عەلی مەولود: ئەو جەنگە تەنها دژی دەسەڵات و رژێم نیە، بەڵکو دژی هەمووانە بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانیشەوە… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ عەلی مەولود، سەبارەت بە “جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئایندەی شەڕ و ئاشتی و جمهوری ئیسلامی”
بۆپێشەوە: لە کۆتایی مانگی دووەوە ئەمریکاو ئیسرائیل هیرشیان کردە سەر ئیران، پاساوی ئەم جەنگەیان بۆ بەرگرتن بە “چەکی ئەتۆمی، سنورداکردنی توانای چەکی بالیستیکی، کۆتاییهێنان بە هێزە پرۆکسیەکانی لە ناوچەکە،…” و، هاوکات لە ئیستادا کردنەوەی دەروی هۆرمزی بۆ زیاد بووە، ئەو پاساوانە تا چەندە هۆکاری سەرەکی و دەسپێکی ئەم جەنگەن؟ و ئیوە لاتان وایە هۆکاری سەرەکی ئەم جەنگە چییە؟
عەلی مەولود: بێگومان جیاوازی لە نێوان پاساوە راگەیانراوەکان و هۆکارە ڕاستەقینەکانی شەڕەکە هەیە، بەڵام پێشکەوتنی سەربازی ئێران، چەکی ئەتۆمی، موشەکی بالیستیکی و گروپە پرۆئێرانیەکان، مەترسی راستەقینەن، ئێران بەکردەوە لەپەنا خۆی چەندین وڵات و میلیشیای مەکۆی شەڕ بەڕێوەدەبات، ئەوە نەک تەنها بۆ ئەمریکا و هاوپەیمان و بەرژەوەندی و خەونەکانی، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکە مەترسیە.
شەڕی ئەمریکا – ئیسرائیل و ئێران، مێژوویەکی درێژتری هەیە، گەرچی دەستوەردانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لە شۆڕشی ١٩٧٩ی گەلانی ئیراندا، رۆڵی کاریگەری هەبوو لە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی (بەئامانجی ئەوەی لەپەنای یەکێتی سۆڤێت، رێگە بگرێت لە ئەزموونی چەپ و وەک ئەفغانستان دەسەڵاتێکی ئیسلامی بکات بە کێشە بۆ رووسیا) بەڵام وەک دەڵێن جادووەکە بەسەر خاوەنەکەیدا هەڵگەڕایەوەو هەرزوو کۆماری ئیسلامی کەوتە بەرامبەر ئەمریکا.
ئەو شەڕە لەکاتێکەوە دەستی پێکردووە کە ئێران چەکی ئەتۆمی و موشەکی بالیستی نەبووە، بەڵام لەسەرەتای هاتنیەوە هەوڵیداوە لەدەرەوەی هەژموونی سیاسی و ئابووری ئەمریکا وەک ئیمپریالیزمێکی ناوچەیی لە رۆژهەڵاتی ناوین جێبگرێت و فراوانخوازی بکات و لەبەرامبەر رۆژاوا و ئیسرائیل و بەرژەوەندیەکانیان بووەستێت.
ئەم شەرەی ئێستا شەڕی هەژموونییە، ئیسرائیل بەسوود وەرگرتن لە لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی، دەیەوێت وەک زلهێزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێتە پێشەوە. ئەمریکا لەگەڵ ئەوەی رووسیای بە جەنگی ئۆکراینەوە گیرۆدەکردووە، دەیەوێت لەڕێگەی کۆنترۆڵکردنی ئێرانەوە دەستی بە نەوت و وزەی ئێران و بازاڕەکانی رابگات و بەر بە چین بگرێت، کە خەریکە بازرگانی و بازاڕەکانی رۆژهەڵات دەخاتە ژێر دەستی خۆی و هەوڵی هەیە بۆ ئەوروپاو خۆرئاواش، ئەویش لەکاتێکدا کە گەشەی ئابووری ئەمریکا رووی لەپاشەکشەیە.
