عامر سابیر: ئەم هاتنەدەنگ و هاوپشتییەی خەڵک بۆ داکۆکی بوو لە مۆدیلێکی بەڕیوەبردن کە خەڵک لە خوارەوە خۆی ڕێکخستووە و دەسەلاتێکی سکۆلاری دامەزراندووە کە یەکسانی ژن و پیاو، ئازادی دەربڕین، هاوژیانی پێکەوەیی، بەدەر لە هەر هەڵاواردنێکی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی، وە پاراستنی ماف و حورمەتی ئینسان لە نێویاندا مناڵان هەیە…. دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕی عامر سابیر کادری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بەهیرشی رژێمی سوریا بۆسەر ناوچە کوردنشیەکان و هەسەدە و ئاینندەی ئەزموونی خۆسەری…

0

بۆپێشەوە: دوای هێرشی سوپای سوریا بۆسەر گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە شاری حەلەبی سوریا… سوپای سوریا بەهاوکاری ڕژێمی تورکیا و بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا دەستی داوەتە هێرش بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی سوریا و هەسەدە، ڕیشەی ئەم هێرشە لە چیدایە و بەدوای چ ئامانجێکەوەیە؟

عامر سابیر: سەبارەت بە ڕیشەی ئەم هێڕشەی حکومەتەکەی جۆلانی تیرۆریست (کە لە ٦/١/٢٠٢٦)ەوە دەستی پێکردوە. پێویستە باسی دوو خاڵ بکرێ کە من پێم وایە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بەوەی ئێستا لە کوردستانی سوریا و تەواوی ناوچەکە و جیهاندا ئەگوزەرێ.

یەکەم: ئەو قەیرانە قوڵەی کە چینی بۆرژوازی ئەمریکا و دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوا لە ئەمریکادا خوڵقاندویانە و گیرۆدەی بووون. کە قڵشتی فراوانی چینایەتی و داڕووخانی ئابووریەکەی و کەمبوونەوەی هەژموونی و بێ ئیعتیباربوونی زیاتری دۆلارەکەی و کەم بوونەوەی ڕۆڵی دۆلار وەک پارەی بەکارهاتوو لەجیهاندا و دۆرانی شەڕی ئابووری بەرانبەر بە چین، دەرهاویشتەکانێتی.

دووەم: هەبوونی ئیسرائیل وەک پێگەیەکی ئیمپریالیزمی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

لە ساڵی ١٩٩٥ دا بنیەمین نەتەنیاهۆ کتێبێکی نووسی بە ناونیشانی (بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر)(١) کە لەوێدا باسی حەوت وڵات ئەکات کە وەک ستراتیژێک بۆ پاراستنی ئیسرائیل پێویستە (ڕژێم چەینج) یان تیادا بکرێت. کە ئەوانیش (عێراق، سوریا، لوبنان، لیبیا، سۆمال، سودان و ئیران) بوون. کە ئێستا جگە لە ئێران، ئیسرائیل توانییویەتی بە هاوکاری لۆبی زایۆنیزم و پشتیوانی ئەمریکا لە هەر شەش وڵاتەکەی تردا مەرامەکانیان بهێننە دی. دیارە مەبەستی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕژێم چەینج، هەر ئەوە نییە کە ئەڵقە لەگوێیەکی خۆیان بسەپێنن بەسەر ئەو وڵاتەدا، بەڵکو ئەیانەویت ئەو وڵاتە وەها ویران بکەن و بیڕووتێننەوە و ئابوورییەکەی وەها داڕووخێنن و شەڕی ناوخۆیی تیادا دروستبکەن و لاوازی بکەن کە هەرگیز نەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. هەر وەک لە عێراق و لیبیا و سۆمال و سودان و لوبنان سیناریۆی ڕەشیان خوڵقاند و دەوڵەتی شکستخواردوویان (فەیڵد ستەیت) پێکهێناوە.

