جەندەر و زمان، توندوتیژی زمانەوانی فکر یان زمان کامیان پێشەنگن؟
جەندەر و زمان، توندوتیژی زمانەوانی
فکر یان زمان کامیان پێشەنگن؟
نووسینی: کازیوە ساڵح
بەشی دووەم
گرنگی زمان لەوەدایە کە مرۆڤ له‌ئاژه‌ڵ جیا ده‌کاته‌وه. فه‌یله‌سوفی بونیادگه‌ری هایدگه‌ر (Heidegger, 1962) پێی وایه: “مرۆڤ و زمان په‌یوه‌ندیه‌کی دانەبڕاویان هه‌یه‌و مرۆڤ بێ زمان بێ به‌ها ده‌مێنێته‌وه، مرۆڤ بیسه‌ر و گوێگر و قسه‌که‌ر و بێ ده‌نگه، چونکه بوونی هه‌یه.” مرۆڤ داهێنه‌ری فیکره‌و زمانیش ده‌ربڕی فیکر، لێره‌وه زمان و فیکر ده‌بن به‌دوو دیوی یه‌ک دراوی گریمانه‌ی بوون. پسپۆران تا ئێستا له‌سه‌ر ده‌رکه‌وتنی فیکر به‌ر له‌زمان مشتومڕیانه‌و هه‌ندێکیشان به‌پێچه‌وانه‌وه، ده‌رکه‌وتنی زمان به‌ر له‌فیکر دەزانن. منیش وا مەزەندە ئەکەم فکر بەر لە زمان هاتبێت. زمانی کوردی بۆ دەربڕینی فکری و فەلسەفی زمانێکی لاوازە، چوونکە فکری نەبووە، فەلسەفە و دیدەبینی قوڵی نەبووە. زمان لە پێوستیەوە دروست ئەبێت. کورد لەبەرئەوەی خاوەن فکر و فەلسەفە نەبووە و پێویستی بە زمانەکەشی نەبووە، هەتا وەکو نەتەوەکانی دیکەی جیهان واتا و چەمک و دەستەواژە پابەندەکان بەو دوو بوارە داتاشێت. بەڵام زمانی بێ حورمەتی بە توخمێکی مرۆیی ‘ژن’ دەوڵەمەندە، چوونکە خاوەن وفکر و کولتووری بێ حورمەتی و بێ بەهای ژن بووە. بۆیە زمانەکەشی پێویست بووە، لە پێوستییەوە لەو ڕووە دەوڵەمەند بووە.
بیرمەندە ته‌کوینییه‌کان creationists پێیانوابوو بوونی هه‌ندێ کرداری لۆژیکی له‌منداڵدا به‌ر له‌فێربوونی زمان، ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت کە فیکر لە پێش زمانەوەیە، به‌ڵام ئه‌رنست که‌سیری ( (Cassirer,1953) زانای ئه‌ڵمانی ڕه‌تی ته‌کوینییه‌کان ده‌داته‌وه به‌وه‌ی کە دەڵێت: “زمان فۆرمێکی ئاخافتن نییه فیکری هه‌ڵگرتبێ، فیکر پێش زمان ناکه‌وێت، به‌ڵام لێوه‌ی سه‌رچاوه‌ده‌گرێت و گوزارشتی لێ ده‌کات، به‌و شێوەیە فیکر وه‌کو ئاخافتن دەردەکەوێت. هیگلیش دەڵێت (Houlgate,2006) “ئێمـه له‌ناو وشه‌دا نه‌بێت بیر ناکه‌ینه‌وه، باوه‌ڕمان به‌فیکره ده‌سنیشانکراو و حه‌قیقیه‌کانی خۆشمان نییه، هه‌تا شتی ڕوکەش و لابەلای بۆ سه‌ربار ده‌که‌ین و له‌داڕووخانە کەسیەکانی خۆمان جیایده‌که‌ینه‌وه‌و پاشان وه‌کو شێوه‌ی ده‌ره‌کی که‌تایبه‌تمه‌ندی ناوه‌کی هه‌ڵگرتبێ ریکۆردی ده‌که‌ین.” واته له‌ده‌ره‌وه‌ی زمان و گوتار و بڕیاره عه‌قڵیه‌کاندا حه‌قیقه‌ت بوونی نییه. حه‌قیقه‌تیش به‌واتای فه‌لسه‌فه‌ی ته‌قلیدی یه‌کخستنی