خۆشباوەڕی بە هەڵبژاردن…..هەڵبژاردن و گۆڕانکاری نووسینی: بنار مستەفا-بەشی دووەم
“ئەگەر هەڵبژاردنەکان شتێکیان بگۆڕیایە، قەدەغە دەکران”، نووسەری ئەڵمانی کورت توچۆڵسکی لە سەرەتای ١٩٠٠ کاندا ئەمەی گوت.
ئەم ساڵی ٢٠٢٤ە بە ساڵی هەڵبژاردنەکان لە قەڵەم دەدرێت. لە سەرتاسەری جیهان چەندین هەڵبژاردنی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت، هەڵبژاردنەکانی سەرکۆمار یان پەرلەمان لە ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا، ڕووسیا، هند و هتد. تێکڕا لە چل وڵات هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام دەدرێت. ئەم هەڵبژاردنانە لە تەواوی دانیشتوانانی گۆی زەوی، نزیک ٣،٢ ملیارد کەس دەگرێتەوە. هەروەها بڕیارە لە کوردستانیش هەر لە ساڵی ٢٠٢٤ هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان ئەنجام بدرێت.
بە ڕواڵەت هەڵبژاردنەکان زۆر دوورن لە یەکەوە و جیاوازیان زۆرە، بەڵام لە پێداچوونەوەیەکی ورد نیشانی دەدات، کە نەک جیاوازییەکان زۆر نین، بەڵكو لێکچوونەکانیان زیاتر دەردەکەون. لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازی هەیە، بەڵام لە ئەنجامی کۆتاییدا لێکچوونەکان بەرجەستەترن.
جیاوازیان زۆرە بۆ نمونە لە ڕووی شەفافیەت، شێوەی هەڵمەتەکان، ئازادی دەنگدان، خۆکاندیدکردن، ژمارەدنی دەنگەکان و هتد. سەرەکیترین لێکچوونەکانیش لە ئەنجامی هەڵبژاردن و گۆڕانکاری دەورانی دواتردا دەردەکەون، کە لە کەمترین ئاستدان.
ڕۆشنە بۆ نمونە لە ڕووسیا پاش هەڵبژاردن هەر ڤڵادمیر پوتین دەبێتەوە سەرکۆمار. لە ئەمریکا ڕۆشن نییە و پەرلەمانی بەریتانیاش ڕەنگە سەرتاپای بگۆڕێت. لەو وڵاتانەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن وەک جاران وایە، بە ئەگەری زۆرەوە یاسا و ڕێڕەوی کۆمەڵگە وەک خۆی دەمێنێتەوە و بڕیارەکانیش لە هەمان چوارچێوەدا دەبن. لەو وڵاتانەش، کە پێیان دەگوترێت هەڵبژاردنەکان گۆڕانکاری دروست دەکەن، بۆ نمونە سەرکۆمار دەبێتە کەسێکی نوێ، یان پەرلەمان هێزی نوێ بەخۆوە دەبینێت و حکومەت لە ئەحزابی تر پێکدێت، واتە دەسەڵات دەستاودەست دەکات، ڕەنگە هەندێک بڕگەی یاسایی ئاڵوگۆڕ پێ بکەن، دەرەجەیەک باج زیاد بکەن یان کەم بکەن، لە بیمە کۆمەڵایەتییەکان یان خزمەتگوزارییە گشتییەکان هەندێک زیاد یان کەم بکەنەوە، کۆمەڵێک بڕیاری جیاواز دەربکرێت وهتد. واتە هەندێک ئاڵوگۆڕی بچووک بکەن.
وەکو تر، کۆمەڵگە هەر لە جێگەی خۆیەتی. ئەو کرێکارەی لە نیویۆرک، مۆسکۆ، لەندەن یان نیودەلهی ڕۆژانە دەچێتە سەر کار، تا کۆتایی مانگ بتوانێت کرێی خانووی بدات و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی ڕۆژانەی دابین بکات، هەر وەک پێشوو دەبێت درێژەی بدات. ئەو دەرچووی زانکۆیەی لەو شارانە بە دوای کارێکدا وێڵە، ئەو هەژارانەی ڕۆژانە شەڕی زیندوومانەوە دەکەن، پاش ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و لە سایەی دەسەڵاتی داهاتوو، بە هەمان شێوەی پێشوو ژیانیان بەردەوام دەبێت. ئەگەر لە بڕگەیەکی یاساییدا ئاڵوگۆڕێک کرابێت یان بڕیارێکی نوێ درابێت و لە بەرژەوەندی ئەم کرێکارە یان بێکارە هەژمار بکرێت، ڕەنگە لە جێگەیەکدا ئاسانکاری بکات. بەڵام بە گشتی ئاڵوگۆڕەکە هێندە بچووک و سنووردارە، کە ڕەنگە هەر هەستی پێ نەکرێت و بە هیچ شێوەیەک دیار نەبێت.
