خەسرەو بۆکانی: بزووتنەوەی ئێستا لە هەلومەرجێکی زۆر جیاوازتر لەگەڵ بزووتنەوەکانی پێشووتر سەری هەڵداوە و خەڵکی ناڕازی بە دەرس وەرگرتن لە هەموو ئەزموونە بەنرخەکانی ئاخێزە جەماوەرییەکانی پێشووتر هاتوونەتە مەیدان. دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ خەسرەو بۆکانی سەبارەت بە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە ئیڕان و ئاینندەکەی…
بۆپێشەوە: داڕمانی بەهای دۆلار و کاریگەری لەسەر بازاڕ و ژیان و گوزەرانی خەڵک وەکو هۆکار و دەسپێکی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری ئەمجارە ئاماژەی پێ دەکرێت، ئایا هۆکارەکە داڕمانی بەهای دۆلارە، یان ڕیشەی لە هۆکارگەلێکی تردایە؟
خەسرەو بۆکانی: سەرەتا ڕێز و سڵاوم هەیە بۆ ئێوەی خۆشەویست و هاوکارانتان لە گۆڤاری بۆپێشەوە و ماندوونەبوونتان لێ دەکەم، هەروەها سڵاو لە خوێنەرانی گۆڤارەکەتان. لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا من هەوڵ دەدەم بەکورتی ئاماژە بە کۆمەڵێک هۆکار بکەم کە خولی نوێی ڕاپەڕینی جەماوەریی ئەمجارەی ئێرانی لێ کەوتووەتەوە. هەموومان دەزانین کە دۆلار دراوێکی بەهێزی جیهانییە و هەر لە کۆنەوە و لە سەردەمی سیستەمی پاشایەتییەوە و ئێستاشی لەگەڵ بێت، بەهۆکاری تێکەڵاویی ئابووریی ئێران بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا، هەڵکشان و دابەزینی بەهای دۆلار کاردانەوەی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێران. ئەم کاردانەوەیە بە ڕادەیەکە کە ڕۆژانە و لە زۆرێک لە ناڕەزایەتییەکانی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی ئێران لەسەر شەقامەکان ئاماژەی پێ دەکرێت، وەکو ئەوەی کە بە فارسی دەڵێن: “هزینەها دلاریە، درآمدها ریالیە”، واتە تێچووەکان بە دۆلارە، بەڵام داهاتەکانمان بە ریاڵە. بەڕاستی ئەوە بەتەنیا دروشمێک نییە، بەڵکو هەڵکشانی بەهای دۆلار کاردانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر تەواوی بوارەکانی ژیانی خەڵکی ئێران داناوە.
هەموومان دەزانین کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهای تمەن لە بەرانبەر دۆلار و باقی دراوە بیانییەکاندا بە ڕێژەیەکی سەرسووڕهێنەر دابەزیوە و ئەوە بەتایبەت لەسەر بازاڕ و دووکاندارەکان زۆر کاریگەرە. دووکاندارێک کاڵایەک کە ئێستا دەيفرۆشێت بە سەد هەزار تمەن، پاش کاتژمێرێکی تر یان بەیانی ناچار دەبێت هەر ئەو کاڵایە بە سەد و بیست و پێنج هەزار تمەن بکڕێتەوە. ئەوە یەکێک لە هۆکارەکان بوو کە کاردانەوەی بازاڕی گەورەی تارانی لێ کەوتەوە و ڕۆژی پێنج شەممە دووکاندارەکان و بازاڕییانی بازاڕی گەورەی تاران لە ناڕەزایەتی بەم بارودۆخە نالەبارە دووکانەکانیان داخست و لەناو بازاڕ دەستیان کرد بە ڕێپێوان و دەربڕینی ناڕەزایەتی.
