نەغەدە عوسمان: ئەم مانگرتنە جارێکی تر ئەوەی بیری خەڵک خستەوە کە ئەم دەسەڵاتە ناتوانێ ئەم هەرێمە بەڕێوە بەرێ دەبێ ڕێگا چارەیەکی تر بدۆزینەوە بۆ ڕزگارکردنی… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ نەغەدە عوسمان یەکێک لە سیما ناسراوەکانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری لە کوردستان…سەبارەت “ناڕەزایەتی و مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران و ئایندەی ئەم بزوتنەوەیە”…
بۆپێشەوە: ماوەی چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی تری نارەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران، دەستی پێکردۆتەوە، نارەزایەتی و مانگرتن و خۆپیشاندانی ئەم جارەی مامۆستایان فەرمانبەران جیاوازی لەگەڵ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی پیشوودا چییە؟
نەغەدە عوسمان: ناڕەزایەتی وەک خۆی باقیە، بەڵام ئەمجارە ناڕەزایەتیەکان شێوەی مانگرتنی لەخۆ گرت، ئەمەش ئەنجامی خەمساردی حکومەتی هەرێمە بەرامبەر بە داواکارییەکان و بژێوی موچەخۆران. موچەخۆران زیاد لە دەساڵە بۆ وەرگرتنی موچەی مانگێک دەبێت چەندین مانگ لە سەرجادە هاواربکەن و بەگژ کەمتەرخەمی دەسەڵاتدا بچنەوەو هیلاکیەکی زۆر بنۆشن بێ هودە. ئەمە جگەلەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران چەندین جار فرسەتیان خستە بەردەم دەسەڵات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچە، بەڵام موچەخۆران نائومێدی نەبێت هیچی تریان نەچنیەوە، ئەنجامی ئەم نائومێدیەش بووە هۆکاری گۆڕینی شێوەی ناڕەزایەتییەکان سەرەڕای بایکۆتی دەوام و چونە سەرجادە بە چەندین مانگ، بەڵام دەسەڵات هیچ باکی نەبو لە بێزاری و ئەو دۆخە پڕ ئازاری نەبونی و قورسی گوزەرانەی موچەخۆران بۆیە لە کۆتایدا لەلایەن چەند مامۆستاو فەرمانبەرێکەوە بڕیاری مانگرتن درا لە خواردن، هەرچەندە ئەمە ژیانی ئەو پۆلە مانگرتوەی خستە لێواری مەرگ، بەڵام هێشتا دەسەڵات تا ئێستاشی لەگەڵ بێت هەر بێباکەو خواستەکانیش لە شوێنی خۆی بێ وەڵام ماون.
بۆپێشەوە: لە ساڵی ٢٠١٤ وە، کێشەی موچە لە پاشەکەوتی موچەوە، بۆ لێبرین و دواخستنی بەردەوامە، و هەموو ساڵیک بەرپرسانی دەسەڵات ڕایدەگەیەنن کە چارەسەی پرسی موچەو دابەشکردنی دەکەن و چەند جاریکیش باسی چارەسەری موچەیان کردووە کەچی کێشەی موچە بەردەوامە، هۆکاری سەرەکی نەدان و دواخستنی موچە چییە؟ ئایا پارتی و یەکێتی بەرپرسی ئەم کێشەیەن یان دەسەڵاتی بەغدا؟
نەغەدە عوسمان: لەم هەرێمەدا هەرچی کێشەیەک بەرەو ڕوی خەڵک بێتەوە بێگومان تەنها، بەرپرس دوو حیزبی دەسەڵاتن، کێشەی موچە لە کۆتا مانگەکانی ساڵی ٢٠١٣ وە سەری هەڵداوە تا ئێستا کە ساڵی ٢٠٢٥ کۆتایی نەهاتوە بەمەش موچەخۆر توشی بێئومێدی بوە، ئەنجامی گفتی بێبنەما لەلایەن حکومەتی هەرێم و بەغداوە.
هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، بە سیاسیکردنی ناردنی بودجەو موچەیە، کە هەردولایان بە گوێرەی ئاستی هاوسەنگی هێزیان بە ئارەزوی خۆیان یاری و سەوداو مامەڵە بە ژیان و گوزەرانی موچەخۆرانەوە دەکەن، هیچ کات ناگەنە بڕیارێکی دڵخۆشکەر بۆ موچەخۆران، هەروەها لەلایەکی تریشەوە وەڵام نەدانەوەی دەسەڵاتی گەندەڵی حکومەتی هەرێمە بە داواکاریەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی.
