ستاری چیمەنتۆ: ئەمجارەیان دابەشکردنەوەی جیهان و دروستکردنەوەی سنوورەکان و دابڕینی مرۆڤەکان لەیەکتری، هەڵچنینی دووبارەی دیوارەکانی بەرلین نییە تەنها لەسەر زەویەوە بەرەو ئاسمان، بەڵکو بەڕۆداچوونی ئەو دیوارانەیە بەقووڵایی زەویشدا..!  دیمانە لەگەل هەڵسوڕاوی کۆمۆنیست ستار حەمە عەلی ناسراو بە “ ستاری چیمەنتۆ“  سەبارەت بە ئاڵوگۆرکانی ئێستای دنیاو ناوچەکەو کاریگەری گوشارەکانی دەسەڵاتی بەغدا بۆ سەر هەرێم و لێکەوتەکانی لەسەر دۆخی کوردستان و ئاییندە سیاسیەکەی…  

0

                                                           بەشی یەکەم

بۆپێشەوە: شکستی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پیکهێنانی دنیای تاک جەمسەری و پێگرتنی قوتبی روسی و چینی و قوتبی تر… ریشەی لە چ دۆخیکی جیهانیدایە و چ کاریگەرییەک لە ئاستی دنیادا بەدوای خۆیدا دەهێنێت؟

ستاری چیمەنتۆ: دنیای تاک جەمسەری، بەدوای شکستی ئابووری و سیاسی سەرمایەداری دەوڵەتیی یەکێتیی سۆڤیەت و ڕووخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات و هەڵوەشانەوەی (پەیمانی وارشۆ) لەسەردەستی ئەوروپا و ئەمریکادا نزیک بە دوو دەهە وە یان کەمێک زیاتر، لەلایەن ئامریکا و ئەوروپاوە هات و هاواری بۆکرا و وتیان “کۆمونیزم ” تێکشکا ..! هەروەها ڕایانگەیاند، کە تاکە هێزی ئەبەدی دنیا، بۆ “ئازادی ودیموکراسی”، سیستەمی سەرمایەداری و دیموکراتی ئامریکایە وهەر ئێمەین ڕزگارکەری مرۆڤایەتی!!

بەڵام هەر زۆر بەزوویی ئەم هات وهاوارە لەڕیشەوە پووچ مایە و بێ ناوەرۆک دەرچوو، چونکە لەهەمان ئەو کاتەوە هێزە ئابوورییە زەبەلاحەکانی تری جیهان دەرکەوتن و وردە وردە زۆرێک لە بازاڕەکانی دنیایان  داگیرکرد . 

چین، بەرازیل و  هیندستان و تەنانەت خودی ڕوسیاش لە بەرانبەرکێی ئابووری و سیاسیی ئامریکا و ئەوروپای ڕۆژاوادا، لەگەشەی بەردەوامدا بوون…

لەونێوەدا تایبەتتر لەساڵی 2006 ـەوە  هاوپەیمانیەکی ئابووری نوێ بەناوی BRIC S لەبەرانبەر هاوپەیمانی G7 دا لەلایەن  بەرازیل ڕووسیا هیندستان و چین وە دواتریش ئەفریقای باشوور پێکهێنرا و هەروەها  لە ساڵی 2014 ـەوە بانکی دارایی نێودەوڵەتی گەشەپێدان NDP ـیان بەئامانجی قەرز ویارمەتیپێدانی هەر وڵاتێک کە زۆر  پێویستی بێت( واتا ڕاستەقینەکەی ملکەچ پێکردنی ئەو وڵاتانە، دامەزراند، کەئەمەش دەکاتە کێبڕکێیەکی ئاشکرای تاک جەمسەریی ئامریکا و دەرکەوتنی سەرەتاکانی تێکشکانی ئەو تاک جەمسەریە. 

