ئیدریس مستەفا: پێدەچێ رۆژاڤا ببێتە خاڵی زیاتر بەرلێککەوتنی هێزە نێوخۆیی و ناوچەییەکان و رۆژانی دادێ شتی زیاتر روون دەکەنەوە بۆمان … دیمانەی بۆپێشەوە هاوڕێ ئیدریس مستەفا شرۆڤەکاری سیاسی ”سەبارەت هۆکارەکانی کەوتنی ئەسەد و لێکەوتەکانی…
بۆپێشەوە: هۆکاری داڕمانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بەو خێراییە، شکستی سیاسی و سەربازی بوو، یان ڕیکەوتنی سیاسی پیش وەختە؟
ئیدریس مستەفا: لە دیدی سیاسی منەوە شکستەکە سیاسی و سەربازی بوو. لەسەر مەبنای کۆمەلی فاکت کە لەبەردەستدا هەن کەوتنی ئەسەد بەو خێراییە لەم چەند خاڵەدا دەبینمەوە:
یەکەم: خاڵەکانی دانیشتنەکانی ئاستانە سەبارەت بە سوریا کە هەر سێ دەوڵەتی روسیا و ئێران و تورکیا لەسەری کۆک بوون هەر لە ساڵانی ٢٠١٧ ەوە تاکو ئەمساڵیش بریتی بوو لە مانەوەی وەزعی مەوجودی بەرەکان وەک خۆیان بەتایبەت بەرەی حەلەب و ئیدلب کە هێزە عەرەبیە ئیسلامیەکانی دژ بە سوریای لێیە.
دووەم: کشانەوەی هێزەکانی ڤاگنەری روسی و بگرە بەشیکیش لە هێزە ئاساییەکانی سوپای روسی لە سوریا و بردنیان بۆ شەڕی یوکراین.
سێیەم: کەمکردنەوەیەکی بێ وێنەی هێزە میلیشیا تایبەتەکانی حزبوڵلای لوبنانی کە بە ناوی هیزی نوخبە ناسراوە بۆ شەڕی ئیسرائیل لە لوبنان.
چوارەم: لێدان لەهەر ئامانجێکی ئێرانی لە سوریا لە لایەن ئیسرائیلەوە لە ماوەی چەندان مانگی رابردوودا بەتایبەت هێرش کردنە سەر هەندێ شوێنگەی ئێرانی تایبەت بە چەک و تەقەمەنی و دواتر کوشتنی یەک لە دوای یەکی ئەفسەرە باڵا و راویژکارە سەربازیەکانی ئێران لە دیمەشق وای لە ستارتیجیترین هاوپەیمانی سوریا کرد کە ئێرانە لاواز بێت و بگرە پاشەکشەش بکات لە هەندێ بواردا.
پێنجەم: لاوازی و ماندوێتی سوپای سوریا لەو چەند ساڵەی شەڕی ناوخۆیی و دابەشبوونی وڵات کە دابەشبوونی خودی سەرباز و ئەفسەرە گەورەکانی سوپاشی گرتەوە بەو پێیەی ئەو سوپایە لە هەموو خەڵکی ناوچەکانی سوریا پێکهاتووە و لاوازی و دابەشبوونی ناوچەکانی سوپاشی وەی یەکەیەک لە پێکهاتەی ئەو وڵاتەی گرتەوە.
شەشەم: کاریگەری گەمارۆی ئابوری لەسەر سوریا باری دارایی سوپای سوریای گەلێک خراپ کرد کە حکومەت نەیتوانی موچەی ئاسایی یاخود پڕ بە پێوسیتی رۆژگارەکە بداتە خودی سەربازەکان کە بە لایەنی کەمەوە ژیانێکی ئاسایی خۆی و ماڵ و منداڵەکانی پێ بەرێتە ڕێوە. ئەو موچەی دەدرایە سەربازێک، وەک نەقیبێکی خانەنشین باسی دەکات، بەشی هەفتەیەکی نەدەکرد؛ کەچی هەمان سەرباز دەبینێت چ گەندەڵیەک لە هەیکەلەی حکومی و سەربازی و دەوڵەتی سەرەوەدا بەتایبەت ژیانی خێزانی بەشار ئەسەددا هەیە. نموونە زۆرن و نامەوێ لێرەدا باسی بکەم.
