عوسمان حاجی مارف: ناوەندبونەوەی عێراق بۆتە فشارێکی گەورەو جدی لەسەر بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و دابەزینی قەوارەی حکومەتی هەرێم… دیمانە لەگەل عوسمان حاجی مارف/ سکرتێری کۆمیتە ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان… سەبارەت بە گوشارەکانی دەسەڵاتی بەغدا بۆ سەر هەرێم و لێکەوتەکانی لەسەر دۆخی کوردستان و ئاییندە سیاسیەکەی…

0

بۆپێشەوە: بڕیار و گوشارەکانی بەغدا لە دوای شەری سەربازی دژی داعشەوە بۆسەر دەسەڵاتی هەرێم، بەردەوامە، هۆکاری سەرەکی ئەم گوشارانە چییە؟

عوسمانی حاجی مارف: دامەزراندنەوەی حکومەتێک لە عێراقدا کە لەسەر بنەمای بەش بەشێنەی هێزە قەومی و تائیفیەکان پێکهێنرا، لە هەمان کاتدا حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیش ڕۆڵێکی سەرەکیان دی لە پرۆسەی دامەزراندنەوەیدا، ئاساییە رەواڵی دۆخەکە ئەو ئاراستەیە وەرگرێت، کە لە هەر ئاڵوگۆڕێک لە هەلومەرجی سیاسی و گۆڕانی هاوسەنگی هێزەکاندا، ئەو بەشانەی حکومەتیان پێکهێناوە، مامەڵەی دابەشکردنەوەی بەشەکان بگۆڕن، لە سەرەتای پێکهێنانی حکومەتی بەغداد، حزبە کوردییەکان وەک هێزی میلیشاو خاوەن دەسەڵات لە کوردستانی عێراقدا خاوەنی پێگەیەکی بەهێز بوون، توانیان ڕۆڵێکی سەرەکی لە دامەزراندنەوەی حکومەتی عێراقدا ببینن، تارادەیەکیش سودمەند بن لە زیاتر بەدەستهێنانی دزی و تاڵانی، لە هەمان کاتدا توانیان پێگەیەکی بەهێزتر لە حکومەتی هەرێمدا بچەسپێنن. هەڵبەتە ئەو فرسەتە ئاڵتونیانەی بۆ حزبەکانی کوردایەتی بەدوای ڕوخانی حکومەتی بەعس هەڵکەوت، توانیان بە لێشاو  ئیمکاناتی دارایی بەدەست بهێنن، بونە خاوەنی کۆمپانیای بازرگانی و قاچاخچێتی بە نەوت و مۆنۆپۆڵکردنی تەواوی سێکتەرە دارایی و ئابورییەکان لە کوردستاندا. بەڵام بەدوای کۆتایی شەڕی داعش و شکستی ریفراندۆم، تەرازوی پێگەی هێزیان بە جۆرێک شکایەوە کە دەرگای فرسەتی سەربەرزکردنەوەیان بە تەواوەتی لێ داخرا.

ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین بەدوای کۆتایی شەڕی داعش و بەرزبونەوەی ئاستی هاوسەنگی هێزە شیعەکان لە حکومەتی عێراقدا، بە تایبەتی باڵادەستی “چوارچێوەی هەماهەنگی” لە حکومەتدا، بە پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران، شانسی پێگەی حزبەکانی کوردایەتی، نەک لەبەرامبەر لە دەستدانی خەوخەیاڵی سەربەخۆیی ئابوری کوردستان زەلیل کران، بەڵکو قەوارەی هەرێمیش بێ بەهاو فەرامۆش کرا، هەروەها ملکەچی تەواوی نەخشەو سیاسەتەکانی دەسەڵاتی ‘چوارچێوەی هەماهەنگی” کران. ئەوەی لە بەرنامەی حکومەتی عێراقی دایە، چەسپاندنی ناوەندبوونەوەی دەسەڵاتی سیاسییە، وەک پێکهاتەی حکومەتی عێراق بە هەرێمیشەوە، ئەمەش ئەو گوشارەیە کە حکومەتی هەرێم و حزبەکانی کوردایەتی لە دابەزینی ئاستی پێگە سیاسی و جەماوەری و سەربازیەوە دەرگیری بون، لە هەمان کاتدا نەمانی پشتیوانی و مامەڵەی جیهانی و ناوچەیی لە پەیوەندی ئابوریدا،  ناچارن پێشوازی لەو ملکەچ کردنەی حکومەتی عێراق بکەن.