 لەباری سیاسی و سەربازییەوە هەمیشە ئەوهێزانە، لەپەیوەندیدا بوون لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی سەرووی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئافریقای باشوور ئێران، سعوودیە، میصر، سوریا و لوبنان، وچەندین وڵاتی تر ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەژیڕ کاریگەری و هەیمەنە و دەسەڵاتی ئەواندا بوون، لەکاتێکدا ئامریکا وئەوروپا هەمیشە لەهەوڵی لەدەستنەدانی ئەو بازاڕانەدا بوون!!.

کاریگەریەکانی ئەم کێبڕکێیە وشکستی تاک جەمسەریی ئامریکا، سەرهەڵدانی دنیای چەند قوتبی، بەبێ گومان، هەم لەڕووی ئابووری و هەر لەڕووی سیاسی و بەرتەسکبوونەوەی ئازادییەکان، کاریگەری زۆر نەرێنی ودژ بە زۆربەی خەڵکی هەیە… خەڵکی جیهان زیاد لە پانزە ساڵە و بەتایبەت لە دوای قەیرانی دارایی 2008 ی بانکەکانی جیهان، بەتایبەت ئامریکا و درێژبوونەوەو فراوانبوونەوەی ئەو قەیرانە بۆ قەیرانی گشتیی ئابووریی سەرمایە و بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی دارایی و کۆبوونەوەی سەرمایە لە دەستی ژمارەیەکی کەمتری سەرمایەداران. 

 هەروەها بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لەساڵی 2020دا بەهانەیەکی بەهێزی تر ۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکان) بەتایبەت داوودەرمان) بۆ کەڵکەکردنی زیاتری سەرمایە..! 

 هەموو ئەم کێشە جیهانیە ئابووریانەی سەرمایە دەکاتە بێکارکردن، برسیکردنی ملیۆنەها خەڵک، لێسەندنەوەی زیاتری خزمەتگوزارییەکان لە خوێندن، خەستەخانە، پەروەردە، هاتوچۆ و هۆکارەکانی ڕێگاوبان، خزمەتی پیر، دابینکردنی پێداویستیەکانی منداڵان، شەڕ و ئاوارەیی ودەبەدەری،  و زۆر زۆری تر، تا کار گەیشتووەتە ئەوەی قێزەونترین و دڕندەترین میلیشیا و چەکدارانی خەلافەتخوازی داعشی پشتیوانی بکرێن وجینۆساید بخوڵقێنن..! 

هێزە ڕاسیستی و نازی وفاشیستیەکانی دەورانی نەوەد ساڵ لەمەوبەرەوە، نەک هەربێنەوە مەیدانی سیاسی، بەڵکو بگەنەوە دەسەڵات..!! ئەمانە و زۆر نەهامەتی تریش جەوهەری ئەو کارەسات و کاریگەریانەن، کە لەئاکامی ئەم کێبڕکێی بازاڕی سەرمایە و شەڕی بەجەمسەربوونەوە سەریان هەڵداوە.. 

 بۆپێشەوە: شکستی ئەمریکا لە پیکهێنانی دنیای یەک قوتبی و پیکهاتنی دنیای چەند قوتبی، چ کاریگەرییەکی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکە هەیە؟

ستاری چیمەنتۆ: پرسیارێک کە پەیوەندە بە کاریگەری شکستی تاک چەمسەری ئامریکا وپێکهاتنی دنیای چەند قوتبی، لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

من دەڵێم، ئەو ناوچەیە لەلایەک بەشێکە لە هۆکاری شکست پێهێنانی دنیای تاک جەمسەری، لەهەمان کاتیشدا دووبارەش ئەو شکستە کاریگەریی جیددی دەبێت لەئاڵوگۆڕی هەمەلایەنە  لەسەر ناوچەکە.! 

