سالار سۆفی: ئامانجی جەنگی دژی ئێران، دوورخستنەوەی هەڕەشە و بەرگریکردن لە ئاشتی و دیموکراسی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی تری دووبارە داڕشتنەوەی ناوچەکەیە، لە بەرژەوەندیی سیستەمی سەرمایەداریدا، بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی وزە. دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕی سالار سۆفی نووسەرو مامۆستای زانکۆ سەبارەت بەجەنگی ئەمریکا و ئیسڕائیل لەدژی ئیران و ئایندەی شەڕ و جمهوری ئیسلامی…
سالار سۆفی: ئامانجی جەنگی دژی ئێران، دوورخستنەوەی هەڕەشە و بەرگریکردن لە ئاشتی و دیموکراسی نییە، بەڵکو
بۆپێشەوە: لە ٢٨ ئەم مانگەوە ئەمریکاو ئیسڕائیل هیرشیان کردە ئیران، پاساوی ئەم جەنگەیان بۆ بەرگرتن “چەکی ئەتۆمی، سنورداکردنی توانای چەکی بالیستیکی، کۆتاییهێنان بە هێزە پرۆکسیەکانی لە ناوچەکە،…” ئەو پاساوانە تا چەندە هۆکاری دەسپیکی ئەم جەنگەن؟
سالار سۆفی: هەر کەسێکی هۆشیار دەزانێت کە ئەو پاساوانە هۆکاری ڕاستەقینەی دەستپێکردنی جەنگەکە نیین، بەڵام بەکار دەهێنرێن بۆ هاندانی ڕای گشتیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و پێدانی ڕەوایی بەو جەنگە کە تەنها لەسەر بنەمای پاڵنەری ماددی و جوگرافیای سیاسی هەڵگیرساوە.
دەتوانین بەوردی تیشک بخەینە سەرهەر یەکێک لەو دروشمانە.
“چەکی ئەتۆمی”؛ ئەمە دروشمێکی دووفاقییانەی شکستخواردووە. ئیسڕائیل خۆی، خاوەنی توانایەکی گەورەی چەکی ئەتۆمییە بەبێ هیچ چاودێری و پشکنینێکی نێودەوڵەتی. ئامانجی ڕاستەقینەی ئەم جەنگە، پەیوەندیی بە ڕەوشتی سیاسی و ئاشتییەوە نییە، بەڵکو ڕێگریکردنە لە هەر دەوڵەتێک کە بیەوێت دوور لە باڵادەستیی ئەمریکا، هێزێکی هەبێت کە سەربەخۆیانە سەروەریی خۆی پێ بپارێزێت، واتا ئامانجەکە قۆرخکردنی هێزە.
“مووشەکە بالیستییەکانی ئێران”؛ ڕاستە کە مووشەکە ئێرانییەکان هەڕەشەیەکی سەربازین بۆ سەر ئیسڕائیل، بەڵام باسکردنی ئەم هەڕەشەیە بەبێ بەستنەوەی بە چوارچێوە ناوچەییەکەی چەواشەکارانەیە. ئێران وای دەبینێت کە لە هەموو وڵاتانی کەنداوەوە بە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و بە سوپایەکی ئیسڕائیلیی پێشکەوتوو لەڕووی تەکنەلۆژییەوە گەمارۆ دراوە. ئێران پێی وایە بەرنامە مووشەکییەکەی، تاکە ڕێگایەکە بۆ سەپاندنی هاوسەنگی لە بەرانبەر بە باڵادەستییەکی سەربازیی زۆر مەزنتردا. لە ڕوانگەی ئێرانەوە ناڕەوایە ئیسڕائیل مافی بەرگریکردن و تەنانەت هێڕشکردنیشی هەبێت، بەڵام ئێران نەیبێت؟
“کۆتاییهێنان بە ئامادەیی هێزە بریکارە چەکدارەکانی ئێران”؛ ئەم ئامانجە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دان بە شکستخواردنی پڕۆژەی ئەمریکادا دەنێت لە ناوچەکەدا. تۆڕی بریکارەکانی ئێران (حزب ئەڵڵا، حەشدی شەعبی، حوسییەکان) دەرئەنجامێکی سروشتیی سیاسەتی یەکجەمسەرییە لە جیهاندا. مەگەر ئەمریکا لە هەر ناوچەیەکدا کە جەنگ باڵی بەسەردا دەکێشێت، بریکاری خۆی دروست ناکات؟! گاڵتەجاڕییە گەورەکە لێرەدا ئەوەیە کە لە کاتێکدا ئەمریکا داوای کۆتاییهێنان بە بریکارەکانی ئێران دەکات، لە پشتی پەردەوە کار بۆ دروستکردنی بریکاری خۆی دەکات لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیدا.
ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە کێشەی ئەمریکا لەگەڵ بیرۆکەی بریکاری چەکداردا نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەوەدایە کە کێ نوێنەری ئەو بریکارانەیە و لە بەرژەوەندیی کێدا کار دەکەن.
جەنگی دژی تیرۆریش کە پاساوێکی ترە، دەستەواژە و تۆمەتێکی ئامادەیە دژی هەر هێزێک کە زیان بە پڕۆژە باڵادەستییەکانی ئەمریکا دەگەیەنێت. پارتی کرێکارانی کوردستانیش، چونکە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و دۆستەکانی کاری نەدەکرد، بە “تیرۆریست” ناو دەبرا.
ئامانجی جەنگی دژی ئێران، دوورخستنەوەی هەڕەشە و بەرگریکردن لە ئاشتی و دیموکراسی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی تری دووبارە داڕشتنەوەی ناوچەکەیە، لە بەرژەوەندیی سیستەمی سەرمایەداریدا، بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی وزە.
ئەو پاساوانە، جگە لە چەند دەمامکێک بۆ شاردنەوەی هۆکارە ڕاستەقینەکان، هیچی تر نیین.
بۆپێشەوە: بەجیا لە بانگەشەی ئەمریکا و ئیسڕائیل، هۆکاری سەرەکی ئەم جەنگە چییە؟
سالار سۆفی: بە بۆچوونی من هۆکارە ڕاستەقینەکانی پشت ئەم جەنگە ئەمانەن:
هۆکاری ئابووری؛ کۆنترۆڵکردنی سامانە سروشتییەکان. ئێران خاوەنی سێیەم گەورەترین یەدەگی نەوتە دوای ڤەنزوێللا و سعوودیە و دووەم گەورەترین یەدەگی گازیش دوای ڕووسیا. ئەم سامانە سروشتییە مەزنە، ئامانجێکی گرنگی ئەمریکا و کۆمپانیاکانی وەک ئێکسۆن مۆبیل و شێڤرۆنە، بۆ ئەوەی لە سەرمایەیەکی نیشتیمانیی خەڵکی ئێرانەوە بیگۆڕن بۆ کاڵایەکی ملکەچی بازاڕی جیهانی بەپێی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. هەرچەندە ئەو سامانە سروشتییانە ئەمڕۆ لەژێر دەستی ڕژێمی ئێراندایە، بەڵام گەلانی ئێران خاوەنین و دەبێت بگەڕێنەوە بۆ گەلانی ئێران.
هۆکاری جیۆپۆلیتیکی؛ شکاندنی ئەوەی ئێران پێی دەڵێت “تەوەرەی بەرگری”. ئێران قووڵایی ستراتیژییە بۆ ئەو بزووتنەوانەی کە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئیسڕائیل دەکەن و پڕۆژەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێک دەدەن. ئامانجی ئەم هێڕشانە ناچارکردنی ئێرانە بۆ ملکەچبوون بەرانبەر بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و سنووردارکردنی توانای ئێران لە پشتیوانیکردنی ئەوهێزانەی دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا کار دەکەن.
