خۆشباوەڕی بە هەڵبژاردن… بەڵێنەکانی هەڵبژاردن… بنار مستەفا بەشی سێهەم

0

“هەموو هاوڵاتییەک دەبێتە خاوەن پشکی خۆی لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان.” نێچیرڤان بارزانی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی ساڵی ٢٠١٣.

بۆ کاندیدەکان ئاسانە بەڵێنی جۆراوجۆر بدەن. بۆ ناساندنی بەرنامەی خۆیان و بەدەستهێنانی متمانەی دەنگدەران، هەمیشە لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکان و کاتی هەڵمەتەکانیدا، لایەنە سیاسییەکانی بەشداربوو و کاندیدەکان، کۆمەڵێک بەڵێن دەبەخشنەوە. ئەم بەڵێنانە وا نیشان دەدرێن، کاتێک ئەم لایەنە یان کەسە دەگاتە پەرلەمان، ئەنجومەنی شارەوانی یان پۆستی مەبەست، ئەوا ئەو گۆڕانکارییانە ئەنجام دەدات. بۆیە داوا لە دەنگدەران دەکات، کە دەنگی پێ بدەن، تا لە ڕێگەی بەدەستهێنانی دەنگی پێویست و گەشتن بە پۆستی مەبەست، بەڵێنەکانی بەرێتە سەر و ئەنجامیان بدات.

 گەر هات و دەرچوون و گەشتنە پۆستی مەبەست، بەڵام بەڵێنەکانیان بە ئەنجام نەگەیاند، یان تەنانەت تەواو پێچەوانەی بەڵێنەکانیان بڕیاریان دا و کاریان کرد، نە دەنگدەر، نە هیچ کەس و لایەنێکی تر هیچی پێ ناکرێت. هیچ دەزگایەک نییە لێپیچینەوە بکات، چاودێری هەڵبژێردراوان بکات بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن یان ڕوونکردنەوە بدەن. بەکردەوە لە بەرانبەر بڕیار و کارنامەی کەسی هەڵبژێردراو هیچ شتێک ناکرێت. گەورەترین دەرفەت، کە لە بەردەمی دەنگدەردایە، دەنگ نەدانە بە هەمان کەس یان لایەن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، کە بە گشتی لانی کەم چوار ساڵ دواترە. لە جیهانی هەڵبژاردندا بەم دەنگ نەدانە دەگوترێت “سزا”. لەمە زیاتر هیچ ناکرێت لەگەڵ نەبەردنە سەری بەڵێنەکان.

لە دیموکراسی و پڕۆسەی هەڵبژاردندا زۆر بە باشی دەرفەتی ئەوە ڕەخساوە، کە بە ئازادانە بەڵێن بدەیت، دواتریش هیچی لەبەرچاو نەگریت و لە ڕووی یاساییشەوە ڕووبەڕووی هیچ لێپێچینەوەیەک نەبیت. بە گشتی لە جیهاندا وەها باوە، کاتێک بۆ نمونە کڕیارێک لە کاڵایەک یان خزمەتگوزارییەک ناڕازییە و ئەوە نەبووە کە باس کراوە، دەتوانێت داوای قەرەبوو بکات یان سکاڵا تۆمار بکات. هەڵبژادن ئەم مافەش ناداتە دەنگدەرانی، ئەگەر بانگەشەی کاندیدەکان و کرداریان هیچ لێکچوویەکیان نەبوو و یان تەنانەت پێچەوانە و دژبەیەکیش بوون. دەنگدەر تەنها مافی دەنگدان و دەنگ نەدانی هەیە. مافی بەدواداچوون و بەئەنجامگەیاندنی بەڵێنەکان بە یاسا نەدراوەتە کەس.

چونکە حزب و لایەنی سیاسی و کاندیدی هەڵبژاردنەکان هیچیان لەسەر ناکەوێت، لە بەخشینەوەی بەڵێن درێغی ناکەن. لە سەرتاسەری جیهاندا بینراوە، کە زۆر بە کەمی و کاڵی بەشێکی بچووکی بەڵێنەکان دەبرێنە سەر، کاتێک کاندیدەکان هەڵدەبژێردرێن و دەگەنە پۆستی خاوەن بڕیاردان. بە زۆری بەڵێنەکان هەر لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە یان تەنانەت لە بیریش دەچنەوە.

هەر بۆیە لە جیهاندا نوکتە لەسەر “بەڵێنەکانی هەڵبژاردن” زۆرە و تەنزی جۆراوجۆری بۆ داهێنراوە. لە ئەوروپا کاتیک قسەیەک دەکرێت لە ئاستی چاوەڕوانیدا نییە، بە “بەڵێنەکانی هەڵبژادن” تانەی لێ دەدرێت. گەر کەسێک بەڵێن بدات و دوودڵی لە ئەنجامەکانی هەبێت، ڕەنگە کەسی بەڵێن پێدراو بڵێت “وەک بەڵێنەکانی هەڵبژاردن نەبێت”. ئەمانە و زۆر نوکتەی تر، کە سەرجەمیان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە و ئاماژەن بەوەی بەڵێنەکانی هەڵبژاردن تڕوهات و بێ ئاکامە.

