خۆشباوەڕی بە هەڵبژاردن “هەڵبژاردن بێ پارتی ناکرێت” نووسینی: بنار مستەفا
بەشی چوارەم
لە کاتی نووسینی ئەم زنجیرە باسە لەسەر خۆشباوەڕی بە هەڵبژاردن، بابەتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان هاتە ئاراوە، کە بڕیارە لە حوزەیرانی ٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت. پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی ڕایگەیاند، کە بەشداری هەڵبژاردنەکان ناکات.
لێرەدا ناچمە سەر ئەو هۆکارانەی بەشداری نەکردنی پارتی، کە خۆیان باسی لێوە دەکەن، یان مانای “هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد” لە ڕوانگەی پارتییەوە لێک بدەمەوە. هەروەها شیکاری هۆکاری ڕاستەقینە و ئامانجی سیاسی پارتی لەم ڕاگەیاندن و سیاسەتەیدا لەم باسەدا جێگەی ناکەمەوە. هەموو ئەمانە گرنگن و بابەتێکە تەواو پەیوەندی بە ململانێی سیاسییەوە هەیە و کەمتر لە خودی هەڵبژاردن جێگەی دەبێتەوە. بەڵام لەگەڵ ڕاگەیاندنی پارتی بە بەشداری نەکردنی هەڵبژاردن، لێدوانێک بە فراوانی هاتە ئاراوە و بە شێوەی جیاوازی سەرنجی لەسەر دەدرا، کە لێرەدا جێگەی سەرنج و شێکاری منە.
دەگوترێت “بێ پارتی هەڵبژاردن ناکرێت.” هەم پارتی خۆی و هەم بەشێک لە نەیارانی بە شێوەی جیاواز دەیکەن. دەمەوێت لەسەر ئەم دەربڕێنە ڕاوەستم.
ئەم لێدوانە لە کوێوە سەرچاوە گرتووە؟ بۆچێ دەگوترێت، کە بە “بێ پارتی هەڵبژاردن ناکرێت”؟ لە هیچ جێگەیەکی تری جیهاندا گوتراوە، کە بەبێ پارتێکی سیاسی دیاریکراو، ئەنجامدانی هەڵبژاردن مەیسەر نابێت؟ لەو پرسیارانەش گرنگتر، ئایا بەڕاستی بێ پارتی لە کوردستاندا دەرفەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەیە؟
ڕەنگە زۆرێک درک بەو ڕاستییە بکەن، کە بە کردەوە بەشداری نەکردنی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، ئەو هەڵبژاردنە سەختە ئەنجام بدرێت، گەر ئەستەم نەبێت. ئەمەش لە تایبەتمەندی پارتییەوە سەرچاوەی نەگرتووە وەک لایەنێکی سیاسی، بەڵكو لە قۆڕغکردنی دەسەڵات لە لایەن پارتی لە لایەک و پووچی مانا و بێ ناوەڕۆکی هەڵبژاردن لە کوردستانەوە لە لایەکی ترەوە سەرچاوەی گرتووە.
وێڕای هەموو ئەو بابەتانەی لە بەشەکانی پێشوو باسمان کرد لە پەیوەند بە هەڵبژاردن و نەدانی دەرفەت بۆ ئاڵوگۆڕێ سیاسی لە کۆمەڵگەدا، بەڵام ئەگەر پڕۆسەی هەڵبژاردن وەک خۆی و بەو مانایەی پێی دراوە ئەنجام بدرێت، وەک زۆر جێگەی جیهان، نابێت پەیوەندی بەوەوە هەبێت لایەنێکی سیاسی بەشداری تێدا دەکات یان نایکات. گەر بڕیار بێت هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی دەسەڵاتی ئاینندە و یاساداڕێژەران و بڕیاردەرانی کۆمەڵگە بن، بۆ نابێت ئەم پڕۆسەیە بێ بەشداری لایەنێکی سیاسی ئەنجام بدرێت؟ ئەگەر بڕیار بێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەسەڵاتدارانی چوار ساڵی ئاینندە دیاری بکات، و لایەنێک خۆی بەدوور لێ بگرێت، بۆچی ئەم پڕۆسەیە ناکرێت ئەنجام بدرێت؟
هۆکارەکەی ئەوەیە، وێڕای پووچی هەڵبژاردن، لە کورستان هەڵبژاردن زۆر پووچتر و بێ ناوەڕۆک ترە لەوەی بتوانێت هەڵبژاردن بە پووچی ستاندارتی جیهانیش ئەنجام بدات. لە کوردستان هەڵبژاردن کارتۆنیترە لەوەی بتوانرێت ناوەڕؤکێکی شکڵی لێ دەربکێشرێت و لە ڕێگەیەوە خۆشباوەڕی دروست بکرێت.
بۆیە دەگوترێت بێ پارتی هەڵبژاردن ناکرێت، چونکە لە بەشێکی کوردستان پارتی دەسەڵاتداری موتڵەقە. ئەم دەسەڵاتەی لە ڕێگەی هەلبژاردن و دەنگدانی خەڵکییەوە بەدەست نەهێناوە و نەپاراستووە، بەڵكو لە ڕێگەی هێزی چەکدارییەوە. جێگەوڕێگەی پەرلەمان و حکومەت لە کوردستان لە خوار دەسەڵاتی دوو حزبی دەسەڵاتدارە، کە یەکێکیان پارتییە. پەرلەمان و حکومەت بۆیە هەیە، تا بەرگێکی تر بەسەر دەسەڵاتی میلیشییایدا بدەن. گەر بێت و پارتی بەشداری هەڵبژاردن نەکات، چۆن ئەو بەرگە بەسەر دەسەڵاتی هێزی میلیشیاییدا بپۆشرێت؟
خۆ ناکرێت لایەنێک بەشداری هەڵبژاردن نەکات و بەدەستهێنانی شەرعیەتی فەرمی جەماوەری بۆ فەرماڕەوایی وەرگرتبێت. لەمەش ئەستەم تر ئەوەیە، لەسەرو دەسەڵاتێکی میلیشیا پۆستی لە چەشنی سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران بدرێتە لایەنێکی تر، کە بە کردەوە خاڵێ بێت لە هەموو دەسەڵاتێک، و دەسەڵاتی پارتی بەسەریدا زاڵتر بێت. بۆیە لە هەر ڕوانگەیەک و ئەگەرێکەوە تەماشای بکەیت، ئەلتەرناتیڤی دەرئەنجامێک یەک لە یەک پووچترن و کەڵکی هیچ چەواشەیەکی نییە. گەر ئێستا وێڕای ئاشکرابوونی بۆ جەماوەری خەڵكی، کە دەسەڵاتداران نوێنەری خەڵكی و کۆمەڵگەی کوردستان ناکەن، بەڵام بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و وەرگرتنی پەنجەمۆری بەشێک لە خەڵکی، ئەو مافە دەدەن بەخۆیان، کە دەسەڵات شەرعیەتی پێدراوە. بەڵام ئەگەر ئەو لایەنەی دەسەڵاتی بەدەستە و بەشداری هەڵبژاردن نەکات، ناتوانن بە شکڵیش بوونی شەرعیەتی دەسەڵاتدارانی ئێستا ڕاگەیەنن.
لە یەک ڕستەدا پارتی دەسەڵاتی ڕەهای بەدەستە لەو ناوچانەی پێی دەگوترێت زۆنی زەرد. ئەم دەسەڵاتەش ڕادەستی هیچ لایەنێکی تر ناکات. کاتێک هەڵبژاردن دەکرێت، بۆ ئەوەیە لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و دەسەڵاتی شکڵی فەرمی وەرگرێت. واتە لە کوردستان هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، تا خزمەتی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بکات، نەک دەسەڵاتی دیاری بکات. گەر یەکێک لەم دووانە بەشداری هەڵبژاردنەکانی نەکرد، ئەوا هەڵبژاردنەکە دەرفەتی بەڕێوەچوونی نییە.