لە ستایشی لینین دا مەکسیم گۆرکی لە هەرکوێ یەک عەقل و ژیریەکی گەورە هەبێ غەمێکی گەورەش هەیە!

0

لە ستایشی لینین دا

مەکسیم گۆرکی

لە هەرکوێ یەک عەقل و ژیریەکی گەورە هەبێ غەمێکی گەورەش هەیە!

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: سالار حمە سەعید

زۆرپێش خۆی دەبینی، کاتێ تێدەفکری و باسی کەسانێکی دەکرد لە ساڵەکانی ١٩١٩ و ١٩٢١ زۆربەی کات بە دروستی و بە وردی پێشبینی چەند ساڵی داهاتووی دەکرد کە چییان لێدێ و چی دەکەن و بەرەوکوێ دەچن.

گۆرکی باس لە لینین دەکات کە چۆن بۆ یەکەم جار لە کۆنگرەی لەندەن دا بینیویەتی. گۆرکی دەڵێ من هەرگیز ” لینین ” م نەبینیبوو تائەو کاتە کە لە کۆنگرەی لەندەن چاوم پێی کەوت. ئەو دەڵێ ”هێشتا ئەو دیوارە ڕووت و ڕەجاڵەی کڵێسا دارینە کۆنەکەم لەبیرە کە کەوتبووە دەوروبەری لەندەن. پەنجەرە کەوانەییە نووک تیژەکانی هۆڵە بچوکە باریکەکە وەک پۆلێکی قوتابخانەی هەژارو فەقیرەکان بوو. تەنها لە دەرەوە لە کڵێسا دەچوو، لەناوەوە هیچ تایبەتمەندییەکی مەزهەبی وئایینی نەبوو. مینبەرێکی نزم کە نەکەوتبووە پشتەوەی هۆڵەکە، بەڵکو تەواو کەوتبووە نێوان دوو دەرگاوە. تا ئەوساڵە من لینینم نەبینیبوو و زۆریشم لەکار و نووسینەکانی نەخوێندبۆوە کە دەبوا بمکردایە. زۆر بە توندی سەرنجی ڕاکێشام. کاتێ بەیەکتر ناسێنراین زۆر بەتوندی دەستی گوشیم و زۆر بەووردی بەچاوە تیژەکانی کەوتە لێووردبوونەوە لێم. بەنەغمەیەکی پڕ بەخەندە و پێکەنینی هاوڕێیەکی کۆنەوە پێی وتم: ‘خۆشحاڵم کە هاتی، حەزت لە هاتنەمەیدان و ڕووبەڕووبوونەوەیە، وانییە؟ بڕیارە هەراو هۆریایەکی گەورە ڕووبدات لێرە’. کە قسەی دەکرد حەرفی (ر) ی قووت دەدا و پەنجە گەورەی دەخستە بن باڵی هێڵەگەکەیەوە”.

لینین هێندە ئاسایی بوو کە هیچ شتێکی ڕابەر و لیدەری تیانەبوو. من وەک کەسێکی نووسەر دەبێ وردەکاریەکان وەک تێبینی بنووسم. بۆنموونە کاتێ ناسێنرام بە پلیخانۆڤ زۆر بە وردی دەیڕوانیە من، ئەمە لەکاتێکدا هەردووقۆڵی نوشتاندبۆوە و بە سیما و ڕوخسارێکی بێزاری مامۆستایەکی هیلاک دەچوو کە لەبەردەم  مورید و پەیڕەوکارێکی نویی دابێ. قسەی خۆی کرد و وتی: من یەکێکم لە ستایشگەرانی توانا و بەهرەت. جگە لەمە هیچ شتێک لەمێشکم دا خۆی مەڵاس نەداوە لەبارەی ئەوەوە، بەڵام بەدرێژایی ئەم کۆنگرەیە نەمن نە ئەو کەمترین ئارەزوومان نەبوو کە گفتووگۆیەکی لەدڵەوە لەگەڵ یەکدا بکەین.

