سەختتر دەبێ و ژێرخانی ئابوری ئەم وڵاتانە لەجاران زیاتر ویران دەبێ، دەسکەوتنی نان و کارو فرسەتی ئارام و سەلامەت زۆر زەحمەت بووە، لێرەشدا پێویست بە بەڵگەهێنانەوە ناکات، کە سەرجەم ماف و ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان لە ژێر هەڕەشەی پێشێلکردن و سڕینەوەدان…

بۆپێشەوە: لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی سەربازی دژی داعش و ١٦ ی ئۆکتۆبەرەوە، باڵانسی هێز لە عێراقدا، بەسودی بۆرژوازی عێراقی و بە زیانی بۆرژوازی کورد گۆڕاوەو تا هاتووە دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی سنوردارکردووەتەوە، چۆن دەڕواننە ئەم ئاڵوگۆڕە؟

عەلی محەمەد ئەمین: من پێموایە ئەم ئاڵوگۆڕە لە دوای پرۆسەیەک لە لاوازی پیشاندان وکەمتەرخەمی و بێ دەربەستی و کێشمەکێشی نێوان لایەنەکان، بەتایبەت یەکێتی و پارتی درووستبووە، کۆتاییهاتنی جەنگ دژی داعش و ١٦ ی ئۆکتۆبەر پرۆسەکەی خێراتر کرد و هەلومەرجی لەبارتری بۆ دەسەڵاتدارێتی عێراق ڕەخساند کە سود لەو هەلە وەربگرن و هەیبەتی سیاسی و ئابوری و سەربازی خۆیان بنوێننەوە، دەسەڵاتدارێتی هەرێم لە ماوەی زیاتر ٣٠ ساڵدا لە مەیدانە جۆراوجۆرەکاندا، کارو پلانێکی وای بەڕێوەنەبردووە کە ببێتە بناغەی بەردەوامی و گەشەو خۆڕاگری لە کاتە نەخوازراوەکان دا، لە ئاستی وەڵام بە پێداویستیە هەنوکەیی و چارەنووسسازەکانی خەڵکی ستەمدیدەدا، نەک بە لێوەشاوەیی خۆی نەنواند، بەڵکو زۆر بێ دەربەستانە حوکمڕانی کردو لە سایەیان دا سەرجەم کەرتە ئابوری و پەروەردەیی و خزمەتگوزارییەکان گۆڕانێکی دڵخوازیان بەخۆوە نەبینی و سود لەو فرسەتە زۆرە نەکرا کە لەبەردەستیان دابوو، زۆربەی داهاتی نەوتی و نانەوتی و هەر هەموو سەروەت و سامانیان بە هەدەرو بەتاڵان برد، بەرهەمی حوکمڕانی ئەم چەند ساڵە، سەرهەڵدانی ژمارەیەک ملیاردێرو ملیۆنێرو بەهەژاربوونی چەند ملیۆن خەڵکی ستەمدیدە بوو، بێ لەمانەش، ئەو ناکۆکیە سەرەتانیەی نێوان یەکێتی و پارتی و لایەن و کەسە بەناو سەربەخۆو بەرهەڵستکارەکانیش پرۆسەی لاوازبوونی حکومەتی هەرێمی خێراتر کردو زۆرێک لە ناوخۆو ناوچەکەو دەوروپشتیش دا کۆمەکیان بە یەکتر کرد، تا ئەم قەوارەیەی هەرێم لاوازترو بێ تواناتر بێتەوەو ڕادەستکردنی بۆ دەسەڵاتدارێتی بەغدا نزیکتر بێتەوە…..

بۆپێشەوە: لێکەوتە سیاسییەکانی دەسەڵاتی ناوەندی لەسەر خەڵکی کوردستان و پرسی چارەسەرنەبوونی چۆن دەبینن؟

