حزبی کۆمۆنیست و ئەندامەتی کرێکاریی… چه‌پی ڕادیکاڵ” و کرێکاران
حزبی کۆمۆنیست و ئەندامەتی کرێکاریی
چه‌پی ڕادیکاڵ” و کرێکاران
نووسینی: مەنسور حیکمەت
بەشی سێهەم و کۆتایی
ئه‌و کۆسپانه‌ی له‌سه‌ر ڕێگای ئێمه، وه‌ک حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بۆ ئاڵوگۆڕپێدانی به حیزبێکی به‌کرده‌وه کرێکاری هه‌ن، به‌رهه‌می ڕه‌وتێکی دوورودرێژی مێژوویین. ئه‌مانه ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌کن له جیایی مێژوویی و گشتی چه‌پی ڕادیکاڵی ئێران له‌چینی کرێکار و هه‌روه‌ک گه‌لێ جار و به شێوه‌ی جۆراوجۆر دووپاتم کردۆته‌وه. هه‌ر پێشڕه‌وییه‌کی ئێمه له گره‌وی دابڕانی فیکری و سیاسی و عه‌مه‌لیماندا له‌م چه‌په ڕادیکاڵه‌یه. ئێمه له‌سه‌ر ئه‌م ڕه‌وته به‌ره‌و پێش چووین، بۆیه له هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌کدا که له چه‌پی ڕادیکاڵی ده‌گرین، لێره و له‌وێ ده‌بێت به هێنانی هه‌ندێک تێبینی باسی جیاوازییه‌کانی حیزبی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌وته بکه‌ین. من له کۆتایی باسه‌که‌مدا باسی ئه‌م جیاوازییانه ده‌که‌م، چونکه به بڕوای من چاره‌نووسی حیزبی ئێمه هه‌تا ئێستاش هه‌ر وێکچوونه‌کان دیاریکه‌ری بوون نه‌ک جیاوازییه‌کان. مه‌سه‌له‌ی ئه‌ندامه‌تی کرێکاران و په‌یوه‌ندیی عه‌مه‌لی حیزب له‌گه‌ڵ کرێکاران، یه‌کێک له‌و نموونانه‌یه که ئێمه خه‌ریکین تاوانی ڕه‌چاوکردنی باوه‌ڕ و ئه‌زموون و پێشینه‌ی چه‌پی نا‌کرێکاری ده‌بژێرین.
مه‌به‌ستی من له چه‌پی ڕادیکاڵ له‌م باسه‌دا هه‌موو ئه‌و مه‌یله شێوه سۆشیالیستییه‌یه که دوابه‌دوای شکستی هێزه ته‌قلیدییه‌کانی ئۆپۆزیسێونی ئێران، به‌ره‌ی میللی و حیزبی توده و به‌تایبه‌ت دوابه‌دوای ئاڵوگۆڕه ئابوورییه‌کانی ئه‌نجامی “ڕێفۆرمی زه‌وی” له ئێران پێک هات، ڕێبازی چریکی و پاشان خه‌تی ٣ و له‌په‌نای ئه‌مانه‌دا گورزێکی به‌رینتر له گروپه ماویست و لیبراڵ چه‌په‌کان، ئه‌و شکڵ و شێوه سازمانییه بوون که نوێنه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م چه‌په ڕادیکاڵه بوون، به‌ڵام هه‌ر لێره‌دا ئه‌وه بڵێم که چوارچێوه‌ی گشتیی باسه‌که‌ی من بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له په‌یوه‌ندیی چه‌پی ڕادیکاڵ له‌گه‌ڵ کرێکاران، له چوارچێوه‌ی بازنه‌ی سیاسیی ئێران‌دا نامێنێته‌وه. ئه‌م ڕه‌وته له ئاستی جیهانیدا (ئه‌گه‌ر باسی ئه‌و گرووپانه نه‌که‌ین که له ده‌وره‌کانی پێشتردا له کۆمێنترن دوور که‌وتبوونه‌وه) له ناوه‌ڕاستی