 

 لە ٦/١٢/٢٠٢٤ دا بە پلانی (موساد و میت و سی ئای ئەی) وە بە ئاگادارکردنەوەی ڕوسیا، ڕێکەوتن کە بەرپرسی گرووپێکی تیرۆریستی ئیسلامی (ئەبو محەمەدی جۆلانی)  بسەپێنن بەسەر خەڵکی سوریادا و بەشار ئەسەد ناچاربکەن هەڵبێت بۆ ڕوسیا. وە لە ٢٩/١/٢٠٢٥ەوە ئەم گەورە تیرۆریستە وەک سەرۆکی کاتی سوریا پێناسەئەکەن و ناوەکەی گۆڕدراوە بە (ئەحمەد شەرع).

کاتێک کە ڕوسیا لە ٣٠/٩/٢٠١٥ بە سوپایەکی زۆرەوە چووە سوریاوە، کە پۆتین وتی لەسەر داخوازی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد بووە، تا بیپارێزێ لە هێڕشی داعش و گروپە تیرۆریستییە ئیسلامییەکانی تر. لەوکاتەدا ڕووسیا بەم کارەی وەک یەکێک لە ڕەقیبەکانی ئەمریکا ئیعتیباری نێودەوڵەتی زۆری بۆ خۆی گێڕایەوە. دیارە لەوکاتەدا ناوچە کوردنشینەکانی کوردستانی سوریا لە ساڵی ٢٠١٢ ەوە لە ژێر دەستی (یەپەگە)دا بوو، هەر لەوکاتەوە کە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد هێزەکانی خۆی لە کوردستانی سوریا کشانەوە تا دیمەشقی پی بپارێزێ. هێزەکانی یەکەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) لە ساڵی ٢٠١٤دا بەرگرییەکی قارەمانانەیان لە کۆبانی کرد و ئازایانە لە دژی هێڕشی وەحشیانەی تیرۆریستەکانی داعش وەستانەوە و نەیانهێشت شاری کۆبانێ بکەوێ، تا لە ٢٦/١/٢٠١٥دا (کۆبانێ)یان بەتەواوی لە داعش پاککردەوە و ڕزگاریان کرد، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لەوکاتەشدا حکومەتی فاشیستی تورکیا بەهەموو توانایەوە یارمەتی مادی و مەعنەوی داعش و گرووپە تیرۆریستییە ئیسلامییەکانی تری ئەدا بۆ هێڕشکردنە سەر دەسەڵاتی خۆسەری لە ناوچەکانی کوردستانی سوریادا.

بەکورتی هەلومەرجێک کە لە کوردستانی سوریا و سوریادا ئەگوزەری، دابڕاو نییە لەوەی لە غەزە و فەنزویلا ئەگوزەرێ. دنیای تاک جەمسەری جێگەی خۆی داوە بە دنیای دوو جەمسەری، یان فرە جەمسەری. ئەمریکا پێگەی پێشووی نەماوە و دەورانی ڕوو لەخواری خۆی دەستپێکردووە، بۆیە بێ پەردە و بێ هیچ دەمامکێک پەلەقاژەی مانەوەی دەوری خۆی ئەکات و نیهادە نیودەوڵەتییەکانی پشتگوێ خستووە و چیتر باسی مافی مرۆڤ و دیموکراسی ناکات و سوریا ئەداتە دەست داعش و بێ مەرج پشتیوانی لە حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل و تاوانەکانی نەتەنیاهۆ ئەکات و بەو هێزە سەربازییەی هەیەتی تاوان ئەخوڵقێنێ و داگیرکاری ئەنجام ئەدات و پەرە بە فاشیزم ئەدات.  