حەوتەم: رەتکردنەوەی داواکارییە بەردەوامەکانی ئەردۆغان بۆ دانیشتن لەگەڵ ئەسەددا رقی تورکیای ئەستورتر و پەلەتر کرد لەو نەخشەیەی دەیوست دەست بکات بە بزاوتنی هێزە چەکدارەکانی ژێر دەسەڵاتی نفوزی خۆی ئەویش بە سوود وەرگرتن لەو دۆخەی هاتۆتە پێش بە لەبەر چاوگرتنی ئەو خاڵانەی ئاماژەمان پێکرد لەسەرەوە.
هەشتەم: ئامادەییەکی باشی سەربازی هێزەکانی بەرەی نوسرە/هەیئەی تەحریر شام و هاوپەیمانەکانی بە تفاقی سەربازی نوێ و تەکنۆلۆجیای پێشکەوتوو لەوانە درۆن و وەک دەڵێن هەندێ چەکی ناتۆش بەکارهێنراوە کە لە لایەن خودی تورکیاوە پێێان دراوە، بەو پێیەی تورکیا ئەندامی ناتۆیە و بە ئاسانی دەستی رادەگات بە هەندێ چەک لەگەڵ راوێژکاری شارەزای سەربازی تورک لە هەڵمەتی هێرش بردندا.
نۆیەم: ئەو خاڵەی سەرەوە هاوتەریبە یاخود تەواوکەرە لەگەڵ هەر هیزێکی ئایدیۆلۆجی چ ئاینی یا قەومی یا سیاسی کە بە ئیمان و عەقیدەوە شەڕ بکەن جۆرێک لە وزە و هیزی تایبەت بۆ ئازایەتی دەبەخشێ. نوسرە/تەحریر شام و هاوپەیمانەکانی زەنگینن لەم خالەدا. دیارە ئەم خاڵە بۆ کوردانی رۆژاڤاش مەترەحە.
بۆپێشەوە: بۆچی ئیران و روسیا، بەریان بە داڕمانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد نەگرت، لە کاتێکدا سوریا و رژێمەکەی پێگەیەکی گرنگ بۆ روسیاو ئیران بوون؟
ئیدریس مستەفا: یەکەم ئێران، پەیوەندیەکانی ئەسەد لەگەڵ ئێران لە یەک دوو ساڵی رابردووەوە بەتایبەت لە دەمانی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر حزبوڵلای لوبنانی بەرەو لاوازی و بگرە بێ متمانەییەکی زۆر رۆیشتبوو. هێرشی ئاسمانی ئیسرائیلی بۆ سەر کۆنسوڵیەتی ئێرانی و کوشتنی ئەفسەرە گەورەکانی سوپای ئێرانی؛ دواتر پەلاماری یەک لە دوای یەکی هیرشی ئیسرائیلی بۆ سەر ئامانجە سەربازیەکانی ئێران لە سوریا هەر لە کوشتنی کادر و راوێژکار و ئەفسەرە سەربازیەکانی ئێرانەوە تاکو لێدان لە بنکە و کۆگای چەک و تەقەمەنی ئێرانی لە دیمەشق بێ ئەوەی بەشار ئەسەد یەک بەیاننامەی سەرۆکایەتی ناڕەزایەتی دەرببڕێ لە بارەوەی، ئێرانی وا لێکرد کە سارد ببێتەوە لە بەشار ئەسەد. دەنگۆی ئەوە هەبوو کە سەرباز و ئەفسەرە گەورەکانی سوریا سیخوڕی بەسەر ئێرانیەکانەوە دەکەن بۆیە ئیسرائیل رێک و رەوان ئامانجەکەی خۆی دەپێکێ. ئێراینیەکان ئەمەیان لەگەڵ ئەسەددا باس کردبوو کەچی ئەسەد هەمان شتی گووتبوو گوایە خۆیشی هەست دەکات کە هەندێ لە ئەفسەرە گەورەکانی سوپا هەندێ جار گوێی لێ ناگرن. ئەم راستیە لە دوای نەمانی خۆی بە ئاشکرا باس دەکرێ.
