میرۆ عەبدولکەریم: : لە ئەگەری باڵادەستی هەردو بەرەی نوسرە و تورکیا لە سوریادا چارەنوسێکی باش چاوەڕێی هەسەدە و کورد ناکات.. هەم بۆ هێزە ئیسلامیەکان و هەمیش بۆ تورکیا ئیدارەی خۆسەری دوژمنێکی ئایدۆلۆژی و سیاسی و نەتەوەییە. دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕی میرۆ عەبدولکەریم… سەبارەت بە دۆخی سوریاو ئاینندەکەی…
بۆپێشەوە: کەوتنی دەسەڵاتی خێرای دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، ئاکامی هیرشی بەرەی نوسرەو هاوبەشەکانی بە پشتیوانی دەوڵەتی تورکیا بوو، یان رێکەوتنی پیش وەختەو روداوێکی چاوەروانکراو بوو؟
میرۆ عەبدولکەریم: ڕژێمی بەعس لە سوریا هەرگیز خاوەنی هەژمونێکی ئایدۆلۆژی نەبووە بۆ حوکم کردن، ئەوەی دەیان ساڵ ئەم رژێمەی لەسەر کار هێشتبوە دامودەزگای داپڵۆسێنەر و بە ڕێژەیەکی کەمتریش کڕینی وەلائی خەڵک بو. کاتێک بەهاری عەرەبی سوریاشی گرتوە، ڕژێمی بەعس بە دڕندانەترین شێوە وەڵامی داواکاری ڕەوای خەڵکی دایەوە. ڕاپەڕینی ئاشتیانەی خەڵک هەر زوو گەیشت بە بنبەست، بێ ئاسۆیی سیاسی لە وڵاتدا و دەستێوەردانی دەرەکی سوریای کرد بە مەیدانی ململانێی ناوچەیی و جیهانی. ئەوەی ڕژێمی بەعسی لە ماوەی سیانزەساڵی ڕابردودا لەم ململانیەدا هێشتبوەوە ئێران و حیزبوڵا و ڕوسیا بون، نەک توانای خودی ڕژێمەکە بۆ مانەوە و حوکم کردن. بەشێکی گەورەی سوریا پێشتریش لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسدا نەمابوو وەک ڕۆژئاڤا و ئیدلیب، زۆربەی ناوچەکانی دیکەش ئێران و میلیشیاکانی حیزبوڵا و گروپی واگنەر خستیانەوە ژێر دەسەڵاتی ئەسەد نەک سوپای بەعس. سوریای بەعس سوریایەکی داتەپیو و لەبەریەکهەڵوەشاوە بوو، بەڵام کەوتنی ئەم ڕژێمە بەو خێراییە چاوەڕواننەکراو بوو، تەنانەت بۆ خودی ئەو هێزانەشی کە ڕاستەوخۆ بەشداریان لە هەڵمەتی ڕوخاندنی ئەم ڕژێمەدا کرد. هەیئەی تەحریری شام و هێزەکانی دیکە خۆیان بۆ گرتنی دیمەشق ئامادە نەکردبوو، بەڵام هەر زوو دەرکەوت کە ڕژێمی بەعس شێرە پەڕۆینەیەکەو هیچ توانایەکی بەرگری نەماوە و نابێت دەرفەتی لەناوبردنی لە کیس بدرێت.
