خۆشباوەڕی بە هەڵبژاردن… نووسینی: بنار مستەفا… بەشی یەکەم
پێشەکی
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٢ لە عێراق هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار هەلبژێردرا. تەنها کاندید، سەدام حسێن ١٠٠٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. حەوت ساڵ پێشتر لە هەڵبژاردنی هاوشێوەدا سەدام، کە ئەو کاتە بۆ ماوەی ١٦ ساڵ لە تەختی دەسەڵات بوو، توانی ٩٩،٩٦٪ دەنگی “بەڵێ” بەدەست بهێنێت بۆ بەردەوامبوون لە پۆستی سەرکۆمار.
دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ لە سەرتاسەری جیهاندا هەڵبژاردن بە باشترین و گرنگترین ڕێگا هەژمار دەکەن، کە لە ڕێگەیەوە خەڵکی دەتوانن دیاری بکەن، چی کەس و لایەنێک یان هێڵی سیاسی بکەنە نوێنەری خۆیان، تا دەسەڵات بگرێتە دەست. لە جیهان و ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بە شێوەیەک باس لە هەڵبژاردن دەکرێت، کە ڕەخنە هەڵناگرێت و تەنانەت ڕێگەنیشاندەرە بۆ تاوتێ و یەکلاکردنەوەی دەسەڵات و بابەتی تر، وەک تێڕوانین و جیهانبینی دانیشتوانانی ناوچەیەک بۆ خواستی دەسەڵاتی سیاسیان.
هەڵبژاردن بەردەوام بابەتێکی گەرمی میدیاکانە و بێ گرنگیدانی بەرچاو بەسەریاندا تێناپەڕێت. پێش هەڵبژاردنەکان دەزگاکانی ڕاگەیاندن چەندین بەرنامەی تایبەت ڕێکدەخەن و پێشبینی جۆراوجۆر دەهێننە ئاراوە، ڕۆژی هەڵبژاردن بە وردی ڕوماڵی بەڕێوەچوونی دەکەن و پاشانیش لەگەڵ چەندین کەسانی پسپۆڕ و شارەزا شێکاری بۆ ئەنجامەکانی دەکەن. هەروەها هەواڵی هەڵبژاردنی وڵاتانی تریش جێگەی بایەخی دەزگاکانی ڕاگەیاندنە. زۆر ئاسایی لەمسەری جیهان دەتوانن هەواڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی وڵاتانی ئەوسەری جیهان بڵاوبکەنەوە و تەنانەت بەرنامەی تایبەتیشی بۆ ڕێک بخەن. ڕەنگە دەیان و سەدان ڕووداوی تری هەمەجۆر لە هەمان وڵاتدا ڕووبدات، بەڵام میدیاکان کەمترین سەرنجیان بچێتە سەر.
لە ئەوروپا و ئەمریکا بە ئەنجامی هەڵبژاردن دەگوترێت “بڕیاری گەل” و “مافی تانەی نییە”. واتە وەک بابەتێکی پیرۆز تەماشا دەکرێت. بۆ گۆڕینی دەسەڵات، لە سەرتاسەری جیهان بێ جیاکاری و دوودڵی هەڵبژاردن وەک تەنها ئامرازی گۆڕانکاری گونجاو پێناسە دەکرێت. تەواوی دەسەڵاتداران و لایەنەکانی بەشداربووی هەڵبژاردن لەسەر ئەمە ساغن، بۆیە کەمترین پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ئیدعایە کراوە، کە بەڕاستی هەڵبژاردن چەنێک گۆڕانکاری بە کردەوە ئەنجام دەدات. ئەمە بڕاوەیە و قسە کەم هەڵدەگرێت.
لە کورستان و عێراقیش هەر جارێک لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنێک، هەوڵ دەدرێت فەزای کۆمەڵگە هاوتای فەزای هەڵبژاردن بکرێت و خەڵکی پێوە سەرقاڵ بکرێت. لایەنەکانی بەشداربوو هەڵمەتی فراوانیان دەکەنە بابەتی سەرەکی و هەرای بۆ ڕێك دەخەن. میدیاکان کات و جێگەی تایبەتی بۆ دەکەنەوە و بە زۆری وەک چارەنووسی ئایندەی کۆمەڵگە لە قەڵەمی دەدەن. “کاتی بەرنامەکانمان کەمی ماوە” کەمتر لە بەرنامەکانی پەیوەند بە هەڵبژاردن دەبیسترێت. لە هەمووی واوەتر، لایەنەکانی بەشداربوو و کاندیدەکان، گفت و بەڵێن دەبەخشنەوە بۆ دەورانی پاش هەڵبژاردن و گرتنە دەستی دەسەڵاتیان. هەڵبەت بەشێک لەم بەڵێنانە لە لایەن کەسان و لایەنانێک دەخرێنە ڕوو، کە خۆیان چەند دەهەیە لە دەسەڵاتدا بوون. هەڵبەت بە پێی کات فەزای هەڵبژاردن کەم بۆتەوە و کەمتر لە لایەن خەڵکییەوە پێشوازی لێ دەکرێت، بەڵام هەوڵەکە لە جێگەی خۆی باقییە.