خاڵێکی تر ئەوەیە کە ئاگاداری ئەو میوانە ئیماراتی و ئەوروپیانە هەبوو کە بە نوێنەرایەتی ئەمریکا و ئەوروپا دەهاتن بۆ لای ئەسەد و داوایان لێدەکرد گەر دەستبەرداری ئێران ببێ و بە تەواوی پەیوەندیەکانی لەگەڵدا ببچڕێنێ ئەوا ئامادەیی هەموو ئاسانکاری و کرانەوەیەکی سیاسی و ئابوریان لەگەڵ سوریادا دەبێ بەتایبەت دووبارە دروستکردنەوەی سوریا. هەندێ لە عەرەبە قەومیەکان دەلێن گوایە ئەسەد رەتی کردۆتەوە، بەڵام لە راستیدا ئەسەد چاوەڕێی کاتێکی دەکرد ئەمە بکات، بەڵام رووداوەکان و کێشە نێوخۆییەکان بواری نەدا ئەمە بکات. کێشە نێوخۆیی ئەسەد کێشەی سوپاکەی بوو. ئەو سامانی ئەسەد بۆ خۆی و خێزان و بنەماڵەکەی خەرجی دەکرد لە سەدای دووی ئەوەی خرج بکردایە لە سوپاکەیدا ئەوا سوپاکەی هەرگیز لێی زویر نەدەبوون و شەڕی تاسەر ئێسقانیان بۆ دەکرد.
دووەم روسیا: دوا جار کە بەشار ئەسەد لە مۆسکۆ بوو، رۆژی گرتنی حەلەب، داوای یارمەتی لە ڤلادیمێر پۆتین کردبو؛ ئەویش پێی گوتبوو سوپاکەی خۆت کە شەڕت بۆ نەکەن ئێمە چۆن بتوانین شەڕت بۆ بکەین. دیارە روسیا بە فڕۆکەی جەنگی شەڕی خۆی کرد، بەڵام کشانەوەی یەکە و لیوا سەربازیەکانی سوپای سوریا لە هەموو شوێنێک کاریگەریەکانی روسیای نەدەهێشت. خاڵێکی تر ئەوە بوو، کاتێک روسیا بەوپەڕی هێزەوە لە پشتی ئەسەد بوو لە ساڵانی ناوەراستی دەیەی پێشووە کە ساڵی ٢٠١٧ هەموو حەلەب و ئیدلبیان بۆ ئەسەد گرتەوە و رادەستیان کرد، ئەمساڵ روسیا نەیتوانی هەمان شت بکات، چونکە دەرگیری شەڕی ناتۆیە لە یوکراین کە هەموو هێز و سوپای خۆی لەویدا کۆ کردۆتەوە.
سێیەم: توانای سەربازی و شەڕی بەهیزی چەدکارەکانی بەرەی نوسرە و ئەوانی تر لەو خێراییە لە پشرەویدا رێگەی بە ئێران و روسیا نەدا فریای شتێک بکەون بەتایبەت لە تەرەفی ئێرانەوە حزبوڵڵا وەک جاران ئەو توانا و ئامادەییەی نەماوە.
ئەم خاڵانە وای لە ئێران و روسیا کرد کە نەتوانن هیچ پشتیوانیەک بۆ ئەسەد ئامادە بکەن.