بۆپێشەوە: ئەگەر سوپای رژێمی بەشار ئەسەد توانایی بەرگری نەبوو، بۆچی روسیاو ئیران، هیچ بەرگریەکیان نەکرد و پاشەکشەیان کرد، بەتایبەتی کە سوریا مەیدانێکی ململانێی نیوان ئەمریکا و روسیا لەلایەک و ململانێی ئیسرائیل و ئیران لەلایەکی ترەوە بوو؟
میرۆ عەبدولکەریم: ئەسەد پاش سەرکەوتنی کاتی بەسەر هێزە نەیارەکانیدا ئەو وەهمەی بۆ دروست ببوو کە ڕژێمەکەی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە، بۆیە هەوڵیدەدا خۆی لە ئێران و حیزبوڵا دورخاتەوە، لە جەنگی ئیسرائیل- حیزبوڵا دا زیاتر هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەدا تاوەک پشتگیری هاوپەیمانەکانی بکات، هیچ هەڵویستێکی جێی باسی بەرامبەر کۆمەڵکوژی غەزە نەبوو، دەیویست لە وڵاتانی کەنداو نزیک بێتەوە و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانی ئاسایی بکاتەوە. لە ناوخۆدا سیاسەتێکی کەللە ڕەقانەی بەرامبەر ئۆپۆزسیۆن دەگرتە بەر و ئامادەی گفتوگۆ نەبوو، پێی وابوو دەتوانێت بە زەبر و زەنگ سوریا بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی پێش ٢٠١١. جەنگی ئیسرائیل حیزبوڵا و میحوەری مقاومەی بە تەواوەتی لاوازکردبوق، ئێران لەسەر ئاستی ناوچەیی لاواز بووە و ڕەنگە لەمەودوا هاوشێوەی کۆریای باکور ستراتیجی خۆی بۆ مانەوە پەیوەست کات بە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، بۆ ڕوسیاش لە ئێستادا جەنگی ئۆکرانیا لە هەموو بەرەکانی تر زیاتر گرنگی ستراتیجی هەیە، ڕوسیا پێی وایە گەر لە ئۆکرانیادا سەرکەوێت ئەوا دەتوانێت بەهێزتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگەکانی دیکە ئامادەیی هەبێت. ئەم فاکتەرانە و سەرەڕۆیی ڕژێمی بەعس وای لە هاوپەیمانەکانی کرد کە ئامادە نەبن بە هەمو نرخێک هەوڵی هێشتنەوەی ئەم ڕژێمە بێکەڵکە بدەن و توانای خۆیان لەم یاریە دۆڕاوەدا بە فیڕۆ بدەن. بە تایبەتی ڕوسیا کە بۆی گرنگ نییە کێ حاکم بێت لەوڵاتەکەدا، گرنگ ئەوەیە بەرژەوەندییەکانی پارێزراو بێت. ئەمریکا لە ئەفغانستان هەڵات، بەڵام ئەمە نەبوو بە هۆی شکانی هەژمونی سەربازی ئەمریکا لەناوچەکە. ڕوسیاش پێی وایە شکستێکی کاتی لە ناوچەکەدا باشترە لەسەرکەوتنێک کە تێیدا سەرو ماڵی تیابچێت.
بۆپێشەوە: دوای گرتنە دەسەڵات لەلایەن بەرەی نوسرەو ئەحمەد شەرعەوە بە پشتیوانی تورکیا… بەکردەوە تورکیا بۆتە یاریچی سەرەکی لە تورکیادا، ئەمەش گورزێکی گەورەیە لە پیگەی جمهوری ئیسلامی لە سوریاو لە ناوچەکەدا… لەم ئالوگۆرەدا کە ئیران شکستخواردوو تورکیا سەرکەتوو… چ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی سوریاو ناوچەکە دەبێت؟
میرۆ عەبدولکەریم: کۆماری ئیسلامی ئێران لای خەڵکی سوریا بێزراوە، دەسەڵاتدارانی دیفاکتۆی دیمەشقیش هێندەی دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانن هێندە کێشەیان لەگەڵ ڕوسیا نییە، ڕوسیا تا ئێستاش لە سوریا ئامادەیی هەیە و دوو بنکەی ئاسمانی و دەریایی لە پێگەی ستراتیجیدا هەیە. لە بەرامبەردا تەنیا کارتێک کە کۆماری ئیسلامی بتوانێت بەکاریبێنێت لە سوریادا، هاوشێوەی عێراقی پاش ٢٠٠٣ ، شەڕی تایەیفییە: هەوڵدان بۆ ئەوەی دۆخی سوریا بە نا جێگیریی بمێنێتەوە. تورکیا لە بەرامبەردا کارتی زیاتری بەدەستەوەیە، هێزە ئیسلامیەکانی سوریا نزیکی ئایدۆلۆجیان لەگەڵ تورکیا هەیە، زۆربەیان دروستکراوی ڕاستەوخۆی تورکیان یان تورکیا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانی کردون، تورکیا دەیەوێت سوریا بکات بە بە بازارێکی نوێ بۆ کاڵاکانی، ئایدۆلۆژیای نیۆ عوسمانیزم بەکاربێنێت بۆ کردنی سوریا (هاوشێوەی هەرێمی کوردستان) بە ناوچەیەکی جێی نفوزی ئیمپریالیزمی تورکی. هەروەها تورکیا دەیەوێت سوریا بکاتە گۆڕی ئیرادەی سیاسیی گەلی کورد.
