ئیدریس مستەفا: ئەوەی ئەمریکای گەیاند بەوەی ئاوها پەلاماری ئێران بدات مەسەلەی یاخی بوونی ئێران بوو لە پاوانخوازی ئەمریکا لە ناوچەکەدا… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕی ئیدریس مستەفا سەبارەت “بەجەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەدژی ئیران و ئایندەی شەڕ و جمهوری ئیسلامی…”

0

بۆپێشەوە: لە کۆتایی مانگی دووەوە ئەمریکاو ئیسرائیل هیرشیان کردە ئیران، پاساوی ئەم جەنگەیان بۆ بەرگرتن بە “چەکی ئەتۆمی، سنورداکردنی توانای چەکی بالیستیکی، کۆتاییهێنان بە هێزە پرۆکسیەکانی لە ناوچەکە،…” یە، ئەو پاساوانە تا چەندە هۆکاری سەرەکی و دەسپێکی ئەم جەنگەن؟

ئیدریس مستەفا: لە راستیدا ئەوانە تەنها پاساون و هۆکاری سەرەکی لە چەند رەهەندێکدایە. ئیدارەی ترامپ گەڕایەوە بۆ کارکردن لەسەر یەکێک لە ستراتیجە نەگورەکانی ئەمریکا کە هنری کیسنجەر داڕێژەری بوو ئەویش لە یەککردنی چین و روسیا بووە. ئەو ستراتیجە دەڵێ نابێت روسیا و چین لە یەک نزیک ببنەوە، چونکە گەورەترین قوتبی جیهانی ئابوری و سیاسی و سەربازی لێ پەیدا دەبێ کە دەوری ئەمریکا لە نەخشەی سیاسی جیهاندا کاڵ دەکەنەوە. جا چەندە چین و روسیا لە یەک دوور بن ئەوا بۆ ئەمریکا باشە. نزیک بوونەوی دۆناڵد ترامپ لە فلادیمێر پۆتین و کۆبوونەوەی باڵا ئالاسکا لە ساڵی رابردوودا، لەگەڵ نەرمی نواندنی ئەمریکا بۆ روسیا لەسەر ئۆکراین ئەو پلانەیە کە روسیا و چین لە یەک داببڕن یاخود پەیوەندیەکانیان کەم بکەنەوە.

بۆ ئیسرائیل دەرهاویشتنی ئێرانە لە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا. بۆ ئەمریکاش لە دووراییە ستراتیجیەکەیدا جەنگی جەمسەربەندیە لەگەڵ چین دا. چین مێردەزمەی ئەمریکا و تەنها هەڕەشەی گەورەشە بۆ سەر شوێنگەی جیهانیەکەی ئەمریکا. بەم پێودانگەوە چین ئیستا لەهەر کات زیاتر پێویستی بە وزەیە. ڤەنزوێلا و ئێران لەم چەندان ساڵەی دواییدا ببوونە دوو سەرچاوەی گەورەی وزە بۆ چین کە بە هەرزانترین نرخ دەستی دەکەوت، چونکە لە بازاڕی جیهانیدا نەیدەکڕی، بەڵکو بە قاچاغ و لە رێگەی قاچاغیشەوە دەیگواستەوە. لە ٤٠٪ی وزەی ئێران بە نایاسایی بەرەو چین دەڕۆیشت. دوای روسیا ئەمریکا دەیەوێ گەمارۆی ئەو سەرچاوانە بدات کە وزە دەستەبەر دەکەن بۆ چین و ئەمەش ئامانجەکەیە، نەک چەکی ناوەکی.