بۆپێشەوە: گوشارە بەردەوامەکانی بەغدا بۆسەر هەرێم، بەرهەمی پابەندبوونی دەسەڵاتی ناوەندە بە فیدرالیزم و دەستورەوە، لە هاوسەنگی تازەی نێوان بەغداو هەرێمدا، یان وەکو هەندێک دەڵێن پاشگەزبوونەوەی بەغدایە لە فیدرالیزم و دەستور؟

عوسمانی حاجی مارف: حزبەکانی دەسەڵاتدار لە کوردستان، یان تایبەت تر بڵێین بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی، بەدوای سیاسەتی پاشکۆ بونیان بە داگیرکاری عێراق لە لایەن ئەمریکاوە، توانیان ببنە خاوەنی بەدەستهێنان گەورەترین سامانی تاڵانی، هەرچەندە لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا بە رێکەوتن لەگەڵ هێزە میلیشیا ئیسلامی و تائیفی قەومیەکاندا، واژۆی پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵیان کرد، بەڵام لەباری عەمەلیەوە خەریکی دامەزراندنی ئابورییەکی سەربەخۆ بون لە کوردستاندا، کە بەبازرگانی و قاچاخچێتی بەنەوت، سەرەکیترین سێکتەری کەڵەکەی سەرمایە و بەهێزکردنی پێگەی حکومەتی هەرێم بون، بەڵام بەدوای هەڵسانەوەی دامەزراندنی حکومەتی عێراق بەدەوری جێگیربوونی دەسەڵاتی شیعەکان بە تایبەتی بە باڵادەستی “چوارچێوەی هەماهەنگی”، بە پشتیوانی و دەخالەتی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی و لەدەرەوەی توانای حزبەکانی کوردایەتی، کێشەکانی نێوان بەغداو هەرێم ڕۆشتە نێو دەورانێكی تر لە مامەڵەی پەیوەندی نێوانیان. بەتایبەتی کە مەسەلەی ناوەندبونەوەی حکومەت لە عێراقدا کە پێشتر لە چوارچێوەی پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵیدا ڕێکەوتنی لەسەر کرابو، هێنراوەتەوە مەیدان و ناوەندبونەوەی عێراق بۆتە فشارێکی گەورەو جدی لەسەر بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و دابەزینی قەوارەی حکومەتی هەرێم، چونکە لە هەمان کاتدا ناوەند بونەوەی عێراق و پاراستنی یەکپارچەیی عێراق، مەقبولیەتی تەواوی پێدرا لەلایەن تەواوی ئەو دەوڵەت و لایەنانەی دەخالەتیان لە عێراق و ناوچەکەدا هەیە. ئەتوانم بڵێم حزبەکانی دەسەڵاتدار لە بزوتنەوەی کوردایەتی لەم ئاڵوگۆڕو ململانێیانەدا، تەواو دەستیان خاڵی کراوە، هەر ئەمەشە ناچارن سیاسەتی ملکەچی بۆ حکومەتی فیدراڵی عێراق بگرنە بەرو لەژێر باڵادەستی و چاودێری ڕێکخستنەوەی حکومەتی فیدراڵیدا کە واژۆیان کردوە مامەڵە بکەنەوە، ئیتر شتێک نەماوەتەوە بۆ بزوتنەوەی کوردایەتی بە ناوی سەربەخۆیی کوردستان و سەربەخۆیی ئابوری.