بۆپێشەوە: بەرەی نوسرەو بەتایبەتی ئەحمەد شەرع” جۆلانی” وەک سەرکردەیەکی تیرۆریست داواکراو و بوو لەلایەن ئەمریکاو غەربەوە، کەچی زۆر زوو فایلی تیرۆریست بوونی کەنار خراو خەریکە ئەمریکا و غەرب مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و دەسەڵاتەکەی بەرەسمی دەناسن… چۆن دەڕوانە ئەو مامەڵەیەی ئەمریکا و غەرب و دیموکراسی بۆرژوازی؟
میرۆ عەبدولکەریم: جەنگی دژە تیرۆر و تیرۆر وەک دوژمنی مرۆڤایەتی ئەفسانەیەکی ئیمپریالیزمی ئەمریکی بوو بۆ ڕەوایەتیدان بە داگیرکاری و دەستێوەردانەکانیان لە ڕۆژئاوا- و ناوەڕاستی ئاسیا و باکوری ئەفریقا. کاتێک موجاهیدان، بەهاوکاری دەزگای هەواڵگری سعودیە، پاکستان و سی ئای ئەی، لە چوار قوڕنەی دنیاوە بۆ شەڕی سۆڤیەت ڕویان لە ئەفغانستان دەکرد، عەبدوڵا عەزام و ئوسامە بن لادن لە لایەن ئەمریکاوە ناودەبران بە خەباتگێڕانی ڕێگای ئازادی، دواتریش کە بەرژەوەندیەکانیان دژی ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی وەستایەوە هەمان ئوسامە بن لادنمان لێکرا بە گەورەترین تیرۆرست و هەڕەشە لەسەر جیهان. تیرۆر ئامرازە نەک ئامانج، گەر تیرۆرستێک ئامانجی لەگەڵ ئامانجی دەوڵەتێکی لیبرالدا یەک بگرێتەوە ئەوا چاوپۆشی لە کردەوە تیرۆرستیەکەی دەکرێت و بگرە وەک خەباتی رەوا بۆ ئازادی بە خەڵک دەفرۆشرێتەوە، بەڵام گەر هەمان هێز ملەجەڕێی لەگەڵ نەزمی لیبرالی رۆژئاواییدا کرد ئەوا لە شەو وڕۆژیکدا دەکرێن بە تیرۆرست و دوژمنی مرۆڤایەتی و شارستانی. بەڵام نەزمی لیبراڵی هیچ کێشەی لەگەڵ هێزە فاشیستەکاندا نییە، ئەسڵەن هەندێک جار بونی هێزە فاشیستەکان بە گرنگ دەزانێت بۆ پاراستنی خاوەندارێتی تایبەت، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی سەرمایە و سەرکوتکردنی مارکسیزم و خەباتی دژە سەرمایەداری. خودی دیموکراسی لای لیبرالیزم تا ئەو کاتە شیاوی بەرگریلێکردنە کە زەرەری بۆ پەزەکان نەبێت، هەرکاتێک دیموکراسی بوو بە هەڕەشە بۆ سەر سەرمایە و لەسوعبەت دەرچو ئەوا لیبرالیزم دەبێت بە هاوپەیمانی فاشیزم.
