خۆشباوەڕی بە هەڵبژاردن… یاریکردن بە ڕێژەی دەنگەکان و ژمارەکان… نووسینی: بنار مستەفا
بەشی حەوتەم
لە ساڵی ٢٠٠٠ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکۆماری ئەمریکا، ئال گۆڕ نزیک ٥١ ملیۆن دەنگی بەدەستهێنا و جۆرج دەبلیو بوش (بوشی کوڕ) کەمتر لە ٥٠ ملیۆن و نیو. ئەگەرچی بوش زیاتر لە نیو ملیۆن کەمتر دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام بە سەرۆک کۆمار دیاریکرا.
ئەمە لە سایەی هەڵبژاردن و دیموکراتیدا ئیمکانی هەیە. باس لە جوگرافیایەکی کەم و کاریگەری پەراوێزخراو نییە، بەلكو لەم نمونەیەدا قسە لەسەر ئەمریکایە، کە بە نمونەی دیموکراتی دەهێندرێتەوە و پۆستی سەرکۆماری ئەو وڵاتە بە یەکێک لە هەرە گرنگترین پۆستەکانی جیهان هەژمار دەکرێت.
سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمریکا بە شێوەیەک داڕێژراوە، کە تێگەیشتنی ئاڵۆزە، تەنانەت بۆ زۆرێک لە دەنگدەرانی وڵاتەکەش. وەک زۆر جێگەی جیهان سەرکۆمار ڕاستەوخۆ بە دەنگی زۆرینەی دەنگدەران هەڵنابژێردرێت، بەڵکو دەنگی دەنگدەران لە ئاستی ویلایەتێکدا هەژمار دەکرێت. لە هەر ویلایەتێكدا ڕێژەیک دیاریکراوە، کە پێی دەگوترێت هەڵبژێردەر. ئەو کاندیدەی زۆرینەی دەنگەکانی ئەو ویلایەتە بەدەست دێنێت، دەبێتە خاوەنی تەواوی ڕێژەی هەڵبژێردەر. زۆرینەی ڕێژەی کۆکراوەی هەڵبژێردەرەکان دەبێتە براوەی هەڵبژاردنەکان.
واتە گەر لە ویلایەتێک ڕێژەی هەڵبژێردەر زۆر بوو، ئەنجامی دەنگدانەکە بە کەمترین ئاست یەکلایی بێتەوە، ئەو جیاوازیە کەمە لە دەنگەکان دەبێتە مایەی جیاوازییەکی زۆر لە ڕێژەی هەڵبژێردەرەکان، کە یەکلاییکەرەوەیە. دووەمی هەڵبژاردنەکانیش، گەر بە جیاوازییەکی زۆر کەمیش ببێتە دووەم، نابێتە خاوەنی هیچ ڕێژەیەکی هەڵبژێردەر لەو ویلایەتە. بۆیە ڕێژەی هەڵبژێردەر هاوتای ڕێژەی دەنگەکان نییە.
بۆ نمونە لە فلۆریدا هەر یەک لە بوش و ئال گۆڕ نزیکەی سێ ملیۆن دەنگیان بەدەستهێنا. بە ژمارە دەنگەکانی بوش ٥٣٧ دانە زیاتربوون. بەم شێوەیە بوش بووە خاوەنی توەاوی ٢٥ هەڵبژێردەری فلۆریدا. نزیک بە سێ ملیۆن دەنگی ڕکابەر هیچ جێگەیەکی نەگرت. هەر بۆیە دەکرێت بە ڕێژەی دەنگی کەمینەش کاندیدێک ببێتە سەرکۆمار، هەر وەک بۆشی کوڕ لە ٢٠٠ دا و دۆناڵد تڕامپ لە ٢٠١٦ دا. شایەنی باسە ڕێژەی دەنگەکانی تڕامپ نزیک سێ ملیۆن کەمتر بوو لە دەنگەکانی هیلاری کلینتۆن، بەڵام تڕامپ بووە سەرکۆمار.
پاش هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ ی کوردستان دەگوترا، کە مەسعود بەرزانی ٧٠٪ی دەنگی خەڵکی کوردستانی بەدەستهێناوە. تەنانەت شەش ساڵ دواتر عەدنان عوسمان لە وتارێکیدا لە سپی میدیا بە هەمان شێوە ئاماژە بە ٧٠ ٪ دەنگەکانی هەرێم دەکات. بەڵام ئەمە ڕاست نییە. مەسعود بەرزانی ٦٩،٦ ٪ی دەنگی دەنگدەرانی بەدەستهێنا، نەک خەڵکی کوردستان. بە پێی ئامارەکانی خودی خۆشیان ڕێژەی بەشداربووی هەڵبژاردنەکانی ئەو ساڵە ٧٨،٥ ٪ بوو. واتە تەنانەت بە ڕێژەی ڕاگەیاندنی خودی خۆشیان بەرزانی ٥٤،٣ ٪ دەنگی خەڵکی کوردستانی بەدەستهێناوە.
ئەمە ڕێژەی فەرمی ڕاگەیەندراوی خۆیانە، ئایا بەڕاستی ڕێژەی بەشداربوو یان دەنگەکانی بەرزانی لەو ئاستەدا بوو، ڕاگەیاندنی بێلایەن لەبەردەست نییە و ڕێژەکانیش زیاتر پرسیار و گومان هەڵدەگرن تا متمانە. هەروەها ڕێژەی ئەگەری تەزویر، بەزۆر ناردنە سەر سندوقەکان، هەڕەشەی لەسەرکار دەرکردن و نابڕێن و زۆر بابەتی تر لەبەرچاو نەگیراوە. ڕەنگە جێگەی سەرسوڕمان نەبێت، گەر لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت و ئەنجامە ڕاستەقینەکە زۆر لەوەش کەمتربێت.