ناکام مانەوەی بەڵێنەکانی هەڵبژاردن لە سەرتاسەری جیهاندا بۆتە شتێکی باو. بۆ نمونە لە وڵاتێکی پێشکەوتووی وەک فینلاند، پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠٢٣ سەرۆکی پارتی فینلاندییە ڕەسەنەکان گوتی “جیاوازی ئێمە لەگەڵ پارتی یەکگرتوو ئەوەیە، کە ئێمە لە بیمە کۆمەڵایەتییەکانی چینی هەژاران کەم ناکەینەوە.” دوای هەڵبژاردن حزبەکەی لەگەڵ پارتی یەکگرتوو حکومەتیان پێکهێنا و لە سەرەتاییترین بەرنامەکانی حکومەتیان بریتی بوو لە کەمکردنەوەی بیمە کۆمەڵایەتییەکانی هەژاران. کاتێکیش لەگەڵ ئەم ناکۆکیانەی ڕووبەڕوو دەکرایەوە، پێ نەدەچوو و ناچێت شتێکی نامۆ بێت لای، کە لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن شتێک دەڵێت و پاش هەڵبژاردن و گەشتنی بە پۆستی وەزیر لە حکومەت، پێچەوانەی بەڵێنەکانی کار بکات.

ڕەنگە لە کوردستان لە هەموو جێگەیەکی تر کەمتر پێویستی بە هێنانەوەی نمونە هەبێت لەسەر یەکنەگرتنی بەڵێنەکان و کردارەکان. لە کەم جێگەی جیهان هێندەی کوردستان بەڵێنەکانی هەڵبژاردن زۆر زوو ڕووبەڕووبنەوە لەگەڵ پێچەوانەی تەواوەتی. بۆ نمونە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ یەکێتی نیشتیمانی بانگەشەی بۆ “هەلی کار” و “ئارامی” دەکرد. بەڵام زۆری نەخایاند، کە ڕێژەی بێکاری زیاتر بوو، تەنانەت ئەوانەش کە کاریان دەکرد بە لێبڕین و چەند مانگ جارێک مووچەکانیان وەردەگرت. نائارامیش زۆر زیاتر لە جاران زیادی کرد. دەسەڵاتیش هەر لە دەستی یەکێتیدا بوو، پێش هەڵبژاردن و پاش هەڵبژاردن.

کۆمیدی سەرەکی لە کوردستان ئەوەیە، کە هەمان دوو حزب و تەنانەت بنەماڵەن، کە سی ساڵ زیاترە دەسەڵاتی ڕەهایان هەبووە، بەڵام هەڵبژاردن پاش هەڵبژاردن هەلمەت بەڕێ دەخەن و بەڵێن دەبەخشنەوە. گەر لە ئەوروپا چەند هەڵبژاردن جارێک کۆمەڵێک حزب لە حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن ئاڵوگۆڕ دەکەن و لەم ڕێگەیەوە دەنگدەر ڕەنگە چاوەڕوانییەکی لا دروست بێت، کە پارتی ئۆپۆزیسیۆن بچێتە حکومەت ئاڵوگۆڕێک ڕووبدات. بەڵام لە کوردستان ئەم هاوکێشەیە بە تیۆریش ئیمکانی نییە. دوو پارتی دەسەڵاتدار لە زاری خۆیانەوە گوتویانە، کە دەستبەرداری دەسەڵاتەکەیان نابن، گەر هاتوو تەنانەت یەک کورسیش بەدەست بهێنن.

لە بەڵێنە کۆمیدییەکانیش، ڕەنگە کەم دانە هەبێت شان بدات بەڵێنەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ دانی پشک لە نەوتی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتیان. دوای دە ساڵ لەو بەڵێنە، خەڵکی کوردستان نەک نەبوونە خاوەن پشک لە نەوت، بەڵكو بە ئەستەم و بە پارەیەکی زۆر بڕێک نەوتیان دەست دەکەوێت بۆ سەرمای زستان. باری دارایی و گوزەرانی خەڵکیش خراپتر بووە. نێچیرڤان بارزانیش پۆستەکەی لە سەرۆک وەزیرانەوە گۆڕدراوە بۆ سەرۆکی هەرێم. وێڕای بە ئەنجام نەگەیاندنی بەڵێنەکان، پارتەکەی هێشتا لە دەسەڵاتە و ڕەنگە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەڵێنی تر بە دەنگدەران بدەن.

ئەوەی کە بەڵێنەکانی هەڵبژاردن بە ئەستەم و کەمی جێبەجێ دەکرێن و لە بەرانبەریشدا هیچ مافێک بە دەنگدەر نییە، بەشێکی ترە لە نیشاندانی وێنەی ڕاستەقینەی پڕۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان. بەڵێنەکان بەشێکن لە دروستکردنی خۆشباوەڕی. ئاسانیش پەنای بۆ دەبرێت، چونکە بەرپرسیارێتی لە بە ئەنجام گەیاندنیدا نییە.

درێژەی هەیە…  

Leave A Reply

Your email address will not be published.