بە لینینم گوت ”پەلەم بوو لە نووسینی ئەم کتێبە” بەڵام پێش ئەوەی ڕوونی کەمەوە کە بۆچی وابوو، لینین سەری ڕاوەشاند و خۆی دەستیکردە ڕوونکردنەوەی هۆکارەکەی و گووتی: ” شتێکی باشت کردووە کە پەلەت کردووە لەنووسینی ئەم کتێبەدا، لەبەرئەوەی کتێبێکی زۆر پێویست و زەروور بووە، زۆرێک لەکرێکاران پەیوەست بوون بە بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەکەوە بەشێوەیەکی خۆرسکی و هەر لەخۆڕا بەبێ پاڵنەر وە ئێستا پەرتووکی ” دایک ” زۆر بەسوود دەبینن”. هەروەها لینین وتی ” دایک” کتێبێکە زۆر لەکاتی خۆیایەتی”. ئەوە هەموو ئەو ستایش و پێزانینە بوو کەبەمنی دا. بەڵام زۆر بەنرخ بوون بۆمن. دواتر لێی پرسیم کە ئایا ” دایک ” وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی تر وە ئایا بەهۆی سانسۆرەوە هیچ زیانێک بە ڕۆمانەکە گەیشتووە؟ منیش وتم نووسەری ئەو ڕۆمانە دادگایی دەکرێ. ئەو بەمە ناڕەحەت بوو و سەری بردە دواوە و چاوەکانی نوقاند و قاقایەکی سەرنج ڕاکێشی لێدا. بەهۆی قووت دانی حەرفی ”ر” وادەردەکەوت کە کەسێکی بە توانا نەبێت، بەڵام لەماوەی یەک خولەکدا بەتەواوی سەرنجی ڕاکێشام بەلای خۆیدا وەک هەر کەسێکی تر لەوێدا. هەرگیزهیچ کەسێکم نەناسیووە ئاوا بە سادەیی و ئاسانی دەربارەی ئاڵۆزترین کێشەی سیاسی بدوێ. ئەم قسەکەرە دروستکەری زاراوەی ڕازاوەو جوان نەبوو، ئەو هەر وشەیەکی دەخستە سەر لەپی دەستی وەک خۆی چۆن بوو ئاوا مانای ڕاست و دروستی خۆی دەخستە ڕوو بەئاسانیەکی سەرسوڕهێنەر. ئەو کاریگەریە نائاساییەی دروستی دەکرد زۆر دژوار بوو وەسف بکرێ. بەو دەستەی کە درێژی دەکرد و کەمێک بەرزی دەکردەوە وا پێدەچوو کە هەر وشەیەک بکێشێ و هەڵسەنگێنێ و واژەکانی نەیارانی لە بێژنگ بدات و دیبەیت و جەدەلێکی کاریگەر و پڕ نفوزی بخاتە ڕوو. وە دەیسەلماند کە ئەو ڕاستە و ئەوە ئەرکی چینی کرێکارە کە بە ڕێبازەکەی دا بڕوات نەک لەپشتەوە یا لەکەناری بۆرژوازی لیبراڵەوە بێت. ئەوەی کە زۆر جێگەی سەرنج بوو ئەو هەست و کاریگەریە بوو کە ئەو لەسەرخواست و داوای مێژووەوە قسەی دەکرد نەک لە سەر داوای خۆی یا بە نێوی خۆیەوە. چڕی و ڕێک و ڕاستی و بەهێزی وتەو قسەکانی و هەرشتێک کاتێ لەسەر مینبەرەکە دەیگووت کارێک بوو لەهونەری کلاسیک. هیچ شتێک زێدە و ناپێویست نەبوو، ڕازاوە نەبوووە ئەگەر هەبووبێت وەک ئیستعارە و هونەرە ئەدەبیەکەی نابینرێ، بەڵکو پێویست بوون و زەرووربوونی وەک جووتە چاوێک بۆ ڕوخسارێک وەیا پێنج پەنجە بۆدەستێک وابوو. زۆر کەمتر لەوانی تر قسەی دەکرد بەڵام کاریگەریەکەی زۆر گەورەتر بوو لە قسەکانی ئەوان. من تەنها کەسێک نەبووم کە وام هەست دەکرد، بەڵکو ئەوانەی کە لەدوای منەوە بوون گوێم لە چرپە چرپیان بوو کەلە ستایش و پیاهەڵدانی وتەکانی ئەوبوو دەدوان.