وێڕای هەموو ئەم سەرنجانە، وێڕای ئەوەی بە پێی خودی ئامارەکانی خۆشێان، بەرزانی ٥٤،٣ ٪ی دەنگی خەڵکی بەدەستهێناوە. بەڵام کاتێک قسەی لەسەر دەکرێت یان لە جێگەیەک ئاماژەی پێ دەدرێت، خۆبەخۆ ڕێژەی بەدەستهاتووی دەنگەکان یەکسان دەکەن بە ڕێژەی دەنگی دەنگدەران. ئەمەش جیاوازییەکی زۆری هەیە، بەتایبەتی گەر قسە لەسەر ئەو هەڵبژاردنانە بکەین، کە ڕێژەی بەشداری کەمترە، وەک هەڵبژاردنەکانی ساڵانی ڕابردووی کوردستان.
کوردستان تەنها جێگە نییە، کە ڕێژەی بەدەستهاتووی دەنگی براوە ڕاستەوخۆ بە دەنگی تەواوی کۆمەڵگە لە قەڵەم دەدرێت. وەک لە بەشی ڕابردوودا ئاماژەی پێدرا، سەرۆک وەزیرانی فینلاند ئاماژەی بە وەرگرتنی وەکالەتی بەهێزی گەل کرد، لە کاتێکدا ڕێژەی بەدەستهاتووی دەنگەکانی حزبەکەی و سێ حزبی شەریکی حکومەتەکەی، تێکڕا یەک لەسەر سێی تەواوی دەنگەکان بوو. لە زۆر نمونەی جیهاندا، کاتێک بەراوردی ڕێژەی دەنگی براوە بە تەواوی ڕێژەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە دەکەین، دەبنە کەمینە. بۆ نمونە ئەردوغان لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا ٥٢،٥٩٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. ڕێژەی دەنگدانیش ٨٦،٢ ٪ بوو. واتە ئەردوغان بووە سەرکۆمار بە بەدەستهێنانی ٤٥،٣ دەنگی هەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە.
کۆمەڵێک نمونەی تری هاوشێوە هەیە، کە سەرکۆمار یان حزبی براوەی هەڵبژاردنەکان، بە پێی ئامارەکانی خۆشیان، پشتیوانی نیوە کەمتری خەڵکیان لەگەڵە. لە هەڵبژاردنەکانی میسڕی ٢٠١٤ عەبدولفەتاح سیسی تەنانەت ٩٦٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. بەڵام ڕێژەی بەشداری ٤٦٪ بوو. واتە گەر تەواوی بەشداربووانیش دەنگیان پێ بدایە، هێشتا نیوەی کەمتری تەواوی هاوڵاتیانی خاوەن مافی دەنگدانی دەکرد.
تەنها لە ئاستی هەڵبژاردنی سەرکۆماردا دەنگی کەمینە نابێتە شانسی براوە، بەڵكو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیشدا ئەم دەرفەتە کراوەیە. بۆ نمونە لە هەڵژاردنەکانی ١٩٥١ بەریتانیا پارتی لەیبەر (کرێکاران) زیاتر لە ٢٠٠ هەزار دەنگی زیاتر لە کۆنسێرڤاتیڤەکان بەدەستهێنا، بەڵام کۆنسێرڤاتیڤەکان بوونە خاوەنی ٢٦ کورسی زیاتر لە پارتی لەیبەر و حکومەتیان پێکهێنا. لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٧٩ی کەنەدا ڕێژەی دەنگی کۆنسێرڤاتیڤەکان نزیک نیو ملیۆن کەمتر بوو لە لیبڕاڵەکان، بەڵام کۆنسێرڤاتیڤەکان زۆرینەی پەرلەمانیان کەوتە دەست. لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٩٨ی ئوستڕاڵیا پارتی لەیبەر بە تەنها نیوەی زیاتری تەواوی دەنگەکانی بەدەستهێنا. ویڕای ئەوەش ٦٧ کورسی بەدەستهێنا و لیستی هاوبەشێ نەتەوە و لیبڕاڵەکان بووە وێڕای بەدەستهێنای دەنگی کەمینە، ٨٠ کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا و حکومەتیان پێکهێنا.
ئەمانە کۆمەڵێک نمونەن، کە لە ڕێگەی سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێژەی دەنگەکان دەکرێت یاری جۆراوجۆر ئەنجام بدرێت. هەم لە ڕێگەی یاساییەوە مەیسەرە، کە بەدەنگی کەمینە، زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبێت و حکومەت و پۆستی سەرکۆمار بگیرێتە دەست، هەم لە ڕووی ئاماژەوە دەکرێت چەواشە بکرێت ڕێژەی دەنگی بەدەستهاتوو هاوتاوی دەنگی هەموو کۆمەڵگە هەژمار بکرێت.
لە سایەی سیستەمی دیموکراتی و هەڵبژاردن، دەکرێت کەسانی وەک بوش، تڕامپ، سیسی و بەرزانی، وەک سەرۆک هەڵبژێردرێن. بە دەنگی کەمینە یان بە چەواشەی زۆرینە.
درێژەی هەیە….
ناوەراستی تەموزی ٢٠٢٤
بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم، دووەم، سێهەم، چوارەم، پێنجەم و شەشەم