هۆکاری ستراتیژی؛ ترسی ئەمریکا لە هەوڵی گۆڕینی سیستەمی تاکجەمسەری بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەرەو سیستەمێکی فرەجەمسەری، ترسێکی ڕاستەقینەیە. ئێران دەکەوێتە ناو دڵی پڕۆژەی ڕووسیا و چینەوە و هاوپەیمانێکی ستراتیژیی ڕووسیایە. گەیاندنی زەبرێک بە ئێران، لێدانێکی ناڕاستەوخۆیە لەو پڕۆژەیە لە ناوچەکەدا بۆ مانەوەی ئەمریکا وەک تاکە هێزی باڵادەست.
هۆکاری ئایدیۆلۆژیی ناوخۆیی؛ جەنگ، پاساو بۆ بودجە زەبەلاحە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل دەهێنێتەوە. ئەم خەرجییە سەربازییە، ڕاستەوخۆ خزمەتی (کۆمەڵگەی سەربازی پیشەسازی) ”Military-Industrial Complex” دەکات کە هاوپەیمانییەکە لە نێوان پێنتاگۆن و کۆمپانیا گەورەکانی چەک کە لە جەنگەکاندا قازانجی خەیاڵی بەدەست دەهێنن. سەرەڕای ئەوەش، دروستکردنی دوژمنێکی دەرەکی، سەرنج لەسەر قەیرانە ناوخۆییەکانی وەک ململانێی چینەکان و گەندەڵی و قەیرانە ئابوورییەکان لە هەردوو وڵاتی هێڕشبەردا پەرت دەکات. جەنگ وا دەکات کە وڵاتانی کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەگشتی، بخاتە مەترسییەوە و ناچاریان بکات بودجەیەکی زیاتر بۆ کڕینی چەک تەرخان بکەن و قازانجی زیاتر بە بەرژەوەندیی ئەمریکا و کۆمپانیا گەورەکانی چەک بگەیەنن.
بۆپێشەوە: ئاینندەی ئەم جەنگە چۆن دەبینن؟ ئایا ئەم جەنگە دەتوانێت کۆتایی بەدەسەڵاتی ولایەتی فەقییە بهێنێت؟ ئەڵتەرناتیفی داهاتوو چی دەبێت؟
سالار سۆفی: جەنگەکە چیتر ئەو گەشتە سەربازییە ئاسانە نییە کە پێنتاگۆن بیری لێ دەکردەوە، بەڵکو وردە وردە دەگۆڕێت بۆ قەیرانێکی ستراتیژی بۆ هێرشبەرەکان. سەرەڕای ئەو زەبرە سەختانەی ئێران بەری کەوتووە، لەنێویاندا کوشتنی ڕابەری باڵای ئێران و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای تر، توانیویەتی بەرگەی فشارەکان بگرێت و وەڵامیشی هەبێت. ترسی ئەمریکا ئەوەیە کە بارودۆخەکە بەرەو جەنگێکی درێژخایەنی ماندووکەر پەرە بسێنێت، چونکە ئێران کۆگایەکی گەورەی مووشەکی هەیە کە هۆکار دەبێت بۆ توانای بەردەوامیدان بە شەڕ. سەرباری ئەوەش، گرەوکردن لەسەر ڕاپەڕینی جەماوەریی گەلانی ئێران کە واشنتۆن تیشکی دەخستە سەر، سەرکەوتوو نەبوو و ناڕەزایەتیی سەر شەقامەکان بەرەو کزی چوون و بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، ئێران دەسەڵاتێکی باشی بەسەر بارودۆخەکەدا هەیە.
شکستی گرەوی سەرهەڵدانی جەماوەری، بەو مانایەیە کە ڕژێم وەک خۆی دەمێنێتەوە و سەرەڕای لێدانی قورسیش، توانای خۆڕاگرتنی دەبێت. زۆر جار لە وڵاتاندا لە کاتی جەنگدا، بەشێک لە ناڕازییەکانیش، لەژێر دروشمی ‘‘ بەرگریکردن لە نیشتیمان’‘ لەو ڕژێمە کۆ دەبنەوە، کە تا دوێنێ لە دژی بوون.