لە پەیوەند بە هەڵبژاردنەوە دەکرێت لە زۆر لایەنەوە قسەی لەسەر بکرێت و لێکدانەوەی بۆ بکرێت. ئامانج لەم زنجیرە نووسینە لە بڵاوکراوەی بۆپێشەوە لەوەدایە، کە تاوتوێێی بەشێک لە لایەنەکانی هەڵبژاردن بکرێت، تا زیاتر سەرنج بچێتە سەرئەوەی بۆچێ ئەم هەرایەی بۆ ڕێکدەخرێت؟ هەڵبژاردن چی دەگۆڕێت؟ بۆچی لایەنەکانی بەشداربوو داوا لە خەڵکی دەکەن بەشداری تێدا بکەن؟ و زۆر بابەتی تری تایبەت بە دەنگدان و هەڵبژاردنەکان. بە هیوای سەرئەنجام بە وەلامی چەند پرسیاری لە شکڵی “هەڵبژاردن دەکرێت چی بگۆڕێت؟”، “دەهێنێت پێشوازی لە هەڵبژاردنەکان بکەین؟” و “لە عێراق و کوردستان هەڵبژاردن چ بایەخێکیان هەیە؟”
مێژوویەکی کورتی هەڵبژاردن
هەڵبەت پڕۆسەی هەڵبژاردن و دیاریکردنی نوێنەر یان نوێنەران لە ڕێگەی دەنگدانەوە، نوێ نییە و مێژوویەکی درێژی هەیە. لە سەدان و تەنانەت هەزاران ساڵدا گۆڕانکاری جۆراوجۆری بەسەردا هاتووە و ئێستاش لە جیهان بە شێوەی جیاواز و بۆ مەبەستی جیاواز ئەنجام دەدرێت. ڕێگە نەدراوە هەڵبژاردن پێگەی لاواز بێت و لە سیستەمی ئەمڕۆدا زۆر بە توندی دەستی پێوەگیراوە، ئەویش لە پێناوی بەرژەوەندی هەمووان و بەشداریکردنی دانیشتوان لە چارەنووسی خۆیان و کۆمەڵگەکەیان لە قەڵەمدراوە.
مێژووی هەڵبژاردن لە بڕیاری سیاسیدا دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا. دروست مێژووی یەکەم هەڵبژاردن نەتوانراوە دەستنیشان بکرێت، بەڵام ٥٠٠ ساڵ بەر لە ڕؤژمێری زاینی و لە ئەنتیکی یۆنان و بە تایبەتی لە ئەسینا دەنگدان ئەنجام دراوە بۆ هەندێک بڕیاری سیاسی و دەستنیشانکردنی فەرمانبەر. ٤٥٠ ساڵ بەر لە ڕؤژمێری زاینی لە ڕۆما بەهای دەنگ بە پێی جێگەوڕێگەی چینایەتی دیاری دەکرا و جۆرێك لە دەنگدانی تێکەڵ بە ڕێکخستنی سیاسی کرد.
لە ناوەڕاستی هەزارەی دووەمدا ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە شارە گەورەکانی ئەوروپا پەرەی سەند. بۆ نمونە لە بەریتانیا لە سەدەی ١٣هەمەوە پەرلەمان بە دەنگدان هەڵبژێردراوە، بەڵام تەنها بەشێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگە مافی دەنگدانیان بوو. بە گشتی ئەو چینەی لە خوارەوەی کۆمەڵگە بوو، تەواو بێ ماف بووە لە دەنگدان و هەر جۆرە کاریگەری دانانێکی تر. لە سەدەی ١٩هەمەوە دەنگدان بە ئەندازەیەک فراوان بووەوە بۆ چین و توێژەکانی تر، بەڵام هێشتا هەڵاواردنی بەرچاو مابوو، بۆنونە هەژاران و ژنان مافی دەنگدانیان نەبوو.