بۆپێشەوە: چ سەرۆکی هەرێم و چ وتەبیژی حکومەت و چ یەکێتی نیشتیمانی… کە خۆیان لە دەسەڵاتدان هەم لێدوانیان داوەو هەم پشتیوانی خۆیان بۆ داواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەربڕیووە، چۆن دەڕوانە لێدوان و پەیام و پشتیوانەکانیان؟
نەغەدە عوسمان: لەوانەیە سەرۆکی حکومەت، لە دەورەکانی پێشودا گفتێکی جێبەجێنەکراویاندابێ، بەڵام ئەم دەورەیەی پێش دوا هەڵبژاردن کە هێشتا حکومەتەکەی پێکنەهاتوە هیچ گفتێک و لێدوانێکیان بۆ موچەخۆر نەبوە، بگرە بە ئاسانترین شێوە ساڵانە و بەم ساڵیشەوە چاوپۆشی و بێدەنگی لەموچەی چەند مانگێک دەکەن و دوایش زۆر نابەرپرسانەو بێشەرمانە دەڵێن وەزارەتی عێراق بەرپرسە لە نەدانی موچە! لەکاتێکدا موچەخۆر نازانن کێ ڕاستە، حکومەتی عێراق کەدەڵێت موچەم ناردووە یان دەسەڵاتە گەندەڵەکەی هەرێم کەهەرچی متمانە هەبێت لای خەڵک نەی ماوە. موچەخۆر لەنێوان گەمەی سیاسی نابەجێی دوو دەسەڵاتی هاوشێوە گەندەڵ و مافیا و نا بەرپرس دەرگیر بووە، ئەوە تەنها خەڵکی زەحمەتکێش و موچەخۆرە کە دەستخەڕۆو سفرە بەتاڵ و گیرفان داتەکاو ماوەتەوە.
بۆپێشەوە: مامۆستایان و فەرمانبەران بەتایبەتی مامۆستایان گرێبەست، بریار بوو لەهەولێر و خۆپیشاندان بکەن بۆ خواستەکانیان، بەڵام زۆر زوو پارتی نوێنەری مامۆستایانی گرت و رێگەی نەدا هیچ کۆبونەوەیەکی نارەزایەتی لە هەولێر و دهۆک بەڕێوەبچێت… پرسیار ئەوەیە پارتی تا کەی دەتوانێت لە رێگەی ترساندن و زیندان و سەرکوتەوە بەر خۆپیشاندان و هاتنە مەیدانی خەڵکی نارازی بگرێت؟
نەغەدە عوسمان: دەسەڵاتی زۆنی زەرد هەمیشە پەنای بۆ ڕێگریکردن لەهەر ناڕەزایەتییەکی خەڵک بردوەو بەعس ئاسا، ڕەفتاری کردوە، هەروەها یەکەم جاری نییە خەڵکی خاوەن ماف زیندان بکات یان مامۆستا بەرشەق بدات، کە بۆتە پەڵەیەکی ڕەش بەناوچەوانیەوەو ڕۆژێک دێت باجی ئەو ڕەفتارە نامرۆڤانەیەی بدات، پارتی هەر دەسەڵاتی خۆی نەسەپاندوە بەسەر زۆنی زەرددا، بەڵکو هەرکاتێک بزانێت دەسەڵاتەکەی لەهەولێر بەهۆی ناڕەزایەتی هەر شارێکی کوردستانەوە دەکەوێتە مەترسیەوە، لەبری وەڵامدانەوە و بەتەنگ هاتنی خەڵکەوەهەڕەشەو داوای دامرکانەوەی دەکات یان هەڕەشەی ناردنی هێزی خۆی دەکات بۆ نەهێشتنی ناڕەزایەتییەکان، نمونەکەشی ناڕەزایەتی حەڤدەی شوبات بوو لە سلێمانی کە هەردوو زۆنی زەردو سەوزی هێنابوە لەرزە، بۆیە یەکێتی سەرپشک کرد لە دامرکانەوەی بەسوتاندنی خەیمەو مەنەسەو