په‌نجاکانی زایینییه‌وه به‌ره‌به‌ره به ڕه‌خنه‌گرتن له‌به‌ناو خه‌تی فه‌رمی کۆمۆنیزم، که حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤێت نوێنه‌ری بوو، شکڵیان گرت. ترۆتسکیزم، ماویزم و چه‌پی نوێ سه‌رچاوه سه‌ره‌کییه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م چه‌په ڕادیکاڵه بوون. ئه‌م ڕه‌وتانه ئه‌مڕۆ ئیتر مه‌وزوعییه‌تی خۆیانیان له‌ده‌ستداوه و فه‌وتاون. له ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌کانه‌وه هه‌تا نیوه‌ی دووه‌می حه‌فتاکان ده‌وره‌ی چالاکی و ڕه‌ونه‌قی ئه‌م ڕه‌وتانه بوون، ئه‌مانه‌ش له ڕوانگه‌ی جیایی له چینی کرێکاره‌وه تایبه‌تمه‌ندی له چه‌شنی چه‌پی ڕادیکاڵی ئێرانیان هه‌یه و دیاره کاریان کردۆته سه‌ر بۆچوون و پراتیکی ڕه‌وته ئێرانییه‌کان، به‌ڵام بۆ لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م ڕه‌وتانه ده‌بێت ئه‌وه له‌به‌رچاو بگرین، که سه‌رچاوه‌ی چینایه‌تی و چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییان جیاواز بوو. چه‌پی ڕادیکاڵ له ئه‌ورووپای ڕۆژئاوا و ئه‌مه‌ریکا ده‌قاوده‌ق به‌ره‌نجام و نوێنه‌ری ئه‌و بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه و ئه‌و داخوازه چینایه‌تییانه نه‌بوو که له ئێران چه‌پی ڕادیکاڵ به‌ره‌نجام و نوێنه‌ریان بوو. بۆیه من باسه‌که‌ی خۆم له چوارچێوه‌ی چه‌پی ئێران‌دا ده‌که‌م، به‌تایبه‌ت که ئه‌مه‌یان له‌باره‌ی فۆرماڵ و ته‌قویمییه‌وه په‌یوه‌ندێکی ڕاسته‌وخۆتری له‌گه‌ڵ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران‌دا هه‌یه.
به تاک که‌وتنه‌وه‌ی چه‌پی ڕادیکاڵی ئێران له چینی کرێکار، نه پێویستی به سه‌لماندن هه‌یه و نه جێگای سه‌رسوڕمانیشه. ئه‌م چه‌په له بۆشایییه‌کدا که به‌رهه‌می شکستی حیزبه نه‌ریتییه‌کانی ئۆپۆزیسێونی بۆر‌ژوای ئێران واته، حیزبی توده و به‌ره‌ی میللی بوو، شکڵی گرت، که له‌نێو خودی ئامانجه دێرینه‌کانی باڵه‌کانی چه‌پ و ڕاستی بۆرژوازی تازه‌پێگه‌یشتووی ئێران‌دا، نوێنه‌ری ڕێفۆرمیزم و ناسیۆنالیزم بوون. ڕه‌خنه‌ی چه‌پی ڕادیکاڵ به‌رانبه‌ر به‌م حیزبه نه‌ریتییانه ڕه‌خنه‌یه‌ک بوو له‌وه که ئه‌و حیزبانه ئاڵای ئه‌و ئامانجه بۆرژوایانه‌یان وه‌لا نابوو، وه شێوه و ڕه‌وشتی هێمنانه‌یان بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه گرتبووه پێش. سه‌رهه‌ڵدانی چه‌پی ڕادیکاڵ به‌رهه‌می به‌ده‌سته‌وه گرتنی هه‌ر ئه‌م ئاڵایه بوو له‌لایه‌ن هێزێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی دیکه‌وه، دیاره له هه‌لومه‌رجێکی ئابووری و سیاسی جیاوازدا چه‌قی خه‌بات بۆ ده‌ستکاریکردن و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داریی ئێران و دابینکردنی سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و ئابووری، له بۆرژوازییه‌وه بۆ ورده بۆرژوازی گوێزرایه‌وه. ئه‌م گواستنه‌وه‌یه له هه‌مان کاتدا به‌رئه‌نجامی هه‌ندێک ڕه‌وتی فیکریی چاره‌نووسساز له بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ له ئاستی جیهاندا بوو، هه‌روه‌ها هه‌ندێک ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی له ئابووریی سیاسیی ئێران‌دا. من لێره‌دا ناتوانم بچمه سه‌ر ئه‌م باسانه، هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم، “ڕێفۆرمی زه‌وی” و ئه‌و ئاڵوگۆڕه گرنگانه که له‌و پرۆسه‌یه‌دا له‌بینای ئابووریی ئێران‌دا و له قه‌واره‌ی چینایه‌تیی کۆمه‌ڵدا پێکهاتن، گرنگییه‌کی چاره‌نووسسازیان له توانه‌وه‌ی حیزبه نه‌ریتییه‌کان و شکڵپێدانی ئه‌م چه‌په نوێیه و پاڵپێوه‌نانیان به‌ره‌و داخوازیی ڕادیکاڵتر و شێوه و ڕه‌وشتی توندڕه‌وانه‌تر له خه‌باتی سیاسی‌دا هه‌بوو. له پاڵ ئه‌م ئاڵوگۆڕه ئابوورییه، دۆخی جیهانیی بزووتنه‌وه‌ی به‌ناو سۆشیالیستی و به تایبه‌ت سه‌رهه‌ڵدانی ماویزم و هه‌روه‌ها پۆپۆلیزم، ناسیۆنالیستی له ئه‌مه‌ریکای لاتین که هه‌ر کامیان به‌جۆرێک ستراتیژیی ناسیۆنالیزم و ڕێفۆرمیان له وڵاتانی ژێرده‌سته‌دا به‌یان ده‌کرد، ماتر‌یاڵی پێویست بۆ دیاریکردنی سیمای سیاسی و تیۆریی ئه‌م چه‌په نوێیه‌یان فه‌راهه‌م ده‌کرد.
به هه‌ر حاڵ ئه‌و شته‌ی ده‌بێت جه‌ختی له‌سه‌ر بکرێته‌وه، ئه‌وه‌یه که چه‌پی ڕادیکاڵی ئێران به‌م جۆره هه‌ر له‌بنه‌وه له ناوه‌ند و جه‌رگه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی کرێکاریدا له‌دایک نه‌بوو و پێی هه‌ڵنه‌گرت. له ڕوانگه‌ی ئامانج و مه‌به‌سته‌کانه‌وه، ئه‌م چه‌په نوێنه‌ری مه‌یلێکی تایبه‌ت به‌ره‌و سۆسیالیزمی کرێکاری و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتیی تایبه‌تی نه‌بوو. “خه‌باتی دژی ئیستیبدادی”، “دادوه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی” و “سه‌ربه‌خۆیی له ئیمپریالیزم” ناوه‌ڕۆکی سیاسیی ئه‌م چه‌په بوو. له باری عه‌مه‌لییه‌وه پێکهاته‌ی ئه‌م چه‌په، تێکۆشه‌رانی، کادره‌کانی، مه‌یدانی چالاکی، زمانی، ئه‌رکه‌کانی و کارکرده‌کانی و سه‌ره‌نجام ئه‌و شکڵ و شێوانه‌ی بۆ خه‌بات پێشنیاری ده‌کردن، هه‌ر هه‌موویان له چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه ناکرێکارییه‌کانه‌وه سه‌رچاوه‌یان ده‌گرت، که ئه‌و چه‌په ئاڵای ئامانجه‌کانیانی هه‌ڵگرتبوو. من دواتر ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌م لایه‌نه عه‌مه‌لییانه و نیشانی ده‌ده‌م که چۆن ئه‌م چه‌په که‌وایه‌ک بوو، به به‌ری ڕووناکبیرانی ناڕازیی بۆرژوازی دوورابوو، هه‌ر ئه‌وه‌نده ڕۆشنه که به‌جیامانه‌وه‌ی چینی کرێکار له‌م چه‌په، ئاسایی و چارهه‌ڵنه‌گر بووه، به‌درێژایی ده‌ورانی پێش شۆڕشی ٧٩ ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندییه‌کی به‌رچاو له نێوان ئه‌م چه‌په و ناڕه‌زایه‌تیی کرێکاری و نێوه‌ندی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌دا نه‌بینراوه، به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌م چه‌په به ئاشکرا ئه‌م جیایییه تیۆریزه ده‌کات. ماویست به جوتیاره‌که‌ی و چریکی شار به چیرۆکی مۆتۆڕی چکۆله و گه‌وره و شه‌ڕی چه‌کدارانه‌ی شۆڕشی ٧٩ یه‌که‌مین تێکهه‌ڵه‌نگوتنی واقیعی ئه‌م چه‌په له‌گه‌ڵ کرێکار، وه‌ک چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی مێژوویی ده‌وره‌ی شۆڕش بوو، مێژووی چه‌سپاندنی ئه‌م جیایییه و به‌ناچار له مه‌یدان ده‌رچوونی ئه‌م چه‌په ڕادیکاڵه‌یه.
ئه‌گه‌ر ئه‌م چه‌په به خۆی ده‌گوت مارکسیست دوو هۆی سه‌ره‌کی هه‌بوو، یه‌که‌میان، مارکسیزم له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه تیۆرییه‌ک (و له ڕاستیدا تاقه تیۆری مو‌عته‌به‌ر) بوو بۆ ئاڵوگۆڕی بارودۆخێک که له ئارادا بوو به شێوه‌یه‌کی توندوتیژ. ئیده‌ی شۆڕش به مارکسیزمه‌وه گرێدراوه و هه‌ر که‌س که به درێژایی مێژووی ئه‌م چه‌رخه به‌شوێن ئاڵوگۆڕێکی له‌ناکاو و توندوتیژه‌وه بووبێت، ته‌نانه‌ت بۆ وه‌دیهێنانی ڕێفۆرمی ته‌واو بۆرژوایی، ناچار بووه له سیسته‌می فیکری خۆیدا جێگایه‌ک بۆ مارکسیزم بکاته‌وه. هه‌ر وه‌ک گوتم ماویزم و شێوه مارکسیسته‌کانی مه‌کته‌بی په‌ره‌نه‌گرتوویی به ئه‌ندازه‌ی کافی مارکسیزمیان کردبووه گه‌لی و میللی که بۆرژوازیی ناڕازیی وڵاتانی ژێرده‌سته بتوانێت ڕه‌چاوی بکات. ئه‌م وه‌زعه هه‌ڵبه‌ت ئه‌مڕۆ گۆڕاوه و ئه‌و “مارکسیستانه” که ئاوا هاتبوونه مه‌یدان، خه‌ریکن به خێرایی له مه‌یدان ده‌چنه ده‌ر، ئه‌مڕۆ ئیدی بۆ ڕووناک‌بیری وڵاتی ژێڕده‌سته نه مارکسیزم مۆده و نه شۆڕش. به‌ڵام له ده‌وره‌یه‌کدا که چه‌پی ڕادیکاڵی ئێران شکڵی گرت، مارکسیزم ته‌نیا ڕێگای وه‌ده‌ستهێنانی هه‌ر چه‌شنه ئیعتیبارێکی سیاسی وه‌ک ڕه‌وتێکی ڕادیکاڵ بوو.