بەڵام جیاواز لەم هۆکارە چەند هۆکاری گرنگی تر هەیە کە پێویستە ئاماژەیەکی کورتیان پێ بکرێت. یەکەم؛ ئەوەی کە ئابووریی ئێران بەتەواوی داڕماوە و هۆکاری سەرەکیی ئەم بابەتە دەسەڵاتی گەندەڵی سەرمایەداریی ئیسلامییە لە ئێران. لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی کە چل و حەوت ساڵی تێپەڕ کردووە، بەرژەوەندییە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و خورافییەکانی وای کردووە کە ڕێژەی بێکاری ئاستی ملیۆنی تێپەڕێنێت و هەر ئێستا بەپێی ئامارەکان زۆرتر لە حەوت ملیۆن بێکار هەیە. هەڵاوسان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە هەڵکشاندایە بە جۆرێک کە هەر ئێستا خودی کاربەدەستانی ڕژێم، کە لە دانی ئاماری ڕاستەقینە خۆ دەبوێرن، دەڵێن ڕێژەی هەڵاوسان چل و پێنج لە سەدی تێپەڕاندووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕێژەی هەڵاوسان سەبارەت بە بەشێک لە پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵک جاری وایە سەد لە سەد و دووسەد لە سەد تێدەپەڕێنێت.
هێڵی هەژاری بەپێی هەڵسەنگاندنی کارناسان و هەڵسووڕاوانی سەربەخۆی کرێکاری لە بەینی ٥٥ ملیۆن بۆ ٦۰ ملیۆن تمەنە (بۆ بنەماڵەیەکی ٣ بۆ٤ کەسیی کرێکاری)، هەرچەند کاربەدەستانی ڕێژیم و ڕێکخراوە بەکرێگیراوەکانیان دەڵێن هێڵی هەژاری ٣٥ ملیۆن تمەنە، بەڵام بەو حاڵەشەوە لانی کەمی حەقدەستی کرێکاران بۆ ئەم ساڵی ئێرانی کە تێیداین، لەلایەن شووڕای باڵای کاری ڕێژیمەوە بە هەژمارکردنی بنەمای مووچە (پایەی حقوق) و هەموو بەشەکانی دیکەی حەقدەست، ڕەنگە نەگاتە ۱۷ ملیۆن تمەن. ئەوە پێمان دەڵێت کە لانی کەمی حەقدەستی کرێکاران لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ٣ بۆ ٤ جار لەژێر هێڵی هەژاریدایە.
شەریکە پەیمانییەکان بەشێکی بەرچاو لە داهات و حەقدەستی کرێکاران و سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگە بەتاڵان دەبەن و ئەوە تەنگی بە کرێکاران هەڵچنیوە. لەلایەکی دیکەوە دیکتاتۆرییەت و سەرکوتگەری و زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام وەک شمشێرێک لە تەواوی ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکی ئێراندا خولاوەتەوە و هەموو مافە دیموکراتیکەکان وەکو ئازادیی بیروڕا دەربڕین و چالاکیی سیاسی لە خەڵک زەوت کراوە. هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ئەم ڕێژیمە و بەپێی دابونەریت و یاسا و ڕێسای دواکەوتوو و دژەژنی شەریعەتی ئیسلامی، تەواوی مافە سەرەتاییەکانی ژنان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامی خراوەتە ژێر پێ. ستەمی نەتەوایەتی و سەرکوتکردنی دڕندانەی نەتەوە ژێردەستەکان و پێشێلکردنی مافەکانیان لەو پەڕی خۆیدا بووە. خوێندکارانی زانکۆکان و مامۆستایان بەردەوام لە مەترسیی لە زانکۆ و لەسەرکار دەرکردن و گیران و زینداندا بوونە. بەگشتی هەڵاواردن و سەرکوتگەری لە تەواوی بوارەکانی ژیانی خەڵکی ئێران و بەتایبەت کرێکاران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەو پەڕی خۆیدا بووە. هەمووی ئەو هۆکارگەلە و هۆکارگەلێکی تریش ڕێگا خۆشکەر بوونە بۆ ئەوەی کە هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک لە شوێنێک دەستبەجێ بتەقێتەوە و تەشەنە بسێنێت بۆ شوێنەکانی تر و بەتایبەت گەڕەکە هەژارنشین و پەراوێزخراوەکان، و ئاخێزە جەماوەرییەکانی وەکو بەفرانباری ٩٦ و ئابانی ٩٨ و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە ساڵی ١٤٠١ و بزووتنەوەی ئێستاشی لێ بکەوێتەوە.