جێگیربوونی هێزەکانی ڕووسیا و ئێران لەپێناو ڕێگرتن لەکەوتنی ڕژێمەکەی ئەسەد لەلایەک وپشتیوانیکردنی ئامریکا لە هێزە کوردییەکان و ناردنی هێزی سەربازی بۆ ناو خاکی سوریا بە بەهانەی لێدان لە داعش وداگیرکردنی چەند ناوچەیەکی سەرچاوە نەوتییەکان، ئەمانە هەمووی لە ڕێچکەی ئەو هەوڵانەدایە بۆدابەش بوونەوەیەی جیهان بەسەر قوتبەکاندا..! 

کاریگەریەکانی ئەم کێشمەکێش وکێبەڕکێ خوێناویە، بێگومان پێش هەر شتێک لەسەر خودی ملیۆنەها خەڵکی سڤیلی ناوچەکە دەبێت.!  کوشتاری دەیان و سەدان هەزار لەخەڵکی، تەختکردنی دەیان شاری گەورەی جێنشین لەگەڵ زەوی، بێخانەولانەبوون و ئاوارەیی ملیۆنەها، بێبەش بوونی سەدان هەزار منداڵ نەک هەر لە خوێندن وپەروەردە، بەڵکو لە تیکەی نان و قومێک شیر..!! کۆی ئەمانەش یانی بێهیوابوون ناچارکردنی ئەو خەڵکە  تەنیا لەپێناو ژیان و مانەوەی خۆی و منداڵەکەیدا، تەسلیم بە هەر هێز و لایەنێکی دەسەڵاتدار ببێت، تەنانەت ئەگەر زۆ چاکیش بزانێت، کە هەر ئەو هێزە بوو کە دوێنێ ماڵەکەی ئەوی لەگەڵ زەوی تەخت کردوو کەسە ئازیزەکانیشی لەنێوبردن..!! 

جگە لەوەش ئەمجارەیان دابەشکردنەوەی جیهان و دروستکردنەوەی سنوورەکان و دابڕینی مرۆڤەکان لەیەکتری، هەڵچنینی دووبارەی دیوارەکانی بەرلین نییە تەنها لەسەر زەویەوە بەرەو ئاسمان، بەڵکو بەڕۆداچوونی ئەو دیوارانەیە بەقووڵایی زەویشدا..! 

بۆپێشەوە: ناکامی سیاسەتەکانی ئەمریکا و غەرب… لە ئاستی دنیا و رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکە چ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی عێراق و کوردستان هەیە؟

ستاری چیمەنتۆ: عێراق نەک هەر لەسەردەمی داگیرکاری ئامریکاوە لە 2003دا، بەڵکو لە ئازاری نەوەدو یەکی سەدەی ڕابردووەوە لەکوردستان و تا ئێستاش، لە قووڵایی هەمان ئەو دۆخە ناجێگیر پڕ لە کێشمەکێشەدایە  کەلەسەرەوە باسمکردن. 

ڕاستە بەکردەوە هێزی سەربازیی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی داگیرکارییەکەیان ڕاگەیاند و تا ئێستاش هێزەکانیان بوونی هەیە، بەڵام هەرگیز( ئێران بەپشتیوانی ڕوسیاو دەوڵەتی فاشیستی تورکیا)، وەک دوو جەمسەری ناوچەیی، بۆ یەک چرکەش هەروەک ئامریکاو هاوپەیمانەکانی، لەو دۆخە غافڵ نەبوون وهەمیشە خۆیان بە خاوەنی ناوچەکە وسەروەت سامانەکەی زانیوە..! 

بۆیە تەواوی هێزی خۆیان لەڕێگای ئەحزاب و گرووپە خێڵەکی ودینی ومەزهەبیەکانی عێراق وکوردستانەوە بەکارهێنا ولەماوەی ئەم دوو بۆ سێ دەهەیەدا، هەم زۆرترین سەروەت وسامانی عێراقیان خستە ژێردەستی خۆیان و لەهەمان کاتیشدا زۆرێک لە ناوچەکانیان کردە مۆڵگەی بارگە جبەخانە سەربازییەکانی خۆیان، کە بەوهۆیەوە توانیان وەک هێزێکی ملیشیایی سەرکوتگەر و خەتەرناک لەبەرانبەر خەڵک و هەروەها وەک هەڕەشەیەکیش لەبەرانبەر ئامریکا وهەوپەیمانەکانیدا بەکاری بهێنن..لەڕاستیدا ئەمانە کرۆکی ئەو کارەساتانەن، کە لەئاکامی سیاسەتەکانی ئامریکا لەلایەک وڕەقیبەکانیشی لەلاکەی تر بەسەر خەڵکی عێراقدا هێناویانە. 

 بۆپێشەوە: لەدوای کۆتایی هاتنی جەنگی سەربازی دژی داعش و ١٦ ئۆکتۆبەرەوە، باڵانسی هیز لە عێراقدا بە سودی بۆرژازی عێراقی و بەزیانی بۆرژوازی کورد گۆراوە و تا هاتووە دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی سنوردار کردۆتەوە، چۆن دەروانە ئەم ئاڵوگۆرە؟

 ستاری چیمەنتۆ: بەڵێ ئەوە تەواو دروستە، کە لەدوای شانزەی ئۆکتۆبەرەوە تەرازووی هێز بەقازانجی بۆرجوازی عێراقی و زیانی بۆرجوازی ودەسەڵاتەکەی لەهەرێمی کوردستان شکایەوە.

بەڵام نابێ ئەوەمان لەبیر بچێ، کە کێشمەکێشەکانی سەردەمی شەڕی داعش، ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ زیاتر کشانی دەسەڵات و هێزەکانی یەکێتی و پارتی لەو ناوچانەی دەوروبەری کەرکوک وگەرمیان. 

 هەوڵەکانی تورکیا وفرسەت هێنان بۆ زیاتر هاتنە ناوەوەو داگیرکردنی بیرە نەوتیەکانی ناوچەکانی کەرکوک ودەوروبەری، بەتایبەت کێڵگەکانی بای حەسەن، لەڕێگای چەکداران و هێزەکانی زێرەڤانی پارتیەوە، بۆ جمهوری ئیسلامی ئێران و هێزە شیعەکانی بەغدا هێڵی سوورو قەبووڵ نەکراو بوون. 

جگە لەوەش دروستکردنی هەڵلای گاڵتەجاڕیانەی ڕیفراندۆم، بەئامانجی هەنگاونان بۆ پلان وخواستەکانی تورکیا لە زیاتر قایمکردنی پێگەی خۆی لەکوردستان بەهانەیەکی تری زۆر ڕۆشن بوو بۆ هەر هێرشێکی میلیشیاکانی عێراقی لەهەر ساتە وەختێکدا. 

بۆیە میلیشیا و هێزە شیعەکانی سەر بە ئێران  حەشدی شەعبی) توانیان لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا، لەشانزەی ئۆکتۆبەری 2017 دا تەواوی ناوچەکانی کەرکوک و دەورووبەری بخەنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان.

بەوشێوەیە دەسەڵاتی مەرکەز توانی هەردوو هێزی یەکێتی وپارتی لەوسەردەمەدا، کەبەشی شێریان لەوناوچانەدا هەبوو، ناچار بە ڕاکردن بکات و دواتریش وەک هێزێکی لەچەک داماڵراو قەبووڵ بکرێنەوە…!! 

ئەوە ڕیشەی ئەو لاوازکردنەی هێزە بۆژوازییە کوردییەکانی هەرێمە لەبەرانبەر دەسەڵاتی بەغدا.