بەڵام مەنشەفیکەکان بەبێ دوودڵی وتەکانی لینین یان پێ سەرنج ڕاکێش نەبوو، تەنانەت کەسایەتیەکەشیان بەدڵ نەبوو. هەرچی زیاتر لینین زەروورەتی بەرزکردنەوەی حزب بۆ ئاستی بەرزی تیۆری شۆڕشگێرانە وە پراتیک بردن بە ئەزموونێکی تەواو هەمەگیردا بە وردی سەلماند، وە هەرچی زیاتر بێڕەحمانە و بەدکارانە وتەکانیان پێ بڕی و وتیان ” ئەم کۆنگرە شوێنی فەلسەفەکردن نییە ” ”هەوڵ مەدە وانە و دەرس مان دادەی! ” ئێمە قوتابی نین”. بەڵام رۆزا لۆکسمبرگ سەری ڕادەوەشاند لە پەسەندکردنی وتەکانی لینین. رۆزا لەیەکێک لە دانیشتنەکانی تردا بە مەنشەفیکەکانی گووت: ” ئێوە هەڵوێستێکی مارکسیستیتان نییە لەسەری دانیشتوون، خۆتان پیا هەڵواسیوە ”. سەدان چاو چەقیان بەستبوو لەسەر ڤلادیمیر ئیلیچ لینین لە ڕۆشناییەکی جیاوازی ترەوە تێیان دەڕوانی. هێرشی دوژمنانەی ئەوان پێنەدەچوو بێزار و نیگەرانی کردبێ، قسەکانی زۆر بەگەرمی دەکرد و هیچ ناڕێکی و ناهەمواری و ئاڵۆزی تیا دروست نەکردبوو. تێبینیم دەکرد کە هەر رۆژێ کە تێدەپەرێ بەسەر کۆنگرەکەدا هێز و توانا و دڵنیاییەکی زیاتر و زیاتری دەدا بە ڤلادیمیر ئیلیچ. هەر رۆژە وتەو قسەکانی لینین تین و هێزێکی زیاتری بەدەست دێنا. تەواوی باڵی بەلشەفیکی کۆنگرەکە لەبارو ڕەوشێکی دەروونی بەگوڕتر خۆی پیشاندەدا. وتە درەوشاوە و تیژەکانی رۆزا لۆکسمبرگ دژ بە مەنشەفیەکان جوڵە و تەکانی تیا دروستکردم. لینین زۆربەی کاتی پشوو و دەرفەتێکی کە هەیبوو لە نێو کرێکاران دا دەیبردە سەر، پرسیاری لێدەکردن سەبارەت بە بچوکترین وردەکارییەکانی ژیان و گوزەرانیان، دەیپرسی: ”ئەی دەربارەی ژنان؟” ئایا کاری نێوماڵ هێندە زۆر و تاقەت پڕوکێنە؟”، ‘ ‘ئایا کاتیان هەیە بۆ خوێندن و خوێندنەوە؟”. لە هاید پارک زۆرێک لەکرێکاران کە هەرگیز پێش کۆنگرەکە لینین یان نەبینیبوو، لەگەڵ یەکتردا ڕاو بۆچوونیان ئاڵوگۆڕ دەکرد. یەکێک لە کرێکارەکان گووتی: ”من نازانم، دەگونجێ لێرە لەئەوروپا کەسێکی وەک ئەو زیرەکیان هەبێ – بیبڵ یا کەسێکی تر وەک ئەو، بەڵام لەو باوەڕەدانیم کەکەسێکی تر هەبێ وەک ئەم لە یەکەمین دیدار و بینین دا خۆشم بوێ”. کرێکارێکی تر بە خەندەوە وتی: ”ئەو یەکێکە لەئێمە”، ”پلیخانۆڤ یش”، یەکێک ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی و وتی: ”پلیخانۆڤ مامۆستایە، گەورەیە، بەڵام لینین هاوڕێ و لیدەرە ( ڕابەرە )”.

