بۆچی ئاتەئیست و ئینسان دۆستم… نووسینی: تەسلیمە نەسرین

0

من لە خێزانێکی موسوڵمان چاوم بەدنیا هەڵێنا، دایکم منی ناچار دەکرد هەموو رۆژێک قورعان بخوێنم… نوێژەکان لەکاتی خۆیدا بکەم و لە رەمەزاناندا، بەرۆژوو بم. لە دەورانی گەشەونمامدا، دایکم منی دەبرد بۆ لای “پیرە” پیاوێک، کەسەرۆکی گروپێکی مەزهەبی و جێگای رێز و متمانەی موسڵمانان بوو. ئەم “پیرە” پیاوە خاوەنی دارودەستەی تایبەتی خۆی بوو، باوەڕی بە جنۆکەو خورافات هەبوو. “پیر” رایگەیاندبوو ئەو ژنانەی لەبەردەم پیاواندا پێدەکەنن، یان لەماڵ دەچنە دەرەوە، لەلایەن جنۆکەوە بەکاردەهێنرێن. بۆیە ئەو بێرەحمانە ئەو ژنانەی کوتەک کاری دەکرد، تا گوایە جنۆکە لە گیانیان بێتەدەرەوە. ئەو وێنایەکی ترسناک ئامێزی لە جەهەنەم دەکرد، وەهەرکەسێک لەگەڵ ئەو دیداری بکردایە دەبوو پارەی پێبدات.

“پیر” لەلایەن چەند ژنی جوان و گەنجەوە دەورە درابوو کە لەشیان بۆ دەشیلاو بەدەم دواکاریەکانیەوە دەچوون. رۆژیك بە ئامادەبوونی راگەیاند کە قیامەت، رۆژی نابوود بوونی زەمین، بەزوویی دێت و پێویست نییە ژنان شوبکەن، ئەوان پێویستە ژیانیان فیدای اڵڵە بکەن.

من بەوهۆیەوە، کە “پیر” درندانە کوتەک کاری ژنانی دەکرد، تا جنۆکە لە گیانیان بێتە دەرەوە، وە لە وەسف و پیاهەڵدانەکانی بە قیامەت نەک ترساو هەر تۆقیبووم، بەڵام قیامت هەر نەهات.

“پیر” نەخۆشەکانی بەخوێندنەوەی قورعان و کوتەک کاری کردن “چارەسەر” دەکرد. ئەو ئاوی مقەدەسی هەبوو کە نەخۆشەکانی پێ شیفا دەدا، بەڵام نەخۆشەکان بە خواردنەوەی ئەو ئاوە نەخۆشتر دەبوون. دیارە ئەو ئاوەی بەمنیش دا، بەڵام من کاتێک چاکبوومەوە کە باوکم بە دەرمانی پزیشک منی چارەسەرکرد، من باوکم پزیشک بوو.

باوکم هانی دەدام خویندنی سکیولار (نائیسلام) هەبێت، من لەبارەی (بیگ باگ) گەشەو پیکهاتەی خۆرەوە خوێندم و فێربووم، لەبەر هەمان هۆ سەبارەت بەوەی خوا لە شەش رۆژدا تەواوی جیهانی دروستکردووە، دەربارەی داستانی ئادەم و حەوا و سوڕانەوەی خۆر بەدەوری زەویدا، وە ئەوەی کێوەکان وەکو بزمار باڵانسی زەویان راگرتووە و شتی تر… بەتەواوی بروابوونم بە ئیسلام لەدەستدا. دایکم لەمنی دەویست، کەسەبارەت بەخوا پرسیار نەکەم و کوێرانە باوەری پێبهێنم. دواتر قورعانم خوێندەوە، دیارە دیراسەیەکی قوڵم کرد، بۆئەوەی لە تەواوی ماناکانی تێبگەم… بینیم قورعان بەتەواوەتی بی پایەو بی بنەمایە. قورعان کە بەملیۆنەها کەس باوەریان پێیەتی، لە کۆیلەتی و نایەکسانی نیوان ئینسانەکان و خەڵک، راشکاوانە بەرگری دەکات. ئەمە لەکاتێکدایە، لە وڵاتانی تردا یەکسانی ژن و پیاو بە وینەی مافێک بە فەرمی ناسراوەو مانگیش لەلایەن ئینسانەوە بەکاردەهێنرێت.

لە قورعاندا پیاو مافی هەیە چوار ژنی هەبێت، مافی تەڵاقی هەیە، دەتوانی لەگەڵ ژنانی کۆیلە سیکس بکات و ژنەکانی خۆیشی دارکاری بکات. لەبەرامبەردا ژنان دەبێت لەشیان دابپۆشن، چونکە ئەوان تەنیا وەکو کاڵایەکی سیکسی و وەسیلەی لەزەتی پیاوان سەیر دەکرێن. ژنان بێبەشن لەمافی تەڵاق، میراتی یەکسان و شایەتی دان لەگەڵ پیاواندا. من تێگەیشتم کە اللە بۆ موسوڵمانان و نەفرەتکردن لە ناموسوڵمانەکان و کوشتنی هەڵگەراوەکان، لە ئیسلامدا حەڵاڵە.