هەرچەندە داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشێکە لەخەونی ئەمریکاو ئیسرائیل، بەڵام ئەوەی بەکردەوە دەتوانن بیکەن رێگاگرتنە لەپاشەکشەی زیاتر، وەک دەڵێن هێرش باشترین بەرگرییە، ئەم شەڕە بۆ ئەمریکا چارەنووسسازە، بەڵام بردنەوەی مسۆگەر نییە. گرفتی ئەمریکا لەوەدایە ئەو نەمامانەی لەناوچەکە دەیانچێنێت ئەو (بەر)ە نادات کە دەیەوێت، ئەوە ئێران ١٩٧٩، ئەفغانستان کۆتایی هەشتاکان، عێراق٢٠٠٣، تەنانەت ئیسرائیلیش کە بووەتە خاوەنی ستراتیژی سەربەخۆ لەناوچەکەو دووریش نیە لەئایندەدا سووریا ببێتە ناوچەی کیشە بۆی.
هۆکاری سەرەکی ئەم شەڕە: ململانێیە لەسەر پێگەی ناوچەیی، ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئەوەی وەک جەمسەری هێز لە ناوچەکەدا بمێننەوە دەبێت شەڕ بکەن، دەرگای هەوڵی نەرم بەستراوە، ئەمە بۆ ئەمریکا پێشڕەوی نیە، هەنگاوێکە بۆ دوواوە، ئەوەی کۆنترۆڵی وزە و گەرووی هورمز بکات، دەستڕۆیشتوویی زیاتری بەسەر سیاسەت و بازرگانی ناوچەکەو ئابووری جیهاندا دەبێت.
هەروەها ئەم شەڕە بەشێکە لە قەیرانی سیستەمی سەرمایەداری، شەڕەکان ڕێگەیەکن بۆ ڕاکردن لە قەیرانە ئابوورییەکان، زەیتکردنی چەکەکان و خستنەوەگەڕی کارگەکانی چەک و تەقەمەنی و کردنەوەی بازاڕەکان بەڕوویاندا کورتکردنەوەی رێگای چارەسەری قەیرانەکانی سەرمایەدارین.
بۆپێشەوە: ئاینندەی ئەم جەنگە چۆن دەبینن؟ ئایا ئەم جەنگە دەتوانێت کۆتایی بەدەسەڵاتی ولایەتی فەقییە بهێنێت؟ ئەڵتەرناتیفی داهاتوو چی دەبێت؟
عەلی مەولود: هێشتا داهاتووی ئەم جەنگە تەمومژاوییە و وابەستەیە بە چەند ئەگەری کراوە، ئەمریکاو ئیسرائیل هاوپەیمان و تەنانەت هاوهەڵوێستن، بەڵام هاوستراتیژ نین سەبارەت بە ئێران و ناوچەکە، پرسی “گۆڕانکاری سیاسی” بەمانای گۆڕینی رژێم، لە ئەجێندای ئەمریکادا نییە، ئەو دەیەوێت سیاسەتی ئێران بگۆڕێت و کۆماری ئیسلامی لەگەڵی رێکبکەوێت، لە وەبەرهێنان و وزە و بازاڕی ئێران جێگایەک وەربگرێت، ئێران لە دەستی رووسیاو چین دەربێنێت، ئەگەر ئەمە رووی نەدا لەناو خودی رژێم باڵێکی گوێڕایەڵ پەیدا بکات بۆ ئەو گۆڕانکارییانە.
بەڵام ئیسرائیل مەبەستیەتی دەوڵەتی ئێران بڕووخێت، لەرێگای شەڕەوە بێت یان لەڕێگای خەڵکەوە، ئەو خەونی بوون بە ئیمپریالیزمی ناوچەیی هەیە، بەڵام هێشتا هەڕەشەی کۆمەڵگای ئیسلامی لەسەرە کە کۆماری ئیسلامی و پەلوپۆکانی، چالاک و کاریگەرن لەو بوارەدا، بۆیە هەوڵدەدات لە پێگەی بەرگرییەوە بچێتە قۆناغی هێرش، نایەوێت بۆ هەمیشە چاوی لە پاڵپشتی ئەمریکا بێت، چونکە لە حاڵی نەمان یان لاوازبوونی ئەمریکا ئەم مەترسیە زیاد دەکات.
دەسەڵاتی ئێران ئەگەری ڕووخانی لە ئارادایە، بەڵام نە بەهۆی بۆردومانی دەرەکی، ئەم جەنگە بووەتە هۆی لاوازبوونی سیاسی و سەربازیی و بەوهۆیەوە لەوانەیە خەڵک و هێزە سیاسیەکان بتوانن بیروخێنن یان بەشێکی بڕووخێت وەک عێراقی ١٩٩١ و سوریای ٢٠١١. کۆماری ئیسلامی لەلایەن خەڵکەوە حوکمی رووخانی دراوە، ماوەتەوە سەر ئەوەی کەی ئەو دەرفەتەیان بۆ هەڵدەکەوێت و هێزە سیاسیەکان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو خواستە شەعبییە دەکەن.