بۆپێشەوە: کۆتاییهاتن بە رۆڵی سەرەکی ئیران لە سوریادا، لە بەرژەوەندی دەوڵەتی ئیسرائیلە، ئایا ئیسرائیل چۆن مامەڵە لەگەڵ تورکیاو بەرەی نوسرەو دەسەڵاتی دوای ئەسەد دەکات؟ ئایا ئیسرائیل دەتوانێت قبوڵی دەسەڵاتی هیز گەلی ئیسلامی بکات کە سنوری بە ئیسرائیلەوەیە؟
میرۆ عەبدولکەریم: ئیسرائیل دراوسێیەکی دەوێت کە چاوپۆشی لە تاوانەکانی بکات بەرامبەر بە خەڵکی فەلەستین، دراوسێیەکی دەوێت کە هیچ لەمپەرێک نەخاتە بەردەم سیاسەتی بە کۆڵۆنیکردنی فەلەستین و پاکتاویی ڕەگەزیی دانیشتوانەکەی. ئیسرائیل لەپاش ڕوخانی ئەسەد لە ماوەیەکی کەمدا ٨٠٪ بۆ ٩٠٪ ی توانای سەربازیی سوریای وێرانکرد، تا حکومەتی داهاتوی سوریا نەبێت بە هەڕەشەیەکی ئەمنی وسەربازی بۆی. لە کاتێکدا هیچ لایەنێکی سوری تا ئێستا بە ئاشکرا دژایەتی ئیسرائیلی نەکردوە. ئیسرائیل وەک تورکیا نییە تاوەکو لە ڕێگەی بەکرێگیراو چەتەکانیەوە یان لە ڕێگەی ئەو هێزانەی کە نزیکی ئایدۆلۆجیان لەگەڵی هەیە کاریگەری بخاتە سەر سیاسەتی سوریا. هەرچەند هەندێک لایەنی ئیسرائیلی دەیانەوێت بابەتی “کەمایەتی نەتەوەیی و ئاینی“ بەکاربهێنن بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئیسرائیل لەسوریادا ، بەڵام ئیسرائیل بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی باڵادەستی سەربازیەوە (بە هاوکاریی ئەمریکا) دەیەوێت “ئاسایشی نەتەوەیی” خۆی بپارێزێت. ئیسرائیل کێشەی لەگەڵ ئیسلام و هێزی ئیسلامی نییە (ئەو تێروانینە بانگەشەی هێزە ئیسلامییەکان و هەندێک زایۆنیدۆستە)، بەڵکو کێشەی لەگەڵ هێزێک هەیە کە بەرگری لە خەڵکی فەلەستین بکات، ئیسلامی بێت یان عەلمانی. گەر هێزە ئیسلامیەکانی سوریا خۆیان لە پشتیوانی بۆ دۆزی ڕەوای خەڵکی فەلەستین بە دوربگرن و چاوپۆشی لە داگیرکاریەکانی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان بکەن، ئەوا ئەم دەوڵەتە هیچ کێشەی لە هاتنەسەرحوکم و مانەوەیان نییە. بەڵام ئیسرائیل وەک هێزێکی دوربین دڵی تەنیا بە دەربڕینی نیازپاکی ئاوناخواتەوە ودەیەوێت ئەو دەوڵەتەی دەبێت بە درواسێی لە ڕوی سەربازیەوە لاوازبێت.
بۆپێشەوە: لانی کەم لە روکەش و لە ئیستادا، ئاڵوگۆر لە ئامانجی بەرەی نوسرەو دیدی ئەحمەد شەرعدا دەبینرێت بۆ دەسەڵاتدارێتی، باس لە سوریایەک دەکەن کە مافی هەمووان دەپارێزێت، چۆن دەڕوانە ئەم ئاڵوگۆرە؟
