سێ جۆری چەپ لەم ڕیفراندۆمەدا نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
سێ جۆری چەپ لەم ڕیفراندۆمەدا
نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
ئامانجی مارکسیزم نەهێشتنی ستەمی ئینسان لەسەر ئینسانە، هەرجۆرە ستەمێکیش سەرچاوەکەی ناکۆکی چینایەتیە ئامانجیش لەو ستەمە بەهرەمەندبوونی بورژوازیە لەسەروەت وسامان لە ڕێگای کەڵەکەی سەرمایەو زێدەبەهاوە ( فائض قیمە) لە پرۆسەیەکی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا, ئەمەش بەهۆی پاراستنی خاوەندارێتی تایبەتیەوە دەبێ، بۆرژوازی بۆئەم ژێرخانە ئابوریەی پێویستی بە دەوڵەت وئایین وخێزانە. مەبەستی من لێرەدا نیشاندانی تێڕوانینی چەپ وکۆمۆنیزمی مارکسە بۆ نەمانی ستەمی ئینسان لەسەر ئینسان لە ڕوانگەی تێگەیشتنی خۆمەوە لە مارکسیزم. بورژوازی بۆ بەدیهاتنی ئامانجەکانی پێویستی بەچەندین ستەم هەیە لە سەر کۆمەڵگە، جگە لە چینی کرێکار ستەم دەخاتە سەر هەندێ چین و توێژی کۆمەڵایەتی تر بۆیە ئەرکی چینی کرێکار تەنها ڕزگارکردنی خۆی نابێت، بەڵکو ڕزگارکردنی تەواوی کۆمەڵگەیە جا هەرکەس وچین وتوێژێک لەگەڵ بەرنامەی مارکسدا بێتەوە بۆ رزگارکردنی هەر بەشێکی کۆمەڵگە جێگای پشتیوانی دەبێت .
چەند ستەمێک هەیە کە لەدەرەوەی کارگا وکارخانەکان و ئیدارەکاندا هەن وەک ستەم لەسەر ژن، لاوان، منداڵان، ستەم لەسەر ڕەنگی پێست، هاوڕەگەز، ژینگە، ستەم لەسەر زمان ومیللەت.. هتد. مارکسیزم زانستێکە بۆ ڕزگاری ئینسان لەسەرجەم ئەم ستەمانەو ستەمی چینایەتی.
ئەوانەی بە ناوی مارکسەوە لێدوان ئەدەن قسە ئەکەن بە ڕای من سێ جۆرن: یەکەم ئەو چەپانەن کە تەنها خەباتی چیانیەتی واتە ڕزگارکردنی كرێکار یا پرۆلیتاریا بە پێویست دەزانن، ستەم لەسەر کۆمەڵگە وەک مەسەلەی میللی وژنان ولاوان وژینگە ورەنگی پێست دەسپێرن بە بورژوازی وبە ئەرکی خۆیانی نازانن. دووەم: بەشێک لە چەپ هەن وازیان لەخەباتی چینایەتی هێناوە رزگارکردنی پرۆلیتاریاو بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان دەسپێرن بەئایندەیەکی نادیار بۆیە ئەرکیان لەچوارچێوەی ریفۆرمەکان دەرناچێت وشۆڕشی سۆشیالیستی لە پراکتیکدا بە پێویست نازانن. سێەم: ئەوبەشەیە لە چەپ کە زیاتر بە چەپی کرێکاری یا کۆمۆنیزمی کرێکاری دەناسرێت وەک درێژە پێدەری ڕێبازەکەی مارکس ولینینە ئەم بەشە بە پێچەوانەی هەردوو بەشەکەێ پێشوو ئەرکی نەمانی هەموو جۆرە ستەمەکانە لەسەر ئینسان، بۆ ئەمەش ڕێگا وتاکتیکی خۆی دەبێت تا بەسەرەنجام گەیاندنی ئەرکە مێژوویەکەی خۆی کە ڕووخانی سەرمایەداری و بەدیهێنانی سۆشیالیزمە. هەردوو بەشی یەکەم ودووەمی چەپ کێشەکانی کۆمەڵگە ڕائەسپێرن بە سۆشیالیزم یا ڕائەسپێرن بە ڕیفۆرم، هەردووکیان هەڵەن لەڕووی مێژویی ومیتۆدی مارکسەوە، هەندێ کێشە هەن پەیوەندی بە کۆمەڵگەی بورژوازیەوە هەیە لەشۆڕشی گەورەی فەرەنسادا چارەسەرکران وەک نەمانی ستەمی میللی ویەکسانی ژن وپیاو وە وەکردنی دین بە ئەرکی تاک، بەڵام لەسەردەمی ئەمڕۆدا بورژوازی وازی لەم چارەسەرانە هێناوە پێویستی بە مانەوەیان هەیە بۆیە بووەتە ئەرکی چینی کرێکارو کۆمۆنیستەکان وئیمکانی چارەسەریان هەیە لە ناو کۆمەڵگەی بورژوازیدا وەک ڕێگاچارەی فەوری ودەستبەجێ کە دەکرێ بەشێک لە بورژوازییش لەم چارەسەردا بەشدار بێت، بەڵام بۆ ئامانجی خۆی .
