عوسمان زیندانی: دواكەوتنی پێكهنانی حكومەت وابەستەیە بە ململانی بەردەوامیان لەسەر دەسەڵات و پۆست وپلە وپایە و هیچ پەیوەندی نییە، بەژیان وگوزەرانی خەڵكەوە.  دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ عوسمان زیندانی… سەبارەت هۆکارەکانی دواکەوتنی ڕێکەوتنی یەکێتی پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم“

0

بۆپێشەوە: زیاتر لە شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیووە، کەچی تا ئێستا پرسی پیکهێنانی حکومەت و کابینەی تازە، بە جێگایەک نەگەیشتووە. هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی پیکهێنانی حکومەت و رێک نەکەوتنی پارتی و یەکێتی بۆچی دەگەڕێتەوە؟

عوسمان زیندانی: وەڵام بۆ ڕۆژنامەی (بۆ پێشەوە) سەرەتا سوپاس بۆ ئەم چاوپێكەوتنە وئومید دەكەم هەر بۆپێشەوە هەنگاو بنێنن. ئەمە یەكەمجار نییە كە لیستە براوەكانی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان دوای چەندین مانگ تێپەڕ بوون لەكاتی پێویست ناگەن بە ڕێكەوتن لەسەر پیكهێناننی حكومەت، ئەمە دەلیلی بێ بەڵێنیانە بۆ جەماوەرەكەیان و سیفەتی هێز ولایەنە بورژوازیەكانە. هۆكارەكەی ڕوونە كە ئەو هێزانە پێش هەڵبژاردن و لەكاتی هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن خەریكی ململانێن لەسەر دەسەڵات و بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی و بەڵێن و دواكەوتنی پێكهنانی حكومەت وابەستەیە بە ململانی بەردەوامیان لەسەر دەسەڵات وپۆست وپلە وپایە و هیچ پەیوەندی نییە بەژیان وگوزەرانی خەڵكەوە.

بۆپێشەوە: لە هەرێمی کوردستاندا نە هەڵبژاردن بەبێ یەکێتی و پارتی دەکرێت و نە پێکهێنانی حکومەت. چۆن دەڕوانە ئەم دۆخە؟ هەروەها چۆن دەڕوانە جێگاو ڕیگای حزب و لایەنەکانی تر لەهەڵبژاردنەکان و پیکهێنانی حکومەتدا؟

عوسمان زیندانی: ڕاستە لەم قۆناغەدا هەڵبژاردن بێ ئەو هێزانە ئەنجام نادرێت و وبێ ئەوانیش حوكمەت پێك نایەت، ئەمەش هۆكاری زۆرە. یەكەم: ئەم دوو لایەنە هێشتا بەهەر هۆكارێك بێت زۆرینەی كورسیەكان بەدەست دەهێنن و هاوكات خاوەنی هێزی ئەمنی وسەربازی و زۆنی تایبەت بەخۆیانن و ئاسان دەسەڵات تەسلیم ناكەن بەیەكتری و بۆ لایەنی تریش ئامادەنین دەسەڵات چۆڵ بكەن، بۆیە بەناچاری دەبێت هەردوولایان لەسەر هەندێك شت ڕێك بكەون و دیارە بەرژەوەندی سیاسی هەرێمایەتی ڕۆڵی هەیە لەم بارودۆخەدا. هاوكات یەكێك لەهۆكارەكانی تر پەرژو بڵاوی هێزو لایەنەكانی تری ئۆپۆزسیۆنە كە نەیتوانیوە لەسەر لایەنی كەمی بەرنامەیەك و كابینەیەك ڕێكبكەون. دۆخی لایەنەكانی تر لەم پرۆسەیەدا بێگومان لە ململانێدان و بەشدارن. لە پرۆسەی سیاسی و هەرجارە بەڕێژەیەكی دیاریكراو دەنگ وكورسی دەهێنن، بەلام نەتوانراوە ببێتە مایەی گۆڕینی نەخشەی سیاسیی و ئەوانیش بەتایبەت هێزە ئیسلامیەكان لە ژێر كاریگەری هەرێمایەتیدا زۆر جار لایەنگری دەكەن بۆ لایەك دژی لاییەكی تر. هاوكات ئەوەی پێی دەوترێت ژیانی سیاسی و حوكمڕانی دیموكراسی تائەو شوێنە قبوڵە كە خۆیان حوكمڕان بن، بەڵام من پێم وایە ئەمە هەتاسەر بۆ كەس بەردەوام نابێت. خاڵێك كەپەیوەستە بەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان وچینی كرێكار و مووچەخۆرانەوە كە ئەم لایەنە سیاسیانە هیچ جیاوازیەكیان نییە لەگەل لایەنی دەسەڵات لە ڕووی ڕوانگەی ئابووری وسیاسەتی بازرگانیەوە كە هەمان بڕوا وبەرنامەیان هەیە كە برەو دانە بەكەرتی تایبەت كەبەرژەوەندی خەڵكی تیادا نییە و ئەمەش وای كردوە جیاواز نەبن لەوانی حكومەت.