میرۆ عەبدولکەریم: ئەبوو محەمەد جۆلانی و هەیئەی تەحریری شام یان بەرەی نوسرەی پێشوو هەر زو ڕەوتی خۆیان لە داعش جیاکردوە. بە پێچەوانەی داعشەوە ئەمان دەوڵەتێکی ئیسلامییان دەوێت لە سنوری دەوڵەت- نەتەوەی مۆدێرندا، دەیانەوێت دامودەزگای سەرکوت و ئایدۆلۆژیی دەوڵەت بەکاربهێنن بۆ بە ئیسلامیکردنی کۆمەڵگە. بەڵام مۆدێلی سەرمایەداریەکی نەتەوەیی- ئیسلامی داخراو و گۆشەگیر بە کەڵکی دەسەڵاتدارانی دیمەشق نایەت و سوریا بە چارەنوسی ئێران دەبات، بۆیە جۆلانی دەیەوێت هاوشێوەی نیۆعوسمانیەکان ڕەفتار بکات و ئایدۆلۆژیای ئیسلامیزم بەکاربهێنێت بۆ کردنی سوریا بە تاقیگەیەکی نوێی سیاسەتی نیۆلیبراڵی و کەڵەکەکردنی بەرایی. ئەم جیاوازە جەوهەریەی لێدەرچێت ئەوی دیکەی تەنیا خۆ گونجاندنە بۆ بە بەدەستهینانی شەرعیەتێکی نێودەوڵەتی و کڕینی کات لە ناوخۆدا بۆ خۆ بەهێزکردن و خۆ سەپاندن. هێزە چەپ و مارکسیەکان دەبێت لەو تێڕوانینە دورکەونەوە کە پێی وایە هێزە ئیسلامیەکان پراگماتی نین، یان پاشماوەی دنیای کۆنن و توانای سیاسەتیان نییە لە چوارچێوەی دەوڵەت- نەتەوەی مۆدێرندا. بە پێچەوانەوە بەرەنگاربونەوەی بۆرجوازیی نەتەوەیی- ئیسلامی بۆ هێزە چەپ و مارکسیەکان زۆر زەحمەتترە. چونکە ئەم هێزانە دۆگمایی نین، دەتوانن لە پاڵ دەزگای سەرکوتکەری دەوڵەتیدا زۆر بونیادی ئاینی و کلتوری بخەنە خزمەتی ئایدۆلۆژیای خۆیانەوە، بەپێی گۆرانکاریەکانی سەردەم سیاسەتی خۆیان دەگۆڕن، هەم لەگەڵ شەپۆلی زیندوبونەوەی فاشیزم لەسەر ئاستی جیهان دەگونجێن و هەم لەمێژووشدا زۆر نمونەمان دیوە کە کۆمەڵگەی نێودەولەتی لە ژێر هەژمونی ئەمریکادا ئەم بۆرجوازیەی وەک ئەهوەن و شەڕەین سەیرکردوە، زۆرجاریش بگرە ڕاستەوخۆ پشتگیریکردوە و بەخێوی کردوە تا لە ڕێگەیەوە هێزە مارکسی و دژە سەرمایەداریەکان لاواز بکات. زەقترین نمونەش ئەو هەمو ڕوماڵ و گرنگیدانە میدیاییە بەم کەسایەتیە، کەوەک زیلینیسکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی دەردەخات، هەمیش بە “گۆڕان” ی ئیسلامیەکان. مامەڵەکردنی هەندێک میدیای لیبراڵی بەم چڕیە لەگەڵ ئەم (کۆنە) تیرۆرستەدا بۆ نیشاندانێتی وەک تاکە بەدیلی سوریا لای خەڵک. ئەمەش هەمان مامەڵەی میدیاکانی ڕۆژئاوامان بیردەخاتەوە لەگەڵ خومەینی لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا. زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان نایەوێت سوریا بگۆڕێت، دەیانەوێت تەنها گۆڕانکاریەکی فۆرماڵی بکرێت و جۆلانی بخرێتە جێگەی ئەسەد. لە کاتێکدا ئەو ڕاستیە دەزانن بەشێکی گەورەی خاکی سوریا لەدەستی ئەم هێزەدا نییە و بەشێکی زۆری خەڵکیش ئامادەی قبوڵکردنی ئەم هێزە نین.