کوردستانیش لەم واقعیەتەی هەڵبژاردن بێ بەش نەبووە. لە سی ساڵی ڕابردوودا چەندین هەڵبژاردن ئەنجامدراوە و چەندین حکومەت پێکهاتووە لە پێکهاتەی جیاواز – لە دوو ئیدارەییەوە تا حکومەتی بنکەفراوان و حکومەتی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و هتد. – ئەزموون کراوە. ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان لە کاتی هەموو حکومەت و ئیدارەکاندا وەک یەک بوون، بە پێی کات خراپتر بووە، بەڵام باشتر نەبووە. گەر گۆڕانکارییەکی ئەرێنیش لە ژیانی خەڵکیدا ڕوویدابێت، ئەوا لە دەرئەنجامی دەنگدان و هەڵبژاردنەکانەوە نەبووە، بەڵكو فشاری کۆمەڵایەتی جەماوەر و دەربڕێنی ناڕەزایەتی بووە.
ئەم هاوکێشەیە سادەیە نیشانی دەدات، کە هەڵبژاردن ئامرازی گۆڕانکاری نییە. ئەو زیاتر لە سێ ملیارد مرۆڤەی لە ساڵی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنەکان دەیانگرێتەوە، زۆرینەی زۆری ڕەها ژیان و گوزەرانیان لە سایەی هەڵبژاردنەکاندا هەر وەک خۆی دەبێت و هیچ ئاڵوگۆڕێک ڕوونادات. گەر ئاڵوگۆڕێکیش ڕوو بدات، زۆر شکڵییە. گەر ئاڵوگۆڕەکە فراوانتر بوو، ئەوە کاریگەری بابەتێکی ترە، نەک ئەنجامی هەڵبژاردن. ئەمە واقعیەتی هەڵبژاردنە و ناتوانێت ئاڵوگۆڕ بە خواستی خەڵکی پێشکەش بکات.
بانگەشە بۆ دەنگدان
لێکچوونێکی تری هەڵبژاردنەکان لە سەرتاسەری جیهان، گرنگیدانی بێ ئەندازەیە بە هەڵبژاردنەکان. لایەنەکانی بەشداربووی هەڵبژاردن بانگەوازی فراوان دەکەن، تا خەڵکی بەشداری بکات و دەنگی خۆیان بدەن. تەنانەت زۆر جار حزبەکان بەشداری خەڵکی لە دەنگدان بە حزبەکانیان بە گرنگتر دەزانن. هۆکاری ئەم بانگەشە فراوانە بە ڕێگەخۆشکردن بۆ خەڵکی لە قەڵەم دەدەن، تا بتوانن کاریگەری لەسەر ژیانی خۆیان و کۆمەڵگە دابنێن. وای نیشان دەدەن، کە هەڵبژاردنەکان لەپێناو بەرژەوەندی خەڵکیدایە. دەنگەکانی خەڵکی بەسەرچاوەی دەستنیشانکردنی دەسەڵاتداران و بڕیارەکانی پێناسە دەکرێن.
بە درێژایی مێژوو چەندین ڕێگا بۆ ئاڵوگۆڕ بەدیکراوە و زۆرێکیان هێشتا لە یاسای وڵاتاندا جێگیرە، وەک خۆپیشاندان، مانگرتن، ڕێکخراوبوون و ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆری سیاسی. دەسەڵاتداران بە گەرمی هانی هاوڵاتیان دەدەن بەشداری هەڵبژاردن بکەن، وەک ڕێگایەکی چارەنووسساز بۆ کاریگەردانان لەسەر هێڵی سیاسی دەوڵەت و گوزەرانی خەڵکی. بەڵام هیچ کات هانی خەڵکی نادەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان ڕێگای تری مەدەنی، وەک خۆپیشاندان، مانگرتن و چالاکی تر ئەنجام بدەن.
هۆکارەکەی بە سادەیی ئەوەیە، کە دەسەڵاتداران دەزانن لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە گۆڕانێکی ئەوتۆ ئیمکانی نییە. هەمان سیستەمی سیاسی بەردەوام دەبێت، جێگەوڕێگەی چینەکان لە شوێنی خۆیان دەبن، ئەوپەڕێ کاربەدەستان یان کۆمەڵێک بابەتی لاوەکی دەگۆڕدرێن. لە هەمان کاتدا دەسەڵاتداران پەنجەمۆری خەڵکیان وەرگرتووە بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتیان. حکومەت دەبێتە نوێنەر و دەسەڵاتی خەڵک. وای دەردەخەن، کە خەڵکی خۆیان دەستنیشانیان کردووە کێ و چۆن حکومەت پێکبێت. ئەگەر خەڵکی بەدڵیشیان نەبوو، ئەوا دەتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتوو بیگۆڕن.
بێ دەستکەوتی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا مایەی دەستکەوتی گەورەیە بۆ دەسەڵاتداران و لایەنگرانی سیستەمی سەرمایەداری. گەر خەڵکی پێیان وابێت ڕێگەی ئاڵوگۆڕ هەڵبژاردن و دەنگدانە، ئەوا دەست نابەن بۆ ڕێگەی تر. سیستەم ناکەوێتە ژێر مەترسییەوە و خۆی ڕادەگرێت، ئەوپەڕی ڕاپەڕاندنی کارە ئیدارییەکانی لە کەسانێکەوە ڕادەستی کەسانی تر دەکات.