بۆپێشەوە: مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ محمەد جۆلانی کە پێشتر وەکو گەورە تیرۆریستێک ١٠ ملیۆن خەڵات بۆ دەستگیرکردنی تەرخان کردووە، کەچی ئێستا بی بی سی و دیمانەی لەگەڵ دەکات و ئەمریکا، داواکاری لێ دەکات؟
ئیدریس مستەفا: هەواڵەکان بە ئاشکرا رای دەگەیەنن کە ئەمریکا و ئەوروپا بە تەما هەن بەرەی نوسرە یاخود هەیئەی تەحریری شام و خودی ئەبومحەمەد ئەلجۆلانی لە لیستی تیرۆری خۆیان دەربکەن گەر بێتوو دەستبەرداری بیروباوەڕی توندرەوییانەی خۆیان بن. ئەمە لە لایەک باشە و لە لایەکی تریش بێ مانایی دنیای رۆژئاوا دەردەخات کە چۆن لە لنگەوقوچێکدا سیاسەتەکانیان هەڵدەگێڕنەوە کە پێشتر لە ژێر ناوی مەبادیئەکانی مافی مرۆڤ و ئیدانەی کوشت و بڕی خەڵکی مەدەنی و چی و چیدا تەبەنیان کردووە، بەڵام دواتر بۆ بەرژەوەندیەکی سیاسی خۆیان دەسبەرداری دەبن. ئەمە شتێکی تازە نییە لە مێژوویی ئەمریکا و ئەوروپادا و چاوەڕووان کراوە و بگرە لەوانەیە لە دوو سبەیدا گەر جۆلانی نەیاتە سەر رێیان وەک سەرکردەکانی تری ئەلقاعیدە و داعش و حەماس و حزبوڵڵا لە ناوی بەرن؛ بەڵام لەوەدەچێ ئەلجۆلانی بزانێ چۆن خۆی دەگونجێنێ لەگەڵ ئەمریکادا.
بۆپێشەوە: لێکەوتەکانی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد چی دەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆی سوریا و ناوچەکە؟
ئیدریس مستەفا: لە مێژووی خۆیدا سوریا هەرگیز ئاسان نەبووە بۆ ئاوێتە بوون لەگەڵ رووداوەکاندا چ لە سەردەمانی ئەیوبیەکانەوە تا مەغۆلەکان و دنیای نوێی کۆڵۆنیالیستی فەرەنسی و بەریتانی و ئینجا دەورەی دوای سەربەخۆیی لە فەرەنسا کە پڕ بووە لە رووداوی نەخوازراوی وەک کودەتا کە دوایی ترینیان کودەتاکەی حافز ئەسەد بوو. لە رووی جوگرافیشەوە سوریا شوێنگەیەکی ستراتیجی هەیە لە نیوان هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەفریقیا لەوەی بەشێکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشیکێشە لە دەریای ناوەڕاست. لەرووی سیاسی عەرەبیەوە، سوریا راستەوخۆ بەرامبەر ئیسرائیلە بەتایبەت بەشیک لە خاکەکە، بەرزاییەکانی جۆلان لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستی بەسەردا گیراوە و پێرێ کەش ناتانیاهۆ رایگەیاند کە بە رەسمی جۆلان بەشێکە لە ئیسرائیل و ناگەڕێتەوە بۆ سوریا، لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە تاکو ئیستا بە یەکێک لە کێشە ئاڵۆز و رووداوە گەورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دادەنرێت. لەسەر ئاستی نیوخۆییش سوریا زیاتر لە هەر وڵاتێکی تری دنیای عەرەبی رەنگاڵەیی ترە لە کەمینە ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەییەکان لەوانە کورد کە گەورەترین کەمینەی نەتەوەیی سوریایە.
ئەم خاڵانە وا دەکەن کە هەر ئاڵوگۆڕێک لە سوریا رووبدات ئەوا راستەوخۆ کاریگەری لەسەر نێوخۆی خۆی و ناوچەکەش دەبێت وەک ئیستا دەیبینین.