فیکره له‌گه‌ڵ بابه‌ت، یان فیکر له‌گه‌ڵ واقیع، یان حوکم له‌گه‌ڵ واقیع، دیاره حوکم لێرەدا بڕیاره عه‌قڵیه‌کان ده‌گرێته‌وه، بەڵام هیچ بیرمەندێک نەیتوانیوە بیسلمێنێت ئەو کردارە لۆژیکیانەی لە منداڵدا دەرئەکەوێت جەندەری هەیە. یان بە شێوەی سروشتی مناڵی نێر پەرچەکرداری نەریەیی زمانی هەیە بەرانبەر بە توخمی مێ. یان زمان مێ بێت، چوونکە مناڵ یەکەم وشە کە فێر ئەبێت “دایە’ یە، بەڵام بە ئینگلیزی یەکەم وشە ‘بابە’ یە واتە ‘ داد’ چوونکە پیتی ‘ د’ ئاسانتر فێر دەبێت. بەڵام خاک و زمانی مرۆڤ بە زمانی دایک وخاکی دایک ناوزەد ئەکرێت. کە لە دەرەوە وڵاتی خۆت ئەژیت پێت ناڵێت زمانی نەتەوەیت چییە ئەپرسێت ‘زمانی دایک’ت چی یە. ئەگەر بەپێی ئەو کردارە فکریانە بێت پێویست بوو زمان مێ بێت، وە نێر ڕووبەڕووی هێرشی زمانەوانی ببوایەتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی ژن هیچ کام لە دەسەڵات بەد بەکار نەهێناوە و نێر بەدبەکارهێنای سەرجەم دەسەڵاتەکانی خۆی کردووە بە خو ئەم هاوکێشەیە دژی مێ جیگیر بووە.
بۆچوونی من هاوته‌ریببوونی فیکر لەگەڵ زماندا زمانی زیندوو و زمانی مردوو به‌رهه‌م ده‌هێنێت. زمانی مردوو ته‌نها ئه‌و‌زمانه نییه کە به‌هۆی به‌کار نه‌هێنانیه‌وه یاخود قه‌ده‌غه‌کردنی له‌لایه‌ن زۆرداره‌وه مردبێت، مه‌به‌ستم لەو زمانانەیە کە له‌نێو مانشێتی گوزارشتکردنه‌کانی جیهاندا زمانی مردوون. له‌نێو شارستانییه‌ته‌کانی جیهاندا گوزارشتی مردوو هه‌ن و زۆربه‌یان پێیان شه‌رمه خۆیان له‌و گوزارشته ئیکسپایه‌رانه هه‌ڵنبوێرن. وەکو چۆن خۆراکێک کاتی بەکارهێنانی بەسەر ئەچێت، خواردنی مەترسی تەندروستی بۆ مرۆڤ لێ ئەکەوێتەوە، بەو شێوەیەش دەستەواژەی زمانەوانی هەیە کە لەگەڵ سەردەمەکەی خۆی ناگونجێت و بەسەر ئەچێت و بەکارهێنای مەترسی تەندروستی بۆسەر کۆمەڵگە هەیە. لەگەڵ هۆشیاربوونەوەی مرۆڤدا بەرانبەر بە دەستەواژە زمانەوانیەکان کاریگەری نەرێی ‘نەگەتڤ’ یە کۆمەڵایەتی و دەرونیەکانی زیاتر ئەبێت و خۆتێوه‌گلانی ده‌بێت به‌هۆی کێشه‌ی سۆسیۆلۆژی ئه‌تیکی .’Ethnosociology’واتای ئه‌وه‌یه‌گوزارشته‌کان هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێ ئاماژه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و مۆراڵین و گرێدانه‌وه‌یان به‌واقیعه‌وه حوکمی عه‌قڵی دروست ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه. ئەم ئاماژە کۆمەڵایەتییانە له‌هه‌ردوو ڕووی تێگه‌شتن و ده‌ربڕینه‌وه کاریگه‌ری له‌سه‌ر که‌سێتی به‌رانبه‌ر جێده‌هێڵن.