بۆپێشەوە: بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی جەماوەری لە ئێران، درێژکراوەی بزووتنەوە و ناڕەزایەتیی جەماوەریی پێشووە لەوانە جووڵانەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” یان جووڵانەوەیەکی جیاوازە؟
خەسرەو بۆکانی: بە بڕوای من ئەو بزووتنەوەیە هەر لە درێژەی ئاخێزە جەماوەرییەکانی پێشوودایە کە باسم کرد و شتێکی نامۆ نییە و دەمێک بوو چاوەڕوان دەکرا کە بە هۆکاری ئەو قەیرانە بنەڕەتییانەی کە بەرۆکی بە ڕێژیمی ئیسلامی گرتووە و هیچ وەڵام و چارەسەرێکی بۆ ئەو قەیرانانە نییە، وەها بزووتنەوەیەک سەرهەڵبدات. هەموومان لە بیرمانە کە چەخماخەی ئاخێزی جەماوەریی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ لە ناڕەزایەتی بە هەژاری و گرانیی لەڕادەبەدەر و بێکاریی بەرفراوان و قووڵتربوونەوەی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژی مەودا و کەلێنی چینایەتی و بێمافیی سیاسیی خەڵکی ئێران لێ درا. هەروەها هۆکاری سەرەکیی ئاخێزی جەماوەریی ئابانی ١٣٩٨ گرانکردنی بەهای بەنزین لەلایەن دەسەڵاتەوە بوو، یان بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بەهۆی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی سەری هەڵدا، کە بەڕاستی هەرکام لەو بزووتنەوانە کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییان خستە لەرزە و بەتایبەت بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا دەستکەوتگەلێکی بەنرخی بەدەست هێنا کە تا ئێستاش و سەرەڕای تەواوی ئەو هەوڵانەی کە ڕێژیمی ئیسلامی دای، نەیتوانیوە ئەو دەستکەوتانە لە خەڵک وەربگرێتەوە. ئەو بزووتنەوەیەی ئەمجارەش کە بەڕێزتان ئاماژەتان پێ کرد کە بە هۆکاری هەڵکشانی بەهای دۆلار دەستی پێ کردووە. کەوایە دەتوانین بڵێین کە ڕیشە و سەرچاوەی هەموو ئەو بزووتنەوانە لە گرانی و بێکاری و هەژاری و هەڵاواردن و چەوساندنەوە و نەبوونی ئازادیی سیاسیدایە، بەڵام بەڕاشکاوی دەکرێت بڵێین کە بزووتنەوەی ئێستا لە هەلومەرجێکی زۆر جیاوازتر لەگەڵ بزووتنەوەکانی پێشووتر سەری هەڵداوە و خەڵکی ناڕازی بە دەرس وەرگرتن لە هەموو ئەزموونە بەنرخەکانی ئاخێزە جەماوەرییەکانی پێشووتر هاتوونەتە مەیدان.
