دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ خەندە ڕەشاد چالاکوان و رۆژنامەنووس سەبارەت بە بەخۆپیشاندانەکانی شارەکانی عێراق و ئایندەی سیاسی ئەو وڵاتە  

0

خەندە ڕەشاد: دەسەڵاتی سیاسی کاتێک ڕووبەڕووی مەترسی بێتەوە، ئەوکات بەسانایی دەست بۆ سەرکوتی خەڵک دەبات، لەعێراقیشدا فۆرمی هەموو دەسەڵاتە سیاسییە بۆژوازییەکان دژ بەچینی خوارەوە میژوویەکی خوێناوی هەیە…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ خەندە ڕەشاد چالاکوان و رۆژنامەنووس سەبارەت بە بەخۆپیشاندانەکانی شارەکانی عێراق و ئایندەی سیاسی ئەو وڵاتە

بۆپێشەوە: چ لێکچوونێک لەنێوان خۆپیشاندانەکانی چیلی ولوبنان و ئیران، لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی عێراقدا هەیە؟

 

خەندە ڕەشاد: لێکچوونی هەموو ئەم خۆپیشاندانەی کە ئێستا ڕوودەدەن یەک خاڵی بنەڕەتیە؛ ئەویش خەباتی چینایەتی خەڵکی خوارەوەیە دژی سستەمی سەرمایەداری و سیاسەتی برسی کردنی خەڵک لەلایەن نیولیبرالیزمەوە. هەموو ئەم خۆپیشاندان و ڕاپەرینانەی کە ئێستا ڕوودەدەن لە پشتی قەیرانە قووڵەکانی سەرمایەداریەوەیە. سەرمایەداری جیهانی هەموو کێشە و قورسایەکانی خستۆتە سەر شانی خەڵک. لەبەرئەوەی هەریەک لەم وڵاتانە هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکرێ لە کۆکردنەوەی سامان لەدەست چینێکی کەمینە و برسیکردنی زۆرینە، بۆیە بەشێوەیەکی خۆڕسک لەهەریەک لەم وڵاتانەدا دەنگی ناڕەزایی بەرزدەبێتەوە. بێگوومان نیولیبڕالیزم کەلەسەر بنەمای هەڕاجکردنی کەرتی گشتیەوە درووستبوە لەهەر شێوێنێکی دونیا مەترسی و لێکەوتەکانی هەمان پێودانگە، بۆیە ناڕەزایتیەکانیش کەبەدوایدادێن بەهەمان شێوەدەبن.

بۆپێشەوە: دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا، بە توندوتیژی وەڵام بە داخوازی خۆپیشاندەران دەداتەوە، کە تا ئیستا بە سەدان کەس کوژراون و بەهەزارانیش بریندار بوون. هۆکاری دەستبردنی دەسەڵات بۆ توندوتیژی وسەرکوت چۆن دەبینن؟

خەندە ڕەشاد:  دەسەڵاتی سیاسی کاتێک کە ڕووبەڕووی مەترسی بێتەوە، ئەوکات بە سانایی دەست بۆ سەرکووتی خەڵک دەبات. لە عێراقیشدا فۆرمی هەموو دەسەڵاتە سیاسیە بۆرژواییەکان دژ بە چینی خوارەوە مێژوویەکی خوێناوی هەیە. بڕوا ناکەم لە مێژووی سیاسی تازەی عێراقدا هیچ ئاڵوگۆڕێک بێ سەرکوت هەروا ڕووبدات. ئەم خۆپیشاندانەی عێراق خەڵک هەر بەتەنیا داوای داخوازیەکانیان ناکەن، بەڵکو داوای ڕۆیشتنی “حکومەتیش” دەکەن.هەروەها دیموکراتی لەوڵاتانی سەرمایەداریدا تا ئەوشوێنە بڕدەکا کەمەترسی نەبێ بۆمانەوەی دەسەڵاتداران لەسەر حوکم، کاتێک ئەو مەترسیە درووست بوو تاکە ڕێگە سەرکووتکردنە. ئەگەرچی لەدرووشمەکانی دەسەڵاتداراندا ئەوە بەدی دەکرێ کە ئێمە لەگەڵ داخوازی خۆپێشاندەرانین، بەڵام ئەوەتا دەیبینین ڕۆژانە دەیان خۆپێشاندەر دەکوژرێ و برینداردەکرێ، هەموو شێوازێک بەکار دەبردرێ بۆ سەرکووتکردنی.