بۆپێشەوە: ئایا هەنگاوەکانی بەغدا لەدژی هەرێم و سیاسەتی خۆگرێدانەوەی پارتی و یەکێتی بە بەغدا، بەمانای تیکەڵ بوونەوەی بەکردەوەی کوردستانە بەعێراقەوە؟

عوسمانی حاجی مارف: تێکەڵ بونەوەی کوردستان بەعێراق بەکردەوە کراوە، بە ئاشکرا دەبینین کە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی تەواو سنوردار کراوەو قەوارەی هەرێم هەنگاو بە هەنگاو بچوک کراوتەوە، لە هەوڵی ئەوەدان بچوکتریشی کەنەوە، لەم بارەیەوە فشارەکانی حکومەتی عێراق و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی شاراوە نین، پارتی و یەکێتی ناچار کراون ئەو تێکەڵ بونەو بڕیارەکان قەبوڵ بکەن و پەیڕەوی لێ بکەن. ئەوەی جێگای ئاماژەیە لە نەخشەی حکومەتی عێراقدا ئەم هەوڵدانە بەمانای ئەوە نایەت کە کۆتایی بەدەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بهێنرێت لە هەرێمدا، بەڵکو لەئاستێکی دیارکراو پێویستی ئەوەی پێیانە کە لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی حکومەتی فیدراڵی عێراقدا، کوردستانی بۆ بەڕێوە بەرن.

بۆپێشەوە: بەشیک لەخەڵکی کوردستان بەتایبەتی موچەخۆران، دەیانەوێت بەغدا موچەیان بداتێ و لەژێر دەسەڵاتی هەرێم نەمێنن، ئایا ئەوە کیشەی موچە چارەسەر دەکات”؟

عوسمانی حاجی مارف: نەدانی موچە لە هەرێمدا کێشەیەکەو ناڕەزایەتی بەرفراوانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی لێکەوتۆتەوە، کە بە شێوازی تایبەت بە خۆیان تەعبیر لەو ناڕەزایەتیانە دەکەن، بەڵام تائێستاش لەو بارەیەوە وەڵامێکی دیاریکراو نییە، کە چارەنوسی ڕێکخستنی پێدانی موچە چی بەسەر دێت، گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانیش بۆتە قوربانی ململانێی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، ئەوەی جێگای ڕیسوایی و شەرمەزارییە، هیچ لایەنێکیشیان بە هیچ جۆرێک هەستیار نین بەرامبەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، بۆیان گرنگ نییە کەبەم سەوداو مامەڵەیەو یاریکردن و دەستی دەستی بە فەرمانبەران چارەیەک نیشان بدەن، هەروەها کێشەکانی نێوان خۆیان دەبەستنەوە بە چارەنوسی ژیانی خەڵکەوە، هەڵبەتە پەرچەکرداری ئەو خەڵکەش لە چەندین شێوازی ناڕەزایەتی و پێشنیارو خواستی جیاوازدا خۆی دەنوێنێت، لە ناچاریا پەنا بۆ ئەوە دەبەن و داوا دەکەن بەغدا موچەیان بداتێ و لە ژێر دەسەڵاتی هەرێم نەمێنن. ئەوەی ڕاستی بێت خەڵکی مافی ئەوەیان هەیە بەهەر شێوەیەک دەگونجێت داوای دابینکردن و ڕێكخستنی موچەکانیان لە کاتی خۆیدا بکەن، بەڵام تا ئێستا بەغداش لەو بارەیەوە وەڵامێکی فەرمی نەداوەتەوە، کەلەم بارەیەوە هەڵوێستی چییە.

ئەوەی دەتوانێ دەسەڵاتداران ناچار کات بۆ وەڵام بە داواکانیان، بەفراوانکردن و بەهێزکردنی ناڕەزایەتیەکانیانە، خۆیان ڕادەستی فریوی هیچ قەولێکی دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغداد نەکەن، تا لە باری عەمەلیەوە تەواوی خواستەکانیان جێبەجێ دەکەن، سەرکەوتن و بەهێزکردنی ریزی نارەزایەتییەکان، فراوانکردن و سەراسەری کردنی بایکۆت و خۆپیشاندانەکانە.

بۆپێشەوە: خەڵکی کوردستان بەشیوەی گشتی دژی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمن و بەکردەوەش ئۆپۆزیسیۆنی بۆژوازی کورد، ئەڵتەرناتیفێکی باشتری دەسەڵات نییە و لەو ئاستەدا نییە، بتوانێت جڵەوی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان بکات، خەڵکی کوردستان دەبێ چی بکات، تا لەدەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و هاوشیوەکانی و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی ڕزگاری بێت؟ بەکورتی چ ڕیگاو ئەڵتەرناتیفێک بۆ باش بوونی ژیان و گوزەران و ئاینندەی سیاسی کوردستان پیویستە؟

عوسمانی حاجی مارف: ئەزمونی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی لە کوردستانی عێراقدا، نمونەیەکی تەواو دوورو بێ پەیوەندی لە بەرژوەندییەکانی خەڵک و دابین نەکردنی ئارامی و ئاسایشی نیشاندا، سی ساڵ زیاترە خەڵکی لە هەلومەرجێکی ناجێگیری سیاسی و نەبونی سادەترین خزمەتگوزاری بەسەر دەبات، دەسەڵاتێکی بێدەربەست لە بەرامبەر هەژاری و بێکاری و نزمی ئاستی بژێوی زۆرینەی دانیشتوانی کۆمەڵگە بەڕێوە دەبات، لە هەمان کاتدا بە جەردەیی و دزی و تاڵانی و گەندەڵی، کەڵەکەی سەرمایەیەکی بێ شوماریان بۆ دەسەڵاتداران و بەرپرسەکانی فەراهەم هێناوە. بێزاری و توڕەیی و نەفرەت لەم دەسەڵاتە، واقعێکی حاشا هەڵنەگری خەڵکیەو خواستی کۆتاییهێنانی ئەم دەسەڵاتە، ئومێدێکی گەورەی دانیشتوانە، لە هەمان کاتدا لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی نێو چوارچێوەی ئەم دەسەڵاتە، لەلایەک بەو ئەزمونەی گۆڕانی دەسەڵاتیان لە ڕێگەی هەڵبژاردن و پەرلەمانەوە تاقی کردەوە، گەورەترین شکست و بێئومێدیان پێشکەش کرد، لەلایەکی تریشەوە پێکهاتەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و سەرکردەکانیان جیاوازییەکی بەرنامەیی و سیاسی وەهایان نەخستەڕو کە مانای بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی و ئاسایش و جێگیری سیاسی بۆ خەڵک بەدەست بێنن، بەڵکو تەواوی نەخشەو سیاسەتەکانیان بە گەمەیەکی سیاسی وەها بردە سەر، کە بە ئاشکرا ئەوەی پێوە دیارە بۆ بەشداریکردن لەو دەسەڵاتەو گەندەڵیەکانی هەوڵیانداوە.

گەیشتن بەو ئومێدەی کە کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتەو داڕمانی تەواوی دامودەزگاکانی بەدی بهێنرێت، ڕێگای کارسازو عەمەلی خرۆشان و ڕاپەڕینی بەرفراوانی جەماوەرییە، کە سەربەخۆ لەئاسۆی کوردایەتی و ئیسلامی سیاسی بێتە مەیدان، لە هەمان کاتدا گەیاندنیەتی بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و دامەزراندنی دەسەڵاتێک کە دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا مسۆگەرو  دابین کات، حزبی ئێمە وەستانی خۆی لە ڕیزی پێشەوەی ئەم خرۆشان و ڕاپەرین و شۆرشەدا دەناسێنی و بە ئەرکی سەرەکی خۆی دەزانێت.

بۆپێشەوە: لەکاتێکدا دەسەڵات متمانەی لای خەڵکی کوردستان نەماوەو ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کورد لە ئاستی ئەوەدا نییە وەکو “بزوتنەوەی گۆڕانی” پێشوو سواری شەپۆلی نارەزایەتی جەماوەری خەلکی کوردستان بێت، چەپ و کۆمۆنیستەکان، لە کوێی بزوتنەوەی نارەزایەتی ئیستای خەڵکی کوردستاندا وەستاون؟

عوسمانی حاجی مارف: مەسەلەیەک پێویستە لەبەرچاوی بگرێن، لەگەڵ ئەوەی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان بۆ کۆتایی دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵە لەئارادایە، ئۆپۆزیسیۆنی بۆرجوازیش ناکارامەیی و چەواشەکارییەکانی لەو بارەیەوە ناسراون و دەرکەوتون، کەجێگای هیچ جۆرە متمانەیەک نین و نەماون، نایانەوێ و ناتوانن ڕێگایەکی ترو وێنایەکی تر کە ئومێدی راستەقینەی نوێنەری خواستەکان و ڕزگاری خەڵکی بێت لەم دوو بنەماڵەیە نیشان بدەن.

لەڕاستیدا ئەڵتەرنەتیفێکیش وەک ڕێکخراوێکی سەراسەری و رادیکاڵ و جێکەوتە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، بەو مانایەی لە ڕیزی پێشەوەی ڕێکخستنی نارەزایەتییەکان بێت بۆ کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتە نەیتوانیوە لە مەیداندا بێت، هەڵبەتە لەم بارەیەوە بە پەرشوبڵاوی وەک نیشاندانی بزوتنەوەیەکی رادیکاڵ و یەکسانخوازی لە ئاستێکی دیاریکراودا لە نێو ناڕەزایەتیەکاندا سەر دەردەهێنێت، بەڵام نەیتوانیوە وەک حزبێکی سیاسی شۆرشگێر و پتەو ڕێکخەری ناڕەزایەتیەکان بێت بۆ ئاڵوگۆڕی شۆرشگێڕانەو دابینکردنی دەسەڵاتێک کە بەدەورو  ئیرادەو دەخالەتی ڕاستەوخۆڕ خەڵک دابمەزرێت، حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی کوردستان لە هەوڵی ئەوەدایە هەنگاوەکانی بەو ئاراستەیە بەرێتە پێشەوە، پێشوازی لەهەر رێکخراو لایەنێک و جوڵانەوەیەک دەکات کە لە راستای هەوڵی دابینکردن و سەرکەوتنی دامەزراندنی دەسەڵاتی شوراکاندایە. 

بۆپێشەوە: گرژی و ناکۆکی نیوان پارتی و یەکێتی لەسەر دەسەڵات و داهات بەردەوامە، ئایا گوشارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەغدا، هۆکاری بەرینبوونەوەی قڵشتی نێوانیانە، یان نەتوانین و ناتەبایی و ملنەدانی پارتی و یەکێتی بەداوای بەغداو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هۆکاری بەردەوامی ئەو گرژیانەیە؟

عوسمانی حاجی مارف: بە گشتی دەتوانین ئەوە بەڕۆشنی دەست نیشان کەین کە بزوتنەوەی کوردایەتی لەسەر بنەمای لاوازی پێگەی ململانێ لە بەرامبەر باڵا دەستی بۆرجوازی عێراقداو نەتوانینی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، هەمیشە ناچاری ئەوە بووە کە پاراستنی مانەوەی هێزەکەی و بەرژەوەندیەکانی لە پەیوەند بە پاشکۆ بونی بە ناوەندەوە بۆ چۆتە سەر، ئەمەش مەوقعیەتی بۆرجوازی کوردی وەها لە قاڵب داوە کە نەیتوانیەوەو بۆی نەکراوە بە یەک ڕیزی بزوتنەوەکەی بچێتە مەیدانی ململانێی کێشەکانیەوە، کە ناچاری  سیاسەتی پاشکۆبون تەنها هەڵبژاردەی بەرژەوەندییەکانیان بوە. هەر ئەم مەوقعیەتەش حزبەکانی کوردایەتی بەوە گەیاندوە کە نەتوانن بزوتنەوەکەیان لە چوارچێوەی یەک ڕیزیدا بەیان کەن و  بپارێزن.