بۆیە ئێران بووە قوربانی چین، چونکە لەوەتەی کۆماری ئیسلامی دروست بووە هیچ گورزێکی ستراتیجیان نە لە ئیسرائیل و نە لە ئەمریکا داوە، بگرە ئێران خزمەتی ستراتیجی گەورەی بە هەردووکیان کردووە. لە هەندێ وێستگەی مێژووییدا چەندان سەفقەی سەربازیان لەگەڵ یەکدیدا هەبووە. ئێران کۆنترا لە ساڵی ١٩٨١-١٩٨٢ یەکێکە لەو وێستگانە کە ئێران بە بڕی دەیان ملیۆن دۆلار چەکی لە ئیسرائیل کڕی و دواتر لە کۆتایی ساڵەکانی جەنگی عێراق-ئێرانێشدا هەمان سەفقەی لەگەڵ ئەمریکادا کرد. لێدان و بە قەراغ خستن و بگرە چۆڵ کردنی بیروباوەڕ و جوڵانەوە کۆمۆنیستی و چەپخوازی و مەدەنی و ئازادیخوازیەکانی ناوچەکە بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی و پرکردنەوەیان بە جوڵانەوە و قەوارە چەکدارییە توندڕەوە ئیسلامیەکانی وەک حزبوڵای لوبنان و حەماس و جوڵانەوەی ئەمەل ستراتیجێکی تر بوو کە ئەمریکا بە دوای ئەوەوە بوو لەهەر شتێکی بلۆکی کۆمۆنیستی بدات بە سەرکردایەتی یەکێتی سۆڤیەت. دیارە بواری لێدانی فەرهەنگی هیچی کەمتر نیە لە لێدانی سەربازی گەر گرنگتر نەبێ لەو. بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕی کۆنەپەرستی یەکێکە لەو جەنگەفەرهەنگیانەی ئەمریکا بە دواوەیەتی بچیتە هەر شوێنێک.

خاڵێکی تر کە ئەمریکای گەیاند بەوەی ئاوها پەلاماری ئێران بدات مەسەلەی یاخی بوونی ئێران بوو لە پاوانخوازی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، ئەگەرنا  ئێران هەمیشە هەموو ئامادەییەکی تیدا بووە لەگەڵ ئەمریکا پەیوەندی باشی هەبێ، بەڵام مەرجەکان دۆخی کۆماری ئیسلامی شێواند. دوو رووداو ئاماژە پیدەدەم لەم بارەیەوە:

یەکەم، ساڵی ٢٠٠١ کاتێک ئەمریکا پەلاماری ئەفغانستانیدا، ئێران بە رەسمی لە زاری عەلی شەمخانیەوە کە ئەو دەم وەزیری بەرگری بوو گوتی ئێمە ئامادەیین هەر جۆرە کۆمەکێک گەر ئەمریکا لە ئێمە بوێت بیخەینە بەردەستی، ئەوەبوو بە رەسمی هیزی ئاسمانی ئێرانیان بۆ کردنەوە و فڕۆکە جەنگیەکانی ئەمریکا بە کەماڵی خۆیان بەکاریان دەهێنا، ئەمە جگە لەو هەموو کۆمەکە لۆجستی و هەواڵگرییەی ئێران پێشکەشی ئەمریکا کرد لە شەڕی تۆرابۆرا. وەک دەلێن ئەگەر زانیاریەکانی ئێران نەبوایە ئەمریکا نەیدەتوانی تالیبان بە تەواوی بڕوخێنێ.

