دۆسیەی ژمارە زمناکۆ عەزیز: ئەقڵیەتی دەوڵەتی سوریا (چ بەعسی بێت یان ئیسلامی-سوننی) عەقڵیەتێکی مەرکەزییە و هیچ جۆرە خۆبەڕێوەبەرییەک بۆ کورد قبوڵ ناکات. دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕی زمناکۆ عەزیز سەبارەت بە ڕیکەوتنی رژێمی سوریا و هەسەدە و ئاییندەی ئەزموونی رۆژئاوا…

0

بۆپێشەوە: لەگەڵ دەسپێکی هێرشی سوپای سوریا بۆسەر ناوچە کوردنشینەکان و دەسەڵاتی خۆسەری، بە هاوکاریی ڕژێمی تورکیا و گڵۆپی سەوزی ئەمریکا، خەڵکی کوردستان بەخێرایی کاردانەوەیان نیشاندا و هاتنە سەر شەقامەکان، کە هاوسۆزییەکی جیهانیی بەدوای خۆیدا هێنا. هۆکاری ئەم کاردانەوە خێرایە و ئەو پشتیوانییە جەماوەرییە چی بوو؟

زمناکۆ عەزیز: هۆکاری ڕژانی خەڵک بۆ سەر شەقامەکان زۆر سادەیە: خەڵک هەستی بە مەترسیی “سڕینەوەی بوون” و پاکتاوی ڕەگەزی کرد. کورد لە ڕۆژئاوا دەزانێت کە لە گەمەی نێودەوڵەتیدا، دیپلۆماسی ناتوانێت بیانپارێزێت و تەنها هێزی شەقام و یەکگرتوویی قەڵغانی پاراستنیانە.

سەبارەت بە هاوسۆزیی جیهانیش، ئەمە دەرئەنجامی ئەو سەرمایە ئەخلاقییە گەورەیەیە کە کورد لە شەڕی دژ بە داعشدا کۆیکردەوە. گەلانی جیهان (نەک حکومەتەکان) دووڕوویی و بێ‌بەهایی سیستەمی سیاسیی نێودەوڵەتی دەبینن؛ دەبینن کە چۆن ئەو گەلەی کە جیهانی لە تاریکترین هێزی تیرۆریستی پاراست، ئێستا لەپێناو بەرژەوەندیی ئابووری و جیۆپۆلەتیکیدا دەکرێتە قوربانی. ئەم کاردانەوەیە، ڕووبەڕووبوونەوەی ویژدانی گەلان بوو لە دژی بەرژەوەندیی دەوڵەتەکان.

بۆپێشەوە: دوای ١٤ ساڵ لە خۆبەڕێوەبردن لە ڕۆژئاوا و هاوکاریی ئەمریکا و غەرب لە شەڕی داعشدا، هۆکار چییە ئێستا ئەمریکا و غەرب پشتی دەسەڵاتەکەی ئەحمەد شەرع (جۆلانی) و ڕژێمە نوێیەکەی سوریا دەگرن؟

زمناکۆ عەزیز لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا شتێک نییە ناوی “پاداشتی ئەخلاقی” بێت. بۆ ئەمریکا و ڕۆژئاوا، کورد تەنها “ئامرازێکی سەربازیی کارا و کاتی” بوو بۆ تێکشکاندنی خەلافەتی داعش، نەک پڕۆژەیەکی ستراتیژی بۆ دروستکردنی قەوارەیەکی کوردی، یان خۆسەرییەکی عەلمانی. ئێستا قۆناغەکە گۆڕاوە؛ ئەولەویەتی ڕۆژئاوا لە سوریادا، دەرکردنی هەژموونی ئێران و ڕازیکردنی تورکیایە بۆ ئەوەی لە بەرەی ڕوسیا دوور بکەوێتەوە. ئەحمەد شەرع زۆر زیرەکانە بەرگی قاعیدەی داماڵی و خۆی وەک باشترین کەرەستە بۆ لێدان لە ئێران و دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا خستە بازاڕەوە. غەرب ئامادەیە چاو لە ڕابردووی جیهادیی شەرع بپۆشێت، تەنها لەپێناو ئەوەی وەک بەربەستێک لە دژی تاران بەکاریبهێنێت، لەم مامەڵەیەشدا کورد وەک هەمیشە دەکرێتە پارەی وردە.