بۆپێشەوە: کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکدا ڕووبەڕووی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی جەماوەری بووەتەوە، کە لەلایەکەوە هێزە پرۆکسییەکانی لە ناوچەکە لەناوچوون یان زۆر لاواز کراون، ڕێژیمی بەشار ئەسەد ڕووخاوە، هێزە نیابەتییەکانی لە عێراقدا لەژێر گوشاردان… بەگشتی کۆماری ئیسلامی لە پێگەیەکی لاوازتر لە پێشوودایە، ئەم گۆڕانکارییانە چ کاریگەرییەکیان لەسەر بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی جەماوەریدا هەیە؟
خەسرەو بۆکانی: ئێستا کە چووینەتە ناو سێهەمین هەفتەی دەستپێکی ناڕەزایەتییەکان، نەتەنیا خەڵکی ناڕازی پاشەکشەیان نەکردووە، بەڵکو ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ خەبات و چالاکییەکان لەدژی ڕژیم زۆرتر پەرەی سەندووە بۆ شارەکان و ناوچەکانی تر. ئەوە پێمان دەڵێت کە ئەو بارودۆخەی کە لە پرسیارەکەی ئێوەدا هاتووە زۆر کاریگەر بووە لەسەر درێژەی بزووتنەوەکە. بەواتایەکی تر، هەر ئەو بارودۆخە و ئەو شکستانەی کە بەتایبەت لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەر کۆماری ئیسلامی کەوتووەو لە هەموویان گرنگتر داڕمانی مەشروعییەتی فیکری و ئایدیۆلۆژیک و سیاسیی ئەم ڕێژیمە، متمانەبەخۆی کۆمەڵانی خەباتکاری خەڵکی ئێرانی زۆر بەرز کردووەتەوە تا ئاستێک کە ئێستا ئیتر دامودەزگای سەرکوتی ڕژیم توانای جارانی نەماوە و ئەوە خەباتی جەماوەریی دژی تەواوی بنەماکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی چەند قات بەرەو پێش بردووە.
بۆ ئاگاداریتان دەمێکە کۆماری ئیسلامی لە بوارە جۆراوجۆرەکان لەوانە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ستراتیژی و سیاسەتە ناوچەییەکان و… تووشی داڕمان هاتووە و تەنیا بە پشتبەستن بە ماشێنی سەرکوت درێژە بە تەمەنی نەگریس و دژەمرۆڤانەی خۆی دەدات، بەڵام لە هەلومەرجی ئێستادا بە هۆکاری خەباتی پڕشنگداری کرێکاری و خەبات و تێکۆشانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە ساڵانی ڕابردوو و هەروەها ئەو بارودۆخەش کە ئێوە لە پرسیارەکەدا ئاماژەتان پێ کرد، ئیتر ئەو ئامرازەشی وەکو جاران کاریگەری نەماوە.
بۆپێشەوە: هاوسەنگیی نێوان دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی جەماوەری تا هاتووە بەسوودی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان شکاوەتەوە، گۆڕانی ئەم هاوسەنگیی هێزە بەسوودی کرێکاران و ژنان و لاوان و … چ کاریگەرییەکی لەسەر داهاتووی جووڵانەوەی ئێستا دەبێت؟
خەسرەو بۆکانی: ڕاستییەکەی بە هۆکاری لەسەرشەقامبوونی ڕۆژانەی کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، لاوان و بەگشتی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەکەوە، و لەلایەکی ترەوە شکستهێنانی سیاسەتە دژەکرێکاری و دژەمرۆییەکانی دەسەڵاتی سەرمایەداریی ئیسلامیی ئێران لە ناوەوە و لە دەرەوەی وڵات، ئێمە شاهیدین کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ هاوسەنگیی هێز بە قازانجی چینی کرێکار و ژنان و لاوان و بزووتنەوە جەماوەرییەکان و بە زیانی بۆرژوازیی حاکم گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و هەر ئەوە ڕێگا خۆشکەر بووە بۆ سەرهەڵدانی ئاخێزە شکۆدارەکانی کە پێشتر باسم کرد. بەڵام بەداخەوە سەنگ و قورسایی چینی کرێکار و کۆمەڵانی زۆرلێکراوی خەڵکی ئێران ئێستا نەگەیشتووەتە لوتکە، بەچەشنێک کە بتوانێت لە کێشە و ململانێ لەگەڵ سیستەمی حاکم قسەی کۆتایی بکات یان ویست و داخوازییەکانی بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێنێت.