بۆپێشەوە: کەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد باڵانسی ململانێی هێزە سەرەکیەکانی ناوچەکە لەوانە تورکیا و ئیران و ئیسرائیل، دەگۆڕیت، کام لەو جەمسەرانە براوە و دۆڕاوی ئەم دۆخە تازەیەن؟
ئیدریس مستەفا: کەوتنی ئەسەد هاتنە ناوەوەی هێزە سەرەکیەکانی ناوچەکە و جیهانی چالاکتر کردەوە بۆ دەستێوەردان لە سوریادا چ ئەوانەی قازانجیان لەو کەوتنە کرد یاخود زەرەر.
ئێران: دۆڕاوی درێژماوە یاخود بڵێم تاکە دۆراوی ستراتیجی ئێرانە و بگرە کەوتنی سوریا نیوەی کەوتنی ئێرانە چونکە سوریا دڵی ئەو میحوەری مقاوەمەیەیە کە چوار دەیەیە گوێی دنیایان پێ کاس کردووە و جگە لە ئاشوب و ئاڵۆزی و وێرانەیی زیاتر هیچی تری نەهینا بۆ ناوچەکە. ئەو هێزانەی ئەمڕۆکە لە دیمەشقن بە هاندان و پشتیوانی سەرەکی تورکیا بوون. ئێستاش ئەوەندەی رقیان لەئێرانە و باس لە دەستکۆتاکردنی ئێران دەکەن لە سوریادا هەرگیز باس و خواسی ئیسرائیلیان لە زهنیاندا نییە. ئەم رووداوە خراپبوونی پەیوەندیەکانی ئێرانی لەگەڵ تورکیادا لێدەکەوێتەوە.
تورکیا: لە کورت ماوەدا تورکیا قازانجێکی بێ وێنەی کرد، بەڵام لە درێژماوەدا تورکیا زەرەر دەکات، چونکە تورکیا دوو هاوپەیمانی ستراتیجی خۆی لە سوریادا لە دەستدا کە ئەوانیش روسیا و ئێرانن. ئەوەی تورکیا کردی لەوەی لە پڕێکدا و بێ گوێدانە هیچ لایەنێکی بەشداربوانی ئاستانەی کازاخستان هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوری پڕ چەک کرد و کردنی بە گژ سوپایەکی برسی و ماندوودا.
روسیا: یەکێک لە شکستە ستراتیجیەکانی دەرەوەی روسیا کەوتنی ئەسەد بوو. بگرە لە هەموو ئاستێکی سیاسی و مۆراڵی و سەربازی و قوتبەندێتی روسیا گورزی گەورەی بەرکەوت. ئەم گورزە لەلایەن تورکیاوە، وەک ئەلەکزاندەر دۆگینی بیریاری سیاسی روسی و وەک دەڵێن عەقڵی پوتین، دەڵێ ئەوە ناپاکیەک و خەنجەر لە پشت دان بوو لە روسیا لە لایەن تورکیاوە. ئەڵبەتە روسیا لە شوێنی تر تۆڵەی خۆی دەکاتەوە لە تورکیا، بەڵام چ کورت و چ درێژ ماوە کەوتنی ئەسەد شکتێکی گەورە بوو بۆ روسیا لە ناوچەکە و بگرە جیهانیش.