هۆی دووه‌م له‌وه‌دا که ئه‌م ڕه‌وته خۆی به مارکسیزمه‌وه هه‌ڵواسی، مه‌وقیعیه‌ت و جێگاوشوێنی چینی کرێکار له خودی ئێران و ڕووهێنانی به‌ره‌و مه‌یدانی سیاسی له کۆمه‌ڵدا بوو. چه‌پی ڕادیکاڵ چینی کرێکاری به بڕبڕه‌پشتی “گه‌ل”ه‌که‌ی خۆی دانابوو، ئه‌گه‌رچی گوێی نه‌ده‌دایه داخواز و پێویستییه‌کان و ئامانجه سه‌ربه‌خۆکانی ئه‌و چینه، سه‌رجه‌م خۆی به نوێنه‌ر و لایه‌نگری کرێکار (وه‌ک به‌شێک له گه‌ل) ده‌زانی، به ڕاده‌یه‌ک که ئه‌م چه‌په له سیاسه‌تی خۆیدا، جا به هه‌ر به‌یان و بۆچوونێکه‌وه جێگای بۆ کرێکار ده‌کرده‌وه، به هه‌مان ڕاده به‌ناچار ده‌بوو مارکسیزمیش به‌رێته نێو ده‌زگای فیکریی خۆیه‌وه.
له ڕه‌وتی شۆڕشدا کرێکاران له چه‌پ نزیک بوونه‌وه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده کرێکار مادام بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خۆی سه‌روسامانی نییه، مادام که حیزبی نییه، به‌رنامه‌ی نییه و خۆی به شێوه‌ی واقیعی و بیلفیعل ئاڵتێرناتیڤی سه‌ربه‌خۆی به‌رانبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دروست نه‌کردووه، ناچار چاو ده‌بڕێته ڕادیکاڵترین و چه‌پترین ئه‌و ڕه‌وتانه‌ی که له‌نێو کۆمه‌ڵ له ئارادان. هه‌ر ئه‌م میکانیزمه کرێکاران له‌هه‌موو وڵاتان به‌ره‌و باڵی چه‌پی بۆرژوازی ده‌بات. هۆی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ڕۆشنه، کرێکار نه‌ک به‌پێی ئاره‌زووی ته‌جریدی، به‌ڵکه به داخوازیی واقیعییه‌وه و بۆ باشبوونی ژیانی خۆی پێ ده‌نێته مه‌یدانی سیاسی. جێگاوشوێنی بابه‌تی چینی کرێکار له به‌رهه‌مهێناندا به‌ناچاری وا ده‌کات، که هه‌موو چرکه و ساتێک به هیوای بچکۆله‌ترین ئاڵوگۆڕ، له‌نێو بزاوته سیاسییه‌کاندا یه‌کێکیان هه‌ڵبژێرێت. به‌ڵام ئه‌مه به مانای ئه‌وه نییه که ئه‌م ڕه‌وتانه ده‌که‌ونه جه‌رگه‌ی ناڕه‌زایه‌تی کرێکاری و ده‌بنه حیزبی ته‌بیعی و ئاسایی کرێکاران، چه‌پی ڕادیکاڵی ئێران ته‌نانه‌ت ئه‌م هیوایه‌ی کرێکار و ئه‌م هاوجیهه‌تییه سیاسییه به‌ناچاره‌ی کرێکاریشی له ئێران وه‌کار نه‌خست، ئاسۆی ناسیۆنال ڕێفۆرمیستی، بیری دژی ئیستیبدادی و بینا و بۆچوونی ڕێکخراوه‌یی ڕووناکبیرانه و شێوه ئانارشیستی ئه‌م چه‌په ته‌نانه‌ت نه‌ی هێشتووه ئه‌م ڕه‌وتانه له لایه‌ن کرێکارانه‌وه بۆ ناڕه‌زایه‌تی ئابووری و سیاسی به ده‌سته‌وه بگرین.