بۆپێشەوە: بەهۆی هێرشی سوپای سوریاوە، بەشێکی زۆر لە زیندانیانی داعش کە تاوانبارن، ئازاد بوون. چۆن دەڕوانیتە ئەمە و لێکەوتەکانی چی دەبن؟

زمناکۆ عەزیز: ئەمە ڕووداوێکی هەڕەمەکی و هەڵەیەکی ئەمنی نەبوو، بەڵکو بەکارهێنانی “تیرۆرە وەک چەکێکی ستراتیژی”. ڕژێمی نوێی سوریا و تورکیا بە ئەنقەست دەرگایان بۆ ئەم داعشانە کردەوە تا وەک “سوپایەکی بەکرێگیراوی بێ‌سەروبەر” ناوچە کوردییەکان وێران بکەن.

لێکەوتەکانی زۆر مەترسیدارن؛ لە ڕووی سەربازییەوە سەرقاڵکردنی هێزەکانی هەسەدەیە بە شەڕێکی ناوخۆییەوە، لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە ئامانج لێی دروستکردنەوەی کەشی ترس و تۆقاندنی ساڵی ٢٠١٤ـەیە، بۆ ئەوەی خەڵکی مەدەنی ناچار ببن خاکەکەیان جێبهێڵن. ئەمە ئامرازێکی دڕندانەیە بۆ جێبەجێکردنی پاکتاوی دیمۆگرافی بەبێ ئەوەی دەوڵەتەکان ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتییەکەی هەڵبگرن.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕوانیتە دوا ڕێکەوتنی نێوان ڕژێمی سوریا و هەسەدە؟ تا چەند ڕژێم پابەندی دەبێت؟

زمناکۆ عەزیز: هەرگیز نابێت متمانە بەم ڕێکەوتنە بکرێت. ئەمە تەنها “وەستانێکی کاتی و تاکتیکییە”. ڕژێمی نوێی دیمەشق ئێستا لاوازە و سەرقاڵی جێگیرکردنی کورسییەکەیەتی لە پایتەخت، بۆیە نایەوێت لە چەند بەرەیەکەوە شەڕ بکات.

بەڵام با ڕوون بین: ئەقڵیەتی دەوڵەتی سوریا (چ بەعسی بێت یان ئیسلامی-سوننی) عەقڵیەتێکی مەرکەزییە و هیچ جۆرە خۆبەڕێوەبەرییەک بۆ کورد قبوڵ ناکات. هەرکاتێک ڕژێم هێزی خۆی کۆکردەوە و سوپاکەی ڕێکخستەوە، بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی تورکیا ئەم ڕێکەوتنە پێشێل دەکات و هێرش دەکاتە سەر پێگەکانی هەسەدە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوەتیی ناوچەکە و سەرچاوە ئابوورییەکانی.

بۆپێشەوە: ئاییندەی ئەزموونی ڕۆژئاوا چۆن دەبینیت؟ ئایا دەتوانرێت کۆتایی بەو ئەزموونە و پرسی کورد لە سوریا بهێنرێت؟

زمناکۆ عەزیز:: پێویستە جیاوازی بکەین لە نێوان “قەوارەی ئیداری” و “پرسی کورد”. ئەزموونی ڕۆژئاوا وەک کیانێکی جوگرافیی فراوان و دامەزراوەیی، لەبەردەم هەڕەشەی گەورەی لەناوچووندایە. کاتێک زلهێزەکان ڕێکدەکەون، ڕاگرتنی دەوڵەتداری زۆر قورس دەبێت.

بەڵام ئایا پرسی کورد کۆتایی دێت؟ وەڵامەکە نەخێرە. لەم دۆخەدا تەنها فۆڕم دەگۆڕێت. ئەگەر ناوچەکان داگیر بکرێن، خەباتی کورد لە قۆناغی (حووکمڕانییەوە) دەچێتەوە قۆناغی (بەرگریی نهێنی، شەڕی گەریلا و بەرگریی شارەکان). کورد لە سوریا بووەتە هێزێکی ڕێکخراو کە بە ئاسانی ناتوانرێت بسڕرێتەوە، مەگەر بە کۆچپێکردنێکی زۆرەملێی بەکۆمەڵ.

بۆپێشەوە: هەندێک پێیان وایە شکستی ئەزموونی ڕۆژئاوا، سەرەتایەکە بۆ کۆتاییهێنان بە هەرێمی کوردستان. ئێوە لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

زمناکۆ عەزیز: ئەمە خوێندنەوەیەکی تەواو دروست و ستراتیژییە (تیۆری پولی دۆمینە). ڕۆژئاوا قەڵغانی پێشەوەی باشووری کوردستان بوو. ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕێگە بدات هێزێکی تۆکمە، ڕێکخراو، و خاوەن ئایدۆلۆژیای وەک هەسەدە تێکبشکێنرێت، بێگومان زۆر ئاسانتر چاو دادەخات لە لەناوبردنی هەرێمێکی دابەشبوو، پڕ قەیران، بێ‌دامەزراوە و نوقمبوو لە گەندەڵیدا وەک ئەوەی لە عێراقدا.

کەوتنی ڕۆژئاوا، گڵۆپی سەوزێکی گەورەیە بۆ دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی بە هەمان پاساو پەلامارەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان فراوانتر بکات و هەژموونی بەغداش بەسەر هەولێردا زۆر توندتر بکات.

بۆپێشەوە: لەکاتێکدا ڕژێمی تورکیا، ئەمریکا و غەرب بەرگری لە سوریا و ئەحمەد شەرع دەکەن، چۆن دەکرێت هێرش و ملهوڕیی ڕژێم بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکان بەری پێ بگیرێت؟

زمناکۆ عەزیز: کاتێک دیپلۆماسی نێودەوڵەتی بە ڕووی کورددا دادەخرێت، تاکە چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ “هێزی زەوی” خەڵک و دروستکردنی باڵانسی ترس. بۆ بەرگرتن بەم ملهوڕییە، پێویستە ئەم هەنگاوانە بنرێن:

یەکەم: گۆڕینی ستراتیژی بەرگری. دەبێت شەڕەکە ببرێتە ناو شارەکان و بە بەشداری پێکردنی خەڵک (شەڕی کۆڵان بە کۆڵان) بۆ ئەوەی تێچووی داگیرکاری هێندە قورس بێت کە ڕژێم توانای هەڵگرتنی نەبێت.

دووەم: پێکهێنانی بەرەیەکی ناوخۆیی خێرا. کورد دەبێت دەستبەجێ هاوپەیمانی لەگەڵ کەمینەکانی تری سوریا (عەلەوی، مەسیحی، دروز) ببەستێت، چونکە ئەوانیش هەمان مەترسیی سڕینەوەیان لەسەرە لەلایەن ڕژێمە سوننییە نوێیەکەی ئەحمەد شەرعەوە.

سێیەم: بەکارهێنانی سەرچاوەکان وەک چەک. ناوچەکانی ژێر دەستی هەسەدە سەرچاوەی سەرەکیی نەوت و ئاوی سوریان؛ دەبێت ئەمە وەک کارتی فشاری ڕاستەوخۆ بەکاربهێنرێت. تەنها بەرگرییەکی سەرسەختانە و پڕتێچوو دەتوانێت ملهوڕیی ڕژێم بوەستێنێت و بیانکات بە واقیعێکی سەپێنراو.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.