لەلایەکی ترەوە جەنگ پاساوێکی زۆر باشە بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن، بە بیانووی ‘‘ڕووبەڕووبوونەوەی بەکرێگیراوان’‘ . جەنگ بە کوشتنی کۆمەڵێک لە ڕابەرانی ئێران، زەبرێکی توندی لە ڕژێمەکە دا، بەڵام لە هەمان کاتدا دەستپێشخەریی شۆڕشگێڕیی لە بزووتنەوە جەماوەرییەکە سەندەوە و بنەماکانی ڕەوایی شۆڕشگێڕانەی پێچەوانە کردەوە.
تەنانەت لە ئەگەری داڕمانی دەسەڵاتیشدا، ئەو سیستەمانەی کە دێنە ئاراوە، نە دیموکراتی دەبن و نە دادپەروەر و نە پشتیوانی مافی گەلانی ئێران دەبن، بەڵکو زیاتر لەسەر بنەمای یەکێک لەم سێ سیناریۆیە دەبن:
-دەسەڵاتێکی سەربازیی توند؛ لە ڕژێمی ئێستا دڵڕەقتر دەبێت و ‘‘هەڕەشەی دەرەکی’‘ وەک بیانوو بەکار دەهێنێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ سەرکوتکردنی دڕندانەی هەموو داواکارییە یەکسانیخوازی و دادپەروەرییەکانی گەل، لە نێویشیاندا داواکارییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وەک پلانی دوژمن و دەستی دەرەکی و ئاژاوەگێڕی و جیاخوازی پۆلێنی دەکات.
-ڕژێمێکی ناسیۆنالیستیی توندی فارسیی کە دەکرێت پەهلەوی بێت. گەلانی ئێران دەسەڵاتی پەهلەوییان تاقی کردووەتەوە و هەر خۆیان لە وڵات دەریانپەڕاندن. ئەم سیناریۆیە بۆ گەل و نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران مەترسیدارترینە، چونکە ڕەزا پەهلەوی بە ئاشکرا، هەر هەوڵێک بۆ داواکردنی مافی گەلانی ئێران بە پارچەبوونی خاکی ئێران وەک هێڵی سوور ناو دەبات و بێگومان بە ناوی “پاراستنی سەروەری’‘یەوە درێژە بە سەرکوتکردن دەدات.
-دابەشبوونی ئێران بەسەر کۆمەڵێک ناوچە و هێزی میلیشیایی جیاواز و ئەگەری شەڕێکی ناوخۆیی فرەلایەن و وێرانکەر.
تەنها سیناریۆیەک کە لە ئارادا نییە، دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دادپەروەرانەیە کە بڕوای بە یەکسانی و مافی مرۆڤەکان لە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان هەبێت؛ چونکە هێزە باڵادەستەکانی ئێستای ڕژێمیش و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش، هیچ هیوایەکیان بۆ ئامانجێکی لەو جۆرە نەهێشتووەتەوە.
بۆیە تاکە ڕێگای گۆڕانکاریی ڕاستەقینە، خەباتی ناوخۆیی جەماوەریی یەکگرتووە، نەک مووشەکە دەرەکییەکان.
بۆپێشەوە: بەشیک لە هێزە سیاسیەکان چ ئیرانی و چ کوردستانی، ئومێدی خۆیان بۆ روخاندنی جمهوری ئیسلامی و گەیشتن بەدەسەڵات بە جەنگی ئەمریکاو ئیسڕائیل بەستۆتەوە، لەو بارەیەوە دەلێن چی؟
سالار سۆفی: ڕەنگە لە ئەگەری داڕمانی دەسەڵاتدا ئەو هێزانە ڕۆڵێک بگێڕن، بەڵام ‘‘دەسەڵات’‘ بەو شێوەیەی کە خەیاڵیان بۆی دەچێت بەدەست ناهێنن، بەهۆی ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
سەبارەت بە لایەنگرانی سیستەمی پاشایەتی؛ ژمارەیەک تەگەرەی گەورەیان لەبەردەمە. لەپێشدا ئەوان هیچ هێزێکی سەربازییان نییە و پشتبەستنیان بە پشتیوانیی دەرەکی وا دەکات کە ببن بە بەکرێگیراوێکی جێبەجێکاری پڕۆژەی ئەمریکی لە ئێراندا. هەروەها دژایەتیکردنی مافی گەلانی ئێران وا دەکات کە لایەنی کەم، نیوەی دانیشتووانی ئێران لە دژیان بوەستنەوە.