بۆپێشەوە: دوای ١٤ ساڵ لە دەسەڵاتی خۆسەری و خۆبەڕێوەبردن، لەناوچە کوردنشینەکانی سوریا و هاوکاری ئەمریکا و غەرب بەو ئەزموونە بەتایبەتی لە جەنگی دژە داعشدا، هۆکار چییە ئەمریکا و غەرب، ئیستا پشتی دەسەڵاتی داعشی ئەحمەد شەرع و ڕژێمی لەرزۆکی سوریا دەگرن؟

عامر سابیر: هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە لەئێستادا ئەحمەد شەرع و ڕژێمە داعشی و لەرزۆکەکەی پابەندی جێبەجێکردنی هەموو ئەو مەرجانەیە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هەیانبوو.

ئەمریکا بۆ وەستانەوە بەرانبەر بە هەژموونی ڕوسیا لە سوریادا، وە بۆ جێکردنەوەی پێگەیەک بۆ خۆی، تا لە ڕێگەیەوە بتوانی دەستتێوەردان لە کاروباری سوریادا بکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی و ئیسرائیل. لە ساڵی ٢٠١٤دا ساپۆرتی (یەپەگە) و (یەپەژە)ی کردوو و دواتریش کە هەسەدە (هێزەکانی سوریای دیموکرات) لە ١٠/١٠/٢٠١٥ دامەزرا، ئەمریکا بەردەوام بوو لەسەر پشتیوانی هێزەکانی (هەسەدە) و بنکەی سەربازی لە ناوچەکانی هەسەدە دانا و هێرشی ئاسمانی کردە سەر هەندێک لە مۆڵگاکانی داعش و بەشی زۆری بیرە نەوتەکانی کوردستانی سوریا و ناوچەکانی دەورووبەری کۆنترۆڵ کردبوو، بەڵام ئێستا کە ئەمریکا و ئیسرائیل و تورکیا جۆلانی تیرۆرستیان گەیاندۆتە دەسەڵات و حکومەتێکیان بۆ داعش دامەزراندووە و ئیسرائیل بە مەرامی خۆی گەیشتووە، وە بەرزاییەکانی جۆلان کە لە ساڵی ١٩٦٧ەوە داگیری کردبوو، ئێستا بە فەرمی بەهی خۆی ئەزانێ و سەرەڕای ئەمەش بەشێکی باشی تری زەوی سوریای داگیرکردووە و لەلایەن جۆلانییەوە پێیبەخشراوە. هەروەها حکومەتی فاشیستی تورکیاش کە ئینکاری لە هەبوونی کێشەیەک بەناوی کێشەی کورد ئەکات، بەڕێکەوتنی لەگەڵ جۆلانیدا سوپا و ئەو گروپە تیرۆریستانەی کە خۆی درووستی کردوون، ناردۆتە سەر دەسەڵاتی هەسەدە لە کوردستانی سوریا. لەبەرانبەر ئەم مامەڵە چەپەڵەدا کە تورکیا و ئەمریکا و ئیسرائیل کردوویانە لەگەڵ جۆلانیدا و داواکانی خۆیانیان بەسەردا سەپاندووە لە دژی خەڵکی کوردستانی سوریا. ئەوانیش لە بەرانبەردا پشتیوانی حکومەتە تیرۆریستییەکەی جۆلانی ئەکەن و لایتی سەوزیان بۆ هەڵکردووە تا جینۆساید دەرحەق بە خەڵکی کوردستانی سوریا ئەنجام بدات و سزای بە کۆمەڵی دانیشتوانی کوردستانی سوریا بدات، وە ئەگەر بۆی بچێتە سەر ئەیەوێ دەسەڵاتی لەرزۆکی بەسەر هەموو ناوچەکانی کوردستانی سوریا و ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا سایە بکات.