هەروەها تاماشاکردنی نمونەکانی مێژوو دەریدەخات، کە هیچ کام لە ئاڵوگۆڕە فراوانەکان لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بەدەست نەهاتوون، بەڵكو لە ڕێگەی هاتنەمەیدانی جەماوەری، گوشاری کۆمەڵایەتی، خۆپیشاندان، مانگرتن و شۆڕشەوە بەدەست هاتوون، وەک لە بەشی پێشوودا بۆ نمونە لە باسی بەدەستهێنانی مافی دەنگدانی ژناندا ئاماژەی پێدرا.
لە کوردستانیش بە هەمان شێوە خواستەکانی خەڵكی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە بەدەست نەهاتوون. کۆمەڵە دەستکەوتێکی کەم لە ڕێگەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەرییەوە بەدی هاتوون. لە ١٧ی شوباتدا جەماوەر دەسەڵاتیان هێنایە ژێر گوشارەوە و ناچار بە کۆمەڵێک بەڵێنیان کرد. خۆپیشاندەرانی پێنجوین لە ڕێگەی دەربڕێنی ناڕەزایەتی و داخستنی شەقامەکان دەسەڵاتیان ناچار بە جێبەجێ کردنی بەشێک لە خواستەکانیان کرد. واتە لە ڕێگەی دەنگدان و ئەنجامی هەڵبژاردنەوە دەستکەوت بۆ جەماوەری خەڵکی بەدەست نەهاتووە.
لە مافەوە بۆ ئەرک
لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئوستڕاڵیای ساڵی ٢٠١٩ ڕێژەی دەنگی سپی نزیک ٤ ٪ بوو. بە ژمارە مانای نزیک ٦٠٠هەزار کەس دەکات، کە دەنگەکانیان سووتاند. ئەمەش لەوەوە دێت، کە لە ئوستڕاڵیا دەنگدان ماف نییە، بەڵكو ئەرکە. هەموو کەسێکی سەرو ١٨ ساڵ دەبێت بەشداری هەڵبژاردن بکات و دەنگ بدات، بە پێچەوانەوە سزا دەدرێت. دانی دەنگی سپی و سووتاندنی دەنگ شێوەیەکە لە دەربڕێنی ناڕەزایەتی لە لایەن ئەو کەسانەی نایانەوێت دەنگ بدەن و بە زۆر ڕاپێچی سەر سندوقەکانیان دەکەن.
ئوستڕاڵیا تەنها وڵات نییە، کە دەنگدانی کردۆتە ئیجباری. لە وڵاتانی وەک ئەرجەنتین، بەڕازیل، لوکسەمبۆرگ، بەلجیکا و چەند وڵاتێکی تر بەشداری لە هەڵبژاردن ئەرکی هەموو هاوڵاتییەکی گەورەساڵە. ڕێژەی دەنگی سووتاو لە هەندێک لە هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتانە ٥٪ی تێپەڕاندووە. ئەمەش دەربڕینی ناڕەزایەتییە بە ئەرکی دەنگدان. خەڵکی بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات بۆ ئەوەی خۆی لە سزا بپارێزێت، نەک ئومێدی هەبێت ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتی وڵاتدا ئەنجام بدات.
دیموکراتی خەریکە دەگاتە ئەو ئاستەی، کە خەڵکی کەمتر خۆشباوەڕیان پێی هەیە. کاتێک ڕێگەی سروشتی خۆی – کە خەڵکی ئازادانە و خۆبەخشانە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن – ڕووی لە لێژییە و دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە، ڕێگای تر دەگرنە بەر بۆ پاراستنی دیموکراتی، لە شکڵی دەنگدانی زۆرەملێ. ساڵانێکە لە ئەوروپاش باسی بە ئەرککردنی دەنگدان هاتۆتە ئاراوە و ئەگەری هەیە لە ئایندەدا وڵاتانێکی تریش پەیڕەوی لێ بکەن.
ڕێگای دەسەڵاتداران بۆ چارەسەری لێژبوونی خۆشباوەڕێ خەڵکی بە هەڵبژاردن، ڕاکێشانیانە بە زۆر و بە هەڕەشەی سزا بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان، تا دەسەڵاتەکانیان شەرعیەت وەرگرن. واتە گەر خەڵکی ئامادە نەبوون “حکومەتی خەڵکی دامەزرێنن”، دەسەڵات بەزۆر پێیان دادەمەزرێنێت. دوور نییە لە ئایندەدا لە سەرتاسەری جیهاندا دەنگدان لە مافەوە بگۆردرێت بە ئەرک و لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی خەڵکیش هەژمار بکرێت.
هەڵبژاردنەکان بۆیە بۆ دەسەڵاتداران و سیستەمی سەرمایەداری گرنگە، چونکە هیچ ناگۆڕێت. ئەگەر شتێکی بگۆڕیایە، بەنگەوازی فراوانیان بۆ نەدەکرد، قەدەغەیان دەکرد…
درێژەی هەیە…