ئەگەر نەروخێت مەرگەساتی گەورە بەرۆکی خەڵكی ئێران دەگرێت، گرانی و بێکاری و برسێتی پەرەدەستێنێت، داهات و سامانی گشتی بۆ بنیاتنانەوە و بووژانەوەی دەوڵەت بەکاردێت، توونتر رووبەڕووی خواستەکانی خەڵک دەبێتەوەو بۆ کۆنترۆڵکردنی خەبات و بەرەنگاری خەڵک سەرکوت و ملهوری پەرە پێدەدات، بە ناوی بەرگری لە نیشتمان و بڕینی دەستی دووژمن، سەرکوتی خوێناوی جوڵانەوە سیاسیەکان دەکات.
کۆماری ئیسلامی دوومەڵی پڕ لەزوخاوی ناوچەکەیە و مەکۆی تیرۆریزمە لەجیهان، رووخانی ئەم دەسەڵاتە راستەوخۆ بەمانای پاشەکشەی تیرۆریزمی ئیسلامییە، بەڵام رووخانی ئەگەر لە ناوخۆوە و بە ئیرادەی جەماوەر نەبێت، ئەڵتەرناتیفەکەی نابێتە ئازادی. جەنگی دەرەکی ئەگەر دەسەڵاتەکانیش بڕووخێنێت، ناتوانێت سیستمێکی دادپەروەر بنیادبنێت.
بۆپێشەوە: بەشیک لە هێزە سیاسیەکان چ ئیرانی و چ کوردستانی، ئومێدی خۆیان بۆ روخاندنی جمهوری ئیسلامی و گەیشتن بەدەسەڵات بە جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل بەستۆتەوە، لەو بارەیەوە دەلێن چی؟
عەلی مەولود: پشتبەستنی هێزە سیاسییەکان بە هێزی دەرەکی بۆ گۆڕینی دەسەڵات، نیشانەی قەیرانی سیاسی و دابڕانە لە خەڵک، ئەو هێزە سیاسییانەی چاوەڕێی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلن تا ڕێگەیان بۆ خۆش بکەن بەرەو دەسەڵات، لە ڕاستیدا دەبنە بارمتەی ئەجێندای ئەوان.
ئەمریکاو ئیسرائیل بەدوای بەرژەوەندیی خۆیانەوەن، نەک دابینکردنی ئازادی و دیموکراسی و مافەکانی گەلانی ئێران و کوردستان. رەنگە شەڕ دۆخی نوێ بێنێتە پێشەوە بۆ چالاکی سیاسی، بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە فەزای سیاسی زیاتر دابخات و جوڵانەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان زیاتر بخاتە ژێر داروو پەردووی خۆی، لەهەردوو حاڵەتدا سەربەخۆیی سیاسی و متمانە بەستن و مایەدانان لەسەر ئیرادەی جەماوەر، پرسی گرنگی سیاسین.
بەستنەوەی ئومێدی گۆڕانکاری بە جەنگ و هێزی دەرەکی، زیانی گەورە لە بزووتنەوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتیەکان و چالاکوانی ناوخۆ دەدات، جەماوەر لە کارەکتەرێکی بکەر و تێکۆشەرەوە دەگۆڕێت بۆ تەماشاکاری رووداوەکان، هێزە سیاسیەکان خۆشیان دەبن بە بابەتی سەوداو مامەڵە، ڕوخانی جمهوری ئیسلامی کاتێک دەبێتە دەستکەوت بۆ خەڵک، کە بەرهەمی ئیرادەی خۆیان بێت.
ئەمریکا ئەگەر ئامانجەکانی بەدیبێن نایەوێت جەنگێکی گەورە ناوچەکە بگرێتەوە، کە کاریگەری لەسەر ئاسایشی سیاسی و ئابووری جیهانی دەبێت. ئەوکات ئەو هێزانەی ئومێدیان بە شەڕەوە گرێداوە دەستبەتاڵ دەمێننەوە، بەڵام ئیتر کات درەنگە، چونکە جەماوەر کە هێزی سەرەکی گۆڕانکارییە، لەو سەوداو مامەڵەیەدا گورزی گەورەی بەرکەوتووە.