بۆپێشەوە: بەهۆی هێرشی سوپای سوریاوە، بەشیکی زۆر لە زیندانیانی داعش، کە تۆمەتبارن بە کوشتار و تاوان، ئازاد بوون، چۆن دەروانە ئەم ڕووداوە و لێکەوتەکانی چی دەبێت؟

عامر سابیر: مەترسی بەرەڵابوونی زیندانییەکانی داعش کە ژمارەیان دەیان هەزارە، مەترسییەکی گەورەیە لەسەر دانیشتوانی هەموو ناوچەکە، جۆلانی و حکومەتی فاشیستی تورکیا سودیان لێدەبینن و بۆ هێرش و ئاژاوەنانەوە لە دژی خەڵکی کوردستان و دەستتێوەردانەکانی خۆیان بەکاریان ئەهێنن، وە ئەمریکا و ئیسرائیلیش ڕایان دەگرن و قەڵەویان ئەکەن و هەر کاتێک پێویستیان بوو چ لە عێراق و چ لە ئێران ئەتوانن بۆ بردنە پیشەوەی پیلانە دژی ئینسانییەکانی خۆیان لەو دوو وڵاتەدا بەکاریان بهێنن و تاوان بخوڵقێنن. هەر وەک چۆن ئێستا جۆلانی داعشیان کردۆتە سەرۆکی سوریا و پشتیوانی لێدەکەن.

لە ١٩/١/٢٠٢٦ ڤیدیۆی یەکێک لە زیندانەکان بڵاوکرایەوە کە زیاتر لە سێسەد و پەنجا  تیرۆریستی داعشی تیادا بوو. وە هەندێ سەرچاوەی تر ژمارەکە بە ١٥٠٠ تیرۆریست ئەخەمڵینن. بینیمان کە چۆن هێزە تیرۆریستییەکەی ئەحمەد شەرع بەرەڵای کردن و بەسەرکەوتن بەسەر هێزەکانی هەسەدەدا پێناسەیان کرد.   

بۆپێشەوە: لەگەڵ هێرشی سوپای سوریا بە هاوکاری رژێمی تورکیا، بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی سوریا و هەسەدە، خەڵکی کوردستان لە ئاستێکی فراواندا، لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا کاردانەوەیان نیشاندا و هاتنە سەر شەقامەکان… هۆکاری ئەم هاوپشتی و هاتنە دەنگە چییە و چ کاریگەرییەکی دەبێت؟

عامر سابیر: ئەوە ڕاستە کە بە دوای هێرشی وەحشیانەی هێزەکەی جۆلانی تیرۆریست کە بە سوپای سوریا ناو ئەبرێت، وە بە هاوکاری هێزی سەربازی حکومەتی فاشی تورکیا و بەلایتی سەوزی ئەمریکا، لە بەرانبەردا خەڵکی کوردستان بەگشتی لە ناوخۆی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات، وە بەشێکی باشیش لە خەڵکی ئازادیخوازی دنیا هاتنە سەر شەقامەکان بۆ دژ وەستانەوە لە بەرانبەر ئەو هێرشە و بۆ پشتیوانی لە بەرگری و خۆڕاگری هێزەکانی هەسەدە و خەڵکی خۆراگری ئەو ناوچانە. ئەم هاتنەدەنگ و هاوپشتییەی خەڵک بۆ داکۆکی بوو لە مۆدیلێکی بەڕیوەبردن کە خەڵک لە خوارەوە خۆی ڕێکخستووە و دەسەلاتێکی سکۆلاری دامەزراندووە کە یەکسانی ژن و پیاو، ئازادی دەربڕین، هاوژیانی پێکەوەیی، بەدەر لە هەر هەڵاواردنێکی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی، وە پاراستنی ماف و حورمەتی ئینسان لە نێویاندا مناڵان هەیە. وە لەبەرانبەردا دەسەڵاتێکی تاریک و کۆنەپەرست و دژی ئینسانی هێرش ئەکات و ئەیەوێ ملهوڕی خۆی بسەپێنێ و ڕوناکی بکوژینێتەوە، کە نموونەکەی لە شاری موسڵ لە سایەی داعشدا لە (٢٠١٤ -٢٠١٧) بینرا.  

