دوای ٩٥ ساڵ لە نمایشی گشتی، دواجار تەرمی لینین لە شاری ئولیانۆڤسک بە خاک دەسپێردرێت!

0

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هەواڵێکم خوێندەوە کە دواجار دەسەڵاتدارانی مۆسکۆ  بڕیاریانداوە تەرمی لینین بەخاک بسپێرن. بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی ڕوسیا لە ٢٨ی مارت، “مۆزەخانەی لینین بۆ هەمیشە دادەخرێت و تەرمەکەی لە ٣ی ئەیلولی ٢٠٢٥ لە زێدی خۆی لە ئولیانۆڤسک بە خاک دەسپێردرێت، ئەمەش لە میانی مەراسیمێکی فەرمیدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای حکومەت”. دەشڵێت: نووسینگەی ڕاگەیاندنی حزبی شیوعی ڕووسیا ناڕەزایی خۆی لەم بڕیارە دەربڕیوە و داوای لە ڤلادیمێر پوتین سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی کردووە دەستوەردانی شەخسی بکات بۆ ئەوەی بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە”.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی RIA Novosti هۆکاری ئەم بڕیارە دارایی بووە. ئەمینداری گشتی وەزارەتی دارایی ڕووسیا ڕایگەیاند “چیتر توانای دابینکردنی تێچووی مانگانەی پاراستنی تەرمێکمان نییە کە زیاتر لە سەدەیەکە مردووە”. وە “بڕیارە لینین لە تەنیشت دایک و باوکی بنێژرێت، لە شوێنەوارێکی تایبەتدا کە لە ئێستادا لە شاری ئولیانۆڤسک ئامادە دەکرێت”.

تەرمی لینین لە مۆزەخانەیەک لە گۆڕەپانی سووری مۆسکۆ، بە پێچەوانەی ویستی خۆی و خواستی هاوسەرەکەی، نمایشدەکرێ. بە درێژایی حەفتا ساڵی یەکێتی سۆڤیەتی دوای مەرگی لینین، هەموو ساڵێک و لە مەراسیم و بۆنە جۆراوجۆرەکاندا، سەرکردەکانی سۆڤیەت دەستیان بۆ هەمان تەرم دەبرد کە بە مووشەک و بۆمب و دۆشکە و تانک و فڕۆکە دەورە دەدرا.

بەڵام لینین نە بت بوو و نە خوداوەند. لینین بت شکێن بوو وە هەرگیز قبووڵی نەدەکرد بکرێتە بت. لە ماوەی ژیانیدا ڕێگەی نەدەدا تەنانەت کوچە و شەقامێکیش بە ناوییەوە بکرێت. لەکاتێکدا بە چڕترین شێوە لەگەڵ هاوڕێیەکدا گفتوگۆی دەکرد، کاتێک بە قسەی ئەو هاوڕێیە قەناعەتی دەکرد، یان ئەو هاوڕێیەی قەناعەت پێدەکرد و بیرۆکەکەی دەگۆڕی، لە باوەشی دەگرت و پشتی پێدەبەست. خۆی بە هەڤاڵى ئەو هەموو مرۆڤە زەحمەتکێش و ئازارچێشتوو و چەوساوە و ئیستغلالکراوانە دەزانی و بە درێژایی تەمەنیشی بۆ ساتێک لە گومانکردن و بیرکردنەوە و گوێگرتن لە کەسانی دیکە و پێداچوونەوە و ڕەخنەگرتن لە خۆی و هەڤاڵەکانی و شکاندنی دۆگما ئایدۆلۆژییەکان یان ئایینیکردنی بیرۆکەکانی مارکس نەدەوەستا. بەڵام عەقڵیەتی ڕووسیای ڕۆژهەڵاتی دواکەوتوو و چەسپاوی مەزهەبی کە پێشتر خودای ئاسمانی خۆی لەدەستدابوو، خوایەکی زەمینی دەویست. چونکە بەبێ پشت بەستن بە “خودایەک”، هیچ ستەم و ستەمکارییەک مومکین نییە. ستالینییەکان ئەم پێویستییە گەورەیەیان ناسی و وەڵامیان دایەوە.