پارتی و یەکێتیش بە سیاسەتی رۆژ سەوداو مامەڵەیان لەگەڵ هەلومەرجەکان و یەکتردا کردوە، ئەم دۆخەی ئێستاش لە پەیوەند بەو ئاڵوگۆڕانەی کە لە ئاستی جیهاندا تەعبیرە لە کۆتایی خواستی باڵادەستی تاک جەمسەری ئەمریکا بەسەر جیهانداو جێگیر بوونی ڕەوتی فرە جەمسەرییە، لەهەمان کاتدا ئاراستەیەک کە لە گۆڕانی هەلومەرجی ناجێگیری سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە بۆ ئارامی و دابینکرنی ئاسایش بۆ سەرمایەگوزاری، تەواو هاوکێشەکان و ئاستی هاوسەنگی هێزەکان دەخاتە دەورانێکی تەواو جیاوازەوە لە دەورانێکی تازەدا، هەر بەم ئاراستەیەش مەسەلەی ناوەندبونەوەی عێراق ئەو هەنگاوانەیە کە ئەم هەلومەرجە تازەیە دەیخوازێت پرۆسەیەکە پیادە دەکرێت.

لەم دۆخەی ئێستادا پارتی و یەکێتی، بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی وەک دوو هێزی باڵادەست لە هەرێمدا، ناچار بوون بە قەبوڵکردنی ناوەندبونەوەی عێراق، هەر لایەکیان وەک مێژویەکی ململانێی نێوانیان، هەوڵئەدا لە ئاستی پێگەو بەرژەوەندی خۆیدا لەگەڵ ئەو دۆخەدا مامەڵەبکات و خۆی بگونجێنێت، هەروەها وەک نەریتی پێشوتریان پێشخزمەتیەکانیان پێشکەش بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە ئاشکرایە کەلە دەورانێکی سەرگەردانی و چاوەڕوانیدان کە نادیارە لەم ئاڵوگۆڕانەدا لە کوێدا دەوەستن و چییان پێدەکرێت، بۆیە ململانێی نێوان خۆشیان دەکەوێتە بەر کێبرکێەک کەلە شەپۆلی ئەم ئاڵوگۆڕانەدا کامیان دەتوانێ هاوکێشەکە بە قازانجی خۆی کێش بکات.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە ئەو هێرشە موشەکی و درۆنیانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی زۆنی زەرد ئایا ئەم هێرشانە دەچنە پاڵ هەوڵەکانی بەغدا، بۆ گوشاری زیاتر خستنە سەر هەرێم یان لاتان وایە هەوڵێکە بۆ گوشار خستنە سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ کشانەوەی هێزەکانیان؟

عوسمانی حاجی مارف: هەڵبەتە ئەو گوشارانەی بەغداد دەیکاتە سەر هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەکان سیاسەتێکی ڕۆژانەو بەردەوامە تا دەگات بەو ئاکامەی دۆخی سیاسی عێراق جۆرێک سیمای جێگیری سیاسی بەخۆیەوە دەبینیت، بە مانایەکە ململانێیەکە کە هاوسەنگی هێز زیاتر بە قازانجی ئەولایەنە سیاسیانەیە کە ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە حکومەتی عێراقدا، بەڵام ناکرێ هەر ڕوداوێک سەر هەڵ ئەدات بخرێتە لێکدانەوەی چوارچێوەی نەخشەی ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراقەوە، هێرشە درۆن و موشەکیەکانی ئێران بۆسەر هەولێر، لە چوارچێوەی ئاگری ئەو شەڕەیە کە ئیسرائیل لە بەرامبەر خەڵکی غەززەدا هەڵیگیرساندووە، لە هەمان کاتدا ئەو هەوڵانەی ئیسرائیل پیادەی دەکات بۆ فراوانبوونەوەی ئەم جەنگە لە ناوچەکەدا، هەروەها لە چوارچێوەی ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیلە لە بەرامبەر ئێراندا.