باقی شتومەکەکانی و ڕاونانی خەڵکی ناڕازی لەکاتی شەودا کە خەڵکێکی کەمی لێ بوو، بەمەرجێ یەکێتی ڕۆژ نەبو خەڵکی ناڕازی نەگرێ و چەندین کوڕو منداڵی خەڵکیان لەسەرجادە کوشت و بریندار کرد بەڕۆژی ڕوناک، بەهەزاران پۆلیس و ئاسایش و هێزە تایبەتەکانی خۆیانیان بەرامبەر بە خەڵکی برسی و ناڕازی شاری سلێمانی لەسەر جادەکان جێگیر کردبو هەر وەک ئەوەی لەشەڕێکی گەورەو چاوەڕوانی ئەوەبن کە هێرشی دوژمنی دەرەکی بکرێتە سەر، ئەو هێزەش تەنها بەرامبەر خەڵکێک ئامادەکرابو کە داوای خزمەتگوزاریان دەکرد، چونکە ئەوکاتە موچە بە ئاسانی لەلایەن عێراقەوە دەگەیشتە هەرێم. خەڵکی هەردوو زۆن هەمیشە بەدەست هەڕەشەی هەردوو دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیەوە دەناڵێنن تەنها جیاوازیەکە ئەوەیە کە یەکێتی بە حکومی لاوازی پێگەو نفوزی سیاسی لە هاوکێشەی سیاسی ناوچەکەدا و ناکارامەیی ململانێی سیاسی لەبەرامبەر پارتیدا، فرسەتی هێرشکردنی بۆسەر خەڵک سنوردارترە، ئەمەش دۆخێکی ئاواڵەی بۆ دانیشتوانی زۆنی سەوز پێکهێناوە کە بتوانن هەناسەیەکی زیاتر بدەن و بتوانن شێوازەکانی نارەزایەتییەکانیان دەربڕن، دەنا گەر ئەو باڵادەستیەی پارتی پیادەی دەکات، گەر یەکێتی هەمان پێگەی ببوایە لە پارتی کەمتری نەدەکرد.
بۆپێشەوە: بەشیک لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن… ئەم شیوازە تا چەندە دروستەو دەتوانێت دەسەڵات ناچار بە جێ بەجێکردنی خواستەکانیان بکات؟
نەغەدە عوسمان: دەسەڵاتێک گەر وەڵام بە خۆپیشاندان و بایکۆتکردن و بارەگا سوتاندن و..هتد، نەداتەوەو باکی نەبێت، چۆن لەبەرابەر مانگرتن لە خواردن هەستی دەجوڵێت، پێموایە گەر تەواوی خەڵکی کوردستان مان لەخواردن بگرن، ئەم دەسەڵاتە دەڵێت سودی بۆ ئابوری کوردستان هەیە، بۆیە مانگرتن لە خواردن شێوازێکی کاریگەر نییەو لە ئەنجامیشدا تەندروستی ژیانی کەسانێک دەبێتە قوربانی، ئەوەی لەم مانگرتنەدا دەستکەوتێک بو بۆ بردنە پێشەوی ناڕەزایەتییەکان جەماوەرێکی بەرفروان بو بە کۆبونەوە لەبەردەم خەیمەی مانگرتوانداو داخستنی دوکانەکان، بەوەی داوایان کرد مانگرتن لە خواردن کۆتایی بێت، ئەم کۆبونەوە جەماوەرییە هەنگاوێکی پێشڕەوانەی جەماوەری نیشانداین، بۆیە پێویستە لە ئەنجامدا خەڵکی ناڕازی ئاستی ناڕەزیەتییەکانیان لە شێوازێکی فراوانترو بەهێزترو ڕێکخراوتر بەرنە پێشەوە کە چۆک بەدەسەڵات بدات و ناچار بە گۆڕانکاری یا هەڵاتنیان بکات.