من قورعانم خستە کەنارەوەو سەیری چواردەوری خۆمم کرد. من دینم لە ژیانی واقعی و رۆژانەی خۆمدا، بی ئەندازە ستەمکارانە بینیەوە. من تیگەیشتم کە نارەوایی و بێمافی سەرچاوەگرتوو لە دین، بەتایبەت لە وڵاتە موسوڵمانەکاندا، روو لەزیادبوونە.

بەهەست و ئاگایەک کە بەدەستم دەهێنا، تێدەگەیشتم کە دین پێکەنیناوییە، چونکە رێگری بیرکردنەوەی ئازادانەی ئینسان و هۆش و عەقڵیەتی ئەو دەبێت. باوکم منی فێری ئەوەکرد، کە بەهیچ شتێکی بێ هۆ بڕوا نەکەم. منیش هەر ئەوکارەم کرد. من نەمدەتوانی بەدین و خوا بڕوا بکەم، بۆیە بووم بە بێ خودا. لە کۆتایشدا قەڵەمەکەم هەڵگرت و دەستم کرد بە نووسین دژ بەدین و تەواوی خورافاتە مەزهەبیەکان. من دەستم دایە ئاشکراکردنی تاوانەکانی مەزهەب، بەتایبەتیش بێ رەوایی و ستەمێک کە بەرامبەر بە ژنان دەیکەن. من بینیم  چون ئیسلامیەکان وەکو ئاژەڵ یان کویلەی چەرخە کۆنەکان لەگەڵ ژناندا رەفتار دەکەن. من دەربارەی هەموو ئەوانە نووسیم و هەر بەوهۆیەوە روبەرووی هێرش و پەلاماری فیزیکی و زمانی پیسی مەزهەبیەکان بوومەوە. ئەوان چەندین جار لە دادگا سكاڵایان لەسەر تۆمارکردم. منیان بەهەڵگەراوە لە دین لەقەڵەم داو چەندین خۆپیشاندانیان لەدژم وەرێخست و مەراسیمی هەڵواسین و لەدار دانی منیان نمایش کرد. ئەوان چونە سەر نوسینگەی ئەو رۆژنامەیەی من ستونێکم تیایدا دەنووسی، تیک و پیکیان داو دژی سەرنووسەر و بڵاوکراوەکە لەدادگا سکاڵایان تۆمار کرد. تورەیی کەسانی مەزهەبی لەدژم هێندە زۆر بوو، بەناچار وڵاتم جێهێشت.

من لەیەکێک لە هەژارترین وڵاتانی جهیاندا ژیانم دەکرد. من بینیم چۆن مەزهەب ستایشی هەژاری دەکرد و بە سەریدا هەڵیدەدا، چۆن خەڵکانی هەژار دەچەوسێنرانەوە. دەڵین هەژاری بۆ سەر زەوی نێردراوە، تا بەژیانی پر لە بەدبەختی و دواکەوتووی خۆیان باوەر بەخوا بهێنن. من هیچ خوێندنێکی مەزهەبیم نەدی کە خوازیاری چارەسەری هەژاری بێت، بەڵکو دەوڵەمەندان راسپێردروان بە بەخشینی پارە بە هەژاران بە شێوەی دایکە تریزا، خوا رازی بکات. هەژار دەبێت هەژارو بەدبەخت بمێنێتەوەو هەلپەرستان بەکەڵک وەرگرتن لەوان بلیتی بەهەشت ئامادەبکەن.

من ئیسلام و ئیسلامی بونیادگەرا “ئیسلامی سیاسی” بەیەک ئەندازە دەخەمە بەر رەخنە. من جیاوازی لە نیوانیاندا نابینم. من دین وەک ریشەو سەرچاوەیەک دەبینم کە بنیادگەرایی بەناونیشانی پێشەنگێکی خۆیان ژەهری لێ هەڵدەمژن. ئەگەر ئێمە بونیادگەرایی بخەینەکەنارەوە، بەڵام دین بهێڵینەوە رۆژێکی تر جۆرێکی تر لە بونیادگەرایی گەشەدەکات و پەیدادەبێت. بەپێچەوانەی هەندێک لە رۆشنبیرانی لیبرال کە بەرگری لە ئیسلام دەکەن و گوناحەکە دەخەنە ئەستۆی بونیادگەراکانەوە، بە بڕوای من ئەوە ئیسلامە کەستەم لەژنان دەکات، ئەوە هەر ئیسلامیشە کە دژی دیموکراسی و مافی ئینسانە.

من خواو و بێرەحمی و ناپیرۆزیم قبوڵ نییە، من ویژدانی خۆمم هەیە کە باوەری پێبەخشیم کە لە کۆمەڵگەیەکی پشت ئەستور بەیەکسانی و عەقلانی پشتیوانی بکەم… دین سەرچاوەی فەناتیزم، رژاندنی خوێنی خەڵکی، کینە، راسیزم، ناکۆکی و جەنگە. تەنها ئینساندۆستی دەتوانێ ئینسانیەت بە ئینسان ببەخشێت و دنیایەکی مایەی ژیان کردن بەدی بێنێت.

من بێخودام، باوەرم بە بەنوێژ و دوعا، نییە. من باوەرم بەکار هەیە. کاری منیش کارێکە کە بەناونیشانی نووسەرێک دەیکەم… چەکی من قەڵەمەکەمە….

Leave A Reply

Your email address will not be published.