بەڵام بەو دەلیلەی، کە ئەم هێزانە هیچ کامێکیان، نەک هەر لەپێناو چارەسەری “کێشەی کورد” و سەقامگیری و ئاسایش لە  ناوچەدا کار ناکەن، بەڵکوخودی هێزە چەکدارەکانی خۆشیان( هێزەکانی پێشمەرگە) بە مووچەی هێزەکانی ئامریکا و هاوپەیمانان  دەژین و ئەرکە سەرەکیەکانیشیان هەرلەڕێی ئەوانەوە پێدەسپێردرێ.

کەواتە بەبڕوای من تەرازووی هێزەکانی ناوچەکە، هەریەک لە تورکیا و ئێران کە ئەوانیش هەریەک لەئەمریکا وڕووسیا لەپشتیانە، دیاریکەری جووڵە و توانی هێزە ناسیۆنالیستی ودینیەکانی بۆرجوازی کوردییە، هەروەک چۆن لەئێستادا میلیشیاکانی ناوەڕاست وخوارووی عێراق بەدەستی جمهووری ئیسلامیی ئێران دەجووڵێنرێن.. 

بۆپێشەوە: گوشارە بەرەوامەکانی بەغدا بۆسەر هەرێم، بەرهەمی پابەندبوونی دەسەڵاتی ناوەندە بە فیدرالیزم و دەستورەوە، لە هاوسەنگی تازەی نێوان بەغداو هەرێمدا، یان وەکو هەندێک دەڵێن پاشگەزبوونەوەی بەغدایە لە فیدرالیزم و دەستور؟

ستاری چیمەنتۆ: بە بڕوای من چ کۆی دەستوور کارتۆنی داڕێژراوی عێراقی، وە چ مەسەلەی فیدراڵی بوونی سیستەم لەعێراقدا، هیچ کامێێکیان لەگەڵ دەسەڵاتی هێزی میلیشیاییدا بەیەک ناخۆن و ناتوانێت لەعێراقدا سیستەمێکی دیموکراتیکی بۆرجوازی پەرلەمانی سەقامگیر دروست بکات، کە لەودا ئۆرگانەکانی دەسەڵات، حکومەت وپەرلەمان و دادگاکەی بەشێوازێکی پیشەیی وتەکنۆکراتی سەربەخۆ کار بکەن. 

بۆیە بەبڕوای من نە بەغدا و نە هەولێریش، هیچ لایەکیان نەک هەر پابەند نەبوون بە سیستەم و دەستووری نووسراوی فیدراڵیەوە، بەڵکو هەرگیز بڕوایان پێ نەبووە!!

سادەترین نموونە، لەماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، ماددەی 140 ی دەستووری عێراقی كە پەیوەستە بە یەکلاییکردنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان، بەغدا، یانی میلیشیا دەسەڵاتدارەکان، هەرگیز ڕێگەیان نەداوە نەک هەر چارەنووسی ئەو ناوچانە دیاری بکرێ، بەڵکو تەنانەت ئامادە نەبوون قسەشی لەسەر بکەن و فڕێ دراوتە تەنەکەی خۆڵی نووسینگەکانیانەوە. لەملاشە وە هێزە بۆرجوازیە کوردییەکان وبەتایبەت یەکێتی وپارتی، بەهیچ شێوەیەک پابەند نەبوون بە دەستووری نووسراوی عێراقیەوە و بەئارەزوو ویستی خۆیان ورگی زەوییان هەڵدڕیوە و بیری نەوتیان لێداوە و لە نێوان سەرانی بنەماڵە وحیزبەکانیاندا دابەشیان کردووە و، هیچ کاتێکیش بەپێی دەستووری فیدڕاڵی پابەندی سیستەمی بودجەی “عێراقی فیدراڵ” نەبوون.. 

بۆیە ناکرێ بووترێ کە ئەو گوشارانەی بەغدا لەسەر هەرێم لە ئاکامی بڕوابوون بە فیدڕاڵی، وە یاخود لەئاکامی پاشگەزبوونەوە بووە لە دەستوور و فیدراڵیزم.

Leave A Reply

Your email address will not be published.