کۆماری ئیسلامی هیچ گرنگی و بەهایەکی بۆ خەڵک نیە، بوونی بە هێزی یەکەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خاوەنی چەکی ئەتۆم، نەک هیچ دەرگایەک بەڕووی ژیانێکی باشتر بۆ خەڵک ناکاتەوە، بەڵکو مەترسیەکان زیاتر دەکات، ئەو بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و پاراستنی میلیشیا تیرۆریستەکان ئامادەیە ژیانی دەیان ملیۆن کەس بخاتە مەترسییەوە، ئەو هیچ بەهایەک بۆ ژیانی خەڵک دانانێت، بۆیە رووخاندنی ئەو رژێمە پێویستە بەشێک بێت لە هەوڵی وشیارانە و هەنگاوی کرداری هێزە سیاسیەکان، بەڵام لەڕێگای خەباتی رێکخراوی خەڵکەوە.
بۆئەوەی رووخان یان گۆڕانی کۆماری ئیسلامی لە بەرژەوەندی گەلانی ئێران بچیتە پێشەوە، ستراتیژ و گوتارو سیاسەتێکی سەربەخۆ پێویستە کە سەر بەهیچکام لە لایەنەکانی شەڕ نەبێت، سەربەخۆیی سیاسی هەبێت، زۆرجار جەنگەکان دەرفەتی گۆڕانکاری بەقازانجی خەڵکیش دروست دەکەن، بەڵام بەمەرجێک ڕێکخراوە سیاسییەکان، هاوکات لەگەڵ خواستەکان و بەرەنگاری کۆمەڵایەتی خەڵک، وەک ئاراستەی سێهەم کاربکەن.
بۆپێشەوە: ئەم جەنگە چ کاریگەرییەکی لەسەر بزوتنەوەی نارەزایەتی بۆ روخاندنی رژێمی ئێران دەبێت؟
عەلی مەولود: رووخانی رژێم ئەرکێک و ئامانجێکی لەپێشینەی خەڵکی ئێرانەو کۆماری ئیسلامی لە روانگەی خەڵکەوە بڕیاری رۆیشتنی دراوە و جەنگی دەرەکیش، دەتوانێت ئەو پرۆسەیە خێراتر بکات، بەڵام رووخانی رژێم خۆی لەخۆیدا ناتوانێت ئاوی دڵی خەڵک بدات، رووخانی کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی جەنگی ئەمریکاوە نامانگەیەنێت بە ئازادی و دیموکراسی، ئەو جەنگە تەنها دژی دەسەڵات و رژێم نیە، بەڵکو دژی هەمووانە بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانیشەوە.
یەکەمین دەرئەنجامی جەنگ ئەوەیە کە دەسەڵات هەموو داخوازییەکی خەڵک بە پاساوی شەڕ، سەرکوت دەکات و بەبیانووی جەنگەوە سەختترین دۆخی سیاسی و ئابووری دادەسەپێنێت. جەنگ دەرفەت دەداتە باڵە توندڕەوەکانی ناو دەسەڵات کە جومگەکان زیاتر کۆنترۆڵ بکەن و برەو بە توندوتیژی بدەن. ئەگەر رژێمیش بڕوخێت هێزە براوەکان سیستمێک بەسەر خەڵکدا دەسەپێنن کە بەرژەوەندی خۆیان بپارێزێت.
بۆپێشەوە: لە ئیستادا ئاگربەستێک هەیە و گفتوگۆکان لە نێوان ئەمریکاو ئیران بەردەوامە، چۆن دەڕواننە ئەم ئاگربەست و گفتوگۆیانە؟ ئایا بە ئاکام دەگەن، یان خولێکی تری جەنگ دەست پێدەکاتەوە؟
عەلی مەولود: ئاگربەست و گفتوگۆ لە نێوان ئەمریکاو ئێراندا، هێشتا بۆ رێککەوتن نیە، بۆ کڕینی کاتە، مێژووی پەیوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە پڕە لە دانوستانی بێ ئەنجام، ئەمەی ئێستاش بێدەنگکردنی چەکەکان و گۆڕینی شێوازی ململانێیە بۆ هێز کۆکردنەوە و خۆسازدانەوەیە، ناکۆکیەکان و جیاوازیەکان بەهەمان ناورۆک و قەبارەی پێشوو ماونەتەوە، هێشتا لەهیچ خاڵێکدا بەرژەوەندییەکانیان یەکی نەگرتۆتەوە، ئیرادەیەک و لێکتێگەیشتنێک نابینرێت بۆ رێککەوتن، هەردولا دەزانن بەرامبەرەکەیان هیلاک بووە، بەڵام هەردوولا بە غرووری بێ ناوەرۆک و لوتبەرزی دەچنە سەر مێزی وتووێژ.