مۆمیاکردنی جەستەی لینین دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی نیەتی دووربینانەی کۆمۆنیزمی ڕووسی گۆڕاو بوو. دوای سەرکوتکردنی سوپای سپی لە شەڕی ناوخۆدا، لەناوبردنی نزیکەی تەواوی کادیری شۆڕشگێڕی بەلشەڤیک لە شەڕەکەدا، نائومێدی لە شۆڕشی ئەڵمانیا و هەنگاریا و باقی ئەوروپا، سیاسەتی ئابووری نوێ و کرانەوەی چینە بچووکەکانی بازرگانی تایبەت و بەرهەمهێنان، شکست و لەبیرچونەوەی زۆربەی دروشم و ئایدیاڵە سەرەتاییەکانی شۆڕش، دزەپێکردنی وردە وردەی هێزە هەلپەرستەکان کە وردە وردە لە گەڕانەوەی سیستمی پێشوو بێ هیوا بوون و هەمیشەیی سیستمی نوێیان قبوڵ کردبوو و دواجاریش هەڵوێستی دژ بە یاخیبوونی کرۆنشتات و قەدەغەکردنی هەر حزب و ڕێکخراوێک و بەتایبەتی دوای نەخۆشییە درێژخایەن و پەککەوتەکەرەکەی لینین کە بە شێوەیەکی کاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسی دوورخستەوە لە ساڵی ١٩٢٢، سیستمی ئایدیۆلۆژی نوێی ڕووسیا دەستی کرد بە گۆڕانکاری بۆ “ئایینێک” لە پێناو پاراستنی ئەو سیستمە. ئەم سیستمە وەک هەر ئایینێکی تر، بۆ ئەوەی بتوانێت بمێنێتەوە و جێبەجێ بکرێت، پێویستی بە “خودا”یەک هەبوو کە بە پیرۆز و پەرستراو هەژمار بکرێت، بۆ ئەوەی بە پشتبەستن بە لێکدانەوە گونجاوەکانی “فەرمانەکانی” و “دەقی” کتێبە پیرۆزەکانی، هەر بیرێکی تر و تەنانەت هەر پرسیارێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵات، ڕەت بکرێتەوە و سەرکوت بکرێت. بۆیە لە بۆشایی هیوا و خاوەندارێتی بابەتیی و کۆنکرێتیدا، دەبوو بۆشاییەکە بە “خودا”یەکی دیکە پڕبکاتەوە. تا ئەو ڕادەیەی کە لە هەمان کاتدا لە ماڵە ڕووسییەکان لە جیاتی قوربانگا ئاساییەکانی پیرۆزە مەسیحییەکان، “قوربانگا سوورەکان” بە وێنەی لینین دانران و لینین بە کردەیی وەک خوداوەندێکی ئاسمانی دەپەرسترا. ئەمجارەیان ئۆرتۆدۆکسی ڕووسی گەڕایەوە بۆ چوارچێوەی ڕەسەن و مێژوویی خودایی خۆی و پەیکەر و ئایکۆن و قەشە و وەرگێڕەکانی لە دەوری خۆی کۆکردەوە.

بەڵام گاڵتەجاڕی چیرۆکەکە لەوەدایە ئەم چینە تۆتالیتارییە تازە سەرهەڵداوە و تازە دەسەڵاتدارە خۆی بە “لینینیست” دەزانی و ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی و دژە کرێکاری خۆی بە “لینینیزم” ناوبرد. لە لینین خودایەکیان دروست کرد. جەستەی ماندوو و شکاوەکەی مۆمیا کرا و لە پەرستگایەکی پیرۆزدا (کە دواتر بوو بە ناوکی ئۆردوگای ستالین و قیبلەی ئایینی ستالینیزم) نمایشکرا. هەر ڕستەیەکی “لینین”یان وەک ئایەتی پیرۆز لەسەر دەرگا و دیوارەکانی ڕووسیا نووسی.

دەیان و سەدان شار و گوند و شەقام بە ناوی ئەوەوە ناونرا و هەموو ئەمانەش لە کاتێکدا کە لینین لە ژیاندا مابوو، تەنانەت نامەیەکی گەرم و دڵسۆزی کرێکارێکی کارگەیەکی ڕەتکردبووەوە کە داوای لێکردبوو ناوی کارگەکەیان بە ناوی ئەوەوە ناو بنێن و هەروەها لە پێشەکییەکانی زۆربەی کتێبە چاپکراوەکانیدا هۆشداریی دابوو کە ئەم کتێبە هی سەردەمێکی دیاریکراوە و ناتوانرێت بە پشتبەستن بەو کتێبانە پرسەکانی سەردەمی ئێستا بەراورد بکرێن یان دەرئەنجام بدرێن.