دووەم، ساڵی ٢٠٠٣ کاتێک ئێران هەموو یارمەتیەکی لۆجستی و سەربازی ئێرانی خستە بەردەم ئەمریکا بۆروخاندنی سەدام، سەرۆک کۆماری ئەو دەمی رژێمی ئیسلامی ئێران کە محەمەد ئەلخاتەمی بوو نامەیەکی نارد بۆ ئەمریکاییەکان و داوای گفتوگۆی لێکردن و گوتی ئێمە لە هەردوو جەنگی گەورەی ئەمریکادا مەبەست ئەفغانستان و عێراقدا هاوبەشیەکی راستەقینیەیی ئیوە بووینە و دەمانەوێ پەیوەندیەکانمان ئاسایی بێتەوە. چەند خاڵیکی لە چەند لاپەرەیەکەدا پێشکەش بە ئێرانیەکان کرد بە ناوی گراند دیڵ. ئیدارەی جۆرج بوشی کوڕ رەتیان کردەوە، چونکە ئێران لەوێدا دەیەوێ خۆی وەک هیزێکی ناوچەیی گەورە بهێڵێتەوە واتە ببێتە شەریکەبرای ئەمریکا لە ناوچەکەدا. ئەمریکا ئەمەی قبوڵ نەکرد. بە کورتیەکەی پێیان گوتن ئیوە دەبێ وەک یەکێک لە وڵاتەکانی کەنداوتان لێ بێت کە هیچ هاوسەنگیەکی هێزتان نەبێت لە ناوچەکەدا. نەگەیشتن بە ئەنجام و خودی ئەحمەدی نەژاد بە ئاشکرا گلەیی لە ئەمریکاییەکان کرد و گوتی نازانم چیان دەوێ لەوەی زیاتر ئێمە بۆمان کردوون.

یاخی بوونی ئێران لە سیاسەتی باوکایەتی ئەمریکا و پاشان بوون بە یەکێک لە سەرچاوەکانی وزەی دەستەبەرکردنی چین ئیدی بەو ئەنجامە گەیشت کە ئیستە دەیبینین.    

 

بۆپێشەوە: ئایندەی ئەم جەنگە چۆن دەبینن؟

ئیدریس مستەفا: بە دیدی من شەڕەکە لە ئایندەدا نەماوە، بەڵکو ئێمە وا ئاکامەی دەبینین. وێران بوونی وڵات ئەویش بە ژێرخانی ئابوریەکەوە کە خودی بنکە و کارگە و هەر شوێنێکی تری سەربازی بە بەشێک لەژێرخانی ئابوری دادەنرێن، چونکە لە داهاتی وڵات خەرجی بۆ کراوە و تا رادەیەک هەمووی وێران بووە. هیزی ئاسمانی و دەریایی وڵات بوونی نەماوە؛ فڕۆکە جەنگیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە کەماڵی خۆیان بە ئاسمانی ئێراندا دەسوڕێنەوە. دوو قات لە سەرکردایەتی ولات بە هەموو پلە سیاسی و سەربازەکانیانەوە کوژران و ئەوەی هەیە و نییە هەندێ سەرهەنگی سوپای پاسداران و کەسێتیە حکومیەکانی وەک پزیشکیان و عێراقچی و قالیباف ماون. موشەکە دوورهاوێژەکان کە ئێران شەلم کوێرم بە وڵاتانی دراوسیدا دەیهاوێ ئەویش چیتر وەک جاران توانا و دەوری نەماوە، چونکە لەبەر بوردومانی بەردەوام لە ئاسمانەوە وەک شەڕی پارتیزانی لۆریەک دەهێنن و چەند موشەکێک دەتەقێنن و رادەکەن. ئەمانە ئەنجامن و وا ئەمریکا و ئیسرائیل بەرەکەی دەچننەوە بۆخۆیان، بەڵام نایانەوێ.

 بۆپێشەوە: ئایا ئەم جەنگە دەتوانێت کۆتایی بەدەسەڵاتی ولایەتی فەقییە بهێنێت؟

ئیدریس مستەفا: هەر لەسەرەتاوە ئەمریکا نەیویستووە رژێم بڕووخێنێ، بەڵکو ویستویەتی ناچاری بکات بەو مەرجانەی خستویەتە بەردەم ئێران. هێنانی ئەو هەموو هیزە سەربازیە گەورەیەی ئەمریکا و دواتر پەلامار و بوردومانی بەردەوامی چەندان هەفتە و باس وخواسی دانوستان لە نیو ئەم شەڕەوە ئەو راستیە نیشان دەدات کە ئەمریکا تا ئێستا نایەوێ رژێم بروخێنی، بەڵکو دەیەوێ لەشەکەی بمێنێتەوە و سەرەکەی لێ بکاتەوە و سەرێکی تری لەسەر دابنێ. گەر ئەمریکا ئەمەی بۆ نەکرا ئەوا ئەگەری زۆرە بیر لە گۆڕینی رژێم بکرێتەوە.