زۆر که‌س کاتێک مێژووی سۆسیالیزمی هاوچه‌رخی ئێران و به تایبه‌ت کارکردی ئه‌م سۆسیالیزمه له شۆڕشی ساڵی ٧٩دا ده‌نووسنه‌وه، مێژووی ئه‌م چه‌په ڕادیکاڵه ده‌ور ده‌که‌نه‌وه. به‌ڵام واقیعیه‌ت ئه‌وه‌یه که سۆسیالیزمی کرێکاری، وه‌ک بزووتنه‌وه‌یه‌کی بیلفیعلی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌درێژایی هه‌موو ژیانی ئه‌م چه‌په، ڕادیکاڵ له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م چه‌په و به‌بێ هیچ ته‌ئسیر وه‌رگرتنێک له هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی ئه‌م چه‌په، به‌ره‌و پێش چووه. مێژوونووسانی تازه به گڕوگاڵکه‌وتووی چه‌پی ئێران، به ئیلهام وه‌رگرتن له ئه‌ده‌بیاتی بیست ساڵی ڕابردووی چه‌پی ئه‌ورووپا و له‌ژێر کاریگه‌ریی ئاڵوگۆڕه‌کانی ئه‌مڕۆی سۆڤێتدا، هۆکاری شکستی چه‌پی ڕادیکاڵی ئێران به‌وه ده‌زانن که گوێی نه‌داوه‌ته مه‌سه‌له‌ی دیموکراسی، به‌ڵام له ڕاستیدا هه‌موو چه‌پی ڕادیکاڵ، بێجگه له دیموکراتیزمی میللی و ڕادیکاڵ هیچی تر نه‌بوو. هه‌موو سات و کاتێکی ژیانی ئه‌م چه‌په خه‌بات بووه له دژی سه‌رکوتی دیموکراسی و پێشێل‌کرانی ده‌ستکه‌وته دیموکراسییه‌کانی ڕاپه‌ڕینی ڕێبه‌ندان له لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه، ئه‌م چه‌په له پێناو دیموکراسیدا جه‌نگاو خوێنی دا، چه‌پی ڕادیکاڵ به ده‌لیلی به‌تاککه‌وتنه‌وه و هه‌ڵبڕانی خۆی له سۆسیالیزمی کرێکاری و بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی چینی کرێکار شکستی خوارد. چه‌پی ڕادیکاڵ له په‌راوێزی سیاسه‌تدا مایه‌وه، چونکه بێجگه له سۆسیالیزمی توێژه په‌راوێزکه‌وتووه‌کانی کۆمه‌ڵ هیچی دیکه نه‌بوو، مێژووی ئه‌م چه‌په مێژووی خه‌باتی دیموکراتیک و دژی ئیستیبدادییه، مێژووی جموجووڵی خوێندکاران و ڕووناکبیرانی لاو و پلمیک وکۆبوونه‌وه و لێکدابڕانی ڕێکخراوی ئه‌مانه‌یه. ئه‌م خه‌باته به هه‌رحاڵ بۆ چینی کرێکار بایه‌خی هه‌یه، به‌ڵام مێژووی عه‌مه‌ل و کاری ڕاسته‌وخۆی کرێکاری و سۆسیالیزمی چینی کرێکار نییه، مێژووی مانگرتنه کرێکارییه‌کان نییه، مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی ڕێکخراوه جه‌ماوه‌رییه‌کانی کرێکاران، به‌ربه‌ستکردن و ڕاوه‌ستانی چه‌رخی به‌رهه‌مهێنان، کێشمه‌کێش له‌سه‌ر هه‌قده‌ست، سه‌رهه‌ڵدانی شانه‌کانی تێکۆشانی کۆمۆنیستی کرێکاری، هاتنه‌مه‌یدانی ڕابه‌رانی ناوبه‌ده‌ره‌وه و ناسراوی نێو خه‌باتی ئابووری و مێژوویی و شتی تری له‌م چه‌شنه نییه. ئه‌م ڕووداوانه که به به‌رینایییه‌کی یه‌کجار زه‌ق و به‌رچاو له‌په‌نا ئه‌م چه‌په و له‌به‌رچاوی ناباوه‌ڕی ئه‌م چه‌په ده‌قه‌ومان، له‌ده‌ره‌وه‌ی پراتیکی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م چه‌په مانه‌وه، چه‌پی ڕادیکاڵ باسی “په‌یوه‌ند”ی له‌گه‌ڵ چینی کرێکار ده‌کرد و به‌م جۆره دانی به‌وه‌دا دەنا، که له چینی کرێکار به‌تاک که‌وتۆته‌وه. به‌ڵام هه‌رگیز له‌وه نه‌گه‌یشت که قسه نه‌ک له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی “سۆسیالیزم” له‌گه‌ڵ کرێکاران وه‌ک توێژێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵکو له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه که خۆیان له جێگای کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان دابڕێن و قسه له‌سه‌ر په‌یوه‌ستبوونه به‌و بزاڤه سۆسیالیستییه کرێکارییه که حاڵی حازر له‌نێو کۆمه‌ڵدا هه‌یه، بزاڤێک که کرده‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی کرێکاران ڕێک ده‌خات، ناڕه‌زایه‌تییه‌کان و مانگرتنه‌کان پێکدێنێت، ڕابه‌رانی کرێکاری په‌روه‌رده ده‌کات، خۆهۆشیاریی سۆسیالیستی چینی کرێکار گه‌شه پێ ده‌دات. کرێکاران هه‌تا هه‌ر جێگایه‌ک بکرێت، له کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌وه هه‌تا شورا، یه‌کگرتوو ڕاده‌گرێ و مارکسیزم سه‌ره‌ڕای هه‌موو زێده‌لق و پۆپ و خه‌وشه‌کان و هه‌موو ئه‌و بیرئاڵۆزییه‌ی هه‌ر ئه‌م چه‌په پێوه‌ی هه‌ڵواسیوه، له‌ژێر ده‌ست و باڵ داده‌کێشێت هه‌تا به‌کاری به‌رێت. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه لاواز و بێسه‌روسامانه، حیزبییه‌تی وه‌خۆ نه‌گرتووه و قودره‌تی گه‌وره‌وگرانی خۆی نیشان نه‌داوه، به‌ڵام واقیعییه، واقعیترین سۆسیالیزمێکه که له ئێران‌دا هه‌یه.
جیایی چه‌پی ڕادیکاڵ له کرێکاران، یان دروستتر بڵێین له بزووتنه‌وه‌ی سۆشیالیزمی کرێکاری، جیایییه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه و قووڵه، جیایییه‌کی تیۆری، به‌رنامه‌یی، پراتیکی و له یه‌ک وته‌دا کۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌مانه دوو بزووتنه‌وه‌ن بۆ دوو کۆمه‌ڵه ئاڵوگۆڕی جیاواز، بۆ دوو شۆڕشی جیاواز، به پشتئه‌ستووریی چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه جیاوازه‌کان، هه‌ردووکیان بیلفیعل هه‌ن و پراتیکن. وانییه یه‌کێکیان نوێنه‌ری سۆسیالیزم بێ و ئه‌وی دیکه چوارچێوه و هۆی بزووتنه‌وه‌ی خۆڕسکی کرێکاری بێت. له ڕاستیدا ئه‌گه‌ر سۆسیالیزمێک هه‌بێت له‌وی دووه‌مدایه، ئه‌وی دیکه به ته‌واوی چوارچێوه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی میللی_ دیموکراتیکی ڕووناکبیرانی ناڕازی ئێرانی بوو. مارکسیزم، وه‌ک تیتر و تابلۆیه‌کی گشتی و هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێک داخوازیی سیاسی و ئابووری ده‌سبه‌جێ، ئه‌مانه پێکه‌وه په‌یوه‌ند ده‌دا و لێکیان نزیک ده‌کاته‌وه، به‌ڵام هه‌ڵه‌یه ئه‌مانه به هاوڕه‌گه‌ز دابنرێن.
نا‌کرێکاری بوونی ڕایه‌ڵ و پۆی چه‌پی ڕادیکاڵ که‌وایه دیارده‌یه‌کی چارهه‌ڵنه‌گر بوو، که له جه‌وهه‌ر و ناوه‌ڕۆکی سیاسی و جێگا و شوێنه چینایه‌تییه‌که‌یه‌وه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت، ئه‌م ڕه‌وتانه هه‌ر وه‌ک گوتم، نه‌ک له بزووتنه‌وه‌ی چینی کرێکار و له ناوه‌ندیی ناڕه‌زایه‌تی کرێکارییه‌وه، به‌ڵکه له درێژه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی بۆر‌ژوای ناسیۆنالیست و دژی ئیستیبدادیدا شکڵی گرتبوو. چالاک‌بوون له‌نێو چینی کرێکار و بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ئه‌م چینه‌دا، هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه باری ئاسایی و سروشتی هه‌بوونی ئه‌م ڕه‌وتانه نه‌بوو. چریکه‌کان هه‌ر له بناغه‌وه به‌و پێش فه‌رزه‌وه ڕێبازی خۆیانیان داڕشتبوو که: سه‌رکوت ناهێڵێت و له ڕه‌وتی شۆڕشدا له‌گه‌ڵ کرێکاردا په‌یوه‌ندی ده‌گرێت. کاتێک که فاکتۆری سه‌رکوت ئیدی ده‌ورێکی وای نه‌بوو، جم و جووڵی توێژی خوێنده‌وار و ڕووناک‌بیری ورده‌بۆرژوا جارێکی تر سێبه‌ری خسته سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی چینایه‌تی. له ڕوانگه‌ی ئه‌م چه‌په‌وه، هه‌ر ئه‌مڕۆش پاشماوه‌ی ئه‌م چه‌په ڕادیکاڵه، “خوێندکار” هێشتا به شه‌یپوورچی و ئومێدی “شۆڕش” حیساب ده‌کا و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی خوێندکاری فڵانه زانکۆ به ناڕه‌زایه‌تی به‌رانبه‌ر به کوژانه‌وه‌ی کاره‌با ته‌قه‌یان له که‌وچک و ده‌وری هه‌ستاند، ڕه‌وتگه‌لی وه‌کوو ڕاهی کارگه‌ر، ئه‌وه‌نده‌یان به‌سه بۆئه‌وه‌ی پێی گه‌رم دابێن و بێنه سه‌ر زه‌وق و ڕۆژنامه‌کانی خۆیان له په‌یامی پیرۆزبایی گه‌رموگوڕ بۆ خوێندکاران و “بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری” پڕکه‌ن. به هه‌رحاڵ خاڵی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه که ئه‌م جیایی و بێگانه‌یییه له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تیی کرێکاری قه‌ت شتێکی به‌هه‌ڵکه‌وت نه‌بووه و ته‌نیا جه‌خت له‌سه‌ر ناکرێکاریبوونی جێگای کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م چه‌په ده‌کاته‌وه.
له به‌شی دواتری ئه‌م نووسراوه‌یه‌دا به درێژی باسی ئه‌و میکانیزمه دیاریکراوانه ده‌که‌م، که ده‌بوونه هۆی جیایی عه‌مه‌لی و ڕێکخراوه‌یی کرێکاران له چه‌پی ڕادیکاڵ و له به‌شی کۆتاییدا ئه‌و هه‌نگاوه دیاریکراوانه که ئێمه ده‌بێت له ئاستی جۆراوجۆردا هه‌ڵیان گرین، بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌ندامه‌تیی کرێکاران له حیزبی کۆمۆنیستی ئێران‌دا، به‌کورتی باس ده‌که‌م.
سه‌رچاوه: حزب کمونيست و عضويت کارگرى (قسمت اول) – “کمونيست”، شماره ٥١ – تير ماه ١٣٦٨
وه‌رگێڕانی: ناسر حیسامی
تایپکردنه‌وه‌ی: کازم فاتیح