بەڵام ئەگەر بمانەوێت کاریگەرییەکانی ئەو هاوسەنگییە کە باسمان کرد لەسەر بزووتنەوەی ئێستا و داهاتوودا ببینین، ئەوە تەنیا بە حزوری ملیۆنیی چینی کرێکار و کۆمەڵانی ستەملێکراوی خەڵکی ئێران لەو بزووتنەوەیە و خەباتی هەمەلایەنە لە دژی دەسەڵاتی داپڵۆسێنەر مسۆگەر دەبێت. پێکهێنانی ڕێکخراوەیەکی بەهێزی کرێکاریی سەربەخۆ کە هەموو بەشەکانی چینی کرێکار لەخۆ بگرێت و هەروەها بەرقەرارکردنی پەیوەندییەکی بەهێز و ڕێکخراو لەنێوان ڕێبەران و ڕێکخەران و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان، ئاسۆیەکی ڕوون و گەش بەرەوڕووی بزووتنەوەی ئێستا و داهاتوو دەکاتەوە و بەدڵنیاییەوە کاردانەوەی ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ لەسەر تەواوی کۆمەڵگە دادەنێت.
بۆپێشەوە: لەگەڵ دەستپێکی هەر جووڵانەوەیەکی جەماوەریدا لە ئێران، سەلتەنەت تەڵەبەکان و سێلبریتییەکان و ڕەوتگەلی ئومێدبەستوو بە ئەمریکا و غەرب دەکەونە جووڵە و دەیانەوێت سواری بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی جەماوەری ببن، چۆن دەڕواننە هەوڵی ئەو هێز و لایەنانە و تا چەندە دەتوانن کاریگەرییان هەبێت؟
خەسرەو بۆکانی: هەروەک ئاگادارن کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بە شۆڕشێکی جەماوەری سیستەمی پاشایەتی و سەڵتەنەت و بنەماڵەی پەهلەوییان ڕووخاند و لە سەحنەی سیاسەتی ئێران پاکیان کردنەوە. ڕووخاندنی حکوومەتی پەهلەوی و سیستەمی پاشایەتی لەلایەن خەڵکی خەباتکاری ئێرانەوە خواستێکی ئێحساسی و کاتی نەبوو، بەڵکو حاسڵی بێزاریی خەڵک لە دەسەڵاتێکی تا سەر ئێسقان گەندەڵ و سەرکوتگەر و دوور لە بەها ئینسانییەکان بوو. لە سەردەمی حوکمڕانیی بنەماڵەی پەهلەوی زوڵم و ستەم و سەرکوتگەری لەو پەڕی خۆیدا بوو، زیندانەکان لێواولێوی زیندانیانی سیاسی بوون، فەقر و هەژاری و نەداری ئاوێنەی باڵانوێنی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی سیستەمی پاشایەتی بوو، ئازادییەکان بەس بۆ دارودەستەی سەربەخۆیان بوو… هەربۆیە ئێستاش خەڵکانێک کە ئەو دەورانەیان لەبیرە لەو بنەماڵە و سیستەمەکەیان بێزاری دەردەبڕن. لەو کاتەشەوە کە لەسەر حوکم لادراون بە سەروەت و سامان و پارەی خەڵکی ئێران کە دزییان و لەگەڵ خۆیان بردیان خەریکی ژیانێکی پڕ لە گەندەڵی بوونە. هەربۆیە بە بڕوای من ئەو بنەماڵە و کەسانی سەر بە ئەوان هیچ جێگە و پێگەیەکی کۆمەڵایەتییان لە کۆمەڵگەی ئێراندا نییە.
هەروەک لە وەڵامەکانی پێشوودا باسم کرد، ڕیشە و سەرچاوەی لانی کەم ناڕەزایەتییەکانی دوو دەیەی ڕابردوو لە ئێران هەڵدەگەڕێتەوە بۆ فەقر و هەژاری و بۆشایی بەرینی چینایەتی و هەروەها سەرکوتگەری و دیکتاتۆرییەت، و سەرجەمی ئەو هۆکارگەلە بووەتە مایەی وەرچەرخانی کۆمەڵگەی ئێران بەرەو چەپ. کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری بەکردەوەدەرھێنانی نوسخەکانی ئابووریی نیۆلیبراڵی نەیتوانی قەیرانەکان چارەسەر بکات. دیارە سەڵتەنەتخوازەکان و لیبراڵەکان و بەگشتی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی ئێرانیش شتێکی تازەتریان لە ڕێگاچارەی نیۆلیبراڵی پێ نییە، هەربۆیە ئەوانیش توانای چارەسەری کێشە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێرانیان نییە. بۆیە من پێم وانییە شانسێکی ئەوتۆیان هەبێت، بەڵام دیارە بێکار دانەنیشتوون و بە پشتبەستن بە ئیمپریالیستەکان و بەتایبەت میدیای بەهێزی ئەوان خەریکن لە ئاوی لێڵ ماسی دەگرن. پێویستە لەو قۆناغە هەستیارەدا بەرەی چەپ و کۆمۆنیستەکانی ئێران دۆخەکە بەباشی هەڵسەنگێنن و ئاگایان لە پیلانگێڕییەکانی ئەو بەرەی بۆرژوازییە بێت.
بۆپێشەوە: جووڵانەوەی ناڕەزایەتیی جەماوەری لە ئێراندا، لە بنەڕەتدا ڕیشەی لە قڵشت و بۆشایی چینایەتیدایە و جووڵانەوەیەکی چەپی و ئازادیخوازانەیە، شانسی سەرکەوتنی ئەم جووڵانەوەیە لە گرەوی چیدایە؟ ڕۆڵی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان چۆن دەبینن؟
خەسرەو بۆکانی: هەروەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد، بە زۆر هۆکار کۆمەڵگەی ئێران بەرەو چەپ وەرچەرخاوە و زاڵبوونی گوتاری چەپ و سۆسیالیستی لە زانکۆکان و لەناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا بەئاشکرا دەبینرێت و ئەوە هەلێکی زۆر زێڕینە کە بۆ چەپی ئێران ڕەخساوە. بەڵام بەداخەوە ڕادەی ئامادەیی و هاوئاهەنگی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی متحزب و ڕێکخراو ڕەنگە لە ئاست ئەو بەستێنە لەبارەی کە لەناو بیروڕای گشتیی ئێراندا هەیە، نەبێت. بۆیە بە بڕوای من لە هەلومەرجی ئێستادا پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بە خێرایی و بە هەنگاوی جەسوورانە ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە تا بتوانن ڕۆڵی کارا و ئەرێنی بگێڕن. بەڵام هەروەک پێشتریش ئاماژەم پێ دا، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە خەڵکی ئێران بەگشتی بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەو بزووتنەوەیە پێویستە لە ئاستێکی ملیۆنیدا بەشداری لە ناڕەزایەتییەکاندا بکەن.