بۆپێشەوە: لەگەڵ ئەوەدا پیکهێنانی حکومەت دواکەوتووە، بەڵام سەرئەنجام حکومەت ئەگەر دیکۆریش بێت پێک دێت… چونکە گوشاری دەرەکی ڕیگە نادات پیکهێنانی حکومەت زۆر لەکاتی خۆی دوابکەوێت، تا چەندە لاتان وایە ئەم حکومەت و کابینەیە جیاواز لە حکومەت و کابینەکانی پیش خۆی دەبێت؟

عوسمان زیندانی: سەبارەت بەجیاوازی نێوان، كابینەكانی حكومەت؟ بڕوام وایە لەسەر هەمان و نەهج وسیاسەت دەڕۆن. سەرباری ئەوەی بەڵێنیان داوە بەخەڵك كەژیانی خەڵك چاك بكەن و داهات ڕێكبخەنەوە، بەڵام بڕوام وایە وابەستەیان بەسیاسەتی ئابووری سەرمایەداری جیهان و بازاڕی ئازادەوە ڕێگەیان نادات هیچ هەنگاوێك بێنن بەئاراستەی چارەسەری كێشەكانی خەڵك وەك بێكاری و ناعەدالەتی ئەوان. دامەزراندنیان ڕاگرتوە و لەكەرتی تایبەتیش فرسەتی هەلی كار یەجار كەمە ئیتر چۆن دەتوانن چارەسەری بێكاری بكەن؟ پەیوەندی سیاسی نێوان لایەنەكان، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی داڕێژراوە بۆیە چۆن دەتوانن ڕەوشی سیاسی بەرەو ئارامی و سەقامگیری بەرن. هەرلایەك وابەستەی ڕیزبەندی هەرێمایەتییە ئەمانە، گرفتی سەرەكین. هاوكات تاكو ئێستا هێزی ئەمنی و سەربازی زاڵە بەسەر دامەزراوە ئیداری و كارگێڕییەكانی حكومەتدا ئیتر حكومەتی دامەزراوەیی و چەمكی هاولاتی بوون چۆن دەچەسپێت.

بۆپێشەوە: ئاڵوگۆرەکانی ناوچەکە… لەوانە لاواز بوونی پیگەی ئیران لە ناوچەکە، روخاندی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، بەهیزبوونی پیگەی تورکیا، باڵادەستی ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکە… کاریگەری گەورەیان لەسەر عێراق هەیە… تا چەندە ئەو ئاڵوگۆرانە کاریگەریان لەسەر هەرێمی کوردستان پرسی پیکهێنانی حکومەت و کابینەی دەیەم دەبێت؟

عوسمان زیندانی: ئاڵوگۆڕی ناوچەكە بەهۆی ململانێی دەوڵەتە زلهێزەكانەوەیە و هەر ئەوانیش لەم بەشە لە عێراق و لە هەرێمی كوردستاندا دەستی ڕاستەوخۆیان، هەیە لە كاروباری ناوخۆیی و ژیانی سیاسی لەهەرێمدا، بەڵام تائێستا بەرژەوەندی هەندێك لەم دەوڵەتانە لەسەر ئاستی جیهان وناوچەكە لەناوهەرێمدایە، بۆیە زەحمەتە لە ئاییندەیەكی نزیكدا ئاڵوگۆڕ دروست ببێت لەناو هەرێمدا. ئەمە مانای وا نییە كەئەوان لەسەر حەقن. نا مەسەلەكە بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان هەرێم و ئەوانە، لەڕووی سیاسی و ئابووریەوە. مەگەر هەلومەرجی ناوخۆیی بەجۆرێك بێت كە تەجاوەزی ئەو هەیمەن و هەژموونەی بكات كە هەیە.