بۆپیشەوە: سەرکەوتنی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری وخۆپیشاندانەکانی عێراق لە گرەوی چیدایە؟

خەندە ڕەشاد: باشتر بوو پرسیارەکەت بەجۆرێکی تر بکردایە کە: سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیە لە گرەوی چیدایە؟ ئەوکاتە دەکرێت بە دێرێک وەلام بدرێتەوە. لە گرەوی رێکخستنی خەڵکی خوارەوە خۆی و کۆڵ نەدان.

خەندە ڕەشاد: ئەگەر خۆپێشاندەران داخوازیان ئەوە بێت کە ئەو ٣ سەرۆکایەتیە دەست لەکار بکێشیتەوە؟ ئەوا ئەکرێت بڵێی بەڵێ… بەڵام کێشەکە ٣ سەرۆکایەتی و کابینەی حکومەت و پەرلەمان نییە، دەسەڵاتی چینایەتی و کۆمەڵایەتی لە بناغەوە لەسەر شان و چەوسانەوەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش دەسەڵاتداری دەکات. هەتا پێیان بکرێت قەیران و قورسایی ژیان دەخەنە سەر شانی خەڵکی کرێکار و دەست تەنگ. هەموو سامانی کۆمەڵگەش بۆ خۆیان. بۆیە داخوازی و کێشەکان دەبێت لەناو ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانەی ئەو سیستەمە کۆمەلایەتیە و هەڵتەکاندنی بناغەکەی شرۆڤە بکرێت.

بۆپێشەوە: رۆڵی چینی کرێکار و چەپ و کۆمۆنیستەکان چۆنە لە بزوتنەوەی نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراقدا؟

 

خەندە ڕەشاد: ئەگەر قسە لەسەر ڕۆڵی حیزبە کۆمۆنیستی و چەپەکان دەکەیت، یان بەیاننامە نووسین و لە سۆشیال میدیاکانەوە خەریکی سێلفی گرتن و نیشاندانی درووشمەکانیان، و بڵاو کردنەوەی وێنەی خێمە و دانیشتنەکانیان لە گۆڕەپانی تەحریر؟ ئەوا دەکرێت بڵێین ڕۆڵیان هەبووە وەک هەموو ئەو خەڵکەی کە لەوێ کۆبوونەتەوە، بەڵام بەبڕوای من؛ هەتا ئێستا حیزبێکی کۆمۆنیستی واقیعی بوونی نییە، تا ئێمە خەریکی ئەوەبین قسە لەسەر ڕۆڵی ئەو حیزبە بکەین. سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانیش بەهۆکاری ئەوەی کە خۆڕسکن و بزووتنەوەیەکی کۆمەلایەتیە، لەو بڕوایەدام لەنێو ئەو بزووتنەوە و خۆپیشاندانانەی خەڵکدا دەکرێت بزووتنەوەیەکی ڕادیکال و سۆسیالیست سەرهەڵدات، یان وەک بزووتنەوەی خوێندکاران و خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٩٦٨ی پاریس لە فەرەنسا، نەوەیەک لە کۆمۆنیست و سۆسیالیستی نوێ سەرهەڵبدەن لە ناو کۆمەڵگە

بۆپێشەوە: هۆکار چییە هاوکات لەگەڵ کۆبونەوەو خۆپیشاندان لەناوەندی شارەکان، لە ناوەند کریکاریی و کارگەو گەرەکەکاندا، خۆپیشاندان و مانگرتن نییە؟

خەندە ڕەشاد: هۆکار زۆرە، لەلایەنی ئابووری چینی کرێکار و بەشی خوارەوەی کۆمەڵگە بەهۆکاری هەژاری و ژیانێکی قورس توانای خۆهۆشیارکردنەوەیان لە باری فکری و سیاسی کەمتر بۆ ڕەخساوە. دواتر لە ڕووی سیاسیەوە وەک ئەوەی پیشتر ئاماژەم پێدا، حیزبێکی پرۆلیتاریا و سۆسیالیست نییە کە بتوانێت کۆمەڵگە ببزوێنێت.

سوپاس بۆ چاو پێکەوتنەکە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.