بۆپێشەوە: پەیوەستبوونی چینی کرێکار بەگشتی و کرێکارانی نەوت بەتایبەتی بە جووڵانەوەی جەماوەرییەوە، دەتوانێت ئاڵوگۆڕێکی یەکجار گەورە بەدوای خۆیدا بهێنێت، بەتایبەت ئەگەر بە شێوەی ڕێکخراو و ئاسۆیەکی شۆڕشگێڕانەوە بێتە مەیدان، دەتوانێت کۆتایی بە تەمەنی نگریسی کۆماری ئیسلامی بهێنێت، هۆکار چییە تاکوو ئێستا چینی کرێکار بەتایبەت کرێکارانی نەوت، بەکردەوە پەیوەست بە بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەوە نابن؟
خەسرەو بۆکانی: ئێوە زۆر بە دروستی ئاماژەتان بە خاڵێک کرد کە بەداخەوە لە هەلومەرجی ئێستادا یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی بزووتنەوەی جەماوەرییە لە ئێران. ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی بەتایبەت سی ساڵی ڕابردووی ئێران بدەینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە بزووتنەوەی کرێکاری سەرەکیترین بزووتنەوەی زیندوو لە مەیدانی خەباتی چینایەتی لە ئێراندا بووە. چینی کرێکاری ئێران بە تۆمارکردنی ساڵانەی زیاتر لە ٢٠٠٠ حەرەکەتی بچووک و گەورەی ئیعترازی، ڕۆڵێکی زۆر گەورە و شایانی بینیوە لە گۆڕینی هاوسەنگیی هێز بەدژی دەسەڵاتی سەرمایەداری لە ئێران. بە بڕوای من بەشی گەورەی خوڵقاندنی هەلومەرجی لەبار بۆ سەرهەڵدانی ئاخێزە جەماوەرییەکانی بەفرانباری ١٣٩٦ و خەزەڵوەری ١٣٩٨ و تەنانەت بزووتنەوەی ژیناش، بەرهەمی خەبات و چالاکیی ڕۆژانەی کرێکارانی ئێران لەسەر شەقامەکان و مەعمەلەکان و ناوەندەکانی کار و بەرهەمهێنان بووە. بەڕاستی بەشێکی زۆر لە تێکشکاندنی کەشوهەوای تۆقێنەر و دیکتاتۆرییەت لە ساڵانی ڕابردوودا، حاسڵی ڕەنج و خەباتی هەموو ڕۆژەی کرێکاران لەسەر شەقامەکان بووە.
بۆ ئاگاداریتان لە سەرجەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ڕابردوو و لەوانە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، کرێکاران وەکو تاک و بنەماڵەکانیان بەتایبەت لە گەڕەکە هەژارنشین و پەراوێزخراوەکان بەشداریی بەرین و بەرچاویان هەبووە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا چینی کرێکار وەکو چینێکی ڕێکخراو ئەو ڕادەیە لە ئامادەیی لە خۆیدا پێک نەهێناوە کە بەشداریی ئەو بزووتنەوانە بێت و هەر ئەوەش یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەمەبەست نەگەیشتنی ئەو بزووتنەوانە بووە.
بۆ ئەوەی کە بزانین بۆچی چینی کرێکاری ئێران بەتایبەت کرێکارانی نەوت لە وەها دۆخێکی نەخوازراودا قەراریان گرتووە، پێویستە سەرنج بدەین بە گوشارەکان و ئەو بەربەستانەی کە بۆرژوازیی حاکم لەسەر ڕێگای چینی کرێکار دایناوە و کۆمەڵێکی تر لە هۆکارەکان. کار و ژیانی کرێکارانی ئێران لە هەلومەرجی چەند قات لەژێر هێڵی هەژاری و فەقری مزمن، توانا و بڕستی لە چینی کرێکار بڕیوە. لەسەرکاردەرکردنەکانی بەکۆمەڵ و زیاتر لە ٧-٦ ملیۆن کرێکاری بێکار، مەجالێکی بەرفراوانی بۆ دەوڵەت و خاوەنکارەکان کردووەتەوە کە بە ئارەزووی خۆیان کرێکاران بچەوسێننەوە و مەجالی ڕێکخراوبوونیان پێ نەدەن. سەرکوتگەری و دامەزراندنی ئیدارەکانی حەراسەت لە هەموو شوێنە کرێکارییەکان لەلایەن دەوڵەت، شەریکە پەیمانییەکان کە وەکو زەروو خوێنی کرێکاران دەمژن، گرێبەستە سپی و بێواژۆکان کە هەموو چرکەیەک کرێکاران لەگەڵ مەترسیی بێکاربوون بەرەوڕوو دەکەنەوە، پیلانگێڕیی دەوڵەت و لەتلەتکردنی چینی کرێکار و دەرکردنیان لە کارگەکانی ژێر ١٠ کرێکار و کەمتر کە لە زۆرێک لە مادە یاساییەکان بێبەهرەن و… ئەوانە هەمووی هۆکاری سەرەکین بۆ ڕاگرتنی چینی کرێکار لە وەها دۆخێکی نالەباردا. لەلایەکی دیکەوە نەبوونی ڕێکخراوی سەرتاسەری و سەربەخۆی کرێکاری و پڕژوبڵاوی کرێکاران، بەداخەوە وای کردووە کە چینی کرێکاری ئێران لە قۆناغی ئێستادا بەو جۆرەی کە پێویستە نەتوانێت هەستێت بە ئەرکی مێژوویی خۆی.
بۆپێشەوە: بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری لە ئێران و کوردستان، لێک هەڵپێکڕاون و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر یەکتری هەیە، لە دۆخی ئێستا چ ئەرکێک دەکەوێتە سەر شانی خەڵکی کوردستان بەگشتی و جووڵانەوەی کرێکاری بەتایبەتی؟
خەسرەو بۆکانی: بەڵێ ڕاستە، سەبارەت بە هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان بزووتنەوەی کرێکاری لە ئاستی سەراسەری و کوردستان، کاتێک کە ئاوڕێک لە مێژووی ئەو پەیوەندییانە دەدەینەوە، ئاستێکی بەرز لە کار و خەباتی هاوبەش دەبینین کە هۆکاری سەرەکییەکەی هاوچارەنووسیی چینی کرێکارە لە ئێران و کوردستان و هەموو شوێنێکی جیهان. بەڵام خۆتان ئاگادارن کە کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی سیاسییە کە مەیل و بۆچوونی سیاسیی جیاواز لەوانە هێزە ناسیۆنالیستەکان تێیدا چالاک و هەڵسووڕاون و بەگشتی بەرژەوەندیی ئەو هێزانەش وا دەخوازێت کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان لە بزووتنەوەی سەراسەری جیا بکەنەوە و زۆریش بۆ ئەو بابەتە هەوڵیان داوە. بۆ نموونە هەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە کاتێکدا کە زۆرێک لە شارەکانی ئێران لەسەر شەقامن و خەریکی خەبات و چالاکی و شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزە ئەمنی و سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامین، ٧ لایەنی ناسیۆنالیستیی ڕێکخراو لە ناوەندێک بەناوی “دیالۆگ” بە دەرکردنی بانگەوازێکی هاوبەش داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەن کە مانگرتنی گشتی وەڕێ بخەن و بەم جۆرە خەڵک دەنێرنەوە ماڵەکانیان. مەبەستم ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بۆی فەرق ناکات، مردنێکی بەکاوەخۆ و ڕۆژانەی بەسەر تەواوی خەڵکی ئێران بە کوردستانیشەوە و بگرە زۆرتریش، داسەپاندووە و هیچ ڕێگایەکی دیکەی بۆ خەڵک نەهێشتووەتەوە جگە لە خەباتێکی جەماوەریی ڕاستەوخۆ.
دیارە بەخۆشحاڵییەوە خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان مێژوویەکی پڕشنگدار و پڕ لە شانازییان بۆ هاوکاری و هاوبەشی لەگەڵ بزووتنەوەی سەراسەری بۆ خۆیان تۆمار کردووە، بە چەشنێک کە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا بوون بە “چەشم و چراغی” خەڵکی سەرتاسەری ئێران. هەربۆیە لەو قۆناغە هەستیارەی ئێستادا، ئەرکێکی زۆر قورس و پێویست دەکەوێتە سەرشانی هەڵسووڕاوانی کرێکاری و هەڵسووڕاوانی چەپ و کۆمۆنیستی ئێران و کوردستان و خەڵکی کوردستان، تا نەهێڵن هیچ چەشنە جیایی و لێکدابڕانێک، کە لەلایەن دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوا-لیبراڵەوە (وەکو سەڵتەنەتخوازەکان و هێزە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان) هەوڵی بۆ دەدرێت، بکەوێتە ناو ئەو بزووتنەوە ڕەوایەی کە خوێنێکی زۆری بۆ ڕژاوە و لە پەرەسەندندایە.