ئیسرائیل: تاکو ئیستا دیار نییە ئایا ئیسرائیل لە کورت یا درێژ ماوەدا زەرەرمەند یا سودمەند دەبێ لە کەوتنی ئەسەد، بەلام تا ئەوەندەی بە حوکمی ئەسەد بگەڕێتەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٠ ەوە لەسەر کورسی دەسەڵاتە هیچ هەرەشەیەکی جدی بۆ سەر ئیسرائیل دروست نەکردووە جگە لەوەی سوریا ببوو بە راڕەوێ گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ حزبوڵڵای لوبنانی و ئەمەش تارادەیەک لە دەستی بەشار دەرچوو بوو ئەویش بەهۆی ئەو قورساییەی ئێران لە پەیوەندیەکەدا دروستی کردبوو. بەهەرحاڵ، تاکو ئیستا هیچ یەکێک لەو گروپە چەکدارانەی ئەسەدیان خست بەتایبەت هەیئەی تەحریری شام هیچ شتێکیان لەسەر ئیسرائیل نەگووتووە چ بە باش یا خراپ؛ بەڵام، لە سێ و چوار رۆژی رابردوودا ئیسرائیل کاری خۆی کرد بە زیادەوە، بگرە ئەوەی خەونیشی پیوە نەدەدی کە ئاوها بە ئاسانی و بێ هیچ بەرەنگاری و نارەزایەتیکی سیاسی و دەوڵەتی کەوتە تێکشکانی هەموو هێزی سوپای سوریا هەر لە دەریایی و ئاسمانیەوە تاکو دەگا بە توانا ئەزریەکەی. بۆ نموونە تەنانهت دوێنێکە ئیسرائیل ٣٢٠ هێرشی کردۆتە سەر بنکە و شوێنە سەربازیە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەتی سوریا.
ئەمریکا: بێ شک کەوتنی ئەسەد قازانجێکی ستراتیجی ناوچەیی بوو بۆ ئەمریکا لەبەر زۆر هۆ کە لێرەدا بواری باس کردنی نییە، بەڵام گەورەترین قازانجی ئەمریکا لە کەوتنی ئەسەددا نییە، بەڵکو لە شکستی روسیادایە. کەوتنی ئەسەد لوت شکاندنی روسیا بوو بۆ ئەمریکا بێ ئەوەی ئەمریکا خۆی یەک مشتەکۆلە بوەشێنێ.
رۆژاڤا: تاکە هیزە کە هەم زەرەرمەند و هەم سودمەند بوو لە کەوتینی ئەسەد. رۆژاڤا سودمەند بوو بەوەی کە درێژماوەترین حاکمداری سوریا ئەوەی لە مەزهەبی سیاسی و فکریدا نەبوو کورد و مەسەلەی کورد بوو لە سوریادا بگرە کرۆکی بیری سیاسی ئەسەدیزم سڕینەوەی هەر شتێکی کورد بوون بوو. وەک زەرەرمەندیش، بە کەوتنی ئەسەد هێزە ئیسلامی و قەومیەکانی تر لە ئەسەد خراپترن بۆ گیان کورد ئێستا دەسەڵاتێ دەولەتیان بە دەستە لە دیمەشق و بە چڕوپڕتر خۆ کۆدەکەنەوە بۆ گیانی رۆژاڤا. دیارە، رۆژاڤا هەر ئاوها بە ئاسانی و بگرە هەرگیز بەوانە لە ناوناچێت، بەڵام توشی هەلاکەتێکی زۆری دەکەن لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانێتی لەوێ هەن. پێدەچێ رۆژاڤا ببێتە خاڵی زیاتر بەرلێککەوتینی هێزە نێوخۆیی و ناوچەییەکان و رۆژانی دادێ شتی زیاتر روون دەکەنەوە بۆمان.