عەلی محەمەد ئەمین: دەسەڵاتی ناوەندی لە عێراقدا، لە ڕاستی دا، دەسەڵاتی لایەنە سیاسیە تایفیەکان و خاوەن  میلیشیاکانی سەربە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، ئەوەی کە هەندێ کەس، وەک سەرۆک کۆمارو سەرۆک حکومەت و هەندێ وەزیر و گزیرو ئەندام پەرلەمانی لەمانە جیا بەشدارن لەم دەسەڵاتدارێتیەدا، ئەمە زیاتر هەر شێوەو ڕواڵەتەو کاریگەریان لەسەر حوکمڕانی دەسەڵاتی ناوەندی ڕاستەقینەی سەر بە ئێران دانانێت، فیدرالیزم و دەستورو یاساو ڕێساو تەنانەت ڕێنماییەکانیش، هەموو دەم لەژێر هەڕەشەو فشاری ئەم دەسەڵاتدارێتیەدان و زۆربەی ئەمانەش تەنها بەدوای پاراستنی پلەو پایەو بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا وێڵن، راستە ساڵانێک پێشتر ئەمانە، بەهۆی بێهێزی دەسەڵاتدارێتی ناوەند، ئەگەر بیانوویستایە هەندێ کاریان پێدەکرا، بەڵام کاتێ تاڕادەیەک   هیزی سوپاو حەشدو ملیشیاکان پڕ چەککران و یەکخرانەوە، لەڕووی ئابوریشەوە دەست بەسەر هەموو داهاتە نەوتیەکان و زۆرێک لە داهاتە ناوخۆییەکانیش گیرایەوە… لە ڕووی ئەمنیشەوە ئەوە دەسەڵاتدارێتی عێراقە هەر ئێستا کە سەرگەرمی داڕشتن و  جێبەجێکردنی چەندین پلان و ڕێکەوتنی ئەمنیە لەگەڵ دەوڵەتانی تورکیا و ئێران و سوریا… جێگای نیگەرانیە دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ هەلومەرجێکی وا نەک هەر خۆیان لە هەموو ڕویەکەوە ڕێک نەخست و بەتوانا نەکرد، بەڵکو وەک ئاماژەمان پێدا خۆیان لە رادەستکردن دا بەشداریان کرد.

بۆپێشەوە: ئایا هەنگاوەکانی بەغدا لە دژی هەرێم و سیاسەتی خۆگرێدانەوەی پارتی و یەکێتی بە بەغدا بە مانای تێکەڵبوونەوەی بەکردەوەی کوردستانە بە عێراقەوە؟

عەلی محەمەد ئەمین: دەسەڵاتدارانی بەغدا و دەوڵەت گەلێکی وەک ئێران و تورکیا، وەک کۆتایی پرۆسەی گێرانەوەی کوردستان بە عێراقەوە، بەڵێ ئەمەیان دەوێت، بەڵام بەدرێژایی سیاسەتی حوکمەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق ئەم خواستە بۆ گرێدانی بەزۆر زۆر پێی لەسەر داگیراوە، من پێموایە ئەگەر ئەمجارەش سەربگرێتەوە، بەڵام مەرج نییە جێگای ڕەزامەندی زۆرێک بێت، ڕاستە ئیستا خەڵکێکی زۆر ناڕازین لە دەسەڵاتدارانی هەرێم و ناڕەزایەتیەکەشیان ڕەوایە، بەڵام دەردو سەختی گرێدانەوەی بەزۆر، خەڵکی ستەمدیدەو زەحمەتکێش ئەیچێژێ، بەتایبەت وەک ئاماژەم پێدا، لە بارودۆخی ئێستادا لە عێراق دەسەڵاتداریەتێکی تایەفی شێعی میلیشیایی گرێدراو بە ئێرانەوە حوکم دەکات، هاوکات دەبێ ئاماژەش بەوە بکەم کە دەوڵەتانی زلهیز، بەتایبەت  ئەمریکا لەبارودۆخی ئێستادا ناخوازێ بەتەواوەتی ئەم ڕادەستکردنەوە سەربگرێت، بەڵکو هەوڵ ئەدات، ئەگەر دەسەڵاتدارێتیەکی لاوازیش بێت بێهێڵێتەوە و بۆ بەرژەوەوەندیەکانی لێی سودمەند بێت.