ئەمریکا گرەو لەسەر ئینتیهازییەتی ناو دەسەڵاتی ئێران دەکات، بەڵکو کەسانێک بێنەپێشەوە بۆ پاراستنی خۆیان و لەترسی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی جەماوەری، مل بە داواکارییەکانی ئەمریکا بدەن و ئێرانیش گرەو لەسەر ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئەمریکاو هەڵبژاردنی داهاتوو، تەدەخولی رووسیاو چین دەکات، کە هەردووکیان ئەسپی دۆڕاون. ئابووری ئەمریکا تووشی نەزیفێکی توند بووەو ژێرخانی ئابووری و سەربازی ئێران داڕووخاوە.
رێککەوتن لەسەر دۆسیە هەستیارەکانی وەک (چەکی ئەتۆمی، نەوت و وزە، پیتاندنی یۆرانیۆم، سزاکانی سەر ئێران، هەژموونی ناوچەیی، موشەکی بالیستی، گەرووی هورمز، میلیشیاکان،.. ) لە هەردوولاوە پێویستی بە سازشی گەورە هەیە، بەڵام دەرکەوتن وەک سەرکەوتووی جەنگیش بووە بەخاڵێکی دیکەی ناکۆکی، بۆیە گفتوگۆکان رەنگە جۆرێک ڕێککەوتنی سارد بەرهەم بێنێت کە ناکۆکی و ململانێکان بەردەوام بن و مەترسی شەڕ وەک سێبەرێک بەسەر ناوچەکەوە هەر بمێنێتەوە، بەڵام جەنگی ڕاستەوخۆ ڕوونەدات. ( ئەگەر جەنگ دەست پێبکاتەوە ئەمجارە کەمەرشکێن دەبێت)
بۆپێشەوە: لە دۆخێکدا کە جەنگ سایەی بەسەر دنیاو ناوچەکەدا کردووە، چ ئەرکێک دەکەوێتە سەر چەپ و کۆمۆنیستەکان و بزوتنەوەی کرێکاریی؟
عەلی مەولود: دیاریکردنی ئەرک و نەخشەڕێگا بۆ دۆخی ئێستای ئێران، پێویستی بە وردبوونەوەی زۆرە، ئەرکی چەپ و کۆمۆنیستەکان و بزووتنەوەی جەماوەری و کۆمەڵایەتی و پێشڕەوانی بزووتنەوەی خەڵکی، لە هەموو کاتێک قورستر و هەستیارترە. من مافی ئەوەم نیە ئەرک بۆ ئەوان دیاری بکەم، بەڵام بۆ چەپ و کۆمۆنیستەکان (لە ئێران و ناوچەکە) ئەم قۆناغە تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی چارەنووسسازە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئایا دەتوانن ببنە پێشەنگی گۆڕانکارییەکان یان وەک چاودێری رەخنەگر دەمێننەوە.
یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی ئەم قۆناغە درووستکردنی بەرەی سێهەم و بەرزکردنەوەی ئاڵای خەبات و بەرەنگاری خەڵکە بۆ نوێنەرایەتی پرسی عەدالەتی کۆمەڵایەتی، نە کۆماری ئیسلامی دژە ئیمپریالیزمە و نە ئەمریکا و ئیسرائیل نوێنەرایەتی دیموکراسی و ڕزگاری گەلان دەکەن، ئەم جەنگە هی خەڵک نییە و بۆ خەڵک نیە، ئێمە ئەزموونی بولشەویکەکانمان هەیە بۆ سوود لێوەرگرتن، کە ئەزموونێکی دەوڵەمەندە.