بۆپێشەوە: ئەڵتەرناتیفی داهاتوو چی دەبێت؟

ئیدریس مستەفا: تاکو ئیستا ئەلتەرناتیڤێکی دیار و بەرجەستە نابینرێ هەر بۆیەشە ئەمریکا دەیەوێ دەست بە مانەوەی رژێمەوە بگرێ و نایەوێ ئێران پەرت پەرت ببێ تاکو لە سبەینێدا لەگەڵ یەک قەوارە و یەک سەنتەردا مامەڵە بکات. پەهلەوی کوڕ لەوەناچی ئەو بەدیلە بێت لەگەڵ ئەوەی لە دەرەوە جەماوەرێکی زۆری هەیە، بەڵام لە ناوەوە و لە عەقیدەی سیاسی ئەمریکاشدا شا و دەسەڵاتی پاشایەتی زۆر قبوڵکراو نییە، هەر وەک چۆن لە ئەفغانسان نەیانهشێت زاهر شا بگەڕێتەوە تەختی دەسەڵات یاخود لە لیبیا نەیانهێشت ئیدریس پاشا بێتەوە. دەسەڵاتی پادشایەتی زۆرتر لە عەقیدەی ستراتیجی بەریتانیدا هەیە.

موجاهیدینی خەڵقی ئێران لەوەناچی ئەو مەرگ و بیەتەیان هەبی، چونکە ڤێرژنێکە لە کۆماری ئیسلامی بەو پێیەی لە جیهانبینیەکی ئیسلامی سیاسیدا دەخولێنەوە. کورد لەوەدەچێ بەهێترین هیزی ئۆپۆزسین بێت لە رووی سەربازی وسیاسی و جوگرافی و مێژووییشەوە، بەلام ئەوان دەتوانن تەنها لە ناوچە کوردیەکاندا بوونینان هەبێ کە ئەمەش بەس نیە و بگرە جارێ هەر گونجاویش نییە کورد ببێتە بەشێک لە شەڕێک کە بۆ کەمینەکان ئایندەیەک دیاری نییە، چونکە تارمایی رژێمی ئیسلامی هەر ماوە و گەر هیچی پێ نەمێنێ بۆ گیان کورد هەر شتێکی هەیە، تاکو پەلاماری بدات وەک لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو کردی.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا گەر رژێم نەمێنێ ئەوا ئەلتەرناتیڤ هەر دەبێ گەر خودی ئەمریکا دروستی بکات وەک مەجلیسی حوکمی عێراق کە دوای روخانی سەدام وحوسێن پێکهات. گەر رژێم بڕوخێ و ئەمریکا بوونی سەربازی هەبێ لە وڵاتدا ئەوا بەدیل دەبێ و بگرە لەوەشە ئایندەیەکی سیاسی باش بۆ خەڵکی ئێران بێتە پێش. 

بۆپێشەوە: بەشیک لە هێزە سیاسیەکان چ ئیرانی و چ کوردستانی، ئومێدی خۆیان بۆ روخاندنی جمهوری ئیسلامی و گەیشتن بەدەسەڵات بە جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل بەستۆتەوە، لەو بارەیەوە دەلێن چی؟