بۆپێشەوە: لێکەوتە سیاسیەکانی دەسەڵاتی ناوەندی لەسەر خەڵکی کوردستان و پرسی چارەسەرنەبوونی کێشەی نەتەوایەتی چۆن دەبینن؟

عەلی محەمەد ئەمین: ئاشکرایە لە مێژە خەبات بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی مافی بڕیاردانی چارەنووس و زۆرێک لە ئازادیە سیاسی و مەدەنییەکان بەردەوامبووە، هەندێ جارو لە هەندێ فرسەت دا بڕێک لەمانە بەدیهاتووە ، بەڵام زیندووبونەوەی کێشەکان و مانەوەی هەندێ کێشەی ڕابووردوو شوێنەواری سیاسەتە ڕەگەزپەرستیەکانی ڕژێمی پێشوو قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی ناوەند لە کوردستان مایەی هەڕەشەو ناسەقامگیرین، دیارە جگە لە مانەوەی عەقڵیەتی ناسیونالیستی ڕەگەزپەرستانە لە زهنیەتی دەسەڵاتدارانی عێراق دا، دەوڵەتانی تورکیاو ئێرانیش سەرەڕای  پەیوەندی شلوشۆڵیان لەگەڵ سەرانی هەرێم و پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان لەم نێوەدا، هەرگیز ئامادەنین، مافی بڕیاردانی چارەنووس و چارەسەری ڕیشەیی کێشەی نەتەوایەتی بەکردەوە بسەلمێنن، بەتایبەت کە خۆیان دەرگیری کێشەیەکی هاوشێوەن….

بۆپێشەوە: لەم دواییانەدا دادگای فیدراڵی چەندین بڕیاری دەرکرد، لەوانە: بڕیاری لابردنی کورسی کۆتاکان، بڕیاری سپاردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بڕیاری بەیەک بازنەییکردنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان، بڕیاری دابەشکردنی مووچە لەلایەن بانکە ناوەندیەکانی عێراقەوە، چۆن دەڕواننە ئەم بڕیارانە، ئەم بڕیارانە چ کاریگەریەکی لەسەر دەسەڵاتدارێتی هەرێم و چینی کرێکارو خەڵکی کوردستان ئەبێت؟

عەلی محەمەد ئەمین: جارێ سەبارەت بە هەڵبژاردن، بە بڕوای من هەرچۆنێک بێت، ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە ژیان و گوزەرانی خەڵکدا دروست ناکات، بەڵام هەر هەموو ئەم هەنگاوانە هەنگاو گەلێکن بەئاڕاستەی لاوازکردنی قەوارەی هەرێم و بچووککردنەوەی، دەسەڵاتدارانی بەغداش و دەستەو دایەرەو پاشکۆکانیشی هەر پڕوپاگەندەیەکیان بێت، هەر ئەمەیان مەبەستەو دەخوازن بەکۆی ئەم کارانە و بەجێگەیاندنیان دەسەڵاتی ناوەندیان بەهێزترو تۆکمەتر کردو بێ ڕکابەرتربێ، سەبارەت بە خەڵکی کوردستان و چین و توێژە زەحمەتکێشەکان، بەتایبەت کە هەر ئێستا دەرگیری ژیان و گوزەرانێکی سەختی لە ڕادەبەدەرن، دەشێ بۆماوەیەک هەندێ کێشەی وەک مووچە چارەسەر بێت، بەڵام لە دوور ماوەدا و لە بەردەوامی دەسەڵاتێکی ڕەهای تایەفی و مەزهەبی و خاوەن میلیشیادا، بە دڵنیایی نەک هەر مووچە، بەڵکو ژیان و گوزەران و سەرجەم ماف و ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان لەبەردەم هەڕەشەی پێشێلکردندا دەبن، سەرنجێکی خێرا لە بارودۆخی نالەباری دانیشتووانی شارو شارۆچکەکانی ژێر دەسەڵاتی ناوەند، ئەم ڕاستیانە زیاتر دەسەلمێت، بەتایبەت کە زۆرێک لە کەرت و دام و دەزگا بەرهەمهێنەرو خزمەتگوزارو پەروەردەییەکان…. لەئاستێکی هەرە نزمدان، تەنها لەبواری بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردن و یەکجێکردنەوەی داهاتدا نەبێت، لەم نێوەشدا گەندەڵکاری و تاڵانچێتی و بەهەدەردان… بەردەوام ڕوولەزیادە، سەرەڕای دەنگی بەرزی خەڵکی ناڕازی لە شەقام و گۆڕەپانەکان دا دەسەڵاتی ناوەند کەمترین وەڵامی دڵخوازی لە بەرژەوەندی ئەو خەڵکە پێ نییە….

