خۆشباوەڕی بە هەڵبژاردن ماف و دەرفەتی کاریگەردانان… نووسینی: بنار مستەفا

0

بەشی پێنجەم

 “چۆن دەتوانن بڵێن دەنگەکانتان هیچ بەهایەکی نییە؟” باراک ئۆباما، سەرۆک کۆماری پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦دا لە دەنگدەرانی ئەمریکای پرسی. هەروەها گوتی “ئومێدی وڵات لەسەر شانی دەنگدەرانە”.

لە سەرتاسەری جیهاندا بازاڕفرۆشییەکی فراوان بۆ هەڵبژاردن و بەشداری خەڵکی لە پڕۆسەی دەنگدان دەکرێت. دەنگدان وەک کاڵایەکی بەنرخ و گرانبەها مامەڵە دەکرێت، کە مافێکە بۆ دیارکردنی چارەنووسی ژیانی خەڵکی و دەرفەتی کاریگەردانان لەسەر هێڵی سیاسی کۆمەڵگە. پێداچوونەوەیەکی خێرا بە ناوەڕۆکی بانگەشەکان و دەرئەنجامەکانی تا ئێستا بە کردەوە نیشانی دەدات، کە پێچەوانەکەی دروستە. دەنگدان مافی بەشداری جەماوەر لە پڕۆسەی سیاسی و کاریگەردانان قەتیس و سنووردار دەکاتەوە، نەک فراوان.

ئەگەر دیموکراتیترین وڵاتی ئەم سەردەمە و مێژوو بە نمونە بهێنیەوە و فەرزمان ئەوە بێت، کە هەڵبژاردن تەواو شەفافە و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەسەڵاتدارانی داهاتوو دیاری دەکەن و بە کردەوەش دەسەڵات ڕادەستی براوەی هەڵبژاردنەکان دەکرێت. ئەگەر دەنگدانی هاوڵاتی مافی کاریگەردانەرن، کاتێک دەنگدەر دەنگەکەی خۆی خستە نێو سندوقی دەنگدانەوە، پاشان چ مافێکی دەمێنێت کاریگەری لەسەر ئاراستەی سیاسەتی وڵات دابنێت؟ کاتێک پڕۆسەی هەڵبژاردنێکی دیاریکراو کۆتایی دێت، دەنگەکان جیاکرانەوە و دەسەڵات درایە لایەنی براوە و هاوپەیمانانی، چی ڕێگایەک بۆ دەنگدەر دەمێنێتەوە کاریگەری هەبێت لەسەر بڕیاری سیاسی؟ بێگومان هیچ، یان تەنها ڕێگە گوشارهێنانی ڕێگەی دەرەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردنە و لەسەر دەنگدان هەژمار ناکرێت.

ئەگەر بەڕاستی دەنگدان کاریگەری دابنێت، ماف و دەرفەتی هاوڵاتی تەنها لە دانی دەنگێکدا قەتیس دەمێنێتەوە. لە پاشان هیچ ڕێگایەکی لە بەردەمدا نییە و دەبێت تا چوار ساڵی تر، یان هەڵبژاردنی ئاینندە چاوەڕوان بێت، تا دووبارە بە دانی دەنگێکی تر “بەشداری” پڕۆسەی سیاسی بکات. بەم پێیە مرۆڤێکی تەمەن سەد ساڵ، لە دوای ئەوەی تەمەنی یاسایی گەورەساڵی پڕکردەوە و مافی دەنگدانی بەدەستهێنا (بە گشتی ١٨ ساڵ) ئەوا لە تەواوی تەمەنیداشانسی دەبێت ٢٠ جارێک دەنگ بدات. ئەمە بۆ مرۆڤێکی تەمەن سەد ساڵ و لە باشترین حاڵەتدا، گەر هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێن و دەرفەتی دەنگدان بڕەخسێت. بە گشتی بە تیۆریش شانسی بەشدارییەکە زۆر کەمترە. بەر لە هەر شیکاری و لێکدانەوەیەک، کاریگەری دانانێک لە تەواوی ژیاندا و لە باشترین حاڵەتدا نزیکەی بیست دەنگدانی جیاواز بێت، ئاخۆ بەها و قورسایی ئەم کاریگەردانانە بە کردەوە چەنێک بێت؟

بە  کردەوە ئەم پڕۆسەیە بە مانای دەستبەرداری لە کاریگەردانان و ڕادەستکردنی بە کەسانی تر دێت. واتە کەسانێک، کە دەنگیان هێناوە، بڕیار لەسەر چارەنووسی کۆمەڵگە دەدەن، بە ژیانی دەنگدەریشەوە. دەسەڵاتداران، کە وەک نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵکی لە قەڵەم دەدرێن، مافیان پێدەدرێت بڕیاری سیاسی جۆراوجۆر بدەن و پیادەی بکەن. تەنانەت ئەگەر لەگەڵ بەڵێنەکانی پێش هەڵبژاردنیش ناکۆک یان تەنانەت پێچەوانە بوو، ئەوا هیچیان لەگەڵدا ناکرێت و بە پێی بنەمای دیموکراتی و پڕۆسەی هەڵبژاردن، یاسایی و تەبایە.

وەک مەنسووڕ حیکمەت دەڵێت، ئەمە تەنها لە سیاسەتدا هەیە، کە خەڵکی ئەم مافە دەداتە کەسانی تر و بۆ نمونە لە خوێندن و گەشتکردن مرۆڤەکان خۆیان ئەنجامی دەدەن، نەک کەسانێک وەک نوێنەر هەڵبژێرن و ئەوان ئەنجامی بدەن. لە بوارەکانی تری ژیاندا، مرۆڤەکان کەم تا زۆر خۆیان خاوەنی بڕیاری خۆیانن. بەڵام لە سیاسەتدا، واتە لە هەمووی گرنگتر لە چارەنووسی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگەدا، ئەم مافە بە دانی دەنگێک پێناسە دەکرێت و دەبەخشرێت، لە ڕوانگەی منەوە زەوت دەکرێت. ئەگەر بۆ نمونە دەسەڵات ئازادی کەم بکاتەوە، خزمەتگوزاری لاواز بکات، بەرپرسیارێتییەکانی سەر شانی خۆی بگوازێتەوە بۆسەر شانی هاوڵاتیان، لە بەرانبەریشدا ڕێگایەکی یاسایی نەبێت لە بەردەمی هاوڵاتیاندا، کە ڕێگە لەو بڕیارانە بگرن یان خۆیان بڕیاری تر بدەن، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەوەی لە ‌هەڵبژاردندا دەنگیان داوە و نوێنەریان هەڵبژاردوە، بە کردەوە ئەمە لێسەندەوەی دەرفەتی کاریگەردانانە، نەک فەراهەم کردنی.

مافی کەریگەردانان و بەشداری لە پڕۆسەی سیاسی، کاتێک مانا پەیدا دەکات، کە بەڕاستی دانیشتوانی کۆمەڵگە بتوانن لەسەر هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانیانەوە هەیە، دەرفەتی ڕاستەقینەیان هەبێت بەو شێوەیەی لێ بکەن، کە دەخوازن. کاریگەردانانی ڕاستەقینە ئەوەیە، کە هەموو کات فراوانترین دەرفەت لەبەردەست بێت بۆ ئاڵوگۆڕ. چەند ساڵ جارێک دانی دەنگ بە کەسانێکی تر، کە بەڵێن دەدەن بە نوێنەرایەتی خەڵکی بچن ئاڵوگۆڕێ خواستی خەڵکە ئەنجام بدەن ، ڕێگەیەکی کارسازی بەشداری نییە.

ئایا ئۆباما و سەرانی تری وڵاتان و حزبەکانی جیهان درک بەم ڕاستییانە ناکەن، وا بانگەوازی بەشداریمان بۆ هەڵبژاردنەکان دەکەن؟ پێمان دەڵێن، کە دەنگەکانمان بێ کاریگەر نییە و ئومێدی دواڕۆژی وڵات دەنگدەرانن؟ پێم وایە ئەم خواستە زۆرەی ئەوان بۆ بەشداری خەڵکی لە دەنگدان، دروست درک کردنە بەم ڕاستییانە، کە هەڵبژاردن کەمترین دەرفەتی ئاڵوگۆڕ بۆ خەڵکی بەدی دێنێت. بۆیە بانگەوازی بۆ دەکەن و بە گرنگی لە قەڵەم دەدەن. پێم وایە، گەر هەڵبژاردن بەڕاستی کاریگەری بەرچاوی هەبووایە و لە ڕێگەیەوە خواستەکانی خەڵکی ئیمکانی فەراهەم کردنیان بووایە، پێویستی نەدەکرد ئۆباما و سەرۆکی وڵاتانی تر بانگەشەی بۆ بکەن و بەردەوام لە هەوڵی ڕازیکردنی خەڵكیدا بن، تا بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. گەر هەڵبژاردن دەرفەتی ڕاستەقینەی ئاڵوگۆڕ بووایە، خەڵکی خۆیان درکیان پێ دەکرد.

ئەگەر جەماوەری خەڵکی، بە تایبەتی ئەوانەی خواستی ژیانێکی باشتریان هەیە، کە بە گشتی زۆرینەی کۆمەڵگە پێکدەهێنن، بەو ئەنجامە گەیشتن هەڵبژاردن ڕێگەی گونجاوە بۆ ئاڵوگۆڕی سیاسی، ئەوا بەشداری تێدا دەکەن و کەمتر بیر لە ڕێگای تری ئاڵوگۆڕ دەکەنەوە. بۆیە پڕۆژەی خۆشباوەڕی دروستکردن بە هەڵبژاردن لە لایەن دەسەڵاتدارانی سەرمایەدارییەوە کۆتایی نایەت. ئەوان بۆیان گرنگە هەموو بەشدارییەکی خەڵکی لە سیاسەت لە پڕۆسەی دەنگداندا قەتیس بمێنێتەوە. ئەو کات ڕێگەکانی تر، لە نێویاندا لە هەمووی گرنگتر شۆڕش، کەمتر سەرنجی دەچێتە سەر.

بوونی خۆشباوەڕی بە هەڵبژاردن و تەماشاکردنی وەک دەرفەتی ئاڵوگۆڕی سیاسی، بۆ سیستەمی سەرمایەداری پێویست و حەیاتییە، بەو پێیەی کاریگەری خەڵکی لەسەر بەشداری سیاسی بۆ کەمترین ئاست سنووردار دەکاتەوە . پێویستە چینی کرێکاریش درک بە نەبوونی دەرفەتی ئاڵوگۆڕ لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە بکات. ئەو کات زیاتر ڕێگاکانی ئاڵوگۆڕی ڕاستەقینە و ڕیشەیی دەکرێنەوە.

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.