بۆپێشەوە: لە سایەی باڵادەستی دەوڵەتی تورکیا لە سوریاو دەسەڵاتی بەرەی نوسرەدا، چارەنووسی دەسەڵاتی هەسەدە چی بەسەر دێت؟ ئایا دەکرێ چاوەروانی لە دەسەڵاتی تازەی سوریا بکرێت، بۆ مل دان بە خواستی سیاسی خەڵکی کورد لە سوریادا؟
میرۆ عەبدولکەریم: لە ئەگەری باڵادەستی هەردو بەرەی نوسرە و تورکیا لە سوریادا چارەنوسێکی باش چاوەڕێی هەسەدە و کورد ناکات.. هەم بۆ هێزە ئیسلامیەکان و هەمیش بۆ تورکیا ئیدارەی خۆسەری دوژمنێکی ئایدۆلۆژی و سیاسی و نەتەوەییە. ڕۆژئاڤا خاوەنی تێڕوانینێکی جیاواز و بگرە تەواو پێچەوانەی ئیسلامیەکانی هەیە بۆ دەوڵەت، کۆمەڵگە، ژن و سیاسەتی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان و ئابوری ئەم پراکسیسە تەنانەت لە پڕۆگرامی خوێندنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا ڕەنگی داوەتەوە، کە خوێندنێکی پلورالیستی سکۆلاریستە سەبارەت ئاینە جیاوازەکان، پێکهاتە جیاوازەکان و ڕەهایی ژن. لە کاتێکدا تێڕوانینی ئیسلامیەکان تێڕوانینێکی پیاوسالارانە، بەدگومانانەی تۆڵەسێن و خۆسەپێنە، کە درەنگ یا زوو بە دێواندن و پەراوێزخستن و سەرکوتی- ژنان ، پیکهاتە جیاوازە ناسوونی و نا موسوڵمانەکان کۆتایی دێت. ئەم هێزە ئیسلامیانە و سپۆنسەرە تورکیەکەیان بیریان نەچوەتەوە کە لەسەردەستی یەپەگە و یەپەژە و دواتریش هەسەدە چەندین جاریش شکستی سەرشۆڕکەرانەیان دەرخوارد دراوە. هەیئەی تەحریر دەیەوێت ببێت بە جێگرەوەی ئەسەد لە سوریادا و هەمو هێزەکانی دیکەی وڵات بخاتە ژێر ڕژێمێکی سەرمایە دۆستی سەرکوتگەری فاشیەوە ئەم نیازەش بە لەناوبردنی هەسەدە و هێزە خۆبەڕێوەبەرەکانی دیکە سەردەگرێت. سەبارەت بە تورکیاش دۆخی نمونەیی بۆی دۆخێکە کە کورد ئیرادەی سیاسی نەبێت، لە حاڵەتی نەبونی ئەم ئیمکانیەتدا ئیمپریالیزمی تورکی هێزێکی کوردی هاوشێوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی دەوێت، کە وەک جۆرێک لە بۆرجوازی کۆمپرادۆر خزمەتی سەرمایەی تورکیا بکات.
بۆپێشەوە: لەناو دڵی دۆخی سوریای دوای ئەسەد و دەسەڵاتی تازەدا، هیچ شانس و دەرفەتێک بۆ هاتنەمەیدانی بزوتنەوەی شورشگێرانەی چەپ و ئازادیخوازی هەیە؟
میرۆ عەبدولکەریم: من بەداخەوە زۆر ئاگاداری هێزە چەپەکانی ناوخۆی سوریا نیم، میدیای نەزمخوازیش دەیەوێت دیکتاتۆریەکی نوێ ڕاست بکاتەوە و دەنگی هێزە ئازادیخوازەکان دەخاتە پەراوێزەوە؛ بۆیە ئاگاداری لە دۆخی بزوتنەوە چەپ و شۆڕشگێڕەکان لە ناوخۆی سوریادا ئاسان نییە. بەدڵنییایەوە ڕوخانی ڕژێمی بەعس و لەناوچونی ئەم دەسەڵاتە داپڵۆسێنەرە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ هێزە شۆڕشگێڕە مارکسی و چەپەکان، من باوەڕم وایە لەم کاتەدا هێزە مارکسی و شۆڕشگێڕەکان پێویستە لەگەڵ هەمو هێزە دژە سەرمایەدارەکان لە ئەنارکیست و کوێرفرۆنت لە هەمو پێکهاتەو نەتەوەکان بەرەیەک پێکبهێنن، بەرگری لەهەمو شێوازەکانی خۆبەڕێوەبەریی و دیموکراسیی لە خوارەوە بۆ سەرەوە بکەن. لە مامەڵەشیان لەگەڵ هێزە لیبرالیەکاندا بە هەموو شێوازێک دژی لیبرالیزمی ئابوری بوەستنەوە، چونکە لیبرالیزمی ئابوری باوکی فاشیزمە. هێزە مارکسی و چەپەکانی سوریا نابێت سۆسیالیزم و دیموکراسی وەک پرۆژەیەک بۆ سبەینێ سەیرکەن، بەڵکو وەک ئامانجێکی هەنوکەیی. وەگەرنا دەبن بە بەشێک لە ئاپاراتی ئایدۆلۆجی و سەرکوتگەریی دەوڵەت، ئیتر ئەوکات زۆر جیاوازی نییە دەوڵەتەکە عەلمانی بێت یان ئیسلامی بێت….