گۆڕینی ‘جەنگی ئیمپریالیستی بۆ جەنگی ناوخۆیی و خواستی نان و ئاشتی و زەوی، ستراتیژێکی گرنگی بولشەویکەکان بوو، نان بۆ برسیەکان و ئاشتی بۆ رزگاربوون لە جەنگ و زەوی بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستیەکانی ژیان، بۆ چەپ و کۆمۆنیستەکانی ئێرانیش جەخت کردنەوە لەسەر کێشە بنەڕەتییەکانی وەک: نان، کار، ئازادی، پرسی ژن، پرسی یەکسانی، مافی نەتەوەکان، دیموکراسی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، گرنگە، بۆ ئەوەی ببنە بزوێنەری بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی – سیاسی بەهێز، بۆ توندکردنەوەی شەڕی خەڵک لەگەڵ رژێم.
ڕێکخستنی بەدیل بابەتێکی سەرەکییە، چەپەکان و خەڵک پێویستە لە هێزی ناڕەزایەتییەوە بگۆڕێن بۆ هێزی بەڕێوەبردن، لە هەر شوێنێک دەسەڵات شل دەبێتەوە، خێرا بن لە خۆڕێکخستن بۆ ئیدارەدانی کاروباری ژیانیان، ئامرازی خۆبەڕێوەبردن و هێزی پاراستنی خۆیان دروست بکەن. لە درووشمەوە هەنگاو بنێن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەی داهاتوو، بۆئەوەی گۆڕانی رژێم تەنیا سیاسی نەبێت و کۆمەڵایەتی و یاسایی و ئابووریش بێت، بەهامرۆییەکان، ئازادیە گشتی و تاکەکەسیەکان، دادی کۆمەڵایەتی، یەکسانی ژن و پیاو، مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان (بە جیابوونەوە بێت یان بە پێکەوەژیانی ئارەزومەندانە) بکەن بە بەرنامەی کاری خۆیان.
ئەرکی کۆمۆنیستەکان و چەپەکان تەنها ‘نەخێر بۆ جەنگ’ نیە، بەڵکو گۆڕینی ئەم نەخێرەیە بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی، درووستکردن و پەرەپێدانی پەیوەندی هاوچارەنووسی و هاوخەباتی و هاوپشتی لەنێوان بەشەجۆراوجۆرەکانی خەڵکی ئێران و بوونە پردی پەیوەندی بن لەنێوانیان، چ لەسەر ئاستی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و چ لەسەر ئاستی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئیتنیکی.
دەسەڵاتی سیاسی بەهۆی جەنگەوە هارتر بووە بەڵام لاوازبووە، سوود وەرگرتن لەو لاوازییەو قوڵکردنەوەی گرنگە. ئامادەبوونی کۆمۆنیستەکان وەک هێزێکی ڕێکخراو و یەکگرتوو و خاوەن بەرنامەی کارو ئەڵتەرناتیف گرنگە، ڕێکخراوبوون و رێکخراوترکردنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و کۆڕوکۆمەڵەکانییان، هەماهەنگی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و دامەزراوە مەدەنیەکان، دەتوانێت هێزی پێویست بۆ رووخاندنی رژێمی ئیسلامی ئامادە بکات.
زۆر گرنگە چەپ و کۆمۆنیستەکان بەرخوردی ئایدۆلۆژی لەگەڵ دۆخەکە نەکەن، خواستی سەرەکی خەڵک بکرێت بە درووشم و ستراتیژی سیاسی، شۆڕشی ئۆکتۆبەر وانەیەکی دەوڵەمەندە بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن شەڕی دەرەکی دەتوانرێت بگوڕدرێت بۆ دەرفەتی ڕزگاری، خەڵک لەجیاتی ئەوەی ببنە قوربانی شەڕێکی وێرانکەر، ببنە خاوەنی بڕیار بۆ گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی مەزن.
هێزە سیاسیەکان و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتیەکان دەبێت سەرنجی خەڵک بۆ سەر کێشە بنەڕەتییەکان و داواکارییە جەماوەرییەکان ڕابکێشن، ئەزموونی (ژن، ژیان ئازادی) پەرە پێبدەن، بەرەی نان و کارو ئازادی بەهێز بکەن، تۆڕەکانی بەرەنگاری و تۆڕی پشتیوانی کۆمەڵایەتی دروست بکەن بۆ یارمەتیدانی خێزانە هەژارەکان و ئاوارەکان، کار بکەن بۆ: خۆبەخشی و ڕێکخستنی تیمەکانی فریاگوزاری و گەیاندن و شەرمەزارکردنی تاوانە مرۆیی و ژینگەییەکان بە جیهان بۆ دروستکردنی فشاری نێودەوڵەتی.