ئەم هاتنە دەنگەی خەڵک کارییگەرییەکی گرنگی دەبێت چی لەسەر ڕای گشتی جیهانی و هەڵوێستی وڵاتانی دنیا و چی لەسەر بەرزکردنەوەی مۆراڵی ئەو شەرڤانانەی کە لە دژی هێزی کۆنەپەرستانی داعش وەستاونەتەوە. هەموو خەڵکی کوردستانی سوریا کە قارەمانانە وەستاون و لە ژێر گەمارۆ و بڕینی کارەبا و ئاو و سوتەمەنی، بەردەوام هێڕشی تیرۆریستان بەرپەرچ ئەدەنەوە. 

بۆپێشەوە: ئاییندەی ئەزموونی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا چۆن دەبینێت، ئایا دەتوانرێت کۆتایی بەو ئەزموونە و هاوکات کۆتایی بە پرسی کورد لە سوریا بهینرێت؟

عامر سابیر: لە پاش ئەم هێرش و پیلانگێڕییە چەپەڵانەیەی حکومەتی سوریا و تورکیا بە لایتی سەوزی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دەسەڵاتی خۆسەری و ناوچە کوردنشینەکانی سوریا، ئایندەی ئەو ئەزموونە لە داهاتوودا هەرچییەک بێت، گرنگ ئەوەیە کە بڕیاری بەرەنگاربوونەوە و خۆراگری و نا وتن بە ئەمریکا و بەو هێزە تاریکەی تیرۆریستانی ئیسلامی و فاشیستەکان، وەڵامیکی زۆر دروستە و هەر لەبەر ئەمەشە کە بەهرەمەندە لە پشتیوانی خەڵکی هەموو پارچەکانی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە. هەر لەبەر ئەمەشە کە بەهرەمەندە لە پشتیوانی زۆرێک لە ئەندام پەرلەمانەکان و خەڵکی ئازادیخواز و مرۆڤ دۆستی دنیا و حیزبە چەپ و پێشکەوتووخواز و کۆمۆنیست و کرێکارییەکانی وڵاتانی دنیا.  

ڕەنگە بتواندرێ کە لە ئەنجامی ئەم پیلانگێری و هێڕشە دڕندانەیەدا ناوچە و دەسەڵاتی خۆسەری کەم بکرێتەوە، یان تەنانەت بتوانن کۆتایی بەم ئەزموونەش بهێنن، بەڵام هەرگیز ناتواندرێ بەسەرکوت و ملهوڕی کۆتایی بە پرسی کورد لە سوریا بهێندری.

پرسی کورد تەنها کاتێک ئەتواندرێ کۆتایی پی بهێندری کە خەڵکی کوردستان وەک هاوڵاتی یەکسان بە هەموو مافێکی تەواو یەکسانەوە سەیربکرێن، تا ئەو ڕادەیەی بتوانن لە ڕیفراندۆمێکی ئازادانەدا دەنگ لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن بە سەربەخۆی یان بە مانەوە بە مافی تەواو یەکسانەوە. ئەگەر نا بە هێرش و کوشتن و سەرکوت و بێمافی ناتواندری کۆتایی بە پرسی کورد بهێندرێ. هەروەک چۆن پێشتر لە سایەی ڕژێمی حیزبی بەعس و ئەسەددا کە خەڵکی کوردستان بێبەری کرابوو لەوەی کە تەنانەت ناسنامەی هاوڵاتی سوری پێبدرێ، یان ئەوەی کە فاشیزمی تورکی ئینکاری ئەکات لە بوونی کورد لە کوردستانی تورکیادا، ئەمانە نەیتوانییوە کۆتایی بە پرسی کورد لە سوریا و تورکیا بهێنێ.  

بۆپێشەوە: هەندێک شکستی ئەزموونی هەسەدە و ناوچەکورد نشینەکان، وەکو سەرەتایەک بۆ کۆتاییهێنان بە ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا تەماشا دەکەن، ئێوە لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

عامر سابیر: ئەزموونی بەڕێوەبردنی خۆسەری و هەسەدە لە کوردستانی سوریادا، لە ئێستادا تەنها پاشەکشەی پێکراوە و شکستی نەخواردووە. وە بە هیوای ئەوەی ڕاوەستاو بمێنێتەوە و ئەم هێرش و پیلانگێڕییەی کۆنەپەرستان و فاشیستان شکستبهێنێ.  

بەبڕوای من ئەزموونی دەسەڵاتی هەسەدە لە کوردستانی سوریا و ئەزموونی هەرێمی کوردستانی عێراق جیاوازییەکانیان زۆرە و بەراورد ناکرێن.

ئەزموونی ناسیۆنالیزمی کورد لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەزموونی دەسەڵاتی میلیشیایی دوو بنەماڵەی تاڵانچی بارزانی و تاڵەبانییە. دەسەڵاتی قاچاغی نەوت و مافیایین. هەردوو بنەماڵە لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تاڵانی سامانی گشتییەوە بوونەتە بلوێنێری دۆلار و قڵشتی چینایەتی لە ترۆپکیدایە و بە هەژارکردنی دانیشتوان کەرامەت و عیزەتی نەفسی دانیشتوانیان ڕووشاندووە. کارێک کە کوردایەتی لە هەرێمی کوردستان بە چینی کرێکار و زەحمەتکێشانی کوردستانیان کردووە، هەرگیز هیچ دوژمن و داگیرکەرێکی کوردستان نەیتوانییوە بیکات.

لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی لەسەر بورکانی تووڕەیی خەڵک وەستاون و لە خۆپیشاندانەکاندا هەموو دانیشتوان شیعاری (بڕوخێ)یان بە ڕوودا بەرزکردوونەتەوە. خەڵکی هەرێمی کوردستان هەر فرسەتی بۆ هەڵکەوێ، دەسەڵاتی ئەم چەتانەی کوردایەتی ئەڕوخینێ و کۆتایی پێدێنێ، نەک بەرگری لێبکات.

ئەگەر جۆلانی تیرۆریست و ئەردۆغانی فاشی بە پاڵپشتی ئەمریکا لەم هێڕشەیاندا سەرکەوتووبن، ئەوا ئەمە پاشەکشەیەکە بە هەموو بەرەی مرۆڤدۆست و ئازادیخواز و یەکسانیخوازی ناوچەکە و جیهان.   

ئەم سیناریۆیەی کە ئێستا ئەمریکا لە سوریادا خوڵقاندوویەتی، دووبارەکردنەوەی لە عێراق و کوردستانی عێراقیشدا ڕێگەی تێدەچێت و وەزعی عێراق و کوردستان و هەموو ناوچەکەش ناجێگیرە و لە پلەی مۆلەقەدایە، سەبارەت بە چارەنووسی سەرانی کوردایەتی لە هەرێمی کوردستان ڕەنگە ئەو هەموو ملیارانەی کە لە خەڵکی کوردستانیان بە تاڵان بردووە بە فریایان نەکەوی و بکرێنە ماتریاڵی ڕێکەوتنی یاریکەرە ناوچەیی و جیهانییەکان. کارێکی باش کە بزووتنەوەی دواکەوتووی کوردایەتی لە کوردستانی عێراق بیکات ئەوەیە کە یەخەی خەڵکی کوردستان بەردەن و ئەو تاڵانیانەی کردویانە بیگێڕنەوە بۆ خەڵکی کوردستان، تا خەڵک خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات.  

بۆپیشەوە: چۆن دەکرێت هێرش و ملهوڕی ڕژێمی سوریا بۆسەر ناوچە کوردنشینەکان و هەسەدە بەری پێ بگیرێت، بەتایبەتی کە رژێمی تورکیا و هاوکات ئەمریکا و غەرب، لەچوارچیوەی بەرژەوەندی خۆیاندا بەرگری لە سوریا و ئەحمەد شەرع دەکەن؟

عامر سابیر: هەنگاوی یەکەم لەم ڕاستایەدا بڕیاری بەرەنگاری و ڕاوەستاوی هێزەکانی هەسەدەیە لە ناوخۆی کوردستانی سوریادا. هەنگاوی یەکەم نا وتنی خەڵکی کوردستانی سوریایە بە دژی ملهوڕی و پەلاماری هێزە تاریک و فاشیستەکان بۆ سەر ماڵ و ژیانیان. کە دیارە هەسەدە و خەڵک ئەم کارەیان کردووە و قارەمانانە دەجەنگن لە دژیان، هەر لەبەر ئەمەشە کە خۆڕاگری ئەوان بەهرەمەندە لە پشتیوانی بەرفراوانی خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازانی دنیا. ئەزموونی کوردایەتی لە کوردستانی ئیران لە ساڵی ١٩٤٦دا تەنها لەبەر ئەوەی ڕوسیا لە ئیران کشایەوە، توایەوە و نەما. ئەزموونی کوردایەتی لە کوردستانی عێراق لە ساڵی ١٩٧٥دا تەنها لەبەر ئەوەی شا و سەدام ڕێککەوتن، ئاشبەتاڵیان کرد و نەمان. ئەزموونی خۆسەری لە کوردستانی سوریا، تا ئێستا ئەزموونیکی جیای پیشانداوە. 

کۆمەکی مادی و مەعنەوی بە ئەوان کە لە بەرەکانی شەردان، کارێکی پێویستە بۆ بەرگرتن بە هێرشی دڕندانەی جۆلانی و ئەو ڕێکەوتنەی کە هێزە ئیمپریالیستییە جیهانی و ناوچەییەکان لەگەل حکومەتە کۆنەپەرستەکەی شەرعدا کردویانە.

خۆپیشاندانەکانی وڵاتانی دەرەوە کاریگەرییەکی گرنگ و ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر گۆڕینی ڕای گشتی و ماسمیدیا و هەڵوێستی وڵاتانی دنیا و هاتنە دەنگیان لەسەر ملهوڕییەکانی جۆلانی و وەستانی هێرشەکانیان. زۆر پێویستە کە خۆپیشاندانەکان بەردەوام بن و گەورە بکرینەوە و لە ناوەندی شارەکانەوە بگوازرێتەوە بۆ بەردەم باڵویزخانەکانی تورکیا و ئەمریکا و بەردەم پەرلەمانی ولاتان. زۆر پێویستە کە پشتیوانی هەموو ئەندام پەرلەمانە پێشکەوتووخوازەکان بەدەست بهێندرێ. لەهەمووشی گرنگتر پێویستە کە یەکێتییە کرێکارییەکان بهێندرێتە پاڵ داکۆکی لە خەڵکی کوردستان و دژوەستانەوە بە هێڕشی جۆلانی و هاوئاهەنگی توکیا و ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی خەڵکی کوردستان.  

بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەکان کاریگەری جیدی دابنێ لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستانی سوریا، ئەبێت داواکاری و شیعارەکانی پاکبکرێتەوە لە پاڕانەوە و کڕوزانەوە و داوای پوچ و شیعاری کۆنەپەرستانەی ناسیۆنالیستی. چونکە ئەمە ڕێگر ئەبێت لە ڕاکێشانی زیاتری خەڵکی ئازادیخوازی دنیا و مرۆڤدۆستان و پێشکەوتووخوازان لەو وڵاتانەی کە کوردستانی تیادا دابەشکراوە.

خۆپیشاندانەکان و شیعارەکانی ئەبێت ئەمریکا وەک تاوانباری سەرەکی ئەو هێڕشانەی جۆلانی ئەیکاتە سەر کوردستان وێنا بکات و ڕیسوای بکات.   

٣٠/١/٢٠٢٦

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.