بۆپێشەوە: بە جیا لەهەر لێکدانەوەیەک وا دێتە پیش چاو کە دیکتاتۆریەتی ئەسەد لە رێگای هیرشی گروپە تیرۆریستەکان و نەیارانیەوە بە پشتیوانی دەوڵەتی تورکیا کۆتایی هات، چ چاوەروانیەک لە دەسەڵاتی ئەم گروپانە دەکرێت؟
ئیدریس مستەفا: ئەوەی ئەسەدی رووخاند زۆرتر شەڕ نەکردنی سوپاکەی بوو لەبەر چەند هۆ کە روونمان کردووە، هەروەها ئەو پاشقولە سیاسیەی تورکیا لە هاوڕێیانی ئاستانەی گرت. بۆیە من کەمتر ئەو متمانەیە دەدەم بە هێرشی گروپە ئیسلامیە چەکدارەکانی وەک جەبهەی نوسرە/هەیئەی تەحریر شام بۆ رووخاندنی ئەسەد. ئەوەی ئایا چاوەڕوانی چی لەو گروپانە دەکرێت ئەوە پەیوەستە بەو گوفت و کردارانەی دەیڵێن و دەیکەن. لە ئیستاوە خلافی گروپەکان دەبینرێ لەوەی هەندێکیان باوەڕی توندرەویان هەیە و هەندێکی تریان وەک ئەبومحەمەد ئەلجۆلانی یاخود ئەحمەد شەرع، زۆرتر باس لە پرۆژەی دەولەت بوون دەکەن وەک دووبارە بونیادنانەوەی دەوڵەتی سوری لە هەموو ئاستەکانی سیاسی و ئابوری و دپلۆماسی نێودەوڵەتی. یەکیک لەو شتانەی کە ئەم هێزانە ناخوێننەوە ئەوانی ترن لە سوریادا. واتە نەخوێندنەوەی کەمینە ئاینی و قەومیەکانی تری وەک کوردە. بۆ نموونە هەر دوێنێکە کاتێک حکومەتی کار رێبەڕێەکریان تەشکیل کرد پریان بە هیچ یەکێک نەکرد لەوانە کورد و بگرە بە خودی ئۆپۆزسیۆنە مەدەنیەکانی تری سوری نەکرد وەک هیزی ئیئتلافی سوری. بۆیە چاوەروانی لەوانە کەمتر هەیە هەرچەندە ئەحمەد شەرع قسەکانی جوان بن، بەڵام کردارەکانی شتێکی تر دەڵێن و ئا لێرەدایە کورد و ئەمریکا و ئەوروپا دەترسن لەوەی سوریا نەبێتە وڵاتی هەموو سوریەکان هەروەك چۆن ئێران وڵاتی هەموو ئێرانیەکان نییە.
بۆپێشەوە: چارەنووسی کانتۆنەکانی رۆژئاوا و دەسەڵاتی هەسەدە، چۆن دەبینن بەتایبەتی کە دەوڵەتی تورکیا لەپشتی هێزە براوەکان و ئامانجێکی سەرەکیشی کۆتایی هێنانە بە دەسەڵاتی خۆ بەرێوەبەری؟
ئیدریس مستەفا: پێموابێ لە وەڵام بە پرسیارەکانی پێشووتردا ئاماژەمان بە هەندێ خاڵدا لەم بارەیەوە، بەڵام وەک پرسیارێکی راستەوخۆ و تایبەت لای من ئەمە بەهێزترین پرسیارە و لە واڵەکەی خۆشمدا باسم کردووە، چونکە کرۆکی بزواندنی ئەو رووداوانەی ئێمە ئیستا باسیان دەکەین لە لایەن تورکیاوە بوو بۆ شەڕکردنێکی چڕوپڕتری ئەم گروپە ئیسلامیە چەکدارانە دژ بە رۆژاڤا؛ شەڕێک تا ئاستی لاوازکردن و بگرە نەهێشتنیشی. لەوەناچێ تورکیا ئەم ئامانجەی بۆ بچێت سەر، چونکە هەم رۆژاڤا پارویەکی ئاسان نییە و هەم هیزە ناوچەیی ونێودەوڵەتیەکان دێنە ناو ئەم هاوکێشەیەوە وەک ئیسرائیل و ئەمریکا. ئیستا دەنگۆی ئاشکرا هەیە کە ئیسرائیل لە پەیوەندیدایە لەگەڵ کوردانی سوریادا ئەمە جگە لەوەی ئەمریکا هەر لەوێیە و دوێنێکە سێ کاتژمێر دانیشتوون لەگەڵ سەرانی قەسەدەدا و رایانگەیاند کە لەوێ دەمێننەوە تاکو داعش هەبێ.