بۆپێشەوە: بەشێک لە خەڵکی کوردستان، خۆشحاڵن بە بڕیارەکانی بەغدا دژ بە دەسەڵاتی هەرێم، چۆن دەڕواننە ئەم خۆشخەیاڵیەی خەڵک، ئایا ئەمە خۆشخەیاڵی نییە بە دەسەڵاتی لایەنە بۆرژوازیەکانی عێراق؟

عەلی محەمەد ئەمین: بە دڵنیایی خۆشخەیاڵی بە بڕیارەکانی بەغدا دژ بە دەسەڵاتی هەرێم خۆشخەیاڵییە بە دەسەڵاتدارێتیەکی تایەفی شیعی میلیشیایی، بەڵام دەبێ ئەوە بڵێین، ئەم ناکاراییەی دەسەڵاتدارێتی هەرێم و بێ دەربەستی لە ئاست داواکارییە ڕەواکانی خەڵک دا و بەهەدەردانی سەروەت و سامانێکی زۆر لە ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵ دا و تەشەنەسەندنی گەندەڵی و تاوان و پێشێلکردنی ئازادییەکان، نەک هەر وەڵامنەدانەوەی خەڵکی ناڕازی، بەڵکو گرتن و ڕاونان و سوکایەتی پێکردنیان، هەموو ئەمانەو هیتر وایان کرد کە هەرچی پێی بووترێ متمانە بەدەسەڵاتدارێتی هەرێم نەمێنی و خۆشخەیاڵی بە لایەن گەڵێک دروستبێ، ئەگەرچی لە ڕاستی دا فریاڕەس و ڕزگارکەریش نەبن، تەنانەت بەداخەوە خراپی سیستمی حوکمڕانی ئەم دەسەڵاتدارێتیە وای کرد زۆرێک لە خەڵکی خۆزگە بە گەڕانەوەی ڕژێمە خوێنڕێژو ملهوڕەکەی بەعس و سەدام بخوازن ….

بۆپێشەوە: بەم دواییانە پارتی بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردنەکان و هەڕەشەی کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی کرد، چۆن دەڕواننە ئەم بڕیارەی پارتی، ئایا هەڵبژاردن بەبێ پارتی ئەتوانێت بکرێت؟

عەلی محەمەد ئەمین: پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە بە تەنگ پاراستنی خۆی و دەسەڵات و بەرژەوەندییە جۆراوجۆرەکانێتی، ئەم پارتە بمانەوێ و نەمانەوێ پشتگیرە بە جەماوەرێکی بەرین. بەتایبەت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی دا، جابە فریودان یا سەرکوتکردنی دەنگی بەرهەڵستکارانیشی بێت، دەسەڵاتی پارتی لە ناوچەیەکی سەر سنورەکانی تورکیاو سوریاو عێراقدا ڕۆڵ و کاریگەری خۆی هەیە و لەسەردەمی حوکمڕانی خۆی دا هەوڵی زۆری داوە بۆ بەهێزکردنی پارتەکەو خۆی لە کەرت و پەرتبوون پاراستووە، لەناوخۆو دەرەوەدا جێگاو پێگەی دیاری هەیە و گوێی لێ دەگیرێت، پێ ناچێت هەڵبژاردن بەبێ پارتی ئەنجام بدێت، هەر ئێستا دەنگ بڵاوە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای کردووە هەوڵ بدرێت هەڵبژاردنەکە دوابخرێت، نەتەوە یەکگرتتوکانێش هەر لە هەوڵی ئەوە دایە پارتی بێتەوە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن ،حاڵی حازر پارتیش، مەرجەکانی کەم کردووەتەوەو، تەنها ئەوە دەڵێ کە بەدیزاینی پێشوەختە ڕازی نییە و بەشدار ئەبێت ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەڕێی ڕێکخراوە کانیەوە چاودێر بێت. کورت و پوخت پارتی لە ئێرانیش دەترسێ کە بە قازانجی یەکێتی دەستێوەردان بکات، هاوکات نەک هێزگەلێکی بەرهەڵستکار، بەڵکو تاکە لایەنێکی ئۆپۆزسیۆنی بەهێزو یەکلاکەرەوە لە مەیدانەکەدا نییە، دەشێ وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا زۆرێک لە هەوڵی هێنانەوەی پارتی دابن، جا لەلایەن بەرپرسانی دەوڵەتانی زلهێزی وەک ئەمریکاوە بێ یا نەتەوە یەکگرتووەکان یا هەندێ لایەن و بەرپرسی عێراقی یاخود دەوڵەتانی دراوسێ، بەڵام ئایا بۆ پاشگەزبوونەوەی پارتی چی دەکرێت، کام هەنگاوانە ئیعتبار بۆ بڕیارەکەی پارتی دەگێڕنەوە، ئایا وەک هەندێک دەڵێن، ئەم بڕیارە وەک ڕیفراندۆمەکەی کوردستانە و دواتر شکست دێنێت، یاخود تەنها هەوڵێکە بۆ زیاتر مسۆگەرکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی خۆی، هێدەی نەماوە وەڵامی ئەم پرسیارانە بدرێتەوە، بەڵام  هێندە دەڵێم مادام خەباتی خەڵکی ناڕازی و ستەملێکراو بەرچاو ڕۆشن و یەکگرتوو بەهێز نییە، ڕکابەرێکی ڕاستەقینە کە نوێنەری ئامانجە دوورونزیکەکانی خەڵک کات لە ئارادا نییە، نەک پارتی بەڵکو زۆرێک لە م لایەنانە، تەنانەت پاشکۆکانیشیان  واز لە عەرشی دەسەڵات ناهێنن، هەڵبژاردنیش بکرێت یا نەکرێت..