بە درێژایی مێژووی هەڵبژاردن ژنان بێ ماف بوون تێێدا، تا ساڵی ١٨٩٣ لە نیوزلاند مافی دەنگدان درایە ژنانیش. لە ئەوروپا لە سەدەی ٢٠ ئەم مافە بۆ ژنان فەراهەم کرا، بۆ یەکەم جار لە فینلاند لە ساڵی ١٩٠٦. لە بەریتانیا لە ناوەڕاستی ١٩٢٠کان ئەم مافە بە ژنان درا و لە فەڕەنسا تا ناوەڕاستی ١٩٤٠ەکان ژنان مافی دەنگدانیان نەبوو. لە وڵاتانی تری جیهان زۆر دواتر مافی دەنگدان بۆ ژنان دەستەبەربوو و لە هەندێک وڵاتدا تا دەیەی ڕابردوو ئەم مافە نەبوو. بۆ نمونە سعودیە ساڵی ١٩٤٥ مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتنی بۆ ژنان بە فەرمی ناسی.
سەربەخۆ لە جێگەوڕێگەی مافی دەنگدان و کاریگەرییەکەی، لە زۆرینەی زۆری وڵاتان، کاتێک مافی دەنگدان بە چین و توێژەکانی تر دراوە، بۆ نمونە ژنان، هەژاران، جوتیاران و هتد، خۆبەخشانە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە پێشکەش نەکران، بەڵکو لە ئەنجامی ململانێ و خەباتی فراوان و هەمەلایەن بەدی هاتن. لەسەر خەباتی ژنانی بەریتانیان لە پێناو مافی دەنگدان، فیلمێک بەرهەم هاتووە و تێێدا باس دەکات، کە چؤن تا سەد ساڵ بەر لە ئێستا، دەسەڵاتداران و سەرمایەداران بە توندی لە پێناو دەستگرتن بە بێ مافی ژنان لە دەنگدان دەوەستانەوە.
بە پێی ساڵ و لە جیهانی ئەمڕۆدا، هەڵبژاردن دیاردەیەکی باوە لە سەرتاسەری جیهان و مافی دەنگدان بۆ زۆرینەی هاوڵاتیانی سەرو ١٨ ساڵ فەراهەم کراوە، کە بە سیستەمی هەڵبژاردنی مۆدێرن لە قەڵەم دەدرێت. ئەمەش کورت دەکرێتەوە بۆ یەک وشە: دیموکراتی. بە کردەوەش وشەی دیموکراتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن هاوتا کراوە.
دیموکراتی
سەرچاوەی وشەی دیموکراتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەنتیکی یۆنان و لە دوو وشە پێکهاتووە، دێمۆس بە مانای “گەل” و کراتۆس بە مانای “دەسەڵات” دێت. مانای وشە لێکدراوەکە بە واتای “دەسەڵاتی گەل” دێت.
لە جیهانی ئەمڕۆدا لە ئاستێکی بەریندا دیموکراتی وەک باشترین شێوەی فەرمانڕەوایی وێنا دەکرێت. پێچەوانەکەی بە “دیکتاتۆر” ناودەبرێت، کە ئاماژەیە بە دەسەڵاتی تاکڕەو لە لایەن یەک کەس یان یەک لایەنی سیاسی. لە زۆربەی جیهان سیستەمی دیموکراتی وەک بەهایەکی گەورە و گرنگ ناسێندراوە، کە ئازادی، یەکسانی و دادپەروەریش لەخۆ دەگرێت. هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان بەهای دیموکراتی وەک ئامانجێکی سەرەکی چاولێدەکات لە کاروباری سیاسیدا. وڵاتان خۆیان بە دیموکراتی دەناسێنن و ڕایدەگەیەنن کە دیموکراتین و بەهاکانی پەیڕەو دەکەن. تەنانەت وڵاتانێک وەک کۆریای باکور، کۆنگۆ، لاوس، جەزائیر، ئەسیوبیا و سۆماڵ وشەی دیموکراتیان بۆ ناوی فەرمی وڵاتەکەیان زیاد کردووە. بۆ نمونە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و کۆماری یەکێتی ئەسیوبیای دیموکرات. زۆر حزب و لایەنی سیاسیش لە جیهان هەڵگری ناوی دیموکراتین. ئاشناترینیان ڕەنگە پارتی دیموکراتی ئەمریکا بێت، کە بە دیموکراتەکان دەناسرێن. لە کوردستانیش ناوە فەرمییەکەی پارتی بریتییە لە پارتی دیموکراتی کوردستان. ڕێژەیەکی بەرچاو لە لایەنە سیاسییەکانی جیهان و کوردستان ڕایانگەیاندووە، کە هەم خۆیان دیموکراتن و هەم ئامانجیان دیموکراتییە بۆ کۆمەڵگە.