هەروەک چۆن داعش ئامانجی ستراتیجی خۆی گۆڕی لە بەغداد و دیمەشقەوە بۆ کۆبانی و هەولێر، تورکیا بە هیوایە خودی ئاراستەی ستراتیجی ئەم گروپانە لە دیمەشقەوە بۆ کۆبانی بگەڕێنێتەوە بەتایبەت ئەم گروپانە لە مێژە لە شەردان لەگەڵ رۆژاڤادا. لەوەدەچێ هەیئەی تەحریر شام جارێ زۆرتر بە دوای بنیادنانەوەی دەوڵەتی سوریاوەیە و گەڕانەوەی بۆ ناو کۆکاری عەرەبی و خیزانی نێودەوڵەتی. دیارە، ئەم ئامانجە رۆژاڤاشی تیدەکەوێ بەو مانایەی بەشێکە لە سوریا. ئا لێرەدا خلافە گەورەکان دەردەکەونەوە و ململانێکان دەست پێدەکەنەوە کە لێرەدا بواری باس کردنی نییە.
بۆپێشەوە: کاریگەری و ڵیکەوتەکانی روخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت؟
ئیدریس مستەفا: پێش وەختە کاریگەری خۆی کردووە لە چەند روویەکەوە. کەوتنی بەشار ئەسەد وێنەیەک دووبارە دەکاتەوە کە ئەویش دەسەلاتدارێتی بەتایبەت بنەماڵەچێتی تاسەر بۆ کەس نییە و حاکمدارێتی لەوپەڕی بەهیزی خۆیدا دەکەوێ گەر بێتوو ئیدارەی ولاتەکەی بە تاکڕەوی و گەندەڵێ و کوشتنی دەنگ و رەنگە جیاوازەکانەوە بەڕیوەبەرێ. ئەمە زۆرتر بۆ هەرێم، بۆ عێراقیش هەمان ئامانجی هەیە بەڵام لایەنێکی گرنگتری هەیە ئەویش ئەو رەهەندە مەزهەبیە سوننی و شیعەیێتیەیە کە هەم لە نیوان تورکیا و ئێراندا هەیە و هەم لە نێوان گروپە چەکدارە ئسیلامیە سوننەکانی سوریا و شیعەکانی عێراقدا هەیە. چ حکومیەکەی وەک سوپا و چ غەیرە حکومیەکانی وەک حەشدی شەعبی وئەوانی دی. سوریا و عێراق گەر پێشتر دوو باڵی یەک حزبی بەعس بووبن ئەوا ئیستا هەموو باڵەکانی تری وەک ئاین و مەزهەب و سیاسەتی ناوچەیی وەک تورکیا وئێران لە پشتەوە هەن.
ئێران لە ئیستاوە بە شوێن گرەوەی سوریادایە لە عێراق، لە نێوەدا هەرێمیش بەتایبەتی ناوچەی سلێمانی، یەکیک دەبێ لەو ناوچانەی کە دەبێ نفوزی ناوچەیی خۆی تیدا رەنگ پێ بداتەوە، چونکە ئێران گەر ئەمە نەکات ئەوا بەشێک لە وجودی سیاسی و قەوارەیی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەولەتی لە دەست دەدات و بگرە لەوەتەی کۆماری ئیسلامی دروست بووە کۆڵەکە ستراتیجیەکەی بریتی بووە لە دەرکەوتن و وجودە دەرەکیەکی زیاتر وەک لە ناوخۆییەکەی. بۆیە ئەگەری زۆرە کە ئێران عێراق بکاتە سوریایەکی تر هەرچەندە هیچ شوێنێکی تر ناتوانێ جێگەی سوریا بگرێتەوە بۆ ئێران.