بۆپێشەوە: بێگومان نارەزایەتی و مانگرتن و کۆبونەوەو چادرهەڵدانی مامۆستایان و فەرمانبەران رەوایە و دەتوانێت کاریگەری لەسەر کەشی گشتی کۆمەڵگە هەبێت، بەڵام ئایا کوبونەوە و مانگرتن و چادر هەڵدان بەتەنها دەتوانیت ئەو کاریگەرییەی هەبێت و دەسەڵات ناچار بە وەڵامدانەوە بەخواستی مامۆستایان و فەرمانبەران، بکات؟ یان پێویستە ڕیگەو شیوازی کاریگەرتر دەستی بۆ ببرێت؟
نەغەدە عوسمان: هەڵبەتە ئەوەی ناڕەزایەتییەکان لە ماوەی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانیدا، نەیتوانیەوە ئاڵۆگۆڕێکی دڵخۆشکەر بەدەست بهێنێت، دەتوانم بڵێم، هۆکاری زۆر هەن، کە هەر لەسەرەتاوە جەماوەرێکی بەرین لە هەرێم لە خۆشخەیاڵی و ئومێد بە حزبەکانی کوردایەتی تێوەگلابون، هەمیشە لە چاوەڕوانی ئەوەدابون چاکسازیەک بە بەرژەوەندی خەڵک بەدەست بێت، زۆجار لە هەڵبژاردنەکاندا دەبینن، لەدوای چەندین توڕەیی و ناڕەزایەتی، بەڵام بەدوو بانگەشەی ساختەو درۆ لەدەوری سندوقەکانی هەڵبژاردن کۆدەبنەوەو دەنگ ئەدەن، بە بۆچونی خۆم فەزای زاڵ بونی بیروباوەڕی ناسیۆنالیستی کاریگەری لەسەر خەڵک هەیەو ڕێگرە لەبەردەم گەشەو ڕێکخراوبونی ناڕەزایەتیەکاندا، هەروەها بارزانی و تاڵەبانی لە ماوەی ئەم سی ساڵەی دەسەڵاتیاندا کاری بێبەزیانە و نائینسانانەی ئەنجامداوە لە بێ ئیرادەکردن و شکۆ شکاندنی خەڵکدا، لە هەمان کاتدا، بێ ئومێدی خەڵک لەوەی بە ئاراستەی بەدیلێکی تر بە جدی وەرگرن لە چاوەڕوانیدا ماونەتەنەوە، دۆخی سیاسی زۆر بێ متمانەی کردون، چاوەڕوان دەکەن دۆخەکە بە هێزێکی دەرەکی و بە ئەگەری ئاڵوگۆرێک کۆتایی بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بهێنێت، ئەمەش مانای ئەو پەڕی بێئومێدی و دابەزینی ئاستی ناڕەزایەتیەکانە.
بۆپێشەوە: یەکێتی نیشتیمانی کە خۆی هەم بەشێکە لە حکومەت!! و هەم بەکردەوە دەسەڵاتی یەکەمی زۆنی سەوزە، کەچی بەرپرسیاریەتی موچە دەخاتە سەر دەسەڵاتی هەولێر و وەکو ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵات خۆی نیشان دەدات و دەڵێن پشییوانی لە خواستی مانگرتوان دەکەن، چۆن دەڕوانە ئەم مامەڵەیەی یەکێتی؟
نەغەدە عوسمان: ئەوە ئاشکرایە کە یەکێتی لە ململانێ لە بەرامبەر پارتیدا وەک پێشتر ئاماژەم پێدا پێگەیەکی لاوازتری هەیە، بۆیە هەمیشە وەک هێزی دووەم و پاشکۆی پارتی دەردەکەوێت و دەبێتە تەواوکەری پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، لە هەمان کاتدا هەمیشە یەکێتی بەدوای هەلێکدا دەگرێت کە چۆن هاوسنگی هێزەکەی لە بەرامبەر پارتی ڕاگرێت یان بەهێز تری کات، بۆ ئەمەش کاری زۆر کردووە و سەرنەکەوتووە، لە هەمان کاتدا لە هەوڵی ئەوەدایە بە جۆرێک ئاراستەی ناڕەزایەتی جەماوەری بگۆڕیت بەدژی پارتی و خۆی لە هەر بەرپرسیاریەتێک لە بەرامبەر خەڵک بدزێتەوەو خۆی بێبەری بکات، لە کاتێکدا بۆ خۆشی هاوبەشە لە حکومەتەکەی پارتیدا. بۆیە پێویستە ناڕەزایەتیەکانی زۆنی سەوز زیاتر پێداگری لەسەر بەرپرسیاریەتی یەکێتی بکەن، گەر یەکێتی ناتوانێ وەڵام بداتەوە و خۆشی وەک ئۆپۆزیسێۆنێکی پارتی نیشان ئەدات، با بفەرمێت و ماڵئاوایی بکات و کۆتایی بەدەسەڵاتی خۆی لە زۆنی سەوزدا بهێنێت، خەڵکی هەرێم دەسەڵاتداری بێدەسەڵات و ملکەچی ناوێت.