لینین مارکسیزمی تەنیا بە “ڕێنیشاندەرێک بۆ کردار” دەزانی و هەر گوێڕایەڵییەکی عەقیدەیی بۆی بە دۆگما دەزانی و گاڵتەی پێدەکرد، ئێستا خۆی بووبوو بە خوداوەندی دۆگماکان. “لینین”ێک کە تا کۆتایی تەمەنی هەرگیز پێی لە هۆڵی شاهانە یان کۆشکی تزارەکان یان ئاغاکان دانەناوە، بەڵکو لە ماڵی دەرگاوان و کارمەندانی کرێملیندا دەژیا.

لە سەردەمی ژیانی لینین، دیموکراسییەکی درێژخایەنی “ناو حزبی” هەبوو و مشتومڕێکی چڕ و پڕ لە سۆز لەسەر گرنگترین بابەتەکان بەڕێوەدەچوو. زۆرجار لینین لە کەمینەدا دەمایەوە و بۆچوونی هەڤاڵانی دیکە جێبەجێ دەکرا، بەبێ هیچ کێشە و ناڕەزایییەک. ئۆپۆزسیۆنی کرێکاران و ئۆپۆزسیۆنی بەلشەفیک (سەرەڕای پەککەوتنی پچڕپچڕ و هەندێک سنووردارکردن)، لانیکەم تا دوای کۆنگرەی یازدەهەمی حیزب، توانیان فراکسیۆن لەناو حیزبدا پێکبهێنن و بڵاوکراوەکانیان بڵاوبکەنەوە، وتاری گشتی ڕێکبخەن و تەنانەت خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیش ڕێکبخەن.

بەدرێژایی ساڵانی دوای مردنی لینین، وردە وردە هەرچی نووسیبووی و گوتبووی، وەک ووشەی “خودا” و نەریتی “پێغەمبەرەکەی” بە پیرۆز دادەنرا؛ وە ئەوانەی کە ڕۆژگارێک لەگەڵ لینین گفتوگۆ و دەمەقاڵەی توندیان هەبووە و تەنانەت هەندێک جار بە لادەر و توندڕەو و خیانەتکاریان دەزانی و تەنانەت لە سەردەمی دوای شۆڕشیشدا دژایەتیان کردووە، لەناکاو تێگەیشتن کە ئەو خودایەی ستالین بۆیانی دروست کردووە هەمیشە ڕاستە، ئەوەی دەیگوت و دەینووسی بۆ هەمیشە ڕاست دەبێت، بەبێ گوێدانە سنووری کات و مێژوو. ئەمانە ئاڵاکانی بەلشەڤیزمی ڕووسیای لەخۆگرتبوو و لینینیستە ڕاستەقینەکان کە دواتر بە وردی بە ئاماژەدان بە سروشتی خودایی لینین لەناوچوون. تێکۆشەرە مەزنەکانی وەک زینۆڤیڤ، کامێنێڤ، ڕادێک، ڕیازانۆڤ، ڕیکۆڤ، بوخارین، ئەنتۆنۆڤ ئۆڤسێنکۆ و سەدان و هەزارانی دیکە و دواجاریش ترۆتسکی پەیوەندی پێوە کردن.

بەڵام خودی وێرانکەری گەورە، ستالین بوو؛ وە چەندین جار لەگەڵ لینین موناقەشەی کردبوو و تەنانەت لە کۆتایی تەمەنی لینینیشدا کەوتنەخوارەوەیەکی وای لەگەڵدا هەبوو کە لینین لە دوو نامەی فەرمیدا، کە کۆپییەکانیشی بۆ ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبەکەی ناردبوو، هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ستالین پچڕاند و بەردەوامبوونیان بە مەرجی داوای لێبوردنی فەرمی ستالین. کەواتە، ئەوە ئارگیومێنتەکانی پێشووتر لەگەڵ لینین، یان جێبەجێنەکردنی ڕێنماییەکانی لینین نەبوو، کە بووە هۆی لەناوچوونی هاوڕێکانی لینین، چونکە خودی لینین یەکێک بوو لە نەیارانی هەرە گەورەکانی خۆی و لە ماوەی بیست ساڵی سەیر و سەمەرەی ژیانی و خەباتی تیۆری و سیاسییدا، چەندین جار پێداچوونەوەی بە زانست و سەروەت و سامانی خۆیدا کردبوو. ئەگەر بە پێچەوانەوە بووایە، ئەو سەرکردەی زیرەکی ناوازەی ئەو سەردەمە نەدەبوو. ئەوەی ڕوویدا گۆڕینی نووسینەکانی لینین بوو بۆ کۆمەڵێک دۆگما، بە ئامانجی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی یەکپارچە و گوێڕایەڵ و هەمیشە ڕازی و لاساییکەرەوە. کەواتە، جەوهەری قسەکانی لینین بە هیچ شێوەیەک گرنگ نەبوو. گرنگ ئەوەیە کە دەسەڵاتی ڕەها بپارێزێت بە پشت بەستن بە “ئامادەبوونی مەسیحی زیندوو” جەستەی بڕاو و بڕاوەکەی!

لە ماوەی ساڵانی حوکمڕانی ستالین و دواتر خروشچۆڤ و هتد. بەرزترین ئایدیاکانی مرۆڤ کە لە سەدەکانی نۆزدەهەم و بیستدا لە شێوەی “سوشیالیزمی مارکسیستی” دا تیۆریزە و پراکتیزە کرابوون، کرایە قوربانی ناسیۆنالیزمی فراوانخوازی ڕوسیا و پاکترین و مەدەنی ترین ڕۆحی دادپەروەری کە لە هەموو شوێنێکی جیهاندا لە پارتە کۆمۆنیستەکاندا بوون چوونە پاڵ قوربانی وە ناوبانگی گەورەی بزووتنەوەی سوشیالیستی جیهانی لەناوچوو. لە ناوەڕاستی ساڵانی جەنگی جیهانیدا و پاش کۆمەڵکوژی ئینتەرناسیۆنالیستەکان و لینینیستەکان، ستالین کە لە هەموو لایەکەوە ئازاد بوو و پەیوەندی بە هاوپەیمانی لەگەڵ کۆلۆنیالیزمە ئیمپریالیستەکاندا کردبوو، بە چەند دێڕێک ئینتەرناسیۆنالی سێیەمی هەڵوەشاندەوە، سروودی ئینتەرناسیۆنالی هەڵوەشاندەوە (کە تا ئەو کاتە سروودی نیشتمانی یەکێتی سۆڤیەت بوو) و سروودێکی ناسیونالیستی لە جێگەی دانا بۆ ئەوەی گڵۆپی سەوز بدات بۆ جیهانی سەرمایەداری و بێ زیان کردنی سۆشیالیزمی خۆی بۆ چوونە ناو گەمەی ئیمپریالیستەکان. هەروەک چۆن چەند ساڵێک دوای ئەوە بە ڕێگایەکی تر هاتە ناوەوە و بە قوربانیدانی کۆمۆنیستەکانی ئەڵمانیا و بزووتنەوەی کرێکاری ئەڵمانیا پەیمانی دۆستایەتی لەگەڵ ئیمپریالیزمی ئەڵمانیای هیتلەر بەست و پاش بێزاربوون لە هیتلەر و داگیرکردنی زۆرینەی خاک و سەرمایە و گەلی سۆڤیەت لەگەڵ داگیرکەرانی بەریتانیا و فەڕەنسا و دواجار سەرهەڵدانی ئیمپریالیزمی ئەمریکا هاوپەیمانی و دابەشکردنەوەی جیهان.

بە درێژایی ئەو ساڵانە و ساڵانی دوای ستالینیزم، مۆمیای لینین ئاڵای دووڕوویی و فێڵی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا بوو لە فریودان و چەواشەکردنی ئازادیخوازان و دادپەروەران لە سەرانسەری جیهاندا.

لە ناوەڕاستی سییەکانی سەدەی ڕابردوو، ستالین چەند نووسەرێکی ڕۆژئاوایی بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە تەرمی لینین ببینن. یەکێک لەو نووسەرانە لویس فیشەر بوو، دواتر نووسیبووی: “ئەوەی بینیمان پەیکەری مۆم نەبوو، ئەوە لینین بوو، بتشکێنەکە، خۆی کرابوو بە بت!

هەواڵی نزیک بوونەوەی ناشتنی تەرمی لینین و داخستنی مۆزەخانەکە هەواڵێکی گرنگە بۆ بزووتنەوەی سۆشیالیستی. تەرمی ماندووی هاوڕێ لینین بنێژن: خۆی کۆتایی سەردەمی خوداوەندەکانی ڕاگەیاندبوو!

لە کۆتاییدا ئەوە ماوە بوترێ هاوڕێ لینین لە ٢٢ی نیسانی ١٨٧٠ لە دایک بووە و لە ٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٢٤ مردووە، تەرمەکەشی لە ساڵی ١٩٣٠ەوە لە مۆزەخانەیەک لە گۆڕەپانی سوور لە مۆسکۆ نمایش دەکرێت و ساڵانە دەیان هەزار کەس سەردانی دەکەن.

نووسینی: خالید ڕەسولپور

توانا محەمەد نوری لە فارسییەوە کردوێتیە کوردی.

١٩/٤/٢٠٢٥

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.