بۆپێشەوە: حکومەت و پەرلەمان لە کوردستاندا، هەمیشە رۆڵیان لە بەرامبەر پیگەی حزبە دەسەڵات بەدەستەکان کەمتر بووە، تا چەندە لاتان وایە حکومەت و کابینەی تازە دەتوانێت، باڵادەستی بەسەر حزبەکاندا هەبێت و رۆڵی خۆیان بگێرن؟

عوسمان زیندانی: ئەم دۆخە سیاسەیە هەیە لە ناو كوردستاندا و ئەو پەیوەندیە ئاڵۆزە پڕ لەناكۆكیەی هەیە لەنێوان حزبەكانی دەسەڵات و هەندێك لەدەرەوەی دەسەڵات و ئەو دەستێوەردانە دەرەكیانەیە زاڵن بەسەر كوردستاندا پێمان دەلێ زەحمەتە هەیمەنەی حزب كەم ببێتەوە لەسەر دامەزارەوە نیشتمانیەكان.،بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین كە خەڵك بەگشتی و ئازادیخوازان. بەتایبەتی هەمیشە لەململانێدان بۆ باشكردنی ژیان و گوزەران و باشكردنی ڕەوشی سیاسی.

بۆپێشەوە: تا چەندە لاتان وایە، حکومەت و پەرلەمانی داهاتوو، دەتوانێت وەڵام گرفت و کیشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بداتەوە؟ هەروەها تا چەندە توانای ئەوەی دەبێت وەڵام بەخواست و مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان بداتەوە. بەتایبەتی پرسی موچەو لانی کەمی خزمەتگوزارییەکان؟

عوسمان زیندانی: حكومەت و پەلەمان لەداهاتوودا چۆن دەبێت و كاریگەریان چۆن دەبێت؟ لە پەیوەست بەكێشەكانی نێوان هەرێم وبەغداد پێم وابێت تاكو هێزە هەرێمایەتییەكان لە ناوچەكەدا دەستێوەردان بكەن ئەم كێشانە بەئاسانی چارەسەر نابن و خەڵكیش لێی زەرەر مەندە یان مەگەر ئاڵوگۆڕێك لە ناوعێراقدا بێتە گۆڕێ لە بەرژەوەندی خەڵكی بێت. سەبارەت بەباشكردنی ژیانی خەڵك دەكەوێتەوە سەر ململانێی خەڵك بەگشتی ولایەنە چەپەكان بەهەموو بەشەكانیەوە كە تاچەند بەردەوامی دەدەن بەململانی و بەرەنگاربونەوەی سیاسەتەكانی دەسەڵات و دەتوانن كاریگەری بكەنە سەر دەسەڵات، ئەگینا بەڕاستی ئەم لایەنانە بەئاسانی ناچنە ژێر باری باشكردنی ژیانی خەڵك. بەلام بڕوام وایە هەم لە ڕاگەیاندن وهەم لە شەقام ولەناو پەرلەمانیش دەسەڵات لە داهاتوودا ڕووبەڕووی پرسیار و ڕەخنە و كێشمەكێش دەبێتەوە لەگەل خەڵك و لەگەڵ لایەنەكانی تردا، چونكە بیرمان نەچێت سەرباری هەر تێبینیەك پەرلەمان وەك شەقام مەیدانێكی گرنگ و سەرەكییە بۆ ململانێكردن لەگەل دەسەڵاتدا. بەگشتی من بڕوام وایە نەدۆخی دەولی و نە هەلومەرجی ناوچەكە هەروا بەردەوام دەبێت، چونكە بەرژەوەندی جیاواز زۆرە و ناكۆكییەكان گۆڕانكاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هەر ئاڵوگۆڕێكی ناوچەیی كاریگەری دەبێت لەسەر دوخی ناوخۆی هەرێم. بۆیە دەبێت جەماوەر بەگەشبینیەوە بەردەوامی بدەن بەناڕەزایەتی و هێزە ولایەنە چەپەكانیش باشتر و یەكگرتووتر سیاسەتیان كاریان، بەرنامەیان. ئاراستەی خەڵك بكەن و لە گۆڕەپانی ململانی دەسەڵاتدابن. و وازبێنن لە ناكۆكییە لاوەكیەكان و هەڵقەی ناوەندی سیاسەتیان بەرژەوەندی خەڵك و ململانێ كردن بێت لەسەر دەسەڵات و بایەخ بەپرسی ڕۆژ لە ژیانی خەڵك بدەن. ئەمە ڕێگە ڕاستەكەی تێكۆشانی چینایەتییە كە بەواقعیەتەوە سیاسەت بەرجەستە بكەیت.

********

Leave A Reply

Your email address will not be published.