بۆئەوەی ڕوون بێت نموونەیەک باس دەکەم کاتێک کەسێک بەهۆی کارەساتی ئۆتۆمبیلەوە تووشی خوێن بەربوون دەبێت تۆ دەتوانی چارەسەری بکەی بە بەستنی برینەکەی پێویست نەکا ببرێت بۆ نەخۆشخانەش، بەڵام بۆ ڕووداوە سەختەکان لەوانەیە چارەسەکەی تۆ ئەوەندە پێویست بێت تادەگاتە نەخۆشخانە. خۆ ناکرێ من بڵیم با نەچم بە هانای ئەو کەسەوە لە ئێستادا ئەوە ئەرکی من نیە ئەرکی دوکتورو نەخوشخانەیە یاخود بڵێم تەنها بە پێچانەوەو بەستنی برینەکەی چارەسەر دەبێت و پێویستی بە نەخۆشخانە نیە، لە هەموو حالەتەکاندا، بۆیە ئەم دووانە هەردووکیان دوورن لە لۆژیکەوە. ئەوەی لۆژیکە دەبێ چارەسەری سەرەتایی بکەی و ئەنجا ئەگەر برینەکەی سەخت بوو بیبەی بۆ دکتۆرو نەخۆشخانەش. بۆیە دەکرێ زۆر ئامانج بەدی بێت لەناودڵی کۆمەڵگای بورژوازیدا وەک دەوڵەتی سکیۆلارو نەمانی کێشەی میللی وستەمی ڕەگەزی و کێشەی هاورەگەزەکان و بەشێک لە کێشەی ژنان، چونکە لەرووی مێژوووە پەیوەستن بەم کۆمەڵگەیەوە، بەڵام هەندێ ئامانجیش هەیە مەحاڵە لەچوارچێوەی سیستەمی بۆرژوازیدا بەدێبێت وەک ئازادی و یەکسانی ئینسانەکان چونکە ئەم ئامانجە بەدی نایەت بەبێ ڕووخانی دەوڵەتی سەرمایەداری و نەمانی خاوەندارێتی تایبەتی وکاری کرێگرتە.
لێرەدا دەکرێ هەردوو جۆرەکەی چەپی ناکرێکاری ڕێگر بن لەبەردەم هەر ئاڵوگۆرێکدا کە بەسەر کۆمەڵگەدا دێت، بەشێکیان لەو کاتەدا دەبنە ڕێگر کە چارەسەرە سەرەتاییەکان دەکرێ بۆ گرفتە ئینسایەکانی کۆمەڵگە بەشێکی تریان لەو کاتەدا ڕێگر دەبن کە خەریکە ئاڵوگوڕێکی ڕیشەیی ڕوودەدا وەک شۆڕشی سۆشیالیستی. لە ڕووی پێگەی چینایەتیەوە هەردووکیان سەر بەتوێژی ناوەندن یان ووردە بۆرژوازین لەڕووی سیاسی وفکریەوە دەبنە پارێزەری ئەم توێژە کۆمەڵایەتیە، وەک مارکس دەڵیت لە بۆرژوازیش کۆنەپەرستترن چونکە دژی هەر گۆڕانکاریەکی مێژوویین. هەرکەس مێژووی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیای خویندبێتەوە ئەم دووجۆرە چەپەی بینیوە کە لە هەر ئاڵوگورێکدا بەشێکیان بوونەتە کۆسپ وڕێگر لەبەردەم خەباتی لینین وبەلشەفیەکاندا .
لەڕیفراندۆمەکەی کوردستاندا هەرسێ جۆری چەپ دەرکەوتن ئەوچەپەی کە چارەسەری کێشەی میللی بە ئەرکی خۆی نازانێت بە بیانوو وتەبریراتی شکست خواردوو تا توانی ڕێگری کردووە، وە بە کردەوە دیفاعی لە لەفیدراڵیزم ومانەوەی کێشەکان دەکات. وە جۆری دووەمی چەپیش پشتیوانی لە ریفراندۆمەکە کردووە بە هەمان ئەجێندای بۆرژوازیەوە، وە جۆری سێیەمیش پشتیوانی لە ڕیفراندۆمەکە کردووە بە ئەجێندای خۆیەوە بە دوور لەدەست تێکەڵکردن لەگەڵ بورژوازی وخۆ بەستنەوە بە ئاسۆوئامانجەکانیەوە. وە هەر ئێستایش کار دەکات بۆ ئەم ئاسۆ و ئامانجانەی خۆی کە بەکارهێنانی دەنگی بەڵێی خەڵکە بۆ سەربەخۆی نەک بۆ هیچ شتیکی تر بۆ ئەوەی کێشەی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێت.