خۆشباوەڕی بە هەڵبژاردن… نوێنەرایەتی خەڵکی و ڕەچاوکردنی خواستەکانیان… نووسینی: بنار مستەفا
بەشی شەشەم
“بۆ ئەنجامدانی ئەم گۆڕانکاریانە، وەکالەتی بەهێزی گەلمان وەرگرتووە”. پێتێری ئۆرپۆ، سەرۆک وەزیرانی فینلاند لە بەهاری ٢٠٢٣ و لە کاتی ڕاگەیاندنی بەرنامەی حکومەتی نوێ، کە ڕاستڕەوترین حکومەتی مێژووی فینلاندە. بەرنامەی حکومەتەکەی کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕێی بەرچاوی بە زیانی چینی کرێکار و هاوڵاتیان لەخۆ گرتبوو، کە بە گشتی لە کەمکردنەوەی مافی کرێکاران و خزمەتگوزارییە گشتییەکان لەگەڵ ئاسانکاری بۆ کەڵەکەی زیاتری سەرمایەی سەرمایەداران خۆی دەبینییەوە.
مەبەستی ئۆرپۆ لە وەرگرتنی وەکالەتی بەهێز، ئەو دەنگانە بوون، کە لە هەڵبژادنەکاندا ئەو حزبانەی حکومەتیان پێکهێنا بەدەستیان هێنا بوو. هەرچەندە جیاوازی لەگەڵ لایەنەکانی تری بەشداربوو زۆر کەم بوو، هەروەها تەواوی دەنگەکانی لایەنەکانی حکومەت بەراورد بە مافی دەنگدەران تەنها یەک لەسەر سێ بوو، بەڵام سەرۆک وەزیران هیچ گومانی نەبوو ئەم ئەنجامە، یان تەنانەت گەر زۆر لەوە کەمتریش بووایە، بە بەدەستهێنانی متمانە و وەکالەتی دانیشتوانان لە قەڵەم بدات. ئەو بابەتەش بەجێی خۆی، کە ئایا کاتیك خەڵکی دەنگ بە کەسێک یان لایەنێک دەدات، بەو مانایە دێت کەس و لایەنی هەڵبژێردراو دەستئاوەڵان بۆ هەر کار و بڕیارێک ئەنجامی بدەن؟
لە هەموو جیهاندا دەسەڵات بە براوەی هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی متمانەی خەڵک ناودەبرێن، یان خۆیان ئەو شانازییە بە خۆیان دەدەن، وەک لە کوردستان. پرسیار ئەوەیە، لایەنەکانی سەرکەوتووی هەڵبژاردن، ئەوانەی سەرکەوتن بەدەست دەهێنن و دەسەڵات دەگرنە دەست، لە سەرتاسەری جیهاندا لەوسەری دیموکراتیترین وڵات تا ئەو شوێنانەی هەڵبژاردن تەنها شکڵییە و پێش ئەنجامدانی براوەی بێ ڕکابەر بۆ هەمووان ڕۆشنە، بەڕاستی نوێنەرایەتی خەڵکی دەکەن؟ ڕەچاوی خواستەکانیان دەکەن، کاتێک دەگەنە پۆستەکانی دەسەڵات؟
بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسیارە دەکرێت لە چەند گۆشەنیگاوە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت. هەم لایەنی تێۆری لێکبدرێتەوە و هەم هەڵسەنگاندن بۆ ئەم ئەزموونە جیاوازانە بکرێت. تەنها فاکتێک، کە ئەم نوێنەرایەتییە دەکاتە فەرمی، وەرگرتنی دەنگی دەنگدەرانە. پێداچوونەوەی بەشەکانی تر ناکۆکی قووڵ لەگەڵ نوێنەرایەتی خواستەکانی خەڵکی پێکدەهێنن.
گەر لە خواستە سەرەکییەکانی خەڵکییەوە تەماشا بکەین. خەڵکی چی دەوێت جگە لە ژیانێکی ئارام، خزمەتگوزاری بە کەڵک و وەڵامدەرەوە بە پێداویستییەکانی ژیانی، ئازادی و ئاشتی، خوێندن و دەستگەشتن بە کاری گونجاو لەگەڵ کۆمەڵێک بابەتی ساکار، کە پێناسەی ژیانێکی شایستەی سەردەمیانە دەکەن. گەر ڕاپرسییەک بکرێت، پێم وانییە زۆرینەی زۆری خەڵکی نەخوازن، کە بۆ نمونە خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ هەموو کەس بێ بەرانبەر نەبێت، ئازادی دەربڕێن لە فراوانترین ئاستیدا نەبێت، ئاشتی و سەقامگیری بەرقەرار بێت و لە جەنگ دوور بن، ڕێگاوبان و خوێندن و خزمەتگوزارییەکانی تر لە باڵاترین ئاستیاندابن، دانیشتوانان لەگەڵ یەک یەکسانبن و هتد. لایەنەکانی بەشداربووی هەڵبژاردنیش هەر ئەم ئامانجانە لە بانگەشەکانیاندا ڕادەگەیەنن. هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیان بریتییە لەو خواستانەی خەڵکی دەخوازێت. ڕۆشنە هیچ کەس جەنگ، هەژاری و خزمەتگوزاری بێ کەڵکی ناخوازێت.