گەلانی ئێران بەگشتی، نایانەوێت پاشایەتی بگەڕێتەوە، تەنانەت ئەگەر ڕژێمی ئێستاش بە دوژمنی خۆیان دابنێن.
کورد لە ئێراندا ناتوانێت دەسەڵاتی ناوەندی بگرێتە دەست، بەڵکو لە باشترین حاڵەتدا، ڕەنگە بتوانن خۆبەڕێوەبردنێکی ناوخۆیی بەدەست بهێنن، کە لە جوگرافیایەکی سنوورداردا دەبێت و تەنانەت هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ناگرێتە خۆ. جگە لەوەش هەڕەشەی دەرەکی و بەتایبەتی تورکی، مەترسییەکی ڕاستەقینەی هەر جۆرە دەسەڵاتێکی سەربەخۆ دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. لەم دۆخێکی بەو جۆرەشدا بێگومان ناچار دەبن ملکەچی بڕیار و داواکارییەکانی ئەمریکاش ببن و سەربەخۆیی خۆیان لەدەست بدەن. ئەمە جگە لە مەترسیی شەڕی ڕووبەڕووی پانئێرانییەکانی گەلانی تری ئێران.
هێزی ڕاستەقینە لە ئێرانی دوای ڕژێمدا، لەدەستی ئەو لایەنانەدا نابێت کە دروشمیان هەیە، بەڵکو لەدەستی ئەوانەدا دەبێت کە ئامادەکاریی سەربازییان کردووە و هێزێکی جەماوەرین و پشتیوانیی هەرێمیشیان هەیە. هیچ لایەنێکیش هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی پێکەوە نییە.
لە ئەنجامدا ململانێیەکی درێژخایەن لە نێوان ئەم هێزانەدا دروست دەبێت و دەستێوەردانێکی فراوان و قووڵی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە ئێراندا دەبێت و لە کۆتاییدا، بە ئەگەری زۆرەوە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی دەوڵەتێکی سەربازیی سەرکوتکەر و دابەشبوونی میلیشیایی.
بۆپێشەوە: کاریگەری ئەم شەرە لەسەر ئاستی ناوچەکە بەگشتی و بەتایبەتی لەسەر عێراق و کوردستان چۆن دەبێت؟
سالار سۆفی: ئەم جەنگە گۆڕانکارییەکی مەترسیداری لە ناوچەکەدا دروست کردووە، عێراق بەگشتی و بەتایبەتیش هەرێمی کوردستانی کردووە بە گۆڕەپانێکی کراوەی ململانێی سەربازی، کە هێندەی تر داڕمانی سەروەریی وڵات و زیادبوونی ئاژاوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
یەکەم؛ کاریگەرییە هەرێمییەکان و پەرەسەندنی ململانێکان و قەیرانێکی جیهانی.
ئەم جەنگە تەنها لەنێوان ئێران و ئیسڕائیل/ئەمریکادا نەماوەتەوە، بەڵکو بەخێرایی بڵاوبووەوە و چەندین وڵاتی گرتەوە، ئەمەش ئەو مەترسییانەی پشتڕاست کردەوە کە هەموو ناوچەکە بە پریشکی شەڕەوە دەسووتێت. تۆڵەسەندنەوەکانی ئێران فراوانتر بوون و وڵاتەکانی کەنداویشیان گرتەوە، هەرچەندە ئەوان ڕاستەوخۆ لەم جەنگەدا بەشدار نەبوون. ئەم فراوانبوونەوەیە هیچ پەناگەیەکی ئارامی نەهێشتووەتەوە و سەرتاپای ناوچەکەی کردووە بە مەیدانی جەنگ.