بۆپێشەوە: چۆن دەروانە پشتیوانی کۆمەڵگە لە خواستی مامۆستاو فەرمانبەران و ئەو پشتیوانییە دەتوانێت چ رۆڵێکی هەبێت لە بەسەرکەوتن گەیاندنی مامۆستایان و فەرمانبەران؟
نەغەدە عوسمان: ئەوەی جێی دڵخۆشی بوو لە ڕۆژانی مانگرتنەکەدا، جارێکی تر هاتنە دەرەوەی خەڵکی ناڕازی بوو بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان بەڕوی دەسەڵاتدا و نیشاندانی پشتیوانیەکی ئینسانی و مەزن بوهێزدان بە مانگرتوان کە زۆر بە جۆش و خرۆشەوە داوایان کرد مانگرتن لەخواردن کۆتایی پێ بهێنرێت و ناڕەزایەتی بەردەوام بێت لە ئاستێکی بەرزتر و پێشڕەوتردا. جارێکی تر دەسەڵاتیان بەرپرس کرد لە هەر بێمافیەک، دەسەڵاتیان بەرپرس کردبو لە سەلامەتی مانگرتوان و تەندروستیان، ئەم مانگرتنە جارێکی تر ئەوەی بیری خەڵک خستەوە کە ئەم دەسەڵاتە ناتوانێ ئەم هەرێمە بەڕێوە بەرێ دەبێ ڕێگا چارەیەکی تر بدۆزینەوە بۆ ڕزگارکردنی خۆمان، ئەوەش بۆ خۆی هێزێکی تری دایەوە بەخەڵک کەدەبێت بەبێ وەستان لەگەڵ خەڵکی ئازادیخواز هەروەک ئاماژەم پێدا پلانی نوێمان هەبێت بۆ داهاتویەکی نزیک.
بۆپێشەوە: بە ڕای ئێوە، چۆن دەکرێت نارەزایەتی و مانگرتنی ئەم جارەی مامۆستایان و فەرمانبەران بەسەرکەوتن بگات و دەسەڵات ناچار بێت، کۆتایی بە دواخستنی دابەش کردنی موچە بهێنێت و وەڵام بەداخوازییەکانی تریان لەوانە دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە…تاد، بداتەوە…؟
نەغەدە عوسمان: چاوەڕوانی لەدەسەڵاتێکی ئاوا لای خەڵک وەک دەڵێن بێ مواسەفات، یان نەخوازراوو..هتد هیچی لێ سەوزنابێت بۆیە کاتێتی خەڵک بڵێت گەر حکومەتی کوا مافەکانمان؟ کوا موچە وهەر شتێک کە شایستەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکە؟ کوا ئەی هەموو ئەو حیزبانەی کاتی هەڵبژاردن لەژێر دەست و پێی خەڵکی فەقیرو هەژارو موچەخۆردا دەتوێنەوەو زۆر بێشەرمانە هەزاران وەعدی باق و بریق دەدەن بەخەڵکی خۆشخەیاڵ و هەرجارە بە چەندین فرت و فێڵ سندوقەکانی دەنگدانی پێ پڕدەکەنەوە تا دەگەنە مەرامی خۆتان، هەر کە کارتان تەواو بوو جارێکی تر وەک گورگی برسی دەکەونەوە گیانمان، دەسەڵاتێک چوارساڵ جارێک بۆ بەرژەوەندی خۆی بیریکەوێتەوە کەسانێک هەیە لێی بەرپرسە موچەخۆرن موچە دابین ناکات، سەدان زانکۆی کردۆتەوە بۆ ڕوتانەوەی گیرفانی خێزانەکان بەناوی خوێندن و بڕوانامەوە نە کار هەیە نەدامەزراندن تا بژێوی ڕۆژانەیانی لێوەدەستکەوێت، فەرمانبەرت هەیە چەندین ساڵە بەئارەزوی خۆت و بێ هیچ بڕیارێک تەرفیعت لێ زەوت کردوە، هیچ سێکتەرێکی ژیانی خەڵک نەماوە وەک دڕکی ژەهراوی پێیدا نەچەقیت، تەنها خەمتان سەرمایەگوزاری خۆتان و بنەماڵەکانتانە، ناڕەزایەتی و هاواری خەڵکی ئەم هەرێمە گەیشتۆتە ئەوپەڕ دنیا، بۆیە تەنها ڕێگا لەبەریەک هەڵوەشاندنوەی حوکمیانە چونکە هیچ نەماوە بەرامبەر خەڵک تاقی نەکەنەوە بۆ گیرفان بڕین و بێزارکردنیان لەژیان لەژێر سایەی ئەم خێڵەکیانەدا، پێویستە جەماوەری ناڕەزایی وەها بێتە مەیدان کە ئامادەیەو ئەتوانێ دەسەڵاتێک هەڵوەشێنێتەوەو جۆرێکی تر لە دەسەڵات دامەزرێنت، کە بنەماکەی دەسەڵاتی خەڵکەو دابینی دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک دەکات لەدەسەڵاتی سیاسیدا…