لەسەر دیموکراتی و چۆنیەتی پیادەکردنی وڵاتان و لایەنە سیاسییەکان تێڕوانینی جیاواز و دژ بەیەک هەیە. بۆ نمونە زۆرێک لە وڵاتان بە دیموکراتی لە قەڵەم نادرێت و هەندێک بڕیاری سیاسیش بە نادیموکراتیانە ناودەبرێن. بە گشتی دیموکراتی بنەمایەکی سیاسی بۆ دیاریکراوە، کە ئاماژەیە بە دەسەڵاتی خەڵک و کۆمەڵێک بابەت لە خۆ دەگرێت، وەک: هەڵبژاردن و مافی دەنگدان، نوێنەرایەتی کردن، فرە حزبی، دەوڵەتی یاسا، ماف و ئازادی سەرەتایی، شەفافیەت، بەشداری و دانی مافی کەمایەتییەکان.
هەڵبەت لەسەر تێگەشتن و پیادەکردنی ئەم چەمکانە لێکدانەوە و پەیڕەویکردنی جیاواز هەیە. بۆیە دەگوترێت، کە دیموکراتی جێگیر نییە، بەڵکو پڕۆسەیەکە بەردەوام گەشە دەکات. ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە جیهانی ئەمڕۆدا دانانی سندوقەکانی دەنگدان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە پلەی یەکەم بۆتە پێناسەی سەرەکی دیموکراتی. لە زۆر جێگەدا ڕەنگە ئەو بابەتانە بە کەموکورتی ببینیت یان هەر نەبینیت، بەڵام هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن و لە ڕێگەیەوە دەسەڵاتداران وەک نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکی و شەرعیەت پێدراو لە قەڵەم دەدرێن. لە یەک ڕستەدا: واتە خەڵکی دەسەڵاتداری بە دەسەڵات گەیاندووە.
سەردەمی دەسەڵاتدارێتی حکومەتی بەعس لە عیراق، بچووکترین ماف و ئازادی بوونی نەبوو، بەڵام سەدام حسێن پێویستی بەوە بوو هەڵبژاردن ئەنجام بدات، خەڵکی بێنێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان و سیناریۆی دەستنیشانکردنی سەرکۆمار بەڕێ بخات. تا سەرکۆمار پەنجەمۆری دانیشتوانی وڵاتەکەی وەرگرێت، کە “دەخوازن” ببێتە سەرۆکیان. لە کاتێکدا نەک بۆ هەموو دانیشتوانانی عێراق، بەڵكو لە هەموو جیهان پێش خستنەخوارەوەی یەکەم دەنگ بۆ سندوقەکان، ئاشکرا بوو کێ وەک سەرۆک هەڵدەبژێردرێت و چ بەرنامەیەکی سیاسی پیادە دەکات.
هەڵبژاردنی سەرکۆمار لە عێراق لە سەردەمی بەعسدا نمونەیەکە لە هەڵبژاردن. ڕەنگە خراپترین نمونەی دیارکردنی نوێنەر بێت. لە هەمان کاتدا باشترین نمونەی هەڵبژاردن بێت، کە دەکرێت تەنها سیناریۆ بێت. بەڵام لە ئەوروپا، ئەمریکا و زۆر وڵاتی تر بەم جۆرە نییە. بۆ نمونە ساڵی ٢٠٢٤ لە ئەمریکا هەڵبژاردنی سەرکۆمارە و بەڕاستی دیار نییە، کێ دەبێتە سەرۆک. دەکرێت بایدن بەردەوام بێت، دەکرێت تڕامپ بگەڕێتەوە، یان کەسێکی تر ببێتە سەرۆکی نوێی ئەمریکا. واتە هەموو هەڵبژاردنێک سیناریۆ نییە و دەکرێت تا ژماردنی دوایین دەنگ یەکلایی نەبووبێتەوە، کە کێ هەڵدەبژێردرێت. لە زۆر وڵاتی تریشدا، ئەنجامی هەڵبژاردن بۆتە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بۆ نمونە لە کۆمەڵێک پارتەوە بۆ کۆمەڵێکی تر.
بە کردەوە هەڵبژاردن و ئەنجامەکەی دەتوانێت چی بگۆڕێت؟ چەنێک دەسەڵاتداری هەڵبژێردراو بە واقعی نوێنەرایەتی خەڵکی دەکات؟ لە پەیوەند بە بابەتی دەنگدان و هەڵبژاردن، پێویستە چی تر لە بەرچاو بگیرێت. لە بەشەکانی تری ئەم زنجیرە نووسینەدا وەڵام دەدەینەوە. هەروەها فراوانتر ئاماژە بە هەڵبژاردن لە وڵاتانی پێشکەوتوو و باشترین نمونەکان دەکەین، و دووبارە لەسەر هەڵبژاردن لە عێراق و کوردستانی پاش ڕوخانی حکومەتی بەعسیش دەکەین…
(ماویەتی)