داخستنی تەنگەبانی هۆرموز، کە نزیکەی 20٪ی نەوتی جیهانی بەناودا تێدەپەڕێت، بووەتە هۆی قەیرانێکی توندی وزەی جیهانی و هەڕەشەی قەیرانێکی نوێ و سەختی نەوت دەکات و وەک شارەزایان دەڵێن، ئەم قەیرانە هاوشێوەی قەیرانی دەیەی هەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دەبێت.
دووەم؛ کاریگەرییەکەی لەسەر عێراق؛ داڕمانی سەروەری و گۆڕەپانێکی کراوەی ململانێکان.
عێراق خۆی لە دۆخێکی نالەباردا بینیوەتەوە، کە بووەتە شانۆیەکی کراوەی ململانێکان. ئاسمانی عێراق بووەتە ڕێڕەوێک بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران. لە هەمان کاتدا هێرشی دوولایەنە لەسەر زەویی عێڕاق و هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت؛ هێرشی ئەمریکی و ئیسڕائیلی بۆ سەر میلیشیا چەکدارەکانی عێراق و تۆڵەسەندنەوەی ئێران لە رێگای گرووپە میلیشیاییەکانەوە لە هەرێمی کوردستان.
حکومەتی عێراق ناتوانێت سەروەریی خۆی بسەپێنێت. میلیشیاکان، کە لایەنگری و دڵسۆزییان بەپلەی سەرەکی بۆ ئێرانە، دەسەڵاتی خۆیان دوور لە ڕێنماییەکانی حکوومەتی عێڕاقی بەسەر دۆخی ئەمنیدا سەپاندووە، ئەمەش مەترسیی پێکدادانێکی نزیکی لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتدا دروست کردووە.
سێیەم؛ هەرێمی کوردستان؛ لە ناوجەرگەی ئاگردا.
هەرێمی کوردستان زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، بە بەراورد بە عێڕاق. سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ڕەتیانکردووەتەوە ڕێگە بدەن خاکەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت و لە جەنگەکەدا تێوە بگلێن، بەڵام هەرێم کەوتووەتە بەر هێرشێکی سەخت. بەپێی ئامارەکان، لە سەرەتای جەنگەکەوە هەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانجی نزیکەی ١٩٦ هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، کونسوڵخانەی ئەمریکا، بنکەی ئاسمانیی هەریر، وێستگەکانی پاڵاوتنی نەوت، هۆتێل و بارەگای پێشمەرگەیان گرتووەتەوە. ئەم دۆخە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی وزەی کارەبا و تێکدانی ژیانی هاوڵاتیان بەگشتی.
هێرشەکانی ئێران بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە و پارتی ئازادی کوردستان و تەنانەت شوێنی نیشتەجێبوونی ئەندامانیشی گرتووەتەوە.
ئەنجامی ئەم هاوکێشەیە، جەنگێکی هەرێمی و بێدەسەڵاتیی دوو حکوومەتی عێڕاق و هەرێمی کوردستان و زاڵبوونی هێزی میلیشیاییە کە لە کۆتاییدا هەر هاوڵاتییان باجەکەی دەدەن.
لە ئەگەری بەردەوامبوون و پەرەسەندنی دۆخەکەدا، ئاڵۆزیی تەواو و دابەشبوون و ململانێی میلیشیایی و سەربازی، نەک تەنها لە ئێراندا، بەڵکو لە عێراقیشدا، مەترسییەکی بەردەرگا دەبێت، لە هەردوو پەیامی هەڕەشەئامێزی بارزانی و تاڵەبانیشدا هەست بەو ئاماژەیە دەکرا.
بۆپێشەوە: ئەم جەنگە چ کاریگەرییەکی لەسەر بزوتنەوەی نارەزایەتی بۆ روخاندنی رژێمی ئێران دەبێت؟
سالار سۆفی: کوشتنی عەلی خامنەیی و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سەربازی، گەورەترین خەونی ئۆپۆزسیۆن بوو، بەڵام لە ڕێگەی بۆمبی ئەمریکییەوە بەدەست هات، نەک لە ڕێگەی ڕاپەڕینێکی جەماوەرییەوە یان زەبرێکی ناوخۆوە، ئەمەش بزووتنەوەی نارەزایەتیی خستە ناو دۆخێکی ئاڵۆزی ڕەوشتی سیاسییەوە.
لێکدانەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمریکا و ئیسڕائیل پێیان وا بوو کە یەکەم هێرش دەبێتە هۆی ناڕەزایەتییەکی ناوخۆیی بەرفراوان و هانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەدات بۆ ڕاپەڕین دژ بە ڕژێم، بەڵام ئەم سیناریۆیە نەهاتە دی.
جەنگ دەرفەتێکی زێڕینی داوە بە ڕژێمی ئێران بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی لەژێر دروشمی ‘‘بەرگریکردن لە نیشتیمان’‘. زۆرێک لە ئێرانییەکان، تەنانەت بەشێک لەوانەی دژ بە ڕژێمن، نایانەوێت وا دەربکەون کە هاوکاریی دوژمنێک دەکەن کە بۆردومانی وڵاتەکەیان دەکات. ئەمەش ڕێگە بە ڕژێم دەدات کە بە پاساوی ‘‘ڕووبەڕووبوونەوەی بەکرێگیراوان’‘ بەئاسانی ئۆپۆزسیۆن سەرکوت بکات.
کەواتە جەنگەکە ئامانجێکی گرنگی ئۆپۆزسیۆنی بەدەست هێنا کە کوشتنی ڕێبەری باڵا و ژمارەیەک سەرکردە بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا دەستپێشخەرییەکەی لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران سەندەوە و سەرهەڵدانە جەماوەرییەکەی دامرکاندەوە. ئەمڕۆ، خۆپیشاندەران ڕووبەڕووی دوو بژاردەی وەک یەک ناپەسەند بوونەتەوە؛ هاوپشتی لەگەڵ ڕژێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژیی بیانی و وازهێنان لە داواکارییەکانیان، یان بەردەوامبوون لە خۆپیشاندان لە کاتی جەنگدا و ڕووبەڕووبوونەوەی تۆمەتی بەکرێگیراوی و سەرکوتکردنی دڕندانە بەناوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانییەوە. ئەنجامەکەش ئەوەیە کە دەیبینین؛ کزبوونی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و گۆڕانی دۆخەکە لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانەوە بۆ چاودێریکردن و وریایی خۆپارێزانە.
بۆپێشەوە: لە دۆخی ئیستادا چ ئەرکێک دەکەوێتە سەر خەڵکی ئیران و کوردستان و هیزە چەپ و کۆمۆنیستەکان؟
سالار سۆفی: لەنێو ئەم زریانەی جەنگ و دەستێوەردانی بیانی و مەترسییانەدا، هێزە جەماوەری و چەپڕەو و کۆمۆنیستەکان ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی چارەنووسساز بوونەتەوە. ئەوەی پێویستە ڕێگایەکی سێیەمە کە دەست بە ڕووی هەردوو بژاردەی ڕژێمی سەرکوتکەر و ملکەچی بۆ ئەمریکاوە بنێت؛.
سەبارەت بە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی؛ ئەرکی سەرەکی ئەوەیە کە بەو پەیامە ئاشتییە گشتییە درۆزنانەیەی ڕژێمی ئێران فریو نەخوات کە هەوڵی سەپاندنی دەدات بە ناوی بەرگریکردن لە نیشتیمانەوە. ڕژێمێک کە هەر لەم دوواییەدا هەزاران خۆپیشاندەری بێچەکی کوشتووە، هەرگیز ناتوانێت پارێزەری گەل بێت. لە لایەکی تریشەوە، هەرگیز نابێت ڕێگە بە ئەمریکا و ئیسڕائیل بدرێت کە ئۆپۆزوسیۆن وەک هێزی بەکرێگیراو بەکار بهێنن.
ئەوەی پێویستە بکرێت، دامەزراندن و ڕێکخستن و گەشەپێدانی ”لیژنەکانی بەرگریی گەل”ە لە کارگە و گەڕەکەکاندا بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل، چ لە بۆردومان و چ لە ئاژاوەگێڕی وهەر ئەم لیژنانەش دەتوانن ببنە بنەمای دەسەڵاتێکی سەربەخۆی جەماوەری لە ناوچەکانی خۆیاندا و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ گەڕەک و ناوچەکانی تردا لیژنەی باڵاتر پێک بهێنن و لە هەمان کاتدا کار بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگیش و بە دەسەڵاتی ڕژێمیش بکەن.
سەبارەت بە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مەترسییە گەورەکە ئەوەیە کە دۆزی ڕەوای کورد بکرێتە ئامرازێکی مامەڵەکردن لە یارییەکی ئیمپریالیستیدا.
پێویستە هەر داوایەکی ئەمریکا و ئیسڕائیل وەک ئەوەی کە باس لە هێزی زەمینیی کوردەکان دەکرێت، ڕەت بکرێتەوە و پێی دەچێت هەر واش کرابێت، چونکە ئەمە کوردستان دەکاتە گۆڕەپانی جەنگ و کاردانەوەی توندی ناسیۆلیستەکانی ئێرانی لێ دەکەوێتەوە.
ڕێگەی گونجاو بریتییە لە بەهێزکردنی یەکڕیزیی ناوخۆیی لەنێوان پارتە کوردییەکاندا لەسەر بنەمای پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی خەڵکو تیشکخستنە سەر دروستکردنی هەر جۆرێک لە سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبردن لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی هاوچەرخ لە ناوچە کوردنشینەکاندا. لە هەمان کاتدا کردنەوەی دیالۆگێکی ڕاستەقینە لەگەڵ هەر پارت و لایەنێکی مۆدێرنی نەتەوەکانی تری ئێران، کە بڕوای بە مافی مرۆڤ و دادپەروەری و مافی گەلان هەبێت.
ئەرکی سەرەکیی کۆمۆنیستەکان و چەپەکان چ لەناو ئێران و چ لە دەرەوەیدا بریتییە لە ئاشکراکردنی ئامانجی ڕاستەقینەی هێزە دەستێوەردەرەکان و دەرخستنی ئەوەی کە ئەمریکا بۆمبارانى ئێران لەپێناوی دابینکردنی مافەکانی گەلانی ئێراندا ناکات، بەڵکو بۆ گرتنە دەستی نەوت و گاز و بردنەپێشەوەی ویستەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیلە. پێویستە مەترسیی دەستێوەردانی تورکیاش لە ئێراندا ئاشکرا بکرێت و هەوڵی سنووردارکردنی بدرێت. ئەرکێکی تر بریتییە لە پشتگیریکردنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییە سەربەخۆکان لەناو ئێراندا لەڕووی دارایی و سیاسییەوە، نەک ئەو پارتە ئۆپۆزسیۆن و چەکدارانەی کە ملکەچی پلانی دەرەکین. ئامانجەکە بەهێزکردنی پێکهاتەی کۆمەڵگەی مەدەنییە، هەتا بتوانێت بۆشایی دوای ڕووخانی ڕژێم پڕ بکاتەوە. هەروەها بەدەستهێنانی پشتیوانیی پارت و ڕێکخراوە کۆمۆنسیت و چەپ و ئازادیخوازەکانی جیهان بۆ ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەرکێکی لەپێشینەیە.
لە کۆتاییدا، تاکە ڕێگای ئازادبوون بریتییە لەپووچەڵکردنەوەی پڕۆژەی دەرەکی و دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتووی هەموو گەلانی ئێران لە ناوەوە، لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی دادپەروەرانە و پێشکەوتنخوازانە کە دان بە مافی هەر گەلێک لە بڕیاردانی چارەنووسی خۆی بنێت.