گۆرکی دەگێڕێتەوە کە جارێکیان لینین بەرەو ریستورانت (چێشتخانە) دەچوو، لە ڕێگە کرێکارێکی مەنشەفیک لێی نزیک بۆوە کە دەیویست پرسیارێکی لێ بکات. لینین هەنگاوەکانی هێواشتر کرد و کەوتە دوای هەمووانەوە. پێنج دەقیقە دواتر گەیشتە ریستورانتەکە. لینین گووتی؛ ”سەیرە کەسێکی ئاوا سادە و خۆشباوەڕ لە کۆنگرەی حزب دا بێت”. بەڕوو ترشیەکەوە وتی: ”ئەو دەیویست بزانێ کە هۆکاری ڕاستەقینەو ئەسڵی ناکۆکیەکانمان چین”، منیش پێم وت: ”ئێ باشە، هاوڕێکانت دەیانەوێ لە پەرلەمان دانیشن لەکاتێکدا ئێمە لەوباوەڕەداین کە چینی کرێکار دەبێت ئامادەی جەنگ و نەبەرد بێت، لەوباوەڕەدام کە لێم تێگەیشتبێ”. گۆرکی دەڵێ: ئێمە گروپێکی بچووک بووین هەمیشە لە ریستورانتێکی بچووکی هەرزان نانمان دەخوارد. تێبینیم کرد کە لینین کەمێکی خوارد، دوو یاسێ هێلکە و پارچەیەک گۆشتی تەنکی سوێرکراو (بەیکن) لەگەڵ پەرداخێک بیرەی خەست و تێر ڕەنگ. ئاشکرایە کە ئەو نیگەرانی خۆی نەبوو، نیگەران و پەرۆشی ئەو بۆ کرێکاران سەرسوڕهێنەر بوو.

ئەندریڤا کە بەرپرسی خواردن و خواردن پێدانی هاوڕێیان بوو، لینین بەردەوام لێی دەپرسی: ” تەسەور دەکەی هاوڕێیان بە ئەندازەی کافی نانیان خواردبێ؟”، ”کەس بەبرسێتی نەمێنێتەوە، باشترە سەندویجی زیاتر دروست بکەی”. ئەو سەردانی ئوتێلەکەی منی دەکرد و بە پەرۆشیەوە دەستی لە دۆشەک و سەرچەفەکەم دەدا، منیش دەمگووت : ”ئەوە چی دەکەی؟”، ئەویش دەیگووت : ”دەمەوێ دڵنیابم کە سەرچەف و دۆشەکەکەت شێدار نین، تۆ دەبێ ئاگات لە تەندروستی خۆت بێت”.

لە پاییزی ١٩١٨ دا لە ( دیمیتری پاڤلۆڤ )م پرسی کە کرێکارێکی کارگەی کەشتیوانی سۆرمۆڤۆ بوو و وتم: ”بەڕای تۆ بەرچاوترین تایبەتمەندی و خاسیەتی لینین چی بوو؟”، ئەویش بەبێ دوودڵی وتی: ”سادەیی”، ” ئەو سادەیە وەک ڕاستی ”.

گۆرکی باس لە شۆفێرەکەی لینین دەکات و لەوبارەیەوە دەڵێ: ”گیل شۆفێری لینین بوو، لەکاتی خۆیدا شتی زۆری بینیبوو لەبارەی لینینەوە دەڵێ کە لینین جۆرێکی تایبەت بوو، هیچ کەسێک هاوشێوەی نییە”. ئەو باسی ئەوەی دەکرد کە رۆژێکیان لە قەرەباڵغییەکی زۆردا ئۆتۆمبیلی لێدەخوڕی لە ‘میاسنتسکایا’ ،” ئێمە بەحاڵ حەرەکەتمان دەکرد و بەردەوام هۆڕنم لێدەدا و دەترسام کەسێک لێمان بدات، من زۆر خراپ شڵەژا بووم، ئەویش (لینین) دەرگای پشتەوەی کردەوە و هاتە تەنیشتمەوە و لەسەر شوێن پێی پلیکانەی ئۆتۆمبیلەکە وەستا کە مەترسی کەوتنی هەبوو بەئارامی قسەی لەگەڵداکردم و وتی: ” گیل، تکایە نیگەران مەبە”، ئەو وتی ” تەنها بەردەوام بە لە لێخوڕین وەک باقی خەڵکی تر”. گیل، دەڵێ زۆر دژوارە وەسفی تەبیعی بوون و نەرمی لینین بکرێ”.

گۆرکی دەڵێ: ”وەک دەرزی قیبلەنما (قوتب نما)، فیکرو بیر و هۆشی لینین هەمیشە لە ئاراستەی بەرژەوەندیەکانی چینی کرێکاردا بوو”.

چاوگەکان:

The Living Age, Volume XX, 1920;

First Published: The Moscow Communist International, July 1920;

Leave A Reply

Your email address will not be published.