بۆپێشەوە: لە بەرامبەر ئەم هەلومەرجەی ئێستا لە ئارادایە، کە لە لایەکەوە دەسەڵاتی ناوەندی هەژموونی سیاسی و بڕیار بەسەر دەسەڵاتی هەرێمدا دەسەپێنێت، لە لایەکی تریشەوە دەسەڵاتی هەرێم هیچ کارتێکی کاریگەری لەبەرامبەر بەغدا نییە، چ ڕێگاو ئەڵتەرناتیڤێک پێویستە؟

عەلی محەمەد ئەمین: بەڕای من، تا ئەم بارودۆخە ئاوا گرژو ناجێگیر بێت، تاململانێی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی و ئێران بەردەوام بێ، تا ڕێکخراوی تێرۆریستی داعش بەخۆی و چالاکیەکانیەوە لە نزیک و دوور مایەی هەڕەشەبێ، تا دۆستێکی بەهێزو بەمتمانەتر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دێتە گۆڕێ…. ئەم قەوارەیەی کوردستانیش ئەگەر بە لاوازیش بێ دەمێنێتەوە… لەنێو ناوەندی دەسەڵاتیشدا بۆ پاراستنی هاوسەنگی هێز گەلێک هەیە ناخوازی بارودۆخەکە زیاتر گرژتر بێ، دەوڵەتانی تری وەک ئێران و تورکیاش ڕۆڵیان لە پشتگیری ئەم لایەنە کوردیانەدا هەیە، بەتایبەت کە هەریەک لەم لایەنانە بۆ خۆیان گرێدراوی سیاسەتی دەوڵەتێکن، خۆ ئەگەر ناکۆکی و نەسازانیش هەبێ ئەوا کاتیەو دواتر ڕێکدەکەونەوە.

سەبارەت بە خەڵکی کوردستان و لایەن و ڕێکخراو و هەڵسوڕاوە ئازادیخوازەکانی، زۆر پێویستە بە هیچ لایەک خۆشخەیاڵ نەبن، ئەگەر ماف و داواکارییەکی ڕەواش بەدەست هات، بەبەرهەمی ڕەوای هەوڵ و تێکۆشانی خۆیانی بزانن و وەک دیاری و بەخشیشی دەسەڵاتداران نەیبینن و دوژمنانی دێرین و نوێیان بەبەخشندەو میهرەبان نەناسێنن و بەهەر ڕێگاو شێوازی خەباتێک بۆیان بکرێ لە پێشێلکردنی مافەکانیان خۆش نەبن و تێکۆشانی بەردەوام یەکگرتوو بۆ بەدەسهێنانیان بکەن و پشتگیری و کۆمەک تەنها بەو لاو لایەنە بکەن کە لە ئێستاو داهاتوودا لە پێناو ئازادی و دادوەری کۆمەڵایەتی دا تێدەکۆشێ …

Leave A Reply

Your email address will not be published.