ئیدریس مستەفا: بە راستی من هیچ گلەییەکم نییە گەر ئاوها بیر بکەنەوە و دەبێ زۆر ریالیستانە بدویین لەم بارەیەوە. لە ٤٧ ساڵی رابردوودا رژێمی ئیسلامی هیچ هەستەیەکی ئۆپۆزسیۆنی نەهێشت لە هەموو ئاستەکاندا چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی ئێراندا. یەکێک لە ستراتیجەکانی خومینی و دواتر خامنەئی لێدانی بەردەوام و بێ بەزەییانە بووە لە هەر روح و جەستەیەکی ئۆپۆزسیۆنی بەتایبەت لیدان لە چەپ و کەمینە نەتەوەییەکان. یادەوەریەکانی مونتەزری شاهیدی ئەم دیدەیە. بۆیە دەبینین هیچ هیوایەک نەماوە بەوەی هێزگەلی ئۆپۆزسیۆنی هەبن وەک لەوەی لە عێراق هەبوون. بۆیە کاتێک هیچ ئومێد و وجودێکی کردەیی نییە لە ناوەوەڕا بۆ رووخانی رژێم، ئەوا ئومێد دەکەوێتە سەر هۆکارە دەرەکیەکان وەک ئێستا دەیبینین.

ئەم دیدە واقعیە بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە کە رژێمی رەهای سەرکوتکەر بوون دروستە؛ گەر هێزی دەرەکی نەبوایە سەدام حوسێن و قەزافی و عەلی ساڵح و تەنانەت خودی حوسنی موبارەکیش گەر فشاری دەرەکی نەبوایە ئەوا ئەستەم بوو ئەوانە بڕۆن. دیارە ئایا ئەنجامەکە کێ هاتۆتە سەر حوکم یان نا ئەوە بابەتێکی ترە، هەرچەندە رۆیشتنی سەدام حوسێن بە نموونە زەروورەتێک و دەستکەوتێکی گەورە بوو بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق ئاوهاش رۆیشتنی کۆماری ئیسلامی زەوورەتێک و دەسکەوتێکی مێژووییە گەر هەر کەس و لایەنێک بیروخینی یاخود لایەنی کەم لاوازی بکات.

بۆپێشەوە: کاریگەری ئەم شەڕە لەسەر ئاستی ناوچەکە بەگشتی و بەتایبەتی لەسەر عێراق و کوردستان چۆن دەبێت؟

ئیدریس مستەفا: کاریگەریەکان هێندە دیارن سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە زەندەقیان چووە تەنانەت وڵاتگەلی وەک عەرەبی کەنداو کە رۆژ تا ئێوارە ئێران بوردومانیان دەکات کەچی ئەوەندە بودەڵەن نایانەوێ دۆخەکە هەر خراپتر بێت. لەسەر ئاستی ناوچەیی یەکێک لە هیزە گەورەکان نامێنێ و لە بەرامبەریشدا هیزی تر لەوانەیە بێنە پێشێ وەک تورکیا و سعودیە و بگرە قسە لەسەر دەرکوتنێکی هیلالی سوننیە لە جیاتی دانانی هیلالی شیعەی ئێرانی. بە دیووێکی تردا، پێکهاتەکان لەوەیە ئاهێک بە بەریاندا بێتەوە بە تایبەت لە ئێران و بە تایبتتر کورد. ئەم حاڵەتەش بە دەوری خۆی کار لە سنورە جوگرافیاکان دەکات و هەر ئەمەشە وڵاتانی ناوچەکە زەندەقیان لەو شەڕە چووە.

عێراق رزگاری دەبێ لە تارمایی شیعەییزمی ئێرانی چ وەک دەوڵەت و چ وەک خەڵک، لەوانەیە مەدی مەدەنیەت رووبکاتەوە نەک هەر عێراق، بگرە ناوچەکەش. هیچ وڵاتێک لە ناوچەکەدا هێندەی ئێران دەستێوەردانی ئاینی و دواکەوتوویی نەبووە.