ئەم هێرشە درۆنی یە کە تەواوی لایەکانی بەشدار لەم ململانێیەدا پیادەی دەکەن، بۆتە مەترسیەک لەسەر فراوان بونەوەی جەنگەکە لە ناوچەکەدا، بەڵام لە پەیوەند بەو ئاڵوگۆڕانەی پێشبینی دەکرێت لە ئاستی جیهان و ناوچەکە، ئەگەری فراون بونەوەی ئەم جەنگە بەدوور دەبینرێت.

لە هەمان کاتدا پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین کە بەهۆی پاشکۆ بونی زیاتری بەرزانی بە بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی ئەمریکاوە، لە زۆنی زەرددا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا جێگیر کراون، بۆیە بۆتە نیشانەیەک بۆ هێزە میلیشیا ئیسلامیەکانی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران کە هێرشی موشەکی بکەنە سەر. لە واقعدا هەر لەسەرەتای دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیەوە، دەرگاکانی سنوری کوردستان ئاواڵەیە بۆ هەرهێزێک لە وڵاتانی ناوچەکەو زلهێزەکانی دنیا کە بەویست و پێداویستی خۆیان بیکەنە مەیدانی ململانێی سەربازی.

 بۆپێشەوە: لایەنە سیاسییەکان بەگشتی و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی هەڵبژاردن وەکو ڕیگایەک بۆ دەرچوون لە دۆخی نەخوازراوی ئیستای کوردستان دەزانن، ئێوە لەوبارەیەوە دەڵێن چی؟

عوسمانی حاجی مارف: بە بۆچونی من لایەنە سیاسیەکانی ئۆپۆزیسێۆنی بورجوازی بێجگە لە نەوەی نوێ لەوە گوزەراون کە لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە باس لەدەرچون لە دۆخی ئێستا بکەن، بەڵکو بە ئاشکرا بەدوای بەرژەوەندی و دەستکەوتێکەوەن کە لەڕێگەی بەشداریان لەدەسەڵاتدا بەدەستی بهێنن، نەوەی نوێش هەمان ئەزمونێک تاقی دەکاتەوە کە ئۆپۆزیسیۆنەکانی پێش خۆی پێیدا ڕۆشتون کە بە شکست و خۆڕادەستکردن بەدەسەڵات هاتونەتە دەرەوە، لە هەمان کاتدا واقعیەتی ئاڵوگۆڕەکان ئەوەمان نیشان ئەدات، نەوەی نوێ بەدوای ئەو شکستە گەورەیەی لە کەرکوکدا بەسەری هات، ناتوانێ جارێکی تر بە چەواشەکاری هەڵبژاردن لەسەر شانۆی سیاسی هەرێمدا پێگەی سیاسی بەرێتە سەرەوە، لەلایەکی تریشەوە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەم دەورەیە لەبەردەم فشاری کێشەی ناوەندبونەوەی عێراق و ئەو ئاڵوگۆرانەیە کە پێشبینی دەکرێت لە ناوچەکە بەگشتی و لەعێراق بەتایبەتی، واتە بە ئاراستەی جۆرێک لە سەقامگیری سیاسی کەبۆ ئاسایشی سەرمایەگوزاری هەوڵی بۆ ئەدرێت، لەم نێوەدا نەوەی نوێ ئەو هێزە نییە بتوانی لایەنێکی کاریگەر بێت لە ململانێکاندا، هەڵبژاردنیش لە هەرێم لەم دۆخەدا بە پروسەیەکی جەنجاڵی و سەختدا تێدەپەڕێت، کە هیچ تروسکاییەکی بۆ ئۆپۆزیسیۆن نەهێشتۆتەوە، کە ئومێدێک بۆ ڕۆڵی خۆیانی تیا پەیدا بکەن، جگە لەوەی دەبێت لە نێو هاوکێشە سیاسیەکانی ئێستای ناوچەکەدا تەنها چاوەڕوانی ئاینندەی پێگەی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی بن…

Leave A Reply

Your email address will not be published.