لێرەدا ئە‌خوازم ئاماژه زمانه‌وانییه‌کان له‌لۆژیکی تێگه‌شتن و ده‌ربڕیندا ناو بنێم “واتا” و “ده‌ره‌وه‌ی واتا “. واتا دەبەستمەوە بە ژیاری ڕۆژئاوا و ده‌ره‌وه‌ی واتاش بە ڕۆژهه‌ڵات بە لۆژیک به‌ستنه‌وه‌ی زمانی هه‌ردوولاش مۆراڵی تیوری و مۆراڵی پراکتیکی…
١ . هەموو زانست و چەمکێک بە سەر دوو واتای تیوری و پراکتیکیدا دابەش دەبێت، هەندێ جار چەمکێک یان بۆچوونێک هەر بە تیوری دەمێنێتەوە و ناچێتە بواری پراکتیکەوە. هەندێ جاریش بواری پراکتیک و بواری تیوری چەمکێک جیاوازن، ئەمە جیاوازیە بە تایبەت لە بواری پزیشکیدا بەرجەستە ئەکرێت. وەلێ چەمکی ڕەوشت چەمکێکی کۆمەڵایەتی، کولتووری، سایکۆلۆژی و سیاسیە. پێویستە بواری تیوری و پراکتیکی یان جیاوازی نەبێت یان تا ئاستێکی باڵا وێکچوو بن، بەڵام ئەو کۆمەڵگانەی کە فۆرمی ئەخلاقیان تەنها لە ڕێگەی گواستنەوەی زمانەوانی “word of mouth” پێ گەشتووە و باوەڕییان بە مۆراڵی ڕووکەشە، خوێندنەوەی ڕەوشتیە لە چاوی ئەوی بەرانبەرەوە وەرئەگرن، هەروەها خاوەنی یاسا و سیستمێکی کۆمەڵایەتی نین کە لە سەر ڕاڤەی زانستی ڕەوشت دامەزرابێت، بە ڕەچاوکردنی کاریگەرێ سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتیەکانی، ئەخلاقیان لە پێناسەی ڕاستەقینەی خۆی بردوە بەرەو پێناسەیەکی دی. بیناڤێەک گونجاو بێت بۆ چینیەکی کۆمەڵ، یان چینی کولتووری زاڵن نەک هەموو کۆمەڵگە. ئەگەر ئەو کۆمەڵە کەسە یان چینە ژمارەشیان کەم بێت، کولتووریان زاڵە، نەک لەبەرئەوەی کولتوورەکەیان باڵا و ناوازەیە، ئەکرێت داڕزاوترین بەشی کولتووری کۆمەڵگە بێت، بەڵام ژمارەی پەیڕەوکەرانی کردویەتی بە کولتووریەکی دەزگەیی و زمان و کەسیەتی ڕووکەشی پێ بەخشیوە. کردویەتی بە خاوەنی دەسەڵاتێکی سیاسی، یان کۆمەڵایەتی یان سیمبولی. ڕەوشتە ئەو چینە دەبێت بە ڕەوشتێکی سەپێنراو بەسەر ڕۆژانەی کۆمەڵگەدا بە بێ ڕەچاوکردنی پێناسەی ڕاستەقینەی ڕەوشت. ئەمەش کارێکی ناڕەزایی خولقینەر نییە، چونکە ژینگە و زەمینەی لەباری دروست بوونی پابەندە بە فکر و ئاستی واقعی کۆمەڵگەکەوە، ئەو ئاستەش فۆرمێکی کولتووریە و ئەو کۆمەڵگەیە هەر ئەوەندەی زانست دەستەبەر کردوە بۆ داتاشینی واتای ڕەوشت. وە کاتێک زاراوەی “ده‌ره‌وه‌ی واتا” بەکاردێنم مه‌به‌ستم چه‌مکێکی بێ واتا نییه، بەڵکوو مه‌به‌ستم ئه‌و پۆلێنکردنه زبره‌یه که واقیع ده‌باته ده‌ره‌وه‌ی واتا و گرێبه‌ندی له‌نێوان حوکمی عه‌قڵی و واقیعدا ناهێڵێته‌وه.
سەرچاوەکان:
- Cassirer, E. (1953) The Philosophy of Symbolic Forms, Volume 1: Language. New York : Yale University Press,
- Heidegger, M., (1962) Being and Time. Translated by John Macquarie and Edward Robinson, New York, Harper & Row
- Houlgate, S. (2006). The opening of Hegel’s Logic. West Lafayette, IN: Purdue University Press