وەک کوردستان، هیوایەکی بەوەداوە کە بەشێکی تری ئاسۆیەکی سیاسی بە روویدا دەکرێتەوە کە ئەویش رۆژهەڵاتی کوردستانە. هیچ پێکهاتەیەکی تری ئێران و ناوچەکە لە رووی سیاسیەوە سوودمەند نابن هێندەی کورد گەر ئاکامی شەڕەکە بە مەرامێک بگات. بەوپێیەی کورد لەناو دڵی هەموو ئەم وڵاتانەدایە، هەر ئاڵوگۆڕێک یان رووداوێک رووبدات راستەوخۆ کاریگەری بەسەر کورد و کوردستانەوە دەبێ وەک چۆن لە باشور دیتوومانە. ئەوەی ئایا دەسەڵاتدارێتی کوردی چۆنە و چۆن نیە ئەوە بابەتێکی ترە، بەڵام ژیانەوەی میللەتێک بە ناسنامەی نەک هەر نەتەوەییەوە بگرە نیشتمانیەوە شاد دەبێتەوە وەک لە سوریا دەیبینین کاتێک دەسەکەوتێکی گەورەیە کورد لە رۆژاڤا ناسنامەی نیشتمانیشی هەبێ.

خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە گەر بەم شەڕە رژێمی ئاخوند بڕواتە ئەوا هەر رژێمی تری ناوچەکە گەر گوێڕایەڵێکی غولامیانە نەبێت بۆ ئەمریکا ئەوا رەوشی باش نابیت، چونکە چۆنێتی دەسپێک و پەلاماردانی بەردەوامی لەوشێوەیە بەوەی دوو دەوڵەتی سەربازی گەورە بە بێ گەڕانەوە بۆ هیچ نێوەندێکی نێودەوڵەتی هەوەها ناوچەییش بۆ سەر وڵاتێکی تر ئەوا مانایەکی شەقاوەیی نێودەولەتی دەخایەنێت و هەر ولاتێکی تر چاوەڕێی چارەنوسێکی ئاوها لە خۆی دەکات. 

بۆپێشەوە: ئەم جەنگە چ کاریگەرییەکی لەسەر بزوتنەوەی نارەزایەتی بۆ روخاندنی رژێمی ئێران دەبێت؟

ئیدریس مستەفا: گەر دەم و دەست لەگەڵ لاوازبوونی رژێمدا خەڵک راپەڕێ ئەوا زۆر باش، دەبێ بەڵام رژێم بمێنێتەوە بە لاوازی وەک رژێمی دەمانی سەدام حوسێن ئەوا هەم بارودۆخی سیاسی و هەم ئابوری بەتایبەتی لە قازانجی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیدا نابێت. لە حاڵەتێکی وەهادا رژێمی ئیسلامی ئەملاولا سیاسیە ناوچەییەکانی نامێنێ و تەنها خۆی گیر دەکاتەوە بۆ ناوخۆ. لێرەشەوە دڕەندەتر دەبێ بەرامبەر بە خەڵک گەر بیانەوێ راپەڕن. خەڵک پێش ئەم لێدانانە و پێشتریش چەندان جار ناڕەزایەتی گەورەی دەربڕیوە، بەڵام بێ سەمەر بوو لەبەر چەندان هۆکار کە لێرەدا جێگەی باس کردنی نیە. ئێستا گەر رێکخراو و قەوارەی سیاسی نارازی هەبوایە بەرامبەر بە رژێم ئەوا ئەم دەرفەتە ئاڵتونییە، بەڵام کە نییە ئەوا نارەزایەتی خەڵک بێ مایە دەمینێتەوە.