بەڵام بۆچی هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن ئەم خواستانە دەبنە کەرەستەی بانگەشەی هەڵبژاردنی داهاتوو؟ بۆچێ پاش هەڵبژاردنەکان ئەو بابەتانە بەردەست نابن یان زۆر بە کەموکەرتی بەشێکی کەمیان مەیسەر دەبن؟ مەگەر بڕیار نییە نوێنەرانی هەڵبژێردراو وەڵام بە خواستی خەڵکی بدەنەوە؟ بەڵام هەر جارێک پاش هەڵبژاردنەکان و سەربەخۆ لە دەسەڵاتدارانی نوێ، زۆرینەی زۆری سیاسەتی دەوڵەت بە هەمان ئاراستە درێژەی دەبێت، جەنگ و نائارامی درێژەیان دەبێت. بێکاری و هەژاری کەم نابنەوە. خزمەتگوزارییەکان فەراهەم نابن و بە پارە یان بە کەموکورتی بەردەست دەبن و هتد. واتە ژیانی خەڵکی هەر وەک ڕابردوو درێژەی دەبێت، ئەگەر ئاڵوگۆڕێکیش لە پاش هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئەوا کەمتر دەبێتە شایەنی باسکردن.
پرسیارێکی تری ئاسایی ئەوەیە، کە گەر بڕیارە هەڵبژێردراوان نوێنەرایەتی خەڵکی بکەن، بۆچی لە دانیشتنەکانی پەرلەمان و بڕیارەکانیان کەمترین پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکییەوە هەیە؟ لە پەرلەمانی وڵاتان چەندین بابەتی جۆراوجۆر تاوتوێ دەکرێت، تا بابەتێک دێتە پێشەوە، کە لە ژیانی ڕؤژانەی خەڵکیدا مانای هەبێت. لە ساڵانی ڕابردووش هێنانی ئەم بابەتانە بۆ پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەوانییەکان، زیاتر بە مەبەستی ئاڵوگۆڕ بووە بە زیانی خەڵکی، وەک بەتایبەتی کردنی خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەی بەرپرسیارێتی کەرتی گشتی.
هۆکاری ئەم ناکۆکییە بە سادەیی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لە سیستەمی سەرمایەداریدا دەسەڵاتداران نوێنەرایەتی خواستەکانی خەڵکی ناکەن، با تەنانەت زۆرینەی دەنگەکانیشێان بەدەستهێنابێت. ڕەنگە کەسانێک بە نیەتێکی باش و بەڕاستی ئامانجیان بێت ئەو خواستانە بەدی بهێنن، بۆیە پەیوەست دەبن، بۆیە هەوڵی گەشتن بە پەرلەمان دەدەن، بەڵام سیستەمی ئەمڕۆی جیهان، ڕێگە نادات. هەڵبژاردنەکان بۆیە ئەنجام دەدرێن، تا ئەو وێنەیە بدەنە دەستەوە، کە دەسەڵات هەڵبژێردراوی خەڵکە و نوێنەرایەتی خواستەکانی خەڵکی دەکات. بەڵام بەکردەوە، خواستەکانی خەڵکی تەنها وەک خواست دەمێنێتەوە و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لایەنە جیاوازەکانی بەشداربوو بانگەشەی بەدیهێنانی دەکەن، گەر بگەنە دەسەڵات. سەرنجڕاکێش ئەوەیە، کە هەمان ئەو لایەنانەی ساڵەهایە لە دەسەڵات بوون، لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکان بێ شەرمانە بانگەشە بۆ بەرنامەی دوای هەڵبژاردنیان دەکەن بە کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕی بەرچاو و هەندێک جار خەیاڵییەوە، وەک بڵێی هیچ کات لە دەسەڵات نەبوون و چاوەڕێی تەنها دەرفەتێکن، تا نمونەی خۆیان لای دەسەڵات نیشانی خەڵکی بدەن. ئەمە لە کوردستانەوە بینراوە، تا ئەوروپا و ئەمریکا.
ئەگەربراوەی هەڵبژاردن نوێنەرایەتی خەڵکی بکردایە، ئاڵوگۆڕێک لە بەرژەوەندی خەڵکی دەبینرا و ئەزموون دەکرا، بەڵام لە واقعدا هەڵبژاردن ڕووکەشە و دوورە لە نوێنەرایەتی خەڵکی. لە هەندێک وڵات و ناوچەی وەک کوردستان، دەسەڵاتی بەناو هەڵبژێردراو و خواستەکانی خەڵکی هیچ خاڵێکی هاوبەشیان لە نێواندا نییە. دەنگدان و هەڵبژاردن تەنها چەواشەکارییە و دروستکردنی خۆشباوەڕییە، بەوەی خەڵکی دەتوانێت لە دەسەڵات و ناوەندی بڕیاردان نوێنەری خۆی دیاری بکات. بۆ سەرمایەداری ئەم خۆشباوەڕییە گرنگە، تا خەڵکی بیر لە ڕێگەی تری ئاڵوگۆڕ – وەک شۆڕش – نەکاتەوە و بە دەنگدان ڕازی بێت.
هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، تا دەستی دەسەڵاتداران ئاوەڵابێت بۆ ئەو ئاڵوگۆڕانەی پێویستە لە پێناو کەڵەکەی سەرمایە ئەنجامی بدات. بۆیە سەرۆک وەزیرانی نوێی فینلاند دوودڵی نەبوو لەوەی ئیدعای وەرگرتنی وەکالەت لە لایەن خەڵکییەوە بکات بۆ ئاڵوگۆڕ، ئەگەرچی لە سەرەتاوە دیارە، کە ئاڵوگۆڕەکان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیان یەک ناگرێتەوە، بەڵکو تەواو پێچەوانەیە بە خواستەکانی خەڵکی.
ئەم باسە درێژەی هەیە…