بۆپێشەوە: لە دۆخی ئیستادا چ ئەرکێک دەکەوێتە سەر خەڵکی ئیران و کوردستان؟

ئیدریس مستەفا: لە دۆخێکی ئاوهادا خەڵک چ لە تاران و ئەسفەهان چ لە کرماشان و سنە و مهاباد هێندەی بە دوای سەلامەتی گیانی خۆیەوەیەتی ئەوەندە بە دوای گیانی رژێمەوە نییە، چونکە لە ژێر بۆمب و خومپارەدا ئەوە تەنها ئەرکیان دەبێت. پاشان دۆخەکە لە رووی سیاسیەوە روون نیە کە ئایا ئەمریکا بە دوای رووخانی رژێمەوەیە یان مانەوەی تاکو خەڵک بیرێکی گشتی لێ بکەنەوە. هیچ یەکێک لە میللەتانی ئێران و ناوچەکە بە تایبەت کورد متمانەیان بە ئەمریکا نییە. لاوازکردنی رژێم یەکێکە لەو دەرفەتانەی ئومیدێک دەبەخشێ بەوەی خەڵک رایەکی تری هەبێت. دووبارەی دەکەمەوە نەبوونی رێکخراوێکی سیاسی خاوەن تەنزیم و جەماوەر ئەرکی خەڵک زۆر قورس دەکات، بگرە نادیاریش دەکات کە ئایا چی بکەن و چۆن هەنگاو بنێن. لە دەمانی رووخانی شاهانشادا خەڵک تەیار بوو بە بوونی چەندان رێکخراوی سیاسی و جۆش درابوو بەبیروباوەڕی چەپخوازی و پێشکەوتووخوازی هەر بۆیە نارەزایەتەکان شکڵگرتنێکی بەرجەستەییانە و تۆکمەی هەبوو. لەگەڵ هەموو ئەو جیاوازیانەی ئەوسا و ئیستا خەڵک گەر بزانن هاوسەنگی هێز بەلای کەوتنی رژێمدا دەکەوێت ئەوا عیشوائیانە بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن و نارەزایی شارەکان دەگرێتەوە. 

بۆپێشەوە: گفتوگۆ و راگرتنی هێرشی سەربازی بۆسەر کارەباو دامەزراوەکانی وزەی ئیران لەلایەن ئەمریکاوە، هەنگاوێکە بە ئاراستەی رێکەوتن، یان کات کڕینە بۆ هیرشێکی فراوانترو گەورەتری سەربازی بۆسەر ئێران؟

ئیدیس مستەفا: لێدان لە دامەزراوەکانی وزەی ئێران بەشێکی ترە لەو سیستەمی وێرانکاریەی ئەمریکا لە ئەجێندای ئەمریکادا هەیە بە سێ مەبەست. یەکەم، بەو نیازەی گەر هیوای مانەوەیان نەبێ لەو وڵاتەدا ئەوا بە وێرانکراوی بەجێبهێڵن. دووەم، گەر بواری مانەوەیان هەبوو ئەوا دەبنە بەشێک لەو قۆنتەراتەی بونیادیان دەنێننەوە. لە جەنگی ئازادکردنی کوێت لە ساڵی ١٩٩١ هەمان شتیان کردەوە و دواتریش کۆمپانیا ئەمریکاییەکان بەشی لە ٧٠٪ نۆژەن کردنەوەی دامەزراوە جۆراوجۆرەکانیان بەرکەوت. سێیەم، لێدان لە وزە وەک خاڵێکی دانوستان بەکاردەهێنن بۆ فشاری زیاتری جێبەجێکردنی مەرجەکانیان بەو مانایەی لە پەلوپۆ کەوتنی زیاتری پایەیەکی تری گرنگ و بگرە حەیاتی ولات.

لە کاتێکدا ئێمە ئەم گفتوگۆیە دەکەین پاپۆڕێکی سەربازی گەورەی تری ئەمریکی گەیشتە ناوچەکە کە تایبەتە بە هەڵگرتنی هێزی پیادە. ئەو دانوستانەی ئەمریکا لە دوو سێ رۆژی رابردوودا رایگەیاند و ئێرانیەکان شەرمیان کرد باسی بکەن بەشێکە لەو کات کڕین و هەروەها گوشارەی ئەمریکا دەیکاتە سەر ئێران بۆ رازی بوون بە مەرجەکانی. دیارە هەر لەسەرەتاوە دۆناڵد ترامپ رایگەیاندووە کە لەهەر ساتێکدا ئێرانیەکان بیانەوێ دانیشتن بکەین دەیکەین بەو شەرتەی بە خالەکانی مەرجەکانمان رازی بن.

بۆپێشەوە: لەم شەڕەدا دوو مەیلی سیاسی دروست بوون یەکێکیان ئەوەیە کە دژی ئەم شەڕەیە و بە سروشتیانە بۆ داکۆکیکردن لە ئێران گەڕاوەتەوە. ئەوی تریان ئەوەیە کە لەگەڵ ئەو شەڕەدایە و بەشێوەیەکی سروشتیانە بۆ پشتیوانی ئەمریکا دەگەڕێتەوە. ئیوە لە کام تەرەفەدا وەستاون و بۆچی؟

ئیدریس مستەفا: من خۆم بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ یەکەمیاندا نیم و لەهەمان کاتیشدا هەرگیز لەبەرەی ئەمریکادا نەبووم و نیم، بەڵام رۆیشتنی کۆماری ئیسلامی ئێران زەروورەتێکی مێژووییە. ئێمەش حەزمان دەکرد لەسەر دەستی خەڵک بڕوات، بەڵام وەک باسمان کرد ئەو هۆکارە ئامادە نییە لە ئیستادا وبگرە تارادەیەک بنەبڕ کراوە بەهۆی ستەمە رەهاکانی رژێمەوە. مادام ئەمە نییە ئەوا هەر هێزێک گەر بیەوێ رژێم بڕوخێنێ ئەوا بە شتێکی ئەرێنی دادەنێم. ئەوە دروستە کە ئەمریکا بە دوای ئامانجە سەرمایەداریەکانی خۆیەوەیەتی، بەڵام ئایا کۆماری ئیسلامی بەدوای هەمان ئامانجەوە نییە. لە نێوان سیستەمێک و حوکمێکی سەرمایەداری لیبراڵ دیموکراسی غەربی وەک ئەمریکا و ثیوکراسیدا وەک ئێران کامیان هەڵدەبژێریت، بێگومان شێوازە ژیانیەکەی ئەمریکا هەڵدەبژێرین و حوکمە دینیەکەی ئێران رەت دەکەینەوە.

من وەک کەسێکی عەلمانی و مەدەنی و یەکسانیخوازێک و مرۆڤدۆستێک و ویژدانیخوازێک و ئینجا وەک کوردێکیش بێ یەک و دوو لەگەڵ لێدان و لاوازبوون و رۆیشتنی ئەو رژێمە ثیوکراسیەدام. پێشم سەیرە گەر کەسێک ئەم شتانەی تێدا بێت و دژی کەوتنی یاخود دژی لێدان بێت لە کۆماری ئیسلامی. دیارە لەوە ئاسانتر نییە دژی شەڕ بیت، بەڵام بەوشێوەیەی ئیستا دەیبینین لەلایەن هەندێ کەس و رێکخراو و قەوارەی ترەوە زۆر یوتوبیایانە و ناڕیالیستیە. سیاسەت ئەوە نییە هەر بە تەنها لە کۆگای مەبدەئە تیئۆریەکانماندا بێت، بەڵکو سیاسەت زۆرتر ئەوەیە لە کۆگا و بازاڕە واقعیەکانی ژیانی رۆژانەماندا لەگەڵیا هەڵدەکەین و دەژین. ئایا کەوتنی سەدام کەئەمریکا رووخاندی ڵە چەندان رووەوە بە قازانج نەگەڕایەوە بۆ زۆر خەڵک. بۆیە هەموو لاوازبوون و کەوتنی دەسەڵاتێکی سەرکوتکەر بە قازانجی دەگەڕێتەوە بۆ خەڵکی سەرکوتکراو و ژێردەستە گەر کەمترین بەشیشی